سهرکۆ جهمال لەجین هەزلول ئەو کچە چالاکوانەی سعودیە کە بە پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن سزادرا، چەندین تۆمەتیشی ئاڕاستەکراوە، سزادانەکەی کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتووەتەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی گواستنەوەی دۆسیەکەی لەجینی کرد بۆ دادگای تاوانە تایبەتەکان، ئەوەشی بە "دڕندەیی و دووڕوویی" دەسەڵاتدارانی سعودیە ناوبرد. رۆژی دووشەممە دادگایەکی تایبەتی سعودیە بەناوی دادگای تاوانە تایبەتەکان لە ریازی پایتەخت، سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەر ژنە چالاکوانێکی سعودیدا سەپاند، کە بەرگری لە مافی ژنانی سعودی دەکرد. هەرچەندە لەجین لە ساڵی 2018 ەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە دەستگیرکراوە، بەڵام دوێنێ بڕیاری سزادانەکەی لەلایەن ئەو دادگایەوە دەرچوو کە زیاتر تایبەتمەندە بە کاری تیرۆر و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی سعودیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ماوەی راگرتنی سزاکەشی بۆ هەژمار بکرێت. دوو تۆمەتی ترسناک ئاڕاستەی لەجین کراوە "هەوڵی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکی " دوو لەو تاوانانەیە کە لەجینی پێ تۆمەتبارکراوە، وەک هەمیشە چالاکوانانی سعودیە بەتایبەت ئەوانەی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان کاردەکەن یەکێک لەو دوو تۆمەتەیان ئاڕاستەدەکرێت، بەشێوەیەکی گشتیش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تۆماری پێشێلکارییان بەرامبەر مافی مرۆڤ بەردەوام لە هەڵکشاندایە ئەو جۆرە تۆمەتانە ئاڕاستەی چالاکوانانی بوارە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ دەکەنەوە. لەجین کە ئێستا تەمەنی 31 ساڵی تێپەڕاندووە، پێش ئەوەی لە سعودیە رێگە بە ژنان بدرێت شۆفێری بکەن لە 2018 ەوە دەستگیرکراوە، ئەویش ئەو دۆسیەیە کە لەجین و هاورێ چالاکوانەکانی دەیانویست بۆ ژنانی سعودیەی ئازاد بکەن، بەڵام خۆیان بوونە قوربانی لەپێناویدا، هەرچەندە بەرپرسانی سعودیە رەتیدەکەنەوە دۆسیەی گرتنی لەجین پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبێت. "لەزیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە" ئەوەی زیاتر کاردانەوەی ناوخۆی و زیاتریش دەرەکی بۆ دۆسیەکەی لەجین زیادکردووە، ئاشکرابووە کە ئەو کچە چالاکوانە لە زیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بووەتەوە، بەڵام وەک هەمیشە بەرپرسانی سعودیە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە. دۆسیەکەی وڵاتانی دژ بە سعودیە یەکخستووە چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەکەی لەجین پەیوەندی نێوان محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کابینەی نوێدا بەرەو ئاقارێکی باش نەبات، بەوپێیەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سعودیە نزیک بوو بەڵام جۆ بایدن لەگەڵ سعودییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە نێوانی باش نییە. مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی گواستنەوەی دۆسیەکەی لەجینی کرد بۆ دادگای تاوانە تایبەتەکان، ئەوەشی بە "دڕندەیی و دووڕوویی" دەسەڵاتدارانی سعودیە ناوبرد. چاوەڕوانیش دەکرێت بەهۆی فشارە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆسیەی مافی مرۆڤ و تیایدا دۆسیەی لەجین هەزلول لە جنێف رێکبخات. لەجین کێیە؟ لەجین لە خێزانێکی مامناوەند لە ناوچەی قەسیم لە سعودیە لەدایکبووە، کە ناوچەیەکن لەرووی کۆمەڵایەتییەوە پارێزکارن، بەڵام خێزانەکەی ئەو زیاتر کراوە بوون بەوهۆیەشەوە بەشێکی زۆری منداڵی لەجین لە فەڕەنسا بووە، باوکیشی ئەفسەر بووە لە هێزی دەریاوانی سعودیە و پشتیوانی کردووە لەوەی کە کچەکەی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بێت لە سعودیە، بەتایبەت مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ئەوکاتەشی لەجین ئۆتۆمبێلی لێخوڕی باوکی خۆی گرتە ڤیدیۆییەکەی تۆمارکردووە
هاوڵاتى باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٣٠ زرێپۆشی پێشکەش بە سوپای عێراق کردووە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، بەکاردەھێنێت. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئهمڕۆ چوارشهممه، 30 کانونى یهکهمى2020 بڵاویکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پابەندە بە یارمەتیدانی سوپای عێراق لە پاراستنی ئاسایشی بەغدا و بۆ ئەو مەبەستەیش رۆژی دووشەممەی رابردوو، ٣٠ زرێپۆشی پێشکەش بە سوپای عێراق کردووە. ئاماژەی بەوەیشداوە کە سوپای عێراق ئەو زرێپۆشانە لە دەروییەکانیاندا بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، بەکاردەھێنێت. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا باسی لەوەشکردووە، ئەو یارمەتییە بەشێکە لەو پلانە گەورەییەی کە نووسینگەی ھاوکاریی ئەمنی سەر بە سوپای ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن لە فیرقەی کۆماندۆ بۆ پاراستنی ناوەندی شاری بەغدا دایناوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێکەوە کاردەکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش بۆ گەلی عێراق. پێشكهشكردنی ئهو هاوكارییانه له كاتێكدایه، كه لهگهڵ نزیكبوونهوهی یهكهم ساڵیادی كوژرانی قاسم سولهیمانی و ئهبومههدی موههندیس، هۆشداری دهدرێت و بهرپرسانى ئێران بانگهشهى تۆڵهکردنهوه دهکهن.
