بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ خزمەتگوزارییەکی دیکە پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت ئەویش دابیکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی خۆراییە بۆ هەمو زیارەتکاران کە بۆ جێبەجێکردنی حەج رو لە سعودییە دەکەن. وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، کاروان ستونی رایگەیاند، پیشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بەهۆی هەماهەنگی و پەیوەندی توندوتوڵی سەرۆکی شاندنی حاجیانی کوردستان "شێخ نیاز راغب نەقشبەندی"یەوەیە کە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقدا هەیەتی. وتوشیەتی؛ بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان بۆ ئەوەى زۆرترین ئاسانکارى بۆ زیارەتکاران بکرێت، هەربۆیە خزمەتگوزارییەکانى ئەمساڵ جیاوازن لە ساڵانى رابردو و پێویست ناکات زیارەتکاران لەگەڵ گەیشتنیان بە سعودیە سیمکارت بکڕن و ئەو خزمەتگوزارییەیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە. ناوبراو ئەوەشی خستوتەرو؛ "بە پێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیای کنان کە بریکاری سەرەکی کۆمپانیای ئیس تی سی سعودی کراوە، هەر زیارەتکارێک سیمکارتێکی ئەنتەرنێت کە 5 گیگا بایت ئەنتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندی لەخۆدەگرێت بە خورایی لە دەروازەی عەرعەر بە زیارەتکارانی گەشتی وشکانی و لە شاری مەککەی پیرۆزیش بۆ زیارەتکارانی گەشتی ئاسمانی پێشکەش دەکرێت". ئەویشی خستەوەڕو، جگە لە دابینکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی بۆ زیارەت کاران، بۆ هەر پاسێک کە زیارەتکاران دەگوازێتەوە بە رێگای وشکانی راوتەرێکی ئەنتەرنێت دابین دەکرێت کە 30 کەس دەتوانن سود لە ئەنتەرنێتەکەی وەربگرن ئەمە لە کاتیكدایە بڕیار وایە رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم وەجبەی زیارەتکارانی حەج، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرە وڵاتی سعودییە بەرێ بکەون، و بە گویڕەی زانیارییەکانی حەج و عەمرەی هەرێمیش ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 زیارەتکار، بەمەبەستی بەجێهێننای فەریزەی حەج ڕو لە سعودییە دەکەن.

ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، هۆشداریی توندیدا بە حەماس لە بەکارهێنانی خاکی ئەو وڵاتە بۆ "ئەو کارانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات دەکەن. ئەمەش دوای هەڵدانى چەند موشەکێک بەرەو ئیسرائیل، بەوهۆیەوە سوپاى ئیسرائیل بۆردومانی باشووری لوبنان و گەڕەکی باشووری بەیروتى کرد لەوەڵامى هێرشەکەى حەماسدا. محەممەد مستەفا ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای بەرگری لوبنان، ڕۆژى هەینى ڕایگەیاند، جۆزێف عۆن، فەرماندەی باڵای سەربازیی و سەرۆک کۆماری لوبنان لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حەماس یان هەر کوتلەیەکی دیکە ڕێگەی پێنادرێت سەقامگیری وڵاتەکە تێکبدات، جەختیشی کردەوە کە یەکپارچەیی خاکی لوبنان لە پێش هەموو شتێکدایە. مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، عۆن لەو کۆبونەوەیەدا جەختی لە گرنگی خۆڕازینەبوون کردووەتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی گۆڕینی لوبنان بۆ سەکۆیەک بۆ ناسەقامگیری، هەروەها پێویستی تەسلیمکردنی چەکی "نایاسایی" بەپێی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنی نیشتمانی. ئەمینداری گشتی ئەنجومەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی عۆن جەختی لەسەر پێویستی کارکردن بۆ سەقامگیری وڵات و پاراستنی ئاسایش و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردەوە.  هەروەها جەختی لە پێویستی تەحەمول نەکردنی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات و چارەسەرکردنی هەر کاردانەوەیەکی دۆخی سوریا لەسەر دۆخی ناوخۆی لوبنان بەتایبەتی سەبارەت بە ئاوارەکانی سوریا کردەوە.  

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەخت لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی درێژەدان بە دانوستان دەکاتەوە و ئاماژەی داوە، بەدەر لە درێژەدان بە ڕەوتی دیبلۆماتی و ئامادەیی بۆ دانوستان، بە هیچ شێوەیەک فشار و زمانی هەڕەشە قەبووڵ ناکەین. لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتووە، پێداگری ئەمەریکا لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی گەمارۆ و سەپاندنی سزاکان، کارێکی نائاساییە، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەکەیدا بۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ چارە کردنی کێشە و قەیرانەکان جەختی لە بژاردەی دیبلۆماتی کردبووەوە. هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سەرۆک کۆماری ئێران بە نیازپاکی و بە پشتیوانی خۆڕاگری گەلی ئێران هەنگاوی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەشی داوە، لە سێ گەڕی ڕابردووی دانوستانەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ماف و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی ئاشتیانە لە پرسی ئەتۆمی و کۆتایی هێنان بە سزا و گەمارۆکان ناوە، ئێستاش پابەندە بەردەوام بێت لە ڕەوتی دانوستانەکان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە و فشار قەبووڵ ناکات. هەروەها هەر سزایەک کە لە بەرژەوەندی گەلی ئێران بدات، دژبەری ماف و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، هەربۆیە درێژەدان بە سیاسەتی سزادانی کۆمپانیا بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکەین و ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش لەلایەن گەلی ئێرانەوە بە نیاز خراپی ئەمەریکا بەرانبەر بە ڕەوتی دیبلۆماتی چاوی لێدەکرێت، هەربۆیە سەپاندنی سزاکان جگە لە دووبارە کردنەوەی ئەزموونە شکست خواردووەکانی پێشوو هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت. پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیبووی: دەبێت تەواوی فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕابگیرێن. جەختی لەوەش کردەوە، هەر وڵاتێک یان کەسێک، نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێران بکڕێت، دەستبەجێ سزای بەسەردا دەسەپێندرێت و ڕێگەی پێ نادرێت بۆ لەمەودوا بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا بکات.

  هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنێت سوپای تورکی داگیرکەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای سێ جار بە چەکی قەدەغەکراو، پێنج جار بە فرۆکەی جەنگی و ١٠٧٦ جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ بۆردوومان کردوە. هەروەها دەشڵێت: بە درۆنی بۆمب هەڵگر هێرشی تونێلەکانی بەرخۆدانمانی لە گۆڕەپانی سنینی دەکرد و لە ئەنجامدا درۆنە بۆمب هەڵگرەکە لە ناوبرا. ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەمجۆرەیە: "هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قەدەغەکراو؛ ٢٩ی نیسان و ١ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی سێ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردوومان کراوە. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە فرۆکەی جەنگی؛ ٢٨،٢٩ و ٣٠ نیسان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار پێنج جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراوە. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ؛ ٢٩، ٣٠ و ١ی ئایار لە هەرێمی خواکوڕکی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەری زینێ، لۆلان و سنینی ٤٢ جار، لە هەرێمی چیای گۆڕەپانی چیای زەنگل، چیای ڕەشیت، زێڤکی، گرگاشی، سپینداری، میژی، دێرەشی ٩٠ جار، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازی، بێشیلی، سەرێ مەتینا ٤١٧ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، چیای بەهار ٥٢٧ جار؛ بە گشتیی ١٠٧٦ جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ بۆردوومانکراوە. ٢٩، ٣٠ و ١ی ئایار سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای بەهار و چیای ئامیدی بە شۆفڵ هێرشی کردە سەر تونێل و سەنگەرەکانمان. دەستوەردانی هێزەکانمان لە بەرانبەر هێرشەکان؛ ٢٩ی نیسان لە کاتژمێر ١٥:٣٠ لە هەرێمی خواکوڕک وەڵامی داگیرکەران درایەوە کە بە درۆنی بۆمب هەڵگر هێرشی تونێلەکانی بەرخۆدانمانی لە گۆڕەپانی سنینی دەکرد و لە ئەنجامدا درۆنە بۆمب هەڵگرەکە لە ناوبرا. ٢٩ی نیسان لە کاتژمێر ١٣:٣٠ و ١٣:٤٥دا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بازی هەرێمی مەتینا لە دژی ئامانجەکان لە ئامادەکاری هێرشدا هێزەکانمان یەژا ستار بە چەکی نیو ئۆتۆماتیک و قەناس دەستوەردانیان کرد. لە ئەنجامی ئەم دەستوەردانەدا گورزی لە موڵگەیەک درا و سیستەمێکی کامێرای چاودێری لە ناوبرا. ٢٩ی نیسان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە بەرانبەر داگیرکەران کە بە شۆفڵ هێرشی سەنگەر و تونێلەکانمانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار دەکرد، بە چەکی نیو ئۆتۆماتیک دەستوەردان کرا و گورز لە شوفڵەکە درا. ٣٠ی نیسان لە کاتژمێر ١٥:٠٥دا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی لە بەرانبەر داگیرکەران کە بانگەوازی خۆڕادەستکردنی دەکرد و هێرشی سەنگەر و تونێلەکانمانیان دەکرد، بە شێوازێکی تایبەت دەستوەردان کرا و گورز لە مۆڵگەیەک درا."

  سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا ڕایدەگەیەنێت هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکى نزیک لە کۆشکى سەرۆکایەتى سوریا هەنگاوێکى مەترسیدارە، ئەو هێرشەى ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانى سوریا پێچەوانەى هەنگاوەکانە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى وڵات. رۆژی هەینی دووی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان شوێنێکیان لە تەنیشت کۆشکی سەرۆکایەتی بۆردوومان کردووە. لەبەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا دەڵێت ئیدانەی هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل دەكەین بۆ سەر كۆشكی سەرۆكایەتیی سوریا، هەروەها دەشڵێن: سازش لە سەروەریی و ئاسایشی سوریا ناكەین و بە هەموو ئامرازێكی بەردەست بەرگریی لە مافەكانی گەلەكەمان دەكەین. هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دووەم هێرشی سوپای ئیسرائیلە لەم هەفتەیە دەیکاتە سەر سووریا.    هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، لە دوو رۆژی رابردوو شەڕی خوێناوی لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق دروستبوو و دەیان کەس کوژران.

ڕێکخراوى نێودەوڵەتی خاچی سوور هۆشداری دا کە هاوکاری و بەدەمەوچوونە  مرۆییەکان لە کەرتی غەززە "لە لێواری داڕمانی تەواودایە"، ئەمەش دوای ئەوەدێت ماوەى دوو مانگە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنی هەموو پێداویستییەکانی یارمەتییەکان بکات بۆ ناو خاکی غەززە. ڕۆژی هەینی ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر دەستبەجێ دەست بە پێداویستییەکانی فریاگوزاری نەکرێتەوە، ئەوا ICRC ناتوانێت ئەو خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکیانە بەدەستبهێنێت کە پێویستیانە بۆ درێژەدان بە زۆرێک لەو بەرنامانەی کە لە غەززە بەڕێوەی دەبات. ئەوان لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیل پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوانی مەدەنی لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا دابین دەکرێن. ئەو هۆشداریدا لەوەی "ئەگەر گەمارۆدانەکە بەردەوام بێت، ئەوا بەرنامەکانی وەک چێشتخانە کۆمەڵایەتییەکانی ICRC کە زۆرجار تاکە ژەمێک دابین دەکەن کە خەڵک ڕۆژانە وەریدەگرن، تەنها دەتوانن بۆ چەند هەفتەیەک کاربکەن. لەلایەکى دیکەوە خاچی سوورى نێودەوڵەتى هۆشداریدا لەوەی ئەو نەخۆشخانە مەیدانییەی کە لە غەززە بەڕێوەی دەبات، بەهەمان شێوە بەدەست "کەمبوونەوەى مەترسیدار لە خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی هەندێک دەرمان و پێداویستییەکان. جگە لەوەش لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا کە "پچڕانی تۆڕەکانی ئاو، لەوانەش داخستنی بۆری ئاو و لەناوبردنی بارهەڵگرەکانی ئاوەڕۆ، مەترسییەکی بەرزی قبوڵنەکراوی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاوی دروستکردووە".

  وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بە هۆكاری لۆجستیكی و تەكنیكی بووە، دەشڵێت، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ واشنتۆن، كە بڕیاربوو سبەینێ لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ عومان و ئەمریكا بڕیارمان داوە، بە هۆكاری لۆجستی و تەكنیكی خولی چوارەمی دانووستانەكان بۆ كاتێكی نادیار دوابخەین. ئەوەشی خستەڕوو، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە. ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ئێمە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دانووستان ڕووی نەداوە، بەڵكو لە هەموو كاتێك زیاتر سوورین بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، كە كۆتایی هاتنی سزاكان مسۆگەر بكات و متمانەی نێوانمان بەهێزتر بكات. دەشڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ هەمیشە بە ئاشتیانە دەمێنێتەوە، دەبێت ڕێز لە مافەكانی ئێران بگیرێت. جێگای ئاماژەیە، پێشتر عومان دواخستنی خولی داهاتووی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تارانیان لە بارەی پرسی ئەتۆمی ئێران ڕاگەیاندبوو، كە بڕیاربوو سبەی شەممە لە ڕۆما بەڕێوەبچێت.

  کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات خۆڵبارین چەند ناوچەیەکى عێراق بگرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش باران ببارێت، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن.   ئەمڕۆ هەینى 2ى ئایارى 2025، عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەکى رۆژئاوا و باکوورى رۆژئاواى عێراق روودەدات، خێرایی با دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.    لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکى خۆڵبارین و رەشەبا و بارانبارین عێراقى گرتووەتەوە، شەوى رابردوو بە هۆیەوە بۆ ماوەى کاژێرێک گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا راگیران.    عامر جابری پێشبینی دەکات ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان بارانى پچڕ پچڕ ببارێت.   بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینی، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە هۆشدارییەکدا داواى لە هاووڵاتیان کرد ئەگەر پێویست نەبێت بە رێگەى وشکانی و ئاوى گەشت نەکەن، ئەو کەسانەشى نەخۆشیى هەناسەتووندییان هەیە، خۆیان بپارێزن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئامادەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەبێت و باس لە دیدگا و تێڕوانینی خۆی دەکات بۆ ئایندە. ئەو لێدوانەی محەممەد شیاع سوودانی لە کاتێکدایە، پێشتر، ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیان پێشکەش بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردبوو بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە لوتکەی عەرەبی بەغدا کە بڕیارە لە 17ـی ئایاری بەڕێوەبچێت. لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرعیش ئاشکرای کردبوو، بانگهێشتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی پێگەیشتووە و ئامادەی ئەو لوتکەیە دەبێت. بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟"  گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا."  ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت. ئەحمەد ئەبو غەیت ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا کۆمەڵەکە پشتڕاستکردنەوەی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەحمەد شارع لە کۆبوونەوەی لوتکەی بەغدا بەدەست نەگەیشتووە. دواى نزیکەى 12 ساڵ، کۆمکارى عەرەبی بڕیاری دا لووتکەی داهاتووی لە بەغدا بکات، ئەو بڕیارە لەسەر داواى حکومەتى عێراق بووە. ئەمەش دوای ئەوەی سووریا دەستبەرداری سەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە بوو. کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە، عێراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە. ژمارەی ئەندامانی کۆمکار 22 ئەندامە، هەر یەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵەوە، لە پەیامێکدا داوای کرد کە دەستبەجێ هەموو جۆرە کڕینی نەوت یان بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان لە ئێران رابگیرێت. ترەمپ هۆشداریی دا کە هەر وڵاتێک یان کەسێک تەنانەت بڕێکی کەمیش لە نەوت یان بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بکڕێت، راستەوخۆ دەکەوێتە بەر سزای ئەمریکا و ئەم وڵاتانە یان کەسانە بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادرێت بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکەن. ئەم هۆشدارییەی ترەمپ چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دێت، کە بڕیار بوو رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت. هەروەها گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپیش هەڵوەشێنراوەتەوە و دواخراوە. ئەمە فشارێکی نوێیە لەسەر ئێران لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە کە رەنگە کاریگەری لەسەر دانوستانی ئەتۆمیی ئەمریکا هەبێت لەگەڵ ئێران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە ناوچەیەکى نزیک کۆشکەکەى ئەحمەد شەرعى سەرۆککۆمارى سوریا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا. ئەو ناوچە دەکەوێتە باکوورى دیمەشقى پایتەختى سوریا و ناوچەیەکى بەرزە، کە رەنگە ئەمە پەیامى نوێى ئیسرائیل بێت بۆ دەسەڵاتى سوریا، ئەم هێرشە دوای ئەوە بووە، کە ئیسرائیل دەسەڵاتدارانی سوریای ئاگادارکردووەتەوە، بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوى نەکەن، کە درووزەکانى لێیە و ئیسرائیل پشتگیرییان دەکات. ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرش بۆ سەر سوریا دەستپێدەکات، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی دروز بکات. ڕۆژی پێنجشەممە، کاتز هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل بە زۆر وەڵام دەداتەوە ئەگەر دەسەڵاتدارانی سوریا دروزەکان نەپارێزن، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ پێکدادان لە نزیک دیمەشق. لەلایەکى دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز وتی: شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق دەستپێکرد. ناوبراو زیادی کرد: ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا: ڕێگە نادەین هێزەکانی (سوریا) لە باشووری دیمەشق جێگیر ببن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر دروزەکان دروست بکەن. تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە سەبارەت بەو هێرشە نەدراوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاو، ئیسرائیل باشووری ڕۆژئاوای سووریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی دروەزەکانی داوە. هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سووریای لە دوای ڕووخانی ئەسەد لەناوبرد.

  سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی ئیسرائیل لە سوریا دەیکات گێچەڵکارییە و قبووڵی ناکەین، ئیسرائیل دەیەوێت ئاگری شەڕی غەززە و لوبنان بۆ سووریا بگوازێتەوە. ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە، 30ـی نیسان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕێگە بە هیچ دەستپێشخەرییەک نادەین کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سووریا بکات. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی کە ئیدارەی نوێ لە دیمەشق دامەزراندووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئیسرائیل دەیکات وروژاندنێکی قبوڵنەکراوە، ئێمەش بە شێوازی جۆراوجۆر وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەینەوە بۆ ڕاکێشانی دراوسێمان، سوریا، بۆ ناو گرژى و ئاڵۆزیی و ناسەقامگیری نوێ. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زیادیکرد: ئەو شەپۆلە توندوتیژی و دەستدرێژییەی کە لەشارەکانی فەلەستین بە تایبەتی لە کەرتی غەززە دەستی پێکرد، وردە وردە بەرەو لوبنان و سوریا تەشەنە دەکات. ناوبراو وتیشى: تورکیا خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکە دەکات و رێگە نادات بە سەپاندنی هیچ پەیكەرێك لە دیوەکەی تری سنورەکان، جگە لە سوریای یەکگرتوو، یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ ئێمە پرسێكە دەستبەرداری نابین و دەزانین حکومەتی سوریاش لەسەر هەمان بنەما کاردەکات. ئەردۆغان جەختى کردەوە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان کار بۆ سوریایەکی یەکگرتوو بکەن و وزە و هێزەکانیان بۆ ئەو مەبەستە کۆبکەنەوە، توركیا ئەولەویەت دەدات بە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و گفتوگۆكردن لەگەڵیان. وتى: زۆر گرنگە گروپە چەکدارەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری سوریا یەکبگرن و بەشداری لە یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵاتدا بکەن. لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندائەوەشى وت: ئەنكەرە رێگە نادات بە سەپاندنی دیفاكتۆ لە ناوچەکەو هیچ هەوڵێک بۆ هەڕەشەکردن لە سەقامگیری سوریا قبوڵ ناکات، پرسی سیستمی فیدراڵی لە خەونێکی دوور زیاتر هیچی تر نییە و لە واقیعی سوریادا هیچ جێگایەکی نییە. دەشڵێت: رێنوێنیان دەكەم بڕیارێک بگرنەبەر خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات، نەک بڕیارێك لەسەر بنەمای خەونەکانی حکومەتی فیدراڵی لە سوریا.

  مەسەدە لەسەر ڕوداوەکانى سوریا هاتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت بە دوودڵییەوە لە هەڵکشانە سەربازییە مەترسیدارەکانی دەورەبەری دیمەشق دەڕوانین ، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕ بووەستێنن، بەرپرسیارێتیی تەواوی تێکچوونی دۆخەکەش دەخەنە ئەستۆی دیمەشق. ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت بە نیگەرانی و وریایی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دەکات کە لە ناوچەکانی ئەشرەفییە سەحنایە و جەرەمانە لە لادێکانی دیمەشق ڕوودەدات، کە هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی توندوتیژی دەکاتە بۆ تەواوى سوریا. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا مەسەدە بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتن، تۆقاندن، قسەی ڕقاوی و هاندانی تائیفەگەری دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕو توندوتیژى ڕابگرن و ئارامبگرن، هەروەها دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە خراپتربوونی دۆخەکە. ئەنجومەنەکە پێی وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز سوریا بەرەو لێواری داڕمان دەڕوات، ئەو بۆشاییە فراوانتر دەکات کە ڕژێمی پێشوو لەناو گەلی سوریادا دروستی کردووە. مەسەدە دەشڵێت: دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەکەنە ئامانج و هەوڵی زاڵبوون بەسەر سوریادا دەدەن و یەکگرتوویی و سەروەری وڵاتەکەی لێ زەوت دەکەنەوە. بەم پێیە ئەنجومەن داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات ئاسایش بپارێزن و چالاکیی و کردەوە دوژمنکارانەی بەردەوام ڕابگرن و سەرچاوەکانی هاندانی تائیفی و قسەی ڕق و کینە وشک بکەنەوە. ئەنجومەنەکە پێی وایە زۆر گرنگە کە بانگهێشتکردنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتگیر بە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەر لە سەرجەم پێکهاتەکان و توێژەکانی گەلی سوریا، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی تەواوی پڕۆسەی ئینتقالی و داڕشتنی دەستوورێکی نیشتمانی مۆدێرن و دیموکراسی کە شایستەی ئەو قوربانییە گەورەیانەی گەلی سوریا بێت و خواستەکانیان دەرببڕێت و مافەکانیان بپارێزێت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت. بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا لەو ناوچەیە هەیە، پاش ئەوەهات، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە ودروزەکان بە سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبارکران و بووەهۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا.

  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەر کۆ بووەوە. چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو." وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدراڵ. لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا، کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتیی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتیی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی

ماوەى سێ رۆژە بەبەردەوامى، دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوکەسانەى لەزڕگوێز ماوون تاوەکوو سبەینێ پێنج شەممە چۆڵی بکەن، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە.  سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وت: سێ رۆژە چەند جارێک پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن.  سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارەگای سەرەکیان لە زڕێگوزی سنوری پارێزگای سلێمانییە.  ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە".