هاوڵاتی دوا بە دوای قسەکانی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە فەرمی دەناسێنێت، ئامادە نییە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە ببەستێت. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رۆژی سێ شەممە ٦ی شوبات لە راگەیاندنێکدا بە ئاماژە بە گفتوگۆکانی نێوان ریاز و واشنتۆن دەربارەی رەوتی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائی وتی، هەڵوێستی روونی خۆمان لەم بارەوە گەیاندۆتە ئەمریکا. لەم راگەیاندنەدا وەزارەتی دەرەوە سعوودیە جەخت ئەکاتەوە کە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بەمەرجێک دروست دەبێت کە ئیسرائیل دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێت بە پێی سنوورە بە فەرمی ناسراوەکانی ١٩٦٧ و بە پێتەختی ئۆرشەلیمی رۆژهەڵات. هەروەها پێویستە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ کەرتی غەزە رابگرێت و " هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بکشێنەوە". چەند کاتژمێر پێش ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی وتبووی، جۆ بایدن کۆمەڵێک پەیامی پۆزەتیڤی پێ گەیشتووە بەوەی سعوودیە و ئیسرائیل دەیانەوێت گفتووگۆکانیان دەربارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ بکەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەم راگەیاندنەدا بە رەتکردنەوەی وتەکانی جۆن کێربی ئەڵێت، داوا لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسێنن. پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل. رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی سعوودیە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی ناوەتە لاوە. پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم کە بەو هۆیەوە نزیک بە ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و دەرەنجام هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی لێکەوتەوە، سعوودیە و ئیسرائیل لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نزیک ببوونەوە. رۆژی ٤ی تشرینی یەکەم، ٣ رۆژ پێش هێرشی حەماس، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ئەکەنەوەو بە "قومار لە سەر گای دۆڕاو" ناوی برد و هەروەها وتی بەرەی بەرگری لە ئێستادا لە هەموو کات بەهێزترەو ئیسرائیل لە شکستایە.
هاوڵاتی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لەکۆشکی سپی داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت عێراقمان ئاگادار نەکردۆتەوە لە هێرشەکەی شەوی ٢ی شوبات کە کرایە سەر عێراق. لەدوای هێرشەكانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، جۆن كێربی، وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكان، بەرپرسانی عیراق ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام لەو قسەیەی پاشگەزبووەوە و لە دوایین لێدوانیدا لەکۆشکی سپی له کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی “داوای لێبوردن لە لێدوانێکی هەڵە دەکەم کە واشنتۆن پێش جێبەجێکردنی بۆردومانە ئاسمانییەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لەعێراق، بەغدای لەو هێرشە ئاگادارکردبێتەوە، لە راستیدا ئەو زانیارییە هەڵەبوو داوای لێبوردن دەکەم”. درەنگانی شەوی 2ى شوباتی 2024 وهك كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازی خۆى لهبنكهی (تی-22)ی سنوری ئوردن، ئهمریكا هێرشهكانی بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی گروپ و میلیشیاكان لهعێراق و سوریا دهستپێكرد، تێیدا 85 پێگە و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و موشەکیش لەو دوو وڵاته وێرانكران. دواى ئهو هێرشهش کێربی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێش ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، حکومەتی عێراقی ئاگادارکردوەتەوە و ئەمەش چەندجارێک لەلایەن عێراقەوە رەتکرایەوە، لهبهرامبهر ئهو لێدوانهدا، كێربى داواى لێبوردنى كرد.
هاوڵاتی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکردووە، ڕێوشوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی رەسمی دەگۆڕێت. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕایگەیاند "بانکی ناوەندیی لە دۆخێکی دڵنیاییدایە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار و دووپاتیکردەوە کە یەدەگی پێویستیان ھەیە". ئاماژەی بەوەشکردووە "تێبینی زۆرمان لەسەر سیستمی ئێستای پارەدان بە گەشتیاران ھەیە، بەوپێیەی کە بەم سیستمە زەحمەتە گەشتیاریی ڕاستەقینە دۆلار بەدەستبھێنێت، ھەر بۆیە میکانیزمی نوێ لەو بارەیەوە جێبەجێدەکەین و گۆڕانکاریی لە ڕێکارەکاندا دەکەین". پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وتیشی "دۆخى بانکی ناوەندیی سەقامگیرە، بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار یەدەگی پێویستمان ھەیە".
