هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان دەستپێدەکاتەوە دوای ئەمڕۆ دواخرا.  ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەمشەو 13 بارمتەی ئیسرائیل و حەوت بیانی دەستی حەماس ئازاد دەکرێن لەبەرامبەر ئازادکردنی 39 فەڵەستینی لە زیندانییەکان. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەشڵێت کێشەکە چارەسەر کراوە لەرێی نێوەندگیری قەتەر و میسرەوە دوای ئەوەی حەماس رایگەیاند کە ئیسرائیل پابەند نییە بە ئاگربەستەکەوە.  پێش چەند کاتژمێرێک بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند بەشی دووەمی بارمتەکان ئازاد ناکات بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێل کردووە و رێگری کردووە لە چوونی بارهەڵگرە مرۆییەکان بۆ نیو غەززە و لە 345 بارهەڵگر تەنها 65 بارهەڵگر چوونەتە نێو غەززەوە.  لە بەشی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکاندا لە رۆژی هەیینی، 13 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر 39 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.

هاوڵاتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەستگیرکردنی دوان لە ئەنجامدەرانی تاوانی کۆمەڵکوژی سەربازگەی سپایکەری راگەیاند کە ماوەی نۆ ساڵ بوە خۆیان شاردۆتەوە و لە وڵاتێکی دراوسێ نیشتەجێبون. لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت: لە بەردەوامی هەوڵی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانی سپایکەر و دەستگیرکردنیان، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان دوان لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ دەستگیر بکەن، کە ماوەی نۆ ساڵە خۆیان شاردوەتەوە. ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانمان به‌ڵێنیان داوه‌ به‌ گه‌لی عێراقیمان به‌دواداچون بۆ تاوانباران و تیرۆریستان بكه‌ن و تۆڵه‌یان لێ بكه‌نه‌وه‌ و كار بۆ پاراستنی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ن. رۆژی 12ی (حوزه‌یران/6)ی 2014 نزیكه‌ی هه‌زار و 700 خوێندكاری سه‌ربازگه‌ی سپایكه‌ر له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه‌ به‌دیل گیران و پاشانیش ڤیدیۆی كوشتنیان بڵاوكرایه‌وه‌ و سه‌رجه‌میان گوله‌بارانكران و كۆمه‌ڵكوژكران. تائێستاش لەسەر ئەو روداوە، دادگای ناوەندی تاوانەکانی عێراق لە کۆی 48 تۆمەتبار 40 تاوانباری بە ئەنجامدانی تاوانی سپایکەر بە لەسێدارەدان سزاداوە.

هاوڵاتی  گروپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی رووبەرووبونەتەوە و لە ئەنجامیشدا کەسێکیان لیکوژراوە و "ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش کوژراون." مقاوەمەی ئیسلامی یەکێکە لەو گروپانەی کە لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان لە فرۆکەخانەی هەریر لە هەرێمی کوردستان. لە راگەیاندراوێکدا گروپەکە دەڵێت، رووبەرووبونەوەی نزیک لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد روویداوە و بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشیان کردووەتەسەر قولـلەکانی بنکە سەبازییەکە و لەئەنجامی رووبەرووبونەوەکەدا کەسێکیان لێکوژراوە و چەند سەربازێکی ئەمریکیشیان "کوشتووە." گروپەکە دەشڵێت، چەندین گوللـە هاوەن و چەکی سووک و قورسیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە. تا ئێستا حکومەتی عێراق و ئەمریکا هێرشەکەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە بەڵام وێبسایتی شەفەق نیوزی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت،رووبەرووبونەوەی چەکداری لەنێوان سەربازانی ناو بنکەکە و ژمارەیەکی نەزانراوی چەکدار رویداوە. بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، ئەمریکا چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی ئەو گروپانەی بە ئامانج گرتووە و دواین هێرشیشی لە رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 بوو کە چەند بارەگایەکی سەربازی حەشدی شەعبی بە ئامانج گرت.

