هاوڵاتی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە کامیاران کوژرا لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردوی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان و کامیاران و سنە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و چوار کەس کوژران. سەرچاوەکانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ لە کامیاران گەنجێک بە ناوی فواد محەمەدی تەمەن 38 ساڵ کە باوکی دو منداڵ بوە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و لاوێکی ئەو شارەش بەوهۆی ئەوەی گولـلـە بەر ملی کەوتوە گیانی لەدەستداوە. هەر لە شاری کامیاران لانیکەم 50 کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان برینداربون. لە شاری سنە دو گەنج بە ناوەکانی عیسا بیگلەری و زانیار ئەڵڵامورادی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار کراون و دواتر لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە شاری کامیاران ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. شەوی رابردو لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێزە ئەمنییەکانی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەوەش کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

هاوڵاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە مانگی سێیەم و زیاتر لە 60 رۆژە مانگرتن و خۆپیشاندان لە شەقامەکان و ناڕەزایەتیی و گردبونەوە لە زانکۆ و خوێندگاکان بەردەوامە و رۆژی سێشەممەش زۆربەی شاروشارۆچکەکان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان مانیان گرت و بە شەویش شەقام و کۆڵانەکان بوە شوێنی سەرهەڵدانی گەنجان. رۆژی سێشەممە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی ئێران رۆژێکی سەختیان بەڕێکرد و شەویش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی و خۆپیشاندانی گەنجان لە کۆڵان و شەقامەکان بواری پشودانیان بۆ نەمایەوە چونکە لە دەیان شار و شارۆچکە و سەرتاسەری ئەو وڵاتە یادی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 کرایەوە کە با (ئابان 98) ناودەهێنرێت و زیاتر لە هەزار و 500 کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ دومانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتییەکانیش لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. هەر بۆ یادکردنەوەی کوژراوانی ئەو خۆپیشاندانانە و ناڕەزایەتییەکانی دو مانگی رابردو و ناڕەزایەتییەکانی ئابان لە زانکۆکانی تاران و رمێ و کرماشان و سنە و شیراز و تەبرێز و چەند شارێکی دیکەش مانگرتن و گردبونەوە بەڕێوچو. خوێندکارانی زۆربەی زانکۆکانی ئێران هۆڵەکانی خوێندنیان بایکۆت کرد و بە دروشم و گردبونە بەردەوامبون لە دربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی سێشەممە لە سەقز و سنە ، کامیاران و دێولان، مەهاباد و بۆکان و بانە ، دیواندەرە و دێولان و دەیان شاری دیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەمیان دوکان و بازاڕەکانیان بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتیی نەکردەوە. بە گشتی لە دو مانگی ناڕازەیەتییاندا زیاتر لە 12 جار مانگرتنی سەرتاسەریی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچوە. هاوشان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارە گەورەکانی ئەهواز و بەندەرعەباس و تاران و ئەسفەهان و شیراز و تەبرێز و دەیان شاری دیکە، دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە و ئەوەش گەورەترین مانگرتنی سەرتاسەرییە کە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و کاسبکاران بەشدارییان تێدا کرد. شەوی سێشەممە گەنجانی شارەکانی ئیلام و کرماشان و کامیارن و سنە و قوروە و بۆکان و مەهاباد و جوارنڕۆ و روانسەر و پاوە ورمێ و بانە و دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان ئاگریان کردەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروشمەکان دژی بەکرێگیراوانی خۆجێی دەسەڵات (جاش) بون و هاوکات دروشمی ژن ژیان ئازادی و ژیان و کار و ئازادی وترانەوە. لە شێراز کچان و خوێندکاران لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و شۆفێرانیش بە هۆڕنی بەردەوام پشتیوانیان لە ناڕەزایەتییەکان کرد. لە زۆربەی شەقامە سەرکییەکان زۆربەی ناوچەکانی تاران تا درەنگانی شەو ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە پارێزگای مەرکەزی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە لایەن گەنجانەوە سوتێنرا. لە شارەکانی بابۆل و لاهیجان و گولسار و رەشت لە باکوری ئێران خۆپیشاندان تا کاتژمێرەکانی شەو بەردەوام بو. لە شارەکانی هەمەدان و بجنورد و مەشهەد شەقامەکان شەوێکی قەرەباڵخیان تێپەڕاند و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رویدا. ئەهواز و بەندەرعەباس و دەیان شاری عەرەب نشینی باشوری ئێران خۆپیشاندانیان کرد. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کورستان بڵاویان کردوەتەوە لە 60 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 64 کەس کوژراون . هاوکات ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە بە گشتی لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا 344 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی 140 شار و شارۆچکەی ئێران کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.

هاوڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەست و راسپاردنی 12 راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی  هەڵوەشاندەوە.  بەپێی نووسراوێک کە رۆژی 14-11-2022 لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە، لەسەر بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، گرێبەستی کارەکانی ئەم ناوانەی خوارەوە وەک راوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆتاییهاتووە کە بریتین لە:   1- حەسەن سەوادی ئەبوو تەبیخ 2- سەفا سەباح ناسر 3- عەبدولحەلیم جەواد کازم 4- مونقیز محەممەد مەحموود 5- حەیدەر فازڵ مستەفا 6- تاڵیب جەبار مەتەر 7- هەیسەم مەجید محەممەد عەلی 8- عەبدولحوسێن هەنین عەباس ( لەسەر داواکاریی خۆی) 9- عەلی بەدر حوسێن 10- رەشید ئەحمەد رەشید 11- د. هەیسەم رەمەزان عەبد عەلی 12- محەممەد عەبدولسادە قەبتان ئەمەشلەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 01-11-2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاردرا سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەسەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی دەرکرابوون.

هاوڵاتی هەپەگە ئاماری شەڕی ٧ مانگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ٢ هەزار و  ٥٥٣ چالاکی گەریلاکاندا ٢ هەزار و ٥٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١١ هەلیکۆپتەریش خراونەتە خوارەوە و ٢ تانکیش تێکشکێنران. داگیرکەرانیش ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی هێرشیان کردووە و ١٧٤ گەریلا شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماری ٧ مانگی شەڕی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس و شەهید ساواش مەرەش لە جەنگی خابوور دا لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پارتیمان پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ١٩٧٨دا دامەزراوە و گەلەکەمانی لەسەر لێواری پاکتاوکردن و سڕینەوەوە هێنایە سەر هێڵی بەرخۆدان و سەرکەوتن، ئەمڕۆ بووەتە هیوای ئازادیی گەلانی چەوساوە، ژنان و گەنجان. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی لە کوردستان، کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە لۆکاڵی و ناوچییەکانی پاکتاوکاری و داگیرکەری بە گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ڕووبەڕووی قورسترین و بەربڵاوترین هێرشی مێژوو دەبێتەوە. هێزە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت  لە کەسایەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە تەواوی هیوای ئازادیی گەلان لەناو ببەن، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سیاسی و سەربازیی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە دەکەن. دەوڵەتی تورکی فاشیست پشت بە پێشکەوتووترین تەکنیکی ناتۆ دەبەستێت و بە هەموو شێوازەکانی شەڕی پیس هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی گەلەکەمان. سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی، کە بۆی ڕەخسێنراون نەیتوانی لە بەرامبەر ئیرادەی ئاپۆیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا ئەنجام بەدەست بهێنێت. هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ماوەی ٧ مانگی تێپەڕاند. لەم ماوەی ئەم ٧ مانگەی شەڕی قورسدا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، ئەو قارەمانیانەی، کە ئافرێنران، هێڵی بەرخۆدان و شێوازی شەڕی فیدایی جارێکی دیکە بە ڕوونی دەریانخست، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکناشکێن. هێزی ستراتیژی ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، کە بە پێی هەلومەرجی سەردەمی نوێ جێبەجێ دەکرد، شێوازی شەڕی تیمە، کە پشت بەستووە بە بنەمای شەڕی تونێل و گۆڕەپانەکان و ئەوەش بە شێوەیەکی لێزانانە و شارەزایانە جێبەجێ دەکەن، ئەنجامەکانیش دەریدەخەن، کە لەسەر هێڵی سەرکەوتن بەرەو پێش دەڕۆن. داگیرکەران هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان بەکارهێنا سوپای تورکی داگیرکەر، کە بەرامبەر بە ئیرادەی بەهێزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێچارە بووە، بە فڕۆکەی جەنگی،  هەلیکۆپتەری هێرشبەر، تانک و تۆپی جۆری ئۆبوس و هاوەن هەزاران جار بۆردومانی ناوچەکانی بەرخۆدانی هێزەکانمانیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادە و ڕۆحیەتێکی فیدایی بست بە بست خاکی کوردستان دەپارێزن. سوپای تورک، کە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکان پێشڕەوی بکات، جارێکی تر ڕووی پیسی خۆی نیشاندا و هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی لەسەر تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا. سەرەڕای ئەو هێرشانەی سوپای تورکی داگیرکەر، کە بە بەرچاوی جیهانەوە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، هێزەکانمان سەختترین هەلومەرجدا بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدان دەکەن. گەریلاکانی ئازادیمان، کە خۆیان بە فەلسەفەی ئاپۆیی ڕازاندووەتەوە و بە شێوەیەکی فیدایی شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن، وەک هێزی سەرەکیی خۆپاراستنی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن و بە هەموو شێوەیەک قوربانی دەدەن و بەرخودانێکی شکۆمەدانە نیشان دەدەن، کە بەرخوددانێک لەم ئاستەدا لە مێژوودا نەبینراوە. گەریلاکانی ئازادیمان گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن گەریلاکانی ئازادیمان لەسەر هێڵی فیدایی هەڤاڵانمان سارا تۆڵهەڵدان گۆیی و ڕووکەن زەلال بەرەوپێش دەڕۆن، لە باکورەوە بۆ باشور لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانەکاندا درێژە بە بەرخودانی نەپساو و بێ ڕاوەستانی خۆیان دەدەن و گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن. هێزەکانمان بە چالاکیی بۆسەدانان، دزەکردنە ناو دوژمن، هێرش، تەقاندنەوە، نیشانەشکێنی، بە چەکی قورس  و بە چالاکیی گەریلایی هەماهەنگ و چالاکی شۆڕشگێڕی بە ڕۆحی بەرخۆدان و بوێرییەکی بەرز، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. هێزەکانمان تاکتیکی گەریلاکانی سەردەمی نوێ بەکاردەهێنن و ئاستی کارامەیی خۆیان لە شەڕدا بە ڕوونی دەردەخەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ناوچەکانی بەرخۆداندا گورزی قورس لە داگیرکەران دەدەن و چالاکیەکانیان تۆمار دەکەن و وەک بەڵگە  پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەن. ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانێت بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان دا بەرگە بگرێت لە ڕێگەی میدیاکانی خۆی بۆ جەنگی تایبەت هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت تاوانەکانی شەڕ و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بشارێتەوە. ئەو سەربازانەی، کە لە ژیر فەرماندەیی خولوسی ئاکاردا تەرمی سەربازەکانی خۆیان لە مەیدانی جەنگ دا بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست گەریلاکان، لەسەر بەردە بەرز و گابەرد و کەندەڵانەکانەوە هەڵیاندەدەنە خوارەوە، بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر هێرشیان دەکەنە سەر و دەیانسوتێن و بەوە هەوڵ دەدات لەناویان ببات. ئەمەش دەریدەخات، کە چەندە لە سەرەتاییترین بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان دوورن.  