هاوڵاتى دادگاى باڵاى تورکیا بڕیارى ده‌ستگیرکردنى بۆ له‌یلا گۆڤه‌ن هاوسه‌رۆکى که‌جه‌ده‌ ده‌رکرد که‌ 22 ساڵ و سێ مانگ ده‌بێت زیندانى بکرێت. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ى کانونى یه‌که‌مى 2020، له‌دانیشتنێکى دیکه‌ى دادگایى کردنى له‌یلا گوڤه‌ن هاوسه‌رۆکى کۆنگره‌ى جڤاکى دیموکراتى که‌جه‌ده‌ له‌ دادگاى تاوانه‌ قورسه‌کانى ئامه‌د به‌ڕێوه‌چوو 18 تۆمه‌تى جیاواز رووبه‌ڕووى هاوسه‌رۆکه‌که‌ى که‌جه‌ده‌ کرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو خۆى ئاماده‌ى دانیشتنه‌که‌ نه‌بوو، دوو پارێزه‌رى به‌شدارى دانیشتنه‌که‌یان کرد. دادگا به‌ تۆمه‌تى دروستکردنى رێکخستنى نایاسایى و ئه‌ندامیه‌تى له‌ رێکخراوى "تیرۆر" و هاندانى خه‌ڵک بۆ کۆبوونه‌وه‌ و به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌ دژى یاسا تاوانبارى کرد. هاوکات دادگا بڕیاریدا به‌ 22 ساڵ و سێ مانگ سزاى زیندانى کردن له‌سه‌ر له‌یلا گۆڤه‌ن بسه‌پێنێت و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیر بکرێت و ره‌وانه‌ى زیندان بکرێت. له‌یلا گۆڤه‌ن که‌ هاوکات هاوسه‌رۆکى کۆما جڤاکێن دیموکراتى (که‌جه‌ده‌)یه‌ و یه‌کێک له‌ چالاکترین په‌رله‌مانتاره‌کانى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) بوو، به‌ڵام به‌هۆى سه‌پاندنى حکومێکى دیکه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌کى دیکه‌ له‌مانگى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ له‌یلا گۆڤه‌ن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌ندامێتى په‌رله‌مانى لێسه‌ندرایه‌وه‌. گۆڤه‌ن له‌ رۆژى 31ى کانونى دووه‌مى ساڵى 2018ه‌وه‌ زیندانى کرابوو، نزیکه‌ى 80 رۆژ له‌ دژى گۆشه‌گیرکردنى ئۆجه‌لان مانى له‌خواردن گرت و به‌ هۆیه‌وه‌ بارى ته‌ندروستى ناجێگیر بوو.

شاناز حه‌سه‌ن سه‌ره‌ڕاى که‌مبوونه‌وه‌ى گیانله‌ده‌ستدان و تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ده‌ڵێت:»خۆپارێزى له‌کۆرۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت تاکۆتایى پێدێت». ماوه‌ى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه‌ ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان که‌مبووه‌ته‌وه‌و کۆى تووشبووان گه‌یشتووه‌ته‌ (101) هه‌زارو (661) تووشبوو، چاکبوونه‌وه‌ (66) هه‌زارو (903) تووشبوو، سێ هه‌زارو (340) تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى  وت»راسته‌ ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان که‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رێکاره‌کانى خۆپارێزى وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن تا ڤایرۆسه‌که‌ کۆتایى پێدێت». هه‌روه‌ها وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبوون په‌یوه‌ندى به‌ڕێکاره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ئاستى خۆپارێزى تاک هه‌یه‌ تاراده‌یه‌ک، چونکه‌ زیاتر توندکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌و هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى تاکپارێزى و داخستنى قوتابخانه‌کان و هه‌موو ئه‌مانه‌ کاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌که‌مبوونه‌وه‌ى تووشبووان به‌کۆرۆنا. هاوکات، ئاسۆ حه‌وێزى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌، «ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانرێت گه‌ره‌نتى بکرێت»، بۆیه‌ که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووان ماناى ئه‌وه‌نییه‌ که‌ رێکاره‌کان که‌مبکه‌نه‌وه‌، به‌ڵکو تا بوونى حاڵه‌تى کۆرۆنا ده‌بێت رێکاره‌کان وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام بن تا کۆتایى پێدێت».

هاوڵاتى ‌پارێزگارى بانکى ناوه‌ندى عێراق رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تى دارایى به‌رپرسه‌ له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخى دۆلار و ده‌ڵێت:" وه‌زاره‌تى دارایى به‌فه‌رمى داوای لێکردین دۆلارێک بکه‌نه‌ هه‌زارو 450 دینار". ئاژانسى هه‌واڵى عێراق له‌ زارى مسته‌فا موخیف پارێزگارى بانکى ناوه‌ندى ئه‌و وڵاته‌ بڵاویکرده‌وه‌ "وه‌زاره‌تى دارایى به‌فه‌رمى داواى لێکردین نرخى یه‌ک دۆلار بۆ هه‌زار و 450 دینارى عێراقى به‌رزبکه‌ینه‌وه‌". ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار کاریگه‌رى له‌سه‌ر بازاڕى عێراق دروستکردووه‌ و زیان به‌چینى هه‌ژاران ده‌گه‌یه‌نێت". هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه‌ که‌ وه‌زاره‌تى دارایى به‌رپرسه‌ له‌ پاڵپشتیکردنى چینى هه‌ژاران له‌رێگه‌ى دوو هێنده‌کردنى بڕى موچه‌ى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تی. ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق دابه‌زینى به‌هاى دینارى عێراقى به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریکى رایگه‌یاند و نرخى یه‌ک دۆلارى به‌ هه‌زار و 450 دینار له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و به‌ 1460 دینار له‌ بانکه‌کان و به‌ 1470 دینار بۆ هاوڵاتیان جێگیر کرد.  

هاوڵاتى وته‌بێژێک به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا سه‌رکۆنه‌ى ئه‌و کاره‌ تیرۆریستییه‌ى کرد که‌ شه‌وى یه‌کشه‌ممه‌ کرایه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز له‌ به‌غدا. وته‌بێژێک به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاماژه‌ى به‌ به‌رده‌وامى کرده‌وه‌ تاوانکارییه‌کان که‌ ئاسایش و ژیانى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى و ماڵ و موڵکیان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا به‌ ئامانجگرتنى سه‌روه‌رى وڵات و هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌کانه‌ که‌ ده‌نرێت له‌ پێناو پارێزگاریگردن له‌ شکۆى ده‌وڵه‌ت.  هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کراوه‌ که‌"ئه‌م کرده‌وانه‌ زیان به‌ ناوبانگى عێراق ده‌گه‌یه‌نێت‌ له‌ رووى نێوده‌وڵه‌تی و کاریگه‌رى خراپیش ده‌کاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ویش له‌ رێگه‌ى به‌ ئامانجگرتنى نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیبلۆماسییه‌کان که‌ ئه‌رکى پاراستن و سه‌لامه‌تى و ئاسایشیان له‌ ئه‌ستۆى عێراقه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوونه‌ کارپێکراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان". هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا باسله‌وه‌ کراوه‌ که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان پێویسته‌ هه‌وڵى زیاتر بخه‌نه‌گه‌ر بۆ راوودونانى تاقمه‌ تاوانکارییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یاسا و راپێچکردنیان بۆ به‌رده‌م دادگا و رێگریکردن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ى رووداوى له‌و جۆره‌ له‌ پێناو پارێزگاریکردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى وڵات و زامنکردنى ئاسایش و ئارامى هاووڵاتیان. له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌به‌غداد رایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و ژماره‌یه‌ک موشه‌ک ئاڕاسته‌ى ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غداد کراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن سیستمى به‌رگرى ئاسمانى باڵیۆزخانه‌که‌وه‌ تێکشکێنراون و زیانى لاوه‌کیى به‌ شوێنى باڵیۆزخانه‌که‌ گه‌یاندووه‌، به‌ڵام هیچ زیانێکى گیانى و گیانیى لێنه‌که‌وتووه‌. باسى له‌وه‌شکردووه‌: "راپۆرتمان پێگه‌یشتووه‌ ده‌رباره‌ى زیانگه‌یاندن به‌ ناوچه‌کانى نیشته‌جێبوون له‌ نزیک باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا و ئه‌گه‌رى بوونى چه‌ند قوربانییه‌ک له‌ نێو خه‌ڵکى سیڤیلى بێتاوانى عێراق". باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌به‌غداد ده‌شڵێت: " ئێمه‌ بانگ له‌ هه‌موو سه‌رکرده‌ سیاسى و حکوومییه‌کانى عێراق ده‌که‌ین که‌ هه‌نگاو بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ هه‌ڵبگرن و به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن".  