هاوڵاتی  دوو بومەلەرزەی بەهێز لە پارێزگای مەلاتیای باکوری کوردستان روویدا و خەڵکی پارێزگاکە بۆ سەلامەتی خۆیان هاتوونە سەر شەقامەکان. سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی توركیا رایگەیاند، دوو بومەلەرزەی یەک لەدوای یەک ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای مەلاتیا رویداوە بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر و 4.7 پلەی رێختەر.  بەپێی ئیدارەکەی تورکیا، بومەلەرزەی یەکەم لە کاتژمیر 5:46 خولەک رویداوە و قوڵای بومەلەرزەکە 6.99 کم بووە و بومەلەرزەی دووەمیش لەکاتژمێر 5:49 خولەک رویداوە کە قوڵاییەکەی 6.36 کم بووە.  هێشتا نازانرێت زیانەکانی بومەلەرزەکان چین، بەڵام لە چەندین ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت کە خەڵکی پارێزگاکە بەهۆی ترسێکی زۆرەوە لە روودانی بومەلەرزەی تر هاتوونە سەر شەقامەکان و جەنجاڵی دروست بووە.  تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرجار بومەلەرزە تێیدا روودەدات بەهۆی ئەوەی لەسەر هێڵی پلێتی ئەنادۆڵە کە ناوچەیەکی پڕ بومەلەرزەیە.  لە سەرەتایی ئەمساڵەوە لە 6ی شوباتی 2023 بومەلەرزەیەکی بەهێز لە تورکیا رویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی  وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل سبەینی کاتژمیر 7ی بەیانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەسەرەتاوە 13 بارمتەی دەستی حەماس ئازاد دەکرێن.  ماجید ئەنساری، وتەبێژێکی قەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل سبەینێ هەیینی لە کاتژمێر 7ی بەیانی (کاتژمێر 8 بەکاتی هەرێمیی کوردستان) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  ماجید ئەنساری باسی لەوەشکرد لە قۆناغی یەکەمدا 13 بارمتەی دەستی حەماس لە کاتژمیر 4ی دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ  ئازاد ەکرێن کە هەندێکیان ژنن و هەندێکیان منداڵن و ئەم پرۆسەیە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت تا ئازادکردنی دیلەکان تەواو دەبێت. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەکرد کە بارمتەکان دەدرێنە دەست رێکخراوی مانگی سوور و بۆ ئەوەیە کە سەلامەتییان پارێزراو بێت لە ناوچەی جەنگدا.  ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنەکەی حەماس و ئیسرائیل بەنێوەندگیری قەتەر، 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن و ئاگربەستەکەش بۆ ماوەی چوار رۆژ دەبێت.  لەماوە 46 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 14 هەزار کەس لە فەڵەستین و هەزار و 200 کەس لە ئیسرئیل کوژران. 

هاوڵاتی رۆژی شەممە ١٨ی تشرینی دووهەم، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند لە ماوەی مانگێکدا لەنێوا  (١٨/١٠/٢٠٢٣) بۆ ١٨/١١/ ٢٠٢٣، لەعێراق و سوریا ٦١ جار هێرش کراوەتەسەر بنکەکانیان ، ٢٩ هێرشیان لەعێراق و ٣٢ هێرشیان لەسوریا بووە. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند بەشی زۆری هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەم هێرشانەوە ٦٠ هاووڵاتی ئەمریکی بەسووکی برینداربوون. بەپێی راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، لەماوەی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە، ١٥٠ جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا. رۆژی ١٦ی تشرینی دووهەم، سابرینا سینک جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند لەدوای ٧ی تشرینی یەکەم و دەستپێکی جەنگی حەماس- ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق زیاتر بووەو ئەم وتەبێژەی کۆشکی سپی، لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد ئەم هێرشانە لەلایەن هێزەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و سوریا ئەنجامدەدرێن. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدرێت زانیاری دەربارەی ژمارەیەک لەو گرووپانە بخرێنەڕوو کەوەک پارێزەرەکانی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەناسرێن و دژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لەسوریاو عێراق چالاکی دەکەن. کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئەم دەستەیە ساڵی ٢٠٠٧ و لەشاری عەممارە لەباشووری عێراق و لەیەکگرتنی چەند تاقمێکی میلیشیا پێکهات کەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن دروست ببوون. ئەم تاقمانە بریتی بوون لە لەشکری ئەبولفەزل ئەلعباس، کەتیبەکانی کەربەلا، زەید بن عەلی، عەلی ئەکبەرو سەجاد. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق خۆی وەک «رێکخراوی جیهادی ئیسلامی بەرگریکار» دەناسێنێت و لەماڵپەڕی فەرمی خۆیاندا نووسیویانە « ویلایەتی فەقیه « باشترین رێگایە بۆ « دەسەڵاتدارێتی ئیسلام لەسەردەمی غەیبەت»دا، کە ئاماژەیە بەباوەڕی شیعەکان کەئیمامی مەهدی، ئیمامی دوانزەیەمی شیعەکان لەغەیبەتدایە و پێش کۆتایی جیهان دێتەوەو دەسەڵاتی جیهان دەگرێتە دەست. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق پەیوەندی رێکخراوەیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیەو شکستپێهێنانی پلانە ئەمریکی- ئیسرائیلییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئەرکی خۆیان دەزانن. چەکدارەکانی ئەم تاقمە لەیەکەم دەستە چەکدارەکان بوون کە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لەساڵی ٢٠١١ دژ بەخۆپیشاندەران وەستانەوەو هەوڵیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد داوە. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، بەپێچەوانەی گرووپە میلیشیا شیعەکانی تری عێراق، هەیکەلی ریکخراوەیی دیاریکراویان نییە. ئەحمەد موحسن فەرەج ئەلحەمیداوی، رێبەری ئەم گرووپە دەکات، کەسێک کە تائێستا هیچ وێنەو ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەتەوە. ئەبو مەهدی موهەندس، کەوێڕای قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری سوپای قودس، لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، یەکێک بوو لەدامەزرێنەران و فەرماندەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق باڵی سیاسی نییە، بەڵام بەشێکن لەهێزەکانی بەرەی یەکگرتووی میلیشیا شیعەکان کە بەحەشدی شەعبی دەناسرێن. ئەم تاقمە بەرپرسیاریەتی دەیان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا و هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا گرتووەتە ئەستۆ. ئەم تاقمە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە. کەتیبەکانی حزبوڵڵا جگە لەعێراق بنکەیان لەسوریاو لەپارێزگای دێرەزوور هەیە لەڕۆژهەڵاتی سوریاو لەو بنکانەوە زۆرجار هێزەکانی ئەمریکایان لەسوریا کردووەتە ئامانج. ساڵی ٢٠١١ خەمڵێندراوە کە  ١٠ هەزار کەس چەکداری ئەم گرووپەن و هەر چەکدارێک مانگانە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار وەردەگرێت، بەڵام دەستپێکی جەنگی داعش و هەروەها پەیوەستبوونیان بەحەشدی شەعبی وایکردووە لەئێستادا ژمارەیان زۆر زیاتر بێت و مووچەی مانگانەشیان زیاترە. بزووتنەوەی ئەلنجەبا (النجبا) بزووتنەوەی النجبا، وێڕای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، رۆڵێکی گرینگیان هەبوو لەجەنگی سوریاو بەتایبەت لەشەڕی شاری حەلەب، لەساڵی ٢٠١٥. ئەم تاقمەش سەر بەهێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانەو لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و چەک و چۆڵ دەکرێت و هەروەها لەلایەن سوپای پاسدارانەوە راهێنانیان پێدەکرێت. بزووتنەوەی النجبا، پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو گرووپانەی تری نزیک ئێران. دامەزرێنەری ئەم گرووپە (اکرم الکعبی)یە، کەپێشتر یەکێک بوو لەفەرماندە دیارەکانی (جیش المهدی)، گرووپێکی شیعەی سەر بەموقتەدا سەدر. (اکرم الکعبی) دوای جیابوونەوە لەم گرووپە، پەیوەست بوو بەگرووپی (عصائب اهل حق)ەوە و دواتر بزووتنەوەی النجبای دامەزراند. ئەمریکا ساڵی ٢٠١٥ بزووتنەوەی النجبای خستە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام ئەمە نەبوو بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەم رەوتەی سەر بەئێران. مانگی تشرینی ٢٠١٥ (اکرم الکعبی) لەگفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی :» ملکەچی هەر فەرمانێکە کە لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەربکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەم فەرمانە رووخانی دەوڵەتی عێراق یان بەشداریکردن بێت لەجەنگی دەرەوەی سنوورەکان بێت». عەسائیبی ئەهلی حەق گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق، کەدامەزرێنەرەکەی (قەیس خەزعەلی)یە وەک «بەرگری ئیسلامی لەعێراق» ناوی دەبات، لەدڵی رەوتی سەدرەوە لەدایکبوو. دامەزرێنەرو رێبەرایەتییەکەی بەشێکبوون لەکادێرەکانی رەوتی سەدر بەڵام لەم رەوتە جیابوونەوە. ئامانجی ئەم گرووپە، وەستانەوەیە دژی داگیرکاری ئەمریکا لەعێراق. ئەم گرووپە بەرپرسایەتی بەشێکی زۆر لەهێرشەکان دژی هێزە ئەمریکاییەکان لەعێراقیان گرتووەتە ئەستۆ. ساڵی ٢٠٠٤و دوای ئەوەی باڵی سەربازی رەوتی سەدر کە بە(جیش المهدی) ناسراوە، لەگەڵ  دەوڵەتی کاتی عێراق و سوپای ئەمریکا رێککەوت و ئاگربەستیان راگەیاند، بەناڕەزایەتی بەم رێککەوتنە لەم گروپە جیابووەوەو بەردەوامبوو لەجەنگ دژی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق. ئەم گروپە سەرەتا هەر لەعێراق چالاکی دەکرد، بەڵام دواترو دوای ٢٠١١، بەشێکی لەچالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ سوریا. هێزەکانی ئەم گروپەش لە جەنگی ناوخۆی سوریا بەشداریان دەکردو پشتیوانییان لە حکومەتی ئەسەد کرد. عەسائیبی ئەهلی حەق وێڕای گروپەکانی تری سەر بەئێران لەلیستی ئەو رێکخراوانەدان کە لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسراون. مانگی ٣ی ٢٠٠٧ راگەیەندرا کە نزیک بەسێ هەزار چەکداری هەیە، بەڵام مانگی ٦ی ٢٠١١ راگەیەندرا بەشی زۆری هێزەکانیان عێراقیان جێهێشتووەو کەمتر لە ١٠٠٠ کەس لەهێزەکانیان لەعێراق ماونەتەوە. رێکخراوی بەدر رێکخراوی بەدر، وەک دایکی هەموو گروپە شیعەکان لەعێراق دەناسرێت و سەر بەکۆماری ئیسلامییە و راستەوخۆ لەسوپای پاسداران فەرمان وەردەگرن. ئەم رێکخراوە، رێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییە. رێکخراوی بەدر ساڵی ١٩٨٢ لەئێران و لەژێر چاودێری، محەممەد باقر الحکیم و  لەلایەن سوپای پاسدارانەوەو وەک لقی سەربازی (المجلس اڵاعلی للپورە الإسلامیە فی العراق- ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لەعێراق) دامەزرا. ئەندامانی ئەم گروپە ئەو هاووڵاتییە شیعە عێراقیانەی دژبەری سەدام حسێن بوون کە نیشتەجێی ئێران بوون و هەروەها بەشێک لە دیلە جەنگییەکانی جەنگی ئێران- عێراق کەشیعە بوون بوو ( تۆبەکارەکان) ناویان دەبرا. رێکخراوی بەدر، لەجەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی ئەرتەشی عێراق شەڕیانکرد. لەو سەردەمەدا ئەبو مەهدی موهەندس، یەکێک بوو لەفەرماندە باڵاکانی رێکخراوی بەدر. لەئێستادا هادی عامری، وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دەناسرێت. دوای رووخانی سەدام حوسێن لەساڵی ٢٠٠٣، گرووپی بەدر وەک رێکخراو خۆی ناساندو ناوی خۆی گۆڕی بۆ ( رێکخراوی بەدر بۆ بونیادنانەوەو گەشەپێدان). ساڵی ٢٠١٢ لەمجلس اسلامی عراق جیابووەوەو پاڵێوراوی خۆی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. لەساڵی ٢٠١٤ ژمارەی هێزەکانیان بە ١٠ هەزار کەس خەمڵێندرا کەهەزارو ٥٠٠ کەسیان شانبەشانی هێزەکانی سوپای پاسداران لەسوریا دژی دژبەرانی بەشار ئەسەد دەجەنگان. کەتیبەکانی سەید شوهەدا ساڵی ٢٠١٣ و بەناو پارێزگاری لەمەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکان لەهەموو دونیا دامەزرا. لەشەڕی ناوخۆی سوریا بەشداریکردوەو پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد کردووە. لە سوریا بنکەکانیان زیاتر لەباشوری دیمەشق بووەو پارێزگارییان لەمەزارگەی زەینەب دەکرد. ئەم گروپە هەروەها ٢٠١٤ لەشەری الشیخ مسکین دا بەشداریکردووە. کەتیبەکانی سید الشهدا، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ رێکخراوی بەدر هەیە. سەرایا خۆراسانی سەرایا خۆراسانی، ساڵی ١٩٩٥ لەئێران و لەلایەن حەمید تەقەوی یەکێک لە ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە دامەزرا. دواتر تەقەوی ساڵی ٢٠١٥ و لەسەردەمی شەڕی داعش لە تکریت، لەلایەن داعشەوە کوژرا. رەگی ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ کەتیبەی کەڕاڕ کەساڵی ١٩٨٦ و لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێران دامەزرا. ئەم کەتیبەیە شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی سوپای عێراق شەڕی دەکرد. ئەم کەتیبەیە لەلایەن یاسن ئەلموسەوی، یەکێک لە یاریدەدەرەکانی محەممەد باقر ئەلحکیمەوە بەڕێوە دەبرا. بەڵام ساڵی ١٩٩٥ ئەم کەتیبەیە گەورەتر بوەو لەلایەن حەمید تەقەوییەوە ناوی نرا سەرایا خوراسانی. دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن، بەشێک لەم رێکخراوە حزبێکی سیاسییان دروستکرد بەناوی « گلیعە الخراسانی» و لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی وەک بەشێک لەبەرەی یەکگرتووی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی بەشدارییان کرد. ساڵی ٢٠١٣ سرایا الخراسانی، وەک لقی سەربازی حزبی گلیعە الخراسانی، ناسرا. هێزەکانی ئەم گروپە بەشداریان هەبوو لەجەنگی ناوخۆی سوریا بۆ بەرگریکردن لە بەشار ئەسەد. ئەم گروپە لۆگۆی سوپای پاسدارانی لەسەر ئاڵاکەی خۆی داکوتاوەو بەئاشکرا خۆی بەشوێنکەوتووی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەناسێنێت و رایانگەیاندووە لەسوپای پاسداران و عەلی خامنەیی فەرمان وەردەگرن. ژمارەی هێزەکانی بە سێ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و لەچوار یەکەی سەربازی پێکهاتوون. یەکەکانی نوخبە مانگی ٥ی ٢٠٢١ ، رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد ئێران سەدان کەسی لە هێزەکانی  میلیشاکانی خۆی هەڵبژاردوەو لەڕێگای ئەوانەوە، یەکەی بچووکتری نوخبەی دروستکردووە. لەم راپۆرتەی رۆیتەرزدا ئاماژە بەوە دراوە ئەندامانی گروپە نوخبەکان ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەی زۆر نهێنی لەلایەن ئەفسەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە ر‌اهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و سیخوڕی و هەروەها شەڕی سایبەری. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە ئێران دەیەوێت قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە لە رێکخستنی تاقمەکانی سەر بەخۆی دوای مردنی قاسم سلێمانی، لەبەرئەوەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای هێزەکانی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، ئەو بڕشت و کاریگەرییەی قاسم سلێمانی نییە لەناو ئەم گروپانەدا. لەلایەکەوە بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەم تاقمە نوخبەو بژاردەیە کەمتر دزە دەکرێتە ناویان و بەهۆی لێهاتووییان لەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باشتر دەتوانن لە بەرژوەندییەکانی دوژمنانی تاران بدەن. بەپێی هەندێ راپۆت، ئەم تاقمە راستەوخۆ لەلایەن ئەفسەرەکانی سوپای قودسەوە بەڕێوە دەبرێت و بەرپرس و فەرماندەی عێراقی نییەو سەرجەم فەرماندەو بڕیاردەرەکانی ئێرانین. ئەم تاقمە لەسوریا و عێراق چالاکییان هەیەو دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسوریا و عێراق ئۆپەراسیۆنیان هەیە. بەڵام تائێستا کەسە یەکەمەکانی ئەم رێکخراوە نەناسراو ماونەتەوە. بەشێکی تر لەو هێزانەی کە سەر بەئێرانن بریتین لە: 1-قوات اسد اللە الغالب في العراق والشام 2-سرایا الزهرا 2-سرایا السلام 3-حزب اللە الثائرون 3-لواء ابوالفضل العباس 4-لواء کفیل زینب 5-لواء عمار بن یاسر 6-کتائب درع الشیعە

هاوڵاتی  ریاز مالکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین رایگەیاند لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان لە غەززە 52 ئەندامی بنەماڵەیەکی غەززە کوژراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 وەزیری دەرەوەی فەڵەستین لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ  دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە لەندەن رایگەیاند، "هەر ئەم بەیانییە 52 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی قەدوورە لە جەبالیا،  کوژراون و ئەو بنەماڵەیە لە ناوچوون." ریاز مالکی وتیشی، "من ناوی هەر 52 کەسەکەم لایە، هەموویان لە دایەگەورەو باوەگەورەوە بگرە تا مناڵی ورد، لەناوچوون و مردوون." وەزیری تەندروستی کەرتی غەزە کە بە دەستی حەماسەوەیە دەڵێت لە رۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلەوە، واتە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، زیاتر لە 14 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە کوژراون. ئیسرائیلیش باس لەوە ئەکات لانیکەم هەزار و 200 هاوڵاتی ئیسرائیلی لە رۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون و 240 کەس بە بارمتە گیراون.

هاوڵاتی  ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی پێنجشەممەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ئازادکردنی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی. موسا ئەبوو مەرزووق، ئەندامی مەکتەب سیاسی حەماس رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی 2023,  بە کەناڵی جەزیرەی رایگەیاند، رێککەوتنی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل لە کاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیسرائیل هێشتا کاتژمێری وردی دەستپێکی ئەم رێککەوتننامەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. لە هەندێ راپۆرتی میدیاکانی فەلەستیندا کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ئیسرائیل دیاریکراوە. لە هەندێ لە راپۆرتەکەندا هاتووە هەموو شەوێک ئیسرائیل ناوی 12 کەس لەو هاوڵاتیانەی کە رۆژی دواتر ئازاد ئەکرێن ئەگاتە دەستیان و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات.  ئۆفیسی بنیاماین ناتانیاهۆ رایگەیاندووە کە ئەگەر حەماس دوای چوار رۆژەکە، هەر رۆژێک ١٠ بارمتە ئازاد بکات ئەوا ئاگربەستەکە بۆ رۆژێک درێژ دەکرێتەوە. لەبارەی ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن، مووسا ئەبومەرزووق بە جەزیرەی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی حەماس بە پێی رێککەوتنەکە ئازادیان ئەکات، ئەو کەسانەن کە هاوڵاتی وڵاتانی بیانین، بەڵام ئاماژەی بەوەنەدا هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی هەن یان نا. ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە رێککەوتننامەکە بۆ ئازادکردنی 50 هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە هەندێ لە راپۆرتی میدیا جیهانییەکاندا هاتووە رەنگە حەماس ژمارەیەک کرێکاری تایلەندیش ئازاد بکات کە لە ئیسرائیل رفێندراون، بەڵام ئەو کرێکارانە جیاوازن لەو 50 هاوڵاتییە ئیسرائیلییە. لەسەر ئاگربەستەکە ئەحمەد عەبدولهادی، نوێنەرێکی حەماس لە لوبنان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوانیدا لە کاتی پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەردانی بەیرووتی کرد، وتی، "حەماس هیوادارە ئەم ئاگربەستە ببێتەهۆی کۆتایی جەنگ". نوێنەرەکەی حەماس لە لوبنان لە قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، حەماس توانیویەتی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا داسەپێنێت. هاوکات کەناڵی جەزیرە نیوەڕۆی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی حیزبوڵڵاوە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل پەیوەست بێت بە پاراستنی ئارامییەوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش ئامادەیە دەستبەرداری هێرشەکانی بێت بۆ سەر ئیسرائیل.  

هاوڵاتی  بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق درێژکرایەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، کارەکانی کۆمسیۆن تا کۆتایی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی خۆیدا کۆبوونەوەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ بریاردرا کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی تر درێژبکرێتەوە. لەو بارەیەوە بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، "دەنگدانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو بوو، بەكۆی دەنگ پەسەند كرا، كارەكانی كۆمسیۆن درێژی دەبێت تاكو بە تەواوی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق‌ و هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت."  بەپێی بڕیارەکە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تا 7ی تەمووزی 2024 دەبێت، کە پێش ئەو ماوەیە و لە 18ی مانگ داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و دواتریش لە 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.  درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەوپێیەی ئەگەر درێژ نەکرایەتەوە، ئەوا بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نەیاندەتوانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. 

هاوڵاتی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقدا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دواخرا. رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە و بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێت. بەپێی خشتەی کاری پەرلەمان بڕیاربو لە دانیشتنی ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵببژێردرێت، هەروەها دەنگ بە هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدرێت، کە لە دانیشتنی پێشو خوێندنەوەی یاسایی بۆ کرا. لەمبارەیەوە د بریار ڕشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند : لەبەر ئەوەی رێکەوتنی یاسی نەبوو هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە کۆی دەنگ دواخرا. هاوکات میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، دووكاندید چانسى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ ئەوانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ سالم عیساوى كاندیدى حزبى ته‌قه‌دووم كه‌ محەمەد حه‌لبوسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و كاندیدى دووه‌م موسه‌نا سامه‌رائى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى (عه‌زم)ن.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە وتەبێژی حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکای بۆسەر گروپە چەکدارەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند پێشێلکارییەکی تەواوی خاکی عێراقە.و میدیا جیهانییەکان دەڵێن لە هێرشەکەدا کوژراو بریندار هەیە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵکشانەی ئەم دواییە دەکات کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا لە گۆڕەپانی عێراقدا ڕویداوە، وەک هەڵکشانێکی مەترسیدار کە پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراو بۆ سەر سەروەری عێراق لەخۆدەگرێت، لە هەمو بارودۆخێکدا پابەندین بە پاراستن و بەرگریکردن بە پێی ئەرکە دەستوی و یاساییەکانی حکومەت". ئاماژه ی به وەشداوە، "هێرشەکە بەبێ ئاگاداری دەزگاكانی حكومەتی عێراق ڕوویدا، ئەمەش پێشێلكردنی ڕوونی سەروەرییە و هەوڵێكە بۆ تێكدانی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی و بە پێی سەروەری دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان قبوڵكراو نییە". هەر بە پێ راگەیندراوەكە جەخت لەوە كردوەتەوە" كە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پشتیوانی لە كاری هێزە چەكدارەكانمان دەكات لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژكردنەوە، و ئەوەی كە ڕوویدا پێشێلكردنی ئاشكرای ئەو ئەركەیە كە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا بوونیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە خاكی عێراقدا، بۆیە داوا دەكرێت بە شێوەیەكی تاكلایەنانە هەڵسوكەوت نەكات و پابەند بێت بە سەروەریی عێراق و بە هیچ شێوەیەك قبوڵی پێشێلكردنی ناكرێت". ئەم لێدوانە دوایئەوەهات ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق." سەبارەت بە شوێنی هێرشەکە  سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەری بەغدا بووە و گرووپێکی حەشی شەعبییان کردووەتە ئامانج. هاوکات لەسەر هێرشەکە  ئاژانسی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی جورف ئەلنەسری لە باشوری بەغدا کوژراوی لێکەوتوەتەوە، به‌ڵام فەرماندەیی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ئەنجامی هێرشەکانی رانەگەیاندوە.  ئاژانسی فرانس پرێسیش له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بڵاویکردۆتەوە، پێنج ئه‌ندامی حزبوڵای عێراق له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌ناوچه‌ی جورف ئەلنەسری کوژراون، هاوكات چوار كه‌سیش برینداربون. 

هاوڵاتی  وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ دەستپێدەکات و بودجەی پێویست بۆ بانکەکان نێردراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە. وه‌زاره‌تی دارایی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2023، به‌شی ژمێریاری وەزارەتی دارایی ده‌ستیكردوه‌ به‌ ناردنی بودجه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگی 11. هەموو مانگێک حکومەتی عێراق لە 20-25ی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرەکانی دابەش دەکات.  ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێم تا ئێستا چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆن و هێشتا گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە نەگەشتووەتە هەرێمی کوردستان. دوێنی دووشەممە پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە وتی،"بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان" کە بڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بکرێت. تا ئێستا روون نییە کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 چ میکانیزمێک بەکاردەهێنرێت بۆ دابەشکردنی مووچە و حکومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێکی نەداوە کە قەرزی تر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. پێشتر نەمرین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن چونکە "گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجام دەدرێت." وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر رێککەوتنێکی نوێ ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن."

هاوڵاتی  بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس رایانگەیاند نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی.  ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە نزیکن "لە گەشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست"  لەرێی نێوەندگیری قەتەرەوە.  ئیسماعیل هەنییە هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە بەڵام بەرپرسێکی تری حەماس بەناوی عیزەت ئەلریشق بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە ئاگربەستکە بۆ ماوەی چەنێک بێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی.  هاوکات دوێنێ دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبووەتەوە. لەرۆژی 7ی ئۆکتۆبەر حەماس زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گرت و لە هێرشەکەشیدا بۆسەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەس کوژران. ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە جەنگ بەردەوامە و بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 13 کەس لە فەڵەستین کوژراون.

هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ"ی هێزەکانیانەوە توانیویانە ئاسایشی سنورەکانیان لەگەڵ عێراق بپارێزن و دەشڵێت، "شەوێک لە ناکاو دێین." رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-11-2023)ـی کابینەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند،“بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە باکووری سووریا ئەنجامماندان، ئەو رێڕەوە تیرۆرەمان وردوخاش کرد، کە هەوڵدەدرا لە باشووری سنوورەکانمان دروستبکرێت.” وتیشی، "هاوشێوەی قودس و موسڵ قەرەباغ لە ناو دڵمانە." سەرۆککۆماری تورکیا باسی غەززە و موسڵیشی کرد و وتی "لە دڵی ئێمەدا قەرەباخ و غەززە هەمان پێگەیان هەیە، هاوشێوەی حەلەب، تەرابلووس و موسڵ، کە جیایان ناکەینەوە، هەروەها شاری دێرینی خۆشمان کە قودسە وەکو ئەوان دەبینین.'' باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لێدەکەن تەواوی کەرەستە جەنگییەکانیان لە دژی منداڵ و ژنان بەکاردەهێنن و ویژدانی مرۆڤایەتی دادگاییان دەکات، ئەگەر وەڵامیان بۆ ئەوە نەبێت کە لە غەززە رودەدات، ئەوا ناتوانن رێگری لە داگیرکاری زیاتر بکەن.  

هاوڵاتی  وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگه‌یاند، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری رەتکردەوە کە هەرسێکیان لە پارتەکەی محەممەد حەلبوسین. دوای ئەوەی 14ی ئه‌م مانگه‌، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەندامێتی محه‌مه‌د حەلبوسی له‌ په‌رله‌مان هەڵبوەشێنێتەوە بەتۆمەتی "ساختەکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی"، هەر سێ وەزیری پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری کە لە پارتی تەقەدومن کە هەمان پارتی محەممەد حەلبوسییە، نامەی دەستلەکارێشانەوەیان پێشکەشی سودانی کرد. باسم عەودای، وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، کە سودانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانی رەتکردووەتەوە و دەستبەجێ وەزیرەکان دەست بەکار کردن دەکەنەوە لەپێناو "پشتیوانیکردن و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر یەکگرتوی کۆمەڵگا نەبێت و کەشێکی سەقامگیر دابین بکات، کە بەشداربێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی بنیاتنان و گەشەپێدان."