هاوڵاتى ئه‌ندامێکى خولى نوێى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند که‌ حکومه‌تى عێراق له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌رانه‌وه‌ که‌مپى جه‌دعه‌ى پێنج داده‌خات، که‌ هه‌زارو 200 خێزان و که‌سوکارى چه‌کدارانى داعشى تێدا بووه‌ و له‌باشوورى موسڵدا بڵاویان ده‌کاته‌وه‌. شێروان دووبه‌ردانی، ئه‌ندامى خولى نوێى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:" به‌ بڕیارى وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌رانى عێراق که‌مپى جه‌دعه‌ى پێنج که‌ زیاتر له‌ هه‌زار و 200 خێزان و که‌سوکارى چه‌کدارانى داعشى تێدایه‌ و خه‌ڵکى باشوورى موسڵن، به‌فشارى حکومه‌ت داده‌خرێت و ئه‌و خێزانانه‌ى داعش به‌ ناوه‌ندى موسڵدا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌".  هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که‌ زۆر هه‌وڵیاندا که‌ ئه‌و خێزانانه‌ هه‌ر که‌سه‌ى خه‌ڵکى چ پارێزگایه‌که‌ ببرێته‌وه‌ ئه‌وێ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌ بڕیارى حکومه‌ت ئه‌وانه‌ هه‌موو ده‌هێنرێنه‌وه‌ باشوورى موسڵ.  بڕیاربوو ئه‌مڕۆ حکومه‌تى عێراق 120 خێزانى داعش له‌ که‌مپى هۆلى رۆژئاواى کوردستانه‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و له‌ که‌مپى جه‌دعه‌ له‌ نزیک موسڵ جێگیریان بکات، به‌ڵام دواخرا بۆ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو. زیاتر له‌ 30 هه‌زار خێزانى عێراقى داعش له‌ که‌مپى هۆلن له‌رۆژئاواى کوردستان، که‌ زیاتر له‌ 18 هه‌زار و 700خێزانیان خه‌ڵکى پارێزگاى ئه‌نبارن، زیاتر له‌ چوار هه‌زار و 500 که‌سیان خه‌ڵکى پارێزگاى موسڵن، ئه‌وانى دیکه‌ش خه‌ڵکى پارێزگاکانى به‌غدا، سه‌ڵاحه‌دین، بابل، که‌رکووک و دیاله‌ن.

هاوڵاتى له‌ شارى جوانڕۆى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، گرووپێکى سه‌له‌فیى هێرشیانکرده‌ سه‌ر کافتریایه‌ک و دواتر له‌ناو شاره‌که‌دا ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا کرد.  کاتژمێر نۆى شه‌وى رابردوو چه‌ند که‌سێک به‌ ماتۆر چوونه‌ته‌سه‌ر کافتریایه‌ک له‌سه‌ر شه‌قامى په‌روه‌رده‌ى جوانڕۆ و به‌ کلاشینکۆف ته‌قه‌یان به‌ناو کافتریاکه‌دا کردووه‌ و به‌ چه‌قۆش هێرشیانکردووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵک، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دوو که‌س بریندار بوون.  به‌پێى هه‌واڵى سه‌رچاوه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، هێرشکه‌ره‌کان دواى ته‌قه‌کردن له‌ کافتریاکه‌، به‌ناوشاردا سووڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ سێ شوێن له‌ شه‌قامى سه‌نجاوی، گۆڕه‌پانى به‌سیج و چوار ڕیانى فه‌رمانگه‌ى په‌روه‌رده‌ ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا کردووه‌ و دروشمى "الله‌ اکبر"یان وتووه‌ته‌وه‌.  هه‌روه‌ها وه‌ک سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌ڵێن دواى هێرشه‌که‌، له‌ناو شارى جوانڕۆ و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ هێرشه‌که‌ له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ کراوه‌ که‌ "به‌ سه‌له‌فى جیهادى" ناسراون.  هاوکات،  پۆلیسى جوانڕۆ دوو که‌س له‌ هێرش به‌ره‌کانى ده‌ستگیرکردووه‌ و  ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ک و که‌ره‌سته‌کانیشیاندا گیراوه‌. ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ گروپه‌ سه‌له‌فییه‌کان له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵک و پێشتر لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵات هۆشداریان له‌وه‌ که‌ ئه‌و گروپانه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان.

هاوڵاتى ‌داواکارى گشتى ئیزمیر له‌تورکیا، به‌ تۆمه‌تى سوکایه‌تیکردن به‌ دادگا دۆسیه‌یه‌کى لێپرسینه‌وه‌ى له‌ دژى په‌روین بوڵدان، هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ کرده‌وه‌، پرۆسه‌ى دادگایى کردنى له‌سه‌ر کوشتنى کچه‌ کوردێکیش دواخست که‌ له‌ باره‌گاى هه‌ده‌په‌  له‌لایه‌ن ره‌گه‌زپه‌رستێکه‌وه‌ کوژرا. دوێنێ چوارشه‌ممه‌، له‌ دادگاى سزا قورسه‌کانى ئیزمیر یه‌که‌م دانیشتنى دادگاییکردنى بکوژى ده‌نیز پۆیراز، به‌ڕێوه‌چوو، له‌ دانیشته‌که‌دا په‌روین بوڵدان، هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌) ره‌خنه‌ى له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى دادگا گرت و رایگه‌یاند:" بکوژه‌که‌ له‌ منبج راهێنانى وه‌رگرتووه‌ و ئه‌ندامى داعش بووه‌، نابێ دادگا به‌ شێوه‌یه‌کى نه‌رم مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکات و ده‌بێ وه‌ک که‌سێکى بکوژ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت". له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ داواکارى گشتى ئیزمیر، دۆسیه‌ى لێپرسینه‌وه‌ى له‌ دژى په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ کرده‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ دژى ئه‌و که‌سه‌ى که‌ له‌ناو دادگا قسه‌کانى په‌روین بوڵدانى تۆمارکردووه‌ و بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ دۆسیه‌ى لێپرسینه‌وه‌ى کردووه‌ته‌وه‌. هاوکات دۆسیه‌ى دادگاییکردنى بکوژى ده‌نیز پۆیراز، کچه‌ کوردى ئه‌ندامى هه‌ده‌په‌ که‌ له‌ هێرشێکدا له‌ناو باره‌گاى هه‌ده‌په‌ له‌ ئیزمیر کوژرا، دواخرا. پارتى دیموکراتى گه‌لان( هه‌ده‌په‌) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیاو پارته‌که‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان فشارى توندیان له‌سه‌ره‌وهه‌زاران کادرو سه‌دان سه‌رۆک شاره‌وانى و په‌رله‌مانتاریان له‌ژێر ناوى جیاواز جیاواز ده‌ستگیرکردووه‌ له‌ زیندانه‌کاندان یه‌کێک له‌وانه‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌یه‌.

هاوڵاتى مه‌رسومى کۆمارى بۆ ئه‌نجامدانى یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى  عێراق ده‌رکرا و بڕیاره‌ 9/1/2022 ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ى کانونى یه‌که‌مى 2021، مه‌رسومى کۆمارى به‌ پێى مادده‌کانى 54 و 73 بڕگه‌ى چواره‌م له‌ ده‌ستوورى عێراقى ده‌رچووه‌، که‌ تێیدا ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌ سه‌رۆک کۆمار بۆ دیارکردنى رۆژى یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان دواى په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگاى فیدراڵیى عێراقه‌وه‌. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق رۆژى 9ى کانونى دووه‌مى 2022ى دیارى کرد وه‌ک یه‌که‌مین کۆبونه‌وه‌ى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق. پێشتر هه‌ندێک لایه‌نى شیعه‌ نیگه‌رانییان له‌ ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق نیشاندابوو، له‌ دادگاى فیدراڵى تانه‌یان له‌ ئه‌نجامه‌کاندا، به‌ڵام دادگاى فیدراڵى له‌ 27/12/2021 تانه‌کانى ره‌تکرده‌وه‌ و ئه‌نجامه‌کانیشى په‌سه‌ند کرد.

هاوڵاتى ئه‌ندامێکى پێشووى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایده‌کات، پێشبینیده‌کرێت ساڵى 2022، به‌هۆى دۆخى سیاسییه‌وه‌، عێراق یاساى بودجه‌ى نه‌بێت‌. محه‌مه‌د شه‌به‌کى ئه‌ندامى پێشووى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌پێگه‌ى "مه‌علومه‌"ى راگه‌یاند: "له‌م دۆخه‌ى سیاسییه‌ى ئێستاى وڵاتى پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، په‌رله‌مانى نوێى عێراق کاتى ئه‌وه‌ى نابێت گفتوگۆ له‌سه‌ر یاساى نوێى بودجه‌ بکات‌و په‌سه‌ندى بکات، هه‌ربۆیه‌ دۆسیه‌ ئابورییه‌ گرنگه‌کان ده‌که‌ونه‌ ساڵى 2023وه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یان که‌ دۆخه‌ سیاسییه‌که‌ ڕێگریى له‌جێبه‌جێکردنى به‌شێکى زۆر له‌یاساکانى په‌یوه‌ست به‌باج‌و ڕسوماته‌ گومرگییه‌کان ده‌کات که‌ یارمه‌تیده‌رن له‌به‌رزکردنه‌وه‌ى داهاته‌کان‌و دابینکردنى بودجه‌ بۆ خه‌رجییه‌ نوێکان. له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ڕاوێژکارى دارایى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ڕایگه‌یاند، بۆ ساڵى 2022 هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت نییه‌و نابێت.   هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10ى 10ى 2021 ئه‌نجامدرا و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا دادگاى فیدراڵى عێراق ئه‌نجامه‌کانى په‌سه‌ند کرد، به‌ڵام هێشتا هیچ واده‌یه‌ک بۆ کۆبونه‌وه‌ى یه‌که‌م دانیشتنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان نه‌کراوه‌. به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان، ده‌بێت ساڵانه‌ له‌مانگى تشرینى یه‌که‌مدا پرۆژه‌ بودجه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مان بکرێت تا حکومه‌ت کارنامه‌کانى جێبه‌جێ بکات.  

هاوڵاتى موقته‌دا سه‌در، رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در سووره‌ له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌تى زۆرینه‌ى نیشتمانى و جارێکى دیکه‌ له‌ تویته‌رى فه‌رمى خۆى دواى کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌کان بڵاویکردووه‌ته‌وه‌. دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌ له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در له‌ پارێزگاى نه‌جه‌ف کۆبووه‌وه‌ و تێیدا با له‌ رێگاکانى پێکهێنانى حکومه‌تى نوێى عێراق کراوه‌ وه‌فدى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى به‌سه‌رۆکایه‌تى هادى عامری، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تح و قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌میندارى عه‌سائیب ئه‌هلى حه‌ق، فالح فه‌یاز سه‌رۆى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبی، و نورى مالکى سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى یاسا چوونه‌ ماڵى سه‌رۆکى ڕه‌وتى سه‌در له‌ناوچه‌ى حه‌نانه‌ى پارێزگاى نه‌جه‌ف و کۆبوونه‌وه‌. له‌دواى په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان، که‌ چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى تانه‌ى لێدابوو، یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ موفته‌دا سه‌در که‌ 73 کورسى په‌رله‌مانى هه‌یه‌. کۆبونه‌وه‌که‌ش به‌بێ ده‌رکردنى هیچ ڕاگه‌یه‌ندراوێک کۆتایى هات و تائێستا ناوه‌ڕۆکى کۆبونه‌وه‌که‌ بۆ ڕاى گشتى و ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه‌. دواى کۆبونه‌وه‌که‌ موقته‌دا سه‌در، جارێکى دیکه‌ له‌ تویته‌رى فه‌رمى خۆى ئه‌وه‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ پێکهێنانى حکومه‌تى زۆرینه‌ى نیشتمانیدایه‌ و حکومه‌تى ته‌وافوقى ره‌تده‌کاته‌وه‌. ڕۆژى 27 ى ئه‌م مانگه‌ دادگاى باڵاى فیدراڵى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى په‌سه‌ندکرد و به‌پێى ده‌ستور تا 10ى کانونى دووه‌مى ساڵى داهاتوو ده‌بێت په‌رله‌مان کۆببێته‌وه‌.

هاوڵاتى ‌سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا چه‌ند رێکارێکى راگه‌یاند، به‌ڵام جارێکى تر لیره‌ى تورکى به‌ره‌و دابه‌زین هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌مڕۆ 29ى کانونى یه‌که‌مى 2021، لیره‌ى تورکى له‌ بۆرسه‌ى ئیستنبوڵ به‌ 12 لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلارێک مامه‌ڵه‌ى پێوه‌کرا، به‌وپێیه‌ش له‌سه‌دا 6.2% ى به‌هاکه‌ى له‌ده‌ستدا کاتێک به‌ 11 لیره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرا له‌ چه‌ند رۆژانى رابردوودا. هه‌فته‌ى رابردوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکى تورکیا، داواى له‌ هاوڵاتیان کرد پاره‌کانیان به‌ لیره‌ هه‌ڵبگرن له‌ بانکه‌کاندا و هه‌ر دابه‌زینێکیش رووبدات بانکى ناوه‌ندى ده‌یژمێرێت، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌هاى لیره‌ له‌ 18 لیره‌ به‌رانبه‌ر به‌ دۆلارێک گه‌یشته‌وه‌ 10 لیره‌ به‌رانبه‌ر به‌ دۆلارێک. هه‌رچه‌نده‌ بانکى ناوه‌ندى رایگه‌یاند که‌ چاودێرى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو ده‌که‌ن به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کى له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ى به‌هاى لیره‌ نه‌بووه‌. له‌مساڵدا تا ئێستا بانکى ناوه‌ندى تورکیا بۆ هاوسه‌نگکردنى به‌هاى لیره‌ پێنج جار ده‌ستێوه‌دانى له‌ بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراودا کردووه‌ به‌ فرۆشتنى ملیۆنه‌ها یه‌ده‌گى دۆلارى وڵاته‌که‌.  

هاوڵاتى  ‌ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌تى یاسا ڕایگه‌یاند، ژماره‌ى کورسییه‌کانى (چوار چێوه‌ى ‏هه‌ماهه‌نگیى شیعه‌کان) گه‌یشتووه‌ته‌ 90 کورسى و له‌ یه‌که‌م دانیشتنى په‌رله‌ماندا گه‌وره‌ترین ‏کوتله‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن. ‏ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ى کانونى یه‌که‌مى 2021، عه‌توان عه‌توانى، ئه‌ندامى چوار چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیى شیعه‌کان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که‌ ڕێز له‌بڕیاره‌که‌ى دادگاى فیدراڵیى عێراق ده‌گرن له‌باره‌ى ‏په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و پێى ڕازیین. عه‌توان عه‌توانى، ئه‌ندامى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیى شیعه‌کان ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد که‌ 90 کورسیى په‌رله‌مانییان ‏کۆکردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ‌یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا گه‌وره‌ترین کوتله‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن.‏ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌کان سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عێراق دیارى ده‌که‌ن و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ مانۆرى سیاسیان ده‌ست پێکردووه‌. دواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق و ده‌رکه‌وتنى ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان، ده‌وڵه‌تى یاساى ‏نورى مالکى و چه‌ند لایه‌نێکى دیکه‌ى شیعى چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگییان پێکهێنا به‌رامبه‌ر به‌ ‏ڕه‌وتى سه‌در، که‌ براوه‌ى یه‌که‌مى هه‌ڵبژاردن بوو، چێوه‌که‌ ده‌ستیکرد به‌ فراوانترکردنى ‏به‌ره‌که‌ی.‏ نورى مالکى له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى کردو له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوویه‌وه‌. چاوه‌روان ده‌کرێت هه‌ریه‌که‌ له‌ پارتى و یه‌کێتى که‌ پێکه‌وه‌ خاوه‌نى 50 کورسى په‌رله‌مانى عێراقن له‌گه‌ڵ گروپى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌کان و ته‌یارى سه‌درى گفتوگۆى چڕ له‌باره‌ى پێکهێنانى حکومه‌تى نوێ ده‌ست پێ بکه‌ن.

  هاوڵاتی سەرکونسوڵگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند: "بۆ ماوەی دوو هەفتە ڤیزای گەشتیاری بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیرا". ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ڕەزا شا، بەرپرسی میدیایی کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمرۆ پێنجشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2021، بە وێستگەنیوز-ی وت، "جگە لە ڤیزای خوێندن، چارەسەر، بازرگانی هەموو جۆرە ڤیزایەکی گەشتیاری بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگیرا". ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە هۆکارەکانی ڕاگرتنی گەشتی گەشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەرزی ئاستی توشبووان و هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە ئێران دەگەڕێتەوە".

  هاوڵاتى که‌سوکارى عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانیانى دیکه‌ى ئیمراڵى به‌ گومانن له‌ ژیانى ئیمراڵى و دواى ئاسته‌نگى و ڕێگرییه‌کى زۆر خۆیان گه‌یانده‌ په‌رله‌مانى تورکیا که‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگه‌ هیچ زانیارییه‌کیان له‌سه‌رى نییه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى کانوونى یه‌که‌مى 2021،  له‌ په‌رله‌مانى تورکیا، عومه‌ر ئۆجالان و که‌سوکار و به‌شێک له‌ پارێزه‌رانى زیندانیانى ئیمراڵی، کۆبوونه‌وه‌ و ڕایاگه‌یاند:" گۆشه‌گیرى سه‌ر ڕێبه‌رى گه‌لى کورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانیانى دیکه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و ئاگادارى ژیانى زیندانیان نین، ئه‌مه‌ش وایکردوه‌، گومانمان لا دروست ببێت". عومه‌ر ئۆجالان ئه‌ندامى پارتى دیموکراتى گه‌لان(هه‌ده‌په‌) له‌ په‌رله‌مانى تورکیا راشیگه‌یاند که‌ ئه‌مڕۆ که‌سوکارى زیندانیانى ئیمراڵى دواى ئاسته‌نگیى و ڕێگرییه‌کى زۆر، توانیان به‌ربه‌سته‌کان تێک بشکێنن و بگه‌نه‌ ناو په‌رله‌مان که‌ له‌ 25ى ئازارى 2021 وه‌ نه‌یان توانیوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک زانیارى له‌ سه‌ر ژیانى عه‌بدوڵا ئۆجالان و عومه‌ر خه‌یرى کۆنار و ڤێسار ئاکتاش و حه‌مه‌یلى یڵدرم، که‌ له‌ زیندانى ئیمراڵیدان  وه‌ربگرین. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد که‌ دواین جار که‌ په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییان له‌گه‌ڵ که‌سوکاریان ئه‌نجامداوه‌ زۆر به‌ کورتیى قسه‌یان کرد و ته‌له‌فۆنه‌که‌ داخرایه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ زانیارییه‌کیان له‌سه‌ر دۆخى ئه‌وان نییه‌. هاوکات عومه‌ر ئۆجلان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئۆجالان له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ کورته‌دا، رایگه‌یاندووه‌، که‌ "ئه‌و گۆشه‌گیرکردنه‌ قبوڵکراو نییه‌ و دژى مافى مرۆڤ و یاسایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت مافى یاسایى خۆى وه‌ربگرێت و پارێزه‌ره‌کانى ببینێت". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى هه‌ده‌په‌ ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ هه‌میشه‌ ئۆجالان هه‌وڵى ئاشتیى و چاره‌سه‌رى دیموکراتیى داوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ گۆشه‌گیرکردنى، گۆشه‌گیرییه‌ له‌سه‌ر ده‌رفه‌تى ئاشتیى و چاره‌سه‌رى دیموکراتیی. له‌ 18ى شوباتى 1999، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان له‌لایه‌ن فرۆکه‌یه‌کى هه‌واڵگرى که‌ میتى تورکیا سه‌رپه‌رشتى ده‌کرد ده‌ستگیر کراوه‌و تا ئێستا له‌لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه‌ زیندانى کراوه‌ له‌ زیندانى ئیمراڵى.

  سازدانی: ئارا ئیبراهیم نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران ئەوە دەخاتە روو كە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێران پشتیوانی لەكێتی دەكات بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان پارتی و یەكێتی و دەشڵێت:» پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێم لای پارتییە و دەیەوێت بۆ ئەم خولەش پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت». نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكۆماری ئیسلامی ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوەش دەدات كە ئێران هیچ رۆڵێكی نابێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا» ئەگەر زۆرینەی لایەنە شیعەكان پشتیوانی لە كاندیدێك بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەویش پشتیوانی دەكات». هاوڵاتى: دوێنێ سێشەممە كۆمسیۆنی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، پێتانوایە ئێران رۆڵی هەیە لەنێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق؟ نازم دەباغ: دیارە رۆڵی ئێران لەعێراقدا رۆڵێكی مێژوویی هەیە كە لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق لەعەرەب و كوردو پێكهاتەكانی تر لەپەیوەندی باشداربوون لەقۆناغەكانی ئەوكاتەی كە دژی رژێمی پێشووی عێراق بوون. ئێران هەمیشە چاوی لەوەیە كە كەمترین كێشە لەعێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی عێراق رەنگدانەوەی نەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ئێران، واتا تێكچونی باری ئەمنی عێراقی بەململانێی نێوخۆی ناوخۆی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر ئێران. ئێران هەمیشە ئارامی و هاوكاری لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی سەركەوتوو لە عێراق دروست بكەن. ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت.   هاوڵاتى: بەڕێزتان ئاگادارن موقتەدا سەدر 73 كورسی بەدەستهێناوەو مالكی 33 كورسی، هادی عامری 16 كورسی، ئایا ئێران رۆڵی دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق؟ یان دووبارە ئەگەر كازمی دابنرێتەوە؟ نازم دەباغ: ئێران رۆڵی نییە لە دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵكو بەپێی ئەو دابەشكارییەی لەعێراق هەیە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان و سەرۆك كۆمار بۆ كوردو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكانە. واتا لەناو شیعە، زۆرینەی شیعە دەتوانێت دەستنیشانی كەسێك بكات بۆ سەرۆك وەزیران، بەدڵنیاییەوە ئەوەی شیعەكان هەڵیدەبژێرێت و كاندیدی دەكات بۆ ئەو پۆستە، لەهەمانكاتدا كە زۆرینەی شیعەكانی لەگەڵ بێت ئێرانیش دەبێتە پشتیوانی. هاوڵاتى: تاچەند ئێران پشتگیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی جارێكی تر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت؟ نازم دەباغ: ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت. هاوڵاتى: ئایا ئێرانییەكان هیچ تەحەفوزێكیان هەیە لەسەر بەرهەم ساڵح كە ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار؟ نازم دەباغ: تا ئێستا ئەوەی كە لەئێرانم بۆ ئەو خولەی كە تێپەڕی هەستم بەوە نەكردووە كە تەحەفوزو نیگەرانی هەبێت لەوەی كە دكتۆر بەرهەم سەرۆك كۆمار بووە، بۆیە ئێران پێشیخۆشە كە سەرۆك كۆمار بەشێك بێت لەكەمكردنەوەی كێشە ئیقلیمییەكان و هاوكار بێت، بەرهەم ساڵحی پێ خراپ نەبووە. ئێران لێدەگەرێت بۆ زۆرینەی كورد كە پشتیوانی لەكێ دەكەن، پێموایە دیاری كردنی سەرۆك كۆمار لەعێراقدا پەیوەندی بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی گوێبیست بووم لەیەكێتی، كە سەرۆك كۆمار لە سێ قۆناغی پێشوو خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال بووەو دواتر كاك دكتۆر فوئاد مەعسوم بووەو و خولی پێشوو كە كاك دكتۆر بەرهەم ساڵح بووە، ئێران پێی باشە ئەم خولەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، تا ئێستا گوێبیست نەبووین كە كەسێكی تر كاندید كرابێت لەجێگەی دكتۆر بەرهەم بۆ سەرۆك كۆمار. هاوڵاتى: لەماوەی رابردوو وەفدی پارتی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد، باس لەوە دەكرا بۆ ئەوە چوون كە پشتیوانیان بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هیچ زانیارییەكتان لەوبارەیەوە هەیە؟ نازم دەباغ:  پێموابێت ئەوەی مەترەح بێت كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، تەبایی لەناو كورد هەبێت بۆ دیاری كردنی سەرۆك كۆمار، وەك پێشتر باسم كرد بۆ راگرتنی باڵانس ئێران پشتیوانی لە یەكێتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. هاوڵاتى: كورد كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی زیاد كردووە لە 58 كورسییەوە بۆ 64 كورسی، پێتانوایە ئەگەر یەكڕیزی نەبێت زیادبوونی ژمارەی چەند كورسییەك كاریگەری دەبێت لە دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لەعێراقدا؟ نازم دەباغ: وەك یەكێك كە بەشداربووم لە خەباتی سیاسی و بەشداربووم لەخەباتی نیشتمانیشدا ئەوەی كە مافەكانی كورد دەستەبەر بكات تەنها یەكڕیزی ناوخۆیە، چونكە بە 50 و 60 كورسی و 80 كورسی ناتوانی لەسەر حسابی دەنگی زۆرینەو كەمینە مافەكان وەربگیرێت. هێزی كورد ژمارەی كورد لە یەكڕیزیدایە، بەجوودا بچێت لەگەڵ بەغدا وتووێژ بكرێت و ئەوكاتە دەبێتە دەسكەوتی كەسی و حزبی و مافەكانی كورد ون دەبێت لەجیاتی مافە رەواكانی كورد پرسی ئەوەی كێ دەبێتە وەزیرو سەرۆك كۆمار باس دەكرێت. واتا زیادبوونی ژمارەی كورسی ژمارەیە، بەڵام یەكێتی ریزەكانی كورد هێزەو ئەو هێزە دەتوانێت پارێزگاری لەمافەكانی گەلی كورد بكات سەركەووتو بێت بەرەو بەغدا بڕوات بۆ زیاتر لەو مافانەی كە هەیە. هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی دەتوانێت دەستپێشخەر بێت بۆ یەكڕیزی، یان پارتی كە زۆرترین كورسی هێناوەو زۆرترین ئەركی بەردەكەوێت بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان لایەنەكان پێكبهێنێت؟ نازم دەباغ: بەدڵنیایی نەك یەكێتی،  پارتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو، هەتا ئەوانەی كە كورسیان بەدەستنەهێناوە بەڵام بوونیان لەساحەكە بۆ ئایندە رۆڵیان دەبێت، دەستپێشخەری بۆ هەموو لایەكە لەوەی كە یەكهەڵوێست و یەكڕیز بن. ئەو هێزەی كورسی زیاتری هەیە لەهەموویان ئەركی زیاترە، ریزەكان یەكبخات یان تێكی بدات كەخەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو هاوبەشێكی سەرەكی لەعێراق و هەرێم ببینێت، یەكێتیش دەتوانێت خاوەنی دەستپێشخەری بێت، خاوەنی ئەو دەسەڵاتەش بێت بۆ یەكڕیزی لە بەغدا.

هاوڵاتى ‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوودا، رۆژانه‌ سێ ملیۆن و 273 ھه‌زار به‌رمیل ھه‌نارده‌کراوه‌و کۆى داھاته‌که‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ حه‌وت ملیار و 590 ملیۆن دۆلار. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى کانوونى یه‌که‌مى 2021، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا پشت به‌ستن به‌ ئامارى کۆتایى کۆمپانیاى به‌بازاڕکردنى نه‌وتى عێراق (SOMO)، برٍو داهاتى فرۆشى نه‌وتى بۆ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوو، بڵاوکرده‌وه‌. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو، کۆى نه‌وتى ھه‌نارده‌کراو له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوودا، 98 ملیۆن و 192 ھه‌زار و 317 به‌رمیل نه‌وت بووه‌ که‌ کۆى داھاته‌که‌ى گه‌یشتووه‌ته‌، حه‌وت ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووه‌ و یه‌ک به‌رمیل نه‌وت تێکڕا به‌ 77 دۆلار و 33 سه‌نت فرۆشراوه‌. هه‌روه‌ها بڕى نه‌وتى ھه‌نارده‌کراو له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق، 95 ملیۆن و 860 ھه‌زار و 149 به‌رمیل بووه‌ و بڕى نه‌وتى ھه‌نارده‌کراو له‌ که‌رکووک له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکیاوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ دوو ملیۆن و 32 ھه‌زار و 685 به‌رمیل. هاوکات ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه‌ به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردوودا، رۆژانه‌ تێکڕا سێ ملیۆن و 273 ھه‌زار به‌رمیل ھه‌نارده‌کراوه‌.

هاوڵاتى  دژى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌کان و قه‌یرانى دارایى ، هاوڵاتیانى لوبنانى خۆپیشاندانیان ده‌ستپێکردووه‌و  شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى به‌یروتى پایته‌ختیان داخستووه‌. له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا چالاکوان و هاوڵاتیان له‌ رێگاى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ خۆپیشاندان کردووه‌. رێگا سه‌ره‌کییه‌کانى به‌یروت و رێگاکانى دیکه‌ى شاره‌که‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ به‌رد و ئۆتۆمبێل داخران.  

هاوڵاتى قاسم ئه‌عره‌جى راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق ئه‌مشه‌و کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجام ده‌دات و تیایدا زانیارى ورد له‌باره‌ى هێرشه‌که‌ى سه‌ر ماڵى مسته‌فا کازمى ئاشکرا ده‌کات. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ى تشرینى دووه‌مى 2021، راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق رایگه‌یاند که‌ به‌ڵگه‌ى ڤیدیۆیى له‌باره‌ى هێرشه‌که‌وه‌ ده‌خاته‌روو که‌ تیایدا ساتى فڕینى فڕۆکه‌ درۆنه‌کان و بۆردومانکردنى ماڵى کازمى پیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها له‌ ڤیدیۆکه‌دا ئه‌وه‌ش پیشان ده‌درێت که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان چۆن به‌رگرى ده‌که‌ن و ته‌قه‌ له‌ فڕۆکه‌ درۆنه‌کان ده‌که‌ن. پێشتر له‌په‌یامێکى ڤیدیۆیدا قه‌یس خه‌زعه‌لى ڕایگه‌یاندبوو که‌ هه‌وڵدان بۆ تۆمه‌تبارکردنى میلیشیاکانى به‌رگرى له‌ هه‌وڵى تیرۆرکردنى کازمى یاریکردنه‌ به‌ ئاگر و بردنى عێراقه‌ به‌ره‌و قه‌یرانێکى گه‌وره‌. له‌دواى هێرشه‌که‌ى سه‌ر ماڵى سه‌رۆک وه‌زیران، مسته‌فا کازمى لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى باڵاى پێکهێناو رایگه‌یاند، له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا ناوى ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌ ئه‌نجامده‌رى ئه‌و هێرشه‌ بوون.  

هاوڵاتی هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەر شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر دەڵێت، "پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە".  ئەمرۆ 28ی تشرینی دووەمی 2021. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا دەشڵێت، "بە نیگه‌رانيیەکی زۆرەوە له‌ چه‌ندبارەبوونه‌وه‌ی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە". ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە.    دەقی پەیامەکە:   شەوی رابردوو لە ھەوڵێکی ترسنۆکانەی دیکەی تیرۆریستاندا، په‌لاماری سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆی گەرمیان درا.   بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه،‌ پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھید بوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.   وێڕای سەرکۆنەی ئه‌م پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.   بە نیگه‌رانيیەکی زۆرەوە له‌ چه‌ندبارەبوونه‌وه‌ی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێکی تر داوادەکەین دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن.   دووبارە سەربەرزی بۆ ڕۆحی شەھیدەکانمان و خودای گەورە ئارامی بە كه‌سوكاری شه‌هیدان ببەخشێت. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و بۆ ھەر ھاوکاری و چارەسەرێکی خێرا ئامادەی خۆمان دەردەبڕین و لەگەڵتانین.