هاوڵاتى ‌دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانى به‌رفراوانى به‌شێک له‌ هاوڵاتیان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌غداى پایته‌خت له‌ ساڵیادى کوژرانى قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس ده‌ستیپێکرد. کاتژمێر 2:30 خوله‌کى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 3ى کانونى دووه‌مى 2021 له‌ ساڵرۆژى کوژرانى قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس خۆپیشاندانى حه‌شدى شه‌عبى و لایه‌نگرانى ئێران له‌ به‌غدا ده‌ستى پێکرد. له‌دوێنێ شه‌ممه‌وه‌ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌منیى عێراق بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچه‌ى سه‌وز و باڵیۆزخانه‌کانى وڵاتانى بیانى له‌ به‌غدا رێوشوێنى ئه‌منییان گرتووه‌ته‌به‌ر. هاوکات میدیا عێراقییه‌کان ئه‌وه‌یان خستۆته‌روو که‌ هه‌زاران له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانى حه‌شدى شه‌عبى و به‌شێک له‌ هاوڵاتیانى شیعه‌ مه‌زهه‌ب که‌ به‌شێکیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌غداوه‌ هاتوون، له‌ مه‌یدانى ته‌حریر کۆبوونه‌ته‌وه‌. رۆژى 3ى کانوونى دووه‌مى 2020 له‌ هێرشێکى فرۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌کانى ئه‌مریکادا، هه‌ریه‌ک له‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆکى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى به‌غدا کرانه‌ ئامانج و کوژران.  

هاوڵاتى ‌له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى هێرشکردنه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌به‌غدا که‌تائیبى حزبوڵاى عێراق هه‌ڵوێستى خۆى ئاشکرا کرد:"ئه‌مڕۆ ناچینه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ به‌غدا و ئه‌م حکومه‌ته‌ش ناڕوخێنین و هێشتا کات زۆره‌". ئه‌مڕۆ 3ى کانونى دووه‌مى 2021 ئه‌بوحسێن حه‌مداوی، ئه‌میندارى گشتیى که‌تائیبى حزبوڵاى عێراق که‌ سه‌ر به‌ئێرانه‌ رایگه‌یاند: " ئه‌مڕۆ بوونمان له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر (به‌غدا) به‌یعه‌تێکه‌ به‌ خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ى و ئیمانداران، په‌یامێکى ڕێگه‌پێدانه‌ که‌ به‌په‌له‌ بکه‌ن له‌ تۆڵه‌کردنه‌وه‌، چونکه‌ هێشتا خوێنمان گرانه‌". هه‌روه‌ها ئه‌بوحسێن حه‌مداوى راشیگه‌یاند:"ئه‌مڕۆ ناچینه‌ ناو باڵیۆزخانه‌ى خراپه‌کاری، هه‌وڵى ڕوخاندنى حکومه‌تیش ناده‌ین هێشتا کات زۆره‌". ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ خۆپیشاندانى گه‌وره‌ى میلیشیا لایه‌نگرانى ئێران له‌ ساڵڕۆژى کوژرانى سوله‌یمانى و موهه‌ندیسدا له‌ به‌غداو هه‌ندێک شارى باشوورى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.  

هاوڵاتى ‌ئه‌مڕۆ ساڵێک به‌سه‌ر کوژرانى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى تێده‌په‌ڕێت، ده‌زگاى هه‌واڵگرى و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییوه‌. ئه‌مڕۆ 3ى کانونى دووه‌مى 2021 لایه‌نه‌ شیعییه‌کان و به‌تایبه‌ت حه‌شدى شه‌عبى خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن دژى مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکاو پشتیوانى بۆ سوله‌یمانى و ئێران دووپاتده‌که‌نه‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى و ئاسایشى نیشتمانى عێراقیش ڕایده‌گه‌یه‌نن هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ شارى به‌غدا خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، به‌رده‌وامن له‌ بڵاوه‌پێکردنى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر ڕووداوێکى نه‌خوازراو له‌ ساڵیادى کوژرانى قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس" به‌شێک له‌ هێزه‌کانمان بۆ پاراستنى نێرده‌و باڵیۆزخانه‌کانى وڵاتان دابینکردووه‌". هاوکات، مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ڕایگه‌یاند:" ڕێگه‌ به‌هیچ پێشێلکارى و پاساوێک ناده‌ین که‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى خاکى عێراق". شه‌وى 3ى کانونى دووه‌مى 2020 هه‌ریه‌ک له‌ قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس له‌ نزیک فرۆکه‌خانه‌ى به‌غدا کرده‌ ئامانج و کوژران، له‌وکاته‌وه‌ تا ئێستا ئێران ده‌ڵێت تۆڵه‌یان ده‌که‌نه‌وه‌.

