هاوڵاتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لانیکەم 23 ژن لە لایەن پیاوانی نزیکی بنەماڵەیانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون. رۆژی شەممە، 11ی ئایاری 2024، میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 45 رۆژدا لانیکەم 23 ژن بە دەستی مێرد، باوک، برا، کوڕ و خوازبێنیکەری پێشتریان کوژراون. ماوەکە لە 20ی ئادار تا 4ی ئایاری ئەمساڵە. لەم ماوەیەدا ژن لە تاران، 3 ژن لە مەشهەد، 2 ژن لە تەبرێز و 2ی دیکە لە ورمێ کوژراون. هەر لەم ماوەیەدا لە شارەکانی، سنە، بۆشەهر، جۆیبار، سمنان، ئابادان، ئەهواز، خومەین، ئەلشتەر، بەردسکەن، فلاورجان و سەبزەوار ژنێک بە دەستی پیاوانی نزیکی بنەماڵە کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان کە هۆکارەکەی بارانی وەرزیی بەلێزمەیە 300 کەس گیانیان لەدەستدا و 1000 ماڵیش رووخان. رۆژی شەممە 11-5-2024، ئاژانسی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 200 کەس لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە. لافاوەکە بەهۆی بارانی وەرزیی چەند هەفتەی رابردووەوە بووە کە لە ئەفغانستان باریوە و بەهۆیەوە 1000 خانوو ژێرئاو کەوتوون. زەبیحوڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "سەدان کەس نەیانتوانی لەدەست لافاوەکە رزگاریان بێت و ژمارەیەکی بەرچاویش برینداربوون". هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، هەریەک لە پارێزگاکانی بەغلان، بەدەخشان، غۆر و هیرات زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەوەشی باسکردووە کە لافاوەکە زیانێکی گەورەی مادی بەو ناوچانە گەیاندووە. دەشڵێت حکومەت فەرمانی بە تیمەکانی فریاکەوتن لە هەر شوێنێک هەن کردووە خەڵکەکە رزگاربکەن و بریندارەکان بگەیێننە نەخۆشخانە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، هێزی ئاسمانی دەستی بە رزگارکردنی خەڵک لە بەغلان کردووە و نزیکەی 100 برینداری گەیاندووەتە نەخۆشخانە. لەمساڵدا ئەمە جاری دووەمە لافاوی بەهێز لە ئەفغانستان دەدات. لە مانگی نیساندا حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لانیکەم 70 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 2000 خانوو، 3 مزگەوت و 4 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ناتانیاهو وەڵامی قسەکانی جۆ بایدنی دایەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات؛ دەڵێت، ئەگەر پێویستکات بە نینۆک شەڕدەکەین. رۆژی پێنجشەممە 10-5-2024، لە سەرووبەندی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کورتە ڤیدیۆیەکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات. ناتانیاهو دەڵێت، "بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت بمانکوژن، ئەگەر پێویستکا بە تەنیا شەڕکەین، بە تەنیا شەڕدەکەین. پێشتریش گوتوومە، ئەگەر پێویستکا بە نینۆک شەڕدەکەین". رۆژی چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی، ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەح ناردنی چەک بۆ تەلئەڤیڤ رادەگرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی مەترسی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماسە. دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێوە لە وەڵامی قسەکانی بایدن دەڵێت، "سوپا چەکی پێویستی بۆ ئەو ئەرکانە هەیە کە پلانی بۆ دادەنێت، بۆ ئەرکی رەفەحیش بەشی پێویستی هەیە، ئەوەی پێویستمانە لەبەردەستمانە". ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دوای قسەکانی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا ناوی حەماس و بایدنی بەیەکەوە نووسیوە و دڵێکی لە نێوانیان داناوە، ئەوەش وەک تەنزێک کە گوایە بایدن پشتیوانی لە حەماس دەکات. 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون کە زیاتر لە نیوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززەن، ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشبکاتە سەر شارەکە. رەفەح جگە لە پەناگەی مانەوەی ئاوارەکانی غەززە، دەرچەیەکی سەرەکی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارەکە، دوو لە رێڕەوە مرۆییە سەرەکییەکان داخراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو داخرانەوە ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە لەسەر لێواری لەبرسامردنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە گوایە "ماف و بەرژەوەندی" زیاتر دەداتە فەڵەستین و رێگە بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی بە ئەندامبوونی دەسەڵاتی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشدەکات. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین کۆدەبێتەوە و دەنگدەدات. ئەمریکا کە مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، بە تەواوەتی لە دژی ئەو هەنگاوەیە، هەربۆیە بە ئەندامبوونی فەڵەستینی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 18ی نیسانی ئەمساڵ ڤیتۆ کرد. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.
هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەرزی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە. دوێنێ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە تاوەکو شەو درێژەی کێشا، دواتر فەرمانگەی راگەیەناندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی 58ی دەستووری عێراق، وەرزی سێیەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژدەکرێتەوە. درێژکردنەوەی وادەی وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کاری پێویست و پرۆژەی گرنگ دەبێت، بەپێی ئەو زانیارییانەشی هەیە ئەو درێژکردنەوەیە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی دانانی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2024ە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، ئەنجومەنەکە تەنها یەکجار دەتوانێت وەرزی یاسادانان درێژبکاتەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە یادی بردنەوەی رووسیادا لە جەنگی جیهانی دووەم دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیی جەنگێکی دیکەی جیهانی دروستدەکەن؛ دەشڵێت هیچ کەس بۆی نییە هەڕەشە لە گەورەترین هێزی ئەتۆمی بکات. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گوتارێکی لەیادی بردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای نازی ئەوکات پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو سەرکردە لەخۆباییانەی رۆژئاوا" بیریانچۆتەوە یەکێتی سۆڤیەت چی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی نازییەکان هەبوو. هاوکات دەڵێت، رۆژئاوا بەم کارانەی مەترسیی پێکدادانی جیهانی زیاتردەکات، "ئێمە دەزانین ئەم دنەدانانە بەرەو کوێ دەڕۆن، رووسیا هەموو شتێک بۆ رێگریکردن لە جەنگی جیهانی دەکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا "رێگە بە کەس نادەین هەڕەشەمان لێبکات. هێزە ستراتیجییەکانمان بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیی جەنگدان". وڵاتانی رۆژئاوا بەیەکەوە رژدن لەسەرئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا لە رووسیا ببەنەوە کە لە 2015ـەوە 18٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە؛ ئەمە بە کریمیاشەوە. رۆژئاوا دەڵێن رووسیا "داگیرکەرە" و کرێملنیش دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و بوون ئێستاش بەشێکن لە وڵاتی رووسیا. کاژێر 11:01 خولەکی شەوی 8ی ئایاری ساڵی 1945، سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا کە هیتلەر سەرکردایەتی دەکردن تێکشکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ئەو رۆژەیان بە "بردنەوەی رۆژی ئەوروپا" دیاریکرد. بەڵام لە رووسیا 9ی ئایار دیاری کراو بە ناوی "رۆژی بردنەوە" ناونرا و رووسییەکانیش ئەو جەنگە چوار ساڵییەی لەگەڵ نازییەکان لە 1941 بۆ 1945 کردیان بە “جەنگی گەورەی پاتریۆت” ناودەبەن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، زۆر بە جوانی ئەوەم بۆ نەتانیاهو روونکردووەتەوە کە ئەگەر پێبخەنە ناو ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەفەحەوە لە غەززە، هەناردەی چەک رادەگرم. دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. شەوی چوارشەممە 8-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەمریکی هەڤپەیڤینێکی بڵاوبووەوە. دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەحەوە ناردنی چەک رادەگرم. ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوورە لەسەر داگیرکردنی رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی یەکجاری حەماسە. بایدن دەڵێت، "هێشتا نەچوونەتە ناو سەنتەری شاری رەفەحەوە، ئەو هێرشەی کردوویانە رێک لەسەر سنوورەکەیە. بەڵام بە ئەوەم بە روونی بە ناتانیاهو و دەستەی جەنگ گوتووە، ئەگەر بچنە ناو شارەکەوە، پاڵپشتیی ئێمەیان نابێت". هەرچەندە بایدن دەزانێت چەکەکانی ئەمریکا لە کوشتنی هاووڵاتی سڤیلدا بەکارهاتوون، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێیدەپرسێت، ئایا ئیسرائیل "هێڵی سووری" تێپەڕاندووە، بایدن دەڵێت، "نا، هێشتا نا". بە گوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی بایدن بە بەهای 18 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بۆ ئیسرائیل ناردووە، لە نێویاندا 50 فڕۆکەی ئێف 15 بوونی هەیە. شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێستا پێیناوەتە مانگی حەوتەمەوە؛ لە دوای ئەوە دەستیپێکرد حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل راستەوخۆ هێرشی کردەوە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 800 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی ئایاری 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی دوێنێ 8ی ئایاری 2024ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و بەبەشداری فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک بریار و راسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی بوو لەو کەرەستە سەربازییانەی کەوەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت هاوردەیان بکات لەچوارچێوەی پرچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژوی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان". ئەوەشخراوەتەڕوو، "دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراق هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بریارە".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لەبارەی وەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان زانیاری دەخاتەڕوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی ئایاری 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە سەرچاوەیەکی فەڕمی باوەڕپێکراو پێیان راگەیاندم لە کۆبوونەوەیەکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیەتی ناتوانین تەرخانکاری دارایی بکەین بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان". رۆژی 30ی نیسانی 2024، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بۆ بەغدا چاویکەوت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم دیدارە دکتۆر ئالان لیستی هاوپێچی مامۆستایانی وانەبێژی ئاڕاستەی سودانی کرد بۆ دابینکردنی پارەی دارایی پێویست بۆ وانەبێژانی هەرێمی کوردستان تاوەکو حکومەتی هەرێم وانەبێژانی دابمەزرێنێت". نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی ناوەندە بە نووسراوی فەرمی، هەروەها ئێمەش لەسەرخەتین لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بۆ ئەوەی لە هەمواری بودجەی عێراقدا کە بڕیارە بەم نزیکانە بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆ، مافی مامۆستایانی وانەبێژ تێدا دیاری بکرێت". بۆ دامەزراندنی کۆی مامۆستایانی وانەبێژ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 18 ملیار و 398 ملیۆن و 700 هەزار دینارە کە ژمارەیان 37,734 وانەبێژە .
