هاوڵاتی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەی (هەبەسە)، بەگوێرەی راپرسیەک کە لە شاری قەیسەری تورکیا ئەنجامیداوە،دەرکەوتووە پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان ١٧٪ی دەنگەکانی کەم دەکات. کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەی (هەبەسە) ئەمڕۆ ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی گشتی تورکیا لە شاری قەیسەری بڵاوکردەوە کە ئەو شارەی تورکیا وەک ناوەندێکی گرنگی جەماوەری ئاکەپە دەزانرێت. لە راپرسیەکەدا رای دوو هەزار و ١٠٠ کەس وەرگیراوە و پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کراوە کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا دەنگ بەکام لایەن دەدەیت؟ لە ئەنجامدا دەنگەکانی ئاکەپە ١٧٪ لەو شارەدا کەمی کردووە. راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ٣٣.٦٪ (هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨- ٥٠،٦٪) پارتی باش، بەسەرۆکایەتی مەڕال ئاکشەنەر، ٢٣.٦٪ (هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ - ١١٪) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەسەرۆکایەتی کەمال کلچدارئۆغلۆ ١٢.٩٪ (هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ - ١٢.٤) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، بەسەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی ١٠.١٪ (هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ – ٢١.٥٪) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەسەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار ١.٩ (هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨- ٢.٤٪) لایەنەکانی دیکە، ٥.٦٪ ئەو کەسانەی خۆیان یەکلایی نەکردووتەوە، ١٢.٣٪. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا، شاری قەیسەری یەکێک لەو شارانەی تورکیابوو کە بە شێوەیەکی زۆر فراوان، پشتگیری لە پارتی داد و گەشەپێدان و هاوبەشەکەی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست کرد و بە هەردوو پارتەکە کە هاوپەیمانی کۆماریان پێکهێناوە، ٧١.١٪ی دەنگەکانی پارێزگاکەیان بەدەستهێنا. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانی گەل کە لە جەهەپە، پارتی باش و چەند پارتێکی بچووک پێک دێت ٢٥.١٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو. بەگوێرەی دانیشتوانەکەی، پارێزگای قەیسەری خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانە و لە ساڵی ٢٠١٨دا، هاوپەیمانی کۆماری هەشت پەرلەمانتار و هاوپەیمانی گەلیش دوو پەرلەمانتاریان بەدەست هێنابوو.
هاوڵاتی لە شاری دوزجەی تورکیا بومەلەرزەیەک روویدا و ٣٠ کەس بریندار بوون کاتژمێر چواری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ی پلەی ریختەر پارێزگای دوزجەی تورکیای هەژاند و لە ئەنجامدا زیاتر لە 30 هاوڵاتی بریندار بوون. سولەیمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کە سەردانی ناوەندی شاری دوزجەی کردووە، بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد و وتی، " جگە لە بومەلەرزەکەی یەکەم، نزیکەی ٧٠ بومەلەرزەی دیکە لە پارێزگاکە رویانداوە کە گەورەترینیان کاتژمێر ٦ و ٥٠ خولەک رویداوە بە گوڕی ٤.٤ پلەی ریختەر. سویلۆ ئاشکرای کرد کە بومەلەرزەکانی دیکە، هیچ زیانێان نەبووە، تەنیا یەکەم بومەلەرزە بووەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 30 کەس. بە درێژایی شەوی رابردوو، هاوڵاتیان، لە دەرەوەی ماڵەکانیان رۆژیان کردەوە. لە هەندێک ناوچەش بومەلەرزەکە بووەتە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا و ئاو.
هاوڵاتی 67 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و حەفتەیەکە ئاستی توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خەڵکی کورد زۆر زیاتری کردوە بە جۆرێک ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی ئایینیی هۆشداریی دەدەن لە چۆنیەتی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات. سەرەڕای توندوتیژییەکان و رەوانەکردنی هەزارن هێزی چەکدار بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام ناڕەزایەتییەکان لەو بەشەی کوردستان بەردەوامن و ژن و منداڵ، بەساڵاچو و گەنجی کورد بەردەوامن لە ناڕەزایەتیی و گوللـە و کوشتن و بڕین لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی ساردی نەکردونەتەوە بە جۆرێک ئێستا کورد بوەتە پێشەنگی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و بە دروشم لە تاران و کەرەج و شارەکانی دیکە هاوسۆزی و پشتیوانیی بۆ کورد دەردەبڕدرێت. رۆژی سێشەممە دوای تێپەڕاندنی سێ شەوی خوێناوی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. لە (مەهاباد،بۆکان، سەقز، سنە، پیرانشار، مەریوان، جوانڕۆ، روانسر) و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان نەکرانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لە رێگەی بڵندگۆوە داوایان لە کاسبکاران کرد دوکان و بازڕەکان بکەنەوە بەڵام ئەو هەوڵەی هێزە ئەمنییەکان شکستی هێنا. لە هەندێک گەڕەکی شاری جوانڕۆ ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوپێکردنی گەنجان تەقەیان کرد بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژرا و برینداری ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی ئەو شارە دیار نییە بە تایبەت کە زۆرینەی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو ناوچەیە لەکارخراون. لە شاری کرماشان و مەهاباد هێزە ئەمنییەکان شەوی سێشەممە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان دانیشتوی ئەو دو شارە و چەند کەسێکیان دەستگیر کرد. سوپای پاسداران حاشای لەوە نەکردوە کە هێزەکانیان لە جوانڕۆ و پیرانشار و مەهاباد تەقەیان لە خەڵک کردوە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراونەتەوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی و کۆتایی خۆپیشاندانەکان چەکی سەربازیی و لە هەندێک حاڵەتیشدا دۆشکا بەکاردەهێنن. مامۆستایانی ئایینیی شاری سنە ودەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا؛ رایانگەیاند ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی لە ماوەی زیاتر لە دو مانگی رابردودا بەرامبەر خۆپیشاندەران کردویانە، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکی ستەمکارانەیە. ئەو مامۆستایانە ئاماژەیان بەوە کردوە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمو شێویەک هەوڵی سەرکوتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان داوە و دەستیان هەبوە لە رشتنی خوێنی گەنجان و لاوان بۆیە ئەوان هاوشانی خەڵکی ناڕازیی پشتیوانیی لە خۆپیشاندان دەکەن و هاوکات جەختیان لەوە کردەوە دەسەڵاتی ستەمکار نابێت حوکمڕانیی خەڵک بکات و دەبێت شەرعیەتی دەسەڵات بخرێتە ریفراندۆمە و خەڵک مافی خۆیانە دەسەڵاتی ئێستای ئێران هەڵنەبژێرن. زانکۆکان لە ژمارەیەکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە سنە و زانکۆکانی تاران و بابۆل و ئەسفەهان گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە زانکۆی کوردستان لە سنە سرود بۆ شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و خوێندکاران بە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. ژمارەیەکیش لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە رێپێوان و خۆپیشاندان دروشمی "کوردستان ناوی بەرزە دوژمن دەخاتە لەرزە "یان وتەوە. لە زانکۆی شەریف لە تاران پێکدادن لە نێوان خوێندکارانی ناڕازی و خوێندکارانی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا. هاوکات لە زانکۆی پزیشکیی مەشهەد هێرش کرایە سەر خوێندکاران و ژمارەیەکیان لێ برینداربو و لە زانکۆکانی بوشەهر-یش بایکۆت و ناڕەزایەتیی بەردەوام بو. خوێندکارانی زانکۆی بوشەهر گردبونەوەیان ئەنجام دا و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. ناڕەزایەتییەکانی شەوی سێشەممە شەوی سێشەممە لە چەند گەڕەکێکی تاران ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دژی دەسەڵات دروشم وترایەوە. لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی تەقەیەکی زۆریان کرد. لە شاری ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان هاوشێوەی زاهیدان تەقەی زۆر کرا و لە چەند شارێکی پارێزگای فارس هاوکات ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. میدیاکانی سەر بە دەسەڵات بڵاویان کردەوە شەوی سێشەممە ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بە ناوی سەعید بەهەشتی لە شاری کرماشان و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گوللـە کراوەتە ئامانج و مردوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە ئەو ئەفسەرە دەستی هەبوە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە گەنجانی شارەکە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوە لە 66 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 102 کەس لەو بەشەی کوردستان کوژروان، بە گشتی تا ئێستا 434 کەس لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کوژراون کە یەک لەسەر چواری ژمارەی کوژراون هەومو وڵاتەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون. بە پێی ئامارەکان تا ئێستا لە سەرتاسەری ئێران نزیکەی 17 هەزار و 500 کەس دەستگیرکراون، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.
هاوڵاتی پێشنيوهڕۆى ئهمڕۆ سێشهممه 2022/11/22 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له بهغدا لهگهڵ محهمهد شياع ئهلسوودانى، سهرۆك وهزيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا ههردوولا جهختيان له گرنگيی یهكههڵوێستی لهسهر ئاستی نیشتمانی كردهوه و یهكڕیزی و ههماههنگييان بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی ئاڵنگارييهكان له بوارى ئابووری و بژێوی ژیان و خزمهتگوزاریهكاندا به پێویست زانی بهمهبهستی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ ههموو هاووڵاتیيانى عێراق. سهرۆك وهزيرانى عێراقى فيدراڵ دووپاتی كردهوه كه حكوومهتی فیدراڵ پابهندى دهستووری عێراقه بۆ چارهسهركردنی كێشه ههڵواسراوهكان لهگهڵ حكوومهتی ههرێمی كوردستان به شێوهیهك كه مافی ههموو پێكهاتهكان مسۆگهر بكات. لای خۆیهوه نێچیرڤان بارزانی دووباره پیرۆزبایی له سهرۆك وهزيرانى عێراقى فيدراڵ كرد بۆ متمانهوهوهرگرتنی حكوومهتهكهی و گهشبینيی خۆی به تواناكانی حكوومهتی نوێ له گواستنهوهی وڵات بۆ قوناغێكی جیاوازتر دهربڕى كه زمانی لێكگهیشتن و چارهسهری تيايدا زاڵ بێت. له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ لهسهر پرسی ئهمنی له ناوچه سنووریيهكانی عێراق كرا و داكۆكى له هاوكاریی نێوان ههردوولا كرايهوه بۆ پاراستنی سهروهريی عێراق و ڕهتكردنهوهی بهزاندنه بهردهوامهكان و كاركردن بۆ ئهوهی خاكی عێراق نهبێته پێگهی ههڕهشه بۆ سهر هیچ وڵاتێكى دراوسێ.
هاوڵاتی نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق وتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەینی کیمیایی و رێژەی تیشکدانەوەیان پێکهێناوە و"حکومەتی نوێی عێراق گرنگی تایبەت دەدادت بە بواری کشتوکاڵ." مەهدی سەهر نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی نوێی عێراق وپلانیان هەیە رێژەی پاڵپشتی تۆو لە ٥٠٪ـەوە بۆ ٧٠٪ بەرز بکەنەوە. وتیشی لە چوارچیوەی پلانی چاندنی زستانەدا هەوڵی زیادکردنی روبەری چاندن لە عێراق دەدەن و رێژەی پاڵپستی پەینی کیمیایی لە ٣٥٪ـەوە بۆ ٥٠٪ بەرز دەکەنەوە. ئەوەشی ڕونکردەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەینی کیمیایی و رێژەی تیشکدانەوەیان و ئاستی کاریگەریان پێکهێناوە و وەزارەتی کشتوکاڵ چاوەڕێی وەڵامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکەیە. ئەمەش دوای ئەوەدێت، وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، پاش لێکۆڵینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە رێژەی ماددەکانی نێو پەینی کیمیایی لە عێراق ئاسایی نیە و لێکۆڵینەوەی وردتر دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە.
هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممە لە 62یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان لە 90 شار و شارۆچکەی رۆژهەڵات و ئێران مانگرتن بەڕێوەچو و دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە هاوکات لە 220 ناوچە 80 شار و شارۆچکە ناڕەزایەتیی ئەنجام درا و 16 زانکۆش بەشداریی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان کرد. میدیای سەر بە دەسەڵات لە ئێران مەرگی ئەفسەرێکی بە ناوی ئیسماعیل چەراغی راگەیاند و ئاشکرای کردوە ئەو ئەفسەرەی یەکە ئەمنییەکان لە ئەسفەهان و لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا بریندارکراوە بەڵام دواتر لە نەخۆشخانە مردوە. شەوی پێنجشەممە لە شاری شیراز پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گەنجانی ناڕازیی رویدا. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوە میلاد مەعروفی تەمەن 23 کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بریندار کرابوو لە نەخۆشخانە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا. هەر لە بۆکان کەسێکی دیکە بە ناوی غەفور مولودی لە شاری بۆکان بەتەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا، لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان و سنە لانیکەم چوار کەس کوژراون. شەو لە زۆربەی شەقامەکانی شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو لە جوانڕۆ و پاوە و بیجاڕ و بانە چەند شارێکی دیکە گەنجانی کورد هەر لەسەر شەقامەکان بون و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران دەوتەوە. لە دەیان گەرەکی شاری بۆکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەشەو بەردەوام بو. لە شاری پیرانشار گەنجان لەسەر شەقامەکان بون و رایانگەیاند بۆکان بە تەنها نییە، خەڵکی پیرانشار پشتیوانییە. شەوی پێنجشەممە لە زۆربە شەقامە سەرەکییەکانی تارانی پایتەخت ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەوە. لە سێ رۆژی رابردوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 کەس کوژران رۆژی پێنجشەممەش ناڕەزایەتییەکان بە مانگرتنی سەرتاسەریی دەستی پێکردەوە و بە هەزارن کەسیش لە سنە و بۆکان و سەقز و کامیاران بەشدارییان لە بەخاکسپاردنی کوژراونی ناڕەازیەتییەکاندا کرد. شەوی چوارشەممە لە شارەکانی کامیاران و سەقز و ئیلام و بۆکان بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لانیکەم شەش کەس کوژران کە یەکێک لەو کوژراوانە مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بو. تەنها لە شاری بۆکان سێ گەنج بە ناوەکانی ئەسعەد رەحیمی، سالار مجاور، محەمەد حەسەنزادە لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەی رابردو کوژران تا شەوی پێنجشەممەش گەنجێک و پیاوێکی دیکە لە بە ناوەکانی میلاد مەعروفی و غەفور مولودی کوژران. لە لایەکی دیکەوە هەر شەوی رابردو کر لە شاری ماڵئەمیر لە پارێگای خوزستان هێرشی چەکداریی رویدابو ژمارەی کوژراون بەرز بوەوەو پێنج ئەندام و چەکداری هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران و سێ منداڵیش لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا. لە سەقز و بۆکان و کامیاران، بە بەشداریی هەزار کەس و بە سرودی شۆڕشگێڕانە تەرمی پێنج گەنج و