هاوڵاتى حکومەتی عێراق دەروازەی سەیران بەنی لەنێوان قەزای پێنجوێن و شاری بانەی بەفەرمی ناساند و ئەو دەروازانەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی بانە و مەریوان کەرەستە خۆماڵییەکان و پێداوسییەکانی ناو ماڵ هەناردەی عێراق بکەن که ئهمهش دهبێته زیادبونى قهبارهى ههنارده و هاورده لهنێوان ئێران و عێراقدا. بەهمەن مورادینا، پارێزگاری پارێزگای کوردستان کەدەکەوێتە رۆژئاوای ئێران لەکۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەنجومەنی پلاندانانی پارێزگاکەیدا ئهمڕۆ چوارشهممه، 30 کانونى یهکهمى2020 رایگەیاند " حکومەتی عێراق دەروازەی سەیران بەن-ی بەفەرمی ناساند، ئەو هەنگاوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کەکاریگەری بەرچاوی لەسەر جوڵەی بازرگانی پارێزگاکەمان بەگشتی و شاری بانە بەتایبەتی دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەفتەی داهاتووەوە هەردو دەروازەی "مله خورد سروئاباد" و"خانم شيخان"ـیش لە شاری مەریوان دەکرێنەوە، کردنەوەی ئەو دەروازانەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی بانە و مەریوان کەرەستە خۆماڵییەکان و پێداوسییەکانی ناو ماڵ هەناردەی عێراق بکەن و لەورێگەیەوەش داهاتێک بۆ خۆیان دەسبەردەکەن. سەیران بەن یەكێكە لەمەرزە نیمچە فەرمییەكانی سنوری شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەروازەکە نزیكە 40 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و هەرێمی كوردستان بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، ڕۆژانە كەلوپەلی خۆراك و بیناسازی و كارەبایی و خواردەمەنی لێ هاوردە و هەناردە دەكرێت.
هاوڵاتى کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا چیای گارەیان لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک بۆردومانکرد. ماوهی 15 خولەکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بەسەر چیای گارە دەسوڕێنەوە و دوو جار بۆدومانی گارەیانکردووە و بۆردومانی ئەو ناوچەیە بەردەوامە. ھاوکات دوێنێ چیای شیرین لە سنوری دەڤەری بارزان لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆردومانکرا کە بۆ جاری یەکەمە ئەو دەڤەرە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومان دەکرێت. لهناوهڕاستی مانگی (حوزهیران/6)ی ئهمساڵهوه توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە لەشكركێشییەكی بەرفراوانی لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دەستپێكردووە و بە پێی ئەو زانیارییانەی توركیا بە فەرمی بڵاویكردوونەتەوە، تا ئێستا ژمارەی بنكە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستاندا گەیاندووەتە 37 بنكە و بەردەوامیش ناوچە سنوورییەكان بۆردومان دەكات.
هاوڵاتى ئەندامێکی هاوپەیمانی دهوڵهتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رادهستنهكردنی ههمو سهرچاوهكانی داهاتی حكومهتی ههرێمی كوردستان به حكومهتی فیدراڵ، ڕێگر دهبێت لهوهی له ماوهی ساڵی 2021دا پاره وهربگرێت، بهرپرسیارێتی ئهوهش لهئهستۆی ههرێمی كوردستان دهبێت. مهنسور بعێجی، ئەندامی هاوپەیمانی دهوڵهتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگهیاند، "سهرهڕای سهردانی شاندی كوردی بۆ بهغدا كه یهكهم و دوا شاندی شاند نییه كه دێت، بهڵام دانوستانهكان بهردهوامن لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ، بەڵام حكومهتی كوردستان ئهگهر داهاتهكانی رادهست نهكات، ئهوا هیچ بڕه پارهیهك وهرناگرێت له ساڵی 2021دا، لهو روهشهوه حكومهتی ههرێم بهباشی ئاگاداركراوهتهوه". ئاماژەی بەوەشکرد، "بهههمانشێوهی یاسای كورتهێنانی دارایی، ئهگهر حكومهتی ههرێم داهاتهكانی پێشوهخت رادهست نهكات، لهناو پرۆژهیاسای بودجهی گشتی عێراقدا هیچ بڕه پارهیهك وهرناگرێت". مهنسور بعێجی باسی لەوەشکرد، "دهبێت گهلهكهمان له ههرێمی كوردستان یهك راستی ههیه دهركی پێبكهن، ئهوهی كه بوه هۆی كهمكردنهوهی موچهكانیان حكومهتهكهیانه، كه پابهند نابێت بهیاسا و دهستورهوه و داهاتهكهی ناگهیهنێته حكومهتی فیدڕاڵی، وهك سهرجهم پارێزگاكانی دیكه، لهگهڵئهوهشدا حكومهتی ههرێم نهوت ههنارده دهكات و داهاتی ناوخۆیی و فڕۆكهخانهكان و گومرگهكان دهبات و نازانین بۆ كوێ دهچێت". ئهو پهرلهمانتارهی هاوپەیمانی دهوڵهتی یاسا ئەوەشی خستەڕو، "هیچ رێكهوتنێكی فهرمی لهگهڵ حكومهتی ههرێم تا ئێستا بهشێوهیهكی بونی نییه، شاندهكه نهگهیشتونهته رێككهوتنی كۆتایی لهگهڵ حكومهتی فیدراڵ، چونكه حكومهتی ههرێم پابهند نهبو به بهڵێنهكانی، بۆیه ئهو بهرپرسیارێتی یاسایی و دهستوریشیان دهكهوێته ئهستۆ". ئهمهش لهکاتێکدایه پرۆژه بدوجهى ساڵى 2021ى عێراق نێردراوهته پهرلهمان و وهفدى ههرێمیش بۆ رێککهوتن چهندین جار چونهته بهغدا و بێ هیچ رێککهوتنێک گهڕاونهتهوه.