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بزوتنەوەی حەماس لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاگربەست قایلبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی قەتەر و میسر پێشنیازیان بۆ کرد. دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6-5-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری زانیاریی میسری راگەیاندووە، پێشنیازی ئاگربەستیان قبووڵە. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئیسرائیل هیچ لێدوان و وەڵامێکیان لەبارەی هەنگاوەکەی حەماسەوە باس نەکردووە و میدیا ئەمریکی دەڵێت پێداچوونەوەی بۆ دەکەن. لە ئاگربەستەکەدا ژمارەیەک مەرج لەلایەن هەردوولاوە دانرابوو، یەکێک لەوانە بەردانی 20 بۆ 33 بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلای حەماس دەستبەسەرن بەرامبەر ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی کە لەلای دەوڵەتی ئیسرائیلن. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەست پەسەند دەکات، چەند هەفتەیەک تێدەپەڕێت تاوەکو تەواوی ئاڵووگۆڕەکان دەکرێن. سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن، قایلکردنی حەماس بە ئاگربەست دوای رۆژێکی دوورودرێژ لە گفتووگۆی نێوان ویلیام بەرنس، بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاتووەتە بەرهەم. ئێستا رەشنووسی ئاگربەستەکە لەبەردەست بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات. ماتیو میڵەر دەڵێت، ئەمریکاش بە هەمان شێوە بە وەڵامەکە حەماسدا دەچێتەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە گفتووگۆی دەکات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فەڵەستینییەکانی غەززە دەستیان بە ئاگەنگگێڕان لە شەقامەکانی تەواوی کەرتی غەززە کردووە. ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە دوای شەڕێکی خوێناوی حەوت مانگە دێت کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 735 فەڵەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، 78 هەزار و 108 کەسی دیکەش برینداربوون. نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار فەڵەستینیش ئاوارەی نێوخۆی کەرتی غەززە بوون کە 1 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان تەنیا لە شاری رەفەحن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو بەرپرسە رۆژئاواییە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە ئێران ئێستا دەتوانێت "چەند چەکێکی ئەتۆمی" دروستبکات. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. گرۆسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە سەردانەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پابەندی "ئەو رێنماییە کۆنکرێتییانە بن" کە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاژانسەکەی لەسەری رێککەوتوون. لە 2023دا ئاژانسەکە و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە تایبەت بوو بە رێگەدانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ئێستا ئێران پێشێلی ئەو خاڵانەی کردووە. پێش گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گرۆسی سەردانی ئەسفەهان بکات و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەتۆم بکات. کێشەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لە 2018ـەوە سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی هێنایە دەرەوە. لە دوای ئەوەوە ئێران تەواوی سنوورەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی شکاندووە و پوختی یۆرانیۆمەکەی گەیاندووەتە نزیک 90٪ کە رێژەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ترسی ئاژانسە ئەتۆمییەکە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چەکی ئەتۆمەوە دوای کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیلی نەیاری سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەسفەهانی مووشەکبارانکرد و وا بڵاوبوویەوە کە بنکەی ئەتۆمی بوون.
