هاوڵاتی رۆژی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران کۆبووەوە. لەو دیدارەدا عەلی خامنەیی رەخنەی توندی لەو وڵاتە ئیسلامییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت کەدەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. ئەم نیگەرانیانەی خامنەیی دوای ئەوە هات کەچەندین وەزیری ئیسرائیل سەردانی سعودیەیان کردو نزیکبوونەوەی پەیوەندی نێوان سعودیەو ئیسرائیل بەسەرکردایەتی ئەمریکا چووە قۆناغێکی نوێوەو ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان زۆرتر بوو. خامنەیی لەدیدارەکەدا هێرشی تووندی کردەسەر ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی کەهەوڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییان دەدەن لەگەڵ ئیسرائیل و بە «قومار لەسەر گای دۆڕاو» وەسفیکردو وتی کەئەم پەیوەندییە سەرکەوتوو نابێت. «لاوانی فەلەستینی و بزووتنەوەی دژە داگیرکاری و دژە زوڵم لەفەلەستین ئەمڕۆ لەهەموو رۆژێک زیندووتر و ئامادەترن. بەئومێدی خوا ئەم بزووتنەوەیە بەئەنجام دەگات و وەک چۆن ئیمامی گەورەمان (خومەینی) رژێمی داگیرکەری ئیسرائیلی بەشێرپەنجە ناوبردبوو، ئەم رژێمە بەدەستی خودی خەڵکی فەلەستین و هێزەکانی بەرگری لەناوچەکە لەناودەچێت». دوای چوار رۆژ لەم قسەیە ، لەڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس وەک بزووتنەوەیەکی نزیک لەئێران، هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و کۆنسێرتێکی میوزیک لەنزیک سنورەکانی غەزەو بەهۆیەوە زیاتر لەهەزارو ٤٠٠ کەس کوژران و بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی ٢٣٠ کەس بەبارمتەگیراون. هەرچەند چوار کەس لەبارمتەگیراوەکان دواتر ئازادکران و حەماسیش رایگەیاندووە نزیک بە ٦٠ کەس لەوانەی بەبارمتە گیراون بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە کوژراون. لەدوای هێرشەکەی حەماس، بەرپرسانی ئیسرائیل توڕەییان گەیشتە ترۆپک و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند «دۆزەخیان بەسەردا دەبارێنین.» دوای مانگێک لەم رووداوانە، بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەنزیکەی چوار هەزار کەسیان منداڵن. رێکخراوە مرۆییەکان ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بە «تاوان» وەسف دەکەن و دەڵێن پیویستە دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیەنرێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەزە، ئەمە سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیەی لەسەر ئاوو کارەبا و سووتەمەنی غەزە دانراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە. هاوکات وڵاتە عەرەبییەکانیش داوای ئاگربەست دەکەن و هێرشەکانی ئیسرائیل بە «کۆمەڵکوژی» ناودەبەن، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر ئامانجەکەی خۆی کەوەک ناتانیاهۆ دەڵێت دەبێت حەماس «لەناو ببەین». رۆژێک پێش هێرشە گەورەکەی حەماس لە ٧ی مانگی رابردوو، ماڵپەڕی تابناک سەر بەسوپای پاسداران، پۆستەرێکی بڵاوکردەوە بەئاڵای حەماس و حزبوڵڵای لوبنانەوەو نووسی، «نصر من اللە و فتح قریب – سەرکەوتن لەخواوەیەو نزیکە». پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لەماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەحەماس، ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی ئەم هێرشەی بڵاوکردەوە. ئێوارەی ئەو رۆژەی کە هێرشەکە کرایەسەر ئیسرائیل، لەزۆربەی گۆڕەپان و شارە گەورەکانی ئێران وەک ئیسفەهان و تاران و شیراز، ئاگری خۆشی کرایەوەو سروودی خۆشی لێدراو لەتەلەفیزیۆنە فەرمییەکانی ئێرانەوە وەک سەرکەوتنی گەورە باسی لێکرا. تەلەفیزیۆنەکان بەشێکی زۆر لەبەرنامە ئاساییەکانی خۆیان راگرت و خەریکی شادی و خۆشی بوون و وەک سەرکەوتنی گەورە باسیان کرد. رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس و هێرشی ئەو بزووتنەوەیە بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕی، رایگەیاند ئەوان ئاگاداری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل نەبوون و حەماس سەربەخۆیانە ئەو کارەی کردووە. رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، ماڵپەڕی بی بی سی فارسی راپۆرتێکی دەربارەی یارمەتییە ئابوورییەکانی ئێران بۆ حەماس بڵاوکردەوە. لەو راپۆرتەدا کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پشتیوانی ئابووری حەماس ئاماژەی پێدراوەو قەتەر وەک دووەم پشتیوانی ئابووری ئەو بزووتنەوەیە ناوی براوە. لەو راپۆرتەی بی بی سی-دا ئاماژە بەلێدوانەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی دراوە سەبارەت بەپشتیوانیکردن لەحەماس و ئەو بزووتنەوەیە. بی بی سی ئاماژەی بەم وتەیەی عەلی خامنەیی داوە کە رۆژی ٣/٢/٢٠١٢ لەوتاری نوێژی هەینیدا وتوویەتی، «لەپرسی پەیوەند بەدژایەتیکردنی ئیسرائیلدا ئێمە شوێن پەنجەمان دیاربوو، ئەنجامەکەشی سەرکەوتن بوو لە جەنگی ٣٣ رۆژەو سەرکەوتنی جەنگی ٢٢ رۆژە بوو. لە ئێستا بەدواوەش، لەهەرکوێ، هەر نەتەوەیەک، یان گروپێک دژی رژیمی زایۆنیستی بێت و دژیان بوەستێتەوە، ئێمە لەپشتیان دەبین و یارمەتییان دەدەین و لەکەسیش ناترسین بەئاشكرا پشتیوانی دەکەین و ئەمەش قسەی ئێمەیە». عەلی خامنەیی چەند ساڵ دواترو رۆژی ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩، لەپەیوەند لەگەڵ یارمەتی گەیاندن بەفەلەستین و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل لەوتاری نوێژی هەینیدا وتی، «ئێمە پشتیوانیمان لەفەلەستین کردووە، یارمەتیمان داون. هەر بەردەوامین لەیارمەتی گەیاندن پێیان، لەکەس شەرم ناکەین و نایشارینەوە. دەبێ هەموو وڵاتانی ئیسلامی و هەموو دونیای ئیسلام یارمەتی فەلەستین بدەن». ئەم یارمەتی گەیاندنە بەحەماس هیچکات شاراوە نەبووەو ماوەیەک لەمەوپێش و دوای رووداوەکانی ئەم دواییانە، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند :» ئێران لەمێژەو چەندین ساڵە یارمەتی حەماس دەدات و هێزەکانیان لەلایەن ئێرانەوە راهێنانیان پێدەکرێت». رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، واتە دوای هەفتەیەک لەهێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی حەماس، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئیران، هەڕەشەی لەئیسرائیل کردو وتی :» ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کەرتی غەزە رانەگرێت، دەستمان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانمانە». بەڵام چەند کاتژمێر دواتر، نوێنەری ئیران لەنەتەوەیەکگرتووەکان، زمانی جەنگخوازانەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی نەرمتر کردەوەو دڵنیاییدا بەوڵاتان کەهێزی سەربازی وڵاتەکەی تەنها ئەو کاتە دەست وەردەدات لەناکۆکییەکانی کەرتی غەزە کە ئیسرائیل هێرش بکاتەسەر بەرژەوەندی یان هاووڵاتیانی ئێرانی. ئەمە وەک پاشەکشەی بەرپرسانی ئێران لێکدرایەوەو ژمارەیەک لەبەرپرسانی ئێرانی لەگفتوگۆ لەگەڵ رویتەرز ئەم جیاوازی رادەربڕینەیان وەک سەرلێشێواوی بەرپرسانی ئێران لێکداوەتەوە. بەرپرسانی فەرمی ئێران، بەمەرجێک ناویان نەبرێت لەڕاپۆرتێکی رۆیتەرز دەڵێن، ئەم خۆبەدوورگرتنەی ئێران لەجەنگ، دەتوانیت زیان بەستراتیژی ٤٠ ساڵەی ئێران بگەیەنێت بەوەی دەیەوێت ببێت بەگەورەترین هێزی ناوچەکەو سەرکەوتنەکەیان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بخاتە دواوە. ئەو بەرپرسانە هەروەها باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئێران راستەوخۆ بچێتە ئەم جەنگەوە کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت، لەبەرئەوەی هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو وڵاتەی کە لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە پشتیوانی لێدەکرێت، زیانی گەورە بەئێران دەگەیەنێت و بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئابووری قووڵ لەئێران، ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لەئێران دژ بەدەسەڵات پەرە بستێنێت. سێ بەرپرسی باڵای ئەمنی و ئاسایشی ئێران وتوویانە، لەئێستادا بەرپرسان و بڕیاردەرانی باڵای ئێران کۆکن لەسەر ئەوەی خۆیان دووربگرن لەوەی جەنگەکە زیاتر پەرەبستێنێ و هەوڵیان ئەوەیە لەڕێگای هێرشی زەمینی سنووردارەوە لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە بۆ سەر بنکەو شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هێرشی بچووک و سنووردار بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا لەلایەن ئەو هێزو میلیشیایانەوە کەسەر بەئێرانن، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بگەیەنن و لەئێستادا هەر بەوە رازی بن. لەدوای دەستپێکی جەنگی حەماس – ئیسرائیل پاش ٧ی تشرینی یەکەم، هێرشی هێزو میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا زیاتر بووەو ئەمریکاش لەوەڵامدا چەند جار هێرشی کردووەتەسەر بنکەکانی ئەو هێزانەی سەر بەکۆماری ئیسلامین. بەپێی وتەی پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ١٧ مانگی رابردووەوە ٣٨ جار هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق کەتێیدا ٤٥ کارمەندی ئەمریکی برینداربوون. لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی رایگەیاند کەئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بێدەنگ نابێت بەرامبەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەو بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و سوریا. پیشتر و لەهەمان رۆژدا، نووسینگەی رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، کە ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبوونەتەوە. نووسینگەی عەلی خامنەیی بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لەکۆبوونەوەکە نووسیویەتی، «ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵووگۆڕەکانی غەزەو تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد. بەپێی ئەم راپۆرتە، عەلی خامنەییش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین دەدات. شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوێستی دژە ئیسرائیلی بوونی تاران، دژوارە بڕوا بەوە بکرێت ئێران دەستی نییە لەم جەنگەداو حەماس سەربەخۆیانە ئەم هێرشەی کردبێت، بەتایبەت دەرئەنجامی ئەم جەنگە لەئێستادا لانیکەم لەماوەیەکی کورتخایەندا، سعوودیەو ئیسرائیل لەیەکتر دووردەخاتەوە و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لاواز دەبێت. ئیهۆد ئیلمێرت سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئیسرائیل لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ رادیۆ فەردا، کەوەرگێڕانی ئەم گفتوگۆیە پێشتر لەهاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی پلان و دەستتێوەردانی ئێران لەجەنگ و پشتیوانیکردنی حەماس لەوەڵامی پەیامنێری رادیۆ فەردادا وتی، «پێموایە تەنها پەیامێک کەدەتوانم بۆ ئەوانم هەبێت ئەوەیە نالۆژیکیانە ئەو کارتانەی بەدەستتانەوەیە بەکارینەهێنن. شەممەی رابردوو [مەبەست لێی ٧ی تشرینی یەکەمە] سەرکەوتنێکتان هەبوو. بەڵام ئێستا وەڵامی قورس دەبینن لەلایەن ئیسرائیلەوە. دۆخەکە لەوەی کەهەیە خراپتر مەکەن. لەبەرئەوەی ئەنجامێکی زۆر خراپ و تراژیدی و خوێناوی دەبێت بۆ هەر کەس کەبیەوێت دۆخەکە خراپتر بکات».
هاوڵاتی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە گفتوگۆکان بەنێوەندگیری قەتەر بەردەوامن بۆ ئازادکردنی چەند بارمتەیەک لەلای حەماس لەبەرامبەر راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی سێ رۆژ. بەپێی وتەی بەرپرسێک کە ئاگاداری گفتوگۆکانە و بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، بەپێی ئەو خاڵانەی دانوستانی لەسەر دەکرێت، حەماس 15 بارمتە ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش بۆ ماوەی سێ رۆژ هێرشەکانی بۆ سەر غەززە رادەگرێت ئەمەش بۆ گەشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە و گواستنەوەی بارمتەکان بە سەلامەتی. چەند بەرپرسێکی تریش رێککەوتنەکەیان پشتراستکردووەتەوە، بەڵام ژمارەی ئەو بارمتانەیان نەوتووە کە ئازاد دەکرێن و بەشێک لەو بارمتانە ئەمریکین. بەپێی وتەی سوپای ئسیرائیل، حەماس 240 بارمتەی لایە دوای ئەوەی لە 7ی مانگی رابردوو لە هێرشە گەورەکەی بۆ ئیسرائیل بە دیلی گرتن. بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، وییلیام بێرنز، بەرێوبەری دەزگای سی ئای ئەی لە ئێستادا لە وڵاتەکانی کەنداوە هاوکاری دەکات لە رێککەوتنەکەدا، هاوکات قەتەریش وەک نیوەندگیرێک بوونی هەیە هەروەک چۆن لە پێشتریشدا ئەو کارەی کردووە لەکاتی ئازادکردنی چوار بارمتەکە لە مانگی رابردوو. باس لەوەش کراوە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی باڵای تری وڵاتەکە سەردانی چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراستییان کردووە بۆ هەمان مەبەست و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی چەند بارمتەیەک.
هاوڵاتی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە لایەن حووسییەکانەوە لە یەمەن خراوەتەخوارەوە و ئەمریکاش بە فرۆکەی F-15 هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی نزیک ئێران لە سوریا. بەپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری MQ9 لە ئاوەکانی نزیک کەنارەکانی یەمەن لە لایەن حووسییەکانەوە خراوەتە خوارەوە. بەرپرسە سەربازییە باڵاکە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت دەڵێت، "سوپای ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردن و لێکدانەوەی زانیارییەکانە لەو بارەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەم فڕۆکەیە لە سنوری ئاسمانی نێودەوڵەتی کەوتووەتە خوارەوە یان لەسەر خاکی یەمەن بووە." هاوکات لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا وتی، هێرشیکیان بە بە دوو فڕۆکەی F-15 ئەنجامداوە بۆ کۆگایەکی چەکی گروپە چەکدارییەکانی نزیک ئێران لە سوریا و هێرشەکە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە. رۆژی سێشەممەی رابردوو وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند کە لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 38 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و 45 سەرباز برینداربوون. لۆید ئۆستن لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمریکا دەڵێت، ''وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.''
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەماینی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراق رایگەیاند عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە و لە پێنج ساڵی داهاتوودا وڵاتەکە دەگاتە ئاستی خۆبژێوی، دەشڵێت، عێراق هەڵوێستی "ئاشکرایە" لەسەر پرسی فەڵەستین. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە پێکهاتوون لە باڵیۆزانی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکان و هەروەها نێردە و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە عێراق. محەممەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی عێراق پێی راگەیاندن، پێویستە هەڵوێستی روونی عێراق ئاشکرا بکەن لەسەر پرسی فەڵەستین، کە "ئێمە بە پرسێکی بنچینەیی و بیر و باوەڕی دەزانین." هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە و باڵیۆزانی وڵاتە جیاوازەکان جەختی لە راگەیاندنی ئاگربەست و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەزە کردەوە. لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا سودانی باسی لەو "دەستکەوتانە" کرد لە بەرنامەی کابینەکەیدا بەدەست هاتوون و وتی، دەرفەتێکی ئومێدبەخش هەیە کە حکومەتی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و غازدا، "عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت."
هاوڵاتی جەنگی حەماس-ئیسرائیل مانگێکی تێپەڕاندو هیچ ئاسۆیەکی روون نییە بۆ وەستانی شەڕ لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان جەنگەکە بە«گۆڕستان بۆ منداڵانی غەززە» وەسف دەکات. ئیدرەی جۆ بایدن داوای راگرتنی شەڕ دەکات بەشێوەیەکی کاتی تاهاوکاری زیاتری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە، بەڵام بەنهێنی لەهەوڵی ئەوەدایە بەبەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست راناگەیەنێت و دەڵێت، دەیەوێت کۆنتڕۆڵی غەززە بکات تاکاتێکی نادیار. "کۆنتڕۆڵی نادیاری غەززە" لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی، ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد کەئیسرائیل بۆ کاتێکی نادیارو ماوە دیارینەکراو کۆنتڕۆلێ غەززە دەکات بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆی. کەرتی غەززە دەبێت «لەلایەن ئەوانەوە» بەڕێوەببرێت کە «نایانەوێت وەک حەماس بەردەوام بن»، ناتانیاهۆ وای وت بەبێ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئاخۆ مەبەستی دەسەڵاتی فەڵەستینە یاخود هێزێكی نێودەوڵەتی. «پێموایە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو بەرپرسیاریەتی تەواوەتی ئاسایشی [غەززە]ی لەئەستۆ دەبێت چونکە پێشتر بینیومانە چی روودەدات ئەگەر وانەبێت». وتەکانی ناتانیاهۆ یەکەمین نیازی ئیسرائیل دەردەخات دوای ئەوەی کەوڵاتەکە غەززە داگیردەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کەپێشتر لەمانگی رابردوو، یۆف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل باسی لەوەکرد وڵاتەکەی «بەرپرسیارییەتی ژیانی خەڵکی غەززەی لەئەستۆ نابێت». ناتانیاهۆ لە ٧ی مانگی رابردوو جەنگی دژی حەماس راگەیاند، دوای ئەوەی بزوتنەوەکە هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و هەزاو ٤٠٠ ئیسرائیلی کوشت لەسەربازو مەدەنی، ئەمە جگەلەوەی زیاتر لە ٢٤٠ بارمتە لای حەماس بوونیان هەیە. "غەززە بووەتە گۆڕستان بۆ منداڵان" ماوەی مانگێکە ئیسرائیل بەخەستی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەزیاد لەچوار هەزاریان منداڵن. رۆژنامەنی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی دەڵێت، ئیسرائیل بەشێوەیەکی توند رێگری لەهاوکاری مرۆیی دەکات بۆ نێو غەززە بەجۆرێک لەپێش جەنگەوە رۆژانە ٤٠٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی دەڕۆشتن بۆ کەرتەکە بەڵام لەدوای جەنگ تەنها ٢٠ بارهەڵگرێک رۆژانە رێگەیان پێدەدرێت. رێکخراوە مرۆییە نیودەوڵەتییەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کەئەم رێگرتنە قەیرانی مرۆیی لەغەززە قووڵتر دەکاتەوە دوای ئەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بوون. فاینانشڵ تایمز باس لەوەدەکات کە لەدەستپێکی جەنگەوە، تەنها ٥٠٠ بارهەلگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە نێو غەززە. دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند کوژراوانی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی بەپەلەی کرد. ئیسرائیل دەڵێت تا بارمەتەکان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیەنێت و حەماسیش باس لەوەدەکات بارمتەکان ئازاد ناکات لەکاتێکدا غەززە هێرشی لەسەرە. «ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل و بۆردومانە بەردەوامەکان لەمەدەنی، نەخۆشخانەکان، کەمپی ئاوارەکان، مزگەوتەکان و کەنیسەکان دەدات»، گوتێرس وای وت. سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتیشی، «لەهەمان کاتدا حەماس و گروپەکانی تر خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن و بەردەوامن لەهەڵدانی مووشەک بەئاراستەی ئیسرائیل». ئیسرائیل باس لەوەدەکات کە حەماس لەژێر نەخۆشخانە و باڵەخانە مەدەنییەکانی تردا خۆی حەشارداوە بۆیە بۆردومانی ئەو شوێنانە دەکات، بەڵام حەماس رەتیدەکاتەوە دەڵێت، ئەوە قسەیەکی «بێ بەڵگەیە» و دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی بدات. «غەززە خەریکە دەبێتە گۆڕستان بۆ منداڵان، سەدەها کچ و کوڕ رۆژانە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، پیوستمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەیە، ئیتر بەسە دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت»، گوتێرس وای وت. ئەمریکا نیازی هەیە بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت واشنتن دژی ئاگربەستی تەواوەتییە بەڵام دەیەوێت راگرتنێکی کاتی شەڕ رابگەیەنرێت بەهۆی ئەوەی پێیوایە حەماس سوود لەئاگربەست دەبینێت. کۆشکی سپی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لەناتانیاهۆ کردووە شەڕ بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت. هاوکات ناتانیاهۆش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی، رایگەیاند کەهاوڕای راگرتنی شەڕە بەشێوەی کاتی بۆ کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر بەڵام لەگەڵ وەستاندنی تەواوەتی شەڕ نییە، هەرچەندە تائێستا شەڕ بەردەوامەو بەشێوەیەکی کاتیش رانەگیراوە. بەپێی راپۆرتێکی ئەی بی سی نیوز، ساڵانە ئەمریکا بەبەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت. رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ ئەمریکی لەراپۆرتێکیدا باس لەوەدەکات ئیدارەی بایدن نیازی هەیە بەبەهای ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بۆمبی ورد [ئەو بۆمبانەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان هەیەو بەوردی ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و دەیپێکن] بۆ ئیسرائیل بنێرێت. بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی بایدن بەفەرمی سەرکردەکانی کۆنگرێسی لە ٣١ی مانگی رابردوو لەبڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوەو ئەو بۆمبانەی دەنێردرێت تایبەتە بەفڕۆکە جەنگی. واڵ ستریت جێرناڵ دەڵێت، لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی قوربانییەکان لەغەززە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکی داوایان لەئیسرائیل کردووە بۆردومانەکانی هێوربکاتەوە تاقەیرانی مۆریی زیاتر نەبێت. بەشێک لەشیکەرەوانی ئەمنی باس لەوە دەکەن کەناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە وادەکات کەشەڕ رانەگیرێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت. «ئیدارەی بایدن داوا لەحکومەتی ئیسرائیل دەکات شەڕ بەکاتی رابگرێت، بەڵام ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی هاوشێوەی کە بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت وادەکات کە ئەم هەوڵە پەکی بکەوێت، ئیدارەی بایدن داوادەکات بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام کارەکانی پێمان دەڵێت کەپشتگیری لەکەمپینی بۆردومانەکە دەکات»، سێس بیندەر، شارەزایەکی فرۆشی چەک لەناوەندی لێکۆڵینەوەی میدڵ ئیست دیمۆکرەسی. رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بەناوی کالکالیست لەراپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە کەتێچووی جەنگی ئیسرائیل ٥١ ملیار دۆلار دەبێت بۆ حکومەتی ئیسرائیل ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەی هەشت بۆ ١٠ مانگ بەردەوام بێت. رۆژنامەکە داتای وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلی دەستکەوتووەو دەڵێت ئەو ژمارەیە تەنها بۆ کاتێکە ئەگەر جەنگەکە تەنها لەغەززەدا بمێنێتەوەو لایەنی تر دەستوەردان نەکات وەک حزبوڵای لوبنانی، ئێران یان حوسییەکانی یەمەن.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 کەس کوژراون کە نیوەیان لە باشوری غەززە بوون. وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت، لە دوێنێ سێشەممەوە تا ئەمڕۆ ئیسرائیل 27 هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە تێیدا 241 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستی غەززە باس لەوەش دەکات، نیوەی ئەوانەی کوژراون لە باشوری کەرتی غەززە بوون. باشوری غەززە ئەو ناوچەیەیە کە ئیسرائیل لە سەرەتایی جەنگەوە بە هاوڵاتییانی غەززە دەڵێت بڕۆن بۆی تا لە بۆردومانەکان بەدوور بن و نەبنە قوربانی. تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە باکوری غەززەوە ئاوارە بوون بەرەو باشوری غەززە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تا ئێستا دە هەزار و 569 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائلەوە کوژراون کە زیاتر لە چوار هەزار کەسیان منداڵن، هاوکات دەشڵێت 18 نەخۆشخانە و 40 ناوەندی پزیشکی بەهۆی بۆردومانەکانەوە لەکارکەوتن و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری دادگای سەربازیی لە ئەم ساڵدا ١٥٣ ئەفسەر و ٨٩٩ كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە گرێبەست لەگەڵ 37 هەزار پۆلیس کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە بۆ ماوەی سێ ساڵ بە موچەی 500 هەزار واژۆ کراوە. عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، 153 ئەفسەر و 899 کادری هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بە بڕیاری دادگا لە کارەکانیان دورخراونەتەوە . ئەوەشی خستەڕو، تەنها لەمساڵدا 100 ناوەندی بەرگریی شارستانی بنیادنراوە، 130 هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەش دابینکراوە، ناوەندێکی تایبەت بە راهێنانی کارمەندەکانی ئاگر کوژێنەوە کراوەتەوە. پێشتر دەستەی دەستپاكی عێراق چەندین دۆسییە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵ و موڵكی دەوڵەت لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە ئاشكرا كردووە، چەندین كەس سزا دراون و بەشێكی دیكەیان دۆسییەیان لە دادگا بۆكراوەتەوە، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر و لانیکەم 45 کارمەندی ئەمریکی برینداربوون. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە رۆژی 17ی مانگی رابردووەوە تا ئێستا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر. وتەبێژەکەی پنتاگۆن دەشڵێت، بەشێکی زۆر لەو هێرشانەی بە مووشەک و درۆن ئەنجامدراون و ئەوان بڕوایان وایە لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرابن. پاتریک رایدەر لەسەر زیانی ئەو هێرشانە دەڵێت، لانی کەم 45 کارمەندی ئەمریکی لە هێرشەکاندا بریداربوون کە 24 کەسیان زیان بەر مێشکیان کەوتووە. لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران خۆیان بێبەری کردووە لەو هێرشانە و دەڵێن ئەو گروپانە بە سەربەخۆ کار دەکەن و لەسەر بڕیاری هەر هێرشێک ناگەڕێنەوە بۆ ئەوان. تا ئێستا ئەمریکا دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و چەند پێگەیەکی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. دوای هێرشەکان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا بوەستێنێت.
هاوڵاتی ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی عێراق لەم دواییانەدا نزیکەی 45 سەربازی ئەمریکی برینداربون، برینی هەندێکیشیان سەختە. ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بریندار بوون. هاوکات پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاندبوو، لە هێرشی گروپە چەکدارییەکان لە بنکەی تەنەفی رۆژئاڤای کوردستان و بنکەی عەین ئەسەدی عێراق و بنکەی هەریری هەرێمی کوردستان، تەنها 21 سەرباز بە سوکی برینداربون. جێگەیباسە هەر ئەمڕۆ دووشهممه، مقاومهی ئیسلامی له عێراق بهپرسیارێتیی خۆی له ئهنجامدانی شهش هێرش بۆسهر چوار بنهكهی سهربازیی سوپای ئهمریكا له عێراق و سوریا راگهیاند. مقاومهی ئیسلامی لهبارهی ئهو هێرشانهوه رایگهیاند: سێ لهو شهش هێرشه كراوهتهسهر بنكهی سهربازیی عهین ئهلئهسهد له پارێزگای ئهنباری خۆرئاوای عێراق و یهك هێرشیش كراوهتهسهر نزیك فڕۆكهخانهی ههولێر. باسی لهوهشكرد كه دوو هێرشهكهی دیكهیان بۆ بنكه سهربازییهكانی ئهمریكا بووه له سوریا و تیایدا ههردوو بنكهی تهل بهیدهر و تهنهف كراونهته ئامانج.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆککوەزیرانی عێراق، لە تارانەوە لەسەر جەنگی حەماس-ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوانەی نایانەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا شەڕ رابگرێت. دوای ئەوەی سودانی گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەوانەی نایانەوێت ئەم شەڕە گەورە ببێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا ئەو کۆمەڵکوژییە رێکخراوەییە بوەستێنێت." محەممەد شیاع سودانی لە قسەکانیدا رەخنەشی لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی گرت کە سستە لە بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەو ئامانجەی بۆی دامەزراوە. سەرۆکوەزیراینی عێراق باسی لەوەشکرد کە جەنگی ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو لەئەنجامی چەندین ساڵەی ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بووە. سەردانی سودانی بۆ تاران لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سودانی کۆبوویەوە و بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت و باسیشی لە راگرتنی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کرد لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێرانەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی سوپای ئسیرائیل رایگەیاند، چواردەوری غەززەیان گرتووە و کەرتی غەززە بووەتە دوو بەش، دەشڵێت، سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست. ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، دانیاڵ هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززەی کردووتە دوو بەش بەجۆریك ئێستا "غەززەی باشور و غەززەی باکور هەیە." دانیال هەگاری دەشڵێت، کەرتی غەززەیان "تەوق داوە" و سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری غەززە و بەرگری لێدەکەن. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد هێزەکانیان بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بەشێوەیەکی چڕ تا "ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەمان فراوان بکەین لە کەرتی غەززە." ماوەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بۆ کەرتی غەززە دەستپێکردووە لەگەڵ ئەنجامدانی بۆردومانی چڕ لە سەرەتایی جەنگەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 10 هەزار کەس لە فەڵەستین.
هاوڵاتی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا." سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر." لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت. ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.
نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبونەوە و رابەری باڵای ئێران پێی راگەیاندوون کە لە پشتیوانیان بەردەوام دەبن. ئەم کۆبونەوەیەکە لەکاتێکدایە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئێستادا لە جەنگدان و ئێران بە هاندەری حەماس بۆ دەستپێکی ئەم جەنگە ناودەبرێت. ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیرووت پێشتر رایگەیاندبوو ئیسماعیل هەنییە و وەفدی هاوڕێی، چەند رۆژێکە لە تارانن. نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نوسیویەتی، "ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی غەزە و تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد." بە پێی راگەیاندراوەکە، عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوەتەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین بدات. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی جگە لەوەی چەند رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ باشوری ئیسرائیل، ئەوەی رەتکردەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەم رۆژانەی دواییدا، ئەوەی رەتکردەوە کە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان بەڕێوە ئەچێت.
هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
هاوڵاتی سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.
