هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی لوبنانییەوە رایگەیاند "شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر فێرگەی راهێنانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنان لە گوندی (جەنتا) هاوسنوور لەگەڵ سوریا". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شاری "سەفرا" نزیک شاری " بعلبک" لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێر دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی " هێرمیس"یان لە ئاسمانی لوبنان خستۆتە خوارەوە. حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەر شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمسی ٩٠٠یان خستۆتە خوارەوە.

هاوڵاتی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجام دراوە. ئەمڕۆ شەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٤ فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجامدراوە، هەروەها لەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشانەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات ١٨ چەكداری داعش كوژراون و ٦٣ کەسی دیكەش برینداربوون". ئەوەشخراوەتەڕوو، ٦٦ ئۆپەراسیۆن لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدراوە و ١١ چەكداری داعش كوژراون و ٣٦ چەكداری دیکەش دەستگیركراون، هەروەها ٢٨ ئۆپەراسیۆنیش لە سوریا ئەنجامدراوە و حەوت چەكداری داعشیش كوژراون و ٢٧ی دیكەش دەستگیركراون.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ ناوچەی حه‌یفای ئیسرائیل. لە بەیاننامەیەکدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاشکرایکرد، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2024 له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشیان كردووەتە سه‌ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ حه‌یفای ئیسرائیل. ئەوەشخراوەتەڕوو "قۆناغی دووه‌میی لێدانیان له‌ نه‌یاران بۆ سه‌ركه‌وتنی كه‌سوكاریانه‌‌ له‌ غه‌زه ‌و وه‌ڵامێكه‌ بۆ كرده‌وه‌كانی ئیسرائیل كه‌ له‌ دژی خه‌ڵكی مەدەنی له‌ فه‌ڵه‌ستین ئەنجامیان دەدات"، هەروەها ئاماژە بەوەدەدەن، کە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لە بەیاننامەکەدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق هیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی ئەم هێرشە نەکردووە بۆ پاڵاوتگەکانی نەوت لە حەیفای ئیسرائیل. مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق پێشتر بەرپرسیارێتی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزەوە گرتووەتە ئەستۆ. ‌

ئا: هاوڵاتی رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ. باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە. رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.  زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.   کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟ لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت. لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی. عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە. ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن. لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان. موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی. موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان. موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» . مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن. مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت». بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟ پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە. موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.  ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی. رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.   ئێران دوای مەرگی خامنەیی کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە. شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی تەندروستی (الشفا) لە کەرتی غەزە کشاونەتەوە. ئەم پاشەکشە چەند رۆژ دوای ئەوە دێت کە بە هۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە نەخۆشخانەی (الشفا) بە تەواوتی رووخا و بە پێی وتەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، دەیان تەرم لەم نەخۆشخانەیە هێنراوەتە دەرەوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی "ورد" و "ئامانجدار" بووەو هێزەکانی حەماسی کردۆتە ئامانج و هێشتا پاشەکشەی لەم ناوچەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. هاوکات کەناڵی تەلەفیزیۆنی "الاقصی" رایگەیاند دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل، دەیان تەرم لە کۆمەڵگەی پزیشکی "الشفا" و دەورووبەری کۆمەڵگەکە دۆزراوەتەوە. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو باشووری رۆژئاوای شاری غەزە پاشەکشەیان کردووە. جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمەتە گیران. لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن.  بەردەوامیی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان هاوکات لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە. کەمیی هاوکارییەکەش وایکردووە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی ببنەوە.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن و وتی: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند دەکات، لە ھەمواری یاساکەشدا، مووچەی مووچەخۆران بە بڕی ٦٩ ترلیۆن دینار جێگیرکراوە و مووچە تێیدا بەتەواوی پارێزراوە. وتیشی، كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران 69 تریلیۆن دیناره‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ته‌واوی زامن كراوه‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌. ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی عێراق پارەدارکردنی پارێزگاکان دەستپێدەکات، جگە لەوەش جموجۆڵێکی باشی کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق ھەیە. عەوادی راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوامە و بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی لە عێراق ھەنگاو دەنێن. سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانیش له‌ عێراق، وته‌بێژی حكومه‌تی به‌غدا وتی: هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌ی عێرق و ئه‌مریكا چواره‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه له‌ هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ كرابوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام‌عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بودجه‌ی 2024دا زامن كراوه‌ و هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی دارایی له‌ عێراقدا نییه‌.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ مووچەی مامۆستایان زیاد بکرێت ومامۆستایانی خانەنشینیش دەگرێتەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسراوی ژمارە ٤٦٦ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە زیادکردنی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەی مامۆستایان". ئاماژە بەوەشکراوە "هەر مامۆستایەک بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەکەی زیاد دەکرێت ئەوەش لەپای سوپاس و پێزانینی حکومەتە بەرامبەر بە هەوڵەکانیان کە بەردەوامن لە فێرکردن و پێگەیاندنی پڕۆسەی پەروەردە. هەروەها سودانی پێی راگەیاندوون کە مامۆستایان شایەنی زیاترن و پێویستە ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت لە سەرجەم مامەڵەکانیاندا". ئەوەشخراوەتەڕوو "بڕیارەکە بەمەبەستی گونجاندنی ژیان و بارودۆخی ئابووری مامۆستایان لەگەڵ دۆخی ئابووری ناوخۆی وڵاتدا و سەرجەم مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینانی ئەو وەزارەتەش".

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە. عەبدولئەمیر شەممەری, وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند "زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە و لە سیستمی كارتی نیشتمانیدا تۆماركراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە سەرەتای مانگی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، هەروەها لە ئایندەدا كارتی نیشتمانی لە بری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت".

هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت هۆشداری دەدات لە بە ئامانجگرتنی دادگای فیدراڵی و بە مەترسی بۆسەر ئاسایشى وڵات دادەنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024 موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت لە بەیاننامەیەکد رایگەیاند "پشتگیری دەکەین لە دەسەڵاتی یاسادانانی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی،  بە شێوەیەک کە رۆڵی خۆی لە پاراستنی یەکڕیزی عێراق و پاراستنی دەستوور و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی مۆدێرن و جێبەجێکردنی دادپەروەری و گەیشتن بە سەروەری یاسا بەرز بکاتەوە". مەندەلاوی هۆشداری داوە لە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی دادگای باڵای فیدراڵی و تێکدانی شەرعیەت و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی بڕیارەکانی و پرسیارکردن لە یەکپارچەیی بڕیارەکانی، ئەمەی بە هەنگاوێکی مەترسیدار وەسفکردووە کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەک، هاوکات داوای پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەکات لە چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستوور و سامانی گشتی.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە راگەئەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکەن دەبێت هەموو هێز و لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە. لە راگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا هاتووە "جەخت دەیکەنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنى هیچ دەسەڵاتێک بەسەر ئەوی دیکەدا رێگەپێدراو نییە، ئەمەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەستووری لە بڕیاردان و جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنە". چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکان دەکات رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرن و بە کەم سەیری نەکەن، دەشڵێت "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین و بە کەم هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەین، بۆیە داوا لە هەموو هێزەکان دەکەین پابەندبن بە هەمان رێوشوێنەوە". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە "هەرچەندە هەندێک لە بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندی لایەنەکاندا نییە، بەڵام پابەندبوونەکە لە چوارچێوەی رێزگرتنە لە دەسەڵاتی دەستووری دادوەری".

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت وەزارەتەکە پلانێکی داڕشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی هاوردەکردنی وەرگیراوەکانی نەوت بە تایبەتی بەنزین، ئاماژەی بەوەشکردووە  بڕی هاوردەکراوی بەنزین بۆ ٧ ملیۆن لیتر کەمیکردووە. حسێن تالیب، بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەڕی هەواڵی شەفەق نیوزی رایگەیاندووە "وەزارەتی نەوت لە ماوەی دیاریکراودا پلانێکی داڕشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی هاوردەکردنی وەرگیراوەکانی نەوت بەتایبەتی بەنزین".  ئاماژەی بەوەشکردووە “دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا بڕی هاوردەکراوی بەنزین بۆ ٧ ملیۆن لیتر کەمیکردووە، پێشتر عێراق ١٤ ملیۆن لیتر بەنزینی هاوردە دەکرد".  لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی "دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی باکوور، هاوردەکردنی بەنزین بۆ چوار ملیۆن لیتر کەم دەبێتەوە"، روونیشیکردەوە "زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگە نیشتمانییەکان قەرەبووی مانەوەی هاوردەکردنی بەنزین دەکاتەوە". بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێت "عێراق کۆتایی بە پرسی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەی غاز و نەوتی سپی هێناوە دوای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتە خۆبژێوی".

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد دەستووری عێراق بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە. دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023) لە 21ی شوباتی 2024 ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2024 د. لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە بۆ راوێژکردن لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند "پرۆسەی سیاسی لە دوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستووردا چەسپاوە و یەکێک لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و سیستمی دەسەڵات کۆماری نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، دەستوور بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاوڵاتییاندا هەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات". ئەوەشخراوەتەڕوو "سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنووری هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراق و داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەدەسەڵاتەکانی هەرێمدایە". هەروەها سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەکرد "دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری ڕێککەوتوون و ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، کە عێراقییەکان پەسندیانکردووە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکانی رێکخستووە، دادگای باڵای فیدراڵیش بەپەرۆشە کە ئەوەی لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات". وتیشی "بڕیاری دادگای فیدراڵی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەماهەنگییەکی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەکە و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەشێوەیەک کە خەرجکردنی مووچە بەبێ وەستان مسۆگەربکات و بە هۆکاری هونەری یاخود گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان نەوەستێت، چونکە میکانیزمی بە بانکیکردن (توطین)ی مووچە، پێویستی بە ماوەیەک هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەبەرئەوە مووچە بەکاش دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەیان بەهۆی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە تەواو نەبووە". هەروەها دادگا پشتگیری و پارێزەری مافەکانی گەلە و لە پەیوەندی و راوێژی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆك کۆمار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ڕەنگە روبەڕوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببنەوە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لە  جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و یاساکان لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی خەڵکی کوردستان بەهۆی ناڕێکی لە دابەشکردنی مووچەوە سەرچاوەیان گرتووە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات کارەکانی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە خێراتربکرێت و گرنگئ زیاتر پێبدرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد له‌سه‌ر خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كان بە ئامانجی ئەوەی کارەکانی هەموارکردنەوەی پڕۆژەی یاسای بوودجە خێرا بکرێت و گرنگی زیاتر بە پڕۆژەی ئابووری و ژێرخانی بدرێت. لەئێستادا هەمواری بودجەی 2024 لە ئەنجومەنی وەزیرانە و دوای تەواوکردنی هەموارەکە پرۆژە یاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای خوێندنەوەی پرۆژە یاساکە دەنگی لەسەر دەدرێت.

هاوڵاتی حکومەتی ئێران لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا ڕایگەیاندوە، لە میانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە وڵاته‌كه‌ هەژاند، دوای مردنی ژینا ئه‌مینی، كچه‌ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2022، 281 هاوڵاتی ئێرانی کوژراون. ئەو ڕاپۆرتە دوای 10 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان دێت، کە پشتڕاستی کردوه‌تەوە کە لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردوە، "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجامدراوە". هاوکات ئەو ئامارانەی حکومەتی ئێران بڵاویدەکاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن و ژمارەی کوژراو کەمترە وەک لەو ئامارانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوە بڵاویدەکەنەوە  به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی شەرقلئەوسەت  لە خۆپیشاندانەکاندا  551 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە لانیکەم 49 ژن و 68 منداڵ بون، لەکاتێکدا زۆربەی گیانلەدەستدان بەهۆی چەکی ئاگرینه‌وه‌ بوە بەڵام حکومەتی ئێران دەڵێن تەنها 281 کەس کوژراون. لە ڕاپۆرتەکەی حکومەتی ئێراندا  کە لە دوو بەش پێکدێت هاتووە،  ڕاپۆرتی یەکەم، کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن لیژنەی بەدواداچونی ڕاستییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەداوه‌، کە تەنها 202 کەسی مەدەنی لە ناڕەزایەتییەکان کوژراون، كه‌ "90 كه‌سیان چه‌كیان هەڵگرتوە و بەکاریان هێناوە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و هێرشکردنە سەر بارەگا سەربازی و ئەمنییەکان، ژێرخانی یان هێزەکانی پۆلیس". لە بەسی دووەمیشدا هاتووە  "112 لە قوربانییەکان لەنێو ئەو تەماشاکارانەدا بون کە لەلایەن ئاژاوەگێڕانەوە کوژراون، هاوكات 54 ئەندامی هێزە ئه‌منییه‌كان لە ئەنجامی توندوتیژی بەربڵاوی ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان گیانیان لەدەستداوە". حکومەتی ئێران سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی دەستگیریکردون دەڵێت  لە سه‌ره‌تای خۆپیشاندانەکاندا 34 هەزار کەس دەستگیرکراون، کە دواتری زۆرینه‌یان ئازادكراون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا. مامۆستا ئاوات ئازاد کە ئامادەی دانیشتنەکەی بوو سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە تەواوکردنی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. سکاڵاکە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت.