هاوڵاتی لەم چەند رۆژەی رابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئەوەی هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمریکی بە ئامانج بگرێت، بە مووشەک هێرشی کردە سەر 3 ووڵاتی دراوسێی خۆی کە بریتین لە "عیراق و سوریا و پاکستان" و بە بڕوای چاودێران ئێران نایەوێت کێشە و ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ ئەمریکا لەوە زیاتر گرژی بە خۆیەوە ببینێت. بە بڕوای چاودێران ئێران سەرەرای ئەوەی بەبەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا بە ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکات بەڵام  لە ئێستادا خۆی لە هەموو جۆرە روبەروبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا بە دوور دەگرێت و ئەو ناوچانە دەپێکێت کە لە بنکە و بارەگاکانی سوپای ئەمریکییەوە دوورن. کاروکاردانەوەکانی سێ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران هێرشەکان لە درەنگانیکی شەوی دووشەمە و نیوەرۆی سێشەمە ئەنجامدران بەم جۆرە: یەکەم/ تاران بە بیانووی بوردومانی بارەگای چەکدارە تیرۆریستییەکانی داعش بە چوار مووشەک شاری ئیدلیبی سوریای بوردومان کرد. لەدوای بوردومانەکەش سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند : ئەم هێرشانە لە تۆڵەی کوژراوەکانی دوو تەقینەوەیکەی شاری کرمان ئەنجام دراون و لەو بوردومانانە بارەگای بەرپرسە سەرەکییەکانی ئەو کارە تیرۆریستییەی کرمان کراونەتە ئامانج. دووەم/ تاران بە بیانووی خاپورکردنی بنکە ئیسرائیلییەکانی ناو هەرێمی کوردستان بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر. دوبەدوای هێرشەکانی هەولێر، عیراق سەفیرەکەی خۆی لە تاران بۆ راوێژ بانگێشتی بەغداد کرد و مەسروربارزانیش لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە داڤۆس رایگەیاند : وەڵامی ئەم هێرشانە دەدەینەوە، هەروەک چۆن قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە. سێیەم / دوای ئەو دوو هێرشەش ، ئێران بە موشەک و دروون پەلاماری دوو بارەگای " سوپای یەکسانی – جیس العدل"ی لە پاکساتاندا ، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری بەلوچی ئێرانین  و هەوڵی جیاکردنەوەی سیستان و بەلوچستانی دەدەن لە ئێران . ئێرا ن خۆی بە دوور دەگرێت  لە کووشتنی سەربازە ئەمریکییەکان لەم بارەیەوە "ویژدان ئەبدولرەحمان"ی پسپۆر لە کاروباری ئێراندا ، هۆکاری خۆبەدوور گرتنی ئێران لەو روبەروبوونەیە خستە روو و وتی : " ئاشکرایە کە کاردانەوەو وەڵامەکانی ئێران بۆ واشنتۆن وورد و خوێندراوەن ، بەجۆری کاردانەوەکانی کوژرانی هیچ ئەمریکییەکی لێ ناکەوێتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بە بیانووی بوونی بنکەی سیخوری "مۆساد" لە هەولێردا ، هێرشی کردە سەر ئەو شارە ، و لە هەمنکاتیشدا هێرشی کردە سەر ئیدلیب لە سوریا،  تا بەو جۆرە لەلایەک شکستەکانی خۆی پەردەپۆش بکات ، لەلایەکی دیکەوە هێز و توانای خۆی لەبەر دەم لایەنگر و پشتیوانەکانی نمایش بکات ،بە تایبەتیش دوای کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە سوریا و چەند فەرماندەیەکی سەربازی حزبوڵای لووبنانی لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە  ". لەلایەن خۆیەوە "فراس ئەلیاس"ی پسپۆر لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ، هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی "عەبدولرەحمان" و پێی وایە کە ، بەبەردەوامی ئێران هەوڵ دەدات بەجۆری وەڵام بداتەوە کە زۆر لەسەری  نەکەوێت و وەڵامەکانی نەبێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر خۆی ، بۆ ئەمەش عیراق باشترین شوێنە بۆ ئەو پەرچەکردار و وەڵامانەی عیراق و بەم جۆرە خوێندنەوە بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات: یەکەم / ئاماژەیە بۆ دەستگیرۆدەیی ئێران لە بەرامبەر روبەرونەوەی راستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و لە هاوسەنگ راگرتنی هێز. دووەم/ هێرشەکانی ئێران ئەوە دەردەخەن کە ئەو وڵاتە توانای فراوان کردنی بازنەی جوگرافیایی روبەروبونەوەکانی نییە و خاکی عیراق بۆ دەرچوون لەو قەیرانە بە کار دینێت. سێیەم/ سەبارەت بەو هێرشانەش کە گروپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو خاکی عیراق لە دژی بنکەی هیزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامی دەدەن ، دەچنە چوارچێوەی ستراتیژی یەکگرتنی مەیدانەکانی روبەروبونەوە و ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانەش ئیستینزافی هێزەکانی دوژمنە ،  نەک سەرکەوتنیکی یەکجارەکی بە سەریاندا و سەرقاڵ کردنی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە تا بەو جۆرە نەپرژنە سەر ئێران. چوارەم/ ئاشکرایە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندی سوپای قودس لە ساڵی 2020 ، ستراتیژییەتی یەکگرتوویی مەیدانەکانی روبەروبوونەوە بە هۆی نەبوونی کەسێکی کاریگەری وەک قاسم سلێمانی ، فشارەکانی خۆی لە دەست داوە. لەناو بردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەلایەن خۆیەوە "عارف باوەجانی" ،سکرتێری حزبی سەربەستی کوردستان ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ،جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو بیانووەکانی ئێران سەبارەت  بە بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لەناو هەرێمی کوردستان درۆیەکی گەورەیە و مەبەستی سەرەکی هیرشەکان بریتین لە : یەکەم/ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ،تا بەو جۆرە ئەم ئەزموونە بۆ ناو کوردستانی ئیران(ڕۆژهەڵات) پەل نەهاوێت. دووەم/ ئێران وەک دوژمن لە هەرێمی کوردستان دەروانێت و پێی وایە رەنگە لە داهاتوودا ئەمریکا خاکی هەرێم بۆ هیرش کردنە سەر ئێران بەکار بهێنێت. سێیەم/ ئیران بوونی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی لەسەر خاکی هەریمی کوردستان ، بە هەرەشەیەک دەزانێت بۆ سەر باری ئاسایشی خۆی . لە ماوەکانی پێشوودا عیراق بەمەبەستی ریگری کردن لە هیرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی بە بیانووی بوونی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارییانە ، ڕێکەوتنیکی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا بەست و ئەو هێزانەی لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئیران دوور خستەوە. بە پێی وتەی لیژنەی باڵای رێکەوتنە ئەمنییەکەش، هەموو بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانە لەسەر سنووری ئێران دوور خراونەتەوە.

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ کەناڵی "سی ئێن ئین" ی ئەمریکی بوونی بنکە و بارەگاکانی ئیسرائیلی لەناو هەرێمی کوردستان رەت کردەوە . هەرەوەها ئەوەشی ووت: کە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەسەر خاکی عیراق رەنگی داوەتەوەو لەبەر ئەوەی ئێران توانای هێرش کردنە سەر ئیسرائیلی نییە ، ئەوا لە چوار دەوری خۆی بە دوای قوربانییەکدا دەگەرێت و هەرلەبەر ئەمەش هێرشی کردە سەر هەولێر و عیراقییەکان باجی ئاڵوزی و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە دەدەن. هەروەها وەزیری دەرەوەی عیراق بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد و وتی : سەرجەم قوربانییەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کوردی عیراقی بوون . لە درەنگانێکی شەوی 15 لەسەر 16 ی یەکی 2024دا ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی خاپوورکردنی بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بە چەند مووشەکێکی بالیستی زیرەکی جۆری "خەیبەرشکێنی 3" هێرشی کردە سەر هەولێر و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی گیانیان سپارد و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. دوای هێرشەکانیش وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر ، نامەیەکی نارەزایی و شکایەتییان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد

هاوڵاتی ئەمشەو بە مووشەکی دوورهاوێژ دوو بارەگای گرووپی چەکداری جەیشولعەدلی لە پاکستان بوردوومان کراوە. ناوەندەکانی هەواڵی کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند شەوی سێ شەممە ١٦-١ هێرشیان کردۆتە سەر دوو بنکەی جەیش العدل لە پاکستان و لە ناویان بردووەهاوکات بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئیرنا، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی جەیش العدل . ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :" ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج ، ناوچەیەکە بە ناوی کێوی سەوز لە بەلووچستانی پاکستان کە یەکێک لە گەورەترین بنکەکانی جەیش العدل لەو ناوچەیەیە. هیچ زانیارییەک دەربارەی زیانە گیانیەکانی ئەم هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەشی فارسی ماڵپەڕی BBC لەم بارەوە نووسیویەتی کە بە هۆی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل ٦ کەس لە نزیک شاری پەنجگوور بریندار بوون. چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی ١٠-١ -٢٠٢٤ هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری راسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و جەیش العد بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی گرتە ئەستۆ. ئەم هێرشەی سەر خاکی پاکستان دوای هێرشەکانی دوێنێی شەوی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سووریا دێت، دوێنێ شەو، سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی لە دژی هەولێر ئەنجامدا، بەپێی قسەی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ١١ موشەک ئاڕاستەی هەولێر کراون، چوار موشەکیان لە کرماشان و حەوت مووشەکەکەی تر لە ئازەربایجانی شەرقییەوە ئاراستە کراون. هەر دوێنێ شەو سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی لە دژی بارەگاکانی چەتەکانی داعشی لە سووریا ئەنجامدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، هێرشەکەی سووریا وەک تۆڵەی تەقینەوەکەی پارێزگای کرمان ئەنجام داوە.

هاوڵاتی کاربەدەستێکی ئەمەریکی  ڕایگەیاند "لە سێیەم هێرشدا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن  ئەمڕۆ سێسەممە توانرا بنکەیەکی موشەکی دژە کەشتی حوسییەکان تێکبشکێنرێت" هێرشەکەی ئەمریکا دوای ئەوە هات ئێوارەی ئەمڕۆ دوبارە هێرشکرایەوە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە لایەن ئەو گروپەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشگیری دەکرێن. ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری کاربەدەستێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند  ئەمشەو ١٦/١/٢٠٢٤  هێزەکانی ئەمریکا لە وڵامی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی یۆنان هێرشی موشەکییان بۆ سەر ئەو گروپە ئەنجام داوەو وتیشی هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر هێرشەکەی ئەمەریکا نییە بەوپێیەی هێشتا ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا نەکراوە. ئەم هێرشە لە کاتێکدا هات کە حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە موشەکییەیان ڕاگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ  بۆ سەر کەشتی بار هەڵگری بەکۆمەڵی زۆگرافیا لە دەریای سوور ئەنجامیاندا ، کەشتی (زۆگرافیا) کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ وڵاتی یۆنان ئەگەڕێتەوە، ٢٤ کەسی لەسەر بووەو لە ڤیەتنامەوە بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتووە. ئەم هێرشەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتی زۆگرافیا ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای هێرشە گەورەکەی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر گروپەکە لە ڕۆژی هەینیدا کە زیاتر لە 60 ئامانجیان لە 28 شوێنی جیاواز پێکا و بۆردومان کرد، بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور کۆتای نەهاتووە. سەبارەت بە هێرشەکە وتەبێژی سەربازی حوسییەکان جەنەڕاڵ یەحیا ساری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە دەستەی کەشتییەکە ڕەتیان کردۆتەوە وەڵامی ئاگادارییەکان بدەنەوە کە بۆیان نێردراوە سەبارەت بە گەشتکردنیان بۆ بەندەرێکی ئیسرائیل. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە کەشتییەکە کەلوپەلی بۆ ئیسرائیل گواستۆتەوە ڕایگەیاند کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانیەوە بەڕێوەدەبرێت، هیچ بارێک لەسەر کەشتییەکە نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەرکەوتووە.وتیشی ئەو تیمەی لەسەر کەشتییەکە بوون لە 20 ئۆکرانی و سێ فلیپینی و یەک هاوڵآتی جۆرجی پێکهاتووە. هاوکات  ئاژانسی Associated Pressیش ڕایگەیاند  کە کەشتی زۆگرافیا هێشتا لە جووڵەدایە دوای هێرشەکەی کراوەتە سەری.  

هاوڵاتی لە درێژەی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦-١-٢٠٢٤ دوبارە هێرشییان کردەوە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوور. ئاژانسی هەواڵی روەیتەرز ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ لە زاری سێ سەرچاوەی کەشتیوانییەوە باسی لەوە کرد کە کەشتی ( فلەیبەر زۆگرافیا) بێ ئەوەی باری لەسەر بێت لە دەریای سوورەوە بەرەو باکوورگەشت کردووەو لە لایەن حووسیەکانەوە کراوەتە ئامانج. هاوکات بە وتەی سەرچاوەیەکی کەشتیوانی یۆنانیش، کەشتی (زۆگرافیا) کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ وڵاتی یۆنان ئەگەڕێتەوە، ٢٤ کەسی لەسەر بووەو لە ڤیەتنامەوە بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتووە. ئێمبری، کۆمپانیای کارناسی و کارگێڕی دەریاوانی بەریتانی، لەمبارەوە وتوویەتی کە کەشتی فلەیبەر کە کەشتییەکی یۆنانییەو بە ئاڵای وڵاتی ماڵتەوە لە هاتووچۆدا بوو، لە کاتی رەتبوون لە دەریای سوور لە باکووری رۆژئاوای بەندەری ئەلسەلیف لە پارێزگای حەدیدەی یەمەنەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج. رۆژی دووشەممەش ١٥-١ ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند حووسییەکان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ئەکرێن بە مووشەکی بالستیکی دژە کەشتی هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئەمریکایی کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە. سێنتکۆم باسی لەوە کرد ئەم هێرشە کاتژمیر ٤ی دوای نیوەڕۆی دووشەممە بە کاتی یەمەن بووەو زیانی گیانی نەبووە.  وتیشی کە کاتژمیر ٢ی دوانیوەڕۆ بە کاتی یەمەن، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی بخەنە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکی بارهەڵگر هاوێژرابوو. لەم پەیوەندەدا بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٢-١-٢٠٢٤ دوای چەندجار ئاگادار کردنەوەی حووسییەکان لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیانەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا  بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر بنکە و شوێنەکانی حووسییەکان و بە پێی ئەو زانیارییانەی کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێنی کە لە لایەن حووسییەکانەوە بە کار دەهێنران کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە. ئەم هێرشانەی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دوای ئەوە هات کە حووسییەکان بەردەوام بوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و بازرگانی ئەو ناوچەیان خستبووە مەترسییەوە. حووسیەکان گرووپێکی چەکداری زەیدی سەر بە ئێرانن و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ئەکرێن

هاوڵاتی  سوپای پاسدارانی ئێران لەدوای هێرشەكانی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام زانیاری ناو راگەیەنراوەكان دژبەیەك و ناكۆكن. سوپای پاسدارانی ئێران لە 12 كاتژمێری دوای هێرشەكەی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردوەتەوە، راگەیەنراوی یەكەم و سێیەمیاندا كە تایبەتن بە هێرشەكەی سەر هەولێر. لەڕاگەیەنراوی یەكەمدا سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت " هێرشەكەی هەولێر لەكاردانەوەی هێرشەكەی كرماندا ئەنجامدراوە و بنكەی سیخوڕیی و كۆبوونەوەی دژبەرانی ئێرانی تێدا كراوەتە ئامانج". بەڵام سوپای پاسداراندا لەراگەیەنراوی سێیەمیدا ئەوەی خستوەتەڕوو " ئەو شوێنانەی لە هەولێر بەئامانجیان گرتوون، بنكەی سەرەكی هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە مۆسادیان تێدا بووە  بەموشەكی بالیستی كراونەتە ئامانج، هێرشەكەش لەكاردانەوەی كوژرانی سەركردەكانی سوپای پاسداران و بەرەوی مقاوەمەدا ئەنجامدراون".

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هێرشەكەی سەر هەولێر لەچوارچێوەی بەرگریكردندایە لە سەروەری و ئاسایشی ئێران و بەهەموو توانای زانیاری و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنێكی وردو ئامانجداردا شوێنی نەیارانمان كردە ئامانج. ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "هەنگاوەكانی شەوی رابردوو لە پێناو بەرگری لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵات بووەو هێرشەكان بەشێك لە سزای ئێرانە بۆ تێكدەرانی وڵات". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی وتوە "ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بووەو بەمافی یاسایی و شەرعی خۆمانی دەزانین رووبەڕووی سەرچاوەكانی هەڕەشە ببێتەوە".  

هاوڵاتی  ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بۆ لێكۆڵینەوەكانیان لەبەغداوە بەرەو هەولێر كەوتنەڕێ. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر پێكبهێنرێت و دوای بڕیارەكەش قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەسەرۆكایەتیی لیژنەیەكی ئەمنی بەرەو هەولێر بەڕێكەوت بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكیدا ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند"حكومەتی عێراق ئیدانەی خۆی بۆ دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەردەبڕێت، كە بۆردومانكردنی شوێنە سەلامەتەكانی نیشتەجێبون بە موشەكی بالیستیك دەكرێت،  لەئەنجامیشدا بوە هۆی زیانی گیانی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا". ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەبەرچاوگرتنی ئەو وێرانكارییەی كە بەهۆی بۆردومانەكەو كەوتنەوەی ژمارەیەك قوربانی بێتاوان لە ئەنجامی بۆردومانی شوێنەكانی نیشتەجێبون، لەوانەش شوێنی نیشتەجێبونی سەرمایەداری كورد پێشڕەو دزەیی و ئەندامانی خێزانەكەی، حكومەتی عێراق ئەم هەڵسوكەوتە بەدەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق و زیانگەیاندن بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەكە دەزانێت". "هەموو ڕێوشوێنە یاساییەكان بەرامبەر بە ئێران دەگیرێتەبەر، لەوانەش پێشكەشكردنی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.     

هاوڵاتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی یەكەم كۆبوونەوەكانی دەستپێكردەوەو رایگەیاند بەم زوانە بودجەی 2024 دەگاتە لیژنەكە و بە خێرایی كاروبارە پێویستە یاساییەكانی بۆ ئەنجام دەدرێت و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت. نوسینگەی راگەیاندنی عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی بڵاویكردەوە ئەمڕۆ 15ی كانونی دووەمی 2024، لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی دەستی بەكۆبونەوەكانی كردوەتەوەو لە یەكەم كۆبونەوەشیدا گفتوگۆیان لەبارەی كۆمەڵێك بابەتەوە كردوە. لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆیدا لیژنەی دارایی پرسی پێداچونەوەی بە كاری لیژنەكە لە وەرزی یاسادانانی پێشوو دیاریكردنی پێشەنگییەكانی قۆناغی داهاتو بەپێی بەرنامەی وزاری تاووتوێ كردوە. بەپێی راگەیەنراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە "بەمزوانە بودجەی 2024 دەگاتە لیژنەكەو بە خێرایی كاروبارە پێویستە یاساییەكانی بۆ ئەنجام دەدرێت و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان". "پارەی زیاتریان بۆ پارێزگاكان دابین كردوە لەپێناو جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان، چونكە پێویستە كار لەسەر نەهێشتنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان بكرێت" راگەیەنراوەكە وا دەڵێت.     

هاوڵاتی ئەبوو عوبێدە وتەبێژی حەماس دوای چەند هەفتە دیار نەمان، دوێنێ یەکشەممە ١٤-١-٢٠٢٤ لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دەرکەوتوو ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆری بارمتەکان لە هەفتەکانی رابردوودا پێدەچێت کوژرابێتن. وتیشی، هێرشە یەک لەدوایەکەکانی ئیسرائیل هۆکاری ئەو دۆخەی بارمتەکانن و دەشڵێت ئەو بارمتانەی کە ماوەن بەردەوام مەترسیان لەسەرە. وتەبێژەکەی حەماس لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوەشکرد کە :" هەرجۆرە وتووێژێک پێش راگرتنی هێرشی سەربازی ئیسرائیلییەکان بێ کەڵکە". ئەم وتانەی وتەبێژی حەماس لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێشتا ١٣٦ کەس لە بارمتەکانی حەماس و هێزە هاوپەیمانەکانی حەماس هێشتا لە کەرتی غەزەدان. لە ناو بارمتەکاندا کەسانی بەتەمەن و ژن و مناڵی تێدایە. لەوانە خاتوو شیری بی باس و دوو مناڵە ساواکەی کە هێشتا بارمتەن لای حەماس، حەماس پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەم دایک و ٢ منداڵەڵە مردوون، بەڵام ئیسرائیل هەواڵی مردنیانی  پشتڕاست نەکردۆتەوەوهەواڵی مردنیان ڕەتدەکاتەوە. ئەبوو عوبێدە لە بەشێکیتری قسەکانیدا وتی، هێرشی رۆژی ٧-١٠-٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامێک بووە بۆ ١٠٠ ساڵ کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی ئێمە لە لایەن داگیرکەرو هاوپەیمانەکانییەوە. رۆژی ٧-١٠-٢٠٢٣ حەماس بە شێوەی کوتوپڕ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو هێرشەدا ١٢٠٠ کەس کوژران و ٢٤٠ کەس بە بارمتە گیران. دوای ئەم رووداوە ئیسرائیلی هێرشی بەربڵاوی خۆی بۆ سەر کەرتی غەزە دەستپێکرد و تا ئێستا نزیک بە ٢٤ هەزار کەس کوژراون کە بەشی زۆریان ژن و مناڵن.

هاوڵاتی سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەهەمانكاتی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بدرێت و نابێت هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا ببێتە هۆی دواكەوتنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم. دادوەر جاسم محەمەد عەبود ئەلعەمیری سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند "لە ئێستادا دادگا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە كۆمەڵێك دۆسیە، لەوانە پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كە پرسێكی زۆر گرنگە". وتیشی‌ "دەستووری عێراق لە مادەی 14دا دووپات كردووەتەوە كە دەبێت عێراقییەكان لە مافدا یەكسان بن، ئەم یەكسانییەش ئەوە دەخوازێت كە مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، لەڕووی بڕە پارەو كاتەوە بەهەمان شێوەی ئەو مووچەیە بێت كە هاوتاكانیان لە ناوچەكانی‌ تری‌ عێراق وەریدەگرن". "پێویستە فەرمانبەرێك لە زاخۆ هەمان مامەڵەی فەرمانبەرانی بەغداو تا بەسرەی لەگەڵ‌ بكرێت، چونكە مووچە ئەو بڕەیە كە بژێوی خەڵك مسۆگەر دەكات و كەرامەتیان دەپارێزێت، ناكرێت رێگە بدرێت مووچە دوابخرێت" سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق وا دەڵێت. ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە پابەندنەبونی‌ حكومەتی‌ هەرێم بەو مادەو بڕگانەی‌ لە یاسای‌ بودجەدا هاتووە، نەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی‌ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم موچەكانیان دوابخرێت، چونكە ئەوان بەشێكن لە گەلی‌ عێراق". وتیشی‌ "دەبێت حكومەتی فیدراڵی كار بكات بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و ئێمە ئەمە بەئەركێكی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و مرۆیی دەزانین". سەرۆكی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ راشیگەیاند كە "نابێت هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا ببێتە هۆی دواكەوتنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم و پێویستە ئەو دوو لایەنە بگەنە چارەسەرێكی ریشەیی".  

هاوڵاتی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمی " ئەمریکییان راگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی" خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری وردن لەبارەی بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و شوێنی شاردنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە ئیسرائیل. لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایم" هاتووە کە بە بڕوای دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " یەحیا سنوار" لە ناو قووڵترین تونیلەکانی خان یونسدا لە باشووری غەزە خۆی حەشار داوە و دەستنیشانکردنی شوێنەکەی کاریکی ئاسانە ،بەڵام دەستگیر کردن یا کووشتنی لەبەر ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی لەدەوری خۆی هێشتۆتەوە کارێکی ئاڵۆز و سەختە  . هەروەها سەرچاوەکان ئەوەشیان بە رۆژنامەکە راگەیاندووە ، کە دوابەدوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ، جەیک سۆلیفان ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە ڕێی نووسراوێکەوە فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کردووە کە بە مەبەستی دەستنیشان کردن و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس ، تیمیکی تایبەت دروست بکەن . لەلایەکی دیکەوە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە پلە دووەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چالاکی و بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیە دانانێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جێگرەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بە ئامانج گرتن و لەناوبردنی فەرماندە و بەرپرسە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیە ، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بزووتنەوەکە و بێهێزکردنی باڵە سەربازییەکەی ، بە تایبەتیش گەر بێتو ئیسرائیل بتوانێت "یەحیا سنوار" یان "موحەمەد زەیف"ی بەرپرسی باڵی سەبازی بزووتنەوەی حەماس دەستگیربکات یان بکوژێت. هەروەک چۆن ئەمریکا لەبارەی کووشتنی "ساڵح ئاروری" جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، ئەوەی رەتکردۆتەوە هیچ جۆرە زانیارییەکی هەواڵگیری لەبارەی شوێنی مانەوەی ناوبراوەوە بە ئیسرائیل دابێت. هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەرپرسیکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر نەکراوە ، بەڵام رەنگە زانییارییە هەواڵگرییەکی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باس بێت بۆ ئەو مەبەستە . بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار چەکدار دەبن و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ،ئیسرائیل بە ئەمریکای راگەیاندبوو کە پێیان وایە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بزووتنەوەکە ، سێ بەشی ئەو چەکدارانەیان کووشتووە. لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیلی و لە ئەنجامدا بە دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی بە بارمتە گرت و دەیانی دەیانی دیکەشی لێکووشتن ، دوابەدوای ئەو پەلامارەش سووپای ئیسرائیلی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەزەی مۆڵگەی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد و رایگەیاند ، تا کۆتایی هینان بە بزووتنەوەی حەماس جەنگەکە بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هاتوە و سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دەچنە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنەکەوە و كاندیدێكى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش كشایه‌وه‌. كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌نگدان بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ستى پێكردو هه‌ریه‌كه‌ له‌ سالم عیساوى، شعلان كه‌ریم، مه‌حمود مه‌شهه‌دانى، ته‌لاڵ زوبه‌یعى و عامر عه‌بدولجه‌بار خۆیان كاندیدكردوه‌. ناوبراو ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌رى له‌ پرۆسه‌ى خۆكاندیدكردن كشاوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ى ده‌نگدان كۆتایی هاتوه‌. هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن میدیا عێراقییەکانەوە بڵاوکراوتەوە، لە ئێستادا لە کۆی شەش کاندید تەنها دو کاندید چونەتە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بریتین لە سالم عیساوی سەر هاوپەیمانی سیادە و مەحمود مەشهەدانی سەر بە هاوپەیمانی عەزم. بەپێی سیستمی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، لە گەڕی یەکەم پێویستبو یەکێک لە کاندیدەکان 165 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام هیچ کام لە کانیدەکان ئەو ریژە دەنگەیان بەدەستنەهێنا، لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەکە هەر کاندیدێک دەنگی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ناوه‌راستى مانگى 11ى ساڵى رابردوو محمد حه‌لبوسى به‌بریاى دادگاى فیدڕاڵى و له‌سه‌ر سكاڵاى په‌رله‌مانتارێكى كوتله‌كه‌ى خۆى له‌مافى ئه‌ندامیه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بێبه‌شكرا.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆبێتەوەو سێ كاندیدیش كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەمی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆدەبێتەوە، لەوبارەیەوە موعین كازمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند"تا ئێستا لەناو ماڵی سوننە رێككەوتنی سیاسی لەسەر كاندیدێكی گشتگیر بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە". "مەرج نییە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە حزبی تەقەدوم بێت كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانی عەزم مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازكردووە و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی ئەو كاندیدە دەكات" موعین كازمی وا دەڵێت. شەعلان كەریم كاندیدی حزبی تەقەدومی حەلبوسییە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و تەڵاڵ زوبێعـیش وەك كاندیدی سەربەخۆ كێبڕكێ بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكات.  

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیا بۆ سه‌ر حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌كه‌ن و فراوانکردنی بازنەی بەئامانجگرتن، کێشەکان چاره‌سه‌ر ناکه‌ن، بەڵکو دەبێتە هۆی فراوانبونی مەودای شەڕەکە. له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌ریكرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشه‌، رایگه‌یاندوه‌: فراوانکردنی ناوچەکانی شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکەن، چارەسەر ئەوەیە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێک بدات بۆ راگرتنی هێرش و داگیرکاری لە فەلەستین. ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ بێبایەخکردنی تەواوەتی بانگەوازەکان بۆ وەستاندنی شەڕ، کە تەنانەت لەلایەن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسەوە جەختی لەسەر دەکرایەوە، هەڵسوکەوتی شەڕانگێزی داگیرکەر بەردەوام بو، لەپشتەوە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوایی وەستاون و پێداگرن لەسەر پشتیوانیکردنی شەڕی قڕکردن دژی فەلەستینییەکان". له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌، "چارەسەر ئەوەیه‌ کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بەرپرسیارێتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها بڕیارنامەیەک دەربکات بۆ وەستاندنی شەڕی شەڕانگێزانە و دڕندانە دژی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە". هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن، کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی شەش کەسی لێکەوتەوە، له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشه‌ش له‌لایه‌ن چین و روسیا و ئێرانه‌وه‌، 10 وڵات به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌دژی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌ركرد. هاوكات هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئوسترالیا و به‌حره‌ین و كه‌نه‌دا و دانیمار و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا و نیوزلاند و كۆریای باشوور له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌سه‌ر وه‌شاندنی گورزه‌كان له‌ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ده‌ركرد و ده‌ڵێن: " به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌رگریكردن له‌ گرنگرینی رێره‌وی ئاوی له‌ جیهاندا".   له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا به‌ پشتیوانیی هۆڵه‌ندا و كه‌نه‌دا و به‌حره‌ین و ئوسرالیا گورزیان له‌ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن وه‌شاندوه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌رگریكردنی تاك و به‌كۆمه‌ڵ له‌ خودی خۆمان.