کاکەلاو عەبدوڵا باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەکتێبە نوێیەکەیدا چەندین سەرکردەی جیهانی هەڵدەسەنگێنێت و دان بەوەدا دەنێت لەسەر هێڵێکی راست نەڕۆشتووە لەکاتی بەهاری عەرەبی بەوپێیەی هەوڵیداوە هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان «بەرژەوەندییە ململانێکەرەکاندا». لەسێشەممەی رابردوو ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠،باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یەکەمین ژیاننامەی خۆی بڵاوکردەوە کەدیدگایەکی نوێ دەبەخشێت و چەندین نهێنی گرنگ ئاشکرادەکات. ژیاننامەکە نزیکەی (٧١٠) لاپەڕەیەو لەمیانی  دوو بەرگدایە، کەئەمە یەکەم بەرگەو بەناوی «بەهەشتی سەرزەمین» بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باسی چەندین تەوەری گرنگ دەکات لەوانە بەهاری عەرەبی، بینینی سەرکردە جیهانییەکان، ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادن، هەروەها چەندین بابەتی تر. لەسەردەمی ئۆباما کە ماوەی (8) ساڵ سەرۆک بوو لە (٢٠٠٨-٢٠١٦)، رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینی کەتێیدا بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١دا روویدا. لەکتێبەکەیدا ئۆباما باس لەو رەخنانە دەکات رووبەڕووی بوونەوە لە ٢٠١١دا، کاتێک سوور بوو لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، بەڵام پێداگرییەکی کەمی کرد لەبەرامبەر بەحرەین کەخۆپشاندانەکانی سەرکوتکرد. «هیچ شێوازێکی جوانم پێ نییە بۆ روونکردنەوەی ئەو ناهاوئاهەنگییە دیارە، جگە لەوەی دان بەوەدا بنێم کە جیهان ئاڵۆزو شێواو بوو، کە لەئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوەدا دەبوو بەبەردەوامی هاوسەنگی رابگرم لەنێوان بەرژەوندییە ململانێکەرەکاندا»، ئۆمابا وای نووسیوە. بەهاری عەرەبی زنجیرە خۆپیشاندانێک و شۆڕشی چەکداری بوو کە لەکۆتایی ٢٠١٠و سەرەتایی ٢٠١١ لەتونسەوە دەستیپێکرد دژی نادادی کۆمەڵایەتی و رژێمی سەرکەوتکەرو دواتر پەلی کێشا بۆ میسر، لیبیا، یەمەن و بەحرەین، هەروەها سوریاو بەهاتنە خوارەوەی سەرۆکەکانیان کۆتایی هات لەسەر حوکم جگە لەدوو وڵاتی کۆتایی. لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ موحەممەد بن زاید شازادەی جێنشینی دوبەی، ئۆباما دەڵێت «ئاگادارکراوەتەوە» لەوەی زۆر پاڵپشتی خۆپیشاندانە دیموکراسییەکانی بەهاری عەرەبی دەکات دوای ئەو وتارەی پێشکەشی کردو داوای لەحوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتی میسر کرد دەستهەڵبگرێت لەسەرۆکایەتی و لەسەر حوکم بێتە خوارەوە. ئوباما نووسیویەتی «موحەمەد بن زاید پێی وتم ‹پەیامە گشتییەکە کار لەموبارەک ناکات، بەڵام کار لەهەرێمەکە دەکات›، ئەو پێشنیاری ئەوەی کرد ئەگەر میسر بڕووخێت و ئیخوان موسلیمین دەسەڵات بگرنەدەست، ئەوا هەشت سەرکردەی عەرەبی تر دەکەون هەر لەبەرئەوە بوو کە رەخنەی لەوتارەکەم گرت». «ئەو وتی ‹ئەمە وا پیشاندەدات ئەمریکا هاوبەشێک نییە ئێمە بتوانین لەماوەی درێژخایەندا پشتی پێ ببەستین»›. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باس لەوەش دەکات دەنگی بن زاید «ئارام و ساردوسڕ بوو، قسەکانی داواکاری یارمەتی پێوە دیاربوو، وەک لەوەی ئاگادارکردنەوە بێت، هەرچییەک بەسەر موبارەکدا بهاتبا،  یاساو رێسا کۆنەکە نیازی ئەوەی نەبوو بەبێ شەڕ دەسەڵات بدات بەدەستەوە». کاتێک دێتە سەر باسی خۆپیشاندانەکانی بەحرەین، ئۆباما باس لەوە دەکات مەترسی تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، بەحرەین وایکردووە نەتوانێت هەڵویستێکی توندی هەبێت. خۆپیشاندانەکانی بەحرەین لە ١٤ی شوباتی ٢٠١١ دەستیپێکردو تەنها دوای یەک مانگ بەحرەین داوای لەهێزی قەڵغانی نیمچە دوورگەی عەرەبی – هێزیکی هاوبەشی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداوەو لەسعودیەو ئیمارات و چەند وڵاتێکی تر پێکدێت – کرد تادەستوەردان بکەن لەخۆپیشاندانەکان و بێنە ناو وڵاتەکەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. ئۆباما ئاماژە بەوە دەکات پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ حکومەتی بەحرەین وایدەکرد کەئەمریکا «بەنهێنی فشار» بکات بۆ چاکسازی «بەڵام دەسەڵاتدارانی بەحرەین خۆپیشاندانەکانیان بەدەستی دوژمنانیان دەبینی کەئێرانی لەپشت بێت و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت». «لەدانیشتنەکاندا لەگەڵ سعودی و ئیماراتییەکان، رژێمی بەحرەین نیازیان وابوو کەزۆرمان لێبکەن تابڕیارێک بدەین، هەروەها هەموویان ئاگاداربوون لەوەی کاتێک بهاتابایە سەر باسی کردەی جددی، ئێمە نەماندەتوانی پێگە ستراتیجیەکەمان بخەینە مەترسییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتێکدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سێ وڵاتی کەنداو»، ئۆباما وای نووسیوە. یەکێکی تر لەتەوەرە گرنگەکانی کتێبەکەی باسکردنی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادنە کەدەڵێت جۆو بایدن جێگری پێشووی ئەوکاتی ئۆباماو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیستای ئەمریکا دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بووە. لە ٢ی ئایاری ٢٠١١ ئۆسامە بن لادن سەرکردەی ئەلقاعیدە لەشاری ئابوت ئابادی پاکستان لەلایەن چەند هیزێکی تایبەتی ئەمریکییەوە کورژا لەئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی لێنرابوو «رمی نیپتۆن»، هەرچەندە بەتەواوی دڵنیانەبوون بن لادن لەو ماڵەدایە کەهێرشی بۆ دەکەن. ئۆباما سەبارەت بە بۆچوونی بایدن لەسەر هێرشەکە نووسیویەتی: «دژی پەلامارەکە بوو بەوپێیەی دەیوت؛ بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە گەورەکانی شکستخواردن، پێمباشە هەموو بڕیارێک دوابخەم هەتا کۆمەڵگەی هەواڵگری زیاتر دڵنیادەبنەوە لەوەی بن لادن لەخانووەکەدایە». بابەتێکی تر لەکتێبە نوێیکەیدا، بینینی سەرکردە جیهانیەکانە بۆ یەکەمجارو دواتر هەڵسەنگاندنیانە دوای بینینیان لەوانە ڤلادمیر پوتن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ. ئۆباما لەبارەی ڤلادمیر پوتینەوە دەڵێت: «وەک بەڕێوەبەرێکی بەندیخانە وایە... پوتن بیری ئەو پیاوانەی خستمەوە کە (تامی هۆڵ)یان – پارتێکی سیاسییە لەناو پارتی دیموکراتەکان – بەڕێوەدەبرد، هەروەک ئەوان توند، زیرەکی شەقامەکان، کارەکتەرێکی بێ هەست و سۆز.... کە پلە و پۆست بەخشینەوە، بەرتیل، پارە کشانەوە، ساختەکاری، توندوتیژی جارجارە بەئامرازی یاسایی دەبینێت وەک بەشێک» لەکارەکەی. لەبارەی بینینی یەکەمجاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاوە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: «ئەو هەستە بەهێزەم بۆ دروستبوو کە پەیوەستبوونی بەدیموکراسی و یاساوە رەنگە تا ئەوکاتە بمێنێتەوە کەتەنها دەسەڵاتی خۆی بهێڵێتەوە». ئۆباما، کە لەماوەی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، باسی سەرکردە ئیسرائیلییەکە دەکات و دەڵێت: «تێڕوانینی بۆ خۆی وەک پارێزەری سەرەکی خەڵکی جولەکە دژی هەر ئافاتێک وایلێکردبوو پاساوی بۆ هەموو شتێک هەبێت کە لەدەسەڵاتدا بیهێڵیتەوە، هەروەها ئاشنای بەسیاسەت و میدیای ئەمریکا بڕوابوونێکی وای بۆ دروستکردبوو کە دەتوانێت دژی هەموو فشارێک بوەستێتەوە کە لەلایەن ئیدارەیەکی دیموکراتی وەک ئەوەی من بکرێتە سەری». رەنگە سەیرترین قسەی سەرکردەکان لەژیاننامەکەی ئۆبامادا قسەکەی شاعەبدوڵلا بن عەبدولعەزیز بێت، کە پاشای سعودیە بوو تا ٢٠١٥  دوا ئەوەی مرد، ئۆباما باسی ئێوارەخوانێک لەگەڵ شا دەکات کەقسەیان دەربارەی خێزانەکانیان کردووە. «شا پرسیاری لەتەندروستی خێزانەکەم کردو منیش باسی ئەوەم کرد چۆن میشێڵ و کچەکانم خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ژیان کردن لەکۆشکی سپی. ئەو باسی ئەوەی بۆ کردم (١٢) ژنی هەیە [راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن ژمارەکە (٣٠) ژنە] لەگەڵ (٤٠) منداڵ و دەیەها نەوەو نەوەی نەوە»، ئۆباما وای نووسیوە. «پێم وت: هیوادارم پێت ناخۆش نەبێت خاوەن شکۆ، بەڵام چۆن بەردەوام دەبیت (هەڵدەکەیت) لەگەڵ (١٢) ژندا؟» «ئەویش پێی وتم ‹زۆر بەخراپی› لەکاتێکدا بەبێزارییەوە سەری دەلەقاند. ‹یەکێکیان هەمیشە حەسودی بەوی تر دەبات، هەڵکردن لەگەڵیان ئاڵۆزترە لەسیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»›.

‌هاوڵاتى دۆخی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی ئێران بەقورسترین قۆناغی خۆی لە(40) ساڵی رابردوودا تێپەڕدەبێت و هەندێک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کەدۆخی قەیراناویی ئێستای وەڵاتەکەیان هاوشێوەی جەنگی هەشت ساڵەیە لەگەڵ عێراق، ئەم دۆخە وایکردووە بەرپرسان و باڵە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران قەیرانەکانی ئێستا وەک هەلێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر لەناوخۆی وڵاتەکەیان بەکاربهێنن و لەسایەیەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەیان ئامادەبکەن و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە دوو سەرۆکایەتی تەواوکارەوە بوونەتە دوو دامەزراوەی دوژمنکارو بەسەر باڵی ریفۆرمخوازو محافزکاردا دابەشکراوە. پەرلەمان لەدەستی محافزکاراندایە دامەزرانی پەرلەمان لەئێران میژووەکەی دەگەڕێتەەوە بۆ ساڵی (1906)، بەڵام پەرلەمانی سەردەمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە کەساڵی (1980) و دوای دوو ساڵ لەڕووخانی سیستمی پاشایەتی لەساڵی (1978) دامەزرا، ناوی بە (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی) گۆڕدراو بە (270) نوێنەری شارو شارۆچکەکانی ئێران دەستی بەیەکەم خولی خۆی کرد و بەپێی یاساکان هەر (10) ساڵ جارێک بەپێی دۆخی وڵاتەکەیان ژمارەی کورسییەکان زیاد دەکرێت و نابێت ئەو زیادکردنە لە (20) کورسی زیاتر بێت، لەئێستادا کە ئەو پەرلەمانە لەخولی یازدەیەمینی خۆیایەتی ژمارەی کورسییەکانی (290) کورسییە، کە لەو ژمارەیە (223) کورسیی بەدەست محافزکاران و (18) کورسی بەدەست ریفۆرمخوان و (38) کورسی بەدەست کەسانی سەربەخۆوەیەو بە پەرلەمانی محافزکاران ناوی دەهێنرێت و لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکایەتی دەکرێت کەپێشتر رکابەرێکی سەرەکیی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بوو. پەرلەمان و حکومەت لەهاوکارییەوە بۆ دوژمنکاریی بودجە و قەیرانی دارایی و کۆرۆنا سێ ئامرازی ململانێی پەرلەمان و حکومەتن لەئێراندا، بۆیە لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێی ئێران سەرۆکی پەرلەمان بە رەخنەگرتن لەحکومەت بەبێ ترس لەکۆرۆنا، رۆژانە راستەوخۆ دەچووە ناو ئاپۆرای خەڵکەوەو دەیوت بەرپرسانی حکومەت ئامادە نین لەنزیکەوە خەڵک ببینن و لەکێشەکانیان و نەبوونی بژێوییان بکۆڵنەوە، لەوەڵامدا حکومەت هێرشی توندنی کردەسەر محەمەد باقر قاڵیباف کە پێشێلی رێوشوێنە تەندروستییەکانی کردووەو بووەتە مایەی پەکخستنی یەک مانگی کۆبوونەوەکانی سێ سەرۆکایەتی لەئێران و ئەمەش بووە هەوێنی پەرەسەندنی ململانێکانی حکومەت و پەرلەمان و قاڵیباف وتی هۆکاری سەرەکیی قەیرانە داراییەکانی وڵاتەکەی حکومەت و بانکی ناوەندییەو حکومەت سزاکانی ئەمەریکا بەهۆکاری دۆخی خراپیی ئابوریی وەک پاساوو بیانو بەکاردەهێنێت. لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی و جێگرەکەی وەک وەڵامێک بۆ قاڵیباف رایانگەیاند؛ ئەوانەی شارەزاییان لەئابورییدا نییە، با دەستوەردان لەکاری حکومەتدا نەکەن و هاوکات بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی لەنامەیەکدا داوای لەقاڵیباف کرد بانکی ناوەندیی پەلکێشی ململانێی سیاسی و باڵەکان نەکات. بژێوی وەک کارتی محافزکاران و ریفۆرمخوازان حکومەت لەماوەی رابردوودا پلانێکی پەرلەمانی بۆ گەڕانەوەی سیستمی بەشە خۆراک رەتکردەوە، بەڵام لەبەرامبەردا دەیەوێت پلانێکی خۆی جێبەجێ بکرێت، کە مانگانە (100) هەزار تمەن کە دەکاتە نزیکەی چوار دۆلار بۆ (60) ملیۆن کەس لەماوەی چوار مانگدا تەرخان بکرێت، ئەمەش وایکرد کاردانەوەی توندی باڵی محافزکار بەدوای خۆیدا بێنێت و رۆژنامەی (جەوان) کە سەر بەمحافزکارانە نووسیویەتی (پلانی پەرلەمان حکومەتی ناچار بەپشتیوانیی لەخەڵک کرد) چونکە سەرۆک کۆمارو جێگرەکەی کەپێشتر پلانی پەرلەمانیان بۆ دابینکردنی بژێوی رەتدەکردەوە، لەپلانێکی خۆیاندا ئێستا دەیانەوێت لەماوەی چوار مانگدا، مانگانە (100) هەزار تمەن وەک یارمەتیی دارایی بەخەڵک بدەن، ئەمەش ئاماژەیە کە ئەوان دەیانەوێت هەموو یارمەتییەک و پشتیوانییەک بۆ دابینکردنی بژێویی خەڵکی ئێران بەناوی حکومەتەوە بێت نەوەک پەرلەمان. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) کەنزیکە لەڕیفۆرمخوازانەوە وتارێکی بە ناونیشانی (شەڕی چەپ و راست لەسەر سفرەی خەڵک) بڵاوکردووتەوەو نووسیویەتی: لەدۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێراندا کەمترین سەرنج بۆ سەر باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز هەیەو خەڵک مەیلی بۆ ئەو دوو لایەنە نەماوە، بەڵام ململانێکانیان لەڕاگەیاندن و میدیاکانیانەوە گەیشتووەتە جەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت و ئەم دوو دامەزراوەیە بەسەر دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخوازدا دابەش بووەو لەوێوە هێرشی توند دەکەنە سەر یەک و پلان و پڕۆژە یاساکان رەتدەکرێنەوەو هەردوو لایەن دەیانەوێت بەبیانوی دابینکردنی پێداویستی و خۆراک و پارە بۆ بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران پێگەی خۆیان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی (2021) لەوڵاتەکەدا بەهێزبکەن، ئەویش بەیارییکردن بەسفرەی خەڵکێک کە ئەو پرۆژەو پلانانە مافی خۆیانە. حکومەت بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان حکومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆکایەتیی دەکرێت و بەحکومەتی خولی دوانزەیەم دەناسرێت، خاوەنی (19) وەزارەتەو تەنانەت رۆحانی سەر بەباڵی ریفۆرمخوازان نییە و لەو کەسایەتییانەی ناو کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت کەتەکنۆکراتن و بەمیانڕەو ناسراون و سەر بەهیچ یەک لە دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز نین، بەڵام هەندێکجار پشتیوانیی یەکێک لەو دوو لایەنە بەدەستدەهێنن و رۆحانی کە لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانیی کرا، توانی لەساڵی (2013) تا (2021) بۆ دوو خوڵی چوار ساڵە پۆستی سەرۆک کۆماریی بەدەستەوە بگرێت و سەرۆکایەتی حکومەتی یانزەیەم و دوانزەیەم بکات کە زیاتر لەشەش مانگی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی. سەرۆکی حکومەت بەناونیشانی سەرۆک کۆمار، راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردێت و ئەو وەزیرەکان دەستنیشان دەکات و پەرلەمان متمانەیان پێدەبەخشێت و ئەرکی سەرەکیی حکومەت بریتییە لەبەڕێوەبردن، داڕشتنی سیاسەتی گشتی و چاودێریی کاروباری ئابوریی و دارایی، پەروەردە و خوێندنی باڵاو تووێژینەوەکان، پەیوەندییەکانی دەرەوە، تەندروستی و دەرمان، کشتوکاڵ و پیشەسازیی، ئاسایش و دابینکردنی پێداویستییەکانی جەنگ و پابەندبوون بەپەرلەمان و دەزگای دادوەریی و ئەنجومەنی چاودێریی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەپێی پلەبەندییەکان سەرۆک کۆمار لەئێران دوای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەدووەم کەسی گرنگی وڵات لەقەڵەم دەدرێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر (سیاسەتی دەرەوە، هێزە چەکدارەکان، سیاسەتی ئەتۆمیی)دا نییەو ئەو سێ پرسە سەرەکییە لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە لەئێستادا عەلی خامنەیی ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە، کەئەویش بە رێبەرێکی محافزکار لەقەڵەمدەدرێت. مێژووی ململانێی محافزکارو ریفۆرمخوازدا کۆماری ئیسلامی لەساڵی (1978) بەدروشمی نا بۆ رۆژهەڵات نا بۆ رۆژئاوا، بەڵێ بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەئێران کۆڵەکەو بناغەی کۆمارێکی بەناو ئیسلامی دامەزراند لەئێستادا بەسەر باڵی ریفۆرمخوازو محافزکاردا دابەشبووەو باڵی ریفۆرمخواز کە لەلایەن محەمەد خاتەمی، پێشەنگایەتیی دەکرێت (16) ساڵ پێش ئێستای لەدوو خوڵی چوار ساڵەدا سەرۆک کۆماری ئێران بوو، بەڵام لەئێستادا هەموو چالاکییەکی میدیایی و رێکخراوەیی لێ قەدەغەکراوە،  جگە لەوەش زۆربەی سەرکردەو پێشەنگەکانی ریفۆرمخوزان لەچوارچێوەی سەرکوتی بزووتنەوەی سەوزدا لەزیندانن و یان لەماڵەکانیاندا دەستبەسەرکراون، لەبەرامبەردا باڵی محافزکاران کەخۆیان بەخاوەن و پابەندی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن و لەسەر رێبازی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەرو رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو دەنێن و دوای مەرگی خومەینی ئەوان (عەلی خامنەیی)، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی و یەکێک لەدامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بەپێشەنگ و سەرۆکی خۆیان دەزانن. لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی ریفۆرمخوازان ریفرمخوازان هەمیشە پشتیان بەدەنگی جەماوەر بەستووە، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی ئێران دەرکەوت کەجەماوەرەکەیان بڕوای بەسندوقەکانی دەنگدان و بەڵێنەکانی ریفۆرمخوازان نەماوەو کەمترین بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکاندا کردو ئەمەش بووەهۆی سەرکەوتنی محافزکاران و پەرلەمانی ئێران بەتەواوەتی رادەستی محافزکاران کراو ریفۆرمخوازان توانییان تەنها (18) کورسیی لەکۆی (290) کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ریفۆرمخوازان لەساڵی (1999) توانییان (90%)ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و ببنە خاوەنی زیاترین کورسیی پەرلەمانی خولی شەشەم لەئێران و دوای ئەو خولە بە بەردەوام دەنگەکانیان رووی لەدابەزین کرد تاهەڵبژاردنەکانی ساڵی (2013)ی خولی یانزەیەمی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەیان کەپشتیوانیان لە حەسەن رۆحانی کردو توانییان زیاتر لە (18) ملیۆن دەنگ  کۆبکەنەوەو رۆحانی بە بەدەستهێنانی (50.7%) بووە سەرۆک کۆماری پسندکراوی ریفۆرمخوازان و لەساڵی (2017) جارێکی دیکە بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان توانی (23) ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت و بەوەش رێژەی دەنگەکانی گەیشتە (57%)ی کۆی دەنگەکان و جارێکی دیکە بووە سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی و ریفۆرمخوازان بوونە خاوەنی خولی دوانزەیەمی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەیان. بەسەرنجدانێک لەڕێژەی دەنگی ریفۆرمخوازان لەپەرلەمان و سەرۆک کۆماریی ئێران، دەردەکەوێت زیاترین پاشەکشێی دەنگی ئەو لایەنە لەپەرلەمانی وڵاتەکەیان بووە و دەکرێت بووترێت ریفۆرمخوازان پەرلەمانیان لەدەستداوەو تەنها چاویان لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەیانە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکانی داهاتوو رێژەی دەنگدان کەم بکات و ئەمە زیانی راستەوخۆی بۆ پێگەی ریفۆرمخوازان هەیە، چونکە ئەوە سەلمێنراوە تا رێژەی بەشداریی جەماوەر زیاتر بێت، دەنگی ریفۆرمخوازان زیاتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ دابەزینی بەشداریی خەڵک، دەنگی ئەو لایەنە کەمدەکات. محافزکاران گرەو لەسەر بەشداریی کەمی خەڵک دەکەن ئاستی بەشداریی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی خولی یانزەیەمی پەرلەمانی ئێران لەساڵی (2020) گەیشتە (42.5%) و زیاتر لە (24) ملیۆن و (500) هەزار کەس لەکۆی (58) ملیۆن کەس چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەر ئەو ئاستە کەمە لەچوونی خەڵک بۆ دەنگدان بووە مایەی سەرکەوتنی گەورەی محافزکاران، بۆیە ئەمە وایکردووە کەشارەزایان و چاودێرانی سیاسیی پێیانوابێت لەئەگەری بەشداریی کەمی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەساڵی (2021)، محافزکاران جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنن. هاوکات رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە سەر بەحکومەت و نزیک لە ریفۆرمخوازانە، بەناونیشانی (حکومەتیشیان دەوێت) نووسیویەتی: رۆژنامەو میدیاکانی سەر بەباڵی محافزکاران لەئێران بەبەردەوامی پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت سەرۆک کۆمارێکی سەربازیی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید بکەن و مەبەستیان لەم کارەیان، بەشداریی نەکردنی خەڵکە لەهەڵبژاردنەکان و بێهیواکردنی باڵی ریفۆرمخوازانە، لەکاتێکدا مێژووی وڵاتەکە سەلماندوویەتی کەسانی سەربازیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی نەگونجاون و لە (40) ساڵی رابردووشدا هیچ فەرماندەیەکی سەربازیی نەیتوانیوە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی (ئیبتیکار) کەنزیکە لە ریفۆرمخوازانەوە بەناونیشانی (لەناوچوونی جینات و نەوەی حزبە سیاسییەکان لەئێران) نووسیویەتی: کەشی هەڵبژاردن باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە  کەئەم دۆخە زیاتر لەلایەن میدیاو حزبە سیاسییەکانەوە خوڵقاوەو رەنگە ئاستی بەشداریی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەساڵی داهاتوودا لەژێر گومان و وەهمدا بێت، بەڵام بازاڕی گومان و پێشبینییەکان هەر گەرمەو محافزکاران خۆیان بەبراوەی ئەو هەڵبژاردنانە دەزانن، چونکە پەرلەمانیان بەهۆی بەشداریی کەمی خەڵکەوە بردەوەو لەلایەکی دیکە زۆربەی شیکەرەوەو شارەزایانی سیاسی پێیانوایە چیتر هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاستی زۆری بەشداریی خەڵک بەخۆیانەوە نابینن، بۆیە ریفۆرمخوازان تەنها کاتی خۆیان بەفیڕۆدەدەن، چونکە بەئەگەری بەهێز محافزکاران سەرکەوتن بەدەستبهێنن و دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر دەستی ئەوان رووبدات. چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ریفۆرمخوازان نەیانتوانیوە کادری سیاسی پێبگەیەنن و ئەمە وادەکات ئەو لایەنە نەوەی نوێی سیاسیی نەبێت و هاوکات بەهۆی رەفتارو هەڵسوکەوتە نەگونجاوەکانی محافزکارانیش دەتوانرێت بووترێت ئەوانیش گۆڕانکاریی لەجیناتیاندا روویداوە. رێککەوتنی ئەتۆمیی و بایدن خاڵی سەرکەوتنی ریفۆرمخوازان حەسەن رۆحانی ساڵی (2013) بەهۆی بەڵێنی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی توانی لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دواتریش بەبەڵێنی پابەندبوون بە رێککەوتنەکە توانی لەساڵی (2017) جارێکی دیکە پۆستەکەی مسۆگەر بکاتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەکشانەوەی لەو رێککەوتنە بووەهۆی لاوازبونی پێگەی رۆحانی لەئێران، بۆیە دوای سەرکەوتنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، رۆحانی وتی: هیچ هەلێک بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەدەستنادەین و هەموو هەوڵێک بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنەکە دەدەن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رۆحانی هەموو هێلکەکانی کردووەتەوە سەبەتەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوەو دەیەوێت بەگەڕانەوە بەو رێککەوتنە پێگەی خۆی لەحکومەتی داهاتوودا بەهێز بکاتەوەو بەم وتانە هیوا بۆ ریفۆرمخوازان بگەڕێنێتەوە.  لەلایەکی دیکەشەوە محەمەد جەواد زەریف کە بەکەسایەتییەکی میانڕەوو نزیک لە ریفۆرمخوازان ئەژمار دەکرێت، هەمان ئەو وتانەی رۆحانی بەشێوازێکی دیپلۆماسیی بڵاوکردووەتەوەو چاودێرانی سیاسیی ئێرانیش گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا وەک هیواو کارتێکی ریفۆرمخوازان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لەئێران دەبینن، کە تەنانەت پێشبینی ئەوە کراوە ئەو لایەنە محەمەد جەواد زەریف وەک کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دیاری بکەن. سیناریۆو نواندنی ریفۆرمخوازو محافزکار محەمەد غەرەزی، یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانی پێشوی کۆماری ئیسلامی ئێران وتوویەتی نزیکەی پێنج هەزار کوڕو کچی بەرپرسانی ئێران لەئەمەریکا دەژین و بەرژەوەندییەکانی وڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت و مەینەتییەکانیش بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا. ئەو بەرپرسە کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق وەزیر بووە بەیەکێک لەکەسە نزیکەکانی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لەئێران لەقەڵەمدەدرێت وتوویەتی: لەڕاستیدا ئەو ناکۆکی و ململانێیانەی کەئێستا لەنێوان محافزکاران و ریفۆرمخوازاندا هەیە رواڵەتییەو لەژێرەوە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە بەسەر یەکترو کوڕو کچەکانیان لەدەرەوەی وڵاتدا دابەشدەکەن و ئەوەی هەیە بەڕواڵەت ناکۆکییە.

هاوڵاتى ‌سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، 24 به‌رپرس و سه‌رۆکى لقه‌کانى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ پۆسته‌کانیان دورده‌خاته‌وه‌. له‌نوسراوێکدا کازمى ئه‌وکه‌سانه‌ى له‌پۆسته‌کانى کۆمسیۆن دورخسته‌وه‌  و پۆستى دیکه‌یان له‌ دام و ده‌زگاکانى ترى وڵات پێدرا.  یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ى به‌ فه‌رمانى مسته‌فا کازمى له‌ کاره‌که‌ى دوورخراوه‌ته‌وه‌(هاوڕێ تۆفیق محه‌مه‌د)سه‌رۆکى لقى کۆمسیۆنى سلێمانى بووه‌.  

  کاکەلاو عەبدولا   ئەو فرۆکە بۆمبهاوێژەی زۆرترین خزمەتی هەیە لەسوپای ئەمریکادا گەیەندرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوەک «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە. ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند گەشتێکی تاقیکردنەوەی دوور مەودایان بەفڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی  B-52 کردووە لەشەممەی رابردوودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی « ساردکردنەوەی کردەی شەڕەنگێزانەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا». سوپای ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە کەئایا ئەو فڕۆکە جەنگییانە چوون بۆ کام وڵات و ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند لەبنکەی ئاسمانی مینۆت لە نۆرس داکۆتاوە فڕیون. فرۆکەی جەنگی B-52 فرۆکەیەکی دوورمەودای بۆمبهاوێژە کە لەتوانایدایە (٣٢) هەزار کیلۆگرام چەک هەڵبگرێت لەبۆمبی ناوکی، موشەکی کروزی و هەروەها چەندین جۆری بۆمبی تر جگە لەوەی دەتوانێت زیاتر لە (١٤) هەزار کم ببڕێت بەبێ پڕکردنەوەی سووتەمەنی. ساڵی ١٩٤٦ دەستکراوە بەدیزاینکردنی لەلایەن کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی و یەکەم فڕینی لەساڵی ١٩٥٢ بووەو لە ١٩٥٥ چووەتە بواری خزمەتەوە لەسوپای ئەمریکاو تائێستاش بەردەوامە کە لەوکاتەوە (٧٤٤) دانەی لێ دروستکراوە. نرخی هەر دانەیەکی لەنێوان (٦١-٧٤) ملیۆن دۆلارەو بەپێی ئامارێکی حوزەیرانی ٢٠١٩، (٥٨) دانە لە خزمەتدان و (١٨) دانەش لەیەدەگدان جگە لەوەی کە (١٢) دانە لەکۆگای درێژخایەندان. B-52 فرۆکەیەکی زۆر زەبەلاحەو درێژییەکەی (٤٧) مەترەو پانییەکەشی (٥٦) مەترە و دەتوانێت (١٥) هەزار مەتر بەرزببێتەوە، کێشی (٨٣) هەزار (٢٥٩) کیلۆگرامەو لەکاتی هەستانیشدا دەبێت بە (٢٢٠) هەزار کیلۆگرام و ئەوپەڕی خێرایی دەگاتە هەزارو  (٤٠) کم لەکاتژمێرێکدا. ئامانج لەدروستکردنی هەڵگرتنی چەکی ناوکی بووە لەسەردەمی جەنگی سارددا بۆ ئەرکی ساردککردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام بەردەوام بووە لەخزمەت و لەجەنگی ڤێتنام، جەنگی کەنداو، هەروەها جەنگی ئەفغانستان بەشداری کردووە، زۆرترین خزمەتی هەیە زیاتر لەهەر فرۆکەیەکی جەنگی لەسوپای وڵاتانی جیهاندا. بەهۆی ئەدایەکی باڵادەست لەبەرزاییەکی زۆر بەخیراییەکی زۆر باشەوەو هەروەها بەهۆی تێچوویەکی کەمی کارپێکردنییەوە، سوپای ئەمریکا لەخزمەتدا هێشتویەتییەوە سەرەڕای ئەوەی فرۆکەی پێشکەوتووتر دروستکراون. سوپای ئەمریکا لەساڵی ٢٠١٠، (٧٥٠) ملیۆنی بۆ (١٠) ساڵ لەپاڵپشتی و تازەکردنەوەی فرۆکەکەدا تەرخان کردو بەنیازە تاساڵی ٢٠٥٠ لەخزمەتدا بیهڵێتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بە «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە لەلایەن چەند میدیایەکی ئەمریکاوە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی هێرشی کردووە بۆ سەر ئێران، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی رابردوو لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کەوەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری بەوەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژاردە سەربازییەکانی  بۆ هێرش کردنەسەر ئێران بخەنەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند ئێران  (١٢) ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لەکۆگایەکیدا هەیە. لەکۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوە، هەروەها کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بەوەکالەت بەشداربوون و چەند سیناریۆیەکیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ تا هێرش بکاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. «ئەو داوای بژاردەیەکی لێکردن، ئەوانیش چەند سیناریۆیەکیان خستە بەردەمی، بەڵام دواتر بڕیاریدا کە بەردەوام نەبێت»، بەرپرسەکە ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت.

هاوڵاتى بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌ ئاماده‌بوونى مایک پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ شارى که‌ناراوى نیۆم-ى سعودییه‌ به‌ نهێنى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى جێنشینى ئه‌و وڵاته‌ کۆبوه‌ته‌وه‌.  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى تشرینى دووه‌مى 2020، ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ زارى کۆمپانیاى په‌خشى کان، رادیۆى سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ رایگه‌یاند:"نه‌تانیاهۆ رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ به‌ نهێنى سه‌ردانى سعودیه‌ى کردووه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا کۆبووه‌ته‌وه‌". وه‌لید ئه‌لعومی، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فه‌له‌ستین له‌ جه‌زیره‌ رایگه‌یاندووه‌، "روون و ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ راسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى چاودێرى ئیسرائیل رێگه‌ى به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى داوه‌ و خودى فڕۆکه‌که‌ش به‌رده‌وام له‌ ئه‌رکى نهێنى نه‌تانیاهۆ به‌کارهاتووه‌". هه‌روه‌ها میدیاى ئیسرائیلى ورده‌کارى ئه‌وه‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ کاتژمێرى رابردوودا روویداوه‌ و ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه‌ که‌ نزیکبوونه‌وه‌ى نه‌تانیاهۆ و کۆهن له‌ سعودیه‌ و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانى شازاده‌ى سعودییه‌ هۆکارى راسته‌قینه‌ى دواخستنى کۆبوونه‌وه‌ى له‌ناکاوى لیژنه‌ى وه‌زارى تایبه‌ت به‌کۆرونا بووه‌. دواى رێککه‌وتنى ئیسرائیل و ئیمارات، چه‌ند جارێک بنیامین نه‌تانیاهۆ رایگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌ب گۆڕانکاریه‌کى بنه‌ڕه‌تییان له‌ پێگه‌ى خۆیان کردووه‌ و ئێستا پشتگیرى په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌که‌ن. وه‌لید ئه‌لعومی، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فه‌له‌ستین له‌ جه‌زیره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌دابوو که‌ پێده‌چێت کۆبوونه‌وه‌که‌ى دوێنێ یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ نه‌بووبێت له‌نێوان هه‌ردوو (نه‌تانیاهۆ و بن سه‌لمان) چ له‌سعودیه‌و چ له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام درابێت. رادیۆى ئیسرائیل ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌ نهێنى له‌گه‌ڵ یۆسى کۆهن، سه‌رۆکى موساد سه‌ردانى سعودیه‌ى کردووه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى سعودیه‌ کۆبوه‌ته‌وه‌. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌تویته‌رى خۆى ئه‌وه‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گه‌شتێک ئه‌نجام ده‌دات به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا.

هاوڵاتى  ‌کۆمپانیای مۆدێرناى ئه‌مریکى نرخى ڤاکسینه‌ په‌ره‌پێدراوه‌که‌ى بۆ فرۆشتن راگه‌یاند و که‌ هه‌ر ژه‌مه‌ ڤاکسینێکیان له‌ 25 بۆ 37 دۆلاره‌. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 22ى تشرینى 2020، ستیفان بانسه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى مۆدێرناى ئه‌مریکى تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانى ڤاکسین بۆ میدیاکانى ئه‌مریکا رایگه‌یاند:"نرخى هه‌ر ژه‌مه‌ ڤاکسینێک له‌ نێوان 25 بۆ 37 دۆلاره‌وه‌یه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" به‌دواى قازانجێکى زۆره‌وه‌ نین و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و تێچووه‌ به‌رزه‌ ته‌ندروستیه‌ى که‌ که‌سێک پێویستیه‌تى کاتێک تووشى کۆرۆنا ده‌بێت، نرخێکى دادپه‌روه‌رانه‌یه‌". هه‌فته‌ى رابردوو کۆمپانیاى مۆدێرنا رایگه‌یاندبوو، ڤاکسینه‌که‌یان به‌ رێژه‌ى 95% سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌رگریى بۆ تووشبوانى کۆرۆنا دروست ده‌کات.  

هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا شێوازى گفتوگۆکردنى به‌رامبه‌ر یه‌کێتى ئه‌وروپا گۆڕیوه‌ ئه‌وه‌ش پاش نزیکبونه‌وه‌ى یه‌کێتییه‌که‌ بۆ سزادانى ئه‌نقه‌ره‌. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا ڕایگه‌یاند:" هیوادارم ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌کانى به‌وه‌فابێت و هه‌نگاو دژى تورکیا نه‌نێت". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" جگه‌ له‌ئه‌وروپا خۆمان له‌ هیچ شوێنێکى دیکه‌ى جیهان نابینینه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت ئاینده‌یه‌کى هاوبه‌ش بنیاتبنێین". مانگى داهاتوو یه‌کێتى ئه‌وروپا کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش چه‌ند جارێک هۆشدارییانداوه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ریدا.  

هاوڵاتى گه‌ریلا تیڤى ڤیدیۆى چالاکیى ڕۆژى ١ى ئه‌م مانگه‌ى هێزه‌کانى گه‌ریلاى له‌ ناوچه‌ى خانتورى هه‌فتانین له‌ دژى سوپاى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌و له‌و چالاکییه‌دا شه‌ش سه‌رباز کوژراون. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 2ى تشرینى دووه‌مى 2020، ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل- هه‌په‌گه‌، ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کاوه‌ که‌ هێزه‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى شۆڕشگێڕیى "جه‌نگى هه‌فتانین" دا ڕۆژى ١ى ئه‌م مانگه‌ له‌ کاتژمێر ١١:٠٠ى پێش نیوه‌ڕۆدا له‌ سه‌ر شاخى خاچ له‌ ناوچه‌ى خانتورى هه‌فتانین"به‌ چه‌کى تایبه‌ت له‌ دژى داگیرکه‌ران چالاکییان ئه‌نجامدا، کاتێک پێنج سه‌ربازى داگیرکه‌ر پێکه‌وه‌ له‌ لاى حه‌فاره‌یه‌کى سوپاى تورکى داگیرکه‌ر کۆبوونه‌وه‌ لێیاندرا، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و چالاکییه‌دا حه‌فاره‌که‌ى سوپاى تورک به‌ ته‌واوى تێکشکا و شۆفێرى حه‌فاره‌که‌ و فه‌رمانده‌یه‌کى ئه‌و بنکه‌ سه‌ربازیییه‌ و به‌ گشتى شه‌ش داگیرکه‌ر سزا دران".  ‌له‌م لینکه‌دا ڤیدیۆکه‌ ببینه‌:  

هاوڵاتى ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ئاشکراى ده‌کات که‌ ‌وه‌فدێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا چووه‌ته‌ ڕۆژئاڤاى کوردستان‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات کۆبۆته‌وه‌و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى ئاشکراده‌کات. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ئاشکرایکردوه‌، دوێنێ شه‌ممه‌ له‌بنکه‌ى سه‌ربازیى کێڵگه‌ى نه‌وتیى عومه‌ر له‌گونده‌وارى دێره‌زورى ڕۆژهه‌ڵات، نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌داعش له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌)‌و فه‌رمانده‌کانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازییو مه‌ده‌نى دێره‌زور کۆبونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ، ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ى دوا پێشهاته‌کانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆرو چۆنێتى پشتیوانیکردنى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابورى ناوچه‌که‌ کراوه‌. هاوکات، ئه‌وه‌ دووپاتکراوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌ردوو لایه‌نى ئه‌مریکیو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى جه‌ختیانکردۆته‌وه‌ که‌ به‌رده‌وامده‌بن له‌پشتیوانیکردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات له‌ڕوى سه‌ربازییو لۆجستیی و به‌ پاڵپشتى ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نیى دێره‌زور. دوپاتکردنه‌وه‌ى پاڵپشتى ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌داعش بۆ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات دواى ئه‌و هه‌واڵانه‌ دێت که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌میدیاکانى نزیک له‌ڕژێمى سوریا بڵاوکرایه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌مریکا وه‌ک به‌شێک له‌هه‌وڵه‌کانى بۆ پاشه‌کشه‌کردن له‌ناوچه‌که‌، کاروانێکى سه‌ربازیى که‌ له‌ ٥٠ ئۆتۆمبێلى سه‌ربازیى پێکهاتوه‌ له‌ڕۆژئاواى کوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان کێشاوه‌ته‌وه‌.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى روسیا رایگه‌یاند، بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى گه‌شتکردنى بۆ وڵاته‌که‌یان، به‌سه‌ر 25 به‌رپرسى به‌ریتانیادا سه‌پاند. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2020، وه‌زاره‌تى ده‌روه‌ى روسیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌که‌، له‌به‌رامبه‌ر سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانى روسیادا له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌، به‌تۆمه‌تى پێشێلکردنى مافه‌کانى مرۆڤ. رۆژى 6ى ته‌مووزى ئه‌مساڵ په‌رله‌مانى به‌ریتانیا سزاى به‌سه‌ر 25 به‌رپرسى روسیادا سه‌پاند، به‌تۆمه‌تى تێوه‌گلانیان له‌که‌یسى ئه‌شکه‌نجه‌دان و دواتریش کوشتنى پارێزه‌ر "سێرگى ماگنیستکی". سێرگى ماگنیستکی، له‌ساڵى 1972 له‌دایکبووه‌، راوێژکارى باج بووه‌ له‌روسیا، به‌تۆمه‌تى دزینى پارچه‌ که‌له‌پوورى هونه‌رى  Hermitag له‌ مۆزه‌خانه‌ى گشتى سانتپترسبۆرگ، حکومه‌تى روسیا له‌مانگى تشرینى دووه‌مى 2008دا زیندانى کرد. دواى به‌سه‌ربردنى ساڵێک له‌به‌ندیخانه‌ و پێش حه‌وت رۆژ له‌ ئازادبوونى گیانى له‌ده‌ستدا، له‌رووداوى گیانله‌ده‌ستدانه‌که‌دا ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى روسیا به‌ ئه‌شکه‌نجه‌دانى و کوشتنى تۆمه‌تبار ده‌کرێن.

هاوڵاتى  هاوسه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى جێبه‌جێکار له‌ باکوور و رۆژهه‌ڵاتى سووریا قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆى له‌ رۆژئاڤاى کوردستان و ته‌واوى ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر راگه‌یاند. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2020، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆى ته‌واوه‌تى له‌ ناوچه‌کانى (حه‌سه‌که‌، قامشلۆ، ته‌بقه‌ و ره‌ققه‌) بۆ ماوه‌ى 10 رۆژ راگه‌یه‌ندرا و بڕیاره‌که‌ له‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 26ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێکردن و تا 5ى مانگى داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌خراوه‌ته‌روو له‌ ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌که‌دا ته‌واوى ناوه‌نده‌کانى خوێندن و باخچه‌ى ساوایان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌کانى ئیداره‌ى خۆسه‌ر داده‌خرێن و جووڵه‌ى پاس و ئۆتۆمبیله‌کانیش بۆ ناوچه‌کانى ئیداره‌ى خۆسه‌ر و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ راده‌گیرێت، ته‌نیا ئاڵوگۆڕى بازرگانى ده‌مێنێت. هاوکات ئه‌وه‌ دووپاتکراوه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ فه‌رمییه‌کان له‌و ناوچانه‌ داده‌خرێن، ته‌نیا ژماره‌یه‌کى دیاریکراوى فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان نه‌بن " له‌ ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆدا ته‌واوى بینایه‌ى فه‌رمانگه‌ و ناوه‌نده‌کانى خوێندن پاکڕشێن "تعقیم" ده‌کرێن. به‌رێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر باسى ئه‌وه‌شیان کردووه‌ که‌ ئه‌رکى دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌کانه‌ رێنمایى و هۆشیارى له‌ناو هاووڵاتیان بڵاوبکه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى پابه‌ندى رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌کان و دوورى کۆمه‌ڵایه‌تى بن، تا ئه‌و کاته‌ى له‌ په‌تاى کۆرۆنا رزگار ده‌بن. بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ نه‌خۆشخانه‌ و نانه‌واخانه‌کان ناگرێته‌وه‌، هه‌رچى ده‌رمانخانه‌کانیشه‌ کاره‌کانیان به‌پێى خشته‌یه‌ک رێکده‌خرێن، که‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ و لیژنه‌ ته‌ندروستییه‌کان و یه‌کێتى ده‌رمانسازانه‌وه‌ به‌شێوه‌ى نۆره‌ بۆیان دیارى ده‌کرێت. به‌رێوه‌به‌رێتى خۆسه‌ر جه‌ختله‌وه‌ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئاسانکارى بۆ جووتیاران و دابه‌شکردنى مادده‌ قڕکه‌ره‌کان بۆ کێڵگه‌کانیان ده‌کرێت و پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش رێکاره‌کانى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ وه‌ک چۆن له‌ بڕیاره‌که‌دا هاتووه‌، جێبه‌جێ بکه‌ن.  

هاوڵاتى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى عێراق، کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکاى پشتڕاست کرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:" ئه‌مه‌ به‌پێى رێککه‌وتنى نێوان به‌غدا و واشنتنه‌و له‌قۆناغى یه‌که‌مدا 500 سه‌ربازى ئه‌مریکى له‌عێراق ده‌کشێنه‌وه‌". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2020، لیوا ته‌حسن خه‌فاجى، وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى عێراق رایگه‌یاند:" کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا ده‌ستپێکرد و له‌ قۆناغى یه‌که‌مدا 500 سه‌ربازى ئه‌مه‌ریکا عێراق جێده‌هێڵن، ئه‌مه‌ش به‌پێى رێککه‌وتنى نێوان به‌غدا و واشنتن جێبه‌جێ ده‌کرێت". هه‌روه‌ها خه‌فاجى باسى له‌وه‌شکرد به‌پێى ئه‌و خشته‌یه‌ى له‌لایه‌ن عێراق و ئه‌مریکا دانراوه‌، کشانه‌وه‌ى هێزه‌کان زۆرى پێناچێت و له‌ماوه‌یه‌کى کورتدا کۆتایى پێ دێت. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ پێشتر وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا له‌ چوار رۆژى رابردوودا رایگه‌یاندبوو پێش ته‌واوبوونى ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ، ئه‌مه‌ریکا دوو هه‌زار و 500 سه‌رباز له‌ ئه‌فغانستان و 500 سه‌رباز له‌ عێراق ده‌کشێنێته‌وه‌.  

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى هۆڵه‌ندا ئاشکرایکرد، نزیکه‌ى 150 سه‌رباز ده‌نێرێته‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌ فرۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر جێگیر ده‌کرێن. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2020، وه‌زاره‌ته‌که‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاندوه‌، 100 بۆ 150 سه‌رباز ده‌نێرێته‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ پاراستنى فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ دواى راهێنانى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ده‌ست ده‌کات به‌ پێشکه‌شکردنى راوێژ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى سه‌ربازیى هه‌رێمى کوردستان. هاوکات، ئه‌وه‌ دووپاتکراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ له‌ژێر سه‌رکردایه‌تیى هۆڵه‌ندا ده‌بێت و ئامانج لێى ئه‌وه‌یه‌ عێراق بتوانێت له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا خۆى بپارێزێت.  

هاوڵاتى جێگرى پێشوى سه‌رۆکوه‌زیرانى تورکیا که‌ به‌ هاوپه‌یمانێکى نزیکى ئه‌ردۆغان داده‌نرێت داواى ئازادکردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌کات. بوڵنت ئارنج جێگرى پێشووى سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ میدیاکانى وڵاته‌که‌ى رایگه‌یاند:" دژى درێژکردنه‌وه‌ى زیندانیکردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لانم و نابێت ده‌ستگیرکردنه‌که‌ى بکرێته‌ سزادان". ئه‌م وتانه‌ى بوڵنت ئارنج، ئه‌ندامى بۆردى باڵاى راوێژکارى ئه‌ردۆغان پاش هه‌فته‌یه‌ک دێت له‌ وته‌کانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى ئه‌و وڵاته‌، که‌ تێیدا به‌ڵێنى به‌ په‌رله‌ماندا چاکسازیى دادوه‌ریى بکاته‌ ئه‌وله‌یه‌تى کاره‌کانیى بۆ ساڵى داهاتوو. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ به‌ تۆمه‌تى هاندانى خۆپیشاندان دژى هێرشى تورکیا بۆسه‌ر کۆبانى ده‌ستگیرکراوه‌، پێشتر دادگا پێشتر فه‌رمانى ئازادکردنى بۆ ده‌رکردووه‌، به‌ڵام ئازادنه‌کراوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند جارێک یه‌کێتى ئه‌وورپا داواى ئازادکردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشى له‌ به‌رپرسانى تورکیا کردووه‌، به‌ڵام تورکیا تا ئێستا وه‌ڵامى ئه‌رێنى نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌وروپا.  

هاوڵاتى  نوسه‌رێکى کورد و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وڵاتى دانیمارک، خه‌ڵاتى لۆریاڵى زێڕین به‌ سارا عومه‌ر رۆماننوسى کورد به‌خشرا و وه‌کو خۆى ده‌ڵێت:" ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ په‌رتوکێک ده‌به‌خشرێت که‌ له‌ ئاستێکى ئه‌ده‌بى به‌رزدا بێت و سه‌رنجى ره‌خنه‌گران و خوێنه‌ران به‌لاى خۆیدا رابکێشێت". سارا عومه‌ر رۆماننوس له‌ فه‌یسبووکى خۆى نوسیویه‌تى: "خۆشحاڵم پێتان رابگه‌یه‌نم، که‌ رێککه‌وتى 18ى ئه‌م مانگه‌ له‌ شارى کۆپنهاگن له‌ وڵاتى دانیمارک خه‌ڵاتى ئه‌ده‌بى (لۆریاڵى زێڕین)م پێبه‌خشرا". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵاتێکى ئه‌ده‌بیى دانیمارکییه‌، که‌ له‌ ساڵى 1949دا دامه‌زرێندراوه‌، ھه‌موو ساڵێکیش به‌ یه‌کێک له‌ نوسه‌ره‌کانى هه‌مان وڵات ده‌به‌خشرێت" ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بڕیار له‌سه‌ر به‌خشینى خه‌ڵاته‌که‌ ده‌دات پێکھاتوون له‌ ره‌خنه‌گه‌رانى ئه‌ده‌بیى و خاوه‌ن کتێبخانه‌کانى دانیمارک". هاوکات، باسى له‌وه‌شکردووه‌ لیژنه‌که‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ په‌رتوکێک ده‌به‌خشن، که‌ ئاستێکى ئه‌ده‌بى به‌رزى ھه‌بێت و سه‌رنجى ره‌خنه‌گران و خوێنه‌رانى به‌لاى خۆیدا راکێشابێت. نوسه‌رى براوه‌ که‌سێکه‌  زۆرترین خوێنه‌رى ھه‌بووه‌ و کتێبه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو به‌ناو کۆمه‌ڵگادا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. سارا عومه‌ر ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ زۆرێک له‌ نوسه‌ره‌ گه‌وره‌کانى دانیمارک ئه‌و خه‌ڵاته‌یان بردووه‌ته‌وه‌ و ھه‌ر نوسه‌رێکیش ده‌توانێت یه‌کجار له‌ ژیانیدا وه‌ربگرێت. له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى رۆمانه‌کانیشیه‌وه‌ سارا ده‌ڵێت:" ماناى رۆمانه‌کانى له‌ به‌رگریکردندایه‌ له‌ ئازادیى و رێگرتنه‌ له‌ سوکایه‌تى به‌ مرۆڤ، کتێبه‌کانم بۆنى خوێنیان لێدێت، خوێنى ئه‌و ژن و کچانه‌ى رۆژانه‌ به‌ تۆمه‌تى جیاواز ده‌کوژرێن و له‌دواى مردنیشیانه‌وه‌ گۆڕێکیان پێ ڕه‌وا نابینرێت". سارا عومه‌ر یه‌که‌مین نوسه‌رى گه‌نجه‌ که‌ خه‌ڵاتى لۆریاڵى زێڕینى پێ به‌خشرابێت.