هاوڵاتی سیاسەتمەدارێك دۆخەكە بە "مەترسی" بۆ سەر كابینەكەی سودانی دادەنێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی بە کاتی نیویۆرك، کە دەکاتە کاتژمێر 6ى ئێوارە بەکاتی هەرێمى كوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی عێراق دەکات. هاوكات، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا، لە بارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، رووسیا و چین، ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بەوەی بەو هێرشانە، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێکداوە. ئەبوبەكر كاروانی، نوسەر و سیاسەتمەدار، تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ نیشاندانی هێزو دەسەڵات و جدییەت بوو لەوەڵامدانەوە بۆ ئەوهێرشانەی دەکرێتە سەریان پێشی وایە، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی بەشێك لەژێرخانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، بۆ ئەوەی مەترسیان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا کەمتر ببێتەوە، پێدەچێت هێرشی تریشی بەدووادا بێت، بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی ئەمجارە جیاوازتر بێت، لەسۆنگەی ئەو زیانە گیانیە زۆرەی بەر ئەمریکا کەوت. لەهاوڵاتییەوە مەترسییەكیش بۆ سەركابینەكەی سودانی رادەگەیەنێت و دەڵێت، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران دەبێت، ئاڵۆزتریان دەکات، فشار بۆسەر حکومەتەکەی سوودانی لەهەردوولاوە، واتە لەلایەن ئەمریکاو گروپە سیاسی ومیلیشیاکانی نزیك لەئێران زۆرتر دەبێت . درەنگی شەوی هەینی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی، کە لە 28ـی کانوونی دووەم، لە بنکەیەکی ئوردن کەوتنە بەر هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو. ئەمریکا لەو هێرشانەدا پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارە عێراقی و سوورییەکانی کردە ئامانج، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ناڕەزایی حکومەتەکانی عێراق و سووریای لێکەوتەوە، لە پاڵ ئێران کە رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لە هێرشە درۆنییەکەی مانگی رابردوودا هەبووبێت.
هاوڵاتی كۆمپانیایهكی ئاسایشی دهریایی ئهمڕۆ سێشهممه ڕایگهیاند، كهشتییهكی بارههڵگری سهر به بریتانیا له ئهنجامی هێرشێكی فڕۆكهی بێفڕۆكهوان له كهناراوهكانی یهمهن زیانێكی زۆری بهركهوتوه. کۆمپانیای ئیمبرۆ ئەمرۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکە ڕایگەیاند، کەشتییەکە ئاڵای باربادۆسی هەڵگرتوە و لە ڕۆژئاوای شاری حودەیدیە لە کەناری یەمەن کەوتوەتە بەر هێرشی چەکدارە حوسییەکان، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتوتەوە. هاوکات دامەزراوەی چاودێری ئاسایشی دەریای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکی بەریتانیی لە کەناری یەمەن ئاماژەی بەوەشکردوە، چەکدارە حوسییەکان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، گرژییەکان لە دەریای سور کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە، زیاترچڕ بونەتەوە،، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن وەک پاڵپشتییەک بۆ حەماس هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان هاوکات ئهمریكا و بریتانیا لە وڵامدا له ناوهڕاستی مانگی رابردوهوه هێرشهكانیان بۆ سهر ئامانجهكانی حوسییهكان دهستپێكردوه و به وهڵامێك بۆ ههڕهشهكان بۆ سهر ئازادی گهشتكردن له دهریای سور وهسفیان كردوه .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، لە دوای هێرشەکان عێراق دەیزانی وەڵامان دەبێت، وەزارەتەکە ئاماژە بەوەشدەکات بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە. ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دوای هێرشهكان، عێراق دهیزانی وهڵاممان دهبێت، دەستبەجێ دوای هێرشەکان عێراقمان ئاگادارکردەوە". وتەبێژی دەرەوەی وەزارەتی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو "بە وردی ئامانجەکانمان پێکاوە و ڕەچاوی ئەوەکراوە کە زیان بە هاوڵاتییانی مەدەنی نەگات". شەوی ههینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ له كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازهكهی له تاوەری "تی-22"ی سنووری ئوردن، ئهمەریكا هێرشهكانی بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی گروپ و میلیشیاكان له عێراق و سووریا دهستیپێكرد و 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکی کردە ئامانج، ئەم هێرشانە ژمارەی کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لە یەکەم لێدوانی حکومەتی عێراقدا وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند "هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شارەکانی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە".
هاوڵاتی ئەمرۆ لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا هەریەک لە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردران، بڕیاریشە جێگرەکانی پارێزگاریش هەڵبژێردرێن. محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمرۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگادا، عەبدولقادر دەخیل وەک پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردا هاوکات دکتور ئەحمەد حاسود وەک سەرۆکی ئەنجومەن و محەمەد جبوری وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردران". ئاماژەی بەوەشکرد "وابڕیارە هەر ئەمڕۆ جێگرەکانی پارێزگار دەنگ لەسەر بدرێن، لەهەمان کاتدا ئەگەر هەیە دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکە". ئەمڕۆ لە بەشێک لە ئەنجومەنی نوێی پارێزگاکانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگا و سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە ئەنجام نەدرا.
هاوڵاتی هاوپهیمانی ئیدارهی دهوڵهت ئهمڕۆ یهكشهممه كۆبونهوهیهكی بهپهلهی لهسهر بانگهێشتی محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق به ئامادهبونی سهرۆك كۆماری كۆمار ئهنجامدا، بهمهبهستی بهدواداچون پێشهاتهكانی ئەم دواییەی عێراق بەتایبەتیش هێرشەکانی ئەمریکا. هاوپهیمانی ئیدارهی دهوڵهت لهڕاگهیهندراوێكدا دوای كۆبونهوهكهی بڵاویكردهوه،و تیایدا هێرشهكانی ئهمهریكای به مهترسی بۆسهر دام و دهزگا ئهمنییه "فهرمییهكان" وهسفكرد. وێڕای ئهوهش به پێشێلی سهروهری خاكی عێراق و یاسابهركاره نێودهوڵهتییهكان ئاماژهی بۆ كرد. ههروهها هاوپهیمانی ئیدارهی دهوڵهت ئهوهشی خستهڕوو، پاڵپشتی له گفتوگۆی نێوان حكومهتی عێراق و هاوپهیمانی نێودهوڵهتی دهكهین. جهختیشی لهسهر ڕهتكردنهوهی ههمو جۆره هێرشێك كردهوه كه بنكه سهربازییهكانی عێراق بكاته ئامانج، ههروهها به ئامانجگرتنی ڕاوێژكاره سهربازییهكانی وڵاتانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی كه له چوارچێوهی ئهركی ڕاوێژكاری و مهشقی تایبهتدا كاردهكهن رهتكردهوه. هاوپهیمانی ئیدارهی دهوڵهت ئهوهشیخستۆتهڕو، پاڵپشتی حكومهت دهكهن له ڕێگهنهدان به هیچ لایهنێك بۆئهوهی عێراق رابكێشێته ناو گۆڕهپانی ململانێ كه ناوچهكه بهخۆیهوه دهیبنێت.
هاوڵاتی سهرچاوهیهكی سهربازی فهرمی له سوپای ئوردن ڕهتیكردهوه، له بۆردومانهكهی هێزهكانی ئهمریكا بۆسهر چهند پێگهیهكی حهشدی شهعبی له ناوخۆی عێراق بهشداریان كردبێت و خاكی وڵاتهكهیان بهكارهێندرابێت. ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن (سوپای عەرەب) رایگەیاند: دەنگۆی بەشداریكردنی هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن لە هێرشە ئاسمانییەكانی سەر عێراق لەلایەن هێزەكانی ئاسمانی ئەمەریکاوە دورە لە راستییەوە و سەرلەبەری ئەوە هەواڵەی لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكاندا ئاماژەی پێكراوە رەت دەكەینەوە. ئاماژەی بەوەکردوە، هێزە چەکدارەکانی ئوردن رێز لە سەروەری خاكی عێراق دەگرن و پەیوەندی نێوان هەردو وڵات پەیوەندییەكی قوڵی برایانەیە وەك هەمو وڵاتانی دیكەی عەرەبی. درهنگانی شهوی رابردو فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگهیاند، له تۆڵهی كوژرانی سێ سهربازیان له رۆژی یهكشهممهی رابردو له ئوردنی هاوسنور لهگهڵ سوریا كه لهڕێگهی فڕۆكهی بێفڕۆكهوانهوه بارهگاكهیان كرایه ئامانج، هێرشیان کردوەتە سەر زیاتر لە 85 ئامانج لە عێراق و سوریا دژی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیکیان.
هاوڵاتی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر بازگەکانیان لە عێراق بڵاوکردەوە و بەرپرسانی ئەمریکاش هەڕەشەی بەردەوامیدان بەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان دەکەن. ئەمڕۆ شەممە 3ی شوباتی 2024، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە". دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەم شوێنانە کردووە کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج کە بریتین لە بارەگای گەڕۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و کەتیبەکانی پاڵپشتی لیوای 13 ( 7 کوژراو و 7 بریندار )؛ بارەگای پشتیوانیی لۆجستی(بریندارێک)؛ پێگەی تۆپی دوورهاوێژ (کوژراوێک و 4 بریندار)؛ پێگەی چەکدارانی زرێپۆش ( 3 کوژرا و 10 بریندار)؛ پێگەی کەتیبەی تانک ( 4 بریندار)؛ دوو پێگەی سەر بە لیوای 45 ( 11 بریندار)؛ نەخۆشخانەی عیسام بەلداوی ( 5 کوژراو). لەم بارەیەوە جۆی بۆچینۆ، وتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند "پێموایە هێرشەکان دەچنە هەفتەی داهاتووش، چەند رۆژێک دەخایەنێت. چەند رۆژێک دەبێت نەوەک چەند هەفتەیەک، هیوادارم هێرشەکان گەورەتر و بەهێزتر بن، لەوە تووندتر بێت و (ئەمریکا) هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی، گرنگن چونکە ئەو ئامانجانەی ئێستا هیچ گرنگییەکیان نییە." بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپەکان بەردەوام دەبن. بە وتەی ئەمریکا ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو. هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاتژمێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
هاوڵاتی لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە ١٥٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لایەنی کەم ١٥٢ کەس لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستگیرکراون. هەر بەپێی ئامارە بێت، لە مانگی ڕابردوودا ٨١ هاوڵاتی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، هەروەها هەر لەو مانگەدا ٣٤ تورک، ١٤ بەلووچ و ژمارەیەک ھاوڵاتی عەرەب و گیلەک دەستگیکراون، هەروەها لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ١٢ ژن و یەک منداڵی تیادابووە. وەک ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی پیکردووە، لە مانگی یەک ٢٠ چالاکوانی ئایینی و هەشت خوێندکار و دوو مامۆستای زانکۆ و سێ ڕۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون.
هاوڵاتی لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمەریکا بۆسەر گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی کوژرا. میدیاکانی سەر بە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ڕایانگەیاند "لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمەریکا بۆ سەر قائیم، عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتیی لۆجیستیی حەشدی شەعبی کوژراوە". هەروەها میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 10 چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی دەکەن لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج، جگە لەوەی ئەم هێرشانە زەبرێکی گەورەی بە چەکدارانی حەشدی شەعبی، بە تایبەتی حزبوڵڵا گەیاندووەو سەرجەم کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان کراونەتە ئامانج و بەتەواوەتی لەناوبراون. درەنگانی شەوی رابردوو لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی لە ئوردن، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی نزیک لەو سوپایە لە عێراق و سوریا کرانە ئامانج.
هاوڵاتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە كهمێك لهمهوبهر ئهمریكا به فڕۆكهى بێ فڕۆكهوان هێرشى كردهسهر11 بارهگاى گروپه چهكدارییهكانی سەر بە ئێران له ناوچهكانى مهیادین و ئهلبوكهمال سەر بە پارێزگای درێرهزوور له سووریا و بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆنیش دەڵێت، "ئێمە لە پشت هێرشەکانەوە نین". لەگەڵ گەیشتنەوەی تەرمی سێ سەربازە کوژراوەکەی سوپای ئەمریکا بە ویلایەتی دێلاوەر و پێشوازیکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لێیان، میدیاكانی سوریا بڵاویانكردهوه، ئهمشهو ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگەی دێرەزور بۆردومان كراون کە ئهو ناوچانه بهوه ناسراوه گروپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان. رامی عەبدولرەحمان بەرێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، وا دەردەکەوێت بۆردومانەکان لەلایەن فڕۆکەی جەنگی ئەمریکییەوە ئەنجامدرابێت، بۆردومانەکانیش ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادینی رۆژهەڵاتی سوریای گرتوەتەوە. میدیا جیهانییهكانیش دهڵێن كه بۆردومانهكان لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوەو ئامانج لێی گروپه چهكدارەکانی نزیكن له ئێرانە، هاوکات بهپێی ئهو زانیارییانهی دهست روانگهی سوری كهوتوه، بۆردومانهكه لهلایهن ئهمریكاوه دهكرێت و 11 پێگهی گروپه چهكدارهكانی سهربه ئێران له خۆرههڵاتی سوریا كراونهته ئامانج و خاپوور كراون، لهگهڵ ئهوهش كه هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو بۆردومانەی بە فەرمی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش وتویەتی ، "ئێمە لە پشت ئهو گورزانهوه نین". بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەکان، تائێستا 6 کەس کوژراون و ژماپەیەکی دیکەش برینداربون. لە ماوەی رابردو بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە باکوری رۆژهەڵاتی ئوردن بۆردومانکرا و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 سەربازی دیکەش برینداربون. لە دوای ئەو روداوە ئیدارەی ئەمریکا بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا، لەو بەرەیشەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەمریکا بە چەند ئاستێک و بە چەند جارێک دەبێت.
هاوڵاتی بهرپرسێكی عێراق بۆ تۆڕی NBC Newsی ئهمریكیی ئاشكرا كردوه كه گروپه چهكدارهكانی عێراق بارهگاكانیان چۆڵكردوهو چهكهكانیشیان گواستوهتهوه و دهیانهوَت خۆیان له گورزهكانی ئهمریكا له عێراق و سوریا بپارێزن كه بهنیازه له وهڵامی هێرشهكهی ئوردن بیكاته سهریان. تۆڕی میدیایی (ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریکی ئێوارەی ئەمرۆ لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارە عێراقییەکان بارەگاکانیان چۆڵکردوە و چەکەکانیان گواستوەتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ لێدانەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا. هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵآویکردەوە، ئەمریکا ئامرازەکانی بەرگریکردنی لە بنکەی سەربازی ئەردەن پتەوکردوە، لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەکات کە بەهۆیەوە سێ سەرباز کوژران و 40 سەربازی دیکەش برینداربون. ههر لهسهر وهڵامه چاوهڕوانكراوهكهی ئهمریكا بۆ گروپه چهكدارهكانی عێراق، ئاژانسی هەواڵی سكای نیوز بهپێی لێدوانی بهرپرسێكی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا بڵاویكردهوه كه فڕۆكهی جەنگی له بهریتانیاوه بهرهو ناوچهی خۆرههڵاتی ناوهڕاست كهوتونهتهڕێ، بهتایبهت فڕۆكهی جەنگی بی1 كه له بنكهی سهربازیی لایكنهیس-ی ئاسمانیی له بهریتانیاوه بهرزبووهتهوه بهرهو ناوچهكه بهڕێكهوتوه. ئهوهش لهكاتێكدایه كه دوێنێ پێنجشهممه بهرپرسانی ئهمریكا رایانگهیاندبوو كه رهزامهندی لهسهر پلانێك وهرگیراوه بۆ وهشاندنی زنجیره گورزێك له دامهزراوه ئێرانییهكانی ناو عێراق و سوریا.
هاوڵاتی میدیای حووسییەکان دەڵێت، ئەمریکا و بەریتانیا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە یەمەن. میدیای حووسییەکان ئەمڕۆ هەینی، 2-2-2024، بڵاویکردەوە، "ئەمریکا و بەریتانیای دووژمنکار سێ هێرشیان کردە سەر ناوچەی جەر لە پارێزگای حەجە لە باکووری رۆژهەڵاتی یەمەن" ، تا ئێستاش ئەمریکا و بریتانیا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیانەوە ئاشکرا نەکردوە. پێشتریش عەبدولمەلیک حوسی سەرکردەی گروپی حوسییەکانی یەمەن لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر یەمەن شکستی هێناوە و کاریگەرییان لێ ناکات و توانا جەنگییەکانیان کەمناکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەلێن دەدەن بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سور و کەنداوی عەدەن، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل جەنگی غەززە رادەگرێت و گەماڕۆکان لەسەر ئەو ناوچەیە هەڵدەگیرێت، لە تشرینی دووەمی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور کرد و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین." دوایین هێرشی حووسییەکان دوێنێ پێنجشەممە بوو. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، " درۆنێکی حووسییەکانی یەمەنیان خستەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت. " هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن، لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام حووسییەکان لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن. لە 19ی تشرینی دووەمەوە حووسییەکان 30 جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتەسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانیکەم هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن. ئهوهش لهكاتێكدایه دوێنێ پێنجشەممە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگهیاندبووه كه درۆنێکی حوسییەکانی یەمەنیان خستەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.