هاوڵاتى بهڕێوهبهرایهتی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئاماری سزادراوانی ساڵی 2020ی بڵاوكردهوه و رایگهیاند، 345 نهوجهوانی راگیراو و ئهمساڵ بهراورد بهساڵی رابردو، ژمارهی سزادراوان كهمیكردوه. بهڕێوهبهرایهتی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئهمڕۆ،چوار شهممه، 30ى12ى 2020 ئاماری ساڵی 2020ی بڵاوكردهوه و رایگهیاند "345 (سێسهد و چل و پێنج) نهوجهوانی راگیراو و دانراو و سزادراوی ژنیان له ساڵی 2020دا بۆ رهوانهكراوه". له ئامارهکهدا ئهوهش خراوهته روو لهو رێژهیهش 301 (سێسهد و یهك كهسیان) لهرهگهزی نێر بون، 44 (چل و چوار) كهسیشیان لهرهگهزی مێ بون، بهرێژهی 74%ی سزادراوهكان به سزای سوك سزادراون و 26%شیان سزای قورسیان ههیه".
هاوڵاتى پزیشکێکی کوردی پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له لهندهن ڕایگهیاند ھەمو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی له زیادبوندایە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەو شریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندالان دەبێت. دکتۆر عارف گۆران پزیشکێکی کوردی پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له لهندهن بڵاویکردۆتهوه و باس لهوه دهکات"ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی له زیادبوندایە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەو شریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندالان دەبێت، چونکە جۆری یەکەمی ڤایرۆسەکە کەمتر لە منداڵان دەردەکەوێت، هاوکات ھیچ بەڵگەیەک لهبهردهستدا نیە وانیشان بدات ڤایرۆسکە بە ھێزتر بوە. ئەوەشی خستهڕو، کاتێک کە ژمارەی توشبوان زیاتر دەبێت ژمارهی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە زیاتر دەکات، ئێستا لە ھەمو کاتێک زیاتر گرنگی ڤاکسین دەردەکەوێت، تا ئێستا زۆربهی پسپۆرانی بواری ڤاکسین لەو باوەڕەدان، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان لە سەر ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە ھەیە، بەڵام ئەو پرۆسەیە پێویستی بە کاتە تاوهکو ژمارەیهکی بەرچاو لە خەڵک بە ڤاکسین دهکوترێت، بۆ ئەوەی لە رێژەی بڵاوبونەوە و توشبون بەو ڤایرۆسە کەم ببێتهوه، بەوھیوایەن لە چەند مانگی داھاتودا ئەو ڤایرۆسە و رێژەی توشبون رو لە کەمی بکات. ڤایرۆسە نوێکە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا زۆر بەخێرایی بڵاودهبێتهوه، بە تایبەتی لەندەن روبەڕوی دۆخێکی زۆرسهخت بوەتەوە، ئەوەی تا ئێستا دهربارهی دەزانرێت، 80%ی زیاتری توشبوان، بە ھۆی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆناوهیه. دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە ئاگاداریەکدا بۆ کوردانی بریتانیا رایگەیاندوە، "لە ھەفتەی رابردو ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی بریتانیا توشی ئهو پهتایه بون و پەیوەندیم پێوەدەکەن و داوای ئامۆژگاری دهكهن، لای کەس شاراوە نیە ئەو ڤایرۆسە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا زۆر بەخێرایی بڵاودهبێتهوه، بە تایبەتی لەندەن روبەڕوی دۆخێکی زۆرسهخت بوەتەوە". دکتۆر عارف گۆران داوا لە کوردانی بریتانیا دەکات "تا بۆیان دەکرێت لە ماڵەوە دەرنەچن، لە ھەمان کات رۆژانە لانیکەم 10 کاتژمێر لە نەخۆشخانەم".
هاوڵاتى وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن پارەی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا دابین بکەین. رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند: "لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق لە بەغدا گەیشتووینەتە رێککەوتن تاوەکو بتوانین سوود لە سەرچاوە دارایییەکانی ئێران لەو وڵاتە وەربگرین و پارەی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا دابین بکەین." وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، ئەو پارەی غاز و کارەبایە کە عێراق قەرزاری ئێرانە بۆ کڕینی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای ئەوروپا بەکاردێت. ئەردەکانیان باسی لەوەش کرد کە ئێران خاوەنی سەرچاوەی داراییە لە دەرەوەی وڵات، لەوانەش لە عێراق و بە گوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەو سەرچاوە داراییانەی ئێران کە لە عێراقن بۆ ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا بەکاردەهێنرێن. وەزیری وزەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ ئەو هەموو سنووردارکردنانەدا کە هەن، وەزارەتی کارەبای عێراق سەرکەوتوو بووە بەشێك لە داواکارییەکانی کۆمپانیای نەتەوەیی گازی ئێران دابین بکات.
هاوڵاتى هێزهئهمنییهکانى عهین عیسا 28 سیخوڕى دهوڵهتى تورکیان دهستگیرکرد، که له کامپهکانى میتى تورکدا پهروهردهى تایبهتیان بینیوه. ئهمڕۆ سێشهممه 29ى کانونى یهکهمى 2020، به پێى ههواڵێکى ئاژانسى هاوار، هێزه ئهمنییهکانى ههسهده له ناوچهى عهین عیساى سهر به ههرێمى فورات، 28کهسیان دهستگیر کردووه، که یهکێکیان ژنه و کارى سیخوڕییان بۆ دهوڵهتى تورکیا کردووه. ههروهها ئاماژه بهوهکراوه کهئهو گروپه دانیان بهوهدا ناوه کاریان بۆ سوپاى تورکیا و میلیشیاکانى هاوپهیمانى ئهنقهره له سهر خاڵه سهربازییهکان و ناوهندهکانى بهڕێوهبردن کردووه. هاوکات، بهرپرسى تۆڕه سیخوڕییهکه دانى بهوهدا ناوه، که پێش ئهوهى بێنه ناو خاکى باکورى سوریا له چهندین کامپى تایبهتى میتى تورکدا پهروهردهى کارى سیخوڕییان بینیوه. ناوى ئهندامانى گروپهکه وههایه: محمد جاسم حهسون(ئهبو ئهساف)، ئهلموتهسیم بیلا حهمید ئهلهبیب، محمد جاسم یهحسا، ئهحمهد جاسم یهحیا، حهسهن محمد ئیبو، سالح حهسهن عهبدولا، رهشید حسێن شهریف، نهدا مستهفا ئهلئیبۆ، ئیبراهیم رهمهزان خهلهف، عیماد حهسهن عهلى که نازناوهکهى (شهنگالیه) و به رهچهلهک خهڵکى عێراقه، عهبدولعهزیز زێد ئهلسالم که نازناوهکهى (دۆشکهیه)، عهبدول عهزیز عیسا جاسم، عهلى شێخ دعێبس، ئهحمهد عهلى ئهلخدر، مهنسور خهفان ناسراو به (ئهبو دێر)، ئیبراهیم محمد ئهلتهلجى (شێف)، عهبدولموعمین لوێس موسا، زیاد محمد ئهلتهلجی، عهلى حسێن ئهلجاسم، شههود محمد ئهلئهموری، محمد ئهلعیدان ئهحوێدانی، عهبدلمهجید محمد شهاب، عهبدولا سلێمان سلێمان، حسێن محمد رهشید، عهبدولرهزاق عهلى حهمان، خدر نوردین سادق، عیسا عهبدو عیسا و خهلیل زاهر محمد عهلی.
هاوڵاتى ریفراندۆم یان راپرسی کە بەواتای بەشداریی خەڵک بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێکی چارەنووسساز دێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (508) ساڵ پێش میلادو سەردەمی سەرهەڵدانی دیموکراسیی لەیۆنان، ئەمڕۆ بووەتە چەکێکی کاریگەر بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی حزب و لایەن و بەرپرسان و ئەمەش وایکردووە ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتداریی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی خۆیدا چەندجارێک سوود لەڕیفراندۆم وەربگرێت و لەدوایین داواکاریشدا حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکی روون و ئاشکرای کاری حکومەت و پەرلەمان جارێکی دیکە داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی کرد کەکاردانەوەی توندی باڵی محافزکاری لەو وڵاتە لێکەوتەوەو ئەمەیان بەگەمەیەکی رۆحانی بۆ پەردەپۆشکردنی حەوت ساڵی کەموکوڕیی و ناکارامەیی لەئەرکی سەرۆکی حکومەت لەقەڵەمداو بەدوایین کارتی سووتاوی سەرۆک کۆماری ئێران وەسفیان کرد، کە لەڕاستیشدا بەپێی دەستوری ئەو وڵاتە ئەنجامدانی راپرسیی زۆر قورسەو قفڵی لێدراوەو بە تابۆ ناودەهێنرێت و شارەزایانی مێژووی ئێران پێیانوایە ریفراندۆم سەری سەرۆکی حکومەت دەخوات. مێژووی ریفراندۆم و راپرسی لەئێران یەکەم (راپرسیی موسەددیق) لەدەستوری سەردەمی پاشایەتی لەئێران ئاماژە بەڕیفراندۆم نەکراوە، بەڵام لەو سەردەمەدا حکومەتی کاتیی محەمەد موسەددیق، سەرۆک وەزیرانی ئێران خولی (17)یەمی ئەنجومەنی شورای نیشتیمانی (پەرلەمان)ی لەساڵی (1953)هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای ریفراندۆم، محەمەد رەزا پەهلەوی پاشای ئەوکاتی ئێران کودەتایەکی لەدژی موسەددیق بەڕێوەبردو کۆتایی بەحکومەتی موسەددیق هێنا. دوەم (راپرسیی شۆڕشی سپی) محەمەد رەزا پەهلەوی لەساڵی (1962) بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتەکانی پاشایەتیی لەئێران بەرفراوان بکات لەدووتوێی شەش دەسەڵاتی پاشایەتیدا ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی راگەیاند، کە بەشۆڕشی سپی ناوی دەهێنرا، بەڵام ئەم کارەی پەهلەوی بەهۆی دژایەتیی زانا ئاینییەکانی ئەو سەردەمەوەو بەتایبەت روحەڵڵا خەومەینی، ناکۆکیی زۆری لێکەوتەوەو بایکۆت کرا. سێیەم (راپرسیی تەختی پاشەیەتی بۆ کۆماری ئیسلامی) دوای راپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی (1979)و کۆتایی سیستمی پاشایەتیی لەو وڵاتەو هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لەڕێکەوتی (30 و 31)ی ئازاری هەمان ساڵدا ریفراندۆم بەڕێوەچوو، کەدواتر راگەیەنرا (92%)ی خەڵکی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بە سیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان. چوارەم (گۆڕینی دەستوری پاشایەتی بۆ کۆماریی) دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی لەئێران، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراو لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچوونەوە لەساڵی(1980) خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کە دەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە. پێنجەم (راپرسی لەسەر دەستوری کۆماری ئیسلامی) سالی (1989) بەفەرمانی خومەینی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنرا، بەڵام مەرگی خومەینی بووە هۆی دواکەوتنی راپرسیی لەسەر دەستور، دواتر بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی خومەینی، پۆستی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەڕەسمی لەدەستوردا لابراو دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی بەرفراوانتر کران و چاودێریی هەموو سەرۆکایەتییەکانی (حکومەت، پەرلەمان، دادوەریی)، دەستنیشانکردن یان لابردنی فەرماندە سەربازییەکان و تەنانەت دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار کەوتە ژێردەستی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لە رێکەوتی (28)ی تەمموزی (1989) گۆڕانکارییەکان لەدەستوردا لەگەڵ هەڵبژادنەکانی خولی پێنجەمی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە خرایە راپرسی و دەنگدانەوەو عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی بوو بەسەرۆک کۆمارو دەستوری نوێ پەسند کرا. ریفراندۆم بنبەستی کۆماری ئیسلامی لەچوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم جێبەجێ نەکراوە. دوای مەرگی خومەینی (72%)ی ئەنجومەنی دەستەبژێری ئێران (نوخبەگان) دەنگی بە عەلی خامنەیی دا بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی خومەینی، لەکاتێکدا بەپێی دەستوری رابردووی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی مەرجی (مەرجەعیەت)بوونی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە نەبووە، بەڵام دواتر ئەو مەرجە لەدەستوری نوێدا لابراو دوای راپرسی لەسەر دەستوری نوێ جارێکی دیکە لەئەنجومەنی دەستەبژێرانی ئێران دەنگدان بۆ خامنەیی کرایەوە، کە ئەمجارەیان لەکۆی (64) ئەندامی ئەنجومەنەکە (60) کەسیان دەنگیان بەخامنەیی داو ریفراندۆم بووە مایەی خێرو بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو لەئێراندا. بەپێی بڕگەی (177)ی ئەو دەستورەی کەخامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچوونەوەی بوو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقێ) و ئیمامی گشتیی کەخامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت. هەر لەهەمان بڕگەداو لەبەشی کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە سیستمی کۆماریی لەئێران بەپشتبەستن و لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک، دین و ئایین تێیدا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، واتە سیستمی کۆماری ئیسلامیی بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و نابێت بخرێتە دەنگدان یان راپرسییەوە. لەلایەکی دیکەوە ماددەی (59) لەدەستوری کۆماری ئیسلامی ئێراندا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) داوە، لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەڵام رەتکراوەتەوەو حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە پسپۆریی لەدەستوردا هەیە، لەساڵی (2015) تائێستا داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر چەند پرسێک دەکات، بەڵام رەتکراوەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوەو دەستبردن بۆی مەترسیدارە . سەرۆکەکان لەئێران داوای ریفراندۆم دەکەن مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لەساڵی (2010) لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان سەبارەت بەبودجەی ساڵی (2011) ریفراندۆم لەوڵاتەکەی بەڕێوەبچێت، کەپەرلەمانی ئەوکات زۆرینەی لەدەستی ریفۆرمخوازاندا بوو رایانگەیاند؛ حکومەت ناچارە بەجێبەجێکردنی یاسای پەسندکراوی پەرلەمان و پێویستی بە ریفراندۆم و راپرسیی نییەو لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی بووە نێوەندگیر لەنێوان حکومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی راپرسیی نەبێتە چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دو دەزگا سەرەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران. حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە، رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتووەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەڵام (30) ساڵە ریفراندۆم لەئێراندا نەکراوە. رۆحانی لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: (30) ساڵە هیچ گۆڕانکارییەک لە(دەستور)ی ئێراندا نەکراوە، لەو ماوەیەدا هیچ ریفراندۆمێک رووی نەداوە لەکاتێکدا بەپێی هەندێک ماددەو بڕگەی یاسایی ناو دەستور، ناکۆکیی دەزگاو دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک حکومەت و پەرلەمانی ئێران سەبارەت بەپرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوریی دەبێت بە ریفراندۆم و راپرسیی یەکلایی بکرێتەوە، ئەم دواکارییەی رۆحانی دووەم داواکاریی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەوڵاتەکەی. ئەم وتانەی رۆحانی کاردانەوەی توندی زۆربەی کەسایەتیی و بەرپرسانی سەر بەباڵی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوەو موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاردانەوەی داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم رایگەیاند؛ باسکردنی ریفراندۆم ئەدرەسێکی ناڕاستەو جۆرێکە لەلادان، ئەو وتی: لەدەستدانی هەلەکان وهەڵسوکەوتەکانی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماریی بەڕیفراندۆم قەرەبوو ناکرێتەوە. بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە هەندێک سەرچاوەی نزیک لە حەسەن رۆحانی ئاشکرایان کردووە کە ئەو حەوت ساڵە پێشنیاری ریفراندۆم و راپرسیی لەدەستوری ئێراندا کردووە و داواکارییەکەی لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی پەرلەمانی ئێران و حکومەت سەبارەت بە بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران وایکردووە رۆحانی پیداگریی لەئەنجامدانی ریفراندۆم بکات. رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە زمانحاڵی سەرۆک کۆمارەو نزیکە لە ریفرۆرمخوزانەوە بەناونیشانی (پەرلەمان سەرۆک کۆماری تەشریفاتیی دەوێت) نووسیویەتی: هەوڵ و پلانەکانی ئەم ماوەیەی پەرلەمانی ئێران بۆ گۆڕانکاریی لەیاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو، چونکە تەمەنی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە (45) ساڵەوە بۆ (40) ساڵ کەم کراوەتەوەو فەرماندە سەربازییەکانیش تا شەش مانگ دوای خۆ کاندیدکردنیان، پێویستیان بەدەستلەکارکێشانەوە لەپۆستەکەیان نییە و هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بە نامەو فەرمان کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکات کە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە پێچەوانەی یاساکانی رابردووەو پێدەچێت پەرلەمان مەبەستی لەم کارەی سەپاندنی سیستمی حوکمڕانیی پەرلەمانی بەسەر وڵاتەکەدا بێت، چونکە بەو رێوشوێنە نوێیانە بازنەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەئێران بچووکتر کردووەتەوە. ریفراندۆم مۆتەکەی محافزکاران بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە، بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سەر بەباڵی محافزکار کاردانەوەی توندیان دەبێت و وەک مۆتەکەیەک بۆ دەسەڵاتەکانیان لێی دەڕوانن. رۆژنامەی (شەرق) نیمچە ئەهلی و نزیک لەڕیفۆرمخوازان؛ بەناونیشانی (بۆچی محافزکاران بەناوی ریفراندوم روویان ترش دەکەن؟) نووسیویەتی: هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت لەئێران، محافزکاران هەڵوێستی توند لەدژی ئەو پڕۆسەیە دەردەبڕن و دەڵێن کێشەی خەڵک بژێوییە نەوەک ریفراندۆم.. لەدوایین پێشهاتیشتدا کە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران باسی ریفراندۆمی سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی کرد، زۆربەی رۆژنامە و میدیاکانی سەر بەمحافزکاران رەخنەیان لێگرت و هاوکات بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی رەخنەیان لەپرسی ریفراندۆم گرت و دژی وەستانەوە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوری ئێران، ئەنجومەنی چاودێریی بۆی نییە دەستوەردان لەپرسی ریفراندۆم یان راپرسیی لەوڵاتەکەدا بکات و تەنها ئەرکی چاودێریی پڕۆسەکەیە و لەلایەکی دیکەشەوە موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی رەخنەی لەشێوازی ماوەی سەرۆک کۆماریی حەسەن رۆحانی گرت بەهۆی وروژاندنی پرسی ریفراندۆم، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم رەخنەگرانی پرسی ریفراندۆم لە ئێران سەر بەمحافزکارانن و بەبیستنی ناوی ریفراندوم کاردانەوەی توندیان هەیە. هەر لەدرێژەی کاردانەوەی بەداوای رۆحانی بۆ ریفراندۆم، ژمارەیەک حزبی سەر بەمحافزکاران لەچەند راگەیەنراوێکدا داوایان کردووە بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی ئەرک و کارەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا، حەسەن رۆحانی بە مەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و ناچار بکرێت دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە بەوتەی ئەوان رۆحانی هۆکاری سەرەکیی قەیرانە دارییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە لە چوار هەزارو (200) تمەنەوە بۆ (35) هەزار تمەن، راگەیەنراوەکانی ئەو حزبانە لە کاتێکدایە کەتەمەنی کابینەکەی رۆحانی ماوەی پێنج مانگی ماوە. ریفراندۆم سەری رۆحانی دەخوات! شارەزایانی سیاسەت و مێژوو لەئێران داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم بەهاوشێوەی ریفراندۆمی موسەددیق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی خولی (17)یەمی سەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن ئەو کارەی موسەددیق لەساڵی (1953) بووە هۆی ئەوەی محەمەد رەزا پەهلەوی کودەتا لەحکومەتەکەی موسەددیق بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیە دوور نییە ئەم داواکارییەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم ئەویش تووشی هەمان چارەنووسی موسەددیق بکات و سەری سەرۆک کۆماری بخوات!.
هاوڵاتى بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی کرێنشینان ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 هەزار كرێنیشین بوونیان هەیە، 396 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ چینی هەژاران و كەمدەرامەتانی هەولێر لە قۆناغی تەواوبووندایە. مەحمود ئیسماعیل مەحمود سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەکە ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 هەزار كرێنیشین بوونیان هەیە و لەو ژمارەیەشدا 23 هەزار كرێنشین لە سنووری پارێزگای هەولێرن. وتیشی: لە ئێستادا 396 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ چینی هەژاران و كەمدەرامەتانی هەولێر لە قۆناغی تەواوبووندایە، بەڵام لە كۆی 23 هەزار كرێنشین و 396 یەكەی نیشتەجێبوون هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، بۆیە پێویستە ئاوڕی زیاتر لە كرێنشینان و كەم دەرامەتان بدرێتەوە . سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان ئەوەشی خستە روو" بەهۆی ئەو بەرز و نزمیەی لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە دروست بووە دۆخی كرێشنینان زۆر خراپ بووە، داواكارین لە خێرخوازان هاوكاری كرێنشینان بکەن" . كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە كرێنشینان 2004 دامەزراوە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستا ئەو كۆمەڵەیە زیاتر لە 90 هەزار ئەندامی هەیە.
هاوڵاتى پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای دۆخی سەختی تەندروستی و دارایی لەساڵی 2020دا سەرجەم لایەنەکان بەهاوبەشی توانیان بەسەر ئاستەنگییەکاندا زاڵ بن و لەئێستادا دۆخی کۆرۆنا بەراورد بەچەند مانگی رابردو لەئاستێکی باشدایە هاوكات قائیمقامییەتی سلێمانیش رایگەیاند 1053 شوێنیش داخراون. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی له کۆنگرهیهکى ڕۆژنامهوانیدا رایگەیاند" سوپاسی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی دەکەن کەلەماوەی ساڵی 2020دا کارەکانیان بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵی هاوڵاتیان چڕکردوەتەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا بەهاوکاری هاوڵاتیان وکەرتی تایبەت رێگری کراوە لەوەی ژمارەیەک کەرت وبواری خزمەتگوزاری لەشاری سلێمانی دابخرێن. پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها سوپاسی رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن، هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەن کە بەدرێژایی ئەو ساڵە توانیان بەهاوبەشی کاربکەن بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خەڵک و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بەجۆرێک ئێستا "ئەوەی لێرە دەکرێت لەشوێنەکانی دیکە دوبارە دەکرێتەوە". هاوكات قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لەساڵی 2020دا سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بەهۆی کەرەنتینەوە دوکان و بازارەکان داخرابوون، بەڵام لیژنەکانیان بەردەوامبون لەسەر کارەکانیان و لەوماوەیەدا 66 هەزار و 751 شوێن بەسەرکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش 5 هەزار و 763 سەرپێچی تۆمارکراون و 1053 شوێنیش داخراون.
هاوڵاتى حكومەتی عیراق ڕایگهیاند وەفدی هەرێمی كوردستان بەیاسای قەرز رازی بوون و ئهمڕۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عیراق و لە مانگەكانی داهاتووشدا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواناكەوێت. حەسەن نازم وتەبێژی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: ئهمڕۆ 29ی 12ی 2020 پرۆژە یاسای بودجەی 2021 عیراق دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران. لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە لەساڵی داهاتوودا، وتی: لە مانگەكانی داهاتوودا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواناكەوێت. وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە وەفدی هەرێم بەیاسای قەرز رازی بوون، رایگەیاند: گفتوگۆكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی2021 بەردەوامەو وەفدی هەرێمی كوردستان بەیاسای قەرز رازی بوون. هەر ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە کە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندووە وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەنجوومەنی نوێنەران وەرزی یەکەم لە سێیەم ساڵی یاسادانان بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ دەکاتەوە، ئەوەش بۆ تەواوکردنی چەند یاسایەک لەنێویاندا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 کە ئەمڕۆ گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران". وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتوشیهتى" پرۆژەیاساکە لەسەر بنەمای دیدگەیەکی چاکسازی داڕێژراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی پێشکێشکراوە و کاریش لەسەر کاراکردنی کەرتی تایبەت دەکات". ئەوە لەکاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراقیش نرخی 100 دۆلاری بە 145 هەزار دینار بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ هاووڵاتییانیش بە 147 هەزار دینار جێگیرکردوو ئهمر|ِۆش نرخى 100دۆلارى ئهمریکى بۆ 143ههزار دینار دابهزاند.
هاوڵاتى لەسەروبەندی یەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی- فەرماندەی پیشووی فەیلەقی قودس- لەلایەن ئەمریکاوە، تا دێت گرژییەکانی واشنتن و تاران پەرەدەستێنێت، هەر لایەکیش هەڕەشە لەوی تر دەکات و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لەعێراق کەوتووەتە بەر هەڕەشەیەکی جددی، دوای ئەوەی ئێران چەندین مووشەکی رەوانەی عێراق کردووە بۆ تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی. لەنوێترین پێشهاتدا، ئێران چەندین موشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی عێراق کردووەو لەدامەزراوەو بنکەی سەربازیی گروپە چەکدارییەکانی عێراق هەڵیگرتووە. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەلقەبەسی کوەیتی، کە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە باسی دەکات، داغڵکردنی ئەو موشەک و کەلوپەلە سەربازییانە بۆ ئەوەیە لەچەند ئامانجێک بدرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا، یاخود دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆفیسی سەرۆکایەتی بەجێدەهێڵێت لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمریکاو ئیسرائیل چەند هەفتەیەکە نیگەرانن لەجموجوڵەکانی ئێران و رایانگەیاندووە ئێران رەنگە بەنیازی هێرشی تۆڵەکردنەوە بێت لەیەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی کە لەلایەن فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە لەفرۆکەخانەی بەغداد بەئامانج گیرا لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠. گرژییەکانی واشنتن و تاران لەهەفتەی رابردووەوە قوڵتربووەوە، کاتێک کۆمەڵە موشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد کراو بووەهۆی زیانێکی زۆری ماددی بەهاووڵاتیان و زیانێکی کەمی ماددی بەباڵیۆزخانەکە گەیاند، جگە لەبرینداربوونی سەربازێکی عێراقی. بەپێی هەڵسەنگاندنی شانەی ئەمنی عێراق موشەکەکان هەشت موشەک بوون کەئاراستەی ناوچەی سەوز کراون، بەڵام لەهەڵسەنگاندنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا موشەکەکان ژمارەیان (٢١) موشەک بووە، کە ئەمەش گەورەترین هێرشە کرابێتەسەر باڵیۆزخانەکە لە (١٠) ساڵی رابردوودا. بەپێی وتەی جەنەراڵ کێنز مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کە بۆ واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی قسەی کردووە، ئەم هێرشە گەورەترین هێرش بووە کەکرابێتە سەر باڵیۆزخانەکە لەساڵی ٢٠١٠ەوە. هەواڵی بڵاوبوونەوەی ناردنی موشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ عێراق، دوای ئەوەدێت کە هەینی رابردوو محەمەد حیجازی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دا. لەکۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا حیجازی باسی لەهێرشە موشەکییەکانی سەرەتای ئەمساڵ کرد لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد کەهێرشێکی تۆڵکردنەوە بوو بۆ لەدەستدانی سولەیمانی و رایگەیاند ئەوە تەنها «زللەیەک»ی ئێران بوو لەئەمریکا. حیجازی وتیشی، «ئێمە دوو زللەی تریش دەدەین لەئەمریکا» بەڵام «تۆڵە بەهێزەکە» لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت. لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەتویتێکدا رایگەیاند، «ئەوانەی فەرمانی کوشتنی جەنەڕاڵ سولەیمانییان دەرکردو ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامدا دەبێت سزابدرێن، بەدڵنیاییەوە تۆڵە لەکاتی گونجاوی خۆیدا روودەدات». هەر زوو هێرشە موشەکییەکانی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد خرایە ئەستۆی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە. ترەمپ لەتویتێکدا کەوێنەی چەند موشەکێکی ئێرانی دانابوو رایگەیاند، «دەنگۆی ئەوە دەبیستین کەهێرشی زیاتر بەڕێوەیە بۆ سەر ئەمریکییەکان لەعێراق... ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ ئێران: ئەگەر یەک ئەمریکی بکوژرێت، ئەوا من ئێران بەبەرپرسیار دادەنێم». لەچەند هەفتەی رابردووشدا ژێردەریایی ئەمریکی و ئیسرائیلی بینراون لەکەنداوو مانگی رابردووش ئەمریکا فرۆکەی جەنگی زەبەلاحی بی-٥٢ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە کەگورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت ئەگەر بیر لەتۆڵەکردنەوەی سولەیمانی بکاتەوە. ئەڤیڤ کۆڤەچی، بەرپرسی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، لەچەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، «ئێمە زیاترو زیاتر دەبیستین لەبارەی هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل لەئێرانەوە. ئەگەر ئێران و هاوبەشەکانی.. هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل ئەوا باجێکی زۆر قورس دەدەن». لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کرد لەبەغداد ئەگەر عێراق هێرشەکانی میلیشیاکانی ئێران نەوەستێنێت بۆ سەر ناوچەی سەوز. هەرچەندە هێرشەکان بۆ ماوەیەک وەستان دوای ئەوەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمریکای کردو رایگەیاند داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا داڕمانی «سیاسی و ئابوریی» دروستدەکات لەعێراقدا. هێرشە موشەکییەکەی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووبارە نیگەرانی دروستکردووە لای بەرپرسانی ئەمریکا کەحکومەتی عێراقی دەسەڵاتی بەسەر میلیشیاکاندا نییە. تەنانەت ئەگەری شەڕی ناوخۆش لەئارادایە دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی عەسائیبی ئەهلی حەق لەگرتە ڤیدیۆیەکدا رایانگەیاند: ئێمە عەسائیبی ئەهلی حەقین، بەچەکی خۆمان شەڕی ئەمریکای داگیرکەرمان کردووەو تاوەکو ئێستاش لەبەرامبەر بەکرێگیراوانی ئەمریکا چالاکین، دەستبردن بۆ هەر موجاهیدێک دەستبردنە بۆ ئێمە، بە بەڕێز قەیس خەزعەلی دەڵێین ئێمە چاوەڕێی ئاماژەیەکین». ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کەهیزە ئەمنییەکانی عێراق پێنج کەسیان لەگروپەکە دەستیگرکرد کە تۆمەتباربوون بەئەنجامدانی هێرشە موشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوز لەیەکشەممەی رابردوودا. دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەو هاتنە سەر شەقامی چەند چەکدارێکی گروپەکە، مستەفا کازمی وەک دڵنیاییەک بۆ رەواندنەوەی ترسی خەڵک بەئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەی خۆی لەگەڵ ھێزێکی ئەمنی چووە سەر شەقامەکانی بەغدادو رایگەیاند بۆ رووبەڕوونەوەی یەکلاکەرەوە ئامادەن. لەهەفتەی رابردوودا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لەسەردانێکی نهێنیدا گەیشتە بەغدادی پایتەخت و راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقی کۆبووەتەوە. ئەسیل ئەلنوجەیفی، سیاسەتمەداری عێراقی و پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، رایگەیاند کە قائانی لەسەردانەکەیدا بۆ بەغداد گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی عێراقی هەڵکردووە تاهەموو ئەو گروپە چەکدارانە سەرکوت بکات، کە نابەرپرسیارانە هەوڵسوکەوت دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان هەبووە لەهێرشەکەی ٢٠ی ئەم مانگەدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا. شەفەق نیوزی عێراقیش بڵاویکردەوە کە قائانی لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبووەتەوەو ئێرانی بێبەری کردووە لەهێرشە موشەکییەکان. بەڵام لەلایەکی ترەوە ماڵپەری ئەلحورەی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە قائانی لەگەڵ چوار بەرپرسی گروپە چەکدارییەکان کۆبووەتەوەو پێی راگەیاندوون لەئامادەباشیدابن بۆ هێرشی ئەمریکا. بەپێی وتەی سەرچاوەکان، قائانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی سەرۆکی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەحمەد حەمداوی فەرماندەی کەتیبەکانی حزبوڵا، ئەکرم کەعبی سەرۆکی گروپی حزبوڵای نوجەبا، هەروەها شبل زەیدی سەرۆکی گروپی ئیمام عەلی کۆبووەتەوەو پێی وتوون «لەئامادەباشیدا بن بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکاو ئەگەر ئەمریکا هێرشی کردەسەر ئێران ئەوا دەبێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق بکەنە ئامانج».
هاوڵاتى وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رِایگەیاند، هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێتە بڕیاری کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕوووبوونەوەی کۆرۆنا، "ئەگەر پێویست بەوە بکات دۆخەکە درێژتربکرێتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە هێشتا قوتابخانەکان نەکرێنەوە، بەتایبەت ئێستا ئێمە لە حاڵەتی چاودێریکردنی جۆرێکی دیکەی کۆرۆناین کە تاوەکو چەند بۆ ناوەندەکانی خوێندن کاریگەریی هەیە." ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئمرۆ سێ شهممه، 29ى کانونى یهکهمى2020 لە هەڵەبجە له کۆنگرهیهکى ڕۆژنامهوانیدا رایگهیاند"رۆژی 1-11 بڕیاری داخستنی ناوەندەکانی خوێندن درا و تاوەکو ئێستاش تووشبووی کۆرۆنا هەیە، لەبەرئەوە بەبێ قسەی وەزارەتی تەندروستی جارێ ناتوانین بڕیار لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان بدەین. وەزارەتی تەندروستیش خۆی هەڵسەنگاندنەکان دەداتە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دواتر بڕیار لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدات." وتیشى" "ئەگەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بڕیاری درا کە دەرگای قوتابخانەکان بەشێوەی قۆناخ قۆناخ و بەشێوەی تەناوب بکرێتەوە ئەوا دەستپێدەکەین، ئەگەر بڕیاری دواخستنیش درا بەرنامەی خۆمان دادەڕێژینەوە. ئهمهش لهکاتێکدایه، له دواى بڵاوبنهوهى ڤایرۆسى کۆرۆنا لهههرێمى کوردستان بۆ رێگرتن لهتهشهنهکردنى بارودۆخهکه دهرگاى قوتابخانهکان داخراون.