هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبونی تەواوەتی بە بریارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان راگەیاند. دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ماڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، رێز لە دەسەڵاتی دادوەریی دەگرن و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتیشیدەکەنەوە ھیچ شتێک ناوبانگی دادگای عێراقی و سەربەخۆیی و بێلایەنییەکەی لەکەدار بکات.  کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بوو لەدوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەنجامدرا، ئەوەش لەکاتێکدایە دوای بڕیاری دورخستنەوەی، حەلبوسی رایگەیاند، داگای باڵای فیدراڵی  بەبێ پرسکردن بەگەل دەستکاری دەستوری کردوە. چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیشی کردەوە لە تەواوکردنی پێداویستییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتی لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی غەززە دەورەدراون و نەخۆشخانەی شیفا بووەتە «گۆڕستان»، فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بوون بۆ سەر ئیسرائیل تا جەنگ رابگرێت، تەنانەت دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە لەناو ئیدارەی بایدن رەخنە لەسیاسەتی ئیدارەکە بگیرێت و چەندین کارمەندی باڵا داوای ئاگربەست بکەن. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە فشارە نیودەوڵەتییەکان زیاتربوون بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام وڵاتەکە سوورە لەسەر هێرشی بەردەوام و لەنوێترین هەنگاویدا چەند «بەڵگەیەکی نیشانداوە تا بیسەلمێنێت کە نەخۆشخانەکان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکار دەهێندرێن. بنیامین ناتانیاهۆ گوێ بەفشارە نێودەوڵەتییەکان نادات و دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات «رووبەڕووی هەموو جیهان دەبینەوە». سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوڵاتانی عەرەب دەڵێت ‹بێدەنگ بن› لە رۆژی شەممەی رابردوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست وتی، «هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە.» هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام هەیینی  رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە «مەدەنی زۆر زۆر لەغەززە کوژراون.» لە رۆژی شەممەی رابردوو و پێش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ناتانیاهۆ، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لەئیسرائیل کردو رایگەیاند «ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکارو شەرعیەتێکی نییە.» هەمان رۆژ لەلوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە  کە بەبەشداری 57 وڵات بەڕێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوەو تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەمارۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بەئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست. ناتانیاهۆ لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوەو وتی، «دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تەنها کارەسات و خوێنڕشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستەبەر کردووە.» سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوەو رایگەیاند کە ماکرۆن «هەڵەیەکی ئەخلاقی» کردووەو هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی. لەبەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، «ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە» لەپێناو لەناوبردنی حەماس و داوای لەسەرکردە عەرەبەکان کرد کە «بێدەنگبن» ئەگەر بیانەوێت «داهاتووی خۆیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراو بێت». دۆخی نەخۆشخانەکانی غەززە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە تانکی ئیسرائیل گەمارۆی دەروازەکانی نەخۆشخانەی شیفاو چەند نەخۆشخانەیەکی تریان داوەو بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەزۆربەی نەخۆشخانەکان نەماوە بەهۆی بێ کارەبایی و بەردەوامی شەڕ. ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەگرتووەکانیش رایگەیاندووە لەئێستادا تەنها یەک نەخۆشخانە لەتەواوی غەززەدا لەکاردایەو ئەوانی تر کارەکانیان پەکی کەوتووە بەهۆی نەمانی خواردن، ئاو، ئۆکسجین و کارەباوە. پیشتر محەممەد ئەبو سەلمییە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەغەززە باسی لە دۆخی خراپی نەخۆشخانەکەی کردو وتی، نەخۆشخانەی شیفا دەورە دراوە بەسەربازی ئیسرائیلیی و ناهێڵن کەس بجوڵێت، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لیدەکرێت. «خەڵک لەناو نەخۆشخانەکە دەمرن، نەخۆشەکان خولەک لەدوای خولەک دەمرن و قوربانی و بریندارەکانیش لەسەرەمەرگدان، تەنانەت منداڵانی ناو شووشەش»، محەممەد ئەبو سەلیمە وای وت. دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ستافی نەخۆشخانەی شیفا گۆڕێکی بەکۆڵ لەنێو حەوشەی نەخۆشخانەکە هەڵدەکەنن بۆ ١٥٠ تەرم بەهۆی ئەوەی ناتوانن بیانبەنە دەرەوە. لەچاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤، محەممەد ئەبو سەلیمە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەسەر دۆخی ناو نەخۆشخانەکە وتی، «نەخۆشخانەکە تەنها چوار دیوارێکە بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا بمرن چونکە چارەسەر ناکرێن، بووەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵ، هەر ئەم بەیانییە حەوت کەس تر بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە مردن، هەر خولەکێک بڕوات مەترسی بەرزبوونەوەی مردنی زیاتر هەیە». نارەزایی لەنێو ئیدارەی بایدن ناڕەزایەتییەکان تەنها وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەنیو خودی ئیدارەی بایدنیشدا ناکۆکی هەیە لەسەر هەڵوێستی ئیدارەکەو پاڵپشتی لەئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر غەززە. هەفتەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فشاری لەئیسرائیل کرد کە بۆردومانی نەخۆشخانەی شیفا نەکات بەهۆی ئەو هەموو راپۆرتانەی باسی مردنی منداڵانی ناو شووشەیان دەکرد کە ئۆکسجینیان لێبڕاوە لەبەر نەمانی کارەبا. کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە زیاتر لە ٤٠٠ کارمەندی ئیدارەی بایدن نامەیەکی کراوەیان واژۆ کردووە کە داوا لەسەرۆکی ئەمریکا دەکەن ئاگربەست لەجەنگی حەماس-ئیسرائیل رابگەیەنێت کە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە ١١ هەزار فەڵەستینی و هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی. لەنامەکە هاتووە، «ئێمە نوێنەرایەتی هاوپەیمانیەتییەک دەکەین لەئیدارەی بایدن کە پێکهاتووین لەهەڵبژێردراوانی ساسیی و کارمەندی مەدەنی لەبەشەکانی دەرەوەو ناوخۆی ئیدارەکە، وەزارەتەکان، ئاژانسە سەربەخۆکان، هەروەها لەنێو کۆشکی سپی». «داوا لەسەرۆک بایدن دەکەین بەزوویی داوای ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات بەزامنکردنی ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن و لەگەڵ رەشبگیری فەڵەستینییەکان و ناردنەوەی، ئاو، سوتەمەنی، کارەبا و خزماتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەو بۆ گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە». دوو بەرپرسی ئیدارەی بایدن کە بەشداربوون لەهەوڵەکەدا بە ئین بی سییان راگەیاندووە کە لەسەرەتاوە تا ئێستا نامەکە پێشوازییەکی باشی لێکراوەو واژۆی کارمەندی باڵاو نیزامی ئیدارەی بایدنی تێدایە لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوەکانی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشێکیان بریتین لەکارمەندی وەزارەتی بازرگانی، بەرگری، ناوخۆ، ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت ئۆفیسی راپەڕاندنی کارەکانی خودی بایدن. لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هەموو ئەو ستافانەی وەزارەتی دەرەوە ناردووە کە ناڕازین و گومانیان هەیە لەسیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل. بەپێی رۆژنامەکە، لەنامەکەدا بلینکن دانی بەوەداناوە کە هەندێک دیپلۆماتکاری ئەمریکی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە سەبارەت بەپشتگیری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشەکانی و زیاتر لە ١١ هەزار کەس لەغەززە کوژراون. چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بەواشنتن پۆستیان راگەیاند، بلینکن چەندین بروسکەی لەسیستەمی ناڕەزایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشتووە کە ئەو سیستەمە لەکاتی جەنگی ڤێتنامدا دامەزراوە تا رێ بەدیپلۆماتکارانی وڵاتەکە بدات ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەرببڕن بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا ببێت. نامەکەی بلینکن دوای سەردانێکی نۆ رۆژی دێت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تێیدا دەڵێت، «دەزانم کە بۆ بەشێکی زۆر لە ئێوە ئەو ئازارەی کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە دروستبووە کاریگەرییەکی شەخسی دەکاتە سەرتان». «ئەوەش دەزانم کە هەندێک کەس لەناو وەزارەت رەنگە هاوڕا نەبن لەگەڵ ئەو رێگەیەی ئێمە گرتومانەتەبەر. ئێمە چەندین لوتکەمان راگەیاندووە کەگوێبیستی ئێوە بین و داوامان لەبەڕێوبەرکان و تیمەکان کردووە تا گفتوگۆ رێکبخەن لەسەرتاسەری جیهاندا تا بتوانین بۆچوونەکانتان ببیستین، ئەوەی ئێوە دەیڵێن سیاسەتەکانی ئێمە دوڵەمەندتر دەکات بەزانیاری. ئەو نامەیەی بلینکن بۆ «ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان»یش (USAID) نێردراوە کە زیاتر لەهەزار کارمەندی رێکخراوەکە نامەیەکی کراوەیان ناردووە بۆ بایدن تا داوای ئاگربەست بکات. ئیسرائیل بەڵگەکانی چین؟ لەدووشەممەی رابردوو دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بەجلوبەرگی سەربازییەوە زانیاری نوێی لەسەر جەنگدا لەشوێنیکی نوێوە کەپیشتر بەو شێوەیەی نەکردووەو ئەو شوێنەش ژورێک بوو لەنەخۆشخانەی رانتیسی لە غەززە. هەگاری لەژوورەکەدا دەستی بۆ هێلەکی خۆکوژی، رومانەو موشەکی دژە تانک درێژ دەکردو وتی کە ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە لە ٧ی مانگی رابردوو رفێنراون بەئەگەرێکی زۆرەوە لەم ژێرزەمینەدا بوون. لەکاتی قسەکردنیدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژژمێرێکی پیشاندا کە وتی ئەمە چەکدارانی حەماس بەکاریانهێناوە تا هاتن و چوونی خۆیانی پی دیاریبکەن و بە نۆرە چاودێری بارمتەکان بکەن. بەپێی ئاماری سوپای ئسیرائیل، زیاد لە ٢٤٠ بارمتەی ئیسرائیل لای حەماس بوونیان هەیەو حەماس رایگەیاندووە تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ٥٠ کەسیان کوژراون. ئەو زانیارییانەی دانیاڵ هەگاری لەگرتە ڤیدیۆیەکدا بەشێک بوو لەو هەوڵانەی حکومەتی ئیسرائیل تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل بکات بەوەی هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی نییە وەک ئەوەی دەڵێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ژێرخانی حەماس بەئامانج بگرن. ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ دەڵێت، کارێکی ئاسان نییە ئیسرائیل بەڵگەکانی بسەلمێنێت چونکە قسەکانی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل قایلکەر نەبووە و پیشاندانی چەند چەکێک و خۆحەشاردانی چەند کەسێک لەژێرزمینێکدا وەک ئەوە نییە کە دەست بگریت بەسەر ناوەندێکی فەرماندەیی حەماسدا کە لەوکاتەدا دەتوانیت بڵێیت نەخۆشخانەکە ئامانجێکی سەرەکی سەربازییە. گای شالیڤ، بەڕێوەبەری پزیشکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەئیسرائیل بەئاژانسی بلومبێرگی وتووە، «وەستانی وتەبێژی سوپا لەشوێنێک و بڵێت من لەژێرزەمینێکی نەخۆشخانەکەم بەس نییە، دەبێت ئەوە پشتڕاست بکرێتەوەو تەنانەت ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەشی راست بێت، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی سەرەتایی، نەخۆش و خەڵکی مەدەنی نابێت بەئامانج بگیرێن».

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و دەڵێت رەجەب تەیب ئەردۆغان گوێی لێ ناگیرێت چونکە ئەو خۆی "بۆردومانی گوندەکانی تورکیا دەکات." ئەمڕۆ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی ئەکەپە لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی کە ئیسرائیل "دەڵەتێکی تیرۆرە" و رەخنەی لە ناتانیاهۆ گرت و رایگەیاند، "ئێستا لێرەوە داوا لە ناتانیاهۆ دەکەم، چەکی ئەتۆمت هەیە یان نا؟ روونی بکەوە. تۆ چەکی ئەتۆمت هەیە و هەڕەشەی پێدەکەیت. ئێمە ئەوە دەزانین." لەسەر ئەم وتانە بنیامین ناتانیاهۆ وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیا دایەوە و رایگەیاند، "ئەو بە ئیسرائیل دەڵێت دەوڵەتی تیرۆر، بەڵام لەکارەکانیدا پشتگیری لە دەوڵەتی تیرۆری حەماس دەکات." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە قسەکانی لەلایەن ئۆفیسەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە باسی لەوەش کردووە، ئەردۆغان "بۆردومانی گوندەکانی سنوری تورکیا دەکات، ئێمە قسەی لێ وەرناگرین." قسەکەی ناتانیاهۆ بەناراستەوخۆ ئاماژەیە بە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆردومانی بەردەوام سنوری دهۆک دەکات بەبیانوی هەبوونی هێزەکانی پەکەکە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دورخراوەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان کرد، هەر لەو کۆبونەوەیە سودانی داوای لە حەلبوسی کرد، کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆی نێوان ئەو هێزە سیاسیانە چارەسەر بکرێت کە بناغەی پرۆسەی سیاسی عێراقن. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دورخراوەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،  سودانی جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە لە رێگەی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە چارەسەری هەموو کێشەکان بکرێت. ئاماژەی بەوەش کردوە، هێزە سیاسییەکان نوێنەرایەتی کۆڵەکەی سەرەکی پرۆسە سیاسییەکان دەکەن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە پشت ببەستن بە وتوێژ و گفتوگۆکردن. ئەمەش لەدوای ئەوە دێت دوێنی سێشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.

هاوڵاتی جارێکی دیکە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بۆردوومان کرا. به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار،ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق کرایە ئامانج کە هێزەکانی سوپای ئەمریکای لێیە. هاوکات تا ئێستا هیچ زانیاریه‌ك له‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی به‌ئامانجگرتنی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د نه‌خراوه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ها تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌فه‌رمی به‌رپرسیارێتی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌. پێشتر گروپی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی چه‌ندجارێك به‌رپرسیارێتی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار راگه‌یاندبو. لەمپەیوەندەدا سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 14-11-2023 رایگەیاند، "لەