هاوڵاتی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت لە ڕاپۆرتیکیدا باس لە ناوەڕۆکی نامەیەکی نهینی دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە گەیه‌نراوه‌ته‌ حکومەتی عێراق و تیایدا به‌رپرسانی واشنتن هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی كه‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان "بێ باج نابێت". رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، ناوه‌ڕۆكی په‌یامێكی واشنتنی بۆ به‌رپرسانی عێراقی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا "شێوازی کشانەوەی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و خشتەی کاتی لەخۆگرتوه‌" به‌ڵام جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ "كشانه‌وه‌كه‌، ئەگەر روبدات، بێ باج نابێت".  رۆژنامه‌ی شەرق ئەلئەوسەت له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویکردۆتەوە کە، "واشنتن نیگه‌ران نییە بچێتە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا، بەڵام  دەڵێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە ناوچەکە هێرشەکانیان بەرامبەر بە  گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران ناوەستێت و بەردەوام دەبێت بەتایبەت ، ئه‌گه‌ر هۆکاربن لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە". بەگوێرەی سەرچاوەکان، سودانی "لایەنە گرنگەکانی" پەیامەکەی ئەمەریکای لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش کردووە، لەوانە "پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا دژی لایەنەکانی سەر بە ئێران ناوەستێت." لە نامەکەدا هاتووە " دانوستانە تەکنیکییەکانی داهاتوو بۆ ڕێکخستنی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانییەکان  ئاسان و خێرا نابن و کاتی پێویست دەوێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دۆسیەکانی پەیوەست بەو کشانەوەیە چارەسەر دەکرێن." هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "واشنتن لەنامەکەدا هانی بەغدای داوە بۆ تێگەیشتن و درککردن بە دەرئەنجامەکانی کشانەوەکە، لەوانەش ئەو پابەندبونە دارایی و ئابورییانەی کە هەردو وڵاتیان به‌یه‌كه‌وه‌ بەستوەته‌وه‌". هەروەها سێ سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به‌ رۆژنامه‌كه‌یان وتوه‌، "له‌ئێستادا چه‌ند پارتێكی شیعە كه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا كاریگه‌رن، هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ رازیی بكه‌ن كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان له‌ دژی ئه‌مریكیه‌كان و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ هه‌ندێك له‌ داواكانیان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن". ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە، راوێژکاریی و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا گرت و له‌ ئێستاشدا سودانی روبەڕوی فشاری زیاتری ناوخۆیی بوەتەوە، بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەوەی سوپای ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشی كرده‌ سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا.

هاوڵاتی ڕادیۆی فەردا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە پێش لە هێرشی داعش بۆ رێ و رەسمی ساڵیادی قاسم سلێمانی، ئەمریکا لە پەیامێکی تایبەدا، کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردبۆوە لە هێرشەکە. بەرپرسێکی ئەمریکایی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥کانوونی دووهەم لە لێدوانێکدا کە بە شێوەی نووسراو بۆ رادیۆ فەردای ناردووە، رایگەیاند ئێرانیان لە هێرشەکەی داعش ئاگادار کردۆتەوە. ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە رادیۆ فەردای گوتووە "  ئەمریکا سیاسەتێکی کۆنی هەیە لە سەر بنەمای " ئاگادارکردنەوە" لە گەڵ سەرجەم دەوڵەتەکاندا ئەم سیاسەتە پەیڕەو کراوە کە وڵاتان ئاگادار ئەکرێنەوە لە هەر مەترسییەکی تیرۆر." رۆژی ٣ی کانوونی دووهەم، لە رێ و رەسمی چوارەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری کرمان، ٢ تەقینەوە روویدا و زیاتر لە ٩٠ کەس کوژران و ٢٠٠ کەس بریندار بوون دواتر داعشی خواراسان ، بەرپرسایەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

هاوڵاتی ئەمریکا و عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوانیان دەکەن ، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئاشکرای دەکات لە كاتێکی دیاریكراودا هێزە بیانییەكان دەكشێنەوە. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌،  حكومه‌تی عێراق به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، سه‌ركه‌وتن و كۆتاییهاتنی خوله‌كانی دانوستانی به‌رده‌وامی نێوان هه‌ردولا كه‌ له‌ مانگی (ئاب/8)ی 2023ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، دانوستانه‌كانی واشنتن و به‌غدا بونه‌ هۆی پێویستی ده‌ستپێكردنی لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی هه‌ردو وڵات له‌سه‌ر ئاستی گروپه‌كانی كار بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی و پێداویستییه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی خشته‌یه‌كی كاتی دیاریكراو و ڕون كه‌ ماوه‌ی بونی ڕاوێژكارانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق دیاری بكات. لەمبارەیەشەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوانیان دەکەن و لە دانانی خشتەیەکی کاتیش بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رەچاوی سێ خاڵ دەکرێت: هەڕەشەی داعش، پێداویستییەکانی کارکردن و ئاستی توانای هێزە ئەمنییە عێراقییەکان." وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە "دەستپێکردنی کاری لیژنەکە، پێشاندەری پابەندبوونی قووڵی ئەمریکایە بە سەقامگیریی هەرێمی و سەروەریی عێراق." هاوکات هەریەک لە عێراق و ئەمریکاش ڕایانگەیاندووە، ئەم بڕیارە  رێگە بە دروستبوونی هاوبەشیێکی درێژخایەنی دووقۆڵی لە نێوان ئەمریکا و عێراق دەدات و بەهۆیەوە  په‌یوه‌ندییه‌كان دەگوازرێنه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی گشتگیر  له‌ڕووی سیاسی و ئابوری و كه‌لتوری و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه‌.  هه‌ردوولاش پاڵپشتی خۆیان بۆ كاری لیژنه‌كه‌و ئاسانكاری بۆ ئه‌ركه‌كانی و خۆبه‌دورگرتن له‌ دروستكردنی به‌ربه‌ست یان دواخستنی كاره‌كانی راگه‌یاند.     

هاوڵاتی  پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤، هێرشی ئاسمانی کرایەسەر بینایەک لەدیمەشقی پایتەختی سووریا، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کەپەیوەند درایەوە بەئیسرائیلەوە، پێنج ئەندامی باڵای سوپای پاسداران، کەسوپای پاسداران وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات کوژران. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنێکدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی جگە لەکوژرانی ئەو پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران ژمارەیەک لەهێزە سورییەکان لەهێرشە ئاسمانییەکی ئیسرائیل بۆ ناوچەی (ئەلمزە) کوژراون. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەکوژرانی چوار کەس کرد بەناوەکانی، حوجەتوڵڵا ئومیدوار(سادق ئومید زادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی و سەعید کەریمی. بەڵام باسی لەپلەی سەربازیی ئەم چوار کەسە نەکردووە. چەند کاتژمیر دواترو ئێوارەی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی کوژرانی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسدارانی لەهێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بڵاوکردەوە. لەهەواڵەکەی ماڵپەڕی تەسنیمدا هاتووە، محەممەد ئەمی سەمەدی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسداران کە لەهێرشەکانی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممەدا بەخەستی بریندارببوو، بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی بەپلەی سەربازیی هیچکام لەو کەسانە نەداوە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراون و وەک راوێژکاری سەربازی ناوی بردوون. بەڵام هەواڵنێرەکانی ئێران  باسیان لەوە کردووە سادق ئومێدزادە (حوجەتوڵڵا ئومیدوار) پلەی (سەردار) بووەو بەرپرسی بەشی هەواڵگری هێزەکانی قودس بووە. سادق ئومێدزادە ( حوجەتوڵڵا ئومیدوار) کێیە؟ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسداران یان لەماڵپەڕەکانی سەر بەسوپاو کۆماری ئیسلامی زانیاری ئەوتۆ لەسەر ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەبەردەستدا نییە. وەک بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس ناسراوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٨٠ەوە پەیوەست بووە بەسوپای پاسدارانەوە. وێنەیەکی کۆنی سادق ئومێدزادە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتە کەساڵی ١٩٨٤ لەمزگەوتی گوندی (بارزان) وێڕای دوو کەسی تر بەناوەکانی نەسروڵڵا چغاکەبوودی و رەسووڵ، گیراوە. ئەم وێنەیە لەکتێبی بیرەوەرییەکانی ژیاننامەی (رەسووڵ حەیدەری) وەرگیراوە.  رەسووڵ حەیدەری بەناوی ( مەجید مونتەزری) ساڵی ١٩٩٣ لەسارایۆڤۆ، لەسەردەمی جەنگی بۆسنە کوژرا. رەسووڵ حەیدەری یەکێک بوو لەو چوار ئەندامەی سوپای پاسداران کە بەناوی دیپلۆماتی سیاسییەوە سەردانی شارێکی بۆسنەیان کردو لەوێ کوژرا.  هەروەها بەپێی هەندێ زانیاری کەماڵپەڕە حکومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە زیاتر لە دوو دەیەیە سادق ئومێدزادە لەسوریایە. ماڵپەڕی تابناک سەر بە موحسین رەزایی نووسیویەتی :» حاج سادق لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریا لەلایەن (بەرەی نوسرە)ەوە لەگەڵ ژمارەیەکی تری ئێرانی بەبارمتە گیران و لەناو دیلە ئێرانییەکاندا بوو. دواتر بەنێوانگیری قەتەر لەگەڵ دیلەکانی تر ئازاد کرا». ماڵپەڕی (فرهیختگان) دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومێدوار نووسیویەتی :» حوجەتوڵڵا ئومیدوار کە بەناوی خوازراوی سادق ئومیدزادەوە لەسوریا چالاکی دەکردو لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهید کراوە، یەکێک بوو لەڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەسووریا. ئەو کە بە حاج سادق ناوی دەرکردبوو میدیا ئەمریکییەکان تائێستا زۆرجار هەوڵیانداوە راپۆرتی لەسەر ئامادەبکەن. دەوترێت حاج سادق لەساڵی ٢٠١١ لەلایەن بەرەی نوسرەوە لەسووریا بەدیلگیراوە، دواتر بەنێوانگیری قەتەرییەکان ئازاد کراوە». ئەم ماڵپەڕە هەروەها دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومیدوار نووسیوویەتی :» سەردار سادق ئومیدزادە پلانداڕێژو جێبەجێکاری دەرکردنی ئەمریکاییەکان بوو لەسووریا. سەرەتای مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ واشنگتۆن پۆست سادق ئومیدزادەی وەک پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان ناوبرد». هەڵوێستی ئێرانییەکان دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لەپەیامێکدا ئەم هێرشانەی بەنیشانەی « شکستی ئیسرائیل» ناوبردو بەتوندی هێرشەکەی مەحکوم کرد. هەروەها رایگەیاند ئەم کارەی ئیسرائیل بێوەڵام نابێت و بیدەنگ نابین و وەڵامی شیاو دەدەینەوە. محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەپەیامێکدا نووسیویەتی:» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». ماڵپەڕی (ئیرنا) ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەهەواڵی کوژرانی ئەم پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران لەسووریا، پەیامی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی :» لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لەدەفتەری شەهادەت هەڵدرایەوەو جوامێرانێکی تر لەموجاهیدەکانی بەرەی جەنگ دژی زڵم و زۆر چوون بۆ ئاسمان». جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها نووسیویەتی:» پیاوانێکی مەزنی وەک سەردار حوجەتوڵڵا ئومیدوار (سادق ئومیدزادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، محەممەد ئەمین سەمەدی و سەعید کەریمی کە بۆ بەرگری لەئامانجەکانی ئیسلام و شوێنە پیرۆزەکان، وەک راوێژکاری سەربازیی خەریکی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بوون، لەبۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەکرێگیراوە زایۆنیستییەکاندا لەدیمەشق شەهیدبوون، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەرخەری دەروونی پیسی زایۆنیستە داگیرکەرەکانە». موخەبر لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە، بەدڵنیاییەوە ئەم کارە بێوەڵام نابێت و بەرەی بەرگری بەهێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هێرشانەی بەهەنگاوی «هێرشبەرانە و شەڕخوازانە» لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبردووەو داوای لەدەوڵەتەکان و رێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران وتوویەتی ئەم هێرشانە :»پێشێلکاری بەردەوامی سەروەرییەکانی سووریایە» بەهۆی دەستەوەستانبوونی ئیسرائیلە لەجەنگی غەزەو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ تەشەنەسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتوویەتی :» راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لەسەر داواکاری فەرمی دەوڵەتی سووریا لەو وڵاتەن و دەورێکی بەرچاوو کاریگەریان هەیە لەیارمەتیدانی سووریا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆریزم و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لەو ولاتە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرەنجام باس لەوە دەکات ئێران بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی گونجاوو شیاوی هەبێت بۆ ئەم هێرشانە. پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ، رۆژێک دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لەسووریا، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشانەی بەنیشانەی «شکستی ئیسرائیل» لێکدایەوەو وتی کۆماری ئیسلامی و بەرەی بەرگری ئیسرائیل لەم کردەیەی پەشیمان دەکەنەوە. محەممەد باقر قاڵیباف لەسەرەتای دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا رۆژی یەکشەممە ٢١-١- ٢٠٢٤، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردە، بەهۆی شکستە بەردەوامەکانی لەمەیدانی جەنگ و پاشەکشەیان لەبانگەشە پووچ و بێ بنەماکانیان دەربارەی هێرشی سەربازی بۆ سەر غەزە، دەستیان داوەتە ئەم هێرشە. سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی هەروەها وتی، هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە. گۆڕینی زمانی بەرپرسان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هەرجارەی دوای کوژرانی فەرماندەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەلایەن خۆیانەوە و لەزمانی خۆیانەوە هەڕەشەیان دەکرد. خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان دەکرد. بەڵام دوای کوژرانی پێنج ئەندامەکەی سوپای پاسداران زمانی هەڕەشەیان گۆڕاوە. ئەمجارەیان جگە لە خۆیان بەرەی بەرگری ئەرکدار دەکرێت بەوەی تۆڵە بکەنەوە. محەممەد موخەبر جێگری سەرۆککۆمار لەم پەیوەندەدا هەڕەشەی کردو وتی  :» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات و بازنەی ئەرکدارەکان بۆ تۆڵە سەندنەوە بەرینتر دەکاتەوەو ئەڵێت :» هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە». کەئەمەش هەر مەبەستی بەرەی بەرگرییە.  بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێزو میلیشاکانی سەر بەخۆیان کەوەک گرووپە بریکارەکان دەناسرێن وەک « بەرەی بەرگری» لەناوچەکە ناودەبەن. بەئامانجگرتنی هێزەکانی سوپا لەسووریا لەچەند ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل زۆرجار هێرشی کردووەتەسەر سووریا و مەبەست لەهێرشەکانیشی بەوە ناساندووە کەئەو شوێن و کەسانە دەکاتە ئامانج کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە. ئێران بوونی هێزەکانی خۆی لەسووریا وەک راوێژکار دەناسێنێت. بەڵام ئیسرائیل هێزەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی ناودەبات. بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوەدەکەن ئێران لەڕێگای ئیسرائیلەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە دەست حزبوڵڵای لوبنان وەک گەورەترین هێزی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەناوچەکە.  رۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٣ رەزی مووسەوی، یەکێک لەکۆنترین فەرماندەکانی سوپا لەناوچەکە، لەماڵەکەی خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. دوای کوژرانی رەزی مووسەوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لەئیسرائیل کرد. ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا باسیان لەوە کردووە بۆمبارانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە تۆڵەی کوشتنی رەزی مووسەوی بووەو ماڵی ئەم بازرگانە کوردەیان وەک بنکەی ئیسرائیل ناوبردووە. بەرپرسانی سوپای پاسداران هەروەها وتبوویان، لەسووریا، هەر لەبەشار ئەسەدەوە بگرە تا کەسانی تر لەپلەی خوارترەوە، ئاگاداری چالاکییەکان و کارەکانی رەزی مووسەوی بوون. ئەو بۆ ئیسرائیل کەسێکی ناسراو بوو. لانیکەم دووجار لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوژرانی درابوو. جگە لە رەزی مووسەوی لەساڵانی رابردوودا ژمارەیەک لەفەرماندە پلەباڵاکانی سوپای پاسداران لەوانە، حسێن هەمەدانی، حەسەن شاتری، محەممەد عەلی مورادخانی، محەممەد جەمالی پاقەلعە، لەسووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. ئیسرائیل زۆر بەدەگمەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لەسووریاو هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەوترێت بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی سەر بەئێران لەوانە حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج. لەسەرەتای ئەمساڵدا و رۆژی ٢-١-٢٠٢٤ ساڵەح ئەلعاوری فەماندەیەکی باڵای حەماس لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی لەچوار مانگی رابردوودا و دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم زیاتر کردووە. ئایا جەنگ تەشەنە دەستێنێ؟ هەر لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەزەوە یەکێک لەنیگەرانییەکانی دونیای رۆژئاواو ئەمریکاش ئەوە بووە کەجەنگ تەشەنە بستێنێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندجار بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە خوازیاری ئەوە نییە جەنگ تەشەنە بستێنێ و دەیەوێت بەر بەتەشەنەسەندنی جەنگ بگرێت. بەرپرسانی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی بەهەمانشێوە خوازیاری بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ئەم جەنگە بوون. بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەو نیگەرانییەی دروستکردووە کەجەنگ لەناوچەکە تەشەنەبستێنی. ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر حەماس  کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت و وەک دەوترێت ژمارەی کوژراوەکانی غەزە ٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کەزۆربەیان ژن و مناڵن.  رۆژی یەکشەمە ٢١-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کەدوای چوار مانگ بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێدەچێت کە لە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن . هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو کەهەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوەو دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت. لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکراکردووە، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لەجەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوەدەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە. هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانیان بەردەوام  تەقە لەیەکتر دەکەن. رۆژی یەکشەممە سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کرد، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لەئەنجامی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لەنزیک خاڵێکی پشکنینی سووپای لوبنان، لەلایەن درونێکی ئیسرائیلییەوە لە باشووری لوبنان کوژراون. ژمارەیەک شایەتحاڵیش بەئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە :» دوابەدوای رووداوەکە بەپەلە ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکەو تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە». میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە.  رۆژی شەممە٢٠-١-٢٠٢٤ ، به ٢٠مووشهک بنكهی سهربازی عهین ئهسهد كههێزهكانی ئهمهریكا وهك بنكهیهكی سهربازی بهكاری دههێنێت، بۆردومانكرا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەبەرپرسێکی ئەمریکایان وەرگرتووە، بەمووشەکی بالیستی  بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هێرشی کراوەتەسەر کەهێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە. ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ژمارەیەک لەسەربازانی عێراقی بەو هێرشە مووشەکیە بالیستیەی کراوەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد بەسەختی برینداربوونە. دوابەدوای هێرشەکەش مقاوەمهی ئیسلامی لهعێراق بهپرسیارێتیی خۆی لهو هێرشه موشهكییه راگهیاندو لهبهیاننامهیهكدا كهدوای هێرشهكه دهریكردوه، ئاماژهی بهوهداوه كه بهگورزه موشهكێك هێرشیانكردووهتهسهر بنكهی عهین ئهسهدو بهردهوامیش دهبن لهگورزهكانیان بۆ سهر «مۆڵگهكانی دوژمن». ئەمریکا و بەریتانیا لەماوەی رابردوودا چەندجار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن. حووسییەکان گرووپێکی زەیدین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن. و لە ١٩-١٠-٢٠٢٣وە دەستیان کردووە بەهێرشی بەردەوام بۆ سەر ئەو کەشتیە بارهەڵگرانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتووچۆدان و مانگی ١٢-٢٠٢٣ ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەهێرشی حووسییەکان بەرەیەکی پێکهێنا کەچەند وڵات لەوانە، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیاو بەحرین و... لەناو ئەو بەرەیەدان. لەم ماوەیەدا تا ئێستا ٣٠ جار لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش کراوەتەسەر کەشتییە بارهەڵگرو سەربازییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە دا کەبایدن دەیەوێت بەردەوام بێت لەهێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. ئێران بەرەبەیانی  رۆژی دووشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ بەمووشەکی بالستیکی هێرشی کردەسەر چەند شوێن لەنزیک هەولێرو ماڵی بازرگانێکی ناسراو بەناو «پێشڕەو دەزیی». ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی عێراق و لەدەرەوەش لێکەوتەوە. عێراق باڵیۆزی خۆی لەئێران بانگکردووەتەوە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەپەراوێزی کۆبوونەوەی داڤووس کۆببێتەوە. ئێران رایگەیاند بنکەیەکی مووسادی لەهەولێر لەناوبردووەو هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوە رەتدەکەنەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی بنکەی مووساد بێت یان ئەوەی هیچ بنکەیەکی مووساد لەهەرێم بوونی هەبێت. شەوی دووشەممەی رابردوو ١٦/١ ئێران هێرشی کردەسەر چەند شوێنێک لەخاکی پاکستان و دەوترێت دوو مناڵ بەبۆنەی ئەو هێرشانەوە کوژراون . سوپای پاسداران رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لەناوبردووە. رۆژی پێنجشەممە ١٨-١ پاکستان رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانمان داوەتەوە ، هاوکات هێرشمان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی بەرەی سەربەخۆیخوازی بەلووچی پاکستان لەسنووری ئێران ودوو  پیاو و سێ ژن و  چوار مناڵ کوژران. هەرچەند هەردوولایەنی پاکستان و ئێران دواتر باسیان لەگفتوگۆ کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا هەردوولایەن زمانی هەڕەشە دەبەنە کار دژ بەیەکتر.  رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستان رایگەیاند کەسێکیان دەستگیرکردکردووە بەناوی «سەید محەممەد مەهدی» کە سەر بەفەیلەقی زەینەبییون بووەو بۆ ئیتڵاعاتی ئێران کاری کردووە.  لەکاتی لێپرسینەوە لەم کەسە ناوی دوو هاوکاری خۆی بەناوەکانی سەید رەزا جەعفەری و عابد رەزا بردووە کەدەستیان بووە لەچەند کاری تیرۆریستیدا لەپاکستان. لەوانە هێرش بۆ سەر موفتی تەقی عوسمانی لەساڵی ٢٠١٩. لەڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستاندا هەروەها ئاماژە بەوەدراوە لەهێرشەکەیان بۆ سەر شوێنی ئەم کەسە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و چۆڵ و ماددەی تەقینەوەو نارنجۆکدا گیراوە. فەیلەقی زەینەبیون، سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەو سوپای پاسداران لەناو شیعەکانی پاکستاندا ئەم فەیلەقەی دروستکردووەو لەشەڕی ناوخۆی سووریا لەگەڵ فەیلەقی فاتیمیون کە لەناو شیعەکانی ئەفغانستان دروستیکردووە، بەکاریهێنان بۆ پشتیوانی لەحکوومەتی بەشار ئەسەد.  

هاوڵاتی  بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بەنیازبێت هێزەكانی لەعێراق و سوریا بكشێنێتەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە پلانێكی ئەمریكی دەكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عیراق و سوریا.  قسەكانی ئەم بەرپرسە ئەمریكییە دوا بەدوای راپۆرتێكی گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) دێت كە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا، بڵاویكردەوە كە بەرپرسەكانی ئەمریكا سەرقاڵی تاووتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكان لە سوریا . گۆڤارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "ئەگەر بێت و ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە ئەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر هەژمونی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ناوچەكەداو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دیارییەكی نایابە بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش". دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، هێرشی بالەكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا چڕتر بووەو ماوە ماوە بە موشەك و درۆنی بۆمبرێژكراو پەلاماری ئەوهێزانە دەدەن . جێی ئاماژەیە 900 سەربازی ئەمریكی لە ناوچەكانی سوریاو بەتایبەتیش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوكراونەتەوەو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای سوریای دیموكرات لە دژی داعش دەجەنگن.

هاوڵاتی  پەرلەمانی عیراق شەمەی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریكرد. پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد  كە ڕۆژی شەمەی داهاتوو 27ی كانوونی دووەمی 2024ی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان. كارنامەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، چەند تەوەرێكی جۆراوجۆری وەك یاسای بەكرێدانی زەوی كشتوكاڵی و خوێندەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای ڕێكەۆتنی خزمەتگوزاری ئاسمانی لە نێوان كۆماری عیراق و كۆماری سوریا و ڕاپۆرت و گفتۆگۆكردن لەبارەی پرۆژەیاسای واژۆی كۆماری عیراق لەسەر پرۆتۆكۆلی عەرەبی ڕێگریكردن و بنبڕكردنی بازرگانی بە مرۆڤەوە، بەتایبەتیش بازرگانی كردن بە ژنان و مناڵان لەخۆگرتوە.  

هاوڵاتی  سەرۆك كۆماری ئێران و توركیا لەئەنكەرە كۆبوونەوەوەو رێككەوتنێكی 10 خاڵیان لەبوارە جیاوازەكانی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگان و پیشەسازو رۆشنبیری  واژۆ كرد. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجە تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاری بڕیارەكانیان رایگەیاند "هەردوو وڵات چەند بڕیارێكی گرنگیان لەبارەی رووبەرووبونەوەی تیرۆریزمداوە". بەبڕوای عەلی حەیدەری رۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئێران، یەكێك لە تەوەرە سەركییەكانی نێوان سەرۆك كۆماری ئێران و رەجەب تەب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، باسی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەردوو وڵات دەبێت و رەنگە هەردوو وڵات لەڕێی ڕێكەوتنێكی نهێنی چەند بڕیارێك لەبارەی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو كوردستانی عیراق بدەن . لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و توركیاوە،حەقی ئیغۆر بەرپرسی ناوەندی ئەستانبۆل بۆ كاروباری ئێران بە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەرەنسی راگەیاند "پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە هەمیشە ئاڵۆزو چەندمەودا بووە". جێی ئاماژەیە ئەم دو وڵاتە زلهێزەی ناوچەكە لە بارەی بارودۆخ و روداوەكانی سوریاو پێشهاتەكانی ناوچەی قەرەباغی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەریەكەیان پشتی بەرەكی دژ بەیەكیان گرت.

هاوڵاتی  وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا رایگەیاند بۆ دەستكەوتنی زانیاری بڕواپێكراو لەسەر حسێن هاتفی ئەردەكانی، بازرگانی ئێرانی كە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لەلایەن رووسیاوە لە جەنگی ئۆكراین بەكار دەهێنرێت خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووە. رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ، بڵاویكردەوە "بەرنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە پەیوەند لەگەڵ هەڕەشەكانی دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی چالاكە، ئەم خەڵاتەی دەربارەی حسێن هاتفی ئەردەكانی دیاریكردووە". بەپێی بڕیارێكی دادگا كە ساڵی 2020 دەرچووەو لە كانوونی یەكەمی 2023 بەنهێنی دەرچووە، حسێن هاتفی ئەردەكانی بە یارمەتی پیاوێك كە لە چینە لەڕێگەی كۆمپانیاكەی خۆیانەوە ئەو تەكنۆلۆژیاو پارچانە دەكڕن و دەیگوازنەوە بۆ ئێران كە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكار دەهێنرێت. بەپێی راپۆرتەكە، كۆمپانیایەكی فەرەنسی بێ ئەوەی ئاگادار بێت، تەكنۆلۆژیای گۆڕینی ئانالۆگ بۆ دیجیتاڵی هەناردەی هۆنگ كۆنگ كردووە، بەڵام ئەم پارچەو تەكنۆلۆژیایە لە هۆنگ كۆنگەوە نێردراوەتە ئێران،ئەو تەكنۆلۆژیایەش بەگۆڕانێكی بچووك لە سێ بواریتردا بەكار دەهێنرێت. لەمبارەوە بەرنامەی (خەڵات بۆ عەداڵەت)ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئەوەی خستوەتەڕوو "حسێن هاتفی ئەردەكانی هاوكاری سوپای پاسداران دەكات بۆ دەستپێڕاگەیشتن و دابینكردنی تەكنۆلۆژیای ئاڵۆز كە بەكار دەهێنرێن بۆ دروستكردنی چەك و چۆل و هەروەها یارمەتیان دەدات بۆ فرۆشتنی ئەو چەك و چۆڵانە. حسێن هاتفی ئەردەكانی، یەكێك لەو كەسانە بوو كە 19ی كانوونی یەكەمی 2023 ئەمریكا ناوی خستنە لیستی سزاكانەوە.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند حكومەتی ئەمریكا پەیامێكی گرنگی پێداون. بەرپرسێكی ئەمریكیش دەڵێت وڵاتەكەی و عێراق لەڕێككەوتن نزیكبونەتەوە، بۆ دەستپێكردنی دانوستانی لیژنەی باڵای سەربازی. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە یەكێكیشە لە دوو جێگرەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە " لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووتەوەو نامەیەكی گرنگمان لە حكومەتی ئەمریكاوە بۆ حكومەتی عێراقی پێگەیشت".  وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتوە "نامەكە لەلایەن سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە تاووتوێدەكرێت و هەنگاوەكانی داهاتوو لەسەر ئەو بابەتە دەگیرێتەبەر". بەپێی ئەو زانیارییانەشی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بلاویكردوەتەوەە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو عێراق دەست بەدانوستان دەكەن، سەبارەت بە كۆتایهێنان بەبوونی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ولایەتە یەكگرتووەكان سەركردایەتی دەكات. ئەوەشی خستوەتەڕوو "گفتوگۆكان تایبەت دەبێت بە كشانەوەی هێزەكان و چۆنیەتی گۆڕینی بەپەیوەندی دووقۆڵی كە ئەوەش هەنگاوێكە بەرەوپێشەوە لە ئەنجامدانی پرۆسەكە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی غەزەوە پرۆسەكە دواكەوت".. بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندوە"وڵاتەكەی و عێراق لەڕێككەوتن نزیكبونەتەوە، بۆ دەستپێكردنی دانوستانی لیژنەی باڵای سەربازی كە مانگی ئابی ساڵی  رابردوو راگەیەنرا".

 هاوڵاتی  لەوڵاتی سعودیە یەكەم فرۆشگای فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان دەكرێتەوەو كڕینی خواردنەوە كحولییەكانیش لەفرۆشگاكە لەڕێگەی ئەپێكی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت. بەپێی راپۆرتێك كە ئاژانسی فرانس 24 بڵاویكردوەتەوەو ئاماژەی بەسەرچاوەیەكی ئاگادارو بەڵگەنامەیەك كردوە، بەمنزیكانە یەكەم فرۆشگای فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانە لەڕیازی پایتەختی سعودیە دەكرێتەوەو خزمەتگوزارییەكانی تایبەت دەبێت بە دیپلۆماتكارانی نا موسڵمان. بەپێی راپۆرتەكە، ئەم هەنگاوە بڕگەیەكی گرنگە لە هەوڵەكانی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان كە دەیەوێت سعودیە بەرەو كرانەوە بڕوات بۆ بەرزكردنەوەی گەشتیاری و ڕاكێشانی چالاكییە بازرگانییەكان. ئەوەشخراوەتەڕوو كە بەم نزیكانە دیپلۆماتكارانی نا موسڵمان لە سعودیە دەتوانن خواردنەوە كحولیەكان بكڕن ئەویش لەڕێگەی ئەپێكی مۆبایلەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ وەرگرتنی كۆدێك كە لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیەوە دەتوانن بەدەستی بهێنن و مانگانەش رێژەی خواردنەوە كحولییەكانیان بۆ دیاری دەكرێت. لەبەڵگەنامە بڵاوكراوەكەدا كە ئاژانسەكە پشتی پێبەستوە، ئاماژە بەوەكراوە كە فرۆشگا نوێیەكە دەكەوێتە گەڕەكی دیپلۆماسی لە ڕیاز، كە باڵیۆزخانەو دیپلۆماتكارانی لێ نیشتەجێیەو فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانیش لەو فرۆشگایە سنوردار دەبێت و تەنها تایبەت دەبێت بە كەسانی نا موسڵمان، جگە لەوەش هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دانیشتووانی دیكەی ناموسڵمان ڕێگەیان پێدەدرێت لە فرۆشگاكە خواردنەوەی كحولییەكان بكڕن.  سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پلانەكان ڕایگەیاندوە  پێشبینی دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرگاكانی فرۆشگاكە بكرێتەوە. بۆ خواردنەوەی بەرهەمە كحولییەكان، وڵاتی سعودیە یاسای توند پەیڕەو دەكات و سزاكانیش شەق لێدان و غەرامەكردن و زیندانیكردن و دیپۆرتكردنەوە بۆ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە وەك پەنابەر نیشتەجێن جێبەجێ دەكرێت.

زریان فەرەیدون سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوەو ئەو داوایەشی کەدەیکات بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە. سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند دەستدەکات بەپرۆسەی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان  کەزیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازیان لەعێراقدا هەیە،  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت بەنهێنی داوامان لێکراوە بمێنینەوەو دەنگۆی دەرچوونمان لەعێراق بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە. دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمدا  بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت  کە لەئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئامادەبوونی  چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند «ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكیان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد». لەوەڵامی ئەمەشدا پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هیچ داواکارییەکی حکومەتی عێراقیان پێنەگەیشتووە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان و هیچ پلانێکیشیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کاتێکیش لەلایەن رۆژنامەنووسێکەوە پرسیاری لێکرا کەئایا سوپای عێراق توانای ئەوەی هەیە بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بەرامبەر تیرۆرلەناوچەکە بوەستێ، رایدەر وتی « ئەمە بەڕاستی پرسیارێکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوەڵامی بدەنەوە.» هاوکات  ئاژانسی هەواڵی پۆلۆتیکۆ لەزاری سەرچاوەیەکەوە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە داوای کشانەوەی هێزەکانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان. هێرشەکەی ئەمریکاو بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەكەرتی غەزە، هێرشی گروپ و ملیشیاكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێک كە تەنها لەدوو مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١٠٠ هێرشی جۆراوجۆر لەعێراق و سوریاو هەرێمی كوردستان كراونەتە سەر ئەو هێزانە و پێنتاگۆن دەڵێت ٤١٪ی ئەو هێرشانە لەناوخۆی عێراقەوە بوون ئەمەش پاڵی بەهێزەكانی ئەمریكاوە ناوە تاوەڵامبدەنەوە، یەکێک لەو وەڵامانەش هێرشەکەی ئەمریکا بوو بۆ سەر بەغدا کەهەرایەکی زۆری لەناوخۆی عێراق نایەوە، هەوڵەکانی کردنە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق دووبارە هاتە ناو باسی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن . جێگەی باسە بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی و سەربازیش پێیان وایە دوابەدوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران لەلوبنان و سوریاو یەمەن و كوژرانی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی پریشكی ئاگرەكە لەخۆی، هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگەكە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێكی وەك عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەنی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە. پێشیانوایە، کەئەمریکا عێراق بەجێناهێڵێت و ئێران دەیەوێت عێراق ناچاربکات کەڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراق جارێکی تر دابڕێژرێتەوە.  هەر بەبڕوای چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان، لەئێستادا ئەمریكاو ئێران لەناوخۆی عێراق دەستییانكردووە بەتۆڵەكردنەوە لەیەكتری و ئەگەر بێتو حكومەتی عێراق و دامەزراوەكانی بێلایەنی خۆیان نەپارێزن، ئەوا عێراق دەبێتە چەقێكی هەڕەشەئامێز بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی . هەربۆیە چاودێران پێیان وایە گەر حکومەتی عێراقی بەڕاستی نیازی خۆبەدورگرتن لەئاگری ئەو جەنگە راستەوخۆیەی هەبێت ئەوا دەبێت بەبەهێزی بێتە مەیدان و دەسەڵات و هێزی خۆی پیشانی باڵەکانی سەر بەئێران بدات و سەروەری خاکەکەی لەهەر هێرش و پەلامارێکی ئاسمانی و زەمینی بپارێزێت.  

هاوڵاتی لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی محه‌مه‌د شیاع سودانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ جورف نه‌سڕ و قائیم زیان به‌ سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه‌ ئه‌منیه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت. وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەمریكا پێداگرە لەسەر زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق ،له‌كاتێكدا لێكتێگه‌یشتنه‌كان سه‌باره‌ت ڕۆڵ و ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ڕاوێژكاره‌كانیان هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییان ناوه‌ له‌ڕوی ڕێكخستنه‌وه‌یان له‌ ئاینده‌دا، به‌ڵام ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن ده‌بنه‌ مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌هه‌مو رێكه‌وتنه‌ ئه‌منیه‌كان و بواره‌كانی هاوكاری ئه‌منی هاوبه‌ش". وتیشی، "داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین بەرپرسیارێتى خۆى جێبەجێبکات لە پاڵپشتیکردنى ئاسایش و ئارامى، هەروەها رێ بگرێت لە هەموو ئەو دەستدرێژییانە کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیرى عێراق". ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی گروپی میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە ئێران لە عێراق لە ( جرف سەخر و بابل و ئەنبار) وفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە هێرشەکەى سوپاى ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکەیان لە ئەنبار چەکدارێکیان بە ناوى عەلى ئەنوەر سەبیح ساعیدی کوژراوە. هاوکات، سوپای ئەمریکا لەو بارەوە ئاشکرایکرد، لە وەڵامی هێرشەکانی گروپی میلیشیاییەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق هێرشەکانیان ئەنجامداوە.  

هاوڵاتی ئەمەریکا ئەنجامدانى سێ هێرشى بۆسەر سێ ئامانجى کەتائیبى حیزبوڵا و حەشدى شەعبى راگەیاند و عێراقیش دەڵێت بە ئامانجگرتنی ئەو بارەگایانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا سێ پێگەى کەتایبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گروپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێرشەکەی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکرد. فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا شوێنی مەشقکردنی چەکداران لە سەر هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان کراوەتە ئامانج. یەکێک لە هێرشەکان بنکەیەکى حەشدى شەعبى لە ناوچەى جورف سەخڕ لە پارێزگاى بابل کردوەتەوە ئامانج و هێرشێکى دیکەیش کەتائیبى حیزبوڵاى لە قەزاى قائیم و یەکیک دیکەش لە بارەگاکان کە بۆردومانکراوە، لە دەروازەی ترێبیلی لە ڕۆژئاوای ئەنبار بووە جێگەیباسە ئەمە یەکەم جارە کە ئەمریکا بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوماندەکات لە ناوچەیەک کە هاوسنورە لەگەڵ ئوردن. هاوکات ،بەگوێرەى ئەو زانیارییە بەراییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێکى حەشدى شەعبی کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن. دوای ئەنجامدانی هێرشەکانیش لۆید ئۆستین وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕایگەیاند، "به‌ ڕێنمایی جۆو بایدن، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا هێرشی پێویست و ڕێژه‌یییان ئه‌نجامدا بۆ سه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ كه‌ میلیشیای كه‌تایبی حزبوڵای سه‌ر به‌ ئێران و گروپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق به‌كاریان ده‌هێنن". باسی لەوەشکرد،" کە ئەو هێرشانە وه‌ڵامێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ زنجیره‌یه‌ك هێرش له‌ دژی كارمه‌ندانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌". هاوکات  قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراقیش رایگەیاند؛ بە ئامانجگرتنى بنکەکانى حەشدى شەعبى لە قائیم و جورف سەخر دەستدرێژیی و شکاندنى رونى سەروەریی عێراقە. دەشڵێت: ئەم هێرشانە یاریدەدەرى هێورکردنەوەى دۆخەکە نین و پێویستە لەجێی ئەم هێرشانە بۆسەر دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق؛ ئەمەریکا هەوڵى وەستاندنى هێرشەکانى ئیسرائیل بدات لە غەززە.  

هاوڵاتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکرد، کە نەتەوەیەکگرتووەکان پارەیەکی زۆری لە دەوڵەتە هاوکارەکانی عێراق وەرگرتووە، کە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارە ئازادکراوەکانی دوای چەتەکانى داعش هاتووە، کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە و ئەو پارەش بە هەدەر دراوە.  ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2024، ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تۆمەتبار کراوە بە گەندەڵی لەو وڵاتە ویەکێک لەو بەرنامانەی یووئێنی لەسەر تۆمەتبار کراوە، پەیوەست بووە بە کارێکی رێکخراوی یووئێن دی پی و تایبەت بووە بە سندووقی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری. جێگەیباسە ئەو بەرنامەیە ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2015 دەستیپێکردووە و 1.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و لەلایەن 30 وڵاتەوە پارەکەی بۆ کۆکراوەتەوە ئەو ڕۆژنامەیە دەڵێت بەشێکی زۆری ئەو پارانە بەهەدەر دراون. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، بۆ هەر گرێبەستێکیش کە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە راگەیێندراوە، ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەسەدا 15ی بەهای گرێبەستەکانیان کردووە، لە بەرامبەردا ستافەکە، هاوکاری بەڵێندەر و بازرگانەکانیان کردووە بە سیستمە ئاڵۆزە چاودێرییەکەی یوئێندا دەرباز ببێت و گرێبەستەکان بەدەستبهێنن. یەکێک لە بەڵێندەرەکان بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە، "هیچ کەس بێ پارەدان گرێبەست بەدەست ناهێنێت، لەم وڵاتە بێ پارەدان هیچ شتێکت دەستناکەوێت، نە لە حکومەت و نە لە UNDP". هاوکات کارمەندێکی یوئێن دی پی رایگەیاندووە، مامەڵەکانی نێوان بەڵێندەران و کارمەندانی یووئێن، زیاتر بە زارەکی بووە و لەسەر کاخەز نەبووە، بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نەبێت و هەندێجاریش کەسانی باڵادەستی عێراقی وەکو نێوەندگیر سوودیان لێوەرگیراوە و یەکێکیش لە کارمەندەکانی یوئێن دەڵێت، "لایەنی سێیەمیش لەو مامەڵەیەدا پشکی هەیە".  لەبارەی ئەو تۆمەتانەشەوە، رێکخراوی یووئێن دی پی رایگەیاندووە، "رێکخراوەکە میکانیزمی تۆکمەی نێوخۆیی هەیە کە رێگریی لە هەر کارێکی گەندەڵی یان کاری نایاسایی دەکات یانیش زوو ئاشکرایان دەکات". راشیگەیاندووە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بە جیدی وەردەگرێت و "هیچ لێبووردەیی نییە بەرامبەر بە بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵی". 

هاوڵاتی  ئەمڕۆ سێشەمە 23ی كانونی دووەمی 2024، رۆژنامە ئیسرائیلییەكان وردەكاری تەقینەوەكەی دوێنێی ناوچەی مەغازی ناوەڕاستی غەزەیان خستەڕوو كە لە ئەنجامدا 21 ئەفسەرو سەربازی ئیسرائیلی تێدا كوژران. لە وردەكارییەكەدا هاتووە"دوابەدوای ئەوەی سەربازە یەدەكەكانی لیوای 261ی سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو ناوچەی مەغازی لە ناوەڕاستی غەزە، لەسەر داوای سوپا لەگەڵ یەكەی ئەندازیاری دەستییانكردووە بەبۆمبڕێژكردنی 10 بینا بەمەستی تەقاندنەوەیان، بەڵام پێش تەواوبوون لە ئەركەكەیان، چەكدارەكانی حەماس  دووگولە ئاربیجیان ئاڕاستەكردوون". میدیا ئسرائیلییەكان ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە "گولەی یەكەم بەر تانكێكی جۆری میركافا كەوتووەو لە ئەنجامدا دوو سەرباز بریندار بوون، گولەی دووەمیش ئاڕاستەی بینایەكی بۆمبڕێژكراو كراوەو لە ئەنجامی كارابوونەوەی تەقەمەنییە چێنراوەكانی ناو بیناكە، دوو بینا بەسەر سەربازەكاندا رووخاوە". دوابەدوای داڕووخانی دوو بیناكەش، یەكەی فریاكەوتنی 669 بە درێژایی شەوی رابردوو خەریكی گەڕان بوون بەدوای تەرمی سەربازە كوژراوەكاندا. دوای روداوەكەش، وتەبێژی سووپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند"ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپای ئیسرائیل، هەر لەسەرەتای دەستپێكی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا گەیشتۆتە 200 سەرباز و 2665 سەربازی دیكەش بریندار بوون". لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە"لەبارەی رووداوەكەوە سوپا دەستی بەلێكۆڵینەوەیەكی  ورد كردووە". ئەوەشی نوسیوە "وڵاتەكەی تا كۆتایی هێنان بەبزووتنەوەی حەماس بەردەوامی بەجەنگەكە دەدات". جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی2023، سوپای ئیسرائیلی هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر كەرتی غەزەی مۆڵگەی سەرەكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستپێكردووەو بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە غەزە، زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی كوژراون و بەهەزارانی دیكەش بریندار بوون".