هاوسەرۆکێکی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ و مێژووییە و نەورۆزی ئاشتی دەبێت. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع، لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت. سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە. تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، ڕێککەوتنامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان گونجاوە،" و دووپاتیشی کردەوە "نەورۆزی ئەمساڵ لە پێناو گەیشتنی کورد لە سووریا بە مافەکانی و بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە پێناو کۆتاییهێنانی توندوتیژی زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، شاندی دەم پارتی دەستی بە گەڕێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە. پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکاران ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە سەبارەت بە فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە نزیک لە پلەی بۆمب کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا داوای لێکرا. هەروەها دەیانەوێت ئەنجومەنەکە تاوتوێی پابەندبوونی ئێران بکات بۆ پێدانی بە ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان - ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "زانیارییەکانی پێویست بۆ ڕوونکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە ماددە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکان کە لە چەندین شوێنی ئێراندا دۆزراونەتەوە. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەک بۆ لێدوان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە پلان بۆ داڕێژراوەی نەدایەوە. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری داوە، بەڵام "بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش" پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر دەکات بۆ تا ٦٠% پاکی، کە نزیکە لە ئاستی نزیکەی ٩٠%ی پلەی چەک. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەڵێن لەژێر هیچ بەرنامەیەکی مەدەنیدا پێویست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ئاستە بەرزە ناکات و هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ئەو کارەی نەکردووە. ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە.
هاوکات لەگەڵ رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و تەنها شەوی رابردوو زیاتر لە 70 موشەکی ئاڕاستەی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین کردووە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ چڕتربوەتەوە و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپەوە بە چڕیی ناوچەکە بۆردومان دەکات. لە بەرەی قەرەقۆزاخ، سوپای تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی جەرافی سەر بە شارۆچکەی سیرین ئەنجامداوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنیان کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، هەشت گوندی سنوری قەرەقۆزاخی کردوەتە ئامانج. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و تانکەکانی و بە چەکی قورس و هاوەن و تۆپهاوێژەوە بە هەڕەمەکی بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە و لایەنی کەم 70 موشەک لە ناوچەکە کەوتوەتەوە و زیانێکی زۆری ماڵی بەر دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووە. لەبەرەی بەنداوی تشرینیش، تورکیا بەبەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی باشور و باکوری بەنداوی تشرینی کردووە و بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و بەهۆیەوە ئاگر لە ماڵی چەند هوڵاتییەک کەوتوەتەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش چەند جارێک ناوەندی بەنداوی تشرینیان بۆردوکان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی هەسەدە، شەوی رابردوو دووبارە فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی، شوێنی کرێکارانی بەنداوی تشرینیان بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوەکەیدا بڵاوی کردوەتەوە، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەبەردەوامی لەسەر ئاسمانی کۆبانێ و عەین عیسا و سیرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەسوڕێنەوە و ناوچەکە بەجێناهێڵن. ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو (10ی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە..
عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی غازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت. حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "عێراق هەنگاو بەرەو قەتەر و شانشینی عومان دەنێت بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێرانی." سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوور ئاماژەی بەوەش کرد "وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی غازی ئێرانی، حکوومەتی عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی بەکرێ دەگرێت. هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە کە جێگرەوەی گونجاو بۆ نەمانی غازی ئێرانی بدۆزێتەوە." بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی دەفرۆشتە عێراق، بەڵام ڕۆژی شەممە، 08-03-2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ماوەی چەندان ساڵە ئەمەریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵ بدات کەمتر پشت بە غازی ئێران ببەستێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا. بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشارە" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و سەرۆککۆماری کاتی سووریا کراوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا. دووشەممە 10-03-2025 فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە دیمەشق کرا. بۆیە قسە لەسەر رێککەوتنەکە ناکەن. ئەو وتەبێژە وتیشى: دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، ئەوکات بۆچوونی خۆمان لەسەر رێککەوتنەکە رادەگەیەنین. ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات." بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە. بەگوێرەی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی جۆری ئاپاچی لە سەرووی ناوچەی سوخنە لە گوندەواری حمس بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی زەمیر لە گوندەواری دیمەشق فڕیوە. ئەو فڕۆکەیە شاندێکی هەدەسەی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بردووە بۆ پارێزگای گوندەواری دیمەشق. سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ شەرع باس لە راگرتنی گرژی لە ناوچەی کەناری دەریا و هاوکاریکردنی زەرەرمەندان کرا بەر لە رێککەوتنەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان، لەوانەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی گروپێکی کوردی (کە مەبەستی مەزڵووم عەبدییە)، کە لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت. سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی منبج و بەنداوی تشرین، ئەحمەد شەرع بە ئاژانسە بەریتانییەکەی راگەیاندبوو، دەیەوێت ئەم بابەتە بە دانوستاندن و دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چارەسەر بکات.