هاوڵاتى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگه‌یاند، که‌ ئاماده‌ن نه‌وت له‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ربگرن، به‌ مه‌به‌ستى هه‌نارده‌کردنى بۆ ده‌ره‌وه‌. عه‌لا یاسرى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى به‌ بازاڕکردنى نه‌وتى عێراق (سۆمۆ) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى فه‌رمى عێراقییه‌ رایگه‌یاند:"به‌پێى زۆربه‌ى گرێبه‌سته‌کان، هه‌رێمى کوردستان نه‌وته‌که‌ى شه‌ش بۆ نۆ دۆلار که‌متر له‌ نرخى ئاسایى خۆى ده‌فرۆشێت به‌ وڵاتان، کۆمپانیاکه‌ ئاماده‌ین نه‌وتى هه‌رێم وه‌ربگرین". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"بڕى هه‌نارده‌کراوى نه‌وتى هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکى ده‌گاته‌ 430 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ رۆژێکدا، سۆمۆ ده‌توانێت ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى هه‌رێم به‌ مه‌به‌ستى هه‌نارده‌کردنى بۆ ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرێت." هاوکات، عه‌لا یاسرى ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ ره‌شنوسى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021ى عێراق، هه‌رێمى کوردستان پابه‌ند ده‌کات به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌. له‌ چه‌ند رۆژى رابردودا مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستان جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌رکه‌کانى چ له‌ بوارى نه‌وت و چ له‌ بوارى داهاتى نا نه‌وتییدا.  

هاوڵاتى ‌سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند:" ساڵى 2021 ساڵى ئاشکرابونى به‌ڵگه‌ى گه‌وره‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵى و رێگه‌ ناده‌ین عێراق مایه‌پوچ ببێت". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى کانونى دووه‌مى 2021 مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى کۆبوونه‌وه‌یه‌کییدا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و مامۆستایانى زانکۆ تێیدا به‌شداربوون، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا کازمى ڕایگه‌یاند" که‌ عێراق له‌ ساڵانى رابردوودا وێران بووه‌ و هه‌رگیز پرۆسه‌ى گه‌سه‌سه‌ندنى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌". هه‌روه‌ها سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق راشیگه‌یاند:" ڕێگه‌ناده‌ین عێراق مایه‌پوچ بێت و ده‌بێت ساڵى 2021 ساڵى ئاشکرابوونى ڕاستى گه‌وره‌ بێت سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵى و ڕێگه‌ ناده‌ین عێراق مایه‌پوچ بێت". هاوکات، کازمى باسى له‌وه‌شکرد، 2021 به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ن و قۆناغێکى ترى نوێ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ پێکه‌وه‌بوون و به‌رده‌وامییه‌ له‌ چاکسازى.  

هاوڵاتى ڤایرۆسه‌ نوێکه‌ى کۆرۆنا له‌ تورکیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و وه‌زیرى ته‌ندروستیش ده‌ڵێت تا ئێستا 15 حاڵه‌تى ڤایرۆسه‌ نوێیه‌که‌یان تۆمار کردووه‌. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى کانونى دووه‌مى 2021، فه‌خره‌دین کۆجا، وه‌زیرى ته‌ندروستى تورکیا رایگه‌یاند:" 15 حاڵه‌تى توشبون به‌کۆرۆناى نوێ له‌ نێو ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى که‌ له‌ بریتانیاوه‌ گه‌شتیان کردوه‌ بۆ تورکیا تۆمارکراوه‌، ده‌ستبه‌جێ له‌ شوێنێکى تایبه‌تدا که‌ره‌نتینه‌ کراون".  مانگى رابردوو بریتانیا وه‌ک یه‌که‌م وڵات ڤایرۆسه‌ نوێکه‌ى کۆرۆناى تۆمارکرد، دواتریش له‌ چه‌ند وڵاتێکى دیکه‌ له‌ ئه‌وروپا تۆمارکرا که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 30 وڵات که‌ بریتین له‌ به‌لیجکا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، دانیمارک، فیلاند، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵندا، پورتوگال و نه‌رویج، هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانى وه‌ک چین، هیندستان، ئه‌رده‌ن، لوبنان، ئیسرائیل، پاکستان، سینگاپور، ئیمارات، تایوان و کۆریاى باشور.

هاوڵاتى رابه‌رى باڵاى ئێران له‌ ساڵیادى کوژرانى قاسم سوله‌یمانیدا، رایگه‌یاند:"ده‌رکردنى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ یه‌که‌م لێدانى به‌هێز ده‌بێت بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ى کوشتنى سوله‌یمانی". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى کانونى دووه‌مى 2021 عه‌لى خامنه‌یی، رابه‌رى باڵاى ئێران په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:"شه‌هیدکردنى سوله‌یمانى رووداوێکى مێژوویى بوو، رووداوێکى ئاسایى نا، که‌ مێژوو له‌ بیریبکات، به‌ڵکو وه‌ک خاڵێکى دره‌وشاوه‌ تۆمارى کردووه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" سوله‌یمانى بوو به‌ پاڵه‌وانى گه‌لى ئێران و پاڵه‌وانى ئوممه‌تى ئیسلامی، ئه‌مه‌ش خاڵێکى بنه‌ڕه‌تییه‌". هاوکات ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که‌ ئێرانییه‌کان شانازى به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن به‌وه‌ى پیاوێک له‌ نێوانیاندا و له‌ گوندێکى دووره‌ده‌ستدا له‌دایکده‌بێت و هه‌وڵده‌دات و پێده‌گات و ده‌بێته‌ که‌سایه‌تییه‌کى دره‌وشاوه‌ و پاڵه‌وانى ئوممه‌تى ئیسلامی"ده‌رکردنى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ یه‌که‌م لێدانى به‌هێز ده‌بێت له‌ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ى قاسم سوله‌یمانیدا". له‌ به‌ره‌به‌یانى 3ى کانونى دووه‌مى 2020دا، ئه‌مریکا له‌ رێگه‌ى فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وانه‌وه‌، هه‌ریه‌ک له‌ قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس و ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ئامانجگرت و تیایدا جگه‌ له‌و دوو سه‌رکرده‌ شیعه‌یه‌ ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامى حه‌شدى شه‌عبی  کوژران.