هاوڵاتى  سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند:" که‌س نایه‌وێت راستگۆبێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و به‌رپرسیارێتى تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌که‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ". مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند: "ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵتان راستگۆبم و کار بۆ چاکسازى و گه‌شه‌ى راسته‌قینه‌ بکه‌ین، به‌ڵام به‌بێ ده‌ستبردن بۆ هه‌ژار و به‌شخوراوان".  هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" هیچ که‌سێک نایه‌وێت له‌گه‌ڵ گه‌ل راستگۆ بێت، به‌رپرسیارێتیى چاکسازیى ئابوورى ریشه‌یى له‌ ئه‌ستۆ بگرێت که‌ وڵات به‌ ته‌واوى له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ربهێنێت".

هاوڵاتى ئه‌مشه‌و پێنج کاتوێشا ئاراسته‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ به‌غدا کراوه‌و سیستمى به‌رگرى ئاسمانى ئه‌مریکاش به‌رپه‌رچى داوه‌ته‌وه‌. تا ئێستا زیانه‌ گیانى و ماددییه‌ ئاشکرانه‌کراوه‌ و زه‌نگى ئاگادارکردنه‌وه‌ش له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکاوه‌ لێدراوه‌ پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى گوله‌ کاتوێشاکان. سێ له‌ کاتوێشاکان چوار ده‌ورى باڵیۆزخانه‌ که‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و یه‌کێکشیان له‌ جادریه‌ که‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و ئه‌وى دیکه‌یان که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر بانى ماڵێک.  

هاوڵاتى ‌ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ به‌نوسراوێکى فه‌رمى بانکى ناوه‌ندیى عێراق نرخى نوێى دۆلارى ئه‌مریکى ئاراسته‌ى بانه‌کان کردوه‌ که‌ بۆ هه‌ر دۆلارێک هه‌زارو 450 دینار ده‌بێت. به‌پێى نوسراوه‌که‌ وه‌زاره‌تى دارایى یه‌ک دۆلار به‌ 1450 دینار ده‌فرۆشێت به‌بانکه‌ ئه‌هلییه‌کان، بانکه‌ ئه‌هلییه‌کانیش یه‌ک دۆلار به‌ 1460 دینار ده‌فرۆشن به‌ بازاڕه‌کانى دراوى بیانی.   له‌نوسراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌، له‌بانکه‌ ئه‌هلى و بازاڕه‌کانى دراوه‌کانه‌وه‌ یه‌ک دۆلار به‌ 1470 دینار ده‌فرۆشرێت به‌ کڕیارى ئاسایی. دوێنێ شه‌ممه‌ 20ى کانونى یه‌که‌مى 2020، بانکى ناوه‌ندى عێراقى به‌رزکردنه‌وه‌ى به‌هاى دۆلارى به‌رامبه‌ر دینارى عێراقى راگه‌یاند، پسپۆڕانى ئابورى پێیانوایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ کاریگه‌ریى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر بژێوى هاوڵاتیان و موچه‌خۆران ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى موچه‌ به‌دینارى عێراقى وه‌رده‌گرن.  

هاوڵاتى وه‌زیرى دارایى عێراق ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که‌ نه‌وتى هه‌رێم به‌ 6-7 دۆلار که‌متر ده‌فرۆشرێت له‌ نه‌وتى عێراق و ده‌شڵێت:" له‌گه‌ڵ هه‌رێم گه‌یشتووین به‌ رێککه‌وتن و ماوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندى بکات". له‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021 نرخى به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 42 دۆلار خه‌مڵێنراوه‌ و رۆژانه‌ 3 ملیۆن و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کرێت، که‌ 250 هه‌زار به‌رمیلى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانه‌. عه‌لى عه‌للاوى، وه‌زیرى دارایى عێراق رایگه‌یاند:"سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021  له‌گه‌ڵ کوردستان گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککه‌وتن و داواکارییه‌کانى کوردیان خستووه‌ته‌ نێو پرۆژه‌یاساکه‌ و پرۆژه‌که‌ش ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان کراوه‌، ئێستا ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ که‌ په‌رله‌مانى عێراق پرۆژه‌یاساکه‌ په‌سه‌ند بکات". ناوبراو راشیگه‌یاند:"نه‌وتى هه‌رێم به‌ 6 -7 دۆلار که‌متر ده‌فرۆشرێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت راده‌ست بکات و په‌رله‌مان ره‌زامه‌ند بێت پشکى هه‌رێم ده‌نێرین". ‌عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق، باسى له‌وه‌شکرد ماوه‌یه‌کى زۆره‌ به‌ده‌ست به‌رزى نرخى دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار ده‌ناڵێنن. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار بۆ زیادکردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ و هه‌نارده‌کردنه‌ و ساڵانێکى زۆره‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ده‌ست به‌رزى نرخى دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار ده‌ناڵێنین نه‌مانتوانیوه‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بکه‌ین". هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ بڕیاره‌که‌ دواى دیراسه‌یه‌کى ورد و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ دراوه‌ و پێیانوانیه‌ بڕیاره‌که‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر چینى هه‌ژار دروستبکات. وه‌زیرى دارایى عێراق ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ له‌ بودجه‌ى 2021 دا دامه‌زراندن له‌ داموده‌زگاکانى ده‌وڵه‌ت راده‌گرن:" ئه‌و بودجه‌یه‌ سه‌ره‌تاى چاکسازییه‌، له‌ ئاینده‌شدا هه‌نگاوى دیکه‌ ده‌نێین بۆ جێبه‌جێکردنى پاره‌ى سپى تایبه‌ت به‌ چاکسازی".    

هاوڵاتى بانکى ناوه‌ندى عێراق یه‌ک دۆلارى به‌ هه‌زارو 470 دینار جێگیرکرد. بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ بانکى ناوه‌ندى عێراق سه‌د دۆلار به‌ 147 هه‌زار دینار بخاته‌ بازاره‌وه‌.  

هاوڵاتى وه‌زیرى دارایى عێراق رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوانده‌که‌ن له‌سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌وه‌، به‌هاى 100 دۆلارى ئه‌مریکى نزیک ببێته‌وه‌ له‌ 150 هه‌زار دینار. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، عه‌لى عه‌للاوى  وه‌زیرى دارایى عێراق رایگه‌یاند، به‌رزبونه‌وه‌ه‌ى به‌هاى هه‌ر دۆلارێک بۆ هه‌زار و 450 دینار ده‌رده‌کات، چونکه‌ "ئه‌و نرخه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى فرۆشتنه‌وه‌ له‌ داراییه‌وه‌ بۆ بانکى بێت، ئه‌و په‌راوێزه‌شى بۆ بڕیاره‌که‌ى بانکى ناوه‌ندى زیاد ده‌کرێت، زۆر نابێت، ره‌نگه‌ دۆلارێک بگاته‌ هه‌زار و 490 دینار، که‌ ئه‌مه‌ش نزیکترین نرخه‌ له‌ نرخى بازاڕه‌وه‌". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، په‌رله‌مان و لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى کوتله‌کان ئاگادارى ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ن که‌ حکومه‌ت پێیدا ده‌ڕوات بۆ زیادکردنى به‌هاى دۆلار  به‌رامبه‌ر دینارى عێراقی. هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌ ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌وه‌، بانکى ناوه‌ندى عێراق به‌هاى 100 دۆلارى ئه‌مریکى بۆ 145 هه‌زار دینار به‌رزده‌کاته‌وه‌.  

هاوڵاتى حکومه‌تى عێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا بڕیارى داوه‌ به‌هاى 100 دۆلارى ئه‌مریکى به‌رامبه‌ر 145 هه‌زار دینار جێگیر بکات. دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ کۆبونه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق ئه‌نجامدرا بۆ گفتوگۆکردن و په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 تا ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت، ته‌نها به‌ها دۆلارى به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عێراقى جێگیر کرد که‌ هه‌ر 100 دۆلارێک 145 هه‌زار دینار ده‌بێت، به‌ڵام ده‌نگدانى له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ بۆ سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ دواخستووه‌. له‌ئێستادا له‌ بازارى مامه‌ڵه‌ى دراوه‌کان، سه‌د ۆلار به‌ 139 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت، چاوه‌روان ده‌کرێت به‌هاى دۆلار بۆ سه‌رو 145 هه‌زار دینار به‌رزببێته‌وه‌و بگاته‌ 150 هه‌زار دینار.

هاوڵاتى ‌هێزێکی ئه‌منی زۆر له‌به‌رده‌م بینای بانکی ناوه‌ندی عێراق و ژماره‌یه‌ک فه‌رمانگه‌ی تری حکومی له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق بڵاوکرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یى هێزه‌کانی پاراستنی یاسا له‌ راگه‌یه‌ندراوێکی کورتدا وتی: "هێزه‌کانمان له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وس و به‌رده‌م بینای وه‌زاره‌تی کاره‌با و سه‌ندیکای ئه‌ندازیاران و بینای بانکی ناوه‌ندی عێراق بڵاوکرایه‌وه‌". هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یى هێزه‌کانی پاراستنی یاسا هۆکاری بڵاوکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌ی به‌غدا ئاشکرا نه‌کردووه‌.  

هاوڵاتى ئه‌مڕۆ ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل- هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند :" له‌ کۆى چالاکییه‌کانیاندا له‌ ئه‌مساڵدا 946 سه‌ربازى سوپاى تورکیامان کوشتووه‌ له‌به‌رانبه‌ردا 227 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌) ئامارى چالاکییه‌ سه‌ربازییه‌کان خۆیان و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئاسمانى و وشکانییه‌کانى سوپاى تورکیاى له‌ باکور و باشوورى کوردستان بڵاوکرده‌وه‌ به‌پێى ئاماره‌که‌، له‌م ساڵدا 946 سه‌ربازى سوپاى تورکیایان کوشتووه‌ و 227 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هه‌په‌گه‌ راشیگه‌یاند:" سوپاى تورکیا هه‌زارو 275 ئۆپراسیۆنى ئاسمانى و 120 هێرشى زه‌مینى ئه‌نجامداوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا گه‌ریلا 393 چالاکیى سه‌ربازییان ئه‌نجامداوه‌". هاوکات، ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ به‌هۆى هێرشه‌کانى سوپاى تورکیا بۆ سه‌ر باشورى کوردستان، دوو فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى سوپاى عێراق گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ کۆى ژماره‌ى ئه‌و هاوڵاتیه‌ سڤیلانه‌ى که‌ به‌هۆى هێرش و بۆردومانه‌کانى تورکیاوه‌ شه‌هیدبوون له‌ساڵى 2017 تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ 173 که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.

هاوڵاتى له‌ به‌شى چاودێرى چڕ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى (غازى عه‌نتاب)ى باکورى کوردستان  بتڵێکى ئۆکسجین ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌شت که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و چه‌ند که‌سێکى دیکه‌ش برینداربوون. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ئاژانسى هه‌واڵى ئه‌نادۆڵى تورکى بڵاویکرده‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌ى زانکۆى سانکۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاشکراى کرد، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ به‌شى چاودێرى چڕى تایبه‌ت به‌ توشبوانى کۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ى زانکۆى (SANKO) غازى عه‌نتاب بتڵێکى ئۆکسجین ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و رووداوه‌که‌ به‌هۆى له‌کارکه‌وتنى سیستمى گه‌یاندنى ئۆسجینه‌وه‌ بووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رگرى شارستانى و تیمى نه‌خۆشخانه‌که‌ توانیویانه‌ له‌ که‌مترین ماوه‌دا ئاگره‌که‌ کۆنتڕۆڵبکه‌ن، به‌ڵام هه‌شت که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ که‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 56 و 85 ساڵیدایه‌.

هاوڵاتى   یه‌کێک له‌ فه‌رمانده‌کانى هه‌سه‌ده‌ له‌ ناوچه‌ى عه‌ین عیسا، ڕایگه‌یاند، له‌ هێرشه‌کانى سوپاى تورکیاو میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى بازگه‌یه‌ک کراوه‌ته‌ ئامانج و سه‌ربازێکى ڕژێمى سوریا بریندار بووه‌ و ده‌شڵێت:" هێزه‌کانمان هه‌موو هێرشه‌کانى داگیرکه‌رانیان تێکشکاندووه‌و و به‌رخۆدان به‌رده‌وامه‌".  ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى کانونى یه‌که‌مى 2020، عه‌زیز غه‌ریبسان له‌ ناوچه‌ى عه‌ین عیساوه‌ ده‌رباره‌ى هێرشه‌کان بۆ ئاژانسى هاوار نیوز نزیک له‌ په‌په‌گه‌ رایگه‌یاند:"سوپاى داگیرکه‌رى تورکیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى له‌ کاتژمێره‌کانى به‌ره‌به‌یانییه‌وه‌ به‌ چه‌کى قورس، فڕۆکه‌ى جه‌نگى و فڕۆکه‌ى بێ فرۆکه‌وان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گونده‌کانى سه‌یدا، میله‌ک، ڕێگاى ئێم فۆر و ده‌وروبه‌رى ناوچه‌ى عه‌ین عیسا". ناوبراو راشیگه‌یاند:" له‌ به‌رمبه‌ردا شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌ له‌ چوارچێوه‌ى پاراستنى ڕه‌وادا وه‌ڵامى هێرشى داگیرکه‌رانیان داوه‌ته‌وه‌". هه‌روه‌ها ئه‌و فه‌رمانه‌یه‌ى هه‌سه‌ده‌ باسى له‌وه‌شکرد که‌ له‌ کاتژمێره‌کانى به‌ره‌به‌یانییه‌وه‌ هێرشى تورکیاو میلیشیاکانى کراوه‌ته‌ سه‌ر گوندى (سه‌حابه‌) که‌ پێنج کیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌ى عه‌ین عیساوه‌ دووره‌، وتیشى:" ئێمه‌ وه‌ڵامى هێرشه‌کانمان دایه‌وه‌ و شکستمان به‌ هه‌وڵه‌کانى داگیرکارییان هێنا، دواى ئه‌وه‌ى هێرشه‌که‌ تێکشکێندرا هێزه‌کانى داگیرکه‌ر جارێکى دیکه‌ هێرشیان کرده‌ سه‌ر ڕێگاى ئێم4 له‌ ده‌وروبه‌رى عه‌ین عیسا و گوندى سه‌یدا، دواتر هێرشیان کرده‌ سه‌ر چه‌ند گوندێکى دیکه‌ و مه‌ترسیان له‌سه‌ر هاوڵاتیان ئه‌و ناوچانه‌ دروستکرد. ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ خاڵێکى پشکنینى هاوبه‌ش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کۆگاکانى عه‌ین عیسا کراوه‌ته‌ ئامانج و سه‌ربازێکى هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا برینداربووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا" نه‌  هێزه‌کانى ڕوسیا و نه‌ هێزه‌کانى حکومه‌تى دیمه‌شق وه‌ڵامى ئه‌و هێرشانه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ته‌وه‌". له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، ئه‌مینه‌ عومه‌ر هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکراتى (مه‌سه‌ده‌) له‌باره‌ى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا بۆسه‌ر عه‌ین عیسا، ئه‌وه‌ى ئاشکرا کردووه‌ که‌ تورکیا هه‌وڵ ده‌دات به‌ هێرشه‌کانی هه‌رێمێکى نوێ له‌ باکور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا داگیر بکات، ده‌شڵێت:"ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت ئاسایشى هه‌رێمه‌که‌ تێک بدات و ڕێگاى ستراتیژیى ئێم4 و باکور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا له‌یه‌ک داببڕێت". هاوکات ئه‌مینه‌ عومه‌ر باسى ئه‌وه‌شى کردووه‌ که‌ ڕوسیا له‌ هێرشه‌کانى عه‌ین عیسا به‌رپرسیاره‌ و وتی: "به‌رپرسیارى پاراستنى عه‌ین عیسا له‌ هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک، له‌ ئه‌ستوى ڕوسیادایه‌، فشاریش له‌سه‌ر هه‌سه‌ده‌ دروست ده‌کات که‌ عه‌ین عیسا ڕاده‌ستى حکومه‌تى سوریا بکه‌ین".