رۆژنامەی شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، حکومەتی عێراق لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندایە تا لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا کاردانەوەیان نەبێت. رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، هێزە شیعییە گەورەکانی عێراق نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێت و لەگەڵ ئەوەدان سنووری شەڕەکە سنووردا بێت، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە گەورەترین هێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە دەیەوێت قەیرانەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی هەوڵەکانی لەناوخۆی عێراقدا چڕکردوەتەوە تا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ نێردەی وڵاتان کۆبوەتەوە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندان. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراقی بە رۆژنامەکەی گوتووە، تەواوی هێزە سەربازییە عێراقییەکان کە نزیکن لە ئێرانەوە لەم دۆخەدا لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکارن تا عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکە بەدووربێت.

  وەزارەتی بەرگریی و سوپاى ئیسرائیل پشتڕاستی ئەوەدەکەنەوە کە لەکاتی چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆردومانى ئامانجەکانیان لە ئێران، مووشەکێکی سەرزەوی بۆ ئاسمان ئاراستەی فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی کەوتوەو کەوتوەتە خوارەوە. سوپاى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، فرۆکەکە لە ئاسمانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ ترسێکیش لەوەنیە کە دزەپێکردنی زانیاری ڕویدابێت. ڕۆژنامەنووسێکى ئیسرائیلیش بەناوى یائیر ئاڵتمان ئاشکرای کرد کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە لەم دواییانەدا لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانەوە لە ناوچەی ئیسفەهان خرایە خوارەوە، جۆرێکى زۆر پێشکەوتوو بووە. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن کۆمپانیای سەربازی ئیسرائیلی ئێلبیتەوە دروستکراوە، کە بۆ ئەرکی هەواڵگری و سیخوڕی و چاودێری دوورمەودا دیزاین کراوە. بەگوێرەی ئەم پەیامنێرە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جگە لە بەرنامە هەواڵگرییەکانی، توانای هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینییەکانیشی هەیە و بەهاکەی بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، بڕیارێک سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران نەبووە.  هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: وڵاتەکەی بە زۆر وەڵامی "کیانێکی زایۆنیستی" دەداتەوە و هەرگیز سازش لەگەڵیدا ناکات. هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەمزووانە هێرش دەکەنە سەر ئامانجی دیکە لە ئێران و "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران وێران دەکەین." یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران رووبەڕووی بۆردومان و وێرانکاری دەبنەوە، لە دەزگای پەخشی فەرمییەوە دەستمان پێکردووە و بەمزووانە هێرش دەکەینە سەر ئامانجی دیکەش."

  بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئیسرائیل بەرەو ئەوەدەچێت مووشەکى بەرگرییەکانیا کەم ببێتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا لە ئێرانەوە دروستکردووە ئەگەر بەم زووانە گرفتەکەى چارەسەر نەکرێن. ئەو بەرپرسە بەڕۆژنامەى  وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکاى وت: ئەمریکا چەند مانگێکە ئاگاداری کێشەکانە، واشنتۆن توانا بەرگرییەکانى ئیسرائیل بە سیستەمەکانی سەر زەوی و دەریا و ئاسمان زیاد دەکات.  لەوەتەی ململانێکان لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوەوە پەرەی سەندووە، پنتاگۆن چەک و هێزى جۆراوجۆرى بەرگری مووشەکی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەکە و ئێستا نیگەرانی هەیە سەبارەت بە تەواوبوونى ئەو موشەکانەى ئەمریکا. تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرگری مووشەک لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلییەکان ناتوانن بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام بن لە دانیشتن و ڕێگریکردن لە مووشەکەکان".  ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانى پێویستە بە هەموو پەلەبکەن و بجوڵێن بۆ ئەوەی هەرچی پێویست لەوبارەیەوە بێت بیکەن. بەرپرسانى رۆژنامەکە دەڵێن کۆمپانیای ئیسرائیل ئایرۆسپەیس ئیندستریز، ئەو کۆمپانیایە کە ئامێری ڕێگریکردنی مووشەکەکان دروست دەکات، وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.  هەروەها هێزەکانی بەرگری سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سوپاس ئامادەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەک، بەداخەوە ناتوانین لێدوان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە تەقەمەنی بدەین".

  رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی، لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویكردووەتەوە: لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی،  ترەمپ هیچ بڕیارێکی لەسەر ئێران نەداوە. رۆژنامەكە رایگەیاندووە: دۆناڵد ترەمپ، کۆبونەوەکەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی بەبێ گەیشتن بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە، کۆتایی پێهێناوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە. پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، گفتوگۆکان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، لە بارەگای حکومەت لە واشنتۆن، كە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە، كۆتایی هاتووە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بڵاوبكاتەوە. تاوەکو ئێستا روون نییە ئەمریکا چ رۆڵێک لە ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەگێڕێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ چەندێک دەسەڵاتی هەیە لە بژاردەی کە ئایا ئەمریکا بەشداریی شەڕەکەدا دەکات یان نا.   بەپێی یاسای ئەمریکا، سەرۆک بە تەنیا دەسەڵاتی راگەیاندنی فەرمیی جەنگی دژی وڵاتێکی دیکە نییە. تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.   بەڵام یاساکە ئەوەش دەڵێت کە سەرۆک، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەتوانێت هێزەکانی ئەمریکا بنێرێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات بەبێ ئەوەی بە فەرمیی رایبگەیێنێت کە وڵاتە لە جەنگدایە.   بۆ نموونە، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا لە ساڵی 2017 دژی حکومەتی بەشار ئەسەد، پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەبوو. لەبری ئەوە، ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە کاری کرد و ئاماژەی بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی و مرۆیی کرد.   هەندێک لە یاسادانەران لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری هەوڵ دەدەن توانای ترەمپ بۆ فەرمانکردن بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سنووردار بکەن.

  سوپای ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ٥٠ فڕۆکەی جەنگی هەڵیانکوتایە سەر تاران و هێرشکراوەو لەوێش دەنگی تەقینەوە بیستراوە. ئێرانیش بۆیەکەمجارە مووشەکی نەوەی یەکەمی فاتحی بەکارهێناوە و زیان و ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتووەتەوە. بە گوێرەی میدیای سوپای پاسداران، ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێن لە تاران.   بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18-06-2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی ئێران، زنجیرە هێرشێکیان کردووەتە سەر رۆژهەڵاتی تاران. هاوکات میدیای سوپای پاسداران بۆردوومانی زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێنی لە تاران پشتڕاستکردەوە کە باڵەخانە سەرەکییەکەی دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە. لە دوو کاتژمێری یەکەمی دوای نیوەشەودا، ئێران ژمارەیەک مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و بەهۆیەوە تەقینەوە لە تەلئەبیب ڕوویدا. سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار لە شەپۆلی یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی ٣ نەوەی یەکەمی مووشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی فاتح کەڵکیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، مووشەکەکانی فەتاح چوونەتە ناو قەڵغانی بەرگری مووشەکی و پەناگەی ئیسرائیلیان هەژاندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو مووشەکانە پەیامێکیان سەبارەت بە هێزی ئێران بۆ هاوپەیمانی وەهمی و شەڕخوازی تەلئەبیب ناردووە"، ئاماژەی بە ئەمریکا کرد کە ئاماژەی بە ئەگەری پەیوەستبوون بەو هێرشانە کردووە. سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە باکووری ئیسرائیل و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی دەریای مردوو ڕاگەیاند. لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەبرەکەی لەگەڵ ئێران تەواو دەبێت و داوای کرد خۆی ڕادەست بکات. کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەمریکا بەشداری شەڕی دژی ئێران بکات. ئێران دەیان مووشەکی بە ئامانجی ناوچەی گەورەتری تەلئەبیب و ناوەڕاستی ئیسرائیل و تەقینەوەیەکی بەرفراوان لە قودس و تەلئەبیب بیستراوە، بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی مەعاریف بڵاویکردەوە، دوای کەوتنی مووشەکەکانی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەزاران هاووڵاتی ئیسرائیلیان بۆ شوێنی جیاجیا گواستراوەتەوە. مەعاریف لە زاری شارەوانی تەلئەبیبەوە بڵاویکردەوە، سەرقاڵی پشکنین بۆ ئەو باڵەخانانەن کە بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ڕووخاندنیان بدەن یان نا. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئێران وایکردووە ئیسرائیل سەدان خێزان بگوازێتەوە بۆ هۆتێلەکان بەهۆی زیانەکانی باڵەخانەکانەوە.

عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە چەکدارەکانى ئێران (سوپاسالار)، ڕایدەگەیەنێت با هەموو جیهان دڵنیابن لەوەی کە نەتەوەی گەورەی ئێران بە ڕێبەرایەتیی هێزە چەکدارەکان تۆڵەی خوێنی شەهیدانى دەکاتەوەو بەمنزیکانە ئۆپەراسیۆنی سزادان ئەنجام دەدەین. میدیای فەرمیی ئێران لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا، کە ئەمشەو بڵاویکردەوە عەبدولرەحیم موسەوی دەڵێت: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تا ئێستا ئەنجامدراوە تەنها هۆشدارییەکە بۆ خۆپاراستن و بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنێکی سزای ئەنجام دەدرێت، بۆیە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان بەتایبەتی تەلئەبیب و حەیفا بە توندی ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن لە پێناو گیانی خۆیاندا و نەبنە قوربانی خواستی نەتانیاهۆ. عەبدولرەحیم موسەوی کە تەنها پێنج ڕۆژە بەفەرمانى عەلى خامنەیی وەك سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئێران (سوپاسالار) دەستنیشانكراوە هێرشى توند دەکاتە سەر ئیسرائیل. ناوبراو دەلێت: ئیسرائیل لەژێر پەردەی ئامانجی سەربازیدا، هێرشی کردوەتە سەر ژنان، منداڵان، و بەساڵاچووانی ئێران. بەردەوام هەموو یاسا نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانى بوو لە پشتگوێخستوە، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسى لە غەززە و لوبنان، بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوە، هێرشی کردە سەر ئەندامانی میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستییەکان. ئەو بەرپرسە سەربازیەى ئێران، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە شەهید بوونی هاونیشتمانەکانى و زانایان و فەرماندەکانیان بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان زیاتر ئیرادەیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان و سزادان و پەشیمانکردنەوەى دوژمنان. لەکۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت: تا ئێستا هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران بەهاوکاری هێزە چەکدارەکانی تر، سوپا، سوپای پاسداران، بە پاڵپشتی وەزارەتی ئیتلاعات، لە پێشەنگی ئۆپەراسیۆنەکاندا بوون، لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن، سەرنجیان لەسەر ئامانجە هەستیار و گرینگەکان و لێدانی گورزی وێرانکەر لە دوژمن.

  بەرپرسانى باڵاى ئێران بڕیارێکى نوێیان خستوەتە جێبکردنەوە، بۆ هەر پۆستێکى باڵاى سەربازى و هەستیارى هەواڵگرى و حکومى، ١٠ جێگرى بۆ دەستنیشان دەکرێت. لەلایەکى دیکەشەوە بە بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کراوە. ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، پلانێکى نوێ ئامادەکراوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندە هەستیارەکان لە ئەگەری کوشتنى  سەرکردەو بەرپرسەکان. پلانەکە بەوجۆریە هەر بەرپرسێک، ١٠ کەس وەک جێگرەوەى دەستنیشان دەکرێت بۆ هەر شوێنێکی گرنگ بۆ دڵنیابوون لەوەى کاروبارو بڕیارە خێراکان هیچ گرفتێکیان نەبێت و پرۆسەکانیان بەردەوامبێت. میدیاکانی ئێران نیوەڕۆی سێشەممە 17-06-2025 بڵاویانکردەوە، ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران بڕیاری داوە کەڵکوەرگرتنی بەرپرسانی ئێران لە تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێندرێن، قەدەخە بکات.    ئەو بڕیارە پاسەوانەکانیشیان دەگرێتەوە و ئەوانیش نابێت هیچ ئامێرێک بەکاربێنن کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاربهێندرێت.   ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی رایگەیاند، "شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر دەبینن".   بە گوتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، "سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت".   ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ کەسی دیکە، لە نێویاندا باڵیۆزی ئێران لە لوبنان. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیران، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.

  وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئێراندا زیانمان پێدەگات، ئێستا ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەرین. شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین. لەپێش کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەی کاروباری دەرەوەو ئاسایش، گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ئامانجی شەڕ نییە، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامێکى بێت، ئامانجەکە وێرانکردنى بەرنامەى یۆرانیۆمى ئێرانە.  هەروەها ئەوەشى خستەڕوو بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران مێژوویی بوو، ئێمەش دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانمان پێدەگات. گیدیۆن سار وتیشى: ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام گەلی ئیسرائیل پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران دەکەن. سار زیادی کرد: من سێ دەیە لە ناوەندی بڕیاردانم، هەرگیز هەڵمەتێکی سەربازیم نەبینیوە کە بەو شێوەیە ورد و چڕ و هەماهەنگ پلانی بۆ داڕێژرابێت و بەڕێوەبچێت. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هێشتا دیار نییە کێ جێگەی سەرۆکی ئەرکانى ئێران دەگرێتەوە، پێویستە دووجار بیربکاتەوە ئامۆژگارى دەکەم وریابێت. رؤژى هەینى ڕابردوو واتە تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی دەست مۆساد کەوتووەو لە هەلێکی کتوپڕ لە شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی مرۆیی لە دڵی تاران و عەلی شادمانیمان کوشت. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.   لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.

  سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتیان کرد کە دەستدرێژی زایۆنیستەکان بۆ سەر ئێران مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی، ئەمڕۆ سێ شەممە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، پێشوازی لە سەرۆک کۆمارى عێراق، عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید کردوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی وڵات و خێراتربوونی تەحەددای ناوچەیی کرا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ناوچەکەدا هێرشی زایۆنیستەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران". ئەوەش خراوەتەڕوو هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاراستنی عێراق و گەلەکەی و سەقامگیرییەکەی و چەسپاندنی بەرەی ناوخۆ و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق کردەوە".  کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیالۆگ و هێمنی و بەکارهێنانی عەقڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە مافی گەلان و ئاسایشی دەوڵەتان بپارێزێت، هەروەها ناوچەکە لە گرژی و پەرەسەندنی زیاتر بپارێزێت. بەگوێرەی راگه‌یندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌یش هاتووه‌ هەردوولا ئیدانەی توندی خۆیان بۆ دەستدرێژیی زایۆنیستەکان دژی ئێران دەربڕیوە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "ئەم پەرەسەندنە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت".

  وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران کرد و هۆشداریشیدا لە "چارەنوسێکی هاوشێوە"ی سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەبێت ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل. لە میانەی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنیدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، وتی: دیکتاتۆری ئێران ئاگادار دەکەمەوە لە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هەڵدانی موشەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئیسرائیل. وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل زیادی کرد: باشترە بۆی چارەنووسی دیکتاتۆر لە وڵاتی دراوسێی ئێران لەبیر بکات، کە هەمان ڕێگای لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵبژاردووە، بە ئاماژەدان بە سەدام حسێن کە لە کاتی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخێنرا. ناوبراو ئەوەەشى خستەڕوو ئەمڕۆش بەردەوام دەبین لە لێدانی ئامانجەکانی سەر بە ڕێژیم و دامەزراوەی سەربازی لە تاران، هەروەک چۆن دوێنێ لە دژی دامەزراوەکانى  پەخش و تەلەفزیۆنى پڕوپاگەندە و هاندانی ڕێژیممان کرد. شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین. لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هەوڵی وەستاندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "بە راستی کۆتایی پێ بێت"، ئەمە وەک میدیای ئەمریکی باسی دەکات.   لە کاتی گەڕانەوەی لە کەنەداوە بۆ واشنتن، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نەمگوتووە ئاگربەستم دەوێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت "کۆتاییهاتنێکی راستەقینە" بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدەستبێت و تاران "بە تەواوی دەستبەرداری" چەکی ئەتۆمی بێت.  ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردن بۆمب بێت.  ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کەم ناکاتەوە؛ گوتیشی: "دوو رۆژی دیکە دەزانن چی دەبێت. دەیبینن. تاوەکو ئێستا هیچ کەس [هێرشەکانی] خاونەکردوونەتەوە." بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان لە کۆشکی سپی دۆخەکە تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەمریکا لە جەنگەکەدا دەکرێت، چونکە ئیسرائیل توانای سەربازیی پێویستی نییە بۆ لێدان لە بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ لە نزیک شاری قوم کە لە ژێر زەویدایە. 

  لە شەوی کردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی F-15 تەنها فڕۆکەیەکی ئێرانی بینییوە کەویستویەتى گەشت بکات، لەگەڵ هەستکردن و بینینی فرۆکەکانى سوپاى ئیسرائیلدا گەڕاوەتەوەو نیشتوەتەوە، ئەو فرۆکەوانە ئیسرائیلیە بەشێک لە ڕووداوەکانى شەوى هێرشە گەورەکەى ئیسرائیل دەگێرێتەوە. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، چاوپێکەوتنى لەگەڵ فرۆکەوانێکى ئیسرائیل کردوە بەبێ ئەوەى ناوو زانیارى زۆرى لەسەر ئاشکرابکات، باس لەشەوى هێرشەکە دەکات، ئەو فرۆکەوانە هەر لەسەرەتای کارکردنیدا لە هێزی ئاسمان، بەشداری لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا کردووە کە سیناریۆیەکی هاوشێوەى هێرشەکەى ئێرانبووە. ئەو وتى: ساڵانێکە ئێمە ئامادەکاریمان کردووە، بەڵام باوەڕم نەدەکرد کە ئەمە ڕووبدات. تائەو بەرەبەیانەى کەبەرەو ئێران فرێن وتم ئەمشەو بۆ شتە ڕاستەقینەکە دەفڕین تێگەیشتم کە ئەو جل و بەرگەى لەبەرمە هى کاتى ڕاهێنانەکان نییە. فرۆکەوانەکە دەشڵێت هەر کۆمەڵە فڕۆکەیەک کە ئەو شەو هەڵفڕین، ئەرکی تایبەتی خۆمان بۆ دیاریکرابوو، هەندێکیان بۆ هێرشکردنە سەر شوێنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەوانە دەکران، هەندێکیشیان بۆ کوشتنى فەرماندەو کەسایەتییە باڵا سەربازییەکان،  ئامانجەکەى من لێدان و لەکارخستنى ئەو شوێنى هەڵدانى موشەکەو فرۆکەکان بوو. فرۆکەوانەکە باس لەوەدەکات ڕۆژیک پێشتر بەکارى تەکنیکی خەوتنەوە سەرقاڵ بووە، ئاگاداریانکردین ئەوەی پێویستت پێیەتی لە ماوەی فڕینەکەماندا خەوتنێکى باش و هەڵگرتنى خواردن و خواردنەوەیە، چونکە گەشتێکی لەم شێوەیە پێویستی بە هێزی جەستەیی و دەروونی هەیە، بە سادەیی دەبێت تەرکیزەوە بگەیتە شوێنى دیاریکراو. هەروەها دەشڵێت: گەیشتینە ئاسمان و من چوکە ڕۆژئاواى ئێران کاتێک هێرشم کردە سەر شوێنى مووشەکەکان،  سیستەمی کۆنترۆڵم تێکشکاند و هەر بۆمبێک کە فڕێم دەدا بە مانای کەمتربوونی مووشەکێکە کە بەسەر هەموو خێزانەکانماندا هەڵدەدرێت. ئەو فرۆکەوانە ئەوەش دەگێرێتەوە کاتێک نزیک بونەتەوە لەئاسمانى ئێران، تەنها فڕۆکەیەکى جەنگى جۆری ئێف ١٥ بینیوە، کە لە بنکەیەکەوە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە هەڵدەفڕی، بەڵام زۆر بەخێرایی گەڕایەوەو نیشتەوە. پێشبینی دەکات: پێدەچێت فڕۆکەوانەکە هەستی بەوە کردبێت کە لێی نزیکبووینەتەوە"، پێدەچێت نەیویستبێت هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوەوە هەبێت، و ڕایکردبێت بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە.

  سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوو لا جەختیان لەوە کردەوە "كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى رۆڵى خۆى بگێڕێت بۆ وەستاندنی كرداره‌ سه‌ربازييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتييانه‌ى ناكۆكييه‌كان."   سەۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە پەیوەندییەکەدا "دوايين پێشهاته‌كانى ئۆپه‌راسيۆن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌ربازييه‌كانى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئيسرائيليان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ى كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌."   شەوى ڕابردوو ئاژانسى تەنسیمى ئێرانى، بڵاویکردەوە ئەمشەو عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوە بەتەلەفۆن لەگەڵ  لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەیکردوە. بەپێى ڕاپۆرتى ئاژانسەکە ناوەرۆکى پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە باسى ئەوەکراوە بارودۆخی نائاسایی ئێستا وا دەخوازێت حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە تەواوی جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێک لەلایەن کەسانی تێکدەر لە دوو وڵاتەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان. نێچیرڤان بارزانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری نائارامی لە ناوچەکەدا. دەقی راگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم شه‌وی ڕابردوو، دووشه‌ممه‌ 2025/6/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز عه‌باس عراقچى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجام دا. تیایدا دوايين پێشهاته‌كانى ئۆپه‌راسيۆن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌ربازييه‌كانى نێوان كۆمارى ئيسلاميى ئێران و ئيسرائيليان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ى كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ ئاڵۆزيى زياتر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ڕۆڵى خۆى بگێڕێت بۆ ڕاوه‌ستاندنى كرداره‌ سه‌ربازييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتييانه‌ى ناكۆكييه‌كان. له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا، هه‌ردوولا تيشكيان خسته‌ سەر ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و كۆمارى ئيسلاميى ئێران و له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پابه‌نديى هه‌رێمى به‌ ڕێككه‌وتنه‌که‌وه، دووپات كرده‌وه‌.‌ مه‌ترسييه‌كانى ئه‌گه‌رى په‌ره‌سه‌ندنى زياترى پێشهاته‌كان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌ بوو.

  جەنگ کۆتایی نایەت تا “جنۆکەکانی ئاسمان” دەستوەردان نەکەن، ئەمە بیروڕای بەشێک لە شارەزایانە لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بۆ سی ئێن ئێنی ئەمریکی. پێنج رۆژە جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، دیاریش نییە کەی کۆتایی دێت، بەڵام “جنۆکەکانی ئاسمان” توانایان هەیە گرێکوێرەکە بکەنەوە و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن. “جنۆکەکانی ئاسمان” فرۆکە زەبەلاحە تۆقێنەرەکەی ئەمریکایە بەناوی فرۆکەی بۆمبهاوێژی “بی 2″، کە تەنها لای ئەمریکا خۆی هەیە و هیچ وڵاتێکی دیکە نییەتی. “بی 2” گرانترین فڕۆکەی جیهانە، دروستکردنی زیاتر لە دوو ملیاری تێدەچێت و تەنها 21 دانەی لێدروستکراوە، هەرچەندە زەبەلاحە و پانتایی باڵەکانی زیاترە لە 50 مەتر، بەڵام لە سیستمە بەرگرییەکاندا وەک مێشوولەیەک دەردەکەوێت و دەتوانێت بە ئاسانی خۆی بدزێتەوە.  بۆچى ئەم فڕۆکەیە یەکلاکەرەوەیە؟ ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ لە قوم پێویستی بەم جنۆکەیەیە، چونکە خۆی ناتوانێت لەناوی ببات، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ لە ناوچەیەکی سەختی شاخاویدایە و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، 80 بۆ 90 مەتر قووڵە. ئیسرائیل چەند جارێک بۆردومانی کردووە، بەڵام بنکەکە هەر بەخۆشی نەزانیوە، “جنۆکەی ئاسمان” یان فڕۆکەی “بی 2” تاکە فڕۆکەیە دەتوانێت بۆمبێک هەڵبگرێت توانای تەقاندنەوەی وێستگەکەی هەبێت، ئەویش بۆمبی “جی بی یو 57″ـە، ئەم بۆمبە کێشەکەی 13 بۆ 15 تۆنە و بە سەنگەرشکێن ناوی دەرکردووە، هێندە قورسە، کە تەنها بە “جنۆکەی ئاسمان” هەڵدەگیرێت. پێویست بە چەند بۆمب دەکات تاوەکو فۆردۆ لەناوببرێت؟ بۆمبەکە بۆ ئەوە دروستکراوە لە قووڵایی زەوی بتەقێتەوە، بۆیە هەتا خاک کون نەکات ناتەقێتەوە، بۆ ئەمەش دەتوانێت 60 مەتر کۆنکرێت یان 200 مەتر خاک ببڕێت. لە لایەکى دیکەش، شارەزایانی جەنگ دەڵێن، وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ هێندە سەختە بە یەک بۆمب تێکناشكێندرێت و پێویستی بە چەند بۆمبێکە، بۆیە ئەگەر ترەمپ هاوکاریی ئیسرائیل بکات دەبێت چەند جنۆکەیەک بنێرێت، چونکە هەر جنۆکەیەک توانای هەڵگرتنی یەک بۆمبی “جی بی یو 57″ـی هەیە. پێداگری نەتانیاهۆ بۆ پەلکێشکردنی ئەمریکا بۆ نێو جەنگ رەنگە هەر لەبەر ئەمەبێت، ئەمڕۆش ترەمپ هەر زوو لوتکەی “جی 7″ـی لە کەنەدا بەجێهێشت و گەڕایەوە واشنتن و گوتی، گەڕانەوەم هۆکارێکی گەورەی لە پشتە.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، جێهشتنی پێشوەختەی لووتکەی G7 لە کەنەدا و گەڕانەوەی بۆ واشنتن، "هیچ پەیوەندییەکی بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە نییە."   دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا "هەڵەی کردووە" کە گوتوویەتی، ترەمپ بۆ کارکردن لەسەر ئاگربەست دەچێتەوە واشنتن.    ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆنی فەرەنسا کە حەزی لە خۆدەرخستنە، بە هەڵە گوتی گوایە من لووتکەی گرووپی 7ـم لە کەنەدا جێهێشتووە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە واشنتن تاوەکو کار لەسەر 'ئاگربەستێک' لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەم. وانییە!"   سەرۆکی ئەمریکا هێرشی زیاتر دەکاتە سەر ماکرۆن و دەڵێت: "ئەو بە هیچ شێوەیەک نازانێت بۆچی من دەگەڕێمەوە واشنتن، بەڵام گومانی تێدا نییە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاگربەستەوە نییە. بابەتەکە زۆر لەوە گەورەترە. بەمەبەست بێت یان بێمەبەست، ئیمانوێل هەمیشە هەڵە دەکات."   سەرۆکی ئەمریکا داوا دەکات، چاودێری راگەیێندراوەکانی داهاتووی بکرێت. 

  سوپای ئیسرائیل کوشتنی عەلی شادمانی فەرماندەی نوێی بارەگای خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانی راگەیاند. میدیاکان لەزارى بەرپرسانى سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویانکردەوە شەوی رابردوو عەلی شادمانی لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا لە تاران کوژراوەو ناوبراو کەسێکى زۆر نزیکى عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئیران بووە. رؤژى هەینى ڕابردوو واتە تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی دەست مۆساد کەوتووەو لە هەلێکی کتوپڕ لە شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی مرۆیی لە دڵی تاران و عەلی شادمانیمان کوشت. شادمانی پێش کوژرانى سەرۆکەکەی خۆی، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی فریاکەوتنی حاتەم ئەنیابوە سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە. کوشتنى شادمانی پەیوەستە بە زنجیرەیەک کوشتنى باڵاترین فەرماندەیی سەربازی لە ئێران، و گورزێکی دیکە لە زنجیرەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکدەهێنێت. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.   لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.