بەگوێرەی نوێترین راپرسی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تورکیا، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنن. ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی ئاکسۆی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی جومهوریەتی تورکی ئامارێکی تازەی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا کە لەنێوان ٢٤ – ٢٩ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدراوە، ئەم جارە جیاواز لە جارانی پێشوو، رای هاوڵاتیان وەرنەگیراوە، بەڵکو لێکۆلینەوە لەبارەی هەموو ئەو راپرسیانە کراوە کە پێشتر ئەنجامدراون. بەگوێرەی راپرسیەکە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (٣٢.٩٪) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (٢٨.٧٪) پارتی باش (١٣.٩) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (١١٪) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٧.٨) لایەنەکانی دیکە (٦.٧٪) بەگوێرەی راپرسیەکە ئاکەپە و مەهەپە کە هاوپەیمانن دەتوانن نزیکەی ٤١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و لەبەرامبەردا هاوپەیمانی گەل کە لە جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دوارۆژ و سەعادەت و پارتی دیموکرات پێک دێت زیاتر لە ٤٥٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنن. ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بەگوێرەی راپرسیەکە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، دەنگ بە کاندیدی شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی گەل بدات، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز دەسەڵات تێکبشکێنێت. لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا کە پارتەکەی سەر بە هاوپەیمانی گەلە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە و بەدوای هاوبەشێکی بەهێزدا دەگەڕێت و هیوای بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست نەماوە.

ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە  و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪. دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪  کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪  بەرزبوەتەوە. لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن. بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری  لە وڵاتەکەش لە  هەڵکشاندایە.  

ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.    

ئاژانسی ژننیوز رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمدا، لە تورکیا و باکوری کوردستان، ٣١ ژن و پێنج منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. ئاژانسەکە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە مانگی رابردوودا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ٣١ ژنە، ١٥ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، هەشت ژن لەلایەن هاوڕی پیاوەکانیانەوە، سێ ژن لەلایەن خزم و کەسوکاریانەوە، ژنێک لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکی ناسیاویەوە و سێ ژنیش لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراون. بەگوێرەی ئامارەکە، شەش ژن لە ئەستەنبوڵ، سێ ژن لە ئیزمیر، دوو ژن لە هاتای، دوو ژن لە ئەنتاڵیا، دوو ژن لە مانیسا، دوو ژن لە دەنیزلی، ژنێک لە ئامەد، ژنێک لە بورسا، ژنێک لە قەیسەری، ژنێک لە ئەنقەرە، ژنێک لە موغلا، ژنێک لە ئوچاک، ژنێک لە دیلۆک، ژنێک لە کۆنیا، ژنێک لە سامسون، ژنێک لە ئەرزەرۆم، ژنێک لە ئێلح، ژنێک لە ئەدەنە، ژنێک لە کۆجائەلی و ژنێک لە بۆلو کوژران. بەم پێیەش، بە تەنیا دوو ژن لە شارە کوردیەکان کوژراون و هەموو ژنانی دیکە لە شارە تورکیەکان بووە. لە ئامارەکەی ئاژانسی ژننیوزدا هاتووە، هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێنج منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژرون و چوار منداڵیک بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی عێراق، ١٠ لێپرسراوای وەزارەتی کارەبا بانگھێشت دەکات. دەستەی  دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای دووی کەرخ فەرمانی دەرکردووە بۆ بانگھێشتکردنی ١٠ لێپرسراوی وەزارەتی کارەبا، کە لە نێویاندا وەزیرێک و چوار بریکاری پێشوو ھەن و تێوەگلاون لە پێشێلکاری لە یەکێک لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا.  ئەمەشلەکاتێکدایە پێشتر دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، دوو ھەزار و ٦٥٤ کەس لە وەزارەتی کارەبای عێراق تێوەگلاون بە دۆسیەی جۆراوجۆرەوە، کە حەوت وەزیر و ٥ بریکاری وەزیر و ١٢٧ بەڕێوەبەری گشتی و دوو ھەزار و ٤٢٢ کارمەندی ئاسایی تێدایە. ئەو دۆسیەیە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی لێپرسراوانی عێراق سەبارەت بە "دزی سەدە" کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دزرا، تا ئێستاش تەنھا زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە.     