زانیاری روون لەبارەی ناسنامە و بەڵگەنامەکانی تەرمی سەربازان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندان زۆرجار بۆ رای گشتی ئاشکرا کران. جارێکیتر ئەوە سەلمێنراوە کە وەزیری شەڕی تایبەت خولوسی ئاکار ئەو سەربازانە بەرەو شەڕی قورس لە کوردستان دەنێرێت، لە هەمان کاتدا ئاکار خاوەنداری لەسەربازە کوژراو و زیندووەکان ناکات، بەوەشەوە ناوەستێت و بڕیار دەدات کە تەرمی کوژراوەکان لەناوببرێن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە پڕپڕبووە لە تاوان و کەوتووەتە تەنگەژەوە و لەبەر ئەوەشە فاشیستانەترین گوشار بەکاردەهێنێت و هەوڵ دەدات لە تورکیا کەسانی دژی ئەم شەڕەش بێدەنگ بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و مێژوودا دادگایی دەکرێن. لە شەری ئەم حەوت مانگەدا سوپای تورکی داگیرکەر ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتەسەر تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و تاوانی شەڕی کردووە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گشتی ٢٥٥٣ چالاکییان ئەنجامداوە و گورزی دژواریان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاندووە. لە ئەنجامی چالاکی بەهێزی گەریلاکان کە تاکتیکی دەوڵەمەندی گەریلا پێکەوە بەکاردەهێنن، ٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون و ٣٦٦ داگیرکەریش برینداربوون. گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە لەبەرامبەر هێرشە پاکتاوکارییەکان لەسەر گەلەکەمان بە گیانێکی لەخۆبوردووانە و هەوڵدانێکی گەورەوە شەڕ دەکەن، لەسەر هێڵی شەهیدان سەرفرازییان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج و درێژە بە پارێزگاری لە گەلەکەمان و خاکی پیرۆزی کوردستان دەدەن. لە شەڕی ٧ مانگدا ١٧٤ هەڤاڵمان لە بەرەکانی پێشی پێشەوەی شکۆمەندانە ترین بەرخودانی مێژوو بەشدارییان کردووە، گورزی قورسیان لە داگیرکەران داوە، تا کۆتا هەناسەیان بە گیانبازی شەڕیان کردووە و شەهید بوون. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانمان باگەر، هێرش، بڵند، رێڤان، جوانا، سیپان، باز، نوری، مزگین، رۆهات، شارستان، ماهیر، ئاڤزەم، دۆغان، نالین، گوڤەن، زەمانی، رۆناهی، هەڵبەست، فەدایی، سیابەند، بەرفین، مێردین و لەم دواییەشدا ١٧ هاوڕێ کە بە هێرشی کیمیایی شەهید بوون، ئێمە هەموو ئەو شەهیدانەمان کە داستانی قارەمانێتییان نوسیوەتەوە بە رێز و پێزانین بە بیردەهێنینەوە. بەڵێن دەدەین لە سەر بنەمای هێڵی شەهیدان بەرخودان گەورە بکەین و یادی شەهیدانمان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئاماری شەڕی حەوت مانگ ئاماری شەڕی حەوت مانگ لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بەم جۆرەیە: ئەو چالاکیانەی کە هێزەکانمان ئەنجامیانداون: -بەشێوەی بۆسەنانەوە، چونەسەر، سابوتاژ، نیشانشکێنی، چەکی قورس، شەڕ، لێدان، چالاکی رێکخراوی گەریلا، هێزی پاراستنی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە زۆر شێوە و رێباز ٢٥٥٣ چالاکی کراون. لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا: -٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون کە ١٢یان کۆنترا، ١٨یان پلەی سەربازی بەرزیان هەبووە. -٣٦٦ داگیرکەر برینداربوون. ئەوەندەی بۆ هێزەکانمان دەستنیشان کراوە، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا؛ -٣٦٩٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کراوە. -٤٨٨٦ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان ئەنجامدراوە. - سەنگەر و تونێلەکانی شەڕی هێزەکانمان ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو لە ئاستی نێونەتەوەیی (بۆمبی فۆسفۆڕ، بۆمبی تەرمۆباریک، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی) و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. ئەو چەک و کەرستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە: -١٠ چەکی ئێم پی تی-٥٥ -٤ چەکی ئەی کەی – ٤٧ -٣ چەکی جی-٣ -٣ چەکی بۆمبهاوێژ -٢ چەکی ئێم – ١٦ -٢ چەکی ئێچ کەی -٤١٦ -چەکێکی بی کەی سی - چەکێکی بی-٧ چەکێکی ئێم پی تی- ٦٦ -٤ دەمانچە - ٤ فیشەکی بۆمبهاوێژ - ٨٤٨ فیشەکی ئێم -١٦ و بی کەی سی -١٨ نارنجۆک و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دوکەڵ -٤ هێلەکی هێرشبردن (پۆڵا) -٤ قەڵغانی پۆڵا -٣ رەخت -١٢ مەخزەن -٧ دوربینی شەو/رۆژ -٣ دوربینی تەرماڵ - ٣ ئامێری لەیزەر -٢ ئامێری لەیزەری سەر چەک - کامێرایەکی تەرماڵ - دوربینێکی لەیزر - ٤ سیستمی کامێرای حەراری -٣ کامێرای سەر -سیستمێکی راداری گەڕۆک -٢٤ کیلۆگرام تەقەمەنی - ٤ مین - ئامێرێکی تەقاندنەوەی مین - ئامێرێکی دۆزینەوەی مین - ٧ تەلەفونی دەستی - ٣ ئامێری پەیوەندی بێتەل - پانێڵێکی وزەی خۆر - کۆمپاس یان ئامێری دۆزینەوەی ئاراستە -٤ چەقۆ (قەمە) -٦ جانتای سەربازی -٢ کڵاوی سەربازی -٢ خودی سەربازی -٩ لایتی دەستی - ٢ ئامێری بارگاویکەری وزە یو پی ئێس - بزوێنەرێکی وزە - ٢ شریتی تی ئێن تی، سی فۆر - پارچەکانی سیستمی کامێرای حەراری ئەو ئۆتۆمبێل و کەرستە سەربازیانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە لەناوبراون؛ -٨هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -٢ تانک -١٧ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش-سەربازی -٤ حەفارە - ٦٥ سیستمی کامێرای حەراری -٥٢ درۆن -٨ رادار - پێنج کامێرای چاودێری تەرمال - ٢ تلیسکۆپ -٣ ئامێری بڕینی تەیوەندی (ژامەر) -٣ هەستەوەری گەڕۆک - ٣ ئامێری گوێگرتن لە پەیوەندی دەنگی -داو و بۆسەیەکی وێنە - کەرەڤانەیەک - ٩٩ سەنگەر -٣٤ خێمەی سەربازی -خواردنگەیەک -سیستمێکی گواستنەوەی گازی کیمیایی -کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی - پێنج چەکی ئەی٤ - ٢ چەکی بی کەی سی -٣٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی - ١٠ داوی تەقاندنەوە - سەنگەرێکی ئەی-٤ - ٢ ئامێری چەکی کیمیایی - ٢ ئامێری هەوا - بۆمبهاوێژێک - چەکێکی ئەی تی- ٤ -قەڵغانێک ئەو ئۆتۆمبێل و کەەرستە سەربازیانەی هێزەکانمان گورزیان لێوەشاندن؛ -٤٧ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣٢ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -١٩ سەنگەر -١٢ درۆن -٩ حەفارە - ٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش -٣ خێمەی سەربازی

هاوڵاتی دوو ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنن، تاوتوێ و پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا کە بە "سەربازیی ناچاری" ناسراوە، دوادەخرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئەو ئامارانەى گەیشتوونەتە لیژنەکە، سەربازگەکانى عێراق تواناى لەخۆگرتنى 10 هەزار سەربازیان هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر یاسەکە پەسند بکرێت، 200 هەزار کەس دەکرێنە سەرباز.  سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە کەناڵی (رووداو)ى راگەیاند، "پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا بێدەنگى لێکراوە و ئەگەر زۆرە دوابخرێت لەبرى ئەوەى جگە لە فراکسیۆنە شیعەکان بەشێک لە سوننەکانیش لەدژى تێپەڕاندین." گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیاسایە کۆتایی پێهات."  بەگوێرەى خشتەى کارى پەرلەمانى عێراق، دەبووایە شەشى تشرینى دووەمى 2022، یەکێک لە بڕگەکانى کۆبوونەوەى ئەو رۆژەى پەرلەمان، خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاسای "خزمەتى ئاڵا" بووایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان، پڕۆژەیاساکە لە خشتەى کار لادراو خوێندنەوەى یەکەمى بۆ نەکرا.  