ھاوکار جەلال بەرزنجی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی مایسی ٢٠١٩، دوای چەندین گەڕی هەڕەشەو جەنگی ساردو میدیایی؛ دواجار گرژی راستەوخۆی نێوانیان لەکۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پێی نایە قۆناغێکی ئاڵۆزتر. گرژییەکان تەنها سزا ئابورییەکانی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ بێزارکردنی ئەمریکا بەهێرشکردنە سەر کەشتییەکانی لەکەنداوی عومان، خستنە خوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لەمانگی حوزەیران و زیاتر لەدەستەیەک هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لەعێراق. پاشان لە چەند مانگی ڕابردودا، باڵی کێشا بۆ موشەکبارانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەلایەک و لەبەرامبەردا، ئەمریکاش دەستی بە جوڵە و ئامادەسازیی ھێزە ژێر دەریاییەکانی و جێگیرکردنی سیستمی نوێی ئاسمانی لە عێراق و ناردنی بۆمبھاوێژی ستراییجیی B-52 ی ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئەم ڕوداوانە پێشینەن بۆ سەرچاوەی گریمانەی ئەگەری جەنگی زیاتر. ئەمریکا بووە هۆی کوشتنی سەرکردەی چالاکیە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (قاسمی سولەیمانی). پێنتاگۆن دەزانێت کە، تاران هێشتا بیر لە هەنگاوەکانی تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە، ئەوەش ئەگەری دووبارە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە ڕۆژانی کۆتایی ئیدارەکەی ترامپدا زیاتر دەکات. ساڵیادی سولەیمانی سێیەم ڕۆژی مانگی داھاتوو (ساڵی نوێ)، ئەو ڕۆژەیە کە، چاوی ئومێد و دڵی پڕ لە حەزی تۆڵە سەندنەوەی سەرکردە ئێرانییەکان ھەڵدەگرێت بەرەو یەکەم ساڵیادی کوشتنی کەسایەتییەکی سەربازی و فەرماندەی ھێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران (قاسم سولەیمانی)، فەرماندەی سێبەر بە قەوڵی ڕۆژئاواییەکان، کە سەرلەبەیانی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠٢٠ بە مووشەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کوژرا. چەند ڕۆژێکی ماوە بۆیادەکە، ھەر زوو ئێرانییەکان کەوتنە ھوتافی شۆڕشگێڕی بەڵام لە میدیاکانیانەوە ، ھەرچۆن ئاژانسی IRNA، تویتێکی ناسر کەنعانی سەرۆکی نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران لە قاھیرە بڵاو کردەوە، دەڵێت " تیرۆر کردنی سولەیمانی، ناوی سولەیمانی کردە کاراکتەرێکی نەمر، لەھەمووشی گرنگتر قوتابخانەی سولەیمانی لە مێژودا بە ھەمیشەیی کرد". کوژرانی فەخریزادە پاش چەند مانگێک لە ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی سولەیمانی لەلایەن حکومەتی تاران، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان سەر لەئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ، موحسین فەخریزادە بەڕێوەبەری بواری ئەتۆمی و یەکێک لە فارماندە باڵاکانی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، مامۆستای فیزیک لە زانکۆی ئیمام حوسێن لە شاری تاران، و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی فیزیک (PHRC) و یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی بەرنامەی ناوکی ئێران کوژرا.    لێدوان و گریمانەی ئایندە لە لێدوانێکیدا بۆ واشنتۆن-پۆست جێن کێنێث " فرانک " مکێنزی کە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەکات ڕایگەیاند  "لە کاتێکدا لەم چەند مانگەی دواییدا پێکدادانەکان لەسەر خاکی عێراق ھێواش بوونەتەوە، بەڵام یەکشەممەی ڕابردوو ٢٠ی دیسێمبەر، میلیشیاکانی ئێران دووبارە ئاڕاستەی موشەکەکانیان ڕووەو ناوچەی سەوزی بەغداد کردەوە و هیچ کەسێک لە کارمەندانی ئەمریکا کوژراو و بریندار نەبوون"  فەرماندەی ئەمریکی مکێنزی پێی وایە، ڕێبەرانی ئێران حەز دەکەن تۆڵەی زیاتر ببینن لە ئەمریکا، بەڵام هێشتا خەریکی گێرە وەشاندن و دروستکردنی پشێوی ناوخۆیی-ن لە عێراق، ئەویش لە پاش لەدەستدانی سولەیمانی، سەرکردەیەک کە "ئەندازیار"ی چالاکی چەکداری بوو لەلایەن گرووپەکانیان لە عێراقەوە بۆ لوبنان بۆ یەمەن.   ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی دیسێمبەر، لە دیمانەیەکی ڤیدیۆیی کە ناڵی ئەلمەیادین-ی سەربە حزبەکەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی، ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەی موشەکەکانیان دوو ھێنەدە زیاد کردووە. ھەروەھا بانگەشەی ئەوەی کرد کە، گروپە شیعیەکانی سەربە ئێران توانای ئەوەیان ھەیە لە ھەر بەشێکی ئیسرا ئیل بدەن. پاشان لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا کە، چوار کاژێر قسەی کرد، دەڵێت پلانی "سعودیەو ئیسرائیل و ئەمریکا" بۆ کوشتنی ئەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی مارک مایللی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ١٨ی کانوونی یەکەم بەڵگەی ئەوەیە لە ھەوڵی کوشتنی ئەودان. نەسروڵڵا لە پێشکەشکردنی وتارەکەیدا، کە وەک چاوپێکەوتن پەخشکرا، تێیدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا تاوانبار دەکات بەوەی کە بە شێوەیەکی بێ سەروبەر و چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا ڕەفتار دەکات، گوتیشی سعودیە لەم ساڵانەی دواییدا بەرامبەر بە حیزبوڵا بێ هۆ و بە ڕقوکینە ڕەفتار دەکات. گوتیشی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی دژایەتی ڕۆڵی حزبوڵڵای لە لوبنان داوە. ھەروەھا پلانی ئەمریکا لە کوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی بەستەوە بە کوشتنی خۆیەوە وەک پلانێک سەیری دەکات لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا.  ھاوکات لە ھەمان ڕۆژدا، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری ئەمریکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شیکاری، د.سێت فرانتزمانەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ وتارەکەی نەسروڵا چەند سەرنجێکی لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا خستەڕوو، پێی وایە ئەو لێدوانەی نەسروڵڵا پێدەچێت ھەوڵێک بێت بۆ گەورە کردنی خۆی. نەسروڵڵا لە دیمانەکەیدا وێنەیەکی قاسم سولەیمانی لە سەر مێزەکەی داناوە بۆ نیشاندانی پەیوەندی خۆی و سولەیمانی، ھەروەھا وەک ئاماژەیەک بۆ نزیک بوونەوەی ساڵیادی مردنەکەی. ئەم دوانە لەکاتی جەنگ لە دژی ئیسرائیل لە ٢٠٠٦ پێکەوە لەنزیک یەک کاریان کردووە. عیماد موغنییە، یەکێکی ترە لە هاوەڵانی نزیکی نەسروەڵڵا، لە ساڵی 2008 تیرۆر کرا. موحسین فەخریزادە ، بەرپرسی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران مانگی ڕابردوو تیرۆر کرا. لێکدانەوەکان وا دەردەخەن بیەوێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو ھاوشێوەی سولەیمانی گرنگە. جۆرێکی تری لێکدانەوەکان دەریدەخەن کە نیشاندانی وێنەی سولەیمانی جگەلە نزیکبوونەی ساڵیادەکەی، ئاماژەیەک بێت بۆ تۆڵە سەندنەوەی . چەند خولەکێک لە پاش  وتارەکەی نەسروڵڵا کەلە کاتژمێر 8ی دوای نیوەڕۆ دا پەخشکرا، هەواڵی ئەلمەیادین وێنەیەکی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا نیشاندا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەرکەوتنی نەسروڵڵا لە ھاوئاست و یەکسان لەگەڵ ئەم سەرکردانەی ئەمریکا. تێگەشتن لەم دیمەنە پێمان دەڵێت؛ نەسروڵڵا لە کاتێکی گرنگدا ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەک لە بەرامبەر ئەمریکادا دەکات. ڤیدۆکانی وتارەکە بەجۆرێک ئاڵای حزبوڵڵا گەورەترو شەکاوەتر لە ئاڵای نیشتیمانی لوبنان لەنێو ئاڵاکانی حزبوڵڵا شەکاوەتەوە نیشاندەدات، ئاماژەیەکی  ڕوونە، پێمان دەڵێت حزبوڵڵا لوبنانە و لوبنان لە شوێنێکە لەناو دەوڵەتی ژێر دەستی حزبوڵڵا دایە، نەک پێچەوانەکەی.