مانگرتن لە شارەکانی  رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی  زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و  زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.

79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.  

هاوڵاتی رێکخراوی فاو بڵاویکردەوە،نیشانەکانی برسێتی لە سێ ساڵی رابردوودا لە عێراق کەمبووەتەوە و گەیشتۆتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە.   رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ "فاو" راپۆرتێکی لەسەر برسێتی و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیشانەکانی برسێتی لەماوەی ساڵەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و٢٠٢١" کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. "فاو" دەڵێت، سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵام ھێشتا رێژەی برسێتی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر بەرزە، چونکە لە ئێران رێژەی برسێتی ٤.١% لە تورکیا ٢.٥% و لە سعودیە٣.٧ و کوەیت ٢.٧%.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا، زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان و ئاماژەی بەوەیشدا کە تا ئێستا، ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراویان گەڕاندووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ کرد. فوئاد حوسێن لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانەکان و جیاوازی بەرژەوەندییەکانەوە، بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و گوتی: "دیالۆگی رۆشنبیریی، مەرجێکە بۆ پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن". گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوودا،زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان، بەڵام کردە تیرۆریستییەکان ناتوانن مێژوو بسڕنەوە". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، دیدێکی بەشدارانە پەیڕەو دەکات و لە ئایندەدا، بەرپرسیارییەتێکی گەورەی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی پێشەنگیی بکات لە هاریکاریی و هاوبەشییدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووهەوا، پێویستی بە هاوکاریی و هاوبەشی هەیە". باسی لەوەش کرد کە کۆڕبەندی شارستانییەتییەکان، رێگایەکی دیپلۆماسییە بۆ پاڵشتییکردن لە هەوڵە جیهانییەکان، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی ئەو کردە تێکدەرانەی کە بۆسەر شوێنەوارەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێن و گوتی: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئۆمێدەوارین، هەمانگیی و هاریکارییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکرێن، بەئامانجی گەڕاندنەوەی پارچەی شوێنەواری دزراوەکان". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا رایگەیاند کە کۆڕبەندەکە، دەرفەتییەکە بۆ پەیوەندی جۆریی.

هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی "حیزبوڵڵایەکی دیکە" لە سووریا و عێراق. رۆژی شەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2022، ئەڤیڤ کۆچاڤی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ستراتیژییەکانی بۆ بەئامانجگرتنی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لەڕێگەی هێرشی ئاسمانی، تاوەکو رێگەنەدات ڤێرژنێکی نوێی حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق و سووریا دروست ببێت. بە گوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل، ئێران لە هەوڵدایە درۆن رەوانە سووریا بکات و سیستمی بەرگری لە سووریا جێگیر بکات، هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە سووریا بە ناوی ئیمام دابمەزرێنێت لەنزیک سنووری عێراق لە ناوچەی ئەبوکەمال. لەوبارەیەوە، ئەو ژەنەراڵە ئیسرائیلییە دەڵێت، "حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا خۆی زۆر بەهێز کردووە و بە مانایەکی دیکە بووەتە حیزبوڵڵایەکی نوێ و لە هەوڵیشدایە حیزبوڵڵا - سێ لە سووریا و حیزبوڵڵایەکی دیکەش لە عێراق و یەمەن دروست بکات. بۆیە کۆکردنەوەی هەموویان و هێشتنەوەی هەموو گرووپەکان لە ناوچەیەکی سووریا، ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە."

هاوڵاتی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بە بەهێزی بمێننەوە و رێگەیەکیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بریتییە لە رێگەگرتن لەوەی لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتان. یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی وه‌زاری جه‌ختی له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی سنور له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوره‌وه‌ كردوه‌ و هێڵی سفری له‌گه‌ڵ هه‌ردو وڵاتی دراوسێ (ئێران و توركیا) كۆنتڕۆڵ بكرێت، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان فه‌رمانی به‌وه‌كردوه‌ و ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنور فه‌رمانیكردوه‌ به‌ دابینكردوه‌ به‌ دابینكرنی پێویستیه‌كان كه‌ پێكدێن له‌ چه‌ك، كه‌ره‌سته‌ و پاسه‌وان به‌جۆرێك كه‌ ببێته‌هۆی گه‌ره‌نتیكردنی سنور و خاڵه‌ سنوریه‌كان" لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چەند کەس بۆ ریزەکانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن بۆئەوەی ئەو هێزە گەورەتر و کاریگەرتر بێت، یەحیا رەسوول گوتی، فەرماندە سەربازییەکان بڕیار لەسەر ژمارەکە دەدەن، بەڵام بڕیارەکە دراوە کە دەبێت سنوورەکە تووندوتۆڵ بکرێت. باسی له‌وه‌شكرد، "پرسی به‌هێزكردنی سنوره‌كان له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردوه‌، سنوره‌كان ده‌پارێزین و هێڵی سفری ده‌گرینه‌ده‌ست، به‌پێی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كارده‌كه‌ین بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق". جێگەی باسە، ئێران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەک لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنە ئەودیو؛ تۆمەتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەتیدەکەنەوە. ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سنوورەکان باشتر کۆنترۆڵ بکرێن.  

رێکخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدات لە سێدارەدانی بەشێک لەو کەسانەى لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەستگیرکراون و رایدەگەیەنێت نزیکەی 30 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  ئاشکرای دەکات، دادگاکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەر 28 کەس لە بەشداربوانی ناڕەزایەتییەکاندا سەپاندوە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە 17 ساڵ کەمترە. ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون روبەڕوی تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەبنەوە و سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت. پێشتریش دادگای تاران و کەرج  سزای سێدارەیان بەسەر سێ گەنجی کورددا سەپاند بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان. بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیر کراون و بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 18 هەزار کەس بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون.  

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی عامودا لە رۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هاوار نیوز بڵاوی کردەوە شەوی شەممە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گوندی سنجاقی شێخ لە عامودایان بۆردومان. لەلایەکەی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە؛ ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە فەرماندەیەکەی ئەو هێزە و شۆفێرەکەی کوژراون و دو کەسی دیکەش دیکەش بریندار بون. لە (20/11/2022) تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چنگ-شمشێر لە دژی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردوە و دەیان کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە کوژراوە.

هاوڵاتی داواکاری گشتی ئێران ئاشکرای کرد کارەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە راگیراوە و کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنراوە. محەمەدجەعفەر مونەتەزری، سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هیچ کاتێک پەیوەندیی بە دەزگای دادەوە نەبوە و ئەو شوێنەی دایمەزراندوە ، کۆتایشی بە کارەکانی هێناوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە ساڵی 2006 لە ئێران دامەزروە و بە وتەی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە، ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار کەسیان بە تۆمەتی نەگونجابونی جلوبەرگ یان هەڵسوکەوت دەستگیر کردوە. لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ پۆلیسی ئەخلاق لە شاری تاران ژینا ئەمینی بە تۆمەتی نەگونجاوبونی جلوبەرگەکەی دەستبەسەر کرد و ئەو روداوەش بوە هۆی گیانلەدەستدانی و نزیکەی 80 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە ئەنجامی مەرگی ژینا ئەمینی بەهۆی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران رویدا لانیکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان 114 کەس و لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە 469 کەس کوژران.

سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی سەر بە موسڵ موشەکباران کرا و لیوای ئەحرار العراق بەرپرسیاری هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. ئەمشەو سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی باکوری موشەکباران کرا. بەپێی سەرچاوەکان چوار موشەک ئاراستەی سەربازگەکە کراون. هێزەکانی “بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق” بەرپرسیارێتی ‌هێرشەکەی لەئەستۆ گرت. بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق ئاشکرای کرد کە چوار موشەکی ١٢٢ ملیمیان ئاراستەی سەربازگەکەی سوپای تورکیا کردووە و لە ناوەڕاستی سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە. بەیاننامەی بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق لەبارەی هێرشەکە.