هاوڵاتی ئهمڕۆ یهكشهممه حكومهتی ئیسرائیل بریاریدا پهخشی كهناڵی جزیرهی قهتهری به ههردوو زمانی عهرهبی و ئینگلیزی رابگرێت. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرهوه كه راگرتنی پهخشی كهناڵی جزیره بههۆی ههڵكشانی ناكۆكی نێوان كهناڵهكه و حكومهتی ئیسرائیلە لهسهر شهڕی غهززه. لهسهر ئهو ناكۆكییانه، وهك فرانس پرێس ئاماژهی پێداوه، حكومهتی تهلئهبیب ئهمڕۆ یهكشهممه بریاری راگرتنی پهخشی كهناڵهكهی به ههردوو زمانی عهرهبی و ئینگلیزی بۆ ماوهی 45 رۆژ داوهو ئهگهری درێژكردنهوهی ئهو ماوهیهش بهردهسته. دوای چهند كاتژمێرێكیش له دهرچونی بریارهكه، شاشهی كهناڵی جزیره له ئیسرائیل رهش كرا و لهسهری نوسرا "پهخش له ئیسرائیل راگیراوه". هاوکات بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە، دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە. لە وڵامی ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەتی ئیسرائیلیش ئەلجەزیرە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل " تاوانکارییە " و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی " تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان " و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە مافی خۆیەتی " سەرجەم هەنگاوە یاساییەکان " بگرێتەبەر. لەم بارەیەوە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی " بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە." داخستنی ئەم کەناڵە دوای ئەوە هات مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن ،یاساکە ڕێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لەرێگەی سەنتەرەکانی جوانکارییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، حەسەنین سەفا شوبەر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاند، "نەخۆشی درێژخایەنی ئایدز ئەگەر چارەسەرنەکرێت مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکات، بەو پێیەی بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری لەش". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سەنتەر و کلینکانەی کاری جوانکاریی یان تاتۆیان تێدا دەکرێت و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان کاردەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان نییە هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە". سەندیکای پزیشکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 470 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتی " پێوەرەکانی ئازادی نووسین" لە ساڵی ٢٠٢٣ کە ئەمریکا بلاوی کردۆتەوە، ئێران گەورەترین زیندانی نووسەران بووە دوای چین و هەر لەم ساڵەدا زۆرترین ژمارەی ژنی نووسەر لە ئێران دەستگیر کراون. بە پێی راپۆرتی پێوەرەکانی ئازادی نووسین لە ساڵی ٢٠٢٣، کۆماری ئیسلامی گەورەترین زیندانی نووسەرە ژنەکان و دووهەمین زیندانی گەورەی نووسەرەکانە لە هەموو دونیا. ئەم راپۆرتە کە ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا ئامادەی کردووە، رۆژی هەینی ٣ی ئەیار هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندن بڵاو کراوەو تێیدا هاتووە:" لە ساڵی ٢٠٢٣ ناوی ئێران وەک هەمیشە لە لوتکەی ئەو وڵاتانەیە کە نووسەرە ژنەکان زیندانی ئەکات." باسلەوەشکراوەکە ،"لەم ساڵەدا ١٥ ژنی نووسەر دەستگیرکراون کە زۆربەیان بە هۆی نووسینەکانیانەوەو دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و یاسا دژە ژنەکانیتر دەستگیرکراون و هێشتا لە زیندانن".
هاوڵاتی حەماس رایگەیاندووە شاندێکی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆگانی پەیوەست بە ئاگربەست لە غەزە سەردانی قاهیرە دەکەن. ئەمریکاش دەڵێت بزوتنەوەکە رێگرن لە ئاگربەست. رۆژی شەممە 5-4-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئێمە و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە سوورین لەسەر ئەوەی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، چوونە دەرەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان بکرێت". شەوی رابردووش، ویلیام بۆرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیانە گەیشتە قاهیرە. هەمان رۆژ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنیا شتێک ئێستا بووەتە رێگر لە نێوان خەڵکی غەزە و ئاگربەستدا حەماسە. وڵاتانی نێوانگریش تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حەماس بۆ پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ ئاگربەستێکی ٤٠ رۆژە، ئەویش بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلای فەڵەستینن و ئەو فەڵەستینیانەش ئیسرائیل زیندانی کردوون. یەکێک لە رێگرییەکانی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاگربەست ئەوەیە، حەماس خوازیاری راگرتنی تەواوەتی جەنگە، لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەگەری رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادی بارمتەکان، ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح و لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دەست پێدەکات. ئەنتۆنی بلینکنیش دەڵێت، هەرچەندە ئەوان پاڵپشتی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام هێشتا بەوە رازی نەبوون ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری غەزە. ئەوەش چونکە هێشتا ئیسرائیل پێشنیازێکی قایلکەری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤیل پێشکێشی ئەمریکا نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دۆخی ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەڵەستینییە کە ئاوارەی کەمپی رەفەح بوون.