یاسر ئەسکەندەر، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، "پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا دواخراوە کە پێناچێت لەم خولەى پەرلەماندا پەسند بکرێت، بەهۆى ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەو یاسایە."  هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان پاڵپشتى پەسەندکردنى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا دەکەن، بەڵام کورد و زۆرینەى شیعەکان دژن.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. راشیگەیاندووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن هەڵوێستی عێراقی لەبارەی بۆردومانەکانی دوێنێ دووشەممەی ئێران بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە بۆ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان نیشانداوە و گوتوویەتی: "هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی". باسی لەوەشکردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی دیالۆگ، وەک رێگایەک بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە هیچ پاساوێک هەڵناگرن، هەروەها بەردەوامیدان بەو کارە تاکلایانە، بە مەترسیدار لەقەڵەمداوە. دوێنێ دووشەممە دووبارە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" لە کۆیە، ناوچەی زڕگوێز سەربە پارێزگای سلێمانی کە بارەگاکانی کۆمەڵەی لێیە. لە ئاکامی هێرشەکاندا، دوو پێشمەرگەی حدکا و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە و هەشت پێشمەرگەی دیکەیش برینداربوون. لە میانی دوو مانگدا، ئەوە دووەمجاربوو کە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێنە ئامانج. پێشتر لە 28 ئەیلوولی رابردوودا، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرانە ئامانج بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن یەک رۆژە بوو.

هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا سزادانی ژمارەیەک بەرپر و فەرماندە و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند. یەکێتی ئەوروپا ئێوارەی دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندان و مەرگی ژینا ئەمینی 29 بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی ئێران و سێ دامەزراوەی سەر بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی سزا داوە. لە ناو لیستی سزاکانی ئەوروپا ناوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سوپای فەرمیی ئێران و ئەو ئەفسەرانەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران هەیە کە دەستیان هەبوە لە دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران و کەیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپا و کەناڵی پرێس تیڤی کە بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکات و زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ژمارەیەک دامەزراوەی بەسیج و سوپای پاسداران لە لایەن ئەوروپاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کاتی راگەیاندنی سزاکاندا، وتی: ئێمە پشتگیریی خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لە ئێران دەکەین و هاوکات ئانالینا بەیربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی راشکاوە بۆ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێرانی بەهۆی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت سزا داوە . سزاکانی یەکێتی ئەوروپا سێ فەرماندە باڵای پۆلیسی ئەخلاقی لە ئێران گرتوەتەوە .

