هاوڵاتی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت تاوانباردا سەپاند کە بە راکێشانی زیندانییەکانی ناو زیندانەکانی داعش تۆمەتبار کرابوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی نیسان 2023، دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، دادگای تاوانی رەسافە سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت کەسدا سەپاندووە، کە لە بەشی چاکسازی عێراقی، زیندانی تاجی و زیندانی کیفل و زیندانی کەرخ، زیندانن، بەهۆی ئەوەی بەیەکەوە پەیوەندیان کردووە بە زیندانیانی داعشەوە بۆ پێکهێنانەوە و پلاندانان بۆ هەڵهاتن لە زیندانەکان و دروست کردنەوەی هەیکەلیەتی رێکخراوەکە. ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئاشکرای کردووە، تۆتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە فەرمانیان کردووە بە رێکخستەوەى رێکخراوى داعش لەنێو گرتووخانەکاندا و ئەمیر و بەرپرسیان بۆ دیاریکردوون. بڕیارەکەى دادگا بەگوێرەى هەردوو مادەى چوار و دووى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆرە، کە تایبەتە بە "پیلانگێڕى بۆ کارى تیرۆریستى" و، سزاکەیان لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "دادگا بڕیارەکەی بەپێی ماددەی چوارەم و ماددەی دووەم 3ی یاسای دژە تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرکردووە."
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش لە پەیامێکدا بۆ ئەردۆغان رایگەیاند، ئەگەر وڵات بەرەو هەرزانی ببات، بەڵێن بێت خۆی لە زینداندا دەمێنێتەوە و نایەتە دەرەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی 2016ەوە زیندانیکراوە و لەگەڵ بانگەوازەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، بەڵام حکومەتی تورکیا ئامادە نییە ئازادی بکات، لەبارەی دۆخی ئابوری تورکیا لە رێگەی تویتێکەوە، پەیامێکی ئاڕاستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کرد. پەیامەکەی دەمیرتاش بەم شێوەیەیە، " بەڵێنی ئەردۆغان کە ٢١ ساڵە لەسەر دەسەڵاتە ئەمەیە، ' سەلۆ لە زینداندا دەهێڵمەوە'. تو بەهای دۆلار بۆ ٥ لیرە، نرخی نان و پیاز بۆ یەک لیرە، نرخی گۆشت بۆ ٥٠ لیرە دابەزێنە و رێژەی هەڵاوسان بۆ ٢٪ دابەزێنەوە: بەڵێن بێت، من خۆم لە زینداندا دەمێنمەوە و نایەمە دەرەوە." هەرچەندە بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایانگەیاندووە کە ئەگەر ببنە دەسەڵاتدار بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی جێبەجێ دەکەن، بەڵام داواکاری کۆماری تورکیا لە دوایین دانیشتنی دۆسیەی کۆبانێدا کە ١٥ی ئەم مانگە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، داوای کرد حەوت جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێندرێت.
هاوڵاتی ناوەندی راپۆرتی تورکیا بە پشت بەستن بە راپرسی شەش کۆمپانیای تورکیا کە ئەنجامی راپرسیەکانیان ئاشکرا کردووە، رایگەیاند، کلچدارئۆغلۆ لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا شکست بە ئەردۆغان دەهێنێت. ناوەندی راپۆرتی تورکیا، لێکۆلینەوەیەکی لەبارەی ئەنجامی راپرسیەکانی کۆمپانیای ئەڤراسیا، ماک، سارۆس، ئۆ ئاڕ جی، ئادا و بولگو ئەنجامداوە. بەگوێرەی لێکۆلینەوەکە، هیچ کاندیدێکی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، ناتوانێت لە خولەی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رێژەی ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە خولی دووەمی هەڵبژارندا، کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە بەدەستهێنانی ٥٤.٥٦٪ی دەنگەکان شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بهێنێت. بەگوێرەی لێکۆلینەوەکە، ئەردۆغان ٤٥.44٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەکانیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەگوێرەی ناوەندی راپۆرتی تورکیا بەم شێوەیەیە: هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) ٤٠.١٪ هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن) ٣٨.٧٪ هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج لایەنی چەپ و سۆسیالیست) ١١.٣٪ پارتی مەملەکەت (پارتەکەی موحەڕەم ئینجە کە لە جەهەپە جیابووەتەوە) ٣.٦٪ ئەوانەی دیکە ٦.٣٪ لەم هەڵبژاردنەدا ٦٤ ملیۆن و ١٩١ هەزار و 285 هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە کە سێ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار ٧٨٥ کەسیان لە دەرەوەی تورکیا دەژین و بڕیارە لە ٢٧ی نیسان تاوەکو ٩ی ئایار لە دەرەوەی وڵات دەنگ بدەن. هەروەها بە گشتی نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
سەرۆک کۆماری ئیران داوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و هەڕەشەی کاردانەوەی توند لە ئیسرائیل دەکات. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا لە یادی دامەزراندنی سوپای فەرمیی ئێران کە بە (ئەرتەش) ناودەهێنرێت، رایگەیاند؛ بونی ئەمریکا و هێزە نێودەوەڵەتییەکان لە ناوچەکە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نییە و دەبێت چۆڵی کەن. رەئیسی وتی: ئەگەرهەر دوژمنێک بە تایبەت ئیسرائیل ئامانجی زیانگەیاندن بێت بە ئێران ئەوا کاردانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکە دەبێتە هۆی لەناوچونی تەلئەبیب و حەیفا لە ئیسرائیل. بە وتەی ئەو؛ بونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بوەتە هۆی ناسەقامگیریی و تێکچونی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەڵام هێزەکانی ئێران دەتوانن ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزن و کۆماری ئیسلامی لە هەر شوێنێک بێت ئاسایشی ئەو شوێنە پارێزراو دەبێت. پێشتر رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی بە چەکدارانی نزیک لە خۆی لە لوبنان و سوریا و عێراق راگەیاندوە و بەهۆی هێرشەکانی رابردوی ئەو چەکدارانە لە سوریا 23 سەربازی ئەمریکا برینداربون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە قائانی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا-ی لوبنان و جیهادی ئیسلامی فەلەستین کۆبوەتەوە و پێی راگەیاندون کە ئێران زانیاریی هەیە ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی جیهادی ئیسلامی و حەماس لە سوریا و لوبنان.
دامەزراوەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات 120 هەزار منداڵی کار لە وڵاتەکە هەیە و ژمارەی ئەو منداڵانەشی پاشماوەکان کۆدەکەنەوە زۆر بوە. محەمەدڕەزا حەیدەری لێپرسراوی نوسینگەی زیانلێکەوتوانی کۆمەڵایەتی لە دامەزراوەی تایبەت بە ژیانی باشتر (بەهزیستی) لە ئێران رایگەیاند؛ لە ساڵێکدا 14 هەزار و 500 منداڵی ئیشکەر لەسەر شەقامەکانی دەستنیشان کراون کە 10 هەزار و 500 منداڵیان لە لایەن ئەو دامەزراوەیەوە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت و ژمارەیەکیش لەو منداڵانە ئامادەنەبون خزمەتگوزاریەکان وەرگرن. حەیدەری ئاماژەی بەوە کردوە کە کۆکردنەوەی منداڵانی سەرشەقام نابێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە لە ئێران و دەبێت بیر لە چارەسەری ریشەیی ئەو دیاردەیە بکرێتەوە. بە وتەی ئەو ئەگەر منداڵانی سەرشەقامەکان کۆکرێنەوە ئەوا بە ناچاری رو لە کاری کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی پلاستیک و ئاسن و ... دەکەن و لە هەندێک حاڵەتیشدا دور نییە ئەو منداڵانە بە مەبەستی گواستنەوە و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بەکارنەهێنرێن. وتیشی لە چەند ساڵی رابردودا ژمارەی ئەو منداڵانەی بە نهێنی کار دەکەن و پاشماوەکانی زبڵ کۆدەکەنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە چونکە حکومەت منداڵانی ئیشکەر لەسەر شەقامەکان کۆدەکاتەوە و رێگرییان لێدەکات. قەیرانی ئابوریی و کەمبونەوەی داهات و سەرهەڵدانی هەژاریی لە ئێران بە هۆکاری زۆربونی منداڵانی کار لە سەر شەقامەکان لەقەڵەم دەدرێت.
هاوڵاتی وەزیری بازرگانی عێراق وردەکاری پرۆژەی "نانی پاڵپشتیکراو"ی راگهیاند و دهڵێت، هەر هاوڵاتیەک دەتوانێت لەبرى بەشە ئاردى مانگانە 120 سەمون یان 90 نان وەربگرێت. داود غورەیری، وەزیری بازرگانی عێراق ئهمڕۆ دوشهممه له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "دەست دهكهین بە جێبەجێکردنى دەستپێشخەریى گۆڕینى بەشە ئاردى مانگانە بە نان و سەمون بۆ ئەو خێزانانەى کە خوازیارن، گۆڕینى ئاردەکە خۆویستانەیە تاوەکو لەبەرامبەردا هەر ئەندامى خێزانێک 120 سەمون یان 90 نانى بازاڕى پێ بدرێت کە رۆژانە دەکاتە دەکاتە چوار سەمون یان سێ نان". وەزیرى بازرگانیی عێراق دەڵێت، گۆڕینى ئاردەکە خۆویستانەیە تاوەکو لەبەرامبەردا هەر ئەندامى خێزانێک 120 سەموون یان 90 نانى بازاڕى پێ بدرێت کە رۆژانە دەکاتە دەکاتە چوار سەموون یان سێ نان. غەریرى گوتیشى:" ئەو هەنگاوە لەسەر بنەماى توێژینەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند بووە لەبارەى ئەو خێزانانەى کە لە ماڵەکانیان نان دروستناکەن. ئەو دەستپێخشەرییە بڕە پارەیەکى زۆر دەگەڕێنێتەوە کە لە نێوان هاووڵاتیان و بریکارەکانى ئارد دەفەوتێت و خێزانەکان بەشە ئاردەکانیان بە نرخێکى کەم دەفرۆشنەوە کە ناگاتە نرخى بەرهەمهێنانى". وەزیری بازرگانی عێراق باسی لهوهشكردوه، یەکەمجار پڕۆژەکە لە "ناوچە دەوڵەمەندەکان" دەستپێدەکات و بەشێوەی ئارەزمەندانە دەبێت، هەر خێزانێک بیەوێت بە شێوەی نان و سەمون وەربگڕیت لەڕێگەی کارتێکی ئەلیکترۆنییەوە بۆی دەکرێت.
هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ناوچەی جەرابلوس کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە، بە هەلیکۆپتەر ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا و بەرپرسێک و دوو تیرۆریستی داعش لە ئۆپراسیۆنەکەدا کوژران. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکۆم) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا، هێزەکانیان بە هەلیکۆپتەر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگایەکی داعش لە نزیک سنورەکانی تورکیا. سەنتکۆم رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆسەر بارەگاکەی داعش، بەرپرسێکی باڵای داعش و دوو تیرۆریستی دیکە کوژراون. باسی ئەوەشی کرد، ئەو بەرپرسە باڵایەی داعش کە کوژراوە، پلانداڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی ئەلغەندۆرەی سەر بە ناوچەی جەرابلوس ئەنجامدراوە کە ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازانی تورکیا و چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەدایە و باسی ئەوەشی کرد، دوای بۆردومانەکە، سەربازانی ئەمریکا چوونەتە نێو بارەگاکەی داعش.
بەپرسێکی تەندروستیی ئێران ئاشکرای دەکات ساڵانە نزیکەی 80%ی لەباربردنی کۆرپەلە لە وڵاتەکە بە نایاسایی ئەنجام دەدرێت. سلێمان حەیدەری بەڕێوبەڕی گشتی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ بە هۆکاری پزیشکی و تەندروستی، ساڵانە 10 هەزار کۆرپەلە لە وڵاتەکە لەبار دەبرێن و ژمارەیەکی زۆریش بە نایاسایی و ناتەندروست لەبار دەبرێن. بە وتەی حەیدەری لەباربردنی کۆرپەلە بەشێوەیەکی نایاسایی و ناتەندروست لە ماڵەکان و لە شوێنی نهێنی و لە رێگەی دەرمانی خوێنبەربونەوە لە ئێران ئەنجام دەدرێت. ئاماژەی بەوە کردوە؛ نزیکەی 70 بۆ 80% لەباربردنەکانی کۆرپەلە لە ئێران بە شێوەی نایاسایی و بە بێ بونی پزیشکی پسپۆڕ و لە درەوەی کلینیکە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان ئەنجام دەدرێت. لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە ساڵانە نزیکەی 370 هەزار بۆ 530 هەزار کۆرپە بە شێوازی جیاواز و بە نایاسایی لەبار دەبرێن.
هاوڵآتی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، دمیترۆ کوڵیبا گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق ئەنجام دەدات. ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە کە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا گەیشتووەتە بەغدا. دوێنێ یەکشەممە ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ دووشەممە، دمیترۆ کوڵیبا دەگاتە بەغدا و لە میانیدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە. لە میانی کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا و بەرپرسانی عێراقدا، پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا پێشھاتە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکرێت.
هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە شەوی رابردوو بەکراوەیی هەڵگیرا و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە 128 پەرلەمانتار قسەی لەسەر بکەن. شەوی رابردوو دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە گفتوگۆ لەسەر پرۆژیاسای بودجە بەڕێوەچوو و تێبینی و سەرنجی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕگە و مادەکانی پرۆژەیاساکە وەرگیرا. لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەکەی بە کراوەیی بۆ ئەمڕۆ ھێشتەوە کە بڕیارە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات و تا سەعات شەش بەردەوام بێت. پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ـی کۆی بودجەکە دیاریکراوە، کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەریی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.
تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی گوندەکانی حەما و دێرەزۆری سوریا و ٣١ کەسیان کوشت. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی حەما، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیان کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی دۆمەڵاندا روویان لە بیابانەکانی ناوچەکە کردبوو. لەلایەکی دیکەوە، لە دێرەزۆریش هێرش کراوەتە سەر هاوڵاتیان کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمەڵان بوون. هەروەها چوار شوانیش کە لە ناوچەکەدا بوون، رووبەرووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە و بە گشتی ٣١ کەسیان کوشتووە. مەرسەدی سوری باسی ئەوەش دەکات کە تیرۆریستانی داعش هەموو مەڕوماڵاتی هاوڵاتیەکانیان دزیوە. مەرسەدی سوریا رایگەیاندبوو، ڕۆژی ٢٣ی مانگی رابردوودا، لە کاتێکدا کە دەیان کەس لە سنووری پارێزگای حەما چوبوونە دەشت و دەر بۆ کۆکردنەوەی دۆمەڵان، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە سەریان و ١٥ کەسیانی سەربڕیبوو و ٤٠ کەسی دیکەشیان بێسەروشوێن کردبوو.
دادگای ئێران رایگەیاند تۆمەتباری سەرەکیی خستنەخوارەوەی فرۆکەی بۆینگی 737 ی ئۆکرانیای بە 13 ساڵ زیندانیی سزا داوە. ناوەندی راگەیاندی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە فەرماندەیەکی سەربازیی کە بەرپرسی ئاڕاستەکردنی موشەک بوە وەک تۆمەتباری سەرەکیی خستنەخوارەوە و گیانلەدەستدانی 176 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی فڕۆکە گەشتیارییەکەی ئۆکرانیا لە ساڵی 2020 ، سزای 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا 20 دانیشتنی دادگا دوای 18 کۆبونەوەی شارەزایان و پسپۆڕانی سەربازیی بۆ ئاشکراکردنی زانیارییەکانی چۆنیەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، دادگا بڕیاری خۆی لەسەر تۆمەتبارانی سەرەکیی داوە. بڕیارەکانی دادگای ئێران لە کاتێکدایە دۆسیەکە زیاتر لە 10 تۆمەتبار و 117 سکاڵاکاری هەیە کە 55 سکاڵاکار لە دانیشتنەکانی لقی 2ی دادگای تاران ئامادە بون. جگە لە تۆمەتباری یەکەم کە فەرماندەی قەڵغانی موشەکی (ئێم یەک) لە شاری تاران بوە نۆ ئەفسەری دیکەش هەر یەکەیان وەک تۆمەتبارانی دۆسیەی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە لە یەک ساڵ تا 3 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. راگەیاندنی دەزگای داد ئاماژەی بەوە کردوە بڕی 150 هەزار دۆلار وەک قەرەبو دەدرێت بە کەسوکاری هەر کوژراوێکی ئەو روداوە. ئێران لە هەشتی کانونی دووەمی ساڵی 2020 لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستی بە موشەکبارانی بنکەی (عین ئەسەد)ی ئەمریکا لە عێراق کرد و دوو موشەک ئاڕاستەی ئەو فڕۆکەیەی ئۆکرانیا کرا کە بڕیاربو لە تارانەوە بەرەوە کیێڤ بەڕێکەوێت. شهوی 3ی كانوونی دووهمی 2020، له هێرشێكی فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی ئهمریكی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی له نزیك فڕۆكهخانهی بهغدا كوژران.