لاوی ئەو شارانە بەخاکسپێردران. لە شاری سنەش بە رێوڕەسمی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی چوار کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کرایەوە. دوای رێوڕەسمی چلە و بەخاکسپاردنی کوژراوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانی جەماوەریی لە سەرتاسەری ئەو بەشەی کوردستان دەستی پێکردەوە. بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤ تەنها لە 48 کاتژمێردا لانیکەم16 گەنج و لاوی شارەکانی بۆکان و سەقز و ئیلام و کامیاران گیانیان لەدەستداوە. بە گشتی لە 62 رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی رۆژهەڵات زیاتر لە 75 گەنج و لاوی ئەو بەشە لە کوردستان کوژراون و هاوکات ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گەیشتوەتە 362 کەس و زیاتر لە 16 هەزار کەسیش دەستگیر کراون. بە گشتی سێ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران نائارامیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە شێوەیەکی توند روبەڕوی ناڕەزایەتییەکان دەبنەوە. رۆژی پێنجشەممەش لە تارانی پایتەخت و زۆربەی شارەکان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە و خۆپیشدانان و ناڕەزایەتییەکانیش لە زۆربەی زانکۆکان بەردەوام بون.
ڕاپۆرت: هێمن مەحموود كوشتنی (ستیفن ترۆل)ی هاوڵاتی ئەمریكی لەناوەڕاستی شاری بەغدا لەهەفتەی رابووردوودا جارێكی تر ئەو پرسیارەی لای چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق زیندووكردەوە كە ئایا كابینەكەی (محەممەد شیاع سوودانی) لەبەڕێوەبردنی حكومەتی عێراقیدا هاوشێوەی كابینەكانی پێشووی خۆی دەكەوێتە ژێر هەژموونی گرووپە میلیشیاییەكانی سەر بەئێرانەوە یاخود سنورێكیان بۆ دادەنێت، ئەمریكا زۆر بەوریایی و گومانەوە لەسیاسەتەكانی سوودانی دەڕوانێت، بەڵام دەرگاشی دانەخستووە بۆ هەنگاونان بۆ هەبوونی بەهێزكردنی زیاتری متمانە بەسوودانی. هەرچەندە دوابەدوای هێرشەكەو كوژرانی هاووڵاتییە ئەمریكییەكە گروپێكی شیعە بەناوی (ئەهل كەهف) كوشتنەكەیان لەئەستۆگرت و سوودانی سەرۆك وەزیرانیش فەرمانیكرد كە لێكۆڵینەوەیەكی خێرا دەستپێبكرێت و بەڵێنیشیدا كە وردەكاری و هۆكاری كوژرانەكەو بكوژانی بەزوویی ئاشكرابكات و ئاماژەی بەوەشكرد كەساتەوەختی تاوانەكە چەندین پرسیاری سەرسوڕمان لەخۆدەگرێت بەتایبەت ئەو كەسە لەساڵی ٢٠٢١ەوە لەعێراقدایە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەو رووداوی كوشتنە ئاشكرا نەكراوە. میلیشیای (ئەهلی كەهف) كە میلیشایەكی زۆر ناسراو نییەو لەساڵی ٢٠١٩ یەكەم چالاكی خۆی بڵاوكردۆتەوە، رایگەیاندووە كوشتنی ئەمریكییەكە لەتۆڵەی كوژرانی (قاسم سلێمانی) و (ئەبو مەهدی موهەندیس)دایە كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەبەغدا لەلایەن ئەمریكییەكانەوە كوژرا. ئەم میلیشیایە كەخۆی بەجیاواز لەمیلیشیاكانی تر وەسفدەكات، بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئەمنی عێراق تەنیا واجیهەیەكە بۆ میلیشیاكانی دیكەو هەموو زانیارییەكانیان لەلای ئەمریكییەكان هەیەو هەركاتێك ئەمریكییەكان بیانەوێت سەركردەكانیان دەكەنە ئامانج. بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگای (كوینزی) ئەمریكیش، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر بەوریایی و گومانەوە لەسیاسەتەكانی سوودانی دەڕوانێت بەتایبەت لەچەندین دۆسیەی وەك رۆڵی سەربازی ئەمریكا لەعێراق و بچووككردنەوەی رۆڵی حەشدی شەعبی و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە لایەنگرەكانی ئێران، بەڵام دەرگاشی دانەخستووە بۆ هەنگاونان بۆ هەبوونی بەهێزكردنی زیاتری متمانە بەسوودانی. ئەوەی ئەمریكییەكانی نیگەرانكردووە لادانی (رائید جوحی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقە كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووەوە دانرابوو بەلایەنگری ئەمریكییەكان ناوی دەركردبوو. هەرچەندە ئەمریكییەكان سوودانی-یان بەلاوە گرنگە ئەویش بەهۆی ئەوەی لەگەندەڵی تێوەنەگلاوەو لەدەرەوەی عێراقەوە نەگەڕاوەتەوە، بەڵام گومانیان هەیە بتوانێت لایەنگری ئێران نەكات و رووبەڕووی میلیشیاكان بێتەوە بەتایبەت بەهۆی باڵادەستی لایەنگرەكانی ئێرانەوە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی كەسوودانیان گەیاندۆتە لوتكەی دەسەڵاتی عێراق، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە سەرۆكوەزیران چۆن بتوانێت رووبەڕووی حەشدی شەعبی ببێتەوەو دەسەڵاتیان كەمتربكاتەوە لەكاتێكدا ئەم دەزگایە بەفەرمی بەشێكە لەدەزگای ئەمنی و سەربازیی عێراقی. بۆ رەوینەوەی شك و گومانەكانی ئەمریكاش سەبارەت بەتواناكانی بۆ رووبەڕووبونەوەی هەژموونی ئێران، هەر زۆر بەزوویی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی چەند هەنگاوێكی گرتەبەر كە یەكێك لەو هەنگاوانە بڕیاریدا هیچ لایەنێكی فەرمی عێراقی بەبێ مۆڵەتی حكومەتەكەی بۆی نییە پێشوازی بكات یاخود سەردانی هیچ وەفد یاخود كەسایەتییەك بكات، هاوكات یەكێكی دیكەش لەهەنگاوەكان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بوو لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی داعش، كەئەمەش لێدانێكی ئاشكرابوو لەهەیمەنەو هەژموونی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا چونكە تیایدا باڵادەستن و بەبیانووی لێكۆڵینەوە لەمۆڵەتی ئەمنی نەیاندەهێشت خێزانە ئاوارە سوننەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان. بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئەمنیش ئەوەی ئەمریكییەكانی زیاتر نیگەرانكردووە هەڵوێستی سوودانییە لەسەر رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق كەتیایدا هەبوونی هێزە ئەمریكییەكان لەناو خاكی عێراقدا رێكخراوە بەتایبەت لەكاتێكدا هێشتا چەكدارانی داعش كۆتاییان نەهاتووەو لەچالاكیدان و ترسیان هەیە بەفشاری ئێران و گرووپە میلیشیاییەكان سوودانی هەڵوێستی عێراق بگۆڕێت، بەڵام زۆرینەی چاودێرانی دۆخەكە بڕوایان وایە چ ئێران و چ حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاییەكانی دیكە نایانەوێت ئەم دۆخەی هەیە تێكیبدەن و دەیانەوێت ئاوا بمێنێتەوە چونكە لەبەرژەوەندی خۆیانە.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رێنوێنی كرد دەستەیەكی باڵا بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لەگەڵ تێمێكی پشتگیردنی پێكبهێنرێت. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا، دەڵێت: لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەپێی بەرنامەی وەزاری و بەشێوەیەكی ناكلاسیكی كەبەسەر نەرێنیەكانی رابردوودا بەسەركەوێت، ئەمڕۆ چوار شەممە، دەستەی دەستپاكی، دەستەیەكی جیاواز لەژێر ناوی " دەستەی باڵا بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی" پێكهێنا، بەمەبەستی پەلەكردن لەرووبەرووبوونەوەی پرسە گەورەكانی گەندەڵی و گەراندنەوەی داواكراوەكان بەپرسی گەندەڵی و پارە گشتیە دزراوەكان. ئاشكراشیكرد: سەرۆك وەزیران رێنوێنی كرد كەتیمێكی پاڵپشت بەدەسەڵاتی فراوانەوە دابمەزرێت بۆ ئەوەی پشتگیریەكی تەواو لەدەستەی باڵا بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی بكات لەكردنەوەی ئەو پرسانە، عەبدولكەریم عەبد فازل بەرێوبەری گشتی لەوەزارەتی ناوخۆ سەرۆكی ئەم تیمە دەبێت. رونیشیكردەوە: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رێنوێنی ئەوەشی كرد كەرێكارەكانی تیمی ناوبرا لەچوارچێوەی بەردەستبوونی هەموو گەرەنتیەكانی دەستوور و یاساكان بێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەمافی مرۆڤەوە.
هاوڵاتی زیاتر لەدوو مانگە ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو لەو ماوەیەدا بەپێی دوو ئاماری جیاواز نزیكەی 15 بۆ 30 هەزار كەس دەستگیركراون، كە بەپێی ئەو تۆمەتانە بێت كەحكومەت دەیەوێت دژی خۆپیشاندەران بیسەپێنێت رەنگە زیاتر لەهەزار كەس سزای سێدارە بیانگرێتەوە. لەئامارەكانی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران دەركەوتووە لانیكەم لە 60 رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا زیاتر لە 350 كەس بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان لەو وڵاتە كوژراون و میدیاكانی دەسەڵاتیش زیاترین هەوڵی خستوەتەگەڕ بۆ تاوانبار پیشاندانی كوژراوان و دەستگیركراوان و تەنانەت ژمارەیەك لەو كوژراوانەی كە لەلایەن خەڵكی وڵاتەكەوە بەشەهیدو پاڵەوانەكانی ئازادی ناودەهێنرێن لەمیدیای دەسەڵاتەوە وەك تاوانبارو دەستی دەرەكی بەڵگەی ساختەیان لەسەر بڵاو دەكرێتەوە. لەلایەكی دیكەوە دەسەڵات، تۆمەتی جیاخوازیی دەداتە پاڵ كوردو بەلوچ و سوننە، لەبەرامبەردا مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی كوردستان و سیستان و بەلوچستان و رایانگەیاندووە: هەڵسوكەوتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خەڵك و خۆپیشاندەران پێچەوانەی بنەماو رەوشتی ئیسلامییە. دوای 40 رۆژ لەكوژرانی دەیان كەس لەسیستان و بەلوچستان دواجار عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران وەفدێكی رەوانەی ئەو پارێزگایە كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و نوێنەرانی خەڵك كۆببنەوە لەكاتێكدا پێشتر میدیاكانی دەسەڵات پێشەوای ئاینیی و خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار كردبوو بەوەی كە بەپارەی سعودیە دژایەتیی كۆماری ئیسلامی لەئێران دەكەن. تائێستا ژمارەیەك هونەرمەندو گەنج و لاوی كورد لەدوای دەستگیركردنیان لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوەو بەگشتی تائێستا حكومەت داوای سزای سێدارەی بۆ 20 دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان كردووە. تۆمەت و دانوستان تۆمەتباركردن دەستی دەرەكی و سزای سێدارە دوو چەكی سەرەكین كە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی ناڕەزایەتییەكان و تەنانەت پێشەواو پێشنوێژەكانی سوننە بەكاردەهێنرێن. رۆژی یەكشەمە(13/11/2022) عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی وەفدێكی بۆ دانوستان لەگەڵ خەڵكی ئەو پارێزگایە رەوانە كرد كەزۆرینەیان لەڕووی مەزهەبییەوە سوننەن. وەفدەكە لەگەڵ مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەكانی پارێزگاكەو پێشنوێژی سوننەكان لەشاری زاهیدان كۆبوونەوەو رایانگەیاند هەڵگری پەیامی دۆستانەن بۆ دۆستەكانیان لەسیستان و بەلوچستان لەكاتێكدا میدیاكانی وەك ئاژانسی هەواڵی فارس و تەسنیم كە دوو میدیای سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن مەولەوی عەبدولحەمیدیان تۆمەتبار كردبوو بەوەی كە بەپارەی سعودیە هانی جیابوونەوەی سیستان و بەلوچستان و نانەوەی ئاژاوە دەدات. مەولەوی عەبدولحەمید، دوای كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لەدانیشتوان و نوێژخوێنانی شاری زاهیدان و خاش رایگەیاند؛ دەبێت ریفراندۆم بكرێت بۆ ئەوەی دەركەوێت خەڵك دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ناوێت كە بیكوژێت، ئەو پشتیوانیی لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و شاری سنە كردبوو بۆ بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتییەكان. محەمەد جەواد حاج عەلی ئەكبەر، سەرۆكی شاندەكەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە، خامنەیی بەهۆی رووداوەكانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زۆر نیگەران و خەمبارەو داوای كردووە لەگەڵ كەسوكاری كوژراوان كۆببنەوەو دڵنەواییان بدەنەوە. بەپێی ئامارەكان یەك لەسەر سێی كۆی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران گەنجان و لاوانی سیستان و بەلوچستان بوون لەكاتێكدا بەهەژارترین پارێزگای وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان كەدەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن كەس و زۆرینەیان بە رەچەڵك بەلوچ و لە رووی ئاینییەوە موسوڵمانی سوننەن. مامۆستایانی ئایینی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی رەتدەكەنەوە مامۆستایانی ئایینی شاری سەقزو ناوچەكانی سەر بەو شارە لەبەیاننەمەیكەدا