هاوڵاتى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌وڵێکى چه‌کدارانى داعشیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ناحیه‌ى سه‌جر له‌ قه‌زاى فه‌لوجه‌ شکست پێهێناوه‌. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ى ئایارى 2022، ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکردوه‌ته‌وه‌،"له‌لایه‌ن هێزه‌لانى لیواى 27ى فه‌وجى دووى ئه‌رکه‌ تایبه‌تییه‌کان، هه‌وڵێکى چه‌کدارانى داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ناحیه‌ى سه‌جر له‌ قه‌زاى فه‌لوجه‌ شکست پێهێناوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى ئۆپراسیۆنه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌نبار". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو که‌ "به‌ هه‌وڵى هێزه‌کانمان توانراوه‌ هه‌وڵه‌که‌ شکست پێبهێنرێت و دواتر چه‌کداره‌کان هه‌ڵبێن، له‌و کاته‌شه‌وه‌ گه‌ڕان به‌دواى چه‌کداره‌ هه‌ڵاتوه‌کان ده‌ستیپێکردوه‌". هاوکات ئه‌وه‌ دووپاتکراوه‌ته‌وه‌ که‌ "پێداویستى سه‌ربازى زیاترمان به‌ده‌ستگه‌یشتوه‌، ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانمان له‌ سنوره‌که‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستگیرکردنى چه‌کدارانى داعش و تێکدانى باره‌گا و مۆڵگه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بێت". له‌عێراق ماوه‌ى چه‌ندین مانگه‌ جموجۆڵى چه‌کدارانى داعش زیادیکردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سنورى ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، به‌رپرسانى پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێن به‌هۆى نه‌بونى هه‌ماهه‌نگیى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و بونى بۆشایى ئه‌منی، داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کدا  جموجۆڵه‌کانى زیادکردووه‌.  

هاوڵاتى ‌دژى هێرشه‌ داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا، له‌به‌رده‌م کونسوڵخانه‌ى تورکیا له‌ شارى به‌غدا خۆپیشاندان ئه‌نجام درا. دوێنێ شه‌و ده‌یان که‌س چوونه‌ به‌رده‌م کونسوڵخانه‌ى تورکیا له‌ ناوچه‌ى وه‌زیریه‌ى به‌غداو خۆپیشانده‌ران ناڕه‌زایه‌تییان له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌ داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕی. سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ 15ى نیسانه‌وه‌ هێرشى ئاسمانیى و له‌ 17ى نیسانیشه‌وه‌ له‌ڕێگاى ئاسمانیى و زه‌مینییه‌وه‌ له‌ژێر ناوى ئۆپه‌راسیۆنى "جنگى قوفڵ" هێرشى بۆسه‌ر ناوچه‌کانى زاپ و مه‌تینا و ئاڤاشین ده‌ستپێکردووه‌ و گازى کیمیایى له‌ هێرشه‌کانیدا به‌کارهێناوه‌.  

هاوڵاتى  ژماره‌ى کورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ى کوردستان و 11 وڵاتى دیکه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ حه‌فتا ملیۆن که‌س. محه‌مه‌د کاروانى له‌ ئه‌کاونتى خۆى له‌ فه‌یسبوک بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ و ده‌نوسێت دواى ماندووبونێکى زۆر ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست که‌وتووه‌ که‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگى خایاندووه‌و له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ژنێڤا ( ژنێف )وه‌ زۆر نزیکه‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ و ڕێژه‌ى هه‌ڵه‌ تییدا بریتیه‌ له‌ 0,01 که‌ سه‌رچاوه‌ى UN به‌گشتى له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کانى ناوخۆو دانیشتوانه‌. کورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ى کوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ نزیکه‌ى 60 ملیۆن که‌س و له‌وڵاتانى ئه‌وروپاو چه‌ند وڵاتێکى تر نزیکه‌ى 10 ملیۆن که‌سى دیکه‌ ده‌ببن و به‌کۆى گشتى گه‌یشتووه‌ته‌ 70 ملیۆن و 228 هه‌زارو 544 که‌س. ‌دوا ئامارى ژماره‌ى کورد به‌م شێوه‌یه‌ خراوه‌ته‌روو: ١- کوردستانى تورکیا: ، 32,812,439  ٢-کوردستانى ئێران: 18,281,137 ٣- کوردستانى ئێراق: 7,949,571 ٤- کوردستانى سوریا: 3,642,117 ٥- ئه‌ڵمانیا: 1,898,319 ٦- ئه‌وروپا و وڵاتانى تر: 1,892,691 ٧- کازاخستان: 892,638 ٨- جۆرجیا: 758,009 ٩- ئه‌رمینیا: 699,571 ١٠- ئیسرائیل: 592,622 ١١- ئه‌فغانستان: 312,075 ١٢- پاکستان: 234,006 ١٣- میسر: 153,561 ١٤- سودان: 101,000 ١٥- بوسنه‌ هه‌رزه‌گۆڤین: 8,788

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل، رایگەیاندووە كە حەوتجار سەنگەرەكانی گەریلا لەلایەن سوپای توركیاوە بە چەكی كیمیایی بۆردومان كراوە. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئاماری شەڕی هەفتەی ڕابردووی دژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:  دەوڵەتی توركی داگیركەر هەموو ڕۆژێك بە فڕۆكەی جەنگیی و پێشكەوتووتریین تەكنەلۆژیا جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات، بەڵام ناتوانێت ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت، جارێكی دیكەش بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هێرشێكی بەفراوانی داگیركاریی لە زاپ و ئاڤاشین دەستپێكرد، ئەمە هێرشێكی ئاسایی نییە، بەڵكو شەڕێكی گەورەیە لە ئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا. لە ١٧ تا ٢٤ی نیسان گەریلاكانی كوردستان ١٥٢ چالاكیی جیاجیایان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، كە ٥٨ چالاكییان شەڕ و گورزلێدان، ٢٩ چالاكیی بە چەكی قورس، ٢٩ چالاكیی تەقاندنەوە، ٢٣ چالاكیی قەناس بەدەست، سێ چالاكیی هەڵكووتانەسەر، حەوت چالاكیی ڕێكخراو و سێ چالاكیی كە بەنهێنیی چوونەتە ناو داگیركەران و گورزیان لێداون. ئەوەندەی هێزەكانمان پشتڕاستیان كردووەتەوە، ٣٨٧ جار هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان كراون، هەروەها ٢٤٣ جار بە هێلیكۆپتەری جەنگیی و هاوەن تۆپباران و بۆردوومان ئەنجامدراوە. حەوت جار سەنگەرەكانی هێزەكانمان بە چەكی كیمیایی بۆردوومان كراوە. هەروەها ٢١٨ داگیركەر سزادراون و ٤٨ داگیركەریش برینداربوون، هاوكات چوار درۆن خراوەتە خوارەوە و گورز لە ١١ هێلیكۆپتەر و درۆنێكیش دراوە، سەنگەرێك خاپووركراوە و سیستمێكی كامێرای حەراریی تێكشكێندراوە. هێرشە داگیركارییەكان سەرەتا لە ١٤ی نیسانەوە بە بۆردوومانی چڕ دەستیپێكرد، شەوی ١٧ی نیسان سەرباری بۆردوومانی فڕۆكەی جەنگیی، هەوڵیدا بە هێلیكۆپتەر هێز لە ناوچەكانی گەریلا دابنێت، هێزەكانمان لە هەموو شوێنەكان بەبێ سانسۆر وەڵامی پێویستیان دانەوە، ڕێگەیان نەدا داگیركەران داببەزن، شەویش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا دابەزن، هێزەكانمان بەردەوامبوون لە بەرپەرچدانەوەیان و گورزیان لە ١١ هێلیكۆپتەر دا. سوپای توركی داگیركەر كە نەیتوانی سەربازەكانی لە ئاسمانەوە داببەزێنیت، ئەمجارە هەوڵدەدات لە زەمینەوە بێت، بەڵام گەریلاكان بە بەرپەرچدانەوەیان ڕێگەیان نەدا سوپای تورك بە ئامانجەكانی بگات. سوپای توركی داگیركەر لە چوارەم ڕۆژی هێرشەكانییەوە چەكی كیمایی بەكاردەهێنێت لە ناوچەكانی كوڕەژارۆ، وەرخەلێ، شەهید شاهین، كونیشكا و گردی ناوەڕاست. دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستانەوە و لە هێڵی بامەڕنێ، ئامێدی و دێرەلوكەوە هێرشی كردە سەر زاپ، پەدەكە بەئاشكرا ڕێگەی دا لە پشتەوە خەنجەر لە سەنگەرەكانی گەریلا بدرێت، هێزەكانی پەدەكە لە پشتی كوڕەژارۆ جێگیربوون و هەوڵیاندا ناوچەكانی گەریلا داگیربكەن، ماوەی هەفتەیەكە هێزەكانی پەدەكە هەتا ئێستاش دەستیان لەو هەڵوێستە هەڵنەگرتووە.

هاوڵاتی راوێژكاری دارایی سەرۆكی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە. محەمەد مەزهەر، راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كە دەبێت عێراق لە ماوەی ساڵەكانی 2022-2028 بیانداتەوە. بانكی ناوەندیی عێراق لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار. پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەغدا رایگەیاندووە كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستی بە هاوكاری نییە. عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانە بەڕێژەی 90٪ پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت.

هاوڵاتی وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "چنگ-قفڵ"ی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت‌ و ئامانجیانە كۆتایی بە پەكەكە بهێنن. خلوسی ئاكار، وەزیری بەگریی توركیا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "خەبەر تورك" دەڵێت:"ئامانج لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەمان لەهەرێمی كوردستان كۆتاییهێنانە بەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)". وەزیری بەرگری توركیا پێشیوابوو كە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە بەسەركەوتوویی تەواوبووە، "ئامانجەكانمان بەدیهێناون‌و لەسەر پڕۆسەكەش بەردەوامدەبین". لەكاتژمێر 9ی شەوی 17ی نیسان سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆسەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوچەكانی چیای كوڕەژارۆو زاپ‌و مەتیناو ئاڤاشین لەئامێدیی دەستپێكردووەو ناوەندی ڕاگەیاندن‌و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاندووە، لەماوەی پێنج ڕۆژی شەڕدا 205 سەربازی توركیا كوژراون كە چەندین پلەداری سەربازیی تێدایە، ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە حەوت گەریلایان شەهید بووە.

هاوڵاتی هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان لەبەردەم دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە باس لە قەندیل و ئیمراڵی دەكات و دەشڵێت:" لە كاتی رووداوەكانی كۆبانێ قەندیل و ئیمراڵی بەبەرپرسیارانە هەوڵی چارەسەریان دەدا". دوێنێ پێنجشەممە 7ی نیسانی 2022، دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، دەمیرتاش وەڵامی گوتەی گەواهیدەرێكی دایەوە كە تۆمەتباركردبوو بە "هەڵسووڕان بە فەرمانی قەندیل."   سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە لە یازدەمین دانیشتنی دادگا  لە بارەی دۆسیەی رووداوەكانی كۆبانێ رایگەیاند:"دەبێت دەستەی دادوەرانی دادگا ئەوە بزانن كە ئێمە فەرمانمان لە كەس وەرنەگرتووە". دەمیرتاش راشیگەیاند: "قەندیل لەو قۆناغەدا ئامادەباشی دەكرد بۆ ئەوەی چەك دابنێت، هەڵوێستی قەندیلیش لە پرسی كۆبانێ دا، بەبەرپرسیارییەوە چارەسەركردنی دۆخەكە بوو. هەوڵی ئیمراڵی و حكومەتی توركیاش بەو ئاراستەیە بوو". هاوكات دەمیرتاش ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە وتارەكانیاندا هۆشدارییان دەدایە قەندیل و حكومەت و كەس پێشبینی سەرهەڵدانی ئەو رووداوانەی نەدەكرد. هەرچەندە لەو قۆناغەدا لە رووی سیاسییەوە سەركۆنەی ئاكپارتییان دەكرد و داوایان لە خەڵك دەكرد بڕژێنە سەر شەقام، لە نێو كۆبوونەوەكانی پارتەكەیاندا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە دەكرد ئاخۆ ئەو دۆخە شكست بە قۆناخی چارەسەر دەهێنێ یان نا.  دەمیرتاش ئەوەشی خستەروو كە "كاتێك ئێمە داوامان لەخەڵك دەكرد بڕژێنە سەر شەقام، سەرۆكوەزیر، سەرۆككۆمار، وەزیری ناوخۆ، راوێژكار میت و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، لەبەرامبەر داواكارییەكانی ئێمە هیچ وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆیان نەبوو، هەوڵێكی تێكدەرانە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانیان بەلارێدا برد".  رووداوەكانی كۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەكەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیكردە سەر كۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەك لە پارتە كوردییەكانی دیكەی باكووری كوردستان داوایان لە حكومەتی ئەو كاتەی توركیا كرد رێگە بە ناردنی چەك و هاوكاری دیكەی سەربازیی لە توركیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیكردەوە.   لە چەند شارێكی باكووری كوردستان خۆپیشاندان دەستیپێكرد، گرژییەكان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 مەدەنی و پۆلیس كوژران و 682 كەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوونو بەو هۆیەوە 323 كەس دەستگیركران.   حكومەتی توركیا رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێكرد و هاوسەرۆكان و ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەركران و دواتر بەبڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە.  لە دۆسیەی رووداوەكانی كۆبانێ بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە تێیدا دادگایی دەكرێن و 22 كەسیان ئێستا لە زینداندان.   دەیان جارە یەكێتی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازاكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەرپرسانی باڵای توركیا دەكات، بەڵام تا ئێستا رەتیانكردووەتەوە.   

هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تویته‌که‌یدا نووسیویه‌تی:"هێرشه‌کانى سه‌ر سعودیه‌ سه‌رکۆنه‌ ده‌که‌م. ئامانج له‌ هێرشه‌ دووباره‌بووه‌کان بۆ سه‌ر ژێرخانه‌ مه‌ده‌نییه‌کان تێکدانى سه‌قامگیرى ناوچه‌که‌یه‌". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ى ئازارى 2022، مه‌سرور بارزانى تویته‌که‌یدا ده‌شنوسێت: "پاڵپشتى ته‌واوى حکومه‌ت و گه‌لى سعودیه‌ ده‌که‌ین". حوسییه‌کانى یه‌مه‌ن کۆمه‌ڵێک فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وان و موشه‌کیان ئاڕاسته‌ى دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى وزه‌ى سعودیه‌ کردووه‌، له‌ یه‌کێک له‌ هێرشه‌کاندا ئه‌و موشه‌کانه‌ بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ڕاگرتووه‌.  

هاوڵاتى ‌لایه‌نه‌کانى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌ به‌غدا که‌ نورى مالکى زۆرترین کورسى ناو هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ى هه‌یه‌و کۆده‌بنه‌وه‌و پێنج خاڵ ده‌ده‌ته‌ سه‌در له‌باره‌ى پێکهێنانى حکومه‌ته‌وه‌. میدیا عێراقیه‌کان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بڵاویانکرده‌وه‌، لایه‌نه‌کانى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى کۆده‌بنه‌وه‌و کۆبونه‌وه‌که‌ش بۆ خستنه‌ڕووى دواین داواکاریانه‌ بۆ ڕه‌وتى سه‌در  هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ لایه‌نه‌کان پێنج خاڵ ده‌ده‌نه‌ سه‌در و داواى مانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى و دابه‌شکارى پۆسته‌کان به‌ یه‌کسانى و چونى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى نێو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى بۆ ناو حکومه‌ت و پێدانى به‌شێک له‌وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌کان ده‌که‌ن و کۆتاخاڵى داواکاریه‌که‌شیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتوو به‌بیانوى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌کان به‌ ئامانج نه‌گرێت. رۆژى 10ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامدراو چوار مانگ و 10 رۆژ زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا تێپه‌ر بووه‌و هێشتا لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمارو پێکهێکهێنانى حکومه‌ت رێککنه‌که‌وتوون.  

لەیال ئەحمەد سلێمانی پاش ساڵی 2014 و تا ئێستاش كەمترین خزمەتگوزاری تێدا ئەنجام دراوەو زۆربەی گەرەكەكان ئاو و ئاوەرۆ كۆنكرێتی تێدا ئەنجام نەدراوەو لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێن قەیرانە داراییەكان جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كەمكردووەتەوە. لە شاری سلێمانیدا بە تاسوڵجەو راپەرین و بەكرەجۆوە 263 گەڕەكی لەخۆ گرتووەو بەشێكی زۆری گەرەكە نوێیەكان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو ئاوەڕۆ و كۆنكرێتیان بۆ ئەنجام نەدراوە بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر گوند بوون و لە ئێستادا بوونەتە گەڕەك. سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد ئەو پڕۆژەو خزمەتگوزاریانەی كەپێویستی سەرەتایی هاوڵاتیانن وەك ئاو ئاوەڕۆ كارەباو كۆنكرێت كردنی كۆڵانەكان لەدەستەڵاتی ئێمەدانییە ، محمەد رەسول، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" لەدوای ساڵی 2014 كە شەڕی داعش سەری هەڵدا و بەشەبودجەی هەرێم بڕا وەك پێویست خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای سلێمانی بە هەردوئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان وەك پێویست ئەنجام نەدراوەو تەنانەت ئەو پڕۆژانەشی لەسەدا 90 ی تەواو بووە وەستێنراوە". ئەو ئەندامەی لێژنەی خزمەتگوزاریو شارەوانی ئاماژەی بەوەشكرد لەبەر ئەوەی ئێمە دەستەڵاتمان سنوردارە ئەوپڕۆژەو خزمەتگوزاریانەی كەپێویستی سەرەتایی هاوڵاتیانن وەك ئاو ئاوەڕۆ كاەباو كۆنكرێت كردنی كۆڵانەكان لەدەستەڵاتی ئەواندا نییە، وتیشی:" جێبەجێكردنی پرۆژەكان پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیران و بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێم هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێ پڕۆژە هەیە لە هەولێرو دهۆك لەكاركردن نەوەستاوە وخزمەت گوزارییەكانی هاوڵاتیان باشتر ئەنجامدەدرێت بەراورد بە سلێمانی". هەروەها سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەروو كە هاوڵاتیان كە ڕۆژانە سەردانیان دەكەن و لە كێشەی ئاو ئاوەڕۆ كارەبا كۆنكرێت كردن ، بەنمونە كێشەی ئاو پێویستی بە ملیارێك دینارە ئەوە لەدەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاودانییە چونكە لەپێشتردا 40 لەسەدی داهاتی ئاو بۆ كاروباری بەڕێوەبەرایەتییەكە خەرج دەكرایەوە بەڵام ڕێژەكە بووەتە لەسەدا 15 و كەمكراوەتەوە.   سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمان: هەندێ پڕۆژە هەیە لە هەولێرو دهۆك لەكاركردن نەوەستاوە وخزمەت گوزارییەكانی هاوڵاتیان باشتر ئەنجامدەدرێت بەراورد بە سلێمانی "ئەگەر گەڕەكێكیش پێویستی بە خزمەتگوزارییەك بێت دەبێت ئەو فەرمانگەیە تێچوی پڕۆژەكە دیاربكات ئاڕاستەی وەزارەت بكرێت لەهەولێر بۆ ڕەزامەندی بۆئەوەی پارەی بۆ خەرج بكرێت پڕۆژەكە لەهاویندا داواكراوە جێبەجێبكرێت لەزستاندا وەڵام دەدرێتەوە دەبینن گەڕەكەكە یا كۆڵانەكە دوهێندە زیادی كردوە لەبەر ئەوە پارەكە لەشتی كەدا خەرج دەكرێت، كە ئەم كێشەیە لەهەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا هەیەو پشتی ئیدارەی سلێمانی شكانووە"،   فەرمانگەخزمەتگوزارییەكان دەتوانن ئەوكێشانەی هاوڵاتیان چارەسەربكەن كەتێچوەكەی لە نێوان 10 تا 20 ملیۆن دیناردایە. پارێ.گاری سلێمانی دەڵێت:"بە چارەسەربوونی قەیرانی دارایی پرۆژە وەستاوەكان دەست پێدەكاتەوە". هەڤاڵ ئەبوبكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوو نەمان هێشتوە پڕۆژەخزمەتگوزارییە سنوردارەكان بوەستن كەلەتوانای پارێزگادایە ئەوپڕۆژانەشی لەتوانای ئێمەدانییە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیداری دەكەین بۆ ئەوەی بودجەی پێویستی بۆ دیاریبكەن". ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لە ڕێگای وەزارەتی پلاندانانەوە بودجە دیاریكراوە بۆ كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری كە ئەولەویەتی پێداون لەناوپڕۆژەكان كە پەیوەستن بە خزمەتگوزاری گشتییەوە كە ئومێدەوارن لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێبكەنەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەوەشی روونكردەوە كە بۆ ئەو پرۆژانەی هاوڵاتیان داوای دەكەن ئەگەرلەتوانای داراییاندا بوبێت ڕاستەوخۆ پڕۆژەكانیان بۆ جێبەجێكردوون. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، پێیوابوو هەڵە لەسەر بنەمای داهاتی  پارێزگاكان پڕۆژە خزمەت گوزارییەكان پێشكەش بكرێن. لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی وگواستنەوەو گەیاندن لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" ئەوەی جیاكاری لەنێوان شارەكان دەكا غەدرو زوڵمێكە لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكرێ، چونكە هەر هاوڵاتیەك لە زاخۆ یا كفری و كەلار هەر هاوڵاتی هەرێمی كوردستانە پێویستە ئاستی پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكانیان وەك یەك بێت".  هەروەها بە هەڵەی وەسف كرد ئەگەر لەسەر بنەمای داهاتی  پارێزگاكان پڕۆژە خزمەت گوزارییەكان پێشكەش بكرێن وتیشی:" داخەوە حكومەت لەم كابینەیە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكات كە ئەمە سیاسەتێكی زۆر هەڵەیە هەرچەندە ئەمە بەو مانایەنییە كەئیتر لە هەولێرو دهۆك هەموو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت بەڵام جیاكاری هەیە لەنێوان شارەكان نەشمان شاردۆتەوە چونكە ئەمە پێچەوانەی دروشمەكانی حكومەت خۆیەتی". ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: كێشەیەك لەهەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا هەیەو پشتی ئیدارەی سلێمانی شكاندووە   ئەو پەرلەمانتارە  جیاكاری لە نێوان شارەكان بە  سەرەتای خەتەرناكی و شێواندنی كۆمەڵگا دادەنێت، وتیشی:" ئەوپڕۆژانەشی كە بەتەواو نەكراوی ماونەتەوە بابەتێكی گرنگە بەتایبەت پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان بە نمونە نەخۆشخانەیەكی گەورەی ۲۹۰ قەرەوێڵەیی لە دەڤەری ڕاپەڕین كە حەقیان لەسەر حكومەت هەیە چونكە ناوەندێكی گرنگی كوردایەتی و  سەرهەڵدانی ڕاپەڕین بوە ناكرێت فەرامۆش بكرێت بۆیە پێویستە حكومەت ئەم پڕۆژانە تەواوبكات". ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە ژمارەی گەرەكەكانی سلێمانی گەیشتووەتە 263 گەرەك. زەردەشت رەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی سڵێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ناتوانین بەژمارە ژمارەی ئەوگەرەكانە دیاریبكەین كەخزمەتوزارییان پیگەیشتوەو چەندی ماوە خزمەتگوزاری پێبگات، ناشتوانین دەرخستەی بودجە بۆ دەستپێكدنەوەی خزمەتزمەت گوزارییەكان دیاری بكرێت چونكە كاتیك گەڕەكێك پێویستی بەخزمەتگوزاری دەبێت دەبێت دەرخستەی بۆبكرێت لەبەر ئەوەی  هەرخزمەتگوزارییەك پەیوەندی بە فەرمانگەیەكەوە هەیە". ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: كێشەیەك لەهەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا هەیەو پشتی ئیدارەی سلێمانی شكاندووە " هەر گەڕەكێك حكومەت خۆی ئیفرازی كردبێت بڕیاری دروست كردنی دابێت هەموو خزمەت گوزارییەكی بۆدابین دەكرێت نەك گەڕەكەكە هاوڵاتیان خۆیان بەزیادەڕەوی كردبێتی ئەو گەڕەكانەشی كەخۆیان هەڵدەستن بە كۆنكرێت كردنی گەرەكەكان ئەوە ئەو گەرەكانە بەزیادەڕەوی دروست بوون دواتر ئەو بڕیارە گرتنیەوە كەفۆڕمیان بۆبكرێت بۆیە حكومەت داوای لێنەكردون ئەوكارەبكەن، بەڵام ئەگەر گەڕەگێك بیانەویت ئەوكارەبكەن دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ پێدانی ئەندازیاری شارەزا بۆیان گەرنا حكومەت داوا لەهیچ كەس ناكا خزمەت گوزاری بۆ خۆیان بكات".

 هاوڵاتى سه‌رۆکى پارتى گه‌لى کۆماریى (جه‌هه‌په‌) به‌ڵێن ده‌دات له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات له‌تورکیا ده‌ستبه‌جێ هه‌ریه‌ک له‌سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌)و عوسمان کاڤالاى خاوه‌نکارى تورکى ئازادبکات. به‌پێى وێب سایتى "تى 24"ى تورکی، که‌مال کڵیچدار ئۆغڵو له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى کۆنفرانسى گه‌نجانى تورکدا له‌شارى ئامه‌دى باکوورى کوردستان ڕایگه‌یاندووه‌"سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش به‌ناحه‌ق ده‌ستگیرکراوه‌، ئه‌وکه‌سه‌ هیچ تاوانێکى ئه‌نجامنه‌داوه‌ تا بخرێته‌ زیندانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و بێتاوانییه‌ دادگاش سه‌لماندوویه‌تی". هه‌روه‌ها کلیچدار ئۆغلۆ ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌:"دواى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات نه‌وه‌ک هه‌ر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئازاد ده‌که‌ین، به‌ڵکو سه‌ربازان‌و ڕۆژنامه‌نووس‌و ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ئازادى ڕاده‌ربڕین ده‌ستگیرکراون ئازاد ده‌که‌ین". هاوکات ئه‌وه‌شى راگه‌یاندووه‌ که‌ زۆرترین ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشدا دانیشتوون، په‌ڕله‌مانتارانى سه‌ر به‌پارتى گه‌لى کۆماریى بوون.

هاوڵاتى ئێران دەیەوێت لەجیاتی جەنگی سارد لەگەڵ نەیارانی لەعێراق ئاشتییەكی سارد لەبەغدا بكات و زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیش لەگەڵ ئەمریكا مسۆگەر بكات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو هەوڵی هێوركردنەوەو كاردانەوەكانی گروپەكانی لایەنگری خۆی دەدات لەعێراق. پێشتر قاسم سولەیمانی لەباڵای ژەنەڕاڵێكی ئیمپراتۆریەتی شیعەدا رۆڵی گرنگی هەبوو لەیەكخستنی شیعەكان و بە پەیامێك لەتارانەوە شەقامی شیعەی لەبەغدا رێكدەخست، بەڵام دوای ئەو قائانی بە گەشتە بەردەوامەكانی بۆ بەغدا نەیتوانیوە ببێتە مایەی یەكڕیزیی شیعە، بۆیە كوشتنی سولەیمانی سەرەتای تێكچوونی خەونی ئیمپڕاتۆریەتی شیعەیە لەعێراق. ئەگەرچی ئێران بەداهێنەری هیلالی شیعە لەناوچەكە وەسف دەكرێت، بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتەكەی لەهەموو دین و دیانەتێك بۆ گرنگترە بەتایبەت كە نموونەی ئەوەی لەسەردەمی راگرتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ سەددام حسێن بەدی كراو روحەڵڵا خومەینی، رێبەرو دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بەواژۆكردنی بڕیارنامەی ژمارە 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان بۆ راگرتنی جەنگ لەساڵی 1988 رایگەیاند ئەم كارە وەك جامی ژەهر وایە كە دەینۆشم بەڵام بەرژەوەندیی ئێران ئەوە دەخوازێت. هەروەها دور نییە كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 ئامادەكاریی بكات بۆ نۆشینی جامێكی دیكەی ژەهر لەپێناو بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەی كە لەسەر دەستی ئەمریكا لەلێواری هەڵدێر نزیك بووەتەوە. ئێران زیاتر لەشەش مانگە بەنێوەندگیریی عێراق دەیەوێت كۆتایی بەجەنگی ساردو راسپێردراو لەگەڵ سعودیە بهێنێت بۆیە زۆر ئاساییە پاشەكشێ لەهەڵوێستەكانی ئێستای ئەو وڵاتە لەسەر پێگەی لایەنەكانی و لایەنگرانی لەعێراق بەدی بكرێت، وەك چۆن پێچەوانەی پێشبینییەكان لە ئاست ئەنجامەكان و ئەژماركردنی دەنگەكان توندی نەنواند پێدەچێت لەئاست دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكەكەشی نەرمیی بنوێنێ و بە كەمی كێكی دەسەڵات و لاوازیی پاشكۆكانی لەعێراق رازی بێت. تاران لەماوەی مانگێكدا سێ جار ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەلیەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی رەوانەی عێراق كردووە و هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی نزیك لەخۆی كە بە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناو دەهێنرێن لەگەڵ موقتەدا سەدر كەدۆستی جارانی ئێران و هاوپەیمانی ئێستای سعودیەیە كۆبووەتەوە، بەڵام روون نییە پێداگریی لەهیچ خواست و ئامانجێك هەبووبێت. ئێران لەنێوان پارتی  و سەدرو مالیكی تەلەفیزیۆنی (ئێران ئەنتەرناشناڵ) كە نزیكە لەوڵاتی سعودیەوە بڵاوی كردووەتەوە؛ ئیسماعیل قائانی رۆژی یەكشەممە (30/12/2022) سەردانی هەولێری كردووە بۆ ئەوەی رێگریی لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و موقتەدا سەدر بكات. سەرچاوەیەك بە تەلەفیزیۆنەكەی راگەیاندووە؛ قائانی بەگەشتێكی چاوەڕواننەكراو رووی لەهەولێر كردووە و گەشتەكەو كۆبوونەوەكانی بەنهێنی ئەنجامداوە. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران هەڵگری پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بووە بۆ پارتی بەڵام ناوەڕۆكی ئەو پەیامە ئاشكرا نەكراوە. ئەگەرچی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 75 ساڵ پێش ئێستا، بەڵام لە ماوەی رابردوودا میدیاكانی سەر بەباڵی توندڕەوی محافزكاران و سوپای پاسداران لەئێران بە بەردەوامی پارتییان بەوە تۆمەتبار كردووە كە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی توندوتۆڵی هەیەو ئەوەش بۆ دژایەتی ئێرانە لەناوچەكەدا. پەیوەندیی بنەماڵەی سەدرو شیعەكان لەئێران پەیوەندییەكی كۆن و مێژووییە، بەڵام ئێران بە ئاشكرا رایگەیاندووە موقتەدا سەدر نابێت بەتەنها چاوی لەو بەروبوومە سیاسی و ئاینییەی باوك و باپیرانی بێت كە لەعێراق چاندوویانە، بەزمانێكی دیكە تاران داوای بەش لەموقتەدا سەدر دەكات. ئەو هاوپەیمانییەی كە بەناوی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكرێت و گەورەترین كێشەو ناكۆكیی لەگەڵ سەدر هەیە بەبڕوای مالیكی درێژكراوەی تێكۆشانی محەمەد باقری سەدر لەدامەزراندنی حزبی دعوەی ئیسلامی بووە كە باوكی موقتەدا سەدرە.      بەرپرسانی ئێران پێیان وایە كێشەو ناكۆكییەكانی سەدرو نوری مالیكی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 چونكە لەو سەردەمەدا كە لایەنگرانی سەدر لەپارێزگای بەسرە ویستیان خۆپیشاندان دژی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق ئەنجام بدەن، مالیكی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو خۆی گەیاندە پارێزگاكەو فەرمانی كرد بەسەركوتی ئەو خۆپیشاندانانە، بۆیە لەو رۆژەوە ئەو دوو دۆستە كۆنەی ئێران بڕواو متمانەیان بە یەكتری نەماوە. ئێران و سعودیە لەعێراق زیاتر لە 42 ساڵە سعودیەو ئێران ناكۆكییان هەیە بە تایبەت كە سعودیە خۆی بە نوێنەر و سەرۆكی سوننەكان لەعێراق دەزانیت و هاوكات بە هاوپەیمانی ئەمریكا لەعێراق لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام بە سەرهەڵدانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو ئەو دوو وڵاتەش لە رێگەی گروپە لایەنگرەكانیانەوە عێراقیان كردووە بە چەقی ململانێی شیعەو سوننە. ستراتیژی ناوچەیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئەمریكاو پشتیوانی لە گروپە شیعەكان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە سوننە توندڕەوەكانی وەك داعش و تاڵیبان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و هەیمەنەی سعودیە لەسەر وڵاتانی كەنداو داڕێژراوە. ئەم ستراتیژییەی ئێران بە بەردەوامی هۆكاری سەرەكییە بۆ بەریەككەوتنی شیعەكان و سوننەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئاستێك لە بێمتمانەیی لەنێوان تاران و ریازدا هەیە كەبواری ئەوەیان دروستكردووە ئاشتیی شیعە و سوننە لەوڵاتان بكەنە شەڕی ماڵوێرانكەرو نموونەی ئەوەش لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدی دەكرێت. ئێران لەئێستادا بەهۆی گۆڕانكاریی لەسیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەوڵی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە دەدات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو میلیشیا شیعەكان هێوردەكاتەوە و سەرەتای ئەو سیاسەتەش دوای هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەركەوت، بەوەی كە ئێران بەپەلە هێرشەكەی ئیدانەكرد و قائانیش خۆی گەیاندە بەغداو لەگەڵ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی كۆبوەوە. قائانی بە فەرماندەو هێزە چەكدارەكانی شیعەی لەعێراق وتووە: ئێران سەرقاڵی دانوستانی ئەتۆمییە لەڤیەننا و نابێت جموجۆلی ئەو هێزانە لەعێراق ببێتە مایە توندبوونەوەی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریكا لە بەرامبەر تاران. هاوكات دوای ئەوەی محەمەد حەلبوسی، وەك لایەنێكی بەهێزی سوننە جارێكی دیكە بووەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی حەلبوسی كرد، ئەوەش ئاماژەیەكی دیكە بوو كە تاران هەستیاریی و توڕەییەكانی سەبارەت بە دۆخی لاوازو پەرتەوازەی شیعەكانی لایەنگریی لە عێراق كەم بووەتەوە. قائانی و قاسم سولەیمانی پسپۆڕانی نێودەوەڵەتی و شارەزایانی سیاسی بڕوایان وایە ئێران لەعێراق و لوبنان پاشەكشێی گەورەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا كردووە كە دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە، یەكیان رێككەوتنی ئەتۆمییەو ئەوی دیكەیان نەمانی قاسم سولەیمانییە. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس بە كاریگەرترین بەرپرسی ئێران دوای خامنەیی لەعێراق و لوبنان لەقەڵەم دەدرا بە تایبەت كە سولەیمانی ئەزمونی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و لایەنەكانی زۆر زیاتر بوە و لە قائانی و لە سیاسەتدا بە هەیمەنە و لە بواری سەربازیشدا خاوەن بڕیاربوە، بەڵام ئەو تایبەتمەندیانە تائێستا لە قائانی بەدی نەكراوە. پێشتر سولەیمانی بەئاماژەیەك لەتارانەوە گروپ و لایەن شیعەكانی لەعێراق رێكدەخست، بەڵام قائانی لە ماوەی مانگێكدا سێ جار گەشتی بۆ عێراق كردووە و پێناچێت توانیبێتی گروپە و لایەنەكانی نزیك لەوڵاتەكەشی رێكبخات. پاشەكشێی ئێران بۆ ئەمریكا بۆ پارە بلۆككراوەكانی لە عێراق گومانی تێدا نییە واشنتۆن و تاران لەعێراق ململانێی یەكتری دەكەن، بەڵام سەبارەت بە هەڵبژاردنە پێشوەخەتەكەی عێراق لەمانگی ئۆكتۆبەر، ئیمارات و توركیا ئەركەكەی ئەمریكایان بۆ دژایەتی ئێران سوك كردووە و بەرژەوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەش وادەخوازێت كە دەستی تاران لەعێراق كورت بكەنەوە.  بەرپرسانی ئێران پێیان وایە سێكوچكە ئەمریكا و سعودیە و ئیمارات زیاترین هەوڵیان داوە رۆڵی تاران لەبەغدا و حكومەتەكەی داهاتوویدا بچووك بكەنەوە، بۆیە ئەو وڵاتە بە كەمبوونەوەی هەیمەنەی لەعێراق باكی نییە و نایەوێت ئەمریكا و سعودیە لەخۆی توڕە بكات، چونكە كاری لەپێشینەی تاران بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانەیەتی لەعێراق كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بلۆك كراوە. حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران شەش مانگ پێش لەوەی ماوەی سەرۆك كۆمارییەكەی كۆتایی بێت بەلێدوانێك گلەیی لەهەندێك وڵای دراوسێ كرد كەزیاتر لە 30 ملیار دۆلاری ئێرانیان بلۆك كردووە، دواتر دەركەوت رۆحانی مەبەستی سەرەكیی عێراق بووە، بەڵام دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی بووە سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایگەیاند؛ بڕی حەوت ملیار دۆلاری وڵاتەكەی كە قەرزە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی غازو كارەبا بەعێراق بووە بلۆك كراوە. ئێران بە نێوەندگیریی مستەفا كازمی كە بەهاوپەیمانی ژێربەژێری سەدر لەقەڵەمدەدرێت توانیویەتی ئەمریكا رازی بكات كە ئەو پارانە لەبەرامبەر كڕینی كاڵای پێویست بۆ ئێران وەربگرێتەوە واتە، عێراق پارەكان دەدات بە كاڵاو رەوانەی ئێرانی دەكات بەبێ ئەوەی تاران راستەوخۆ بتوانێت مامەڵە بەپارەكانیەوە بكات. بەپێی نامەیەكی سەرۆكی ناوەندی بازرگانیی ئێران كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردوەتەوە و نامەكەش رێككەوتی پێنجشەممەی رابردوی لێدراوە، ئاماژە بەوەكراوە سەرجەم وەزارەتەكانی ئێران داواكارییەكانیان بۆ دابینكردنی كاڵا سەرەكی و پێویستەكانی وەك دەرمان و خۆراك و پیشەسازیی دواكاریی ئاڕاستەی ناوەندەكە بكەن چونكە بڕێك لەپارەكانی وڵاتەكە لەبانكی بازرگانی عێراق ئازاد كراوە.

هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەماوەی 10 رۆژی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گرتوخانەی غوێران (سناعە) لە حەسەكە، 121 كەس لە رۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبون و 374 چەكداری داعش كوژراون. جەنەراڵ، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەپەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەروداوەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گرتوخانەی غوێران (سناعە) لە حەسەكە 121 كەس لە رۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبون. هەروەها ئەوەشی خستۆتەروو كە" شەهیدان سەلماندیان كە تینوی ئازادین، رۆڵەكانمان لە باوكان و كوڕان بە كورد و عەرەبەوە مایەی شانازی ئێمە و هەمو ئازادیخوازانی جیهانن".  هاوكات، ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی هەسەدە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی زیندانی سەناعە (غوێران) لە حەسەكە 374 چەكداری داعش كوژراون.  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتی ئەو هەناردە و داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ یەكەم مانگی ئەمساڵ بەدەستهاتوون گەیشتونەتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار كە هەر بەرمیلێك بە 83 دۆلارو 24 سەنت فرۆشراوە. ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایداهاتووە، بەگوێرەی ئامارەكانی یەكەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، رێژەی نەوتی خاوی هەناردەكراو 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی هەشت ملیار و 27 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كۆی بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بۆ مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل بووە و لە كێڵگەكانی كەركوك كە لەرێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكردراوە دوو ملیۆن و 545 هەزارو 656 بەرمیل بووە. هەروەها رێژەی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە زیاتر بووە لە سێ ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێكیش 83 دۆلار و 24 سەنت فرۆشراوە.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت ئەگەر دانوستانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران شكست بهێنێت، بژاردەی دیكەیان دەبێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی ئێن پی ئاڕ رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێك كە ئەستەمە بگەڕێتە دواوە و تاران بە پشتگوێخستنی بەندەكانی ناو رێككەوتننامەی ئەتۆمی، رۆژ بە رۆژ لە گەیشتن بە چەكی ئەتۆم نزیك دەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی باشترین كارە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریكا و بۆ ئەو مەبەستەش تەنھا چەند ھەفتەیەكمان لەبەردەستدا ماوە. بلینكن دەشڵێت: ئەگەر دانوستانەكانی ڤییەننا شكست بھێنێت و نەتوانین لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن، بژاردەی تر دەگرینەبەر.