هاوڵاتی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نەماوە كه زۆرترین قەرزاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتین و توانیویەتی 80%ی قهرزهكهی کەمبکاتەوە. لە راپۆرتێکدا کە هەفتەی ڕابردو لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژه بهوهكراوه، 19 وڵات هەن قەرزەکانیان زیاترە لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بهڵام عێراق له لیستهكهدا نیه، لە کۆی گشتیی ئەو وڵاتانەی قەرزدەر لە دامەزراوەی ئابوریی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، کە دەکاتە 94 وڵات. لەمبارەیەوە مەزهەر محهمهد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به رۆژنامهی سەباح-ی راگهیاندوه، "دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كه زۆرترین قەرزاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان لهسهر بابهتێكی سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان له وڵاتهدا و كاریگهری ئهرێنی لهسهر وڵاتهكه دهبێت." باسی لەوەشکردووە، "دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)یان لایهن توانای قەرزکردنی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە و ئەوە هۆكارێكی باشه بۆ زیادكردنی وهبهرهێنان جگە لهوهی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانی دەرەکی پەیوەست بە ئابوری عێراق دهبێت". ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، قەبارەی قەرزەکانی سهر عێراق نزیکەی 130 ملیار دۆلار بوە، بەپێی رێککەوتنەکە 100 ملیار دۆلاری لێ لێبڕدراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاربو به 20 ساڵ بدرێتهوه لەگەڵ ماوەی ئیمتیازات کە شەش ساڵ بوە. هاوکات ئەو ڕاوێژکارە باسی لەوەشکردوە کە ، "عێراق لەوکاتەوەی ڕێککەوتنی پاریسی واژۆكردوه كه له 21ی 11ی 2004دا لەلایەن عادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشوتری دارایی ئەوکاتەوە واژۆكراوه، ڕزگاری بوە لە 100 ملیار دۆلار قەرز كه لهسهری بوه، واتا 80%ی قهرزهكهی کەمکردوەتەوە".
ئەمریکا بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە دارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڕی 15 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات دیاریی دەکات و رایدەگەیەنێت ئەو سوپایە بوەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە: هەر کەسێک زانیاریی سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان و چۆنیەتی دابینکردنی پارە و داهاتی سوپای پاسدارانی ئێران رادەست بکرێت لە لایەن وەزارەتەکەوە خەڵات دەکرێت. لەو پەیامەی ئەمریکا لە تویتەر ئاماژە بەوەکراوە کە وەزارەتی دەرەوە لە چوارچێوەی (بەرنامەی خەڵات بۆ دادپەروەریی) بڕی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریی کردوە بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە داراییەکان و سەرچاوە ماددیەکانی سوپای پاسداران. وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا جەختی لەوە کردەوەتەوە ئەو رێوشوێنە نایاساییانەی گواستنەوە و مامەڵە داراییەکانی سوپای پاسداران هۆکارێکە بۆ دروستکردنی مەترسیی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان. ئەمریکا رایگەیاندوە سوپای پاسداران بە دروستکردنی کۆمپانیای (وەهمی) و دامەزراوەی راسپێردراو و چەندین رێوشوێنی دیکەی دارایی خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی واشنتۆن دزیوەتەوە.
نرخی دەرمان لە ئێران بەرز دەبێتەوە و هەندێک دەرمانیش کە زیاتر لە 60 ساڵە لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست دەکرێت دەست ناکەوێت و داوا دەکرێت لە دەرە هاوردە بکرێن. عەلی فاتمی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، رایگەیاند؛ کەمبونەوەی سەرمایە و لاوازبونی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی دەرمان بوەتەوە هۆی کەمبونەوەی دەرمان لە وڵاتەکە بە جۆرێک کە تەنانت دەرزی و دەرمانی هەڵامەت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. فاتمی ئاماژەی بەوە کردوە کەمیی دەرمان نیگەرانیی پزیشکانی لێکەوتوەتەوە و دەرمانی خەمۆکی و دەرونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمبون و لە هەندیک حاڵەتدا دابینکردنیان ئاستەمە. نرخی دەرمان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو لە نێوان 300 تا 700% هێندە بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە و کە ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بوە. ساڵانی رابردو حکومەت لە ئێران زیاتر لە سێ ملیارد دۆلاری بۆ هاوردەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی تەرخان کردوە کە ئەو بڕە لە ئەمساڵدا بۆ یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار کەمی کردوە.