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی لانیکەم سێ ساڵی پێویستە و چینی ھەژاریش ناتوانێت چاوەڕوانی بەرنامەیەکی درێژخایەن بکات.   محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھەموو ئاستەنگ و قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانیان لەبەرچاوگرتووە و دەزانن رێگەیەکی سەختیان لەبەردەمدایە، بەڵام بەرنامەیەکی حکومی تۆکمەیان داڕشتووە و بەھەموو توانایەک کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، وتیشی، جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی کارەی ھەیانە لانیکەم سێ ساڵی پێویستە. سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چینی ھەژار و کەمدەرامەت چیتر توانای چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی بەڵێنی گەورە و بەرنامەی درێژخایەنیان نییە، لەو روانگەیەشەوە بەرنامەی کارەکەیان داڕشتووە و کاری لەپێشینەشیان جێبەجێکردنی ئەو خاڵ و بڕگانە دەبێت کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ھاوڵاتییانەوە ھەیە، بە تایبەتیش ھەژاران.

هاوڵاتی ئەندامی ژووری بازرگانی ئێران- عێراق قەبارەی هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ساڵی دارایی ئەمساڵدا ڕاگەیاند. حەمید حوسێنی،  لە لێدوانێكی  ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەزیاد بوونی بەردەوامی هەناردە کردن لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکان لەگەڵ عێراق دەکەن". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "هەناردە کردنی ئێران بۆ عێراق تێکڕای مانگانەی 600 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە لە مانگی حەوتەمی ساڵی دارایی ئێستا کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2022 کۆتایی هاتووە و بڕی 647 ملیۆن دۆلار بووە، لەچاو ئەو ئاستەی کە لە مانگی پێشوودا بەدەستی هێنراوە کە 420 ملیۆن دۆلار بووە". ناوبراو پێشبینیی ئەوەشی کرد کە تێکڕای هەناردە کردنی مانگانە لە مانگەکانی داهاتوودا بگاتە نێوان 750 بۆ 800 ملیۆن دۆلار.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی: ئازادی تەواومان دواتە سودانی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری به‌بێ هیچ فشارێكی سیاسی و حزبی مه‌حمود حه‌یانی سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕایگه‌یاند ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانیی له‌ دامه‌زراوه‌ جۆراوجۆره‌كانی حكومه‌تدا ئه‌نجامیان ده‌دات په‌یوه‌ندییان به‌ چوارچێوه‌كه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وان ئازادیی ته‌واویان له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌ته‌ سودانی به‌بێ هیچ فشارێكی سیاسی و حزبی. ڕوونیشیكرده‌وه‌ ئامانج له‌ گۆڕانكارییه‌كانی سودانی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانه‌ له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی كرداری له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی كابینه‌ی حكومی

هاوڵاتی ئێران: لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان هێرشەکانمان لە هەرێم ئەنجام داوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لە ئاست جموجۆڵی پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بێدەنگ نابن. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ کۆیە و زڕگوێز رایگەیاند؛ ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵە لەگەڵ نەیارانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکات.. کەنعانی وتویەتی: ئێران لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی خۆی لە بەرامبەر گروپە جیاخوازەکان و نەیارانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نابێت و هێرشەکانیش بۆسەر ئەو پارتانە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە نییە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا هێرشەکانی ئەنجام داوە بەڵام میدیا نەیارەکان دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران ناشیرین بکەن.

هاوڵاتی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران رایگەیاند بەهۆی ئەوەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە چەک نەکراون، هێرشیان کراوەتە سەر. محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند؛ دوای هێرشەکانی (28/9/2022) هۆشدارییان داوەتە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ چەک کردن و دورخستنەوەی چەکدارانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەو پارتانە وەک خۆیان ماونەوەتەوە و ئەوەش هۆکاری دوبارەبونەوەی هێرشەکانی سوپای پاسداران بوە. پاکپور، ئاماژەی بەوە کردوە کە پێشتر شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوەتەوە بۆ دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیاربوە ئەو پارتانە دورخرێنەوە. بە وتەی ئەو، پارتەکان دەستیان هەبوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هۆکارێک بون بۆ تێکدادانی ئاسایشی سنورەکانی و زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئێران. پاکپور وتوشیەتی بەغدا و هەولێر بەڵێنیان دابو رێگریی بکەن لە جموجۆڵی پارتەکانی نەیاری ئێران لە هەرێمی کوردستان بەڵام دوای 50 رۆژ ئەو بەرپرسانە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوە. ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان دژی ئەو پارتانە لە هەرێمی کورستان و رەچاوتی ژیانی خەڵکی مەدەنیی و دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری بنکە و بارەگاکان لە هەرێمی کوردستان دەکەن. لێدوانی پاکپور لە کاتێکدایە لە هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ کۆیە و زڕگوێز دو کەس کوژراون و هەشت کەسیش برینداربون و هێرشەکانی رابردوش لە 28ی مانگی ئەیلول 17 کوژراو و زیاتر لە 60 برینداری لێکەوەتەوە کە ژمارەیەکی زۆیان کەسانی مەدەنی و ژن و منداڵ بون.

هاوڵاتی فەرماندەی پۆلیسی بەغدا، لیوا عەدنان حەمود سەلامی ھۆشداری دا لە سەرھەڵدانەوەی دیاردەی رفاندنی منداڵان و رایگەیاند کە تەنھا لە میانی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٥٠ منداڵ لە بەغدا بێسەروشوێن بوون. لیوا عەدنان حەمود سەلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، یاسای قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤە لە ساڵی ٢٠١٢دا درەنگ دەرکراوە و گوتی: "ئێستا ژمارەیەک لە بڕگەکانی یاساکە، پێویستیان بە ھەموارکردنەوە ھەیە". فەرماندەی پۆلیسی بەغدا ئاشکراشی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر تاوان لەچوارچێوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە پارێزگای بەغدا ئەنجام دەدرێت دەکرێت و رۆژانە منداڵێک یان ژمارەیەک منداڵ لە رەوشێکی نادیاردا بێسەروشوێن دەبن و گوتی: "تەنھا لە میانی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٥٠ منداڵ لە بەغدا بێسەروشوێن بوون". لیوا عەدنان حەمود سەلامی باسی لەوەیش کردووە، ھێزە ئەمنییەکان لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئەنجامدەدەن و گوتی: "تا ئێستا، چەند کەسێک لەسەر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون". لە ماددەی شەشەمی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە مرۆڤەوە بکات، ئەوا بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزا دەدرێت، ھەروەھا سزای دارایی لە ١٥ ملیۆن دینار بۆ ٢٥ ملیۆن دیناری بەسەردا دەسەپێندرێت.

هاوڵاتی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردوە داوای سزادانی 750 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی سێ پارێزگا کراوە و تۆمەتی زۆربەشیان تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانییە. دەستگیرکراوانی پارێزگاکانی (مەرکەزی و ئەسفەهان و هورموزگان) تۆمەتبار کراون بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و چالاکیی دژی دەسەڵات و هاندان بۆ ئاژاوەنانەوە و کوشتن. بە پێی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ دەستگیرکراوان ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی بەرچاویان هەیە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لەو تۆمەتانەی کە دەخرێنە پاڵ خۆپیشاندەران و گەنجان. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا سێ دەستگیرکراوی کورد لە کەرەج و تاران تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودایان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە کە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو دەستگیرکراوانەدا.

هاوڵاتی عەلی بەنداوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، ٨٥٠ هەزار هەلی دامەزراندن لەخۆدەگرێت وتیشی ئەو ٨٥٠ هەزار هەلی دامەزراندنە، ٢٠٠ هەزاریان بۆ وەزارەتی پەروەردە دەبێت و ٢٠٠ هەزاریشیان بۆ وەزارەتی کارەبا دەبێت. ژمارەکەی دیکەش بەسەر وەزارەتەکاندا دابەش دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای دامەزراندن کە بەم دواییە دەرچووە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵ خزمەتیان کردووە، هەروەها  نایەکسانیەکی رێژەیی هەیە لە دابەشکردنی هەلی دامەزراندن بۆ گەنجان لە پارێزگاکانی عێراق هەوڵدەدرێت ئەوەش چارەسەر بکرێت.