هاوڵاتى له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا هێزه‌کانى رزگارى عه‌فرین ئاشکراى ده‌کات، له‌ ساڵى 2020دا، 265 میلیشاى هاوپه‌یمانى تورکیا کوژراون که‌ 30 که‌سیان سه‌ربازى سوپاى تورکیا بوون". ئه‌مڕۆ هه‌ینى1ى کانونى دووه‌مى 2021 هێزه‌کانى رزگاریى عه‌فرین، راگه‌یاندراوێکى له‌باره‌ى ئامار و ئه‌نجامى چالاکیى شه‌ڕڤانانى له‌ ماوه‌ى ساڵى 2020ـدا دژى سوپاى تورکیا له‌ عه‌فرین و ده‌وروبه‌ررى بڵاوکرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌:" دواى داگیرکه‌ردنى عه‌فرین، ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک هه‌موو جۆره‌ کرده‌وه‌یه‌کى دژه‌ مرۆڤانه‌ى له‌ ناوچه‌که‌ ئه‌نجامدا، له‌وانه‌؛ کوشتن، ڕفاندن، ئاسمایلاسیۆن و قڕکردن و به‌رده‌وامیشه‌، له‌لایه‌که‌وه‌ دیمۆگرافیاى عه‌فرین ده‌گۆڕێت، له‌لایه‌کى تریشه‌وه‌ هه‌وڵى له‌ ناوبردنى سروشت و شوێنه‌واره‌ میژووییه‌کانى عه‌فرین ده‌دات، ڕۆژانه‌ هاوڵاتیان و سروشتى ناوچه‌که‌ ده‌کاته‌ ئامانج، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش به‌هۆى داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌ ئاواره‌بوون، دیسان ڕووبه‌ڕووى هه‌موو جۆره‌ قڕکردنێک ده‌بنه‌وه‌". هه‌روه‌ها راشیانگه‌یاند له‌ ساڵى 2020ـدا "به‌گشتیى دژى سوپاى داگیرکه‌رى تورکیا و گروپه‌ میلیشیاکانى هاوپه‌یمانى تورکیا ، 153 چالاکى ئه‌نجامدراوه‌، که‌ له‌ ئه‌نجامیاندا 256 میلیشیاى چه‌کدارى هاوپه‌یمانى تورکیاو 30 چه‌کداریان سه‌ربازى سوپاى تورکیابوون.  هاوکات، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌،  له‌ ئه‌نجامى ئه‌و چالاکییانه‌دا، به‌ گشتیى 214 داگیرکه‌ر برینداربوون، که‌ ١٧٢ـیان میلیشیاى چه‌کدارى هاوپه‌یمانى تورکیابوون و 42ـشیان سه‌ربازى سوپاى تورکیا بوون. هه‌ر له‌ درێژه‌ى راگه‌یاندراوه‌که‌ى هێزه‌کانى رزگارى عه‌فریندا ئه‌وه‌ روونکراوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا، ٣٥ ئۆتۆمبێل، سێ دۆشکا و دوو فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وان تێکشکێندراون، هه‌روه‌ها ١١ ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى له‌وانه‌ تانکێک و زرێپۆشێکیش گورزیان لێدراوه‌، له‌ ساڵى ٢٠٢٠ـدا، ٣٧٥ جار ناوچه‌که‌ تۆپباران کراوه‌، له‌و هێرشانه‌دا، ٧ هاوڵاتى مه‌ده‌نى له‌وانه‌ منداڵێک شه‌هید بوون و ١٤ى دیکه‌ش بریندرابوون، هه‌روه‌ها چه‌ته‌کان دوو جار هێرشى زه‌مینییان بۆسه‌ر ناوچه‌که‌ ئه‌نجامداوه‌.  ئه‌وه‌شیان ئاشکراکردووه‌ به‌هۆى چاکلاکییه‌کانیانه‌وه‌ له‌ عه‌فرین 20 که‌سیان له‌ ساڵى 2020 دا کوژراون.  

هاوڵاتى ‌کۆمپانیاى سۆمۆ ئاشکرایکرد، قه‌باره‌ى ئه‌و داهاته‌ى له‌ فرۆشى نه‌وته‌وه‌ له‌ ساڵى 2020 ده‌ستکه‌وتوه‌، 42 ملیار دۆلار بووه‌. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى کانونى یه‌که‌مى 2020، عه‌لا یاسری، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کۆمپانیاى خستنه‌بازاڕى نه‌وتى عێراق(سۆمۆ)، له‌میانى چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى ره‌سمى هه‌واڵى عێراق، ئاشکرایکرد، قه‌باره‌ى ئه‌و داهاته‌ى له‌ هه‌نارده‌ى نه‌وته‌وه‌ له‌ ساڵى 2020 ده‌ستکه‌وتووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 42 ملیار دۆلار. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" داهاتى فرۆشى نه‌وت له‌ مانگى کانونى یه‌که‌م(مانگى 12)ى ئه‌مساڵدا، چوار ملیار دۆلار بووه‌ که‌ نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به‌ 49 دۆلار فرۆشراوه‌. هاوکات، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کۆمپانیاى سۆمۆ، ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ له‌ ئێستادا عێراق نزکه‌ى سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ هه‌نارده‌ ده‌کات ئه‌وه‌ش دواى که‌مکردنه‌وه‌ى بڕى هه‌نارده‌کردن به‌پێى رێکه‌وتنى ئۆپیک پڵه‌س عه‌لا یاسرى ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ نرخى نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌" نرخى نه‌وت به‌ره‌و باشتر ده‌روات و له‌و نرخه‌ى ئێستا پاشه‌کشه‌ ناکات".  