شاخەوان عەبدوڵلا داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، چونکە سەرجەم داواکاریەکان جێبەجێکراوە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە: وەزارەتەکەتان هێشتا بەربەستی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی زانیاریی پێویستیان پێ نەدراوە دەربارەی هەژماری بانکیی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێم کە مووچەکانیان تەوتین کراوە. هەروەها باسی لەوەش کردووە "بەپێی یاسا زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکیی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێ دەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، (هەژماری من)ـی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە." جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا داوای لە وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی ڕاسپێرێت لە زووتری کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن و هیچ بیانوو و بەربەستێک لە بەردەم خەرجکردنیندا دروست نەهێڵنەوە.
کریملین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بە توندوتیژی لە سووریا بهێنێت،ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە پێکدادانەکانی سوریا لە نێوان دڵسۆزانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو و دەسەڵاتە ئیسلامییە نوێیەکانی ئەو وڵاتە کە لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران. دوێنێ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکدادانەکان ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئەکاونتی تێلێگرامی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو لیژنەیەی کە ئەرکی "لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕاستییەکانی لەسەرە سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سوریا کە لە 6ی ئازاری 2025دا ڕوویانداوە، لە 7 کەس پێکدێت، ئەرکەکانیش بریتین لە "لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕوویان بووەتەوە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لێیان". هەروەها "ڕەوانەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە سەلمێنراوە دەستیان لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکارییەکاندا هەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری". ”، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا. جێگای سەرنجە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە گرژی و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەک لە کەناراوەکانی سوریا کە زۆرینەی مەزهەبی عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، هەڵگیرساوەتەوە، دوای ئەوەی گروپێکی ئەمنی بەرەو دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو ڕۆیشتن. لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنەبوو خۆی تەسلیم بکات و دواتر کۆمەڵێک لە "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو" دەستیان کرد بە دانانی بۆسە بۆ هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە کەنارییەکان و دواتر پێکدادانەکان بە قەبارەیەکی بەرفراوان سەریان هەڵدا.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی ئاشتی، سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئەنقەرە بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببنەوە. شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتووە لە هاوسەرۆکەکانی پارتەکە و چەند ئەندامێکی دیکە، پێشتر جەهەپە پێشنیازیکردبوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی و چارەسەركردنی کێشەکان. هاوکات چاوەڕێدەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی قەیوم و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. وابڕیارە سەردان و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی تاوەکو نەورۆ بەردەوام بن و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی زۆربەی پارتەکانی تورکیا بكات.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات. مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە تەلەفوون گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە لافاوەکەی ئەم دواییەی بەغدا دەربڕی. والتز، جەختی لە بایەخی هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و بازگانییە هاوبەشەکان کردەوە، والتز، ئاماژەی بەوەدا بڕیاری نوێنەکردنەوەی دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیجیەتی "زۆرترین فشار"ی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئێران، و فشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی تیرۆر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەنێویاندا عێراق. والتز، پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق، هەروەها هانی حکوومەتی عێراقی دا، پێشوازیی لە کۆمپانیاکانی وزەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکی زیاتر بکات بۆ ناو کەرتی نەوت و گاز لە عێراق. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارە کردنی ناکۆکییەکانی گرێبەستی ماوەتەوە و پێدانی پاشەکەوتی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی، هەروەها داوای کرد حکوومەتی عێراق ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بهێڵێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد، بۆ پابەندبوونی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمەریکا و عێراق، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپ کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزە و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئەوەی سوود بە هەردوو گەلی ئەمەریکا و عێراق بگەیەنێت.
زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی چۆنیەتى ئەشکەنجەدانیان دەگێڕنەوە کە چۆن ئیسرائیلییەکان (وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون) و هەندێکیان ‘بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان دراوە. ماڵپەرى میدڵ ئێست ئاى بەریتانى، لەزارى بەشێک لەزیندانیەکانەوە گواستیەوە، کە زیندانییە فەلەستینییەکانیان بە کفن دەپێچایەوە و بە زیندووی دەیانناشتن، ڕێگە بە بڕێکی کەم هەوا دەدرا بۆ ئەوەی بە زیندووی بمێننەوە، تەنها بۆ ئەوەی پرۆسەکە چەند ساتێک دواتر دووبارە بێتەوە. ئەمە یەکێکە لە زۆرێک لە باسەکانی ئەشکەنجەدان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بەسەر دەستگیرکراوانی فەلەستینیدا کراوە. دوای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی ئەم دواییەی حەماس و ئیسرائیل، سەدان دەستگیرکراو ئازادکراون و گێڕانەوەى دڵتەزێنی هاوشێوە دەرکەوتووە. مەحمود ئیسماعیل ئەبوخاتەر تەمەن 41 ساڵ، یەکێکە لەو دەستگیرکراوانەو دەڵێت ئەشکەنجەدانەکە لەو ساتەوەختەی دەستبەسەرکران دەستیپێکردووە و تا دوا سات پێش ئازادکردنیان بەردەوام بووە. وتیشی: ئەوان وەک ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد نەک مرۆڤ. ڕوونیشی کردەوە، پێش گواستنەوەی زیندانیان بۆ زیندان، گیراون بۆ شوێنێک کە لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداری دەچوو لە غەززە. لەوێدا ناچار بوون بەرگەی شەوێکی ساردو سەرمابگرن، تەنیا جلێکى سپیی تەنکەیان لەبەردا بوو کە پێیان دەدرائاماژەی بەوەشکردووە، دەست و قاچمان بە کۆت و بەند بەسترابوو، بە بتڵی ئاوی بەستوو و بوتڵی پڕ لە زەیتوون لێیانداین. ئەو وتى: لەوێ سەربازەکان لە دەفرێکدا میزیان دەکرد و دواتر بەسەر دەم و جەستەماندا دەیانڕژاند". ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە بەیانییەوە تا نیوەشەو ناچاریان کردین بەبێ جوڵە دابنیشین و تەنها بە مۆڵەت و بە کۆت و دەستەوە ڕێگەمان پێدەدرا بچینە تەوالێت. هەندێک جار ئەفسەرەکە ڕێگەی پێدەدا، هەندێکی تریش ڕێگەی نەدا و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان لەکۆتاییدا میزەکەیان دەکرد بەخۆیاندا. سەرەڕای ئەوەی سەربازەکان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ئاودەست و پاکوخاوێنییان سنووردارکرابوو، بەڵام سەرەڕای سەرمای تاڵ، لە مانگەکانی دوانزەو یەکدا زیندانییەکانیان ناچار دەکرد ڕۆژانە لە ئاوی بەستوودا خۆیان بشۆرن. ئەگەر بۆیان دەرکەوت کەسێک خۆی نەشۆردووە، یەکسەر سزایان دەدا و ئەشکەنجەیان دەدا. بەڵام بە گوتەی ئەو یەکێک لە شێوازە دڵتەزێنەکانی ئەشکەنجەدان لە سدێ تایمان بریتی بوو لە فریودانی زیندانییەکان بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەخنکێن یان دەخنکێن تا دەمرن. ڕوونی کردەوە: "دەستبەسەرکراوێکیان دەخستە ناو کفنێکەوە کە بەسترابووەوە بە هۆزێکەوە کە کامێرایەکی بچووکی تێدابوو و لەناو چاڵێکدا دەیانخاتە ناو چاڵێکەوە و دواتر لەڕێگەی کامێراوە چاودێرییان دەکرد". هەر کە لە لێواری خنکاندنی تەواو بوو، پێیان وابوو خەریکە دەمرێت، پاسەوانەکان ڕێگەیان دەدا بڕێکی کەم هەوای تێدا بێت تا بە زیندووی بمێنێتەوە”. ئەبوخاتەر وەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە ساتەکانی زیندانی زۆر ترسناک شایەتحاڵی ئەشکەنجەدانی موساب هانیە، کوڕەزای ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی پێشووی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، موساب لە مانگی یەکدا لە زیندانی ئۆفەر گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی بەرگەی "ئەشکەنجەی دڕندانە"ی گرتووە کە وایکردووە لاواز و قاچەکانی برینداربێت. ئەبوخاتەر ڕوونیکردەوە: “ئەفسەرەکان هیچ هاوکارییەکی پزیشکییان بۆ نەکرد و لە کۆتاییدا کرمەکان لە برینەکانی دەستی بە دەرچوون کرد، و کۆنترۆڵی میزڵدانی لەدەستدا.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕۆژێک دەستگیرکراوانی دیکە گوێیان لە سەربازێک بوو کە دەیگوت مردووە و لە ڕێگەی میڵەکانەوە بینیویانە کە تەرمەکەیان بە کفنێکەوە پێچاوە و دەیانبردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک چووەتە ناو زیندانەوە، کێشی نزیکەی 120 کیلۆگرام بووە، بەڵام تا ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی تەنها بۆ 50 کیلۆگرام دابەزیوە".
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، عەلی ئەلریفای، ڕایگەیاند، ئێران و حـ.ـزبوڵا لە پشتی ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتەکەن لە ڕێگەی "پاشماوەی ڕژێمی پێشوو"ەوە، لەبارەی ئەو پێکدادانە خوێناویانەی کە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک چەکداری دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویدا. هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە ڕایگەیاند، "پارتی دوژمنکاران" هەن کە هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ شێواندنی وێنەی وڵات لە ئێستادا لە ڕێگەی "کلیپی ڤیدیۆیی کۆن". ناوبراو درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: ئێمە بە پەرۆشین بۆ ئاشتی مەدەنی و ناسەقامگیری پەیکەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی سوریا هەڵمەتی دووەمی دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوون بۆ "پاشماوەکانی ڕژێم" لە کەناراوەکان، هەروەها بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنەکانی ئەم دواییە. بەگوێرەى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە رۆژای پێنجشەممەوە لەکەناراوەکانی سووریادا کوژراون، بۆ هەزار کەس بەرزبووەتەوە. هاوکات بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا رایگەیاند، ئەو رووداوانەی لە وڵاتەکەدا روویانداوە بە تایبەت لەناوچە کەناراوەکان پێشبینی کراوبوون. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سوریا لیژنەیەکی سەربەخۆی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێکدادانانەی کە لە ناوچەی کەنار دەریاکان ڕوویانداوە. دەسەڵاتدارانى سوریا دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژی ئەو کەسانەی کە کردەوەی توندوتیژییان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی شانەیدا، ئەو گروپانەی دەستگیرکردووە کە ناوی لێنابوو گروپە بێ دیسپلینەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردەوەی تێکدەرانەیان ئەنجامداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەرپێچیکردنی ئەو ڕێنمایانەی کە بۆ سەرکردایەتی دەرکراون، دادگایی دەکرێن.
"دەستووری بنەڕەتی من ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوە!" من ئاگاداری ئەو ڕاستیەم کە، لەسەر خاکی خودبوون، تۆ بە هەموو شێوەیەک حەقیقەتی مرۆڤایەتی دەژیت، ئێوەی ژنانی بەها ئەفسوناوییەکان، من هەرگیز وازم لە ژیان لەگەڵ ئێوە نەهێنا، ئەم ژیانە لەم حاڵەتەدا بوو بە شتێکی سەرەکی کە بەردەوام بووم. بەڵام، ئەو ڕاستییەی کە بۆ یەکەمجار ئەوەندە شایستە و ئازادە، وەک یەکەمەکانی تری میزۆپۆتامیا شایستە دەبێت، ڕەنگە ئەمە ڕوویدابێت، پرسی ئازادی ژن هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە، پرۆسەی کۆمۆنالیستی دیموکراسی، دۆخی مۆدێرنی بە کۆمەڵایەتیکردنی ژنی پێشەنگە، گەیشتن بە حەقیقەتی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی ئەم شێوازەوە دەکرێت، تا کولتووری دەستدرێژی/دەستدرێژی سێکسی لەناو نەچێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی لە بواری زانستی و جوانکاری و ئایینیدا سەرهەڵنادات، هەروەک مارکسیزمیش جەختی کردۆتەوە، سەرکەوتنی سۆسیالیزم مەحاڵە تا ئەو کولتوورە پیاوانە لە قوڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرن بنبڕ نەکرێت، ڕێگای سۆسیالیزم بە ئازادی ژندا تێدەپەڕێت، تۆ ناتوانی سۆسیالیست بیت تا ڕزگاری ژن بەدی نەیەت، سۆسیالیزم مسۆگەر نییە، سۆسیالیزم بەبێ دیموکراتیک نابێت. یەکەم ئەزموونم لەگەڵ سۆسیالیزمدا لە شێوازی قسەکردنم لەگەڵ ژنێکدا دیار بوو. کەسێک کە نەزانێت قسە لەگەڵ ژن بکات، ناتوانێت سۆسیالیست بێت، کۆمەڵایەتیبوونی پیاو پەیوەستە بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنێکەوە. "ژن خودی گەردوونە" پیرۆزی ژنە. ژن خۆی گەردوونە، هەروەها مرۆڤ هەسارەیەکی سەرگەردانییە لە خولگەی ئەم گەردوونەدا، بۆ یەکەمجار کە بانگی منداڵ دەکرێت و ئەو کەسەی زمانی دروست کردووە ئەوە ژنە، دروستکەری کولتوور ژنە. دروستکەری کۆمەڵگەش ژنە. هەروەها پیرۆزی و خودایی هی ژنانە، بۆ ژنان بیردۆزییەکی ڕزگاریخوازی ژنانم پەرەپێدا کە لە چوار بوار پێکهاتبوو، ئەمە تیۆرییە. کولتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ١٠ هەزار بۆ چوار هەزار پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان لە بابلەوە دەست پێدەکەن، داستانی بابل داستانێکی کۆیلەکردنی ژنانە، دروستکردنی داستانی بابلی یەکێکە لە بناغە بنەڕەتییەکانی ئەفسانەی میزۆپۆتامیا. لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ پێش زایین، تێکچوونی کولتووری ژنان دەستیپێکرد. دوای ئەوەی کولتووری ژنی پێشەنگ داڕما، ژنە کۆشکەکە لەگەڵ میتانییەکان سەریهەڵدا. هەروەها نەفەرتیتی ژنێکی خەڵکی کۆشکە، ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە لە پرۆسەی مێژووییدا بوون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە، وەک دەزانن کولتوور و نەریتی ساتی هەیە، لە کولتوری ساتیدا ژن فڕێ دەدرایە ناو ئاگر و دەسوتێندرا، ئەمەش لە ساڵانی ١٨٣٢دا ڕووی دەدا، دواتر ئینگلیز کۆتایی بەم کولتوورە هێنا. "ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە" ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە، نابێت ژنان بە زاراوەی بایۆلۆژی هەڵسەنگێندرێن، بەڵکو بە زاراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵسەنگێندرێن، وەک سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت؛ ژن لەدایک نابێت، بەڵکو هەبوونە، دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژانە چەندین کوشتنی دڕندانە بەناوی خۆشەویستییەوە ئەنجام دەدرێن، مرۆڤی عاشق چۆن خۆشەویستی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە، تا ئەمڕۆش زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەروەها کولتووری ژنانی ئازاد هەیە. ئەو ئاستەی تۆ پێی گەیشتووی نزیکە لەم کولتوورە، ژنان هەوڵ دەدەن سنووری دایکایەتی و هاوسەرگیری تێپەڕێنن، بەڵام، هێشتا ئێوە تەنها لەسەدا ١٠ـی کولتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت، سیستمی کۆمەڵایەتی پیاوانی سەردەست هەمیشە بۆ ژنان کێشە دروست دەکات. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، سێکس هەیە، دەستدرێژی ڕەگەزیی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵانی کچ هەیە. لە داهاتوودا منداڵان بکوژرێن ئێوە چی دەکەن؟ کاتێک من باسی کەلتووری ساتی دەکەم، من سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕاستییە. دەبێت ئێوە لەگەڵ ئەم کەلتوور و تێگەیشتنە شەڕ بکەن. لەم بوارەدا کەموکوڕی و ناکۆکییتان هەیە، خۆتان لەم کەموکوڕی و ناکۆکییانە ڕزگار بکەن. کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە، کێشەیەکی لەم جۆرە هەیە. لەم بوارەدا ئێمە دەستپێکێکی بچووکمان پێک هێنا. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زۆرترین جار دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. تێکشکاندنی ئەم کەلتوورە داینەمۆی تێکۆشانمانە. ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی ئازاد" لە هەمان کاتدا بۆ ژنان ڕێنیسانسە. من سڵاو لەو ژنانەی گوێ لە بانگەوازەییەکەم دەگرن، باوەڕ بە ژیانی هاوبەش دێنن بە ئەشقی مەم و زین، بە ئەشقی دەروێشی عەبدی نوێ دەکەم و ٨ـی ئاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز دەکەم. سڵاو و خۆشەویستیم عەبدوڵا ئۆجالان ٨/مارسی ٢٠٢٥
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پشتیوانی کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانى سوریا دەکەین لەوانە مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد. لەراگەیەندراوێکیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، دەڵێت: ئەمریکا تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەوان جیهادییە بیانییەکان شەرمەزار دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکیان لە ڕۆژئاوای سوریا کوشت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئەمریکا لەگەڵ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا وەستاوە، لەنێویاندا پێکهاتەکانی مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد، و سەرەخۆشی لە قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەکات. مارکۆ رۆبیۆ وتیشى: دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا دەبێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دژی پێکهاتە کەمینەکانی سوریا بکەن. ماوەى چەند ڕۆژێکە تووندوتیژی و کوشتن دژی پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەتی عەلەوییەکان بەردەوامە، بەپێی دوایین ئاماری سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی نزیکیان، زیاتر لە 740 کەسی سڤیلی عەلەوییان لە لازقییە و تەرتوس کوشتووە. هەر بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو پێکدادانانەدا، 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون. بەیانیی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە دیمەشق سەردانی مزگەوتێکی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت، 20 ساڵ لەمەوبەر نوێژی تێدا کردووە و رایگەیاند، "ئەم شۆڕشە لەم جۆرە مزگەوتانە سەری ھەڵداوە." هاوکات، داوای کرد لایەنەکان یەکگرتوویی نیشتمانی بپارێزین، گوتی، "دەبێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزین. ئێمە دەتوانین بەپێی توانا پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین."
هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک چوار جار بە بۆمبی فسفۆڕی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازدیی، ٣٤ جاریش لە ئاسمانەوە بە تۆپ و چەکی قورس و ٩١٩ جاریش هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر هێزەکانی گەریلا. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ـی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونیلەکانی گەریلا لە گۆڕەپامانی بەرخۆدانی شاخی ئاێدی چوار جار بە بۆمبی فسفۆر بۆردومان کراون کە بەکارهێنانیان لە شەڕدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە. هەروەها ڕاشیگەیاند، و ٦، ٧ و ٨ـی ئادار لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشین، ، گۆڕەپانەکانی خێرێ، گرێو ڕەشید، دەشتا کافیە، مێرانێ، دێرێشێ، بێبادە، خالەتا، شاخی بابیل لە هەرێمی گارێ، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بێشیلی و گۆڕەپانی سەری مەتینا، گۆڕەپانەکانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ، بە گشتی ٢٣ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کراون. هەپەگە باسی لەوەشکردوە، لە ڕپژانی ٧ و ٨ـی ئادار گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ١١ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراوە. لە بەردەوامیدا دەشڵێت: لە ڕۆژانی ٦ و ٧ و ٨ـی ئاداردا گۆرەپانەکانی بەرخۆدانی بەربەزینە، شەهید شەریف، لولان و کەندەکۆلا لە خاکورک ٥٣ جار بۆردوومان کران، گۆرەپانەکانی شاخی ڕەشید، دێریشە، گرگاشە، سپیندارە، مژە، مێرانە، شاخی زەنگل، دەرییە حرچ، زوکە لە گارێ ١٩٦جار بۆردومان کران، هەروەها ناوچەکانی بەرخۆدان سەرێ مەتینا و بێشیلی و شێلازە لە هەرێمی مەتینا ١٥١ جاران بۆردومان کراون و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامەدیە و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ ٥١٩ جاران بۆردومان کراون؛ بە گشتی دەبێتە ٩١٩ جار بە چەکی قورس، تۆپخانە و دوورهاوێژەکانی بۆردوومان کراون. هەروەها، لە ٦ـی ئادار بە چەکی قورسی دۆشکە، کاتێک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلای تۆپباران کرد، لەلایەن هێزەکانمانەوە بەئامانج گیرا و تێکشکا. لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هەروەها لە هەرێمی ماکۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک کۆنترا بە پۆشینی جلوبەرگی گەریلا و ناساندنی خۆیان بە ناوی گەریلا پارە لە خەڵک وەردەگرن، دەبێت گەلەکەمان متمانەی بەم جۆرە کەسانە نەبێت و پێویستە وریا بن.
ماڵپەرى ئەلعالەم جدید، ڕایگەیاند لەدوێنوە بەغدا نا ئارامەو بەردەوامیش باران دەبارێت و لەچەند شوێنێکیش لافاو دروستبووە، حکومەتیش ناتوانێت قەیرانی ئاوەڕۆی ئاوی باران کۆنتڕۆڵ بکات، بەیانی ئەمڕۆش پایتەخت بەهۆی ئەوەى زۆربەی فەرمانبەران نەیانتوانى بچنە دەوام فەرمانگە فەرمییەکانیان دۆخێکی ئیفلیجی بەخۆیەوە بینی. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەرە، لەکاتژمێرەکانى سەرەتای بەیانیەوە وەزارەتەکان و فەرمانگە حکومیەکان کارەکانیان وەستا، بەهۆى ئەوەى کارمەندى تەواو نەگەیشتبوون، چونکە بەهۆى باران و لافاوو داخستنى شەقامەکان ڕێگاى هاتووچۆیان لێ گیرابوو، بەشێکى زۆریشیان ماڵەکانیان ژێرئاوکەوتووە بەهۆى ئاوی بارانەوە. هەروەها بە پێى پێشبینییەکانی فەرمانگەى کەشناسی بەغدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری باران بارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هۆشدارییەکانی لافاو و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە، لەنێویاندا بەغدای پایتەخت. سەرەڕای کۆکردنەوەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنى لافاوو کردنەوەى شەقامەکان، هێشتا دۆخی سەر زەوی و هاتووۆچۆ سەختە، چونکە هاوڵاتیان بەسەختى لە جوڵەدان، هاوکات داواى ئەوەش دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوە شارەکە. هاوکات پەرلەمانتار کامل عەکەیلی، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کرد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە کارەکەی دووربخاتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات. ئەو پەرلەمانتارە وتى: پڕۆژەکانی ناوچەى زەورا لە ئاستی پێویستدا نەبوون زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت خزمەتگوزاری پێویستیان پێنەگەیشتوەو ئاو چوەتە ماڵەکانەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغدا بووە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی لە قەزای زەورا و دەوروبەری لەسەر پڕۆژە وەستاوەکان".