بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و هێزەکانی حکومەتی سووریا، لە دەوروبەری دیمەشق، ژمارەی کوژراوان بۆ 30 کەس بەرزبووەتەوە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 30ـی نیسانی 2025، ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان چەکدارانی دروز و هێزەکانی سەربە دەسەڵاتی سووریا لە شارۆچکەی ئەشرەفییەی سەحنایا لە دەوروبەری دیمەشق بۆ 13 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەى بریندارانیش گەیشتووەتە 15 کەس. بە گوێرەى زانیارییەکانى روانگەى سوورى، ئامارەکان ئەگەری بەرزبوونەوەیان هەیە، هاوکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هێزەکانی ئاسایش قەدەغەی هاتوچۆیان لە ناوچەکە راگەیاندووە. ئاماژەى بەوەشکردووە، دانیشتووانی شارۆچکەی ئەشرەفییەی سەحنایا و دەوروبەری، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن سنوورێک دابنێن بۆ گرژییەکان و هۆشدارییانداوە، لە مەترسیی گرژییەکان بۆ سەر دانیشتووان و ئاسایشی ناوچەکە . بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا ئێستا لەو ناوچەیە لەپاش ئەوەدێت، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە و بووە هۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا و بەهۆیەوە تەنیا لەو رۆژەدا 17 کەس کوژران و مەرجەعی ئایینی دروزەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد.

  هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ، مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینانی عێراق دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشووی فەرمییە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش ڕاگەیاند، ئەمڕۆ، وەزارەتى دارایی عێراق، مووچەى مانگى چوار نانێرێ و دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو. حسام عەبدولستار بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، هەموو رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینان تەواوبوون و زانیارییەکان نێردراون بۆ بانکەکان بەمەبەستی خەرجکردنی و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەکەیان دەکرێت. دوێنێ، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریدا وەزارەتى مووچەى مانگى چوارى هەرێمى کوردستان خەرج بکات، دواى بڕیارەکە تیمى  تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان گەڕایەوە هەولێر، بەڵام بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی بە راگەیاند، پێیان نەگوتوین کەى پارەکەمان بۆ دەنێرن. هاوکات سەرچاوەیەکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیران، کە خۆى لەنێو گفتوگۆ و رێککەوتنى بابەتى مووچەدایە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، هەفتەى داهاتوو بەغداد پارەکە دەنێرێ، بۆ ئەمساڵ ترسمان نییە، کێشە بۆ مووچە دروست ببێت. ئەو دەڵێت، رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغداد بەشێوەیەکە کێشەی نەناردنى مووچەى چارسەرکردووە.

  پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەپێى زانیاریەکان نزیکەی 20 کەس کوژراون لەنێویاندا ئەندامانی ئاسایشی گشتی هەن. هاوکات هەر ئەمڕۆ پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییە جیاوازەکانی پارێزگای سویدە کۆبوونەوەیەکی فراوانکراویان ئەنجامدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری جەرەمانا. میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئامادەبووان ڕێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی هەمەلایەنە، لەنێویاندا جەرەمانا و ناوچەکانی دیکە، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی خۆگرتن و دانانی ئەولەویەتدان بە دیالۆگ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە. لە دوێنێوە پێکدادانەکان لە گەڕەکی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی نزیکەی 20 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە. وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، "ناوچەی جەرەمانا پێکدادانی پچڕپچڕی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس، لەنێویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش هەن."   بەپێی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، یەکەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە پشتیوانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری چوونەتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، گەمارۆیەکی ئەمنی بە دەوری ناوچەکەدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە.   وەزارەتەکە جەختی لەسەر پەرۆشیی خۆی کردەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێکدادانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەپێی یاسا، دووپاتیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خاوەنی ئەو تۆمارە دەنگییەی سووکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکات، کە دراوەتە پاڵ کەسێکی درووز، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی ئەمنی لە دیمەشق و دەوروبەری و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن."

  ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕوونیکردەوە، سەرۆکایەتی سوریا تا ئێستا ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریای لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە عێراق بەڕێوەبچێت، پشتڕاست نەکردۆتەوە. ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵى ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە: کۆمکاری عەرەبی دەستوەردان ناکات لە بڕیارەکانی وڵاتان سەبارەت بەو جۆرە پرسانە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە میوانداری لوتکەکان دەکەن نەک ئەمینداریەت و تەنها لە ناوی بانگهێشتکراوەکان ئاگادار دەکرێتەوە. بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟"  گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا."  ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت. ئەحمەد ئەبو غەیت ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا کۆمەڵەکە پشتڕاستکردنەوەی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەحمەد شارع لە کۆبوونەوەی لوتکەی بەغدا بەدەست نەگەیشتووە. دواى نزیکەى 12 ساڵ، کۆمکارى عەرەبی بڕیاری دا لووتکەی داهاتووی لە بەغدا بکات، ئەو بڕیارە لەسەر داواى حکومەتى عێراق بووە. ئەمەش دوای ئەوەی سووریا دەستبەرداری سەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە بوو. کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە، عێراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە. ژمارەی ئەندامانی کۆمکار 22 ئەندامە، هەر یەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.

  ماڵپەڕی ماکۆر ڕیشۆنی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئێران سەرەڕای دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بۆگەیشین بە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا سەرقاڵی کات کوشتنە، چونکە ئێران زۆر نزیکە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. ماڵپەڕی ماکۆر ڕیشۆنی ئیسرائیلی، سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئێران وێڕای دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام تاکوو ئێستا سەرقاڵی کات کوشتنە، چونکە ئێران بۆ درووستنکردنی ئەتۆم پێویستی بە چەند مانگێکە نەک چەند ساڵێک. هەروەها، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییش ڕایگەیاندووە، ئێران لە ئێستادا خاوەنی ئەو ماددەیە، کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەند کڵاوەیەکی ئەتۆمی. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، کە باسکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دانووستانەکاندا هێڵی سوورە.

  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت لە بەرامبەر پلانە تیرۆریستییەکانى داعش، هێزەکانمان زیادکردووەو ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییە لە ناوچەکە فراوانتر کردووە، بەهۆی پەرەسەندنی چالاکیی تیرۆریستی دێرەزوور بەتایبەتی. وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات دوێنێ، ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای سووریا داعش هێرشی کردووه‌تە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤان شەهید بوون. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێن: لە میانەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دێرەزوور لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ، پێنج لە چەکدارەکانمان شەهید بوون و دوانى دوانى دیکەش برینداربوون. هەروەها هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە بەرامبەر ئەو پلانە تیرۆریستییانەدا، لە ڕێگەی ئەنجوومەنە سەربازییە جۆراوجۆرەکان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییە لە ناوچەکەدا، بەهۆی پەرەسەندنی چالاکیی تیرۆریستی و جموجۆڵی شانە لە سوریا بە گشتی و دێرەزوور بەتایبەتی فراوانتر کردووە، دەشڵین: ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات بگاتە ئاستێکی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان کە هێزی سەربازی و ئیداری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ئامانج. هەسەدە لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە جەختلەسەر ئەوەدەکەنەوە کە  هێزەکانیان، ئامادەیی بۆ بەدواداچوونی شانە تیرۆریستییەکان کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن. هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی پتەو بە پاراستنی خەڵک لە هەموو بارودۆخێکدا.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، وردبینی بۆ لیستی مووچە کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند "وردبینیی لیستی مووچە تەواو بووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەشت بگەڕێتەوە و ئیمزای بکات و بودجەکە بنێردرێ." سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕاشیگەیاند "لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی نییە، دەبوو لەم دوو ڕۆژەدا بودجەکە بنێرن، بەڵام ناگاتە هەفتەی داهاتوو." هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، سەرجەم گەنجینەکانمان ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ دابەشکردنی مووچە، چونکە لە نزیکترین کاتدا بەغداد مووچە دەنێرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانوستانە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شکست بهێنن، ئەوە کارەسات لە ناوچەکە ڕوو دەدات. فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'شەرق' ڕایگەیاند، عێراق بەتەواوی پشتگیریی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات، هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریشی دا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماتییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گوتیشی، "ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوچەکە نابێت." فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وای لە بەغدا کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز، کە نزیکەی 33%ی کارەبای عێراق لە غازی ئێران دابین دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کارەبا. وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، لە گفتوگۆکانی واشنتن باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە. هەروەها جەختیشی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا سەبارەت بە عێراق کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی نیسان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن دی سی و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا کرد.

  روانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار مانگدا رێکخراوى داعش 68 هێرش و پەلامارى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر هەبووە و بەهۆیەوە 28 کەس لە هاوڵاتیی سڤیل و ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. روانگەی سووری رایگەیاندووە، لەمدواییەدا پەلامارەکانى داعش زیاتر بووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى هەسەدەشی کردووەتە ئامانج. روانگەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش رۆژی 28ـی ئەم مانگە بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج ئەندامى هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەگوێرەی ئاماری روانگەکە، تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا داعش 16 پەلامارى داوە و 10 ـان لە دێرەزۆر بووە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە مانگی شوباتیشدا داعش 11 پەلامارى داوە و نۆیان لە دێرەزۆر بووە پاشان لە مانگی ئازاردا 20 پەلامارى دیکەی هەبووە و زۆرینەشیان لە دێرەزۆر بوون. هاوکات لەسەرەتاى مانگى نیسانەوە تاوەکو ئێستا، لە 21 پەلامارى داعشدا کە 19ـیان لە دێرەزۆر بووە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.

  بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەى له مانگی ئازارەوه کەهەڵمەتێکى چڕوپڕى ئاسمانی له دژی حوسییەکان دەستپێکردوە، ٧ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى MQ-9 Reaper لەیەمەن لەدەستداوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا ئەو فڕۆکانە بە تەقەی حوسییەکان خراونەتە خوارەوە یان بە هۆکاری دیکە لەدەستچوون، وتی: لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی جۆری MQ-9مان لەدەستداوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 دەتوانرێت بۆ سیخوڕی بەکاربهێنرێت، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کە هەریەکەیان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ئەمریکا لە 22ی نیساندا حەوتەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدەستداوە. ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن نزیکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە، لەو کاتەوەی واشنتۆن لە ١٥ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئەوان ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی لە یەمەن داوە و سەدان چەکداری حوسی لە نێویاندا ئەندامانی سەرکردایەتی گرووپەکەیان کوژراون.

  وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای سووریا داعش هێرشی کردووه‌تە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤان شەهید بوون. دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، داعش لە دێرەزوور لە ڕۆژئاوای سووریا هێرشیان کردووەتە سەر هێزه‌كانیان. هاوکات وتەبێژی هەسەدە ئاماژەشی داوە، پێنج شەڕڤان لەڕوبەڕوبونەوەکاندا شەهید بوون. ئەو ئاژانسە ڕاشیگەیاندووە، داعش ساڵانێک بوو یاسای توندی ئیسلامی بەسەر بەشێک لە ناوچەكانی سووریا و عێراق سەپاندبوو، ئێستاش هەموو هەوڵێک دەدات بگەڕێتەوە و چالاكییه‌كانی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌. پارێزگای دێرەزوور لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام لە ساڵی 2017 لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموكراته‌وه‌ کۆنترۆڵ کراوە.

  وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕایدەگەیەنێت کەمتەرخەمی هەبوو لە چاودێری کردنی بەندەرکە، ڕەچاوی رێکارەکانی خۆپاراستن نەکراوە، بەوهۆی ڕووداوەکەشەوە چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە.   بەپێى دواین ئاماریش لەتەقینەوە گەورەکەی بەندەر عەباسدا تا ئێوارەى ئەمڕۆ 46 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسى دیکەش بریندار بوون. ئەسکەندەر مؤمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوەکەى ڕۆژی شەممە لە گەورەترین بەندەری بازرگانی وڵات ڕوویدا، بەهۆی "کەمتەرخەمی" و پارێزگارى لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان نەکراوە. مؤمنی لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمى وڵاتەکەى وت: بەشێک لە تاوانباران ناسراونەتەوەو دەستگیرکراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمتەرخەمی هەبووە، بەتایبەتی پابەندنەبوون بە ڕێکارە ئەمنییەکان و کەمتەرخەمی لەلایەن بەرگری شارستانییەوە". رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دوای ئەوە ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.   ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە  و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە. بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەن. هاوکات ئەمڕۆ مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان لە تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی سەر بە شاری بەندەرعەباس بۆ 46 کەس بەرزبووەتەوە."   مێهرداد حەسەنزادە گوتی: "لە رووداوەکەدا 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون."    لەلایەکی دیکەوە، ناوی 23 قوربانی رووداوەکە کە تەرمەکانیان ناسراونەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هوموزگانەوە بڵاوکرایەوە.

  پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ڕایگەیاند،"تائێستا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن حكومەتەوە نەنراوە". کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بۆنەی ١ـی ئایار ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە: شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە. هەروەها دەشڵێن: هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە: “ئێمە لە ١ـی ئایاردا ڕۆژێکی نوێی یەکڕیزیی، یەکگرتن و تێکۆشانی چینی کرێکار دەژین، لە دوای ٨ـی ئادار و نەورۆز، لە ١ـی ئایاردا، کرێکاران و گەلانی زەحمەتکێش گۆڕەپانەکان پڕ بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی دیمووکراسیی دژە فاشیست بەرز بکەنەوە، بە دەنگی بەرز داوای خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانەی دیموکراسیی دەردەبڕن و دژی فاشیزم تێبکۆشن، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی یەکێتی، یەکگرتن و تێکۆشانی خۆیان پتەو بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە ١ـی ئایار بە تایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو هەڤاڵان، کرێکاران و ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان، گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتییکەکانمان پیرۆز دەکەین، لە ١ـی ئایاری ساڵی نوێدا هیوای سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لە کەسایەتی فەرماندە گەریلا محەمەد قەرەسوونگور، محەمەد ئەمین ئاسلان و ڕەمەزان کاپلاندا شەهیدانی تەقسیم لە ساڵی ١٩٧٧ و هەموو شەهیدانی ١ـی ئایار، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵ و هاوڕێمان سری سوورەیا ئۆندەر دەخوازین کە لە پرۆسەی ١ـی ئایاردا شەڕێکی بەهێز بۆ ژیانی خۆی دەکات. ١ـی ئایار یەکێکە لە میراتە مانادار و زیندووەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، بێگومان ئەوەی ئەم ڕۆژە مانادار دەکات، ڕاستی شەهید و بەرخۆدانییەتی، بەرخۆدانی ڕزگاری لە فشار، زۆرداری و ڕەنجخۆرییە، کە لەو پێناوەدا شەهید دراوە، هەمیشە بەهایەک کە ڕێگا نیشان دەدات و هێز دەدات بە تێکۆشانی ئازادیی، یەکسانیی و دادپەروەری بنیاتناوە، هەرچەندە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە درێژایی مێژوو تێپەڕێندراون، ڕاستی ١ـی ئایار وەک ئەستێرەیەکی ڕێنیشاندەر کە ئیلهامبەخشە، لە یادەوەری خەڵکی کرێکاردا ماوەتەوە. تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانێکی مێژوویی ئازادییان پەرەپێدا، ٨ـی ئادار و نەورۆز بە مانایەکی هەرە ڕاست پیرۆزکران، هەروەها خەباتی ئازادیی و دیموکراسییان لە ١ـی ئایاردا بەرزکردەوە، ئەم تێکۆشانە مانادارترین ژیانی پیشاندا، هەموو ١ـی ئایارێک بووەتە ڕۆژی نوێبوونەوەی هۆشیاری و ئیرادەی سۆسیالیستی دیموکراتیک، لە هەمان کاتدا بووەتە ڕۆژێک کە تێیدا ڕێکخستن و چالاکیی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، تیۆری شارستانییەتی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، وایکردووە کە لە ١ـی ئایار وردتر تێبگەین و بەپێی ماناکەی بژین. بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئەم ١ـی ئایارە لەسەر بنەمای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتدا پێشکەشی کرد تێدەپەڕێنن، ئاشکرایە کە ئاشتی بەبێ ئازادیی و دیموکراسیی نابێت، بەبێ ئاشتی لە کوردستاندا، مەحاڵە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدی بهێنرێت، چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی لەسەر بنەمای پارچەکردنی کوردستان و هەژموونی داگیرکاری بنیات نا، بۆیە ئاشتی ڕاستەقینە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە ئاشتی لە کوردستاندا جێگیر دەبێت. کۆمەڵگای دیموکراتیک پێگەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگونجێت، ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی ئابووری، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و سۆسیالیستی دیموکراتیکە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ژنان و گەلی کورد و بندەستان زیاتر لە هەموو کەسێک پێویستیان بە ئاشتیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگای دیموکراتیکە، بۆیە گەلەکەمان و دۆستانمان بەتایبەت ژنان و گەنجان، باشتر و قووڵتر لە مانای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” تێدەگەن و چالاکییەکانی ١ـی ئایار دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هۆشیاری و چالاکییە، بە بڵاوکردنەوەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە سەرانسەری جیهاندا، هۆشیاریی ئینتەرناسیۆنالیستی سۆسیالیستی دیموکراتیک و هاودەنگی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرەوپێش دەبەن. گەلەکەمان و جەماوەری دیموکراتیک باش دەزانن کە ئێمە وەک تەڤگەر و گەل لە ٢٧ـی شووباتدا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیمان لە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێبگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین، ئێمە بە ڕوونی ئەو هەڵوێستەمان لە لێدوانەکانی ١ـی ئادار و نەورۆزدا ڕاگەیاند. سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکومەتی ئاکەپە، ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵدەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە. شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. لێرەدا جارێکی دیکە، گەل و دۆستانمان ئاگادار دەکەینەوە و داواتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بە دروستی لە پڕۆسەکە تێبگەن و بە سەرکەوتوویی بانگەوازی ٢٧ـی شووبات جێبەجێ بکەن، زۆر ڕوونە کە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، بانگەوازێک نییە بۆ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی شتێک لە حکومەت یان دەوڵەت بکرێت، بە پێچەوانەوە بانگەوازێکە بۆ پەروەردە، ڕێکخستن و چالاکیی دیموکراتیکی کۆمەڵگا بە هۆشیاری ئازادیی و دیموکراسییەوە. ئاشتی لە ڕێگەی ئەمەوە بەدی دێت و کۆمەڵگای دیموکراتیک تەنها لەسەر ئەم بنەمایە پێکدێت، بۆیە نابێت کەس لە دۆخی نیگەرانی و چاوەڕوانیدا بێت، بەڵکوو پێویستە هەمووان بەگوێرەی سروشتی یەکڕیزیی و یەکگرتووی و تێکۆشانی ١ـی ئایار کۆببنەوە و بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری، ڕێکخستن و یەکڕیزیی سۆسیال-دیموکراتیک هەموو بندەستان، لەسەر ئەو بنەمایە سەفەربەر ببن. پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ زهنییەت و شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێش هەموو شتێک بانگەوازێکە بۆ شۆڕش لە عەقڵییەت و ژیاندا، پێویستە زۆر باش لەم ڕاستییە تێبگەین، لە هێڵی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا کاتی گۆڕان و گۆڕانکارییە و ئەم پڕۆسەیەش ئیتر دەستی پێکردووە، هەرچەند بەرۆخۆدانیش بکەین هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە بمێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گۆڕان و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی خۆی ئەنجامدا، پەکەکەش لەسەر بنەمای ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە دەژی، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو گەلی کورد، ژنان و گەنجانی کورد گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک ئەنجام دەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە سەرتاسەری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم ١ـی ئایار و هەمیش مانگی شەهیدان دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەلەکەمان و دۆستانمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بە ئەزموونی ئەو جۆرە گۆڕان و گۆڕانکارییەوە بژین. هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ١ـی گوڵان لە هەموو کرێکاران، ڕەنجدەران، ژنان و گەنجان، هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان دەکەین، لە کەسایەتی هەڤاڵ حەقی قەرار، محەمەد قەرەسونگور و هۆزان مزگیندا هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان بە ڕێز و خۆشەویستی و سووپاس و پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە، داوا لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانی دیموکراسییمان دەکەین کە لە هەموو شوێنێک، بە شێوەیەکی چالاکانە و بەهێز بەشداری پیرۆزباییەکانی ١ـی ئایار بکەن.”

بەگوێرەی راپۆرتێکی نێودەوڵەتی، خەرجیى بەرگریى تورکیا لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەى 110% زیادیکردووە و لەسەر ئاستی جیهان دوو پلە سەرکەوتووە. پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی (SIPRI) راپۆرتی خەرجیی بەرگریی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2024دا بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوەکراوە، ئەنقەرە لە ساڵی 2024دا بەراورد بە 2023، 12% خەرجیی بەرگریی زیادکردووە و بەوشێوەیەش لە پلەی 19ـەمینەوە بۆ پلەی 17ـەمین لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەرجیی بەرگرییان هەیە، سەرکەوتووە. راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە کۆی گشتیی خەرجیی بەرگریی وڵاتانى جیهان 2.7 ترلیۆن دۆلاری ئەمریکییە. تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، لە ساڵی 2024دا 1.9%ـی کۆی گشتیی داهاتی نیشتمانیی بۆ بەرگریی خەرجکردووە و نزیکبووەتەوە لە ئامانجی 2% کە ناتۆ بۆ ئەندامانی داناوە. پشكی تورکیا لە خەرجیی بەرگریی لەسەر ئاستی جیهان 1%ـە. بەو پێیە خەرجیی ساڵانەی سەربازیی تورکیا دەکاتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار. بەگوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی (SIPRI) خەرجیی بەرگریی لە تورکیا لەنێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2024، بەرێژەی 110% زیادیکردووە.

  عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی دڵنیایە لە توانای خۆی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی لایەنە دەرەکییە بەدخوازەکان بەمەبەستی تێکدەری یان سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. عێراقچی لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بانگەشەکانی ئیسرائیل بەوەی کە دەتوانێت فەرمان بەسەر ئێراندا بکات بە “خەیاڵپڵاوی و دوور لەڕاستی” ناوبرد و رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرت کە هەوڵدەدات سیاسەتی دیپلۆماسی ئەمریکا بەرامبەر ئێران ئاڕاستە بکات. عێراقچی دەشڵێت، ئێران هێندە بەهێزە کە رووبەڕووی هەموو هەوڵێکی لەم شێوەیە ببێتەوە و هیوای خواست ئەمریکاش بەهەمان ئەندازە خۆڕاگر بێت. هەروەها، وێڕای رەتکردنەوەی هەر بژاردە و چارەسەرێکی سەربازی، هۆشداریدا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران دەستبەجێ وەڵامی هاوشێوەی دەدرێتەوە.