پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی موچە لە وڵاتەکە و لانیکەمی موچە دەگاتە 155 دۆلار لە مانگێکدا. میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە دانیشتینی ئەمرۆ یەکشەممەی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی تایبەت بە بودجە بڕیاردراوە بە زیادکردنی موچە بە رێژەی 20% و لانیکەمی موچە لە وڵاتەکەشدا بە حەوت ملیۆن و 920 هەزار تمەن دیاریی کراوە. هەر بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی ساڵی داهاتوی ئێران کە دوای نەورۆزی ئەمساڵ دەست پێدەکات موچەی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دارایی حکومەت وەردەگرن بە رێژەی 40% بەرز دەکرێتەوە. موچەی سەربازەکانی وڵاتەکە بە رێژەی 60% بەرز کراوەتەوە کە لە ساڵێکدا 48 ملیۆن تمەن دەکات و ئەو سەربازانەی لە ناوچە هەستیار و مەترسیدارەکاندان بە رێژەی 75% کە دەکاتە 60 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا و هاوکات موچەی ئەو سەربازانەی هاوژین و منداڵیان هەیە بە رێژەی 90% بەرز کراوەتەوە کە دەکاتە72 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا. بڕیای پەرلەمان لە کاتێکدایە ئاستی هێڵی هەژاری بۆ هەر خێزانێک لە ئێران بە 15 ملیۆن تمەن بۆ 18 ملیۆن تمەن دیاریی کراوە. بەهای یەک دۆلار لە ئێستادا 51 هەزار و 50 تمەن و لە ماوەی رابردودا بۆ یەکەمجار لە مێژوی دراوەکاندا بەهای یەک دۆلار لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 60 هەزار تمەن و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان داوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ 40 هەزار تمەن دابەزێنن.

هاوڵاتی هاوپەیمانی گەل کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێکهێنراوە، بڕیارە سبەینێ کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشكرا بکەن و پارتی باشیش کە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئەردۆغان ناکەن. ئیسماعیل سایماز رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئۆیسال سەرۆکی پارتی دیموکرات، بۆ جاری یەکەم بەبێ مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە رۆژی هەینی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە کۆببنەوە. ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆبونەوەکەی سبەینێ، هاوپەیمانی گەل کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریە. لەلایەکی دیکەوە، فەرەیدون باهشی، پەرلەمانتاری پارتی باش کە پارتەکەی کەمال کلچدارئۆغلۆی پێ قبوڵ نییە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە، رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپەیە. باهشی وتی، " ئەگەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کەمال کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بە تەنیا بمێننەوە، پارتی باش دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات." دوای ئەوەی رۆژی هەینی ٣ی ئازار، پارتی باش لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا کە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی کۆمار ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە رەتیان کردەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، دوابەدوای ئەو پێشهاتە، هاوپەیمانی گەل خۆی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جێی پارتی باش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئیسرائیل رایگەیاند هەر کاتێک خۆیان بە گونجاوی بزانن هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو کارەش بە یاسایی ناو دەهێنێت و رەخنە لە بەڕیوبەری ئاژانسی ئەتۆمیی دەگرێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند؛ پێچەوانەی لێدوانی رافائیل گروسی، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوەتی یاساییە. نەتانیاهۆ وتی: گروسی کەسێکی بەڕێز و بەنرخە بەڵام لێدوانێکی بێ بەهای داوە چونکە ئێران بە ئاشکرا خوازیاری لەناوچونی ئێمەیە. وتیشی: ئایا ئێران بۆی هەیە ئێمە کۆمەڵکوژ بکات ؟ ئایا بۆمان نییە بەرگریی لەخۆمان بکەین؟ بێگومان ئێمە بەرگریی لەخۆمان دەکەین و مۆڵەت لە کەس وەرناگرین. وتەکانی نەتانیاهۆی دوای ئەوە هات کە گروسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند؛ لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کارێکی نایاسیاییە و ئەوەش نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی وتوە کە لە ماوەی رابردودا دەیان کۆبونەوە و دانوستانیان لەگەڵ وڵاتان ئەنجام داوە بۆ هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئیسرائیل بە بەردەوامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جێگەی گومانە و هەر کاتێک بیانەوێت بە مەبەستی رێگریی لەو وڵاتە بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان چونکە پابەندی هیچ رێککەوتنێکی ئەتۆمیی و نێودەوڵەتیی لە نێوان تاران و وڵاتانی دیکەدا نابن.   

لە سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستان پێکدادانی سەربازیی لە نێوان تاڵیبان و پاسەوانانی سنوری ئێران رویدا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن هیچ زیانێکی نەبوە و هۆکارەکەی نادیارە. ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) بڵاوی کردوەتەوە؛ لە سنوری شاری هیرمەند لە ئەفغانستان کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ئێران بۆ چەند کاتژمێریک پێکدادان و شەڕەتەقە لە نێوان پاسەوانانی وڵاتەکە و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە. پێکدادانەکە لە نزیک پردی (میلەک) کە دەکەوێتە سنوری نێوان ئەفغانستان و ئێران، رویداوە و بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە. بەرپرسێکی ئێران رایگەیاندوە؛ هۆکاری پێکدادانەکە رون نییە لە کاتێکدا هەفتەی رابردو چەکدارانی تاڵیبان پاسەوانێکی سنوری ئێرانیان دەستبەسەرکرد و ڤیدیۆیی لێدانەکەیان بڵاو کردەوە. ئێران و ئەفغانستان 945 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە و دوای ئەوەی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، دەیان جار پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە و سەرەڕای ئەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانسان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بەپێی یاسا نوێیەکان  هەرکەسێک بەشێوەیەکی نایاسایی بە بەلەمی بچووکەوە بچێتە ناو بەریتانیا ئەوا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستگیر ئەکرین و دەرئەکرێن، هەروەها مافی پەنابەریان پێنادرێت. سۆیلا براڤەرمان، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بەپێی یاسا نوێیەکان کە بڕیارە ڕۆژی سێشممە ڕایبەگێنین هەرکەسێک بە بەلەمی بچوک وبە نایاسایی بێتە بەریتانیا، ئەوا دەرئەکرێن و مافی پەنابەریان پێنادرێت، وتیشی لە ئێستدا ئەو پەنابەرانەی بە بەلەمی بەوشێوازە دێنە بەریتانیا مافی ئەوەیان هەیە بمێننەوە تا دۆسیەکانیان جیبەجێ دەکرێت، بەوجۆرەش بێت لەدوای جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکان سەرجەم پەنابەرەکان کە بەوجۆرە هاتوونەتە بەریتانیا مافی پەنابەریان نابێت.   هاوکات هەر ئەمڕۆ ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا  بەو پەنابەرانەی وت کە پلانیان هەیە بە بەلەم بچنە بەریتانیا، “هەڵە مەکەن، ناتوانن بمێننەوە ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە ئێرە".   بەپێی بڕیارەکە ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچوک و نایاسایی دەچنە بەریتانیا، دوای دەستگیرکردنیان یان دەردەکرێن و دەنێردرێنەوە یاخود دەنێردرێن بۆ ڕواندا و بۆ هەمیشە گەڕانەوەیان بۆ بەریتانیا لێ قەدەغە دەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ڕیشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، "راگرتنی بەلەمەکان" یەکێکە لە پێنج کارە لەپێشینەی حکومەتەکەی.  

زیاتر لە دەیان خوێندکاری کچ ئەمرۆش بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران و وەزیری ناخۆی ئێرانیش دەڵێت سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتوە و بەمزوانە ئاشکرای دەکەن. میدیا و راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ رۆژی یەکشەممە دەیان خوێندکاری کچی شارەکانی ئەهواز، ئەسفەهان، تەبرێز، تاران، کەرەج وکاشان و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکران و لە پەرلەمانی ئێران دەماقڵێ لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەسەر روداوەکانی ژەهراویکردنی کچان رویدا. رۆژنامەی (ئیعتیماد) بڵاوی کردوەتەوە؛ ژەهراویبون لانیکەم 90 خوێندگەی کچانی گرتوەتەوە و ئەمڕۆش ئەو روداوانە لە دەیان خوێندگەی کچانی سەرتاسەری ئێران رویداوە و لە هەندێک شار نەخۆشخانەکان جێگایان بۆ کچانی ژەهراویبو نەماوە و لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان چارەسەریان وەرگرتوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچی چەند خوێندگەیەکی سەرپێل زەهاو لە پارێزگای کرماشان و نایسەر لە سنە و چەند خوێندنگەیەک لە ئیلام ژەهراویبون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ هەندێک سەرەداو لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە دەرکەوتوە و بەمزوانە وردەکارییەکان بۆ خەڵکی وڵاتەکە ئاشکرا دەکەین. ماوەی زیاتر لە مانگێکە روداوی ژەهراویبونی خوێندکارانی کچ، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوە و سەرچاوەکانی ناوخۆی وڵاتەکەش ئاماژەیان بەوە کردوە کە نزیکەی 100 رۆژە ئەو روداوانە رودەدەن بەڵام هۆکارەکان ئاشکرا نەکراون. پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای کردوە ژەهراویبونی کچانی خوێندکار بەهۆی تێکەڵەی چەند ماددەیەکی کیمیاییە کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەکات و دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕوکێ و دروستبونی کێشەی کاتی لە هەناسەداندا.    

هاوڵاتی ڕافائێل گروسی، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە بە ڕێگەدان بۆ دووبارە داناناوەی کامێرا وئامێرەکانی چاودێریکردن لە بنکە ئەتۆمیەکانیدا وپشکنینە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم. سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کە پێکهاتبوون لە ئیبراهیم ڕەئیسی و سەرۆکۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئێران ڕەزامەندە لەسەر فراوانکردنی هاوکاریەکانی بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمیەکانی. سەردانەکەی ڕافئێل گروسی  دوای دۆزینەوەی گەردیلەکانی یۆرانیۆم بوو کە تا ئاستێک پیتێنراوە  کە ٨٣.٧٪ و نزیکە لەو پلەیەی کە وەک" چەک" بەکاربێت  لە دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی ئێراندا، هەروەها تەنها دوو ڕۆژ پێش کۆبوونەوەی  دەستەی بەڕێوەبەری ٣٥  وڵاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتوەیەکگرتوەکان لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ڤیەنای پایتەختی نەمسا، کە ئاژانسەکە بارەگا سەرەکییەکەی لێیە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "لە چەند مانگی ڕابردوودا، کەمبوونەوەی هەندێک لە چالاکییەکانی چاودێریکردن هەبووە" کە پەیوەندییان بە کامێرا و ئامێرەکانی دیکەوە هەبووە کە کاریان نەدەکرد، وتیشی " ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەستنەوەی کامێرا و کەرەستەی دیکەی چاودێری لە شوێنە ئەتۆمییەکانی و زیادکردنی خێرایی پشکنینەکان ... ئێمە ڕێککەوتووین کە ئەوانە جارێکی دیکە کار بکەنەوە".  ڕافائێل گروسی  لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە  وردەکارییەکانی نەخستەڕوو کە کام ئامێرە نۆژەن دەکرێتەوە و لەماوەی چەندێکدا، بەڵام وتی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێویستی بە پشکنینی زیاتری ئەو دامەزراوەیە هەیە و ئێران ڕازی بووە بە "لەسەدا ٥٠ی زیاتر پشکنین" لەوێدا ، هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە  ڕێکەوتنەکان " تەنها قسە نین، ئەمە زۆر کۆنکرێتیە".   هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران دوای سەردانەکەی گرۆسی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند تاران "ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ  پێشکەشکردنی زانیاری زیاتر و دەستڕاگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پارێزبەندی". بەپێی ڕیکەوتنەکە ئێران ڕێگە بە دانانی ئامێری چاودێری زیاتر دەدات کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دانرابوو، بەڵام دواتر ساڵی ڕابردوو لابرا، چونکە ڕێککەوتنەکە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکادا هەڵوەشایەوە. ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ وڵاتانی ئەندام کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە لیکۆڵینەوەی لەسەرکراوە ، ڕایگەیاندووە، گرۆسی بەوپەڕی دڵنیاییەوە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی خێرای  تەواوی بەیاننامە هاوبەشەکەیە.   ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی گەیشتە ئێران و دانوستانەکان لە بنبەستدا بوو سەبارەت بە زیندووکردنەوەی پەیماننامەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە بەڵێنی ڕزگاربوونی تاران لە سزا ئابوورییە توندەکانی پێدابوو کە لەلایەن ڕۆژئاوا وئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنرابوو  لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی . هاوکات ئێرانیش لەبارەی دەستڕاگەێستنی بە یۆڕانیۆمی پوخت کە بەڕێژەیەک زیاتر بێت لە سەدا ٦٠ ئێران،  ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و دەڵێت هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئەو ڕێژەیە،  دەشڵێت، " کە رەنگە هەڵاوسانی نەخوازراو ڕویدابێت لە کاتی پڕۆسەی پیتاندندا"        

هاوڵاتی لێپرسراوێکی باڵای سەربازی ئەمریکا، بەسەردانێکی رانەگەیەنراو سەردانی بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان کرد. مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی ھاوبەشی سوپای ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەو بڕوایەدا کە سەربازانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی سوریا، کە ھاوبەشیانن دەتوانن بەرەوپێشچوون بەدیبھێنن لە رووبەرووبوونەوەی دزەکردنی تیرۆریستانی داعشدا. سەردانەکەی مارک میلی بۆ سوریا، دوای نزیکەی ھەشت ساڵ لە جێگیربوونی ھێزەکانیان دێت، بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و  ئامانج لێی هەڵسەنگاندنی ئەرکی هەشت ساڵەی سوپای ئەمەریکایە لە شەڕی دژی داعشدا. ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سەردانەکەی بۆ سوریا شایانی ئەو مەترسیانە بووە، بە ئاماژەدان بە پەیوەندی گەشتەکەی بە ئاسایشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، گوتی "ئەگەر پێتان وایە ئەوانە پرسێکی گرنگن، ئەوا وەڵامە دروستەکە بەڵێیە."  ڕۆژی هەینیش ژەنەڕاڵ میڵی لە سەفەرێکدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کۆبوویەوە و ئامانجیشی تاوتوێکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە.

حکومەتی ئێران لە مانگی شوباتدا ١٣ کوردی لەسێدارەداوە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا، ١٣ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئامارێکی لەبارەی لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە مانگی رابروودا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەکە، لەو مانگەدا ١٣ هاوڵات کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەشڵێت، لەو مانگەدا ٨٢ هاوڵاتی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و لەو ژمارەیە سزای زیندانی بەسەر ١٢ کەسدا سەپێندراوە و ئەوانەی دیکەش چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکەن. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، پێنج و منداڵ و چوار ژن هەن و چارەنووسی بەشێکیان نادیارە. لەبارەی دۆخی کۆڵبەرانیش کۆمەڵەکە ئاشکرای دەکات کە لە مانگی شوباتدا سێ کۆڵبەر بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراوە و ١٢ کۆڵبەریش بریندار بوون. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەو مانگەدا سێ ژن و پێنج پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و دوو ژنیش کوژراون.

هاوڵاتی مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش، دوای کۆبونەوەی شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە ساڵێکە هەوڵی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن، لە هاوپەیمانێتیەکە بە شێوەیەکی نافەرمی کشایەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین کەمال کلچدارئۆ‌غلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بێت. ئاکشەنەر داوای لە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەسنور یاڤاش سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە کرد کە دەستپێشخەری بکەن و خۆیان کاندید بکەن کە هەردوو سەرۆک شارەوانییەکە سەر بە جەهەپەن. بەڵام دوابەدوای قسەکانی ئاکشەنەر، ئیمامئۆغلۆ و یاڤاش تویتیان بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆی سەرۆکیان دەربڕی. ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە گشتی کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە لەم بارەیەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و وتی، " ئێمە هەوڵ دەدەین، هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە و لە ئەردۆغانیزم رزگارمان ببێت." پارتی کرێکارانی تورکیاش لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " خەڵکەکەمان لەدژی کۆشکەکەی ئەردۆغان ئیرادەی خۆی پیشان دەدات، لەدژی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، کاندیدێکی هاوبەش هەڵدەبژێرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەشی ٢٠ ساڵی ئاکەپە دەهێنێت." لەلایەکی دیکەوە، ئوندەر ئیشلەیەن ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی چەپی تورکیا رایگەیاند، ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر بە مەبەستی هەماهەنگیکردنە لەگەڵ ئاکەپە. هەڵوێستێکە بۆ وڵامدانەوەی ئەردۆغان کە پێی دەڵێت بگەڕێتەوە بۆ نێو هێلانەکەت. ئەم پێشهاتە، هاوکێشەکانی تورکیای بە تەواوی گۆڕیوە و پارتە سیاسیەکان کەوتووەنەتە خۆیان کە هاوسەنگی نوێ دروست بکەن. چاوەکان لەسەر کۆبونەوەیەکی رۆژی دووشەممە ٦ی مانگە کە جارێکی دیکە هاوپەیمانی گەل کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە، ئایا مەراڵ ئاکشەنەر بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکات یان نا! هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەم بارەیەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و هەر لەم بارەیەوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپەش) کۆدەبێتەوە.

هاوڵاتی بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، ئەمساڵ عێراق شایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێش و بەرجەستە دەبێت بۆ کەرتی بانکی و جەختیشدەكاتەوە لە بەرەوپێشچوونی بەکارهێنانی ئامێری کاش و کەمکردنەوەی پارەی کاش و ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ هاووڵاتیان سەقامگیر بكرێت. عەمار حەمد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی بانکی شاهیدی چاکسازی ڕوونە، کە بە فشاری گواستنەوەی دەرەکی دەستی پێکردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە، دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی ئاڕاستەی بەکارهێنانی ئامێری کاش دەکات و لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کەرتی بانکیدا، کە بەدەست هەندێک کێشەی کۆنەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەوەش بەکارهێنانی کاش کەم دەکاتەوە و ئامێری كاش دەخاتە بەردەست.

گۆڤارێک ئاشکرای دەکات ئێران دوو هێندەی رابردو چەک و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی روسیا کردوە و ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربازیی دژی تاران و بۆ ئەو مەبەشتە وەزیری بەرگریی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی رەوانەی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. گۆڤاری (فۆڕێن پاڵسی) ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری پێنج بەرپرسی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران سەرەڕای ئەو فشارانەی لەسەریەتی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی بۆ روسیا بۆ زیاتر لە دوو هێندەی رابردو زیاد کردوە. بەرپرسەکانی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کردوە؛ ئەو چەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە جەنگی دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن دەبێتە هۆ درێژبونەوەی ماوەی جەنگەکە. بە وتەی پێنج بەرپرسەکەی ناتۆ بۆ فۆڕێن پاڵسی: ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەرپرسیاری سەرەکیی راگرتنی ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانن بۆ روسیا بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر سەرەڕای سزاکانی واشنتۆن دژی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە ببێتە هۆی راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران. لە لایەکی دیکەوە دانا سترۆول، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ (ئەلجەزیرە) رایگەیاندوە؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دابینکردنی پێداویستییەکانی رێکاری سەربازیی لە دژی ئێران لە ئەستۆیە و دەبێت وەزارەتەکە ئامادەکاریی بکات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵام واشنتۆن دوای شکستی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی دەبات. سترۆل وتویەتی؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی پلانی نوێی پاراستنی هاوپەیمانانی واشنتۆن سەردانی وڵاتانی ئۆردن، میسر و ئیسرائیل دەکات و بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران لەگەل بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە. هاوکات رۆژی هەینی مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کاتی کۆبونەوە لەگەڵ یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تەلئەبیب رایگەیاند؛ گفتوگۆیان کردوە سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. نوسینگەی گاڵانت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تلئەبیب و واشنتۆن جەخت لە هاوکارییەکانیان دەکەنەوە بۆ رێگریی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات. پێشتر رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاوی کردبوەوە؛ جۆ بایدن وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی راسپاردەوە بۆ ئامادەکارییەکانی بە مەبەستی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی دژی ئێران و تەنانەت ژمارەیەک بنکەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش دیاریی کراون کە لە ئەگەری شکستی تەواوەتیی دانوستان و رێککەوتنی ئەتۆمیی بکرێنە ئامانج.

هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، بومەلەرزە و گەندەڵی لە تورکیادا کرد. جەمیل بایک وتی، "بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەبێت. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات." بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی کۆمار و نە هاوپەیمانی گەل ناتوانن بیبەنەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن." هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، " لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت." بایک لەبارەی چارەسەری پرسی کوردیش دەڵێت، " ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا لە دژی هە بوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، ماددی، سیاسی و دەروونی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات و نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی مامەڵە بکات و هەموو جۆرە شەڕێک ئەنجام بدات، نەیدەتوانی تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. ئاشکرایە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگریەکی زۆریان لە دەوڵەتی تورک کردووە. تاوانیان ئەنجامداوە کە پێویستە بەپێی یاسای شەڕ و تاوانی قڕکردن دادگایی بکرێن، بەڵام کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن زۆر شت بکەن. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتی تورک هەیە. هۆکاری ڕوون بۆ ئەمە هەیە. لەبەرئەوەی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدا پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، لە شەڕی کورد و پەکەکەدا. کێشەی متمانە لە نێوانیاندا لەم بابەتەدا نییە. وەک ڕوونم کردەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لەم شەڕە بەردەوام بێت ئەگەر لە دژی ناڕەزایەتی ئەمریکا بێت. ئێمە و دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئەمە دەزانین. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە. پێویستە فشار بخاتە سەر تورکیا، هانی بدات کە دەستبەرداری ستراتیژ و پیلانی شەڕ بێت و چارەسەری دیموکراسی و سیاسی قبوڵ بکات. ئەگەر وابێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردندا."

هاوڵاتی بانکى رافیدەن ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکات بە وەرگرتنى دینار لە گەشتیاران لە لقەکانى، بۆ ئەوەى گەشتیاران لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە دۆلار وەریبگرنەوە، لەبرى ئەوەى پرۆسەى ئاڵۆگۆڕەکە لەنێو فڕۆکەخانەکە بکرێت. بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدائاماژەى بەوەداوە، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکەن بە وەرگرتنى دینار لە هەژمارەکانى بانکەکەیان، بۆ گۆڕینى بە دۆلار و ئەو پرۆسەیە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت.  ئەم بڕیارەى بانکى رافیدەین بە مەبەستی  ئاسانکاریکردنە بۆ گەشتیاران بۆ کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندى کە 132 هەزار دینارە بەرامبەر بە 100 دۆلار،هاوکات  گەشتیاران دەتوانن تاوەکو 7000 دۆلار بکڕن. بانکى رافیدەین ئاماژەى بەوەشداوە کە لە دواى دانانى پارە لە بانکەکەیان لە رێگەى دەروازەکانیانەوە لە بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا دۆلارەکە وەردەگیرێت و پرۆسەى دانانى دیناریش لە رێگەى هەشت لقی بانکەکەوە دەبێت لە بەغدا، ئەو رێکارەش بۆ ئەوەیە، قەرەباڵخى لەنێو فڕۆکەخانە دروست نەبێت لەکاتى وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە.     ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە 5ى ئادارەوە بانکى ناوەندى پشکى هەفتانەى گرووپى ئەى کۆمپانیاکان لە فرۆشتنى دۆلار بۆ دوو ملیۆن دۆلار زیاد بکات کە ئەمەش 25٪ـى لە بڕى پێشوو زیاترە.

هاوڵاتی  دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بە كردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری دەیەوێت قەیرانی وشكبونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر بكات كە بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە پیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت كە زیانەكانی لە سودەكانی زۆر زیاترە. زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێ بچوك. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەر دەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بە دانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی  دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیادبكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان. محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندوە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تومەن لە رابردودا كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. ئێران گەیاندنی ئاوی لە بەنداوی كانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.   پلانی سوپای پاسداران لە كانی سێو بۆ زێی بچوك لە (24/2/2023) بە ئامادەبونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەشی یەكەمی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ لە بەنداوی كانی سێو دەستی پێكرد كە شەش ساڵی خایاندوە و ئەوەش لە میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتی وڵاتەكەوە بە پڕۆژەیەكی گەورەی ژینگەیی وەسفكرا كە گوایە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئێستا جێبەجێكراوە. بەنداوی كانی سێو لە پیرانشار روبەرەكەی لە 20 كیلۆمەتر نزیك دەبێتەوە و توانای گلدانەوەی ئاوی لە نێوان 221 ملیۆن بۆ  713 ملیۆن مەتر سێجا هەیە و كە ئاوی گلدراوەی ئەو بەنداوە لە رێگەی 36 كیلۆمەتر تونێل كە هەشتا مەتر دەكەوێتە قوڵایی زەوی و 11 كیلۆمەتر جۆگە و كەناڵی ئاو و 28 كیلۆمەتر روباری گادەر دواجار دڕژێتە دەریاچەی ورمێ. بە گشتی دەیان روباری بچوك و گەورە دەڕژێنە بەنداوی كانی سێو كە بەرچاوترینیان چەمەكانی (كەڵوێ، كەڵۆسێ، ریزی، خدراوێ، خاسی، بادیناوێ، پردانان)ە. كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە بڕی 980 ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغی یەكەمی گەیاندن و گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە و 26 پڕۆژەی دیكە بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەكە جێبەجێ دەكرێت كە زۆربەیان لە لایەن كۆمپانیاكانی سەر ناوەندی خاتەمولئەنبیا كە خاوەندارێتییەكانیان دەگەڕیتەوە بۆ سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. كەمال حسێن پور، نوێنەری پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو پڕۆژەیە و گەیاندنی ئاو بە تونلێل بۆ دەریاچەی ورمێ، كانی و بیری ئاوەكانی ناوچەكە وشك دەكات و ئەوەش قەیرانی دیكەی كەمئاویی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست دەكات. یەكەم قۆناغی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بەرۆكی سەرجەم ئەو روبارو سەرچاوانە دەگرێت كە دەڕژێنە زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان و هاوشێوەی ساڵانی رابردو كێشەی گلدانەوە و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە دەبێتە كارتێكی فشار دژی هەرێم و تەنانەت عێراقیش.   ئاوی كانی سێو دادی دەریاچەی ورمێ نادات لەلێكۆلینەوە زانستییەكاندا سەبارەت بە بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەركەوتوە كە دەبێت ئاوی ئەو دەریاچەیە بگاتە ئاستی هەزار و 274 مەتر بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو لە ساڵێكدا هەیە، بەڵام پڕۆژەكەی ئێستای ئێران تەنها 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە دەریاچەكە. بە پێی دوایین ئامار لە 10 ساڵی رابردوودا بڕی سێ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوای دەریاچەی ورمێ بەهۆی زیادەڕوییەكانەوە كەمی كردوە و تەنها لە ساڵی رابردودا هەزار و 500 كیلۆمەتر لە روبەڕەكەی بە تەواوەتی وشكبوە لە كاتێكدا برێار بوو چوار ملیار دۆلار لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بۆ بوژانەوەی دەریاچەكە تەرخان بكرێت.   بیابانێكی وشك و سوێر دەریاچەی ورمێ كە بە دەریاچەی خوێ ناو دەهێنرێت بە گەورەترین دەریاچەی كوردستان و لە ساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەم دراوە، ئەگەر ئەو دەریاچەیە لە قەیرانی بێ ئاویی رزگاری نەبێت مەترسی رودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە كە ئەوەش بە روداوێكی مەترسیداری ژینگەیی ناودەهێنرێت. روبەری دەریاچی ورمێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 607 كیلۆمەتر دوجا بوە بەڵام ئەمساڵ روبەرەكەی بۆ دوو هەزار و 396 كیلۆمەتر كەمی كردوە. وشكبوونی ئەو دەریاچەیە ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە روبەڕوی وشكەساڵی دەبێتەوە و ساڵی 2015 لە وێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتوە  نزیكەی 88٪ی وشكبوە و ئەمساڵیش بە پێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبوە و دەریاچەكە بوەتە بیابانێك لە خۆڵ و خوێ. دەسەڵاتی ئێران لەساڵی 2012 ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا و بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا قەیرانی وشكبونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. لە سەرەتای بەهاری ساڵی رابردوودا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبوەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ساڵی رابردوی تێداماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیار و 480 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەو بڕە لە ساڵی رابردوودا یەك ملیار و 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆی بگرێت. لە راپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بە پێنج تا 12 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. پێشتر بەڕێوبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمی كردوە و دەریاچەی ورمێ لە هەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبونی لەسەرە. پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی كە پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ، هۆكاری سەرەكی وشكبونی دەریاچەكە بووە  چونكە ئاوی ئەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی نەگونجاو بۆ كشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی پارێزگای تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران بەكار دەهینرێت. ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە ئاوی دەریاچەكەیەتی، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی پارێزگاكە نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت چونكە بە سیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. ئێران و ئاو ئێران كە لە رابردودا دەیانجار بە بیانوی بونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاگر و ئاسن و بەهەموشێوەیەك هێرشی سەربازیی دژی هەرێم ئەنجام داوە دور نییە بە بیانوی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان وشك نەكات بە تایبەت كە پڕۆژەی بەناو بوژانەوەی ورمێ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەكرێت.