‌هاوڵاتى لەدوو بەرەوە تورکیا تەنگی پێهەڵچنراوەو سزای قورسی ئابوری چاوەڕێی دەکات بەجۆرێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی وڵاتەکەی ترساندووەو داوای «دیالۆگ و دانوستان» دەکات لەگەڵ سزا سەپێنەرەکان – ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا. لە هەینی رابردوو، ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەدەنگی (٨٤) ئەندام (سیناتۆر)ی ئەنجومەنەکە پرۆژەیاسای بەرگری نیشتمانی ٢٠٢١ی تێپەڕاندو لەبڕگەیەکیدا سەپاندنی سزا دیاری دەکات بەسەر تورکیادا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ی رووسی. لەڕۆژی بوون بەیاساوە، دەبێت لەماوەی (٣٠) رۆژدا سزا بسەپێنرێت بەسەر ئەنقەرەدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کەپێشتر چەندین جار ڤیتۆی لەسەر سزا سەپاندن بەسەر تورکیادا کردبوو بەهۆی نزیکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغاندا. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەمێژە داوای سەپاندنی سزا دەکەن بەسەر ئەنقەرەدا کاتێک لەتەمموزی ٢٠١٩ یەکەمین پارچەکانی سیستمەکەی پێگەشت، کە واشنتن پێیوایە سیستەمەکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی. بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسیا ئەنجامی داوە، تورکیا دوو ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دەدات بە مۆسکۆ لەبەرامبەر کڕینی سیستەمەکەدا  کە پێیوایە سیستمەکە پێویستییەکی هەنوکەییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ململانێ سەربازییانەی لەدەوروبەری وڵاتەکەیدا هەن و رایگەیاندووە هاوپەیمانەکانی بەئەمریکاشەوە لەناتۆ نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی بۆ دابین بکەن – وەک سیستەمی بەرگری پایتریۆتی ئەمریکی - کە لایان قبوڵکراو بێت. لە راپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی رۆیتەرز هاتووە، سزاکە ئاژانسی دابینکردنی بەرگری تورکیاو سەرۆکی ئاژانسەکە دەگرێتەوە کە ئیسماعیل دەمیرە. بە پشتبەستن بەوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، رۆیتەرز باسی لەوەش کردووە ئەمجارە دۆناڵد ترەمپ خۆی راوێژکارەکانی راسپاردووە بۆ سزا سەپاندن بەسەر ئەنقەرەدا. تۆڕی میدیای بلۆمبێرگ لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی خۆی دەربڕیوە لەسەر پاکێجێکی سزا کە لەلایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە، پێشنیاری بۆ کراوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، بەڵام باس لەوە نەکراوە سزاکان چی لەخۆدەگرن. بەپێی وتەی سەرچاوەکانی بلومبێرگ، سزاکان لەمیانی یاسای (رووبەڕووبونەوەی نەیارەکانی ئەمریکا لەڕێی سزاوە) یاخود کورتکراوەکەی (کاتسا)وە دەسەپێنرێت، کە هەمان یاسایە تێیدا سزای جۆراوجۆر بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لەماوە چوار ساڵی دەسەڵاتی ترەمپدا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لیرەی تورکی لەسەدا ١.٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی کە لەمساڵدا زیاتر لەسەدا (٢٥) بەهای خۆی لەدەستداوە. تەنها رۆژێک پێش پەسەندکردنی پرۆژەیاسەکەی کۆنگرێس، یەکێتی ئەوروپاش  بڕیاریدا سزای ئابوری بەسەپێنێت بەسەر ئەنقەرەدا لەبەر دەرهێنان و بەدواداگەڕانی گازی سروشتی لەدەریای سپی ناوەڕاست. ماوەی چەند مانگێکی زۆرە گرژی لەنێوان یۆنان و تورکیا دروستبووە لەسەر مافی دەرهێنانی گازی سروشتی و تورکیا چەندین جار کەشتی ناردووە بۆ بەشی «قوبرسی تورکی»  کە ئەسینا و یەکێتی ئەوروپا پێیانوایە سەرپێچییەو سنوربەزاندنی خاکی قوبرسە. تورکیا باس لەوە دەکات لەو ناوچەیەدا کار دەکات کەدەکەوێتە بەشی خۆیەوە کە قوبرسی تورکی مافی هەیە تێیدا. بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا جۆزێپ بۆریڵ، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی یەکێتییەکە، ناوی ئەو کەس و کۆمپانیا تورکیانە ئاشکرا بکات کە سزاکە دەیانگرێتەوە. سزاکان بریتین لەقەدەغەکردنی گەشت و بلۆککردنی چەند سەرمایەیەکی تورکی کە فەرەنسا و یۆنان پێیانوایە سزایەکی سووکە و داوای سزای سەختتریان کرد. «ئەوروپا توانستی خۆی دەرخستووە بۆ بەرەنگاری تورکیا بە سەپاندنی سزا تا ئەوەی دەستهەڵبگرێت لەکردەوە تاکلایەنەکانی لەدەریای سپی ناوەڕاست. ئێمە مانگی تشرینی یەکەم هەلێکماندا بەتورکیاو پەیوەندیمان پێوەکردو مەرجمان بۆ دانان، بەڵام بە کۆی دەنگ تێبینی ئەوەمان کرد تورکی بەردەوام لەکردەوە تووندەکانی»، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وای وت. دوابەدوای بڕیاری یەکێتییەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند رێکارەکان «لایەنگریی پێوە دیارەو نایاسایین»، جگە لەوەی دەبێت برۆکسل وەک «هەماهەنگکارێکی راستگۆ» هەڵسوکەوت بکات لەناکۆکییەکەدا. هەروەها ئەوەش هاتووە کە یەکێتییەکە پیویستە بە «ژیری» مامەڵە لەگەڵ کێشەکە بکات نەک گوێ لە داخوازییەکانی یۆنان بگرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دوابەدوای هەواڵەکە لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەی وتی: «ئێمە پەیوەندی رەگداکوتاوی سیاسی و ئابوریمان هەیە لەئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کەناکرێت هیچ لایەکیان فەرامۆشی بکەن یان لەدەستی بدەن. هیچ کێشەیەک نییە کە لەڕێی دیاکۆگ و هەماهەنگییەوە چارەسەر نەکرێت». سزاکانی یەکێتی ئەوروپا تەنها سەرەتایەو لەمانگی ئازاری ٢٠٢١ جۆزێپ بۆڕێڵ سزای فراوانتر رادەگەیەنێت دوای ئەوەی یەکێتییەکە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات. ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا دوابەدوای بڕیاری یەکێتییەکە رایگەیاند تاووتوێی قەدەغەی ناردنی چەکیان کردووە لەگەڵ ئەوەی چۆن لە لوتکەی ناتۆ باس بکرێت، هەروەها رایگەیاند «دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکەین دەربارەی تورکیا». جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە لەبەرامبەر تورکیاو ئەردۆغاندا تووند دەبێت و سەرپێچییەکانی ئەنقەرە فەرامۆش ناکات. یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ لەپلانیاندایە لوتکەیەک رێکبخەن لەگەڵ جۆو بایدن دوای ئەوەی لەکانونی دووەمی ٢٠٢١ دەسەڵات دەگرێتە دەست. بەپێی  ئاماری ئاژانسی یۆرۆستات-ی سەر بەیەکێتی ئەوروپا، لەساڵی ٢٠١٨دا یەکێتییەکە بە بەهای (٥٤) ملیۆن و (٥٣) هەزار دۆلار چەکی هەناردەی تورکیا کردووە کەمووشەکیش لەخۆدەگرێت، بەڵام فرۆشتنی فرۆکەی جەنگی بەوڵاتەکە دەگاتە نزیکەی چەند ملیار یۆرۆیەک. پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بڵاویکردووەتەوە ئەمریکا، ئیتاڵیا، هەروەها ئیسپانیا یەکەمی ریزبەندییان گرتووە لەهەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا. چەندین وڵاتی ئەوروپی وەک فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، هەروەها سوید لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩ رێککەوتن لەسەر ئەوەی فرۆشتنی چەک کەم بکەنەوە یان رایبگرن بەتورکیا، بەڵام نەیانتوانی بەکۆی یەکێتییەکە بڕیار بدەن لەسەر بابەتەکە. بڕیاری ئەو وڵاتانە دوای ئەوە دێت کەتورکیا پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی دا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩و چەندین ناوچەی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یان داگیرکرد. وڵاتانی ئەوروپی کە ئەندامیش نین لە رێکخراوی ناتۆ، لەسەر چەندین بابەتی تریش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەمەڕ کردەوەکانی تورکیا وەک دەستتێوەردانی ئەنقەرە لەجەنگی ناوخۆیی لیبیاو سوریا هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-(٤٠٠) لە رووسیا. ئەوروپییەکان باس لەوە دەکەن سیستەمی بەرگری ئێس- (٤٠٠) لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆدا ناگونجێت و دەبێتە هۆی پێدانی زانیاری رێکخراوکە بە رووسیا. «سزا خۆی لەخۆیدا کۆتایی نییە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەکردەوە تووندەکانی. چاوەرێ دەکرێت تورکیا رێبازی خۆی بگۆڕێت و وادیارە ئەوروپا  یەکگرتووەو پشتگیری یۆنان و قوبرس دەکات»، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان وای وت.  

هاوڵاتى   ڕاگه‌یاندنه‌کانى ئێران، هه‌واڵى له‌سێداره‌دانى ڕوحوڵا زه‌م به‌ڕێوبه‌رى که‌ناڵێکى تێلگرامییان بڵاو کرده‌وه‌. به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 12ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ڕاگه‌یاندنه‌ فه‌رمییه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى ئێران، ڕایانگه‌یاند که‌ سزاى له‌سێداره‌دانى (ڕوحوڵا زه‌م) به‌ڕێوبه‌رى که‌ناڵى تێلگرامیى (ئامه‌دنیوز)، جێبه‌جێى کراوه‌. ڕوحوڵا زه‌م، به‌ڕێوبه‌رى که‌ناڵى تێلگرامى (ئامه‌دنیوز)، دانیشووى فه‌ره‌نسابوو، ساڵى ڕابردوو له‌ سه‌ردانێکى بۆ شارى نه‌جه‌ف له‌ عێراق، له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى ئێرانه‌وه‌ ڕفێندرا، دواى لێپرسینه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌کانى ده‌سه‌ڵات، برایه‌ به‌رده‌م دادگا و 13 تۆمه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى (دژایه‌تى خودا) (محاربه‌ و افساد فى الارچ)، ئاڕاسته‌ کرا. ڕوحوڵا زه‌م له‌ دانیشتنه‌کانى دادگادا، به‌شێک له‌ دانپیدانانه‌کان و تۆمه‌ته‌کانى ڕه‌تکرده‌وه‌، که‌ له‌ژێر فشار لێوه‌رگیراوه‌ و ڕایگه‌یاند، که‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ و کارى ڕاگه‌یاندنى کردووه‌ و تۆمه‌تى ده‌ستهه‌بوونى له‌ هاندانى خه‌ڵک بۆ خۆپیشاندان و زیانگه‌یاندن به‌ سیستمى ئابوریى ئێرانى ڕه‌تکرده‌وه‌.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر کڕینى سیستمى به‌رگرى ئێس-400 ى روسى له‌لایه‌ن تورکیاوه‌، بڕیارى سزادانى ئه‌و وڵاته‌ى واژۆکرد. ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا واژۆى له‌سه‌ر سزادانى تورکیا کرد به‌هۆى کرینى سیستمى موشه‌کى ئێس 400ى رووسى.  دواى سزادانى تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رکۆ کۆمارى تورکیا ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامیدایه‌وه‌و رایگه‌یاند:" ئه‌و بڕیاره‌ پێشێلکردنى په‌یماننامه‌ى باکورى ئه‌تڵه‌سییه‌". دواى سزادانه‌که‌ى تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌، به‌هاى لیره‌ى تورکیا به‌رانبه‌ر دۆلارى ئه‌مریکى دابه‌زى و چاوه‌روان ده‌کرێت به‌ته‌واوى به‌هاى لیره‌ هاره‌ بکات. چاودێرانى ئابوورى تورکیا، سزادانى وڵاته‌که‌ى له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ به‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌زانن بۆ که‌مبونه‌وه‌ى به‌هاى دراوى وڵاته‌که‌یان به‌رانبه‌ر دراوه‌ بیانییه‌کان به‌تایبه‌ت دۆلارى ئه‌مریکى.  

‌هاوڵاتى چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و نێودەوڵەتی پشتڕاستیان کردەوە کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی  بەناوی موسلیم شەهدان لەهێرشێکی درۆندا هەفتەی رابردوو لەسەر سنووری عێراق و سوریا کوژرا، ئەگەرچی حەشدی شەعبی ئەوە رەتدەکاتەوە. کوشتنەکەی تەنها دوو رۆژ بوو دوای کوشتنی زانای ئەتۆمی باڵای ئێران، موحسین فەخریزادە، کە ئێران ئیسرائیل تۆمەتباردەکات بەکوشتنەکەی. موقەدەم هیشام مستەفا سەرۆکی نوسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی پارێزگای حەسەکە لەسوریا، وتی «درۆنێکی نەناسراو ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج کە موسلیم شەهدانی تێدابوو، خۆی و سێ سەرنشینی تری دەستبەجێ کوشت.» ئۆپەراسیۆنەکە لەناو سنووری سوریادا ئەنجامدرا، لەکاتێکدا کاروانەکەیان بەخاڵی پەڕینەوەی قائیم و ئەلبوکەمالدا تێدەپەڕی، کە لەعێراقەوە هاتبوون. موقەدەم هیشام مستەفا وتی «سەرنج خرایەسەر شەهدان، کە فەرماندەیەکی باڵا بوو لەسوپای پاسداراندا، دوای ئەوەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی لەهێرشێکی ئەمریکادا لەعێراق کوژرا لەکانونی دووەمی ئەمساڵدا». مستەفا وتی «شەهدان بەرپرس بوو لەسەرپەرشتیکردنی میلیشیاکانی سەر بەئێران کە لەخۆرئاوای سوریا جێگیرکراون، لە باشوری رووباری فورات». لەوانە میلیشیا عێراقییەکانی وەک کەتائیب حزبوڵا، حەرەکەت نوجەباو لیوای حەیدەریون؛ هێزەکانی حزبوڵای لوبنانی؛ هەروەها لیواکانی زەینەبیون و فاتمیون، کەیەکەمیان بەکرێگیراوانی پاکستانی و دووەمیان ئەفغانی لەخۆدەگرن. وتی «شەهدان راستەوخۆ بەرپرس بوو لەچالاکییە تیرۆریستییەکانی میلیشیاکان، لەنێویاندا کوشتن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی دانیشتوانی ناوچەکان، هەروەها هەوڵدان بۆ هێنانەئارای گۆڕانی دیمۆگرافی. موقەدەم هیشام مستەفا وتی «کوشتنی شەهدان گورزێکی تووند دەوەشێنێت لەئێران، بەتایبەتی کە ئۆپەراسیۆنەکە تەنها دوای دوو رۆژ روویدا لەتیرۆرکردنی فەخریزادە لەتاران». وتیشی «کوشتنی شەهدان سەرلەشێوان و نیگەرانییەکی زۆری ئەمنیی هێناوەتە ئاراوە لە ریزەکانی ئەو میلیشیایانەدا کە بەدرێژایی سنووری عێراق و لە دێرەزوور و شامییە و مەیادین جێگیرکراون تا دەگاتە پایتەختی (سوریا) دیمەشق.» هەروەها وتی «شێوازی کاری میلیشیاکان لەسەروبەری هەر هێرشێکدا پەنابردنە بۆ جێگۆڕکێ و تووندکردنەوەی ئەمنییەت لەو بنکانەی لێی جێگیرکراون، بەهەڵکەندنی خەندەق و پتەوکردنی بەربەستەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشی نوێ، بەڵام ئەوە نایانپارێزێت لەوەی دیسان بۆردومان بکرێن.» بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران لەناوچەکانی سەر سنووری عێراق و سوریا زۆر جاران دەکرێنە ئامانج لەڕێی فڕۆکەی نەناسراوەوە، کە لەجبەخانەکان و ئۆتۆمبیل و چەکداران دەدەن. سەرچاوەکان بە کەناڵی عەرەبیەیان وت «گوێیان لەتەقینەوەیەک بووە نزیکی خاڵی پەڕینەوەی قائیم لەنێو خاکی سوریادا رۆژی یەکشەممە، بەناو راڕەوە ئەمنییەکان کە زۆرجاران لەلایەن کەتائیب حزبوڵا و میلیشیاکانی ترەوە بەکاردەهێنرێن بۆ جوڵە لەنێوان عێراق و سوریادا.» ئێران و حەشد کوشتنەکەی رەتدەکەنەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران نکوڵی کرد لەکوشتنەکەی شەهدان و وتەبێژی وەزارەتەکە، سەعید خەتیبزادە، وتی وەزارەت «هیچ راپۆرتێکی پێنەگەیشتووە دەربارەی ئەو هێرشە». میدیاکانی ئێران و زۆربەی میدیا فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵاتیش باسیان لەو بابەتە نەکردووە، هەروەها فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەئەنبار قاسم موسڵح، نکوڵیکرد لەهێرشەکە. بەڵام سەرچاوەیەکی حەشدی شەعبی بە سۆمەرییە نیوزی وت «حەشدی شەعبی کاریان بەوە نییە ئەو هەواڵ و رووداوە سەربازییانە بگوێزنەوە کە لەدەرەوەی کاروبارەکانی عێراقدان».  بەڵام دوو بەرپرسی پلەبەرزی ئاسایشی عێراق بەشێوەی جیاجیا بەڕۆیتەرزیان وتووە؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەگەڵ موسلیم شەهدان بوون، چەک و تەقەمەنیان پێبووە و بەتەمابوون بەرەو سووریا بیگوازنەوە، بەڵام پیش ئەوەی بگەنە ناو خاکی سووریا کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی. ئەو دوو بەرپرسە پلەبەرزە ئەوەشیان وت کە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە سەر بەڕژێمی ئێرانن، بۆ گەڕانەوەی تەرمەکانیان هاوکارییان کردووە. کوژرانی “موسلیم شەهدان” تەنیا چەند رۆژێک دوای کوژرانی “موحسین فەخریزادە” لەتاران روودەدات، کە ئێران ئیسرائیل بەکوشتنی “فەخریزادە” تۆمەتبار دەکات. کاریگەری ئێران لەدەروازەکانی سوریا چەند دەروازەیەکی نافەرمی لەنێوان سوریاو عێراق لەو ناوچەیەدا هەن، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقدان، لەو رێگایانەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەعێراقەوە دەچنە نێو سوریا. پێشتریش چەند جارێک چەکدارانی سەر بەکەتائیبی حزبوڵڵا لەو ناوچەیە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج، کە چەند ساڵێکە لەو ناوچەیە جێگیربوونە. چاودێران هۆکاری رەتکردنەوەی تیرۆرکردنی فەرماندەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەلایەن فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە نایانەوێ‌ لەبارەی پەڕینەوەی فەرماندە ئێرانییەکان لەعێراقەوە بەئاراستەی سوریا بێ گرتنەبەری رێوشوێنی فەرمی و یاسایی تووشی شەرمەزاری بن. محەممەد حەبیب، نووسەرو رۆژنامەنووس وتی «پشت بەو رەتکردنەوەیەی حەشد نابەسترێت ئەگەر سەرچاوەیەکی دیکەی لەگەڵ نەبێت، لەماوەی رابردووشدا لێدوانی چەند کەسایەتییەکی نێو حەشد هاودژبوونە، حەشدیش لایەنی زۆر لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەکی ناوەندی سەرپەرشتی ناکرێت.» هەروەها مەعن جبوری، راوێژکاری پێشوو لەوەزارەتی بەرگریی عێراق وتی «ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا، بە یەکێک لەو خاڵە لەبارانە دادەندرێت کە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هاتوچۆکردن لەنێوان هەردوو وڵات بەکاریدێنن». کاریگەریی سوپای پاسداران لەدێرەزوور ماوەی چەند ساڵێکە سوپای پاسدارانی ئێران لەهەوڵدان بۆ راکێشانی دانیشتوانی دەێرەزوور وەکو ئه‌ندامان بۆ نێو میلیشیاکانیان، بەزۆریش لاوان و هەرزەکاران دەکەنە ئامانج، کە لەهەژارترین خێزانەکانن یان لە بەشە گوندنشینەکانی پارێزگاکەن. جەمیل عەبد چالاکوانێکی دێرەزوورە، وتی «پاسداران دەستیکردووە بەفراوانکردنی هەڵمەتەکانی لە چەند بەشێکی خۆرهەڵاتی پارێزگاکە وەک وەڵامێک بۆ هەڵمەتێکی روسەکان بۆ راکێشانی لاوانی ناوچەکە بۆنیو میلیشیای فەیلەقی (٥)». باسی لەوەکرد کە راکێشەران هەژارترین خێزانەکان دەکەنه‌ ئامانج، دایک وباوکانیش فشاریان لێدەکرێت و بەپارە هانده‌درێن بۆ ناردنی کوڕەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بەمیلیشیاکانەوە. موچەی دابینکراو زۆر نییەو (10) هەزار لیرەی سورییە کەدەکاتە (50 دۆلار) به‌رزترینه‌ که‌ بدرێته‌ راکێشراوێکی لاوی ئاسایی. زۆربەی ئه‌وانه‌ راکێشراون بۆ خزمه‌تکردن لەمیلیشیاکاندا لەڕێی بەشداریکردنیانەوە لە یه‌که‌کانی دیده‌وانیدا که‌ له‌لایه‌ن ناوەندی کلتوری ئێرانی لەدێرەزوور رێکخراون. جەمیل عەبد «ئەم یه‌کانه‌ی دیده‌وانی وەک په‌روه‌رشگایه‌ک خزمه‌تیان ده‌کردو مێشکی دیده‌وانه‌کانیان بەئایدۆلۆژیای پاسداران دەشۆردەوەو هەندێک راهێنانی شێوازی سەربازییان پێدەکردن». وتیشی «حزبوڵای لوبنانی وەک مۆدێلێک به‌کارهاتووه‌ بۆ ئامادەکردن و راکێشانی لاوان و ئاماژەیکرد بەوەی حزبوڵا بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەمان شێوازی بەکارهێناوە لەهەوڵەکانی خۆیدا بۆ راکێشانی ئه‌ندامان لەلوبنان». پاسداران گەنجانی سوری رادەکێشێت بۆ گۆڕینی باوەڕیان سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامە لەبره‌وپێدانی هه‌ژمونی خۆی لەپارێزگای دێرەزووری سوریا لەڕێگای چەندین ناوه‌ندی کەلتوورییه‌وه‌ کە لەهەرێمەکە کردوونیەتەوە. جەمیل عەبد چالاکوانی دێرەزوور، وتی «ئەم ناوه‌ندانه‌ تەنیا بۆ کاری کەلتووری بەکارناهێنرێن، بەڵکو بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و راکێشانی گه‌نجان بۆ نێو هێزەکانیشیەتی.» هەروەها وتی «سوپای پاسداران ناوه‌نده‌ که‌لتووریه‌کانیان لەچەندین بەشی دێرەزوور کردۆتەوه‌ کە لەژێر کۆنترۆڵیدایەو «ئۆپه‌راسیۆنی گەورەی ئەندام کۆکردنەوە لەژێر ناوی چالاکی کەلتووریدا ئەنجامدەدەن». وتیشی «چالاکییە کەلتوورییەکان وانەوتنەوە لەخۆدەگرن بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای مەزهەبگەراو سیاسیی سوپای پاسداران». یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێری سەر بەڕژێمی سوریا رێگای خۆشکردووە بۆ کاری ناوه‌نده‌ کەلتوورییەکان. یەکێتییەکە بەمدواییانە بانگهێشتی سەرۆکی ناوه‌ندێکی کەلتووری کردبوو، کەهاووڵاتییەکی ئێرانییە و وانەی ده‌وتەوە لەبارەگای یەکێتییەکە لەشارۆچکەی جورا له‌شاری دێرەزوور. جەختیکرده‌وه‌ لەپێویستی پشتیوانیکردن و بوونه‌ ئەندام لە میلیشیاکانیداو باسیشی لەو سوودانه‌ کردبوو کە کەسێک وەریدەگرێت لەسوپای پاسداران دوای ئەوەی دەبێتە ئەندامی لقێکی. جەمیل عەبد وتی «ناوه‌نده‌ کەلتوورییەکان دەستیانکردووە بەناردنی خوێندکاران بۆ زانکۆ ئێرانییەکان لەسەر بەخششی خوێندن، ئەولەویەتیش دراوە بەخوێندکارانی بابەتە ئایینیەکان. وتیشی «بۆچوونەکە ئەوەیە دەرچووان بگەڕێنەوە لەئێرانەوە بۆ سوریا بۆ بڵاوکردنەوەی پرەنسیبە سیاسی و ئایینیەکانی کە سوپای پاسدارانی لەسەر دامەزراوە». ناوه‌نده‌ کەلتوورییەکان سەرنجیان لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆو قوتابخانەکانە لەگەڵ کوڕانی سەربازانی رژێمی سوریا کە لەجەنگدا کوژراون. جەمیل عەبد وتی «ئەمە لەژێر ناوی هاوکاری بۆ منداڵانی شەهیداندا ئەنجامدەدرێت، بەقۆستنەوەی رەوشی خراپی داراییان». وتیشی «ناوه‌نده‌کان دیاری و پارەش دابەشدەکەن بەتایبەتی بەسەر منداڵانداو بۆنەی ئایینی دەگێڕن تا لەوکاتەدا باوەڕیان بگۆڕن».

ھاوڵاتی دوای (30) ساڵ لەداخستنی، جارێکی دیکە دەروازەی عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیە کرایەوە.  دەروازەکە بەبڕی (75) ملیۆن دۆلار بەپشتیوانی دارایی سعودیە بنیاتنرا، ئەوەش لەکاتێکدایە ریاز هەوڵدەدات بەهێزەوە بگەڕێتەوە نێو بازاڕەکانی عێراقی، کەپڕن لەکاڵای ئێرانی و تورکی. دەروازەکە، کەپاریزگای ئەنبار لەخۆرئاوا دەبەستێتەوە بەو شانشینەوە، بەشێوەیەکی فەرمی لە 18ی تشرینی دووەم کرایەوە، دوای (30) ساڵ لەداخران، پێشتر بڕیاربوو لەتشرینی یەکەمی 2019 بکرێتەوە، بەڵام چەندین جار دواخرا. شەممەی رابردوو، سێ بارهەڵگری سعودی کەکاڵای جیاوازی وڵاتەکەیان هەڵگرتبوو لەدەروازەی عەرعەر بۆ یەکەم جار هاتنە ناو خاکی عێراقەوە. هێزە ئەمنییەکان ئاسایشی ئەو هێڵە نێودەوڵەتییە خێرایەیان لەئەستۆ گرتووە، بەدێژایی رۆژ ئەو بارهەڵگرانە دەپارێزن کە لەسعودیەوە کاڵا هاوردە دەکەن. دوای داگیرکردنی کوەیت لەساڵی 1990، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سەدام پچڕاند. دەروازەی عەرعەر لەڕۆژئاوای ئەنبار هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سعوودیە، یەکەمجارە دوای بەفەرمی کرانەوەی پێشوازی لەو سێ بارهەڵگرە سعودیە بکات و بەوەش جووڵەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکاتەوە.  عێراق، لەڕۆژئاوا سنووری لەگەڵ سوریاو ئوردن هەیە، تورکیا دەکەوێتە باکوور، ئێران لەڕۆژهەڵات و سعودیەو کوەیت لەباشووریەتی. کردنەوەی دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیەدا ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ پەیوەندییە بەگوڕەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێیەو سوودی بەرجەستەی دەبێت بۆ خەڵکی عێراق، بەرپرسانی عێراق و چاودێرانی ناوچەکە وتیان. ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ئەو دوو وڵاتە کردنەوەی دەروازەی دووەم لەخاڵی جومەیمە تاووتوێ دەکەن، لەسەر سنووری باشوری عێراق بەو شانشینەوە. بەغداد عەرعەر بەجێگرەوەیەك دەبینێت بۆ دەروازەکانی لەگەڵ ئێران، کە لەڕێیانەوە عێراق پشکێکی زۆری هاوردەکانی دێنێتە ناوەوە. هاوکات، حکومەتەکەی سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی هەوڵیداوە وەبەرهێنانی بیانی برەوپێبدات، لەنێویاندا پشتیوانیی سعودیە بۆ کەرتی وزەو کشتوکاڵ. حکومەتی عێراق چاوەڕێدەکات ئەم هەوڵە پشتیوانییەک بێت بۆ وەبەرهێنان و گەشەسەندن، لەکاتێکدا ئەو چاودێرانەی عێراق کە قسەیان لەگەڵ دیارونا کرد پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ نزیککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و وتیان ئاماژەیەکە بەدوورکەوتنەوە لەئێران. مەستەفا عەرسان جێگری پارێزگاری ئەنبار وتی کردنەوەی دەروازەکە «بەلوتکە گەیشتنی کۆبوونەوە هاوبەشەکان بوو لەنێوان عێراق و سعودیەدا کەماوەی دوو ساڵە بەردەوامن». دەروازەکە بە (75) ملیۆن دۆلار بەپشتیوانی دارایی سعودیە بنیاتنرا، چەندین باڵەخانەی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەستگای خزمەتگوزاری، رووبەرێکی فراوان لەشوێنی هاتوچۆی بازرگانی و پیادە، سیستمی پشکنینی ئێکس رەی، سیستمی کێشانی لۆری و دوو وێستگەی کارەباو پاڵاوتنی ئاو. وتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، دەروازەی ئەنبار بەشێوەیەکی سنووردار کرایەوە تا رێگە بەهاتوچۆی حەج و عەمرەی حاجییان بدات و وتیشی بەکردنەوەی فەرمیی دەروازەکە جارێکی دیکە بۆ مامەڵە و بازرگانی بەکاردەهێنرێت. وتی «دەروازەکە دەرچەیەك و دەمارێکی ئابوریی گرنگ دەبێت بۆ عێراق» و ئاماژەیکرد بەوەی «دەستپێکردنەوەی گەشت و بازرگانیی دوولایەنەی نێوان پیشەسازییەکان لەگەڵ سعودیە داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت بەرهەمدەهێنێت و هەلی کار دێنێتە کایەوەو ئابوریی ناوخۆ دەبوژێنێتەوە. پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق‌و سعودیە ئەنجومەنی هەماهەنگیی سعودیە-عێراق، کە لە 2017 دامەزرا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئاسانکاریی کرد بۆ کردنەوەکە بەچەندین جار کۆبوونەوە پێش بۆنە فەرمییەکە. شاندێکی فراوانی سعودیە لە 8ی تشرینی دووەم سەردانی بەغدایان کرد بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێکەوتنەکانی وەبەرهێنان لەکەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا کەدەکرێت بایی ملیاران دۆلار بن. لوتکەی نێوان عێراق و سعودیە لە 10ی تشرینی دووەم لەپەخشێکی داخراوی تەلەفزیۆنیدا ئەنجامدرا، کەتیایدا کازمی و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بەشدارییان تێداکرد. ئەمە بەردی بناغەی هاریکاریی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی داناو دەروازەی کردەوە بۆ کۆمپانیا سعودییەکان تا وەبەرهێنان لەعێراق بکەن. وەك هەنگاوی دوای کردنەوەی دەروازەی عەرعەر، نێردەیەکی بازرگانیی سعودیە لەبەغدا دەستبەکاردەبێت. عەرسان وتی سعودیە ئەزمونێکی زۆری لەچەندین کەرتدا هەیە، لەنێویاندا کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات سەرچاوەکانی لەڕێی چەندین پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنانەوە گەشە پێبدات. وتی «ئەم جۆرە لەهاریکاری گەشەپێدان پشتیوانی لەعێراقییەکان دەکات لەئاستەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و گەشەپێداندا». یەحیا محەمەد پەرلەمانتاری عێراق، جەختیکردەوە لەگرنگیی برەودان و بەهێزکردنی هاوبەشی عێراق لەگەڵ سعودیە. وتی «ئەمە بەشداریدەکات لەگەشەپێدانی ئابوری عێراق و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز کەسوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت». وتیشی «بەهیواین کردنەوەی دەروازەی عەرعەر دەستپێکی چالاکی بنکەفراوان بێت لەنێوان عێراق و سعودیەو ناساندنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و کراوەیی بەرفراوانی سعودیە کە سوودی دەبێت بۆ هەوڵەکانی بنیاتنان و گەشەپێدان و راکێشانی وەبەرهێنان... لەئێستادا عێراق ژینگەیەکی بەپیتی وەبەرهێنانی دابینکردووە.» ئاماژەیکرد بەوەی پێویستە عێراق بکرێتەوەو هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی بکات لەگەڵ دەستەبەرکردنی هاوبەشیی هاوسەنگ و پەیوەندی لەگەڵ ژینگە هەرێمیەکەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. دژایەتی لایەنەکانی سەر بەئێران چاودێرانی عێراقی وتیان کردنەوەی دەروازەکەو نزیکبوونەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و سعودیە لایەنەکانی سەر بەئێرانی تووڕەکردووە، کەهەڕەشەیان کردووە دژی ئەم هەنگاوە بوەستنەوە. ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کەپێش کردنەوەی دروازەی عەرعەر، گروپێك کەخۆی بە ئەسحاب کەهف ناساندووە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو «رەتکردنەوەی خۆی بۆ پرۆژەی سعودیە لەعێراق» راگەیاند. کازمی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە 17ی تشرینی دووەم سەرکۆنەی ئەم هەڕەشانەی کردو جەختیکردەوە لەوەی حکومەت بەرەو پەیوەندیی نزیکتر دەچێت لەگەڵ سعودیەو دەرگاکانی بەڕووی وەبەرهێنانەکانی سعودیەدا دەکاتەوە. چاودێران وتیان نزیکبوونەوەی پەیوەندی لەنێوان عێراق و سعودیەدا گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ئێران زیاد دەکات و ئەو قازانجە ئابورییەی ناهێڵێت کە لەهەناردەکردنەوە بۆ بازاڕی عێراقی دەستیدەکەوت. پەیوەندی نزیکی نێوان عێراق و سعودیە کاریگەریی دەبێت بۆ سەر نفوزی ئێران و هەوڵەکانی بۆ جڵەوکردنی عێراق لەڕێی ئەو رێکەوتنە ئەمنی و ئابورییانەوە کەخزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ناکەن. فەیسەڵ حسێن بەڕێوەبەری ناوەندی تووێژینەوە ستراتیژییەکان، وتی «عێراقییەکان چەندین جار داوایان لەئێران کردووە کۆتایی بەسیاسەتە دوژمنکارانەکانی بهێنێت و چیتر لەڕێی بریکارەکانیەوە هەڕەشە نەکات». وتی «بەڵام ئێران بەردەوامە لەپشتیوانیکردنی دارایی بریکارەکانی و چەك و مووشەکیان بۆ دابیندەکات تاسەقامگیریی عێراق نەهێڵێت و سەرچاوەکانی قۆرخ بکات». وتیشی «عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییەو مافی دامەزراندنی پەیوەندیی هەیە لەگەڵ هەمووان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ سیاسەتێکی هاوسەنگ.» ھەروەھا وتی «هەرچی سعودیەشە، وڵاتێکی دەوڵەمەندو گەشەکردووە لەچەندین بوارداو بەپێنجەم بەهێزترین وڵات دادەنرێت لەجیهاندا.» ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی خێزانی و خێڵەکیشیان لەنێواندایە، لەگەڵ پەیوەندی مێژوویی و چەندین هاوبەشی دیکەو ئاماژەی کرد بەوەی «سعودیە رۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەری بینیوە» لەعێراق. فەیسەڵ حسێن وتی  «بۆ عێراق گرنگە سوود لەتوانای بەردەستی سعودیە ببینێت، بەتایبەتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە.» وتیشی «وەبەرهێنانی کشتوکاڵیی سعودیە لەعێراق  کە بەدەستهێنانەوەی هەزاران هێکتار لەخاکی کشتوکاڵی و دامەزراندنی کەرتی بەرفراوانی پیشەسازی خۆراك و بەرهەمهێنان لەخۆدەگرێت گرنگییەکی زۆری هەیە». ئەو لێکنزیکبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، عێراق لەسەردەمی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ببووە شوێنکەوتەی ئێران». ئەمە بەوتەی ئەحمەد رکبان، کەشارەزایەکی بواری ئەمنیی سعودیە. حوسێن عەللاوی، شارەزای ئەمنی عێراقی دەڵێت «پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەگەشەکردنێکی کارا تێدەپەڕێت، ئەمەش ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ستراتیژی عێراقی- سعودیە، کەئەنجوومەنێکی هاوئاهەنگییە ئامانجەکەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی نێوان هەردوو وڵاتە». عەللاوی دەشڵێت، هەردوو وڵات پلانی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەشیان هەیە، کەدەروازەی جمیمەیە، بەڵام وادەی کردنەوەکە دیارینەکراوە. هەر لەدرێژەی قسەکانیدا عەللاوی  ئاماژە بەوەدەکات، ئەو دەوازەیە دەبێتەهۆی پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و جموجۆڵی وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵات و گەشەپێدانی ژێرخان لەلایەن کۆمپانیاکانی سعودیە، ئەمەش لەڕێگەی وەبەرهێنان لەکەرتەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، پترۆکیمیایی، پرۆژە هاوبەشەکان لەنەوت و چیمەنتۆو کارەبا. کەرتەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ لەعێراق پووکاونەتەوە، لەکاتێکدا قەیرانی ئابووری و گوزەران لەزیادبوونە. عەللاوی دەڵێت «عێراق بڕیاریداوە رێڕەوەکانی کێبڕکێ بکاتەوە، ئەمەش بۆ فرەیی ئەو کاڵایانەی دێنە عێراق، تاوەکو ئاراستەی نوێ  دروستبکات بۆ پیشەسازیی، کشتوکاڵ، وزەو رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان». بەکاربەری عێراق خواستی لەسەر بەرهەمەکانی سعودی، تورکی و ئوردنییە، چونکە کوالێتیان بەرزە، لەبەرامبەردا ئەوانەشی داهاتی کەمە، روویان لەبەرهەمی ئێرانییە، کەکوالێتییەکەی نزمە.

‌هاوڵاتى "خۆشەویستیت بۆ قەتەر لەکوێوە سەریهەڵداوە؟" ئەمە وتەی کەمال کیڵیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا - گەلی کۆماری جەهەپەیە- بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵات دوای فرۆشتنی لەسەدا١٠ی پشکەکانی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەر. لە ٢٦ی مانگی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، لەئەنقەرەی پایتەخت، سەرۆکی تورکیا بڕیاریدا لەسەدا ١٠ی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بفرۆشێت بەدەوحە لەگەڵ فرۆشتنی چەندین زەوی و ناوچەی بازرگانی لەمیانی رێککەوتنێکی (١٠) خاڵیدا. لەسەرەتادا بەهای فرۆشی پشکەکان ئەشکرا نەکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام دوای پێنج رۆژ سندوقی خەزێنەی تورکیا بڵاویکردەوە پشکەکان بە (٢٠٠) ملیۆن دۆلار فرۆشراون و هەنگاوەکە بەهای گشتی پشکە فرۆشراوەکان بۆ دوو ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە بۆ بۆرسەی ئەستەنبوڵ. سندوقەکە ئەوەشی خستەڕوو لەئێستادا تورکیا تەنها خاوەندارییەتی لەسەدا ٨٠.٦٪ی بۆرسەکە دەکات دوای فرۆشتنی پشکەکان بەدەوحە، کۆی گشتی بەهای بۆرسەی تورکیا دەگاتە (١٧٢) ملیارو (٦٣٠) ملیۆن دۆلار. فرۆشتنی ئەم پشکانە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا لەناوخۆی وڵاتەکەو کەمال کیڵیچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن، تووڕەیی خۆی دەربری لەبڕیارەکە کە بەبێ راگەیاندنی تەندەر پشکەکان فرۆشراوەو وتی "رەنگە وڵاتێکی تر پارەی زۆرتری بدایە، بۆچی تەندەرێکت رێکنەخست؟" ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە "خۆشەویستی" و پەیوەندییەکی توندی لەگەڵ قەتەر هەیەو وایلێکردووە کەگرنگی زیاد بەدەوحە بدرێت لەکڕینی پشکەکاندا، بەجۆرێک کیڵیچدار ئۆغلۆ وتی "ئەگەر سبەینێ نیوەی کۆشکی کۆماری فرۆشرا بەقەتەرییەکان، کەس سەرسام نەبێت". لەدوای رێککەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات لە ٢٠١٤، قەتەر بەشێوەیەکی فراوان وەبەرهێنان لەتورکیادا دەکات. لەئایاری ئەمساڵ دەوحە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دراوی بەرزکردەوە بۆ سێ ئەوەندە بەبەهای (١٥) ملیار دۆلار، ئەمەش بۆ راگرتنی هاوسەنگی لیرەی تورکی. . یەدەگی دراوی لەبانکی ناوەندی لەئێستادا لەتورکیا کەمترە لە (٥٤) ملیار دۆلار دوای فرۆشتنی (١٢٨) ملیار دۆلار بۆ پارێزگاریکردن لەبەهای لیرە. لەڤیدیۆ کلیپێکدا کە پێنجشەممەی رابردوو لەتویتەر بڵاویکردەوە، ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندەو سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، رایگەیاند ئەردۆغان "خیانەتی لەمتمانەی بۆرسە کردووەو داوای لێکرد بەکردارەکانیدا بچێتەوە. داودئۆغلۆ وتیشی: "بەڕێز ئەردۆغان ناتوانیت ئەم وێرانکارییە پەردەپۆش بکەیت، ئەم وڵاتە بۆرسەی تۆ نییە، بازاڕی تۆ نییە، دوکانی تۆ نییە، تورکیا وڵاتێکە کە نەتەوەیەک تێیدا دەژی، نەتەوەیەک کەپێکهاتوون لەخەڵکی راستگۆ". داودئۆغلۆ بەردەوام بوو لەقسەکانی و هۆشداریدا کە "جێی قبوڵ نییە لەئەردۆغان خۆش ببین بۆ ئەو کارەی کردی و کەسیش ناتوانێت خۆی لەم وێنارانکارییەی وڵاتەکە قوتار بکات بەداوای لێخۆشبوون. ئەوانەی زیان بەم وڵاتە دەگەیەنن تۆمەتبار دەکرێن". لەوتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەندازیاری میکانیزمی گەندەڵی لەوڵاتەکەیدا پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغانە. هاوکات پەرلەمانی تورکیا، بەدەنگی پەرلەمانتارانی ئەکەپەو مەهەپە، پرۆژەیاسایەکی پارتی جەهەپەی رەتکردەوە کەبریتیبوو لەلێکۆڵینەوە لەفرۆشتنی پشکەکانی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەر. دۆغان ئەرکان، پارێزەرو سکرتێری پارتی ئازادی گەڵ (هەکەپە)، رایگەیاند خەریکی تۆمارکردنی سکاڵایەکە دژی ئەردۆغان کەتۆمەتباری کردووە بەفرۆشتنی "سەرمایەی نەتەوەیی کەناکرێت بەتایبەتی بکرێت ئەگەر رێگەشی پێبدرێت". "مەحاڵە راستەوخۆ پشکی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەرییەکان بفرۆشرێت"، ئەرکان وای وت. پارێزەرە تورکییەکە وتیشی "دژی رێککەوتنەکەم بەتەواوی و گواستنەوەی مافی سەروەری  ئەنقەرە رەتدەکەمەوە بۆ وڵاتێکی تر بەوپێیەی بۆرسەی ئەستەنبوڵ کۆمپانیایەکی حکومییەو نابێت پشکەکانی بفرۆشرێن بەدەرەوە بەپێی یاسایی ناوخۆ". لەمیانی رێککەوتنە (١٠) خاڵییەکەدا، قەتەر لەسەدا (٤٢)ی پشکەکانی مۆڵی زەبەلاحی (ئیستینیە پارکی) بەیەک ملیار دۆلار کڕیوەو بەندەری (ئەکدەنیز)یش لەئەنتاڵیا بە (١٤٠) ملیۆن دۆلار بە دەوحە فرۆشراوە.  هەروەها بەشێکی تری رێککەوتنەکە وەبەرهێنانی هاوبەش بوو لەپرۆژەی قۆچی ئاڵتونی (خەلیج) و دامەزراندنی لیژنەیەکی بازرگانی هاوبەش لەنیوان هەردوو وڵاتەکەدا. دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو وڵات لەئەنقەرە، ئەردۆغان رایگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لەهەماهەنگییەکانمان لەگەڵ خەڵکی ئازیزی قەتەر کە لەهەموو بوارێکدا پەیوەندی توندوتۆڵی لەمێژینەمان هەیە پێکەوە". ئەنجومەنی شورای قەتەریش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەمیانی کۆبوونەوەکاندا، تورکیاو قەتەر جەختیان کردەوە کەهەردوولا سوورن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بەهێزە برایانەکانیان و هەماهەنگییە ستراتیجییەکانیان لەبوارە جیاوازەکاندا". بەپێی راپۆرتیکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کۆی گشتی رێککەوتنەکانی هەردوولا گەیشتووەتە (٦٢) رێککەوتن بەهۆی ئەم هەماهەنگییە نوێیەوەو قەبارەی بازرگانی لەساڵی ٢٠٢٠دا لەنیوان دەوحەو ئەنقەرە بەڕێژەی لەسەدا ٦٪ زیادیکردووەو گەیشتووەتە یەک ملیار و (٦٠٠) ملیۆن دۆلار. هەروەها ئەوەش هاتووە کەکۆی گشتی وەبەرهێنانی قەتەر لەتورکیا دەگاتە (٢٢) ملیار دۆلارو (١٧٩) کۆمپانیای قەتەری لەتورکیا کاردەکەن و (٥٣٣) کۆمپانیای تورکیش لەقەتەر خەریکی وەبەرهێنانن. دەوترێت ئەمیری قەتەرو سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی شەخسیشیان هەیە پێکەوە. لەساڵی ٢٠١٨، تەمیم بن حەمەد فرۆکەیەکی جۆری بۆینگ (٧٤٧)ی وەک دیاری پێشکەشی ئەردۆغان کرد کەنرخەکەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلارەو سەرۆکی تورکیا رایگەیاند دیارییەکە دەچێتە سەر خەزێنەی حکومەتەوە. میری قەتەرو دایکیشی کۆمەڵێک زەویوزاریان کڕیوە لەنزیک کەناڵێکی ئاوی کە لەپلاندایە دروستبکرێت لەئەستەنبوڵ و ئەردۆغان باس لەوە دەکات کەناڵەکە جێگرەوەیەکی باشە بۆ کاروباری گواستنەوە بۆ بۆسفۆر. رێککەوتننکانی ئەمدواییە چەندین پەرلەمانتاری تورکی تووشی شۆک کردووەو ئەکوت ئۆردوغدۆ، پەرلەمانتارێکی جەهەپە، باس لەوەدەکات کە "بەم شێوازە، تورکیا دەبێت بەموڵکی تایبەتی قەتەر لەداهاتوودا".

‌هاوڵاتى تیرۆری رەش کۆماری ئیسلامی ئێران رەش دەکات دوای ئاشکرابوونی پەرەسەندنی چالاکیی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی (10) زانای بواری فیزیاو ئەتۆم لەو وڵاتە کوژراون کەدوایین نموونەیان کوشتنی موحسین فەخری زادە بوو کە بەپێشکەوتووترین پلانی تیرۆر لەجیهاندا لەقەڵەمدەدرێت و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بەگەورەترین گورز دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەکرێت چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی کەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە بەچەکی ئۆتۆماتیک و لەڕێگەی مانگی دەستکردووە ئەو زانایە کوژراوەو زنجیرەی ئەم کوشتنانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتیرۆری رەش ناوی دەهێنرێت و بەرپرسانی وڵاتەکە راستەوخۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل و بەریتانیا تۆمەتباردەکەن و ئەو سێ وڵاتە بەسێ گۆشەی رەش ناوزەد دەکەن. کوشتنی فەخری زادە بەتیرۆری کەسی پێنجەمی باڵادەستی نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کە بەباوکی موشەکی و ئەتۆمیی ئێران دەناسرێت، بۆیە ئەم رووداوە بەگورزێکی کوشندەی دیکە دژی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت کەپێشبینی دەکرێت کاردانەوەی توندی لێبکەوێتەوە. دەستپێکردنی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی (NBC) ئەمەریکا ئاشکرای کردووە لەساڵی (2007) چوار زانای ئەتۆمیی لەلایەن رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کوژراون و ئەمە دەستپێکی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە کە دژی زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەساڵی (2010) تا (2012) شەش زانای ئەتۆمیی ئێران کراونەتە ئامانج و تەنها یەک کەسیان رزگاری بووەو کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بەوەداناوە کە لەو دوو ساڵەدا پێنج زانای بواری ئەتۆمیی کوژراوەو تیرۆر کراون. ئەو تەلەفیزۆنەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە کوشتنی موحسین فەخری زادە کە رۆژی هەینی (27/11/202) لەشارۆچکەی ئابسەرد لەتاران روویدا درێژکراوەی ئەو زنجیرە بەئامانجگرتنانەیە کە بووەتەهۆی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی ئێران. سێگۆشەی رەش ئیلی کوهن، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لەلێدوانێکیدا رۆژی هەینی و حەوت رۆژ دوای کوشتنی فەخری زاد رایگەیاند: بەهۆی کوشتنی موحسین فەخری زادە، خەویان لەچاوی زاناکانی دیکەی ئێران زڕاندووەو مەرگ چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە دەبنەهۆی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهان. ئەم لێدوانەی کوهن بەگرتنە ئەستۆی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەتایبەت فەخری زادە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام هیچ کاتێک ئیسرائیل بەوشێوەیە بەئاشکرا کوشتنی هیچ زاناو پسپۆڕێکی ئەتۆمیی ئێرانی لەئەستۆ نەگرتووەو ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەکۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە (ئەمەریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا) راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەکوشتنی زاناکانیدا هەیەو بەسێگۆشەی رەش ناوی هێناون. دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندووە؛ ئەو چەکە ئۆتۆماتیکەی کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە موحسین فەخریی پێ تیرۆرکراوە لەلایەن ئەمەریکاوە دروستدەکرێت و هەر ئەمەش ئاماژەیە کە ئەمەریکا هاوشێوەی رابردوو دەستی لەو تیرۆرەدا هەیە. بەڵگەی ئێران بۆ تۆمەتبارکردنی بەریتانیا لەتیرۆری زانا ئەتۆمییەکانی ئەوەیە، کە لەڕابردوودا چەند هاووڵاتییەکی بەڕەگەزنامە بەریتانیی بەتۆمەتی سیخوڕی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا ناوە کەدەستیان هەبووە لەکوشتنی زانا ئەتۆمییەکاندا، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە ئەو دانپێدانانە لەژێر فشاردا بووەو دووربون لەڕاستییەوە. ئیسرائیل ئەزموونێک لەتیرۆری ئەتۆمیی ئیسرائیل بڕوای وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی  ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، لەو چوارچێوەیەدا دەستی لەهیچ هەوڵێک بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەپاراستووەو بەئاشکرا رایگەیاندووە هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، دەیکاتە ئامانج، بۆیە هەمان رێگەی لەدژی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق لەسەردەمی سەددام حسێن-دا گرتەبەرو ژمارەیەک زانای ئەتۆمیی عێراق بەدەستی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە فەڕەنساو چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپا تیرۆر کران. مۆساد مێژوویەکی دورودرێژی لەکوشتنی زانایانی بواری ئەتۆمیی و موشەکیی وڵاتانی (ئەڵمانیا، میسر، عێراق، ئێران) هەیەو گۆڤاری (ئەتلانتیک) لەساڵی (2012)دا راپۆرتێکی سەبارەت بەکوشتنی ژمارەیەک لەزاناکانی ئەو وڵاتانە بەدەستی مۆساد بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی لەساڵی (1963) لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دامۆکلس (Operation Damocles) وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەهەوڵەکانی میسر بۆ پەرەپێدانی بواری موشەکیی، زانایەکی ئەڵمانیی بەناوی ئەتتو سکۆرتسێنی لەو وڵاتە لەڕێگەی پۆستکردنی پاکەتێکی بۆمبیی کوشت و دواتریش بەهەمان شێوە چەند پاکەتێکی پۆستیی بۆ ژمارەیەک زانای موشەکیی میسر رەوانە کردو پێنج زانای میسری کوشت. مۆساد لەساڵی (1979) دوای ئەوەی عێراق گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێدەکات، هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەخاتەگەڕو لەساڵی (1980) یەحیا ئەلمەشەد، زانای ئەتۆمیی و بەڕێوەبەری گەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی عێراق لەهوتێلێک لەڕێگەی ژنێک لەبەرگی خزمەتکاری هوتێلەکەدا دەکوژێت کەدەوترێت ئەو ژنە، تسیبی لیڤنی بووە کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەئامانجگرتنی زانا ئەتۆمییەکانی عەرەب و بەتایبەت عێراق، لیڤنی لەساڵی (2006) تا (2009) وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو. ئەگەرچی مۆساد بەکوشتنی یەحیا ئەلمەشەد گورزێکی کاریگەری لەعێراق دابوو، بەڵام دەستبەرداری کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق نەبوو لەڕێگەی تەقینەوە لەکۆمپانیایەک لەوڵاتی ئیتاڵیا ژمارەیەک زانای دیکەی عێراقی کوشت و دواتر دوو زانای دیکەی ئەو وڵاتەی ژەهراوی کردو گیانیان لەدەستدا. ئەم هەوڵانەی مۆساد سەلمێنەری ئەوەیە کەئیسرائیل توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ لەناوبردن و بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبنە مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا سڵ لەکوشتنی کەس ناکاتەوە ئەگەر ئەڵمانی و یان ئێرانی بێت، بۆیە کوشتنی موحسین فەخری زادە کەبەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بەئامانجێکی گرنگی مۆساد هەژمار کراوە. فەخری زادەی سوپای پاسداران موحسین فەخری زادە لەدایکبووی ساڵی (1957) لەپارێزگای ئەسفەهان لە ئێران بووە و هەندێک میدیاو راگەیاندنی وڵاتەکەی زیاتر پێگە زانستییەکەی بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا یەکێک بووە لەفەرماندە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی ئەو سوپایە بووە لەوڵاتەکەی کە رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت ئیسرائیل بیری لەکوشتنی کردبێتەوە . گۆڤاری (فۆڕن پۆڵسی) بڵاویکردووەتەوە فەخری زادە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری ئەندازیاری ئەتۆمی و بەپێنجەم کەسی بەهێزی ئێران لەقەڵەمدەدرێت و ناوی لەلیستی ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بووە کەساڵی (2007) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە سزایان بەسەردا سەپاوەو گەشتی دەرەوەیان لەژێر چاودێریدا بووە، ئەو بەمەبەستی گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمیی وڵاتەکەی هاوڕێ لەگەڵ حەسەن تارانی مۆقەدەم یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی کۆریای باکور دەکەن و لەنزیکەوە سێیەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەنزیکەوە دەبینن و چاودێریی ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمییە دەکەن. فەخری زادە جگە لەوەی دەیان ناوەندی زانستیی تایبەت بەفیزیاو بایۆلۆژیی لەزانکۆکانی ئێران دامەزراندووە، لەساڵی (2011) ناوەندی پەرەپێدان و تووێژینەوەی بەرگریی (سپند)ی لەوەزارەتی بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراند کەئەرکی ئەو ناوەندە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی و سەربازیی وڵاتەکەیەتی. دوو مانگ پێش تیرۆرکردنی فەخری زادە، (ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران) کە سەر بەڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێرانە ئاشکرای کرد: دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لەباشوری تاران و شاری ئابادە لەپارێزگای فارس-ی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتیی موحسین فەخری زادەو ناوەندی (سپند) چەکی ئەتۆمیی تێدا تاقیدەکرێتەوە. ساڵی (2010) رۆژنامەی گاردیەن-ی بەریتانی نووسی: گومان دەکرێت فەخری زادە بەرپرسی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێت و ساڵی (2012) رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمەریکا فەخری زادەی بەمامۆستای بۆمبی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەمداو ساڵی (2014) رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوی بە ئۆپنهایمەر(Julius Robert Oppenheimer)ی ئێران ناوبرد، چونکە ئۆپنهایمەر یەکەم زانای بەرهەمهێنی بۆمبی ئەتۆمیی ئەمەریکایە لەسەردەمی دووەم جەنگی جیهانی، سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆربەی بەرپرسانی ئێران لەکاتی کوژرانی فەخری زادەدا هەوڵیاندا ئەو وەک مامۆستایەکی زانکۆو زانایەکی بایۆلۆژی لەقەڵەم بدەن، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسەنامەیەکدا دانی بەوەدا نا کەئەو پسپۆڕی بواری ئەتۆمیی وڵاتەکەی بووە. بیانوی ئێران بۆ کشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی دوای کوشتنی فەخری زادە، پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە پرۆژەو پلانی کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی (5+1) هێنایەوە ناو دانیشتنەکانیەوەو دوای چەند رۆژ تاووتوێکردن، پلانەکە بە دوو خاڵی سەرەکی و بەپەلە وەک یاسا پەسندکرا کە لەماوەی یەک مانگدا حکومەت ناچاردەکات پیتاندنی یۆرانیۆم لە (120) کیلۆگرامەوە بۆ نزیکەی هەزارو (500) کیلۆ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی دەبێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە (300) کیلۆ کەمتر بێت، هەر ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کردووە، چونکە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندوە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بووە بە یاساو حکوت ناچارە جێبەجێی بکات و ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەردەوامبوونی رێگەو رێبازی موحسین فەخری زادە، لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە سەرجەم ئەندامانی تیمی حکومەت دژی بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراون لەوڵاتەکەیان و ئەم کارە دەبێتەهۆی ئەوەی نەتوانن دانوستان و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، هاوکات ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری رایگەیاندووە نابێت پەرلەمان بەهیچ بیانوویەکەوە دەستوەردان لەپرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەدا بکات، چونکە بەپێی دەستوری ئێران ئەو پرسە لەژێر بڕیارو فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێراندایە. لەلایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە ئەو یاسایەی پەرلەمان هاوشێوەی کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێتەهۆی پەراوێزکەوتنی وڵاتەکەمان. کوشتنی فەخری زاد لەئێران بووەتە مایەی پەرەسندنی ململانێکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان و هاوکات ناکۆکیی بەرپرسانی بۆ تۆڵەسەندەوە زەق کردووەتەوە. ئێران بەدوای گۆڕەپانی تۆڵەوەیە ئەگەرچی باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەنامەیەکدا بۆ بەڕێوبەری نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڤیەننا داوای کردووە تیرۆری موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت سکاڵای یاسایی لەدژی ئیسرائیل تۆمار بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران پەیامی توند بڵاودەکەنەوەو راستەوخۆ هەڕەشە لەئیسرائیل دەکەن. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بەکوژرانی موحسین فەخری زادە، لەپەیامێکدا وتی: پیرۆزبایی شەهیدبوون لەو زانایە دەکەم چونکە ئەمە پاداشتی خودایە بۆ ئەوو هاوکات سەرەخۆشی لەهەموو کەسوکارو خەڵکی ئێران دەکەم بۆ لەدەستدانی زانایەکی پایەبەرز، دەبێت بە زووترین کات هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەو تۆڵەسەندنەوە لەهۆکارو بکەرانی ئەو تاوانەو پێویستیشە رێگەی زانست و پیشەیی ئەو زانایە بەردەوام بێت. عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئێران دوای کوشتنی فەخری زادە رایگەیاند: پێشتر گومانمان هەبووە کەئیسرائیل هەوڵی کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییە دەدات، چونکە لە رابردوشدا هەوڵی تیرۆکردنی دراوە بەڵام هەوڵەکە پووچەڵکرایەوە، بۆیە کارەکە پێشبینیکراو بوو ئێران وەڵامی گونجاوی دەبێت. رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوکانی باڵی محافزکارو بەزمانحاڵی سوپای پاسداران لەقەڵەمدەدرێت، دوای کوشتنی فەخری زادە، بەناونیشانی (کاتی ئەوە هاتووە هێرش بکەینەسەر بەندەری حەیفا) نووسیویەتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەندجارێک وتوویانە ئەگەر ئیسرائیل هەڵەبکات هێرش دەکەینەسەر حەیفا لەو وڵاتە، بۆیە لەئێستادا کە ئاماژەکانی تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، زانای بواری ئەتۆمیی و بەرگریی ئێران دەریدەخەن تەلئەبیب دەستی لەو تیرۆرەدا هەبووە، کاتی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی موشەکیی بکاتەسەر حەیفا لەئیسرائیل. کەیهان جەختی لەوە کردووەتەوە وەڵامدانەوەی تیرۆری فەخری زادە نابێت هاوشێوەی موشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر بنکەی (عەین ئەسەد)ی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بێت کەزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، بەڵکو دەبێت بەندەری حەیفا لەئیسرائیل بەتەواوەتی لەناوبچێت بۆ ئەوەی هێرش و تیرۆرەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت و رابگیرێن. عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی (ئێران) نووسیویەتی تیرۆری قاسم سولەیمانی و موحسین فەخری زادەو تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان لە (10) ساڵی رابردوودا ئەنجامی ئەو سەرکەوتن و شانازییەیە کە لەبواری زانست و سیاسەت و ستراتیژیدا بەدەستمان هێناوەو ئامانج لەتیرۆری کوێرو زیرەکانە، تێکدانی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە و بێهیواکردنی خەڵک و سەرلێشواندنی ستراتیژیی ئێرانە، بەڵام مێژوی (40) ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشانیداوە ئەو تیرۆرانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووەو هاوکات کۆماری ئیسلامی بەو ئەزموونەی کە هەیەتی، کات و شوێنی جوگرافیایی وەڵامدانەوەو تۆڵەکردنەوە بەوردیی لێکدەداتەوەو ناکەوێتە داوی ئەو پیلانەی دوژمنان بەتایبەت ئەمەریکا و ئیسرائیل کەدەیانەوێت ئێران دەستبەجێ و لەناوچەکەدا یان لەو گۆڕەپانەی ئەوان دەستنیشانیان کردووە کاردانەوەی هەبێت، ئەو تیرۆرە بێ وەڵام نابێت، بەڵام لەگۆڕەپان و کاتێکدا کەئێران بۆ یارییەکە دیاریی دەکات.

‌هاوڵاتى مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی ھەسەدە رایگەیاند، لەساڵی ٢٠٢١دا ئەگەر کەمیش بێت، دەرفەتی چارەسەریی سیاسی پێشدەکەوێت. راشیگەیاند نزیکەى (٣٠٠) شەهیدیان لەشەنگال داوە، بۆیە داهاتوی گەلی ئێزیدی پەیوەندیی بەئەوانیشەوە هەیە. راشیگەیاند لەبارەی شەنگالەوە گفتوگۆیان کردووە لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەوتی بەشێوەیەک گەلی ئێزیدی مافی خۆبەڕێوەبەریان ھەبێت. مەزڵوم کۆبانی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پەکەکە و پارتییەوە وتی کەخوازیارن بەدیالۆگ کێشەکانیان چارەسەربکەن، چونکە ماوەی (20) ساڵە کێشەکانیان بەدیالۆگ چارەسەردەکەن. ھەروەھا وتی ئەگەر دۆخی شەڕ رووبدات زیان بەشۆڕشی رۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت. مەزڵوم عەبدی (کۆبانی) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لەبارەی دۆخی سیاسی، پێشهاتەکان و چارەسەری دیموکراسی و هێرشەکانی تورکیاو مەترسی داعش و شەنگال راوبۆچوونی خۆی راگەیاند. هێرشەکانی سەر شەنگال مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لەنێوان شەنگال و رۆژئاوادا پەیوەندییەکی تایبەت هەیە، وتی "لەنێوان ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. لەفەرمانەکەى ساڵی ٢٠١٤داو کاتێک ئێمە رۆیشتین بۆ هاوکاریی گەلی ئێزدیمان، ئێمە لەوێ نزیکەى (٣٠٠) شەهیدمان دا. ئێمە  رێڕەوێکی مرۆییمان کردەوەو گەلی ئێزدیمان گەیاندە ناوچەى ئارام. لەبەرئەوە داهاتووی گەلی ئێزیدی پەیوەندیی بەئێمەشەوە هەیە". وتیشی "ئێمە لەو بوارەدا بۆچوونی خۆمان بۆ لایەنەکانی تریش خستووەتەڕوو. ئەو بۆچوونەمان هەم لەگەڵ عێراق، هەمیش لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەییدا باسکردووەو ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتەڕوو ئەو هەڵوێستەشمان بەردەوام دەبێت". زیاتر وتی "ئێمە بەهەموو کەس و لایەنەکانمان وتووە، گەلی ئێزیدی تەنها نییەو ئێمە ئەوەشمان بۆ هەمووان سەلماند. راستە شەنگال بەشێکە لەعێراق، بەڵام پەیوەندیی بەئێمەشەوە هەیە. پێش هەموو شتێک خۆبەڕێوەبردن مافێکی بنەڕەتیی گەلی ئێزدییە، گەلی ئێزدی فەرمانی زۆری بەسەردا هاتووە. لەبەرئەوەش بڕوایان بەرامبەر بەدەرەوەو هێزەکانی دەرەوە شکاوە. بۆ ئەوەش باشترین کار ئەوەیە، کە لەشەنگال رێککەوتنێک، یان چارەسەرێک بکرێت، کەدەبێت ئیرادەی گەلی شەنگالی تیادا بەبنەما وەربگیرێت، چارەسەری تەنها بەو شێوەیە دەبێت. ئەوەى ئێمە هەڵوێستمان بۆی نیشانداوەو لەدژی وەستاوینەتەوە، ئەوەیە، کە ئیرادەو خواستی گەلی شەنگال لەو رێککەوتنەدا نییە". مەزڵوم عەبدی وتیشی "بێگومان کێشەکە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێت ورەو خواستی گەلی شەنگال بەبنەما بگیرێت، هێزی پاراستنیان هەیە، هێزی سیاسییان هەیە، ساڵەهایە خەڵکی شەنگال دەپارێزن، لەبەرامبەر داعش شەڕیان کردو شەهیدیان دا، لەبەرئەوە دەبێت بەفەرمی بناسرێن، دەبێت ببنە بەشێک لەو رێککەوتنە. دەبێت بەردەوام بن لەپاراستنی گەلی خۆیان، گەلی شەنگال پێویستیی بەوە هەیە. ئەگەر ئیدارەیەک دروست ببێت، دەبێت ئەوانەى کەتاوەکو ئێستا گەلی شەنگالیان پاراستووەو رێکیان خستوون لەو ئیدارەیەدا بن. لەدیاریکردنی قائیمقامی شەنگالیشدا دەبێت ئیرادەی گەلی شەنگال بەبنەما وەربگیرێت، ئێمە لەو بابەتەدا تاوەکو دواهەناسە پشتیوانی گەلی شەنگال دەبین، ئێمە بەبەردەوامی پشتیوانی لەیەبەشە و هێزەکانی تری بەرگری و پاراستن دەکەین". مەترسیی داعش عەبدی رایگەیاند، داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و وتی، "لەهەلومەرج دەگەڕێت تاوەکو جارێکیتر وەک مەترسییەکی گەورە خۆی دەربخاتەوە، ئەگەر تێکۆشان لەدژی داعش لاواز ببێت، ئەوا جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە. بۆ نموونە داعش کێشەى خۆدابینکردنی نییەو لەهەندێک ناوچەى چۆڵەوانیی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاو عێراقدا کەمپیان هەیە. لەو شوێنانەدا چەتەکانیان پەروەردە دەکەن و هێرش دەکەنەسەر ناوچەکانی ئێمەو هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژن. بۆ ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە. ئێمە هەموو کات بەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەڵێن، دەبێت لەم بوارەدا هەڵەو کەموکورتی روو نەدات، چونکە ئەگەر تێکۆشان لەبەرامبەر داعش لاواز ببێت، ئەوا مەترسیی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان دروستدەبێت". دیالۆگ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا عەبدی لەبارەى دیالۆگ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا وتی، "دیالۆگ هێشتا بەردەوامیی هەیە، بەڵام ماوەیەکە ئارایەکمان داوە، شاندی ئەنەکەسە ماوەیەک بوو رۆیشتبوو بۆ دەرەوە، نوێنەرانی گارانتیی ئەمریکی، کە بەشداری ئەو چاوپێکەوتن و دانوستانانە دەبوون لێرە  نەبوون، لەبەرئەوەش ئارایەک و پشوویەکمان بەچاوپێکەوتنەکاندا، هیوادارین کاتێک ئەو لایەنانە ئامادە بن دیسانەوە دیالۆگ دەستپێبکاتەوە. بەبڕوای من، هەندێک کاری باش کرا، لەسەر یەکێتیی کوردانی رۆژئاوا هەندێک کێشە هەبوون و کەمیش بێت چارەسەر کران. ئەوەى ئێمە لەو چاوپێکەوتنانەدا لێی تێگەیشتین، ئەوە بوو، ئەگەر کورد بیەوێت خۆی دەتوانێت لەناو خۆیدا کیشەکان چارەسەر بکات و یەکێتیی خۆی دروست بکات. هەندێک کێشە هەبوو، هەندێک بابەتی سیاسیی ناکۆک هەبوون، ئەو ناکۆکییانە تێپەڕێندران، ئێمە لەسەر  هەڵسوکەوت لەگەڵ رژێمی سوریاو هەندێک هێزی دەرەوەی ناوچەکەش گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش. لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژئاواش، ئێمە گەیشتینە رێککەوتن، هەرچەند هێشتا نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەسەر ئەوەى ئەنەکەسە چۆن لەبەڕێوەبەریی خۆسەردا بێت، گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش، بەبڕوای من، ئەو کێشانەى کەماون، کێشەى گەورە و بنەڕەتی نین، دەکرێت ئەوانەش لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن. کاتێک هەردوو لایەن ئامادە بن، ئەوا دیالۆگەکان درێژەیان پێدەدرێت، دەبێت لە رۆژئاوا رێککەوتنێک دروست ببێت، چونکە یەکەمجارە لەسەر خاکی رۆژئاوا دیالۆگێکی بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت. ئەوانە لەچوارچێوەى دانوستانەکان لەقامیشلۆدا پێشدەکەون، بەبڕوای من، بۆ ئەوەى ئەو قۆناغە بەسەرکەوتن بگات، دەبێت هەموو کەس باشتر کاربکات". کۆبوونەوەی کەنەکە عەبدی لەبارەى هەوڵەکانی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ یەکێتیی کوردان وتی، "ئەو کۆبوونەوەیە، کە کەنەکە لەگەڵ یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستاندا ئەنجامیدا، منیش تیایدا بەشداربووم. کوردستان ئیدی کوردستانی (٢٠) ساڵ لەوەپێش نییە. پێش ساڵی ٢٠٠٠ شەڕ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا رووی دەدا، هێزەکانی باشوور لەناو خۆیاندا شەڕیان دەکرد، لەنێوان پەکەکە و پارتیدا شەڕ روویدەدا، بەڵام ئیدی ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندو بەجێمانهێشتوون، هێزەکان گۆڕان، رای گشتیی کورد دروستبووە، ئیدی ئێمە دۆستمان هەیە. لەبەر ئەوانەش ئەو هێزەى بیەوێت شەڕ هەڵگیرسێنێت، پشتیوان، یان کەس نادۆزێتەوە لایەنگریی لێ بکات، لەو ماوە کورتەدا کەئاڵۆزی تیایدا روویدا، تاکە کەسێک یان رێکخراو و حزبێکی کوردان نەیوت من لایەنگری شەڕم، بە پێچەوانەوە هەموان لەدژی شەڕ دەوەستانەوە. حزب وهێزەەکان لەدژی وەستانەوە. زۆرێک لەدۆستانی نێونەتەوەیی و ناوچەییمان بەعێراقیشەوە لە دژی ئەوە نیگەرانیی و مەترسیی خۆیان خستەڕوو، لەبەرئەوەش کەس پشتیوانی لەو شەڕە ناکات. پەکەکە و پارتی ماوەی 20 ساڵە کێشەکانیان بەدیالۆگ چارەسەر دەکەن لەبارەی کیشەکانی نیوان پارتی و پەکەکەوە مەزڵوم عەبدوی وتی "ئەو دۆخە زیان بەدەستکەوتەکانی کورد دەگەیەنێت، کام هێز بکەوێتە ناو شەڕێکی لەو شێوەیە، ئەوا گەلی کورد لێی نابورێت، ئێستا ئێمەش بۆ ئەوەى رێگری لەو شەڕە بکەین لەتێکۆشانداین. وەک هێزەکانی رۆژئاوا لەو رووەوە هەوڵ و هەڵوێستمان هەیە، بانگەوازی ئێمەش ئەوەیە، کەکێشەکان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن، چۆن پەکەکەو پارتی ماوەى (٢٠) ساڵە کێشەکانی خۆیان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەردەکەن". وتیشی "دەبێت لەئێستاش بەدواوە هەروابێت، چونکە دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت شەڕ بکات، ئێمە وەکو هێزەکان رۆژئاوا لەبەرامبەریدات دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکەین. لەو رووەوە هەڵوێستمان زۆر روونە، ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، کە لایەنێک دۆخی دیفاکتۆ بسەپێنێت، چونکە ئەو دۆخە زیانی گەورە لەشۆڕشی رۆژئاوا دەدات، کاریگەری لەسەر ئەو دەستکەوتانە دروستدەکات، کە (١٠) ساڵە بەخوێنی شەهیدان بەدەستهێنراون، بۆ نموونە ئێوە باسی دیالۆگتان لەنێوان کورداندا کرد، ئەوەش کاریگەریی خۆی دەبێت، شوێنێک کە شەڕی تیادا بێت، چاوەڕێ ناکرێت دیالۆگ لەنێوان کورداندا بەردەوامیی هەبێت، چونکە پەیوەندیی بەهەردوولایەنەوە هەیەو ئەوەش کاریگەریی خۆی هەیە، بۆ نموونە گەنجانی رۆژئاوا لەناو پەکەکەدان، باشە دەکرێت ئەوان بەو دۆخە کاریگەر نەبن، لەبەرئەوەش ئەوانەى خۆیان وەک هێزی نەتەوەیی پێناسە دەکەن دەبێت لەبەرامبەر شتێکی وەهاداو لەبەرامبەر شەڕێکی وەهادا بوەستنەوە، بەتایبەتی دەبێت لەبەرامبەر لایەنێکدا کەشەڕ دەسەپێنێت، بوەستنەوە و خاوەن هەڵوێستێکی روون بن". پەکەکە (٤) هەزار شەهیدی لەڕۆژئاوا داوە لەبەشێکی تری قسەکانیدا مەزڵوم عەبدی وتی "لەساڵێ ٢٠١٤دا لەدهۆک رێککەوتنێک ئیمزا کرا، لەوێدا بابەتێکی گرنگ هەبوو، تەڤدەم و ئەنەکەسە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد، ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوەى یارمەتیی رۆژئاوا بدەن، بانگەوازیان بۆ پەکەکەو هێزەکانی باشووری کوردستان هەبوو، ئەوە بڕیارێکی لەجێدا بوو، لەهەمان کاتدا هەڵوێستێکی سروشتی بوو. چونکە هێزەکانی تر دۆستی ئێمە نین، بڕیاری ئێمە، ئێمە خۆمان بۆ خۆمانین، ئێمە یەکین. هەر خۆی لەشەڕی کۆبانێدا هێزەکانی کورد هاتن بۆ هاوکاریمان، لەهەمووانیش زیاتر هێزەکانی پەکەکە هاتن، هەزاران گەریلا لەوێدا شەهید بوون، ساڵەهای ساڵ شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد، (٤) هەزار شەهیدان داوەو تاوەکو دواهەناسەیان لەپاڵ ئێمەدا شەڕیان کرد، پێش داعش لەبەرامبەر بەرەی نووسرەو قاعیدە شەڕێکی گەورە هەبوو و ئەوان هاتن و خەڵکی رۆژئاوایان پاراست، ئێمە وەک خەڵکی رۆژئاواو وەک هێزەکانی بەرگری و پاراستن، تەنها دەتوانین سوپاسی خۆمان پێشکەشی پەکەکەو هێزەکانی تر بکەین". هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان و بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان دوو بابەتی جیاوازن سەبارەی بەھاوکاری نیوان ھێزە کودیەکان وتی "، ئەگەر سبەی لێرە شەڕێک رووبدات، ئەو هێزەى بیەوێت هێرش بکاتەسەرمان، ئێمە جارێکیتر داوای هاوکاری لەهێزە کوردییەکان دەکەین، ئەوەش کارێکی زۆر ئاساییەو زۆر سروشتییە، ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستانیش بابەتێکی ترە،  هەندێک کەس ئەو دوو بابەتەیان لێدەشوێت و تێکەڵ و پێکەڵی دەکەن، ئێمە وەک هێزەکانی رۆژئاوا دەمانەوێت لەگەڵ هێزەکانی تری کورددا پەیوەندیی خۆمان بەرەوپێش ببەین. چونکە ئێمە کوردین و هەمومان پێویستمان بەیەکترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوا بۆ خۆی بابەتێکی ترە، ئەوە کاری خەڵکی رۆژئاواو بەڕێوەبەریی رۆژئاوایە. سنوورەکەى ئێمە سنوورێکی گەورەیە، سنوورێکی (٥) ئەوەندەی لوبنانە، ملیۆنەها مرۆڤ تیایدا دەژین. (٧) هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر هەیە. نیوەی ئەو هەرێمانە گەلی عەرەب و گەلانی ترن، ئێمە بەڕێوەبەریمان هەیەو خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن، هاوکاریکردن و یارمەتیدان بابەتێکی ترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردن بابەتێکی جیاوازە". وتیشی "ئێمە ئێستا لەهەوڵ و گەڕاندانین، کەچۆن بتوانین بەڕێوەبەریی خۆمان گەورە بکەین و بەرەوپێشی ببەین. ئێمە هەوڵدەدەین وەک بەڕێوەبەریی ببینە خاوەن بەرپرسیاریی گەورە. بۆیە ئەو دوو بابەتەى کەباسمان لەسەرکردن نابێت تێکەڵ بکرێن، ئێمە هاوکاری و پشتیوانی لەهێزە کوردییەکان وەردەگرین، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوا بابەتێکی جیاوازە". خەبات و کارەکانی مەسەدە عەبدی لەبارەی خەباتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) وتی، "ئەو کۆنگرەیە لەدوای ئامادەکارییەکی دوورودرێژ رێکخرا. مەسەدە ئامادەکاریی بۆ دەکرد. زۆر کەس و لایەنی جیاجیا بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون، بڕیاری گرنگی تیادا درا، بەڕێوەبەریی خۆسەر لەکاتی شەڕدا دامەزرابوو، زۆر بەئاسانی دانەمەزرابوو، لەهەلومەرجی زۆر دژواردا دامەزرابوو. لەبەرئەوەش زۆر لایەنی کەموکوڕی هەیەو دەبێت کامڵ بکرێت، لەم کاتەدا هەندێک داوای گەلیش هەیە. بێگومان بەرێوەبەری کاری زۆر گرنگی کردووە، بەڵام هەندێک کەموکوڕیی جددیش هەیە، بەڵام دەبێت ئیدی ئێمە دەست بە قۆناغێکی نوێ بکەین، ئەو کێشانە، کەگەل چاەڕێن ئێمە چارەسەریان بکەین، دەبێت ئێمە بەخێرایی چارەسەریان بکەین. ئەو بڕیارانەی دراوان لە بنەڕەتدا بەرنامەى ساڵی ٢٠٢١ی ئێمەن. لەبەرئەوەش ئەو کێشانەى بوونە رۆژەڤی کۆنگرەکەو بڕیاریان لەسەردرا، دەبێت بۆ چارەسەرکردنیان کارێکی زۆر گەورە بکرێت".  عەبدی لەکۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ئێمە پێ دەنێینە ساڵێکی نوێ، بەڵام مەترسیی هەر بەردەوامی هەیە. دژومنەکانمان دەیانەوێت هێرشی نوێ ئەنجامبدەن، دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر پاکتاو بکەن، دەبێت گەلەکەمان خۆی بۆ بەرەنگاریی ئەو دۆخەش ئامادەبکات، ئێمە وەک هێزی پاراستن خۆمان ئامادە دەکەین، ئێمە ئامادەین، کە هەر هێرشێک رووبدات، تێکیبشکێنین و پووچی بکەینەوە". ھەروەھا وتی "دەبێت ساڵی نوێ بۆ رۆژئاوا ببێت بەساڵی هەڵمەتێکی نوێ، هیواو ئومێدمان لە گەلەکەمان ئەوەیە، کە خاوەنداری لەشۆڕش و دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن، دەبێت زۆر باشتر بەشداری بەڕێوەبەریی خۆسەر ببن، دەبێت ئێمەش بڕواو هیوامان بەداهاتووی خۆمان هەبێت، دەرفەتی ئێمە لەهی دوژمن زیاترە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بەورەو خرۆشانێکی گەورەوە تێبکۆشین و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەى خۆمان بپارێزین"

هاوڵاتى راوێژکارى پزیشکى و نه‌خۆشیه‌ بۆماوه‌ییه‌کانى سعودیه‌ رایگه‌یاند، ڤاکسینى ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتوه‌ته‌ شانشینى عه‌ره‌بى و ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ به‌کارهێنان . عارف عومرى راوێژکارى پزیشکى و نه‌خۆشیه‌ بۆماوه‌ییه‌کانى سعودیه‌ رایگه‌یاند، له‌ئێستادا ڤاکسینى کۆرۆنا گه‌یشتوه‌ته‌ سعودیه‌، که‌سانى به‌ساڵاچو، ئه‌و که‌سانه‌ى نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه‌و ئه‌وانه‌ى له‌ژێر چاودێرى تایبه‌تدان له‌گه‌ڵ کارمه‌ند و پزیشکان له‌و گروپانه‌ن له‌ قۆناغى یه‌که‌مدا ڤاکسینیان بۆ به‌کارده‌هێندرێت. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ڤاکسینه‌کان کاریگه‌رى باشیان له‌سه‌ر کۆرۆنا هه‌یه‌ و هیچ کاریگه‌ریه‌کى لاوه‌کیان نیه‌". هاوکات، محه‌مه‌د عه‌بدولعالى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى سعودیه‌ رایگه‌یاند، شانشینى یه‌کگرتوى عه‌ره‌بى توانیویه‌تى گرێبه‌ستێکى زۆر گرنگ له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى به‌رهه‌مهێنه‌رى ڤاکسینى ڤایرۆسى کۆرۆنا واژۆ بکات، به‌مه‌ش سعودیه‌ ده‌بێته‌ یه‌که‌م وڵات که‌ ڤاکسینه‌که‌ به‌کار بهێنێت.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا رایگه‌یاند:"له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ وردى چاودێریى پێشهاته‌کان و رێکه‌وتنى شه‌نگال ده‌که‌ین". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 6ى کانوونى یه‌که‌مى 2020، موقه‌ده‌م نادیده‌ شه‌بنه‌م ئاکتۆپ، وته‌بێژى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "پشتیوانى له‌ رێککه‌وتننامه‌ى واژۆکراوى رۆژى 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2020ى نێوان حکومه‌تى ناوه‌ندیى عێراق و ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى باکوورى عێراق له‌باره‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى ناوچه‌ى شنگالى عێراقى ده‌که‌ین". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌و وتى:"له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ وردى چاودێرى دوایین پێشهاته‌کان و لێکه‌وته‌کانى رێکه‌وتنه‌که‌ ده‌که‌ین". رۆژى 9ى تشرینى دووه‌مى 2020، حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم له‌باره‌ى دۆخى شه‌نگاله‌وه‌ رێکه‌وتن و مسته‌فا کازمیش هێزێکى هه‌زار که‌سى ره‌وانه‌ى شه‌نگال کردو هێزه‌کان له‌ناو شه‌نگال دوورکه‌وتنه‌وه‌و پۆلیسى عێراقى شوێنه‌کانیان گرتنه‌وه‌.      

هاوڵاتى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ڕایگه‌یاند نرخى هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت له‌بودجه‌ى ساڵى داهاتوو به‌ 42 دۆلار دیاریکرا. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 6ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ڕایگه‌یاند، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بۆ زیاتر له‌ 49 دۆلار، عێراق نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت له‌پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2021 به‌ 42 دۆلار دیاریکردووه‌. به‌وته‌ى وه‌زیرى نه‌وت، عێراق ده‌یه‌وێت به‌ده‌ر له‌ که‌رتى نه‌وت په‌ره‌ به‌ که‌رتى غاز بدات و وه‌به‌رهێنانى تیادا بکات. ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 کۆده‌بێته‌وه‌، دواتر پڕۆژه‌که‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌کرێت.  

هاوڵاتى ‌سه‌باحه‌ت تونجه‌ل له‌ زینداندا بڕیاریداوه‌ له‌دژى گۆشه‌گیرکردنى عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) مانبگرتو داواشیکردووه‌ بگوێزرێته‌وه‌ بۆ زیندانى ئیمراڵی. به‌پێى هه‌واڵێکى رۆژنیوز ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆکى گشتیى پێشووى پارتى هه‌رێمه‌ دیموکراتییه‌کان- ده‌به‌په‌،چوار ساڵه‌ له‌ زیندانى (پیتى ئێفى) ژماره‌ یه‌کى کاندریاى پارێزگاى کۆجالى زیندانیکراوه‌، بڕیاریدا ده‌ست به‌ چالاکیى مانگرتن بکات، تونجه‌ل له‌ ده‌سته‌ى سێیه‌مى مانگرتواندا ده‌ست به‌ چالاکییه‌که‌ى ده‌کات.  له‌ هه‌مان زیندان، چاغڵار ده‌میره‌ڵ په‌رله‌مانتارى پێشووى هه‌ده‌په‌ى ئامه‌د له‌ ڕێگه‌ى بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاندبوو، ده‌ست به‌ چالاکیى مانگرتن ده‌کات. پێشتر له‌و زیندانه‌دا ده‌میره‌ڵ و ژنێکى تر ده‌ستیان به‌ چالاکیى مانگرتن کردبوو، هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هه‌ڵیانکوتابووه‌ سه‌ر هۆڵى زیندانیانى سیاسیى کورد، که‌ فیگه‌ن یوکسه‌ک داغ هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌، گوڵتان کشاناک هاوسه‌رۆکى پێشووى شاره‌وانیى گه‌وره‌ شارى ئامه‌د، گوڵسه‌ر یڵدرم، ئایسه‌ڵ توغڵوک، سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆکى پێشووى ده‌به‌په‌، نورحه‌یات ئاڵتون هاوسه‌رۆکى شاره‌وانیى پێشووى دێرسیم و ئه‌دیبه‌ شاهینى تیادا بوو و ده‌ستیان به‌سه‌ر کتێب و قه‌ڵه‌مه‌کانیان و بابه‌ته‌ نووسراوه‌کانیان و که‌لوپه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ نووسینه‌وه‌ گرتبوو.

هاوڵاتى حکومه‌تى تورکیا رایگه‌یاند، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووانى کۆرۆنا له‌و وڵاته‌ و تۆمارکردنى گه‌وره‌ترین ژماره‌ى توشبوون له‌رۆژێکدا که‌32 هه‌زارو  736 توشبوو بووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رانسه‌رى راگه‌یاند. دواى راگه‌یاندنى بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رانسه‌ریش له‌ کۆتاییه‌کانى هه‌فته‌دا که‌به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووانى کۆرۆنا ده‌رکراوه‌، ده‌زگاکانى راگه‌یاندنى تورکیا که‌مێک پێش ئێستا وێنه‌ى شه‌قامه‌کانى ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌یان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ هاتوچۆکردن وه‌ستاوه‌. دوێنێ هه‌ینى  193 که‌س له‌تورکیا به‌ کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و تا ئێستاش مردووانى کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ 14 هه‌زارو 509 که‌س.  

هاوڵاتى ‌عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران بارودۆخى ته‌ندروستى تێکچووه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى هه‌یه‌، وه‌ک که‌ناڵێکى ئه‌مه‌ریکى له‌ زارى رۆژنامه‌نووسێکى ئاگادارى ئێرانه‌وه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌.  ماڵپه‌ڕى "الحره‌"ى ئه‌مه‌ریکى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌م له‌ راپۆرتێکدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌کاونتى " محه‌مه‌د ئه‌هوازی" ڕۆژنامه‌نوسى ئێرانى له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌پێى سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵى ناوخۆیى ئێران بارودۆخى (عه‌لى خامنه‌یی) ڕێبه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران تێکچووه‌".   هاوکات، که‌ناڵى ئه‌لحوره‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ خامنه‌یى ده‌سه‌ڵاته‌کانى نوسینگه‌ى ڕێبه‌رى باڵاى گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ (موجته‌با خامنه‌یی) کوڕى که‌ سه‌رپه‌رشتى چه‌ندین ده‌زگاى ئه‌منى و هه‌واڵگرى ده‌کات له‌ ئێران.  

هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر دۆخه‌که‌ پێویستبکات، داواى هاوکارى له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) ده‌که‌ن و ده‌شڵێت:" چوار هه‌زار گه‌ریلاى په‌که‌که‌ له‌ رۆژئاڤا شه‌هید بوون".  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌مى 2020، جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ رۆژئاڤاى کوردستان رایگه‌یاند:" گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ هه‌تا کۆتا هه‌ناسه‌ له‌گه‌ڵماندابوون و شانبه‌شانى ئێمه‌ دژ به‌ تیرۆر جه‌نگاون و چوار هه‌زار که‌سیان لێ شه‌هید بووه‌". ناوبراو راشیگه‌یاند:"هه‌رکاتێک پێویست بێت داواى یارمه‌تى له‌ په‌که‌که‌ ده‌که‌م، ئه‌وه‌ شتێکى ئاساییه‌ و ئه‌گه‌ر جه‌نگ له‌ داهاتودا روبدات و له‌ هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ هێرش بکرێته‌ سه‌رمان، داواى پشتیوانیان لێده‌که‌م".