كە لەمزگەوتی نور لەشارەكەو لە نوێژی هەینی رابردوو بڵاوكرایەوە، رایانگەیاند؛ بەهۆی گەندەڵی رێكخراوو نادادپەروەری لەدامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران خەڵكی كورد رووبەڕووی ستەم بوونەتەوەو هاوشێوەی برینێكی چارەسەرنەكراو زامەكانیان قووڵتر بووەتەوە. لەبەیاننامەكەدا هاتووە سەرەڕای ئەوەی دوو مانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، تێپەڕیووە بەڵام دەسەڵاتداران گوێ لە خەڵك ناگرن لەكاتێكدا دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاربوو كەرامەت و مرۆڤایەتیی و سەرو ماڵ و ئاسایشی خەڵك بپارێزیت، بەڵام حاشا لەڕاستی رووداوەكان دەكات و خەڵكی ناڕازی دەكوژێت و بەشێویەكی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ دەستگیركراوان دەكات. مامۆستایانی ئایینی سەقز پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپاتكردووەتەوەو داوای ئازادكردنی بێمەرجی دەستگیركراوانیان كردووەو هاوكات پشتیوانییان بۆ لێدوانی ئەو مامۆستایانەی شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەربڕیوە كەپشتیوانیان لەناڕەزایەتییەكان كردووە. حكومەت بەسزای سێدارە هەوڵی سەركوتی ناڕەزایەتییەكان دەدات دەزگای داد لەئێران تائێستا داوای سزادانی دوو هەزارو 750 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی كردووە و زۆربەیانی تۆمەتباركردووە بەهەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی، لانیكەمی سزاكەی یەك ساڵەو دەكرێت ئەو سزایە بۆ زیاتر لە 15 ساڵیس بەرز ببێتەوە. ژمارەیەكی زۆریش لەدەستگیركراوانی دوو مانگی رابردووی ناڕەزایەتییەكان تۆمەتی دژایەتی خودا (محاربە) و (مفسد في الارض) دراوەتە پاڵیان كە بەپێی یاساكانی ئێران سزای سەرەكیی ئەو كەسانەی كە ئەو دوو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ ببێتەوە، لەسێدارەدانە. لەلایەكی دیكەوە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە تائێستا سێ دەستگیركراوی كورد لەكەرەج و تاران تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودایان لە لایەن دادگاكانی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە كەدەبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو دەستگیركراوانەدا. كۆماری سێدارە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی رایگەیاندووە ساڵی 2021 زیاترین سزای سێدارە لەئاستی جیهاندا لەئێران جێبەجێ كراوەو لەساڵی 2017 تا 2021 لەڕیزبەندی یەكەم وڵاتی جیهان بووە كەزیاترین سزای سێدارەی بەراورد بەژمارەی دانیشتوانی ئەنجامداوەو لەساڵی رابردووشدا لانیكەم ناوی 314 كەس لەو وڵاتە ئاشكرابووە كە لەسێدارە دراون. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە لەساڵی 2020 چین و ئێران و میسرو سعودیە زیاترین سزای سێدارەیان لەسەر گۆی زەوی جێبەجێ كردووە. رێكخراوەكە لەساڵی 1973 كاری كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزای سێدارە لەجیهانداو رایگەیاندووە لەساڵی 2020 كەمترین ژمارەی لەسێدارەدان روویداوە كە گەیشتووەتە 483 حاڵەت، بەڵام زیاتر لەنیوەی ئەو ژمارەیە لەسزای سێدارەدان لەئێران جێبەجێکراوە. كۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵەدا 246 سزای سێدارەدانی جێبەجێ كردووەو ئەوەش لەڕاپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا تۆماركراوە، بەڵام رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە هیچ كەس و لایەنێك ژمارەی راستەقینەی جێبەجێكردنی سزای سێدارە لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتی چینەوە نازانێت چونكە سەرجەم حاڵەتەكان بەنهێنی جێبەجێ دەكرێت و ژمارەكە ئاشكرا نییەو تەنها پێشبینی دەكرێت ساڵانە نزیكەی هەزار كەس لەو وڵاتە لەسێدارە بدرێن. لێبوردنی نێودەوڵەتی روونی كردووەتەوە رێكخراوەكەیان تەنها پشت بەو دۆسیانەی سزای سێدارە دەبەستێت كە تۆماردەكرێن، بۆیە لەساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیە پێكەوە 88%ی كۆی سزاكانی سێدارەیان لەجیهاندا جێبەجێكردووە. لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كەبنكەی سەرەكیی لەشاری ئۆسلۆ-ی پایتەخی وڵاتی نەرویجە ساڵی 2020 بڵاویكردەوە لەو ساڵەدا 267 كەس لەئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێكراوە كەچوار كەسیان منداڵ بوون و تەمەنیان نزیكەی 15 ساڵ بووەو لەساڵی 2018 نزیكەی 273 سزای سێدارە جێبەجێكراوەو لەساڵی 2019 ژمارەی لەسێدارەدان 280 حاڵەت بووە. رێكخراوەكە رایگەیاندووە رێژەی لەسێدارەدان لەساڵی 2021 بەراورد بەساڵی 2020 زیاتر لە 10% زیادی كردووە چونكە لەئەمساڵدا 267 كەس لەسێدارە دراون و 82%ی جێبەجێكردنی سزاكان بەنهێنی بووەو پێشتر كەسوكاری لەسێدارەدراوەكان ئاگادار نەكراونەتەوە.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئیندۆنیزیاوە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کورستانی کرد ورایگەیاند؛ ئەمریکا پشتیوانیی لە کورد لە سوریا دەکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی لوتکەی (جی 20) لە ئیندۆنیزیا، لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ و پشتیوانیییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: هەرلایەنێک بەناوی تێکۆشان دژی داعش پشتگیری لە پارتی یەکێتی دیموکرات(پەیەد) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هابەشی ئەوانە. ئەو وتیشی : داوا لە هەمو دۆست و هاوپەیمانەکانمان دەکەین پشتگیری تورکیا بکەن لە روبەڕوبونەوەی تیرۆردا. ئەردۆغان؛ جەختی کردەوە بەردەوامدەبن لە ستراتیژی روبەڕوبونەوە و لەنابردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە. لێدوانەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، بەرپرسانی تورکیا لە دوای تەقینەوەکەی رۆژی یەکشەممە (13/11/2022) لە ئیستەنبوڵ پەکەکە و پەیەدەیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجام دانی تەقینەوەکە، ئەو لایەنانەش رەتیانکردەوە کە پەیوەندیان بە تەقینەوەکە هەبێت.
هاوڵاتی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە کامیاران کوژرا لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردوی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان و کامیاران و سنە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و چوار کەس کوژران. سەرچاوەکانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ لە کامیاران گەنجێک بە ناوی فواد محەمەدی تەمەن 38 ساڵ کە باوکی دو منداڵ بوە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و لاوێکی ئەو شارەش بەوهۆی ئەوەی گولـلـە بەر ملی کەوتوە گیانی لەدەستداوە. هەر لە شاری کامیاران لانیکەم 50 کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان برینداربون. لە شاری سنە دو گەنج بە ناوەکانی عیسا بیگلەری و زانیار ئەڵڵامورادی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار کراون و دواتر لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە شاری کامیاران ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. شەوی رابردو لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێزە ئەمنییەکانی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەوەش کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
هاوڵاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە مانگی سێیەم و زیاتر لە 60 رۆژە مانگرتن و خۆپیشاندان لە شەقامەکان و ناڕەزایەتیی و گردبونەوە لە زانکۆ و خوێندگاکان بەردەوامە و رۆژی سێشەممەش زۆربەی شاروشارۆچکەکان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان مانیان گرت و بە شەویش شەقام و کۆڵانەکان بوە شوێنی سەرهەڵدانی گەنجان. رۆژی سێشەممە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی ئێران رۆژێکی سەختیان بەڕێکرد و شەویش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی و خۆپیشاندانی گەنجان لە کۆڵان و شەقامەکان بواری پشودانیان بۆ نەمایەوە چونکە لە دەیان شار و شارۆچکە و سەرتاسەری ئەو وڵاتە یادی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 کرایەوە کە با (ئابان 98) ناودەهێنرێت و زیاتر لە هەزار و 500 کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ دومانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتییەکانیش لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. هەر بۆ یادکردنەوەی کوژراوانی ئەو خۆپیشاندانانە و ناڕەزایەتییەکانی دو مانگی رابردو و ناڕەزایەتییەکانی ئابان لە زانکۆکانی تاران و رمێ و کرماشان و سنە و شیراز و تەبرێز و چەند شارێکی دیکەش مانگرتن و گردبونەوە بەڕێوچو. خوێندکارانی زۆربەی زانکۆکانی ئێران هۆڵەکانی خوێندنیان بایکۆت کرد و بە دروشم و گردبونە بەردەوامبون لە دربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی سێشەممە لە سەقز و سنە ، کامیاران و دێولان، مەهاباد و بۆکان و بانە ، دیواندەرە و دێولان و دەیان شاری دیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەمیان دوکان و بازاڕەکانیان بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتیی نەکردەوە. بە گشتی لە دو مانگی ناڕازەیەتییاندا زیاتر لە 12 جار مانگرتنی سەرتاسەریی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچوە. هاوشان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارە گەورەکانی ئەهواز و بەندەرعەباس و تاران و ئەسفەهان و شیراز و تەبرێز و دەیان شاری دیکە، دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە و ئەوەش گەورەترین مانگرتنی سەرتاسەرییە کە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و کاسبکاران بەشدارییان تێدا کرد. شەوی سێشەممە گەنجانی شارەکانی ئیلام و کرماشان و کامیارن و سنە و قوروە و بۆکان و مەهاباد و جوارنڕۆ و روانسەر و پاوە ورمێ و بانە و دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان ئاگریان کردەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروشمەکان دژی بەکرێگیراوانی خۆجێی دەسەڵات (جاش) بون و هاوکات دروشمی ژن ژیان ئازادی و ژیان و کار و ئازادی وترانەوە. لە شێراز کچان و خوێندکاران لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و شۆفێرانیش بە هۆڕنی بەردەوام پشتیوانیان لە ناڕەزایەتییەکان کرد. لە زۆربەی شەقامە سەرکییەکان زۆربەی ناوچەکانی تاران تا درەنگانی شەو ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە پارێزگای مەرکەزی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە لایەن گەنجانەوە سوتێنرا. لە شارەکانی بابۆل و لاهیجان و گولسار و رەشت لە باکوری ئێران خۆپیشاندان تا کاتژمێرەکانی شەو بەردەوام بو. لە شارەکانی هەمەدان و بجنورد و مەشهەد شەقامەکان شەوێکی قەرەباڵخیان تێپەڕاند و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رویدا. ئەهواز و بەندەرعەباس و دەیان شاری عەرەب نشینی باشوری ئێران خۆپیشاندانیان کرد. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کورستان بڵاویان کردوەتەوە لە 60 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 64 کەس کوژراون . هاوکات ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە بە گشتی لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا 344 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی 140 شار و شارۆچکەی ئێران کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەست و راسپاردنی 12 راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی نووسراوێک کە رۆژی 14-11-2022 لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە، لەسەر بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، گرێبەستی کارەکانی ئەم ناوانەی خوارەوە وەک راوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆتاییهاتووە کە بریتین لە: 1- حەسەن سەوادی ئەبوو تەبیخ 2- سەفا سەباح ناسر 3- عەبدولحەلیم جەواد کازم 4- مونقیز محەممەد مەحموود 5- حەیدەر فازڵ مستەفا 6- تاڵیب جەبار مەتەر 7- هەیسەم مەجید محەممەد عەلی 8- عەبدولحوسێن هەنین عەباس ( لەسەر داواکاریی خۆی) 9- عەلی بەدر حوسێن 10- رەشید ئەحمەد رەشید 11- د. هەیسەم رەمەزان عەبد عەلی 12- محەممەد عەبدولسادە قەبتان ئەمەشلەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 01-11-2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاردرا سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەسەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی دەرکرابوون.
هاوڵاتی هەپەگە ئاماری شەڕی ٧ مانگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ٢ هەزار و ٥٥٣ چالاکی گەریلاکاندا ٢ هەزار و ٥٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١١ هەلیکۆپتەریش خراونەتە خوارەوە و ٢ تانکیش تێکشکێنران. داگیرکەرانیش ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی هێرشیان کردووە و ١٧٤ گەریلا شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماری ٧ مانگی شەڕی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس و شەهید ساواش مەرەش لە جەنگی خابوور دا لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پارتیمان پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ١٩٧٨دا دامەزراوە و گەلەکەمانی لەسەر لێواری پاکتاوکردن و سڕینەوەوە هێنایە سەر هێڵی بەرخۆدان و سەرکەوتن، ئەمڕۆ بووەتە هیوای ئازادیی گەلانی چەوساوە، ژنان و گەنجان. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی لە کوردستان، کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە لۆکاڵی و ناوچییەکانی پاکتاوکاری و داگیرکەری بە گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ڕووبەڕووی قورسترین و بەربڵاوترین هێرشی مێژوو دەبێتەوە. هێزە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت لە کەسایەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە تەواوی هیوای ئازادیی گەلان لەناو ببەن، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سیاسی و سەربازیی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە دەکەن. دەوڵەتی تورکی فاشیست پشت بە پێشکەوتووترین تەکنیکی ناتۆ دەبەستێت و بە هەموو شێوازەکانی شەڕی پیس هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی گەلەکەمان. سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی، کە بۆی ڕەخسێنراون نەیتوانی لە بەرامبەر ئیرادەی ئاپۆیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا ئەنجام بەدەست بهێنێت. هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ماوەی ٧ مانگی تێپەڕاند. لەم ماوەی ئەم ٧ مانگەی شەڕی قورسدا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، ئەو قارەمانیانەی، کە ئافرێنران، هێڵی بەرخۆدان و شێوازی شەڕی فیدایی جارێکی دیکە بە ڕوونی دەریانخست، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکناشکێن. هێزی ستراتیژی ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، کە بە پێی هەلومەرجی سەردەمی نوێ جێبەجێ دەکرد، شێوازی شەڕی تیمە، کە پشت بەستووە بە بنەمای شەڕی تونێل و گۆڕەپانەکان و ئەوەش بە شێوەیەکی لێزانانە و شارەزایانە جێبەجێ دەکەن، ئەنجامەکانیش دەریدەخەن، کە لەسەر هێڵی سەرکەوتن بەرەو پێش دەڕۆن. داگیرکەران هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان بەکارهێنا سوپای تورکی داگیرکەر، کە بەرامبەر بە ئیرادەی بەهێزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێچارە بووە، بە فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەری هێرشبەر، تانک و تۆپی جۆری ئۆبوس و هاوەن هەزاران جار بۆردومانی ناوچەکانی بەرخۆدانی هێزەکانمانیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادە و ڕۆحیەتێکی فیدایی بست بە بست خاکی کوردستان دەپارێزن. سوپای تورک، کە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکان پێشڕەوی بکات، جارێکی تر ڕووی پیسی خۆی نیشاندا و هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی لەسەر تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا. سەرەڕای ئەو هێرشانەی سوپای تورکی داگیرکەر، کە بە بەرچاوی جیهانەوە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، هێزەکانمان سەختترین هەلومەرجدا بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدان دەکەن. گەریلاکانی ئازادیمان، کە خۆیان بە فەلسەفەی ئاپۆیی ڕازاندووەتەوە و بە شێوەیەکی فیدایی شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن، وەک هێزی سەرەکیی خۆپاراستنی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن و بە هەموو شێوەیەک قوربانی دەدەن و بەرخودانێکی شکۆمەدانە نیشان دەدەن، کە بەرخوددانێک لەم ئاستەدا لە مێژوودا نەبینراوە. گەریلاکانی ئازادیمان گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن گەریلاکانی ئازادیمان لەسەر هێڵی فیدایی هەڤاڵانمان سارا تۆڵهەڵدان گۆیی و ڕووکەن زەلال بەرەوپێش دەڕۆن، لە باکورەوە بۆ باشور لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانەکاندا درێژە بە بەرخودانی نەپساو و بێ ڕاوەستانی خۆیان دەدەن و گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن. هێزەکانمان بە چالاکیی بۆسەدانان، دزەکردنە ناو دوژمن، هێرش، تەقاندنەوە، نیشانەشکێنی، بە چەکی قورس و بە چالاکیی گەریلایی هەماهەنگ و چالاکی شۆڕشگێڕی بە ڕۆحی بەرخۆدان و بوێرییەکی بەرز، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. هێزەکانمان تاکتیکی گەریلاکانی سەردەمی نوێ بەکاردەهێنن و ئاستی کارامەیی خۆیان لە شەڕدا بە ڕوونی دەردەخەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ناوچەکانی بەرخۆداندا گورزی قورس لە داگیرکەران دەدەن و چالاکیەکانیان تۆمار دەکەن و وەک بەڵگە پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەن. ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانێت بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان دا بەرگە بگرێت لە ڕێگەی میدیاکانی خۆی بۆ جەنگی تایبەت هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت تاوانەکانی شەڕ و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بشارێتەوە. ئەو سەربازانەی، کە لە ژیر فەرماندەیی خولوسی ئاکاردا تەرمی سەربازەکانی خۆیان لە مەیدانی جەنگ دا بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست گەریلاکان، لەسەر بەردە بەرز و گابەرد و کەندەڵانەکانەوە هەڵیاندەدەنە خوارەوە، بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر هێرشیان دەکەنە سەر و دەیانسوتێن و بەوە هەوڵ دەدات لەناویان ببات. ئەمەش دەریدەخات، کە چەندە لە سەرەتاییترین بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان دوورن. زانیاری روون لەبارەی ناسنامە و بەڵگەنامەکانی تەرمی سەربازان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندان زۆرجار بۆ رای گشتی ئاشکرا کران. جارێکیتر ئەوە سەلمێنراوە کە وەزیری شەڕی تایبەت خولوسی ئاکار ئەو سەربازانە بەرەو شەڕی قورس لە کوردستان دەنێرێت، لە هەمان کاتدا ئاکار خاوەنداری لەسەربازە کوژراو و زیندووەکان ناکات، بەوەشەوە ناوەستێت و بڕیار دەدات کە تەرمی کوژراوەکان لەناوببرێن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە پڕپڕبووە لە تاوان و کەوتووەتە تەنگەژەوە و لەبەر ئەوەشە فاشیستانەترین گوشار بەکاردەهێنێت و هەوڵ دەدات لە تورکیا کەسانی دژی ئەم شەڕەش بێدەنگ بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و مێژوودا دادگایی دەکرێن. لە شەری ئەم حەوت مانگەدا سوپای تورکی داگیرکەر ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتەسەر تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و تاوانی شەڕی کردووە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گشتی ٢٥٥٣ چالاکییان ئەنجامداوە و گورزی دژواریان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاندووە. لە ئەنجامی چالاکی بەهێزی گەریلاکان کە تاکتیکی دەوڵەمەندی گەریلا پێکەوە بەکاردەهێنن، ٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون و ٣٦٦ داگیرکەریش برینداربوون. گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە لەبەرامبەر هێرشە پاکتاوکارییەکان لەسەر گەلەکەمان بە گیانێکی لەخۆبوردووانە و هەوڵدانێکی گەورەوە شەڕ دەکەن، لەسەر هێڵی شەهیدان سەرفرازییان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج و درێژە بە پارێزگاری لە گەلەکەمان و خاکی پیرۆزی کوردستان دەدەن. لە شەڕی ٧ مانگدا ١٧٤ هەڤاڵمان لە بەرەکانی پێشی پێشەوەی شکۆمەندانە ترین بەرخودانی مێژوو بەشدارییان کردووە، گورزی قورسیان لە داگیرکەران داوە، تا کۆتا هەناسەیان بە گیانبازی شەڕیان کردووە و شەهید بوون. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانمان باگەر، هێرش، بڵند، رێڤان، جوانا، سیپان، باز، نوری، مزگین، رۆهات، شارستان، ماهیر، ئاڤزەم، دۆغان، نالین، گوڤەن، زەمانی، رۆناهی، هەڵبەست، فەدایی، سیابەند، بەرفین، مێردین و لەم دواییەشدا ١٧ هاوڕێ کە بە هێرشی کیمیایی شەهید بوون، ئێمە هەموو ئەو شەهیدانەمان کە داستانی قارەمانێتییان نوسیوەتەوە بە رێز و پێزانین بە بیردەهێنینەوە. بەڵێن دەدەین لە سەر بنەمای هێڵی شەهیدان بەرخودان گەورە بکەین و یادی شەهیدانمان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئاماری شەڕی حەوت مانگ ئاماری شەڕی حەوت مانگ لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بەم جۆرەیە: ئەو چالاکیانەی کە هێزەکانمان ئەنجامیانداون: -بەشێوەی بۆسەنانەوە، چونەسەر، سابوتاژ، نیشانشکێنی، چەکی قورس، شەڕ، لێدان، چالاکی رێکخراوی گەریلا، هێزی پاراستنی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە زۆر شێوە و رێباز ٢٥٥٣ چالاکی کراون. لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا: -٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون کە ١٢یان کۆنترا، ١٨یان پلەی سەربازی بەرزیان هەبووە. -٣٦٦ داگیرکەر برینداربوون. ئەوەندەی بۆ هێزەکانمان دەستنیشان کراوە، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا؛ -٣٦٩٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کراوە. -٤٨٨٦ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان ئەنجامدراوە. - سەنگەر و تونێلەکانی شەڕی هێزەکانمان ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو لە ئاستی نێونەتەوەیی (بۆمبی فۆسفۆڕ، بۆمبی تەرمۆباریک، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی) و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. ئەو چەک و کەرستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە: -١٠ چەکی ئێم پی تی-٥٥ -٤ چەکی ئەی کەی – ٤٧ -٣ چەکی جی-٣ -٣ چەکی بۆمبهاوێژ -٢ چەکی ئێم – ١٦ -٢ چەکی ئێچ کەی -٤١٦ -چەکێکی بی کەی سی - چەکێکی بی-٧ چەکێکی ئێم پی تی- ٦٦ -٤ دەمانچە - ٤ فیشەکی بۆمبهاوێژ - ٨٤٨ فیشەکی ئێم -١٦ و بی کەی سی -١٨ نارنجۆک و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دوکەڵ -٤ هێلەکی هێرشبردن (پۆڵا) -٤ قەڵغانی پۆڵا -٣ رەخت -١٢ مەخزەن -٧ دوربینی شەو/رۆژ -٣ دوربینی تەرماڵ - ٣ ئامێری لەیزەر -٢ ئامێری لەیزەری سەر چەک - کامێرایەکی تەرماڵ - دوربینێکی لەیزر - ٤ سیستمی کامێرای حەراری -٣ کامێرای سەر -سیستمێکی راداری گەڕۆک -٢٤ کیلۆگرام تەقەمەنی - ٤ مین - ئامێرێکی تەقاندنەوەی مین - ئامێرێکی دۆزینەوەی مین - ٧ تەلەفونی دەستی - ٣ ئامێری پەیوەندی بێتەل - پانێڵێکی وزەی خۆر - کۆمپاس یان ئامێری دۆزینەوەی ئاراستە -٤ چەقۆ (قەمە) -٦ جانتای سەربازی -٢ کڵاوی سەربازی -٢ خودی سەربازی -٩ لایتی دەستی - ٢ ئامێری بارگاویکەری وزە یو پی ئێس - بزوێنەرێکی وزە - ٢ شریتی تی ئێن تی، سی فۆر - پارچەکانی سیستمی کامێرای حەراری ئەو ئۆتۆمبێل و کەرستە سەربازیانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە لەناوبراون؛ -٨هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -٢ تانک -١٧ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش-سەربازی -٤ حەفارە - ٦٥ سیستمی کامێرای حەراری -٥٢ درۆن -٨ رادار - پێنج کامێرای چاودێری تەرمال - ٢ تلیسکۆپ -٣ ئامێری بڕینی تەیوەندی (ژامەر) -٣ هەستەوەری گەڕۆک - ٣ ئامێری گوێگرتن لە پەیوەندی دەنگی -داو و بۆسەیەکی وێنە - کەرەڤانەیەک - ٩٩ سەنگەر -٣٤ خێمەی سەربازی -خواردنگەیەک -سیستمێکی گواستنەوەی گازی کیمیایی -کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی - پێنج چەکی ئەی٤ - ٢ چەکی بی کەی سی -٣٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی - ١٠ داوی تەقاندنەوە - سەنگەرێکی ئەی-٤ - ٢ ئامێری چەکی کیمیایی - ٢ ئامێری هەوا - بۆمبهاوێژێک - چەکێکی ئەی تی- ٤ -قەڵغانێک ئەو ئۆتۆمبێل و کەەرستە سەربازیانەی هێزەکانمان گورزیان لێوەشاندن؛ -٤٧ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣٢ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -١٩ سەنگەر -١٢ درۆن -٩ حەفارە - ٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش -٣ خێمەی سەربازی
هاوڵاتی دوو ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنن، تاوتوێ و پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا کە بە "سەربازیی ناچاری" ناسراوە، دوادەخرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئەو ئامارانەى گەیشتوونەتە لیژنەکە، سەربازگەکانى عێراق تواناى لەخۆگرتنى 10 هەزار سەربازیان هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر یاسەکە پەسند بکرێت، 200 هەزار کەس دەکرێنە سەرباز. سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە کەناڵی (رووداو)ى راگەیاند، "پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا بێدەنگى لێکراوە و ئەگەر زۆرە دوابخرێت لەبرى ئەوەى جگە لە فراکسیۆنە شیعەکان بەشێک لە سوننەکانیش لەدژى تێپەڕاندین." گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیاسایە کۆتایی پێهات." بەگوێرەى خشتەى کارى پەرلەمانى عێراق، دەبووایە شەشى تشرینى دووەمى 2022، یەکێک لە بڕگەکانى کۆبوونەوەى ئەو رۆژەى پەرلەمان، خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاسای "خزمەتى ئاڵا" بووایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان، پڕۆژەیاساکە لە خشتەى کار لادراو خوێندنەوەى یەکەمى بۆ نەکرا. یاسر ئەسکەندەر، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، "پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا دواخراوە کە پێناچێت لەم خولەى پەرلەماندا پەسند بکرێت، بەهۆى ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەو یاسایە." هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان پاڵپشتى پەسەندکردنى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا دەکەن، بەڵام کورد و زۆرینەى شیعەکان دژن.