هاوڵاتى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند:" هاوڵاتیانمان شایسته‌ى چاکسازیى و گۆڕانکارییه‌کن هاوتاى قوربانییه‌کانیان بێت"، ده‌شڵێت:" ئاسته‌نگیه‌ که‌وره‌کانمان تێپه‌راند". ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى کانونى یه‌که‌مى 2020، مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیى تویته‌ر به‌بۆنه‌ى سه‌رساڵى نوێوه‌ په‌یامێکى پیرۆزبایى به‌ زمانى کوردى و عه‌ره‌بى بڵاوکرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی" هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکى ئێمه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى عیراق له‌ خۆشیدابن، ئاشتى ده‌خوازم بۆ گه‌لى خۆمان و سه‌راپاى جیهان". هه‌روه‌ها کازمى ده‌شنوسێت:" پێکه‌وه‌ به‌رپرسیارێتیمان هه‌ڵگرت و ئاسته‌نکییه‌ گه‌وره‌کانمان تێپه‌ڕاند، هه‌ر پێکه‌وه‌ش درێژى به‌ کاروانى گه‌شه‌پێدان ده‌ده‌ین تا گه‌یشتن به‌ که‌نارى ئارام، گه‌ل شایسته‌ى چاکسازییه‌که‌ له‌ ئاست قوربانییه‌کانی".  

هاوڵاتى له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى سه‌رى ساڵ سعودیه‌ بڕیار ده‌دات رێگه‌ به‌ چالاکییه‌ میوزیکیه‌کان بدات و له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا رێگه‌یدا دوو تیمى میوزیک ده‌ست به‌ چالاکى بکه‌نه‌وه‌. وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى سعودیه‌ رایگه‌یاند، بۆ یه‌که‌مجار رێگه‌یان داوه‌ تیمێکى میوزیک له‌ وڵاته‌که‌دا ده‌ست به‌ راهێنان بکات، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ ئه‌و چالاکییه‌ هونه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى سعودیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌بووه‌. به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌کى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى سعودیه‌، به‌در بن عه‌بدوڵا وه‌زیرى رۆشنبیرى سعودیه‌ ره‌زامه‌ندى داوه‌ له‌سه‌ر رێگه‌پێدان به‌ "ناوه‌ندى میوزیکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ راهێنان" و "په‌یمانگه‌ى میوزیک بۆ راهێنان" له‌ سعودیه‌ ده‌ست به‌کاره‌کانیان بکه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌ به‌هه‌مانشێوه‌ رێگه‌یان داوه‌ شانۆیه‌ک بۆ کاره‌کانى ئه‌و دوو گروپه‌ رێگه‌ به‌کردنه‌وه‌ى بدرێت و چالاکییه‌کانى خۆیان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه‌. ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ له‌سعودیه‌ له‌کاتێکدایه‌ هه‌ندێک پێیان وایه‌ ئه‌و رێکارانه‌ى سعودیه‌ هه‌وڵێکى جددییه‌ بۆ کرانه‌وه‌ به‌رووى جیهان و پێشکه‌وتنه‌کان، هه‌ندێکى دیکه‌ش واى ده‌بینن هه‌وڵى پیاوانى ئاینییه‌ که‌ له‌ لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتدان تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان بسه‌پێنن. پێشتر له‌ سعودیه‌ ته‌نها رێگه‌ به‌ چه‌ند جۆرێک له‌ ئامێره‌ سونه‌تییه‌ میوزیکه‌کان ده‌درا له‌ بۆنه‌ ئاینى  و خێزانییه‌کاندا به‌کاربهێنرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ به‌ئاهه‌نگى میوزیک و گروپى میوزیک نه‌ده‌درا که‌ چالاکى ئه‌نجام بده‌ن و ئاهه‌نگ بگێڕن. محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ کرانه‌وه‌ى وڵاته‌که‌ى به‌ڕووى وڵاتانى رۆژئاوا، سه‌ره‌تا رێگه‌یدا ژنانى سعودیه‌ شۆفێرى بکه‌ن، که‌ پێشتر قه‌ده‌غه‌بوو، پاشانیش رێگه‌یدا گه‌شتیارى وڵاتان سه‌ردانى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان بکه‌ن، دواتر رێگه‌یدا بۆ ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵ دارى کریسمس و بوکه‌ڵه‌ى بابا نوئێل بفرۆشرێت و خه‌ڵکى ئه‌و وڵاته‌ به‌شدارى ئاهه‌نگه‌کانى سه‌رى ساڵ بکه‌ن که‌ به‌شێوه‌یه‌کى سنوردار به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ساڵى 2015ش بۆ یه‌که‌مجار مافى ده‌نگدان و به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى به‌ ئافره‌تان درا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى شاره‌وانیدا به‌وه‌ش سعوودیه‌ بووه‌ دواین وڵات که‌ دانى به‌وه‌دانا ئافره‌تان مافى ده‌نگدانیان هه‌بێت. به‌شێک له‌و کرانه‌وه‌ سنوردارانه‌ له‌ سعودیه‌ له‌کاتێکدایه‌، ئه‌و وڵاته‌ که‌ هاوپه‌یمانێکى سه‌ره‌کیى ئه‌مریکا و وڵاتانى ناتۆیه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام پۆلیسى ئاداب و ئاین هه‌یه‌، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنى نه‌ریت و بنه‌ماکانى شه‌ریعه‌تى ئیسلام له‌و وڵاته‌، “فه‌رمان به‌ چاکه‌ و نه‌هى له‌ خراپه‌ بکه‌” په‌یڕه‌و ده‌کات. محه‌مه‌د بن سه‌لمان، یه‌کێکه‌ له‌و کاراکته‌رانه‌ى که‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو گۆرانکارى ئه‌نجام ده‌دات بۆ کرانه‌وه‌ به‌رووى رۆژئاوادا، چاوه‌روان ده‌کرێت بریارو هه‌نگاوى نوێى دیکه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌ش سعودییه‌کانى کردووه‌ به‌ دووبه‌شه‌وه‌، به‌شێکیان پشتیوانى ده‌که‌ن و به‌شه‌که‌ى دیکه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کى کلاسیکى مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن پێیانوایه‌ ئه‌و بریارانه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تى ئیسلامدا که‌ سعودیه‌ به‌بۆنه‌ى بوونى مه‌که‌ وه‌ک قیبله‌ى مسوڵمانان به‌ زیان به‌سه‌ریاندا ده‌شکێته‌وه‌.  

سه‌رکۆ جه‌مال به‌پێى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌کان، کاتى سه‌رهه‌ڵدانى په‌تاى کۆرۆنا17ى تشرینى دووه‌مه‌ و سه‌رچاوه‌که‌ى شارى ووهانى چینه‌ که‌ دانیشتوانه‌که‌ى زیاتر له‌ 11 ملیۆن که‌سه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ په‌تاکه‌ ته‌واوى جیهانى گرته‌وه‌ سه‌دان هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. ڕێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیى له‌ ڕۆژى 31ى کانونى یه‌که‌مى 2019 دا ئاگاداریى یه‌که‌مى بڵاوکرده‌وه‌ و دواى ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانى چین لاى خۆیانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتنى حاڵه‌تى هه‌وکردنى تووندى سییه‌کانیان ڕاگه‌یاند، یه‌که‌مین جاریش ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ بازاڕێکى فرۆشتنى به‌کۆى به‌روبوومى ده‌ریایى و ماسیى دا بوو، هه‌رزوو  ڕێوشوێنى جیاکردنه‌وه‌ى توشبووان گیرایه‌به‌ر. له‌ 11ى کانوونى دوه‌مى 2020 دا ده‌سه‌ڵاتدارانى چین گیانله‌ده‌ستدانى یه‌که‌مین که‌سیان به‌و ڤایرۆسه‌ ڕاگه‌یاند که‌ به‌خێرایى به‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند و بووه‌ هۆى په‌کخستنى ئابوریى و راگه‌یاندنى قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ و جێبه‌جێکردنى چه‌ندین رێوشوێنى دیکه‌، تا ئه‌مڕۆش گیانله‌ده‌ستدانى زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن و 800 هه‌زار که‌سى له‌جیهان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 82 ملیۆن که‌سیش وه‌ک تووشبوو تۆمارکراون. له‌و ماوه‌یه‌دا مرۆڤایه‌تى چه‌ندین رێکارى گرته‌به‌ر وه‌ک په‌یڕه‌وکردنى دووره‌په‌رێزى کۆمه‌ڵایه‌تیی، خوێندنى ئۆنڵاین، قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ، داخستنى به‌ کۆمه‌ڵى کارگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان، په‌تاکه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رى کردووه‌ته‌ سه‌ر ژیانى ملیۆنه‌ها که‌س له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان که‌ شێوازێکى جیاوازى ژیانى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌. راگه‌یاندنى ڤایرۆسه‌که‌ش له‌لایه‌ن رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیه‌وه‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ (جه‌ژنى به‌هار) له‌ چین، ساڵانه‌ له‌و جه‌ژنه‌دا سه‌دان ملیۆن گه‌شت له‌ رێگه‌ى وشکانیی، ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش وایکرد زیاتر په‌تاکه‌ به‌ جیهاندا بڵاوببێته‌وه‌، گومانیش له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى بڵاوکردنه‌وه‌ى به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌بێت. هه‌موو وڵاتان هه‌وڵه‌کانیان بۆ کۆنترۆڵکردنى په‌تاکه‌ خسته‌گه‌ڕ، زۆرێک له‌ وڵاتانى جیهانیش ده‌ستیان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دواى ڤاکسیندا کرد. هه‌روه‌ها به‌پێى ئاماره‌کانى رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له‌ 12ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان، 48 ڤاکسینى دژبه‌ کۆرۆنا له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیکراونه‌ته‌وه‌ و 164 ڤاکسینى دیکه‌ش هێشتا له‌ قۆناغى تاقیگه‌دان، به‌هۆى کاریگه‌رى په‌تاکه‌وه‌ ساڵى 2020 گه‌شه‌ى ئابوورى به‌ رێژه‌ى  له‌سه‌دا دوو پۆینت سێ له‌ جیهان که‌م بوویه‌وه‌. له‌کۆتایى به‌هارى 2020 هه‌ندێک وڵات ده‌ستیان به‌ ئاسایى کردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ کرد، به‌ڵام جارێکى دیکه‌ له‌ زستاندا ڤایرۆسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى به‌هێز گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌شێک له‌ وڵاتانى ناچار کرد به‌ده‌ر له‌ که‌ره‌نتینه‌ و داخستنى شوێنه‌ گشتییه‌کان رێوشوێنى جیاواز بگرنه‌به‌ر. له‌عێراقیش رۆژى 24 شوباتى 2020 له‌ نه‌جه‌ف یه‌که‌م حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌خوێندکارێکى ئێرانیدا ده‌رکه‌وت، به‌پێى دواین ئاماریش زیاتر له‌ 594 هه‌زار حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌عێراق تۆمارکراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 12 هه‌زار و 800 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هاوکات له‌هه‌رێمى کوردستانیش تا ئێستا سێ هه‌زارو 383 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و ده‌یان هه‌زار که‌سى دیکه‌ش تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون.

هاوڵاتى بۆ به‌رگرتن له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کانى به‌‌غدا، فه‌رمانده‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کان فه‌رمانى بڵاوه‌پێکردنى هێزیان له‌ ناوچه‌ى باکورى به‌غدا ده‌رکرد. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى کانونى یه‌که‌مى 2020، میدیا عێراقییه‌کان بڵاویان کرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى کاتى کوژرانى قاسمى سلێمانى فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى و ئه‌منى ئێران و مه‌هدى موهه‌ندیس فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى عێراقی، هێزه‌ سه‌ربازى و ئه‌منییه‌کانى عێراق که‌وتوونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئینزارى پله‌ باڵاوه‌(ج) مه‌ده‌نى و سه‌ربازى هێزه‌کانیان له‌ چه‌ندان شوێنى هه‌ستیارى به‌غدا بڵاوه‌پێکردووه‌. هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ى فیرقه‌ى شه‌ش به‌ فه‌رمانى فه‌ریق رووکن قه‌یز محه‌مه‌داوی، ئارامى باکورى به‌غداو قه‌زاى تارمیه‌یان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. میدیا عێراقییه‌کان وێنه‌ى چه‌ندان یه‌که‌ى سه‌ربازیان بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ له‌ باکورى به‌غدا جێگیرکراون، باکورى به‌غدا ئه‌و جێگایه‌یه‌ که‌ زۆرجار هێرشى مووشه‌کى کراوه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز و باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریکا. رۆژى 3ى کانوونى دووه‌مى 2020 فڕۆکه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى به‌غدا هه‌ردوو فه‌رمانده‌ى ئێرانى و عێراقی، قاسمى سلێمانى و مه‌هدى موهه‌ندیسیان کرده‌ ئامانج و له‌گه‌ڵ چه‌ند پاسه‌وانێکیان کوژران، دواى پێنج رۆژى تر ساڵڕۆژى ئه‌و رووداوه‌یه‌.

هاوڵاتى فەرماندەیەکی پەکەکە ئاماری روداوەکانی ساڵی 2020ی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌کات و رایگه‌یاندووه‌ لە 11 مانگی ئەمساڵدا  160 ژن بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون و 112 هەڤاڵی ژنمان لە روبەڕوبونەوەکاندا بەرامبەر دوژمن گیانیان لەدەستداوە. زۆزان چەولیک، فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگه‌یاند " سەرباری ئەوەى ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتن و وەرگرتنی گەریلایان راگرتبوو، "بەڵام 160 ژن بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون و لە شەڕەکاندا بەشداربوون." ئەو فەرماندەیەی پەکەکە سەبارەت بە ئاماری 11 مانگی ساڵی 2020 کە تایبەت بە ژنانی پەکەکە یە دەڵێت "تاوەکو ئێستا چارەنووسی دوو هەڤاڵمان نادیارە و دوو هەڤاڵیشمان لەلایەن دووژمنەوە دیلکراون، هەروەها چوار کەسیش خۆیان رادەستی هێزەکانی دووژمن کردووە". سەبارەت بەو ژنانەی کە لەنێو پارتی کرێکارانی کوردستان بەشداریی شەڕەکانیان کردووە و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەو فەرماندەیەی پەکەکە ئاماژە بەوە دەدات کە "160 ژن بەشداریی رووبەڕووبوونەوەی شەڕەکانیان لەگەڵ دووژمن کردووە، هەروەها لە ماوەی 11 مانگیشدا 112 گەریلای ژن گیانیان لەدەستداوە." خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 30 کانونى یه‌که‌مى2020  ئاماری نوێی شەڕەکانی تورکیای بەرامبەر بە پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت " ئەمساڵ زیاتر لە 200 ئۆپەراسیۆن لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دژی تیرۆریستان ئەنجامدراون و بەهۆیەوە سێ هەزار و 646 تیرۆریست کوژراون." هاوکات رۆژی 19-12-2020، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل  رایگەیاند، "ئەمساڵ 946 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە و لە بەرامبەردا 227 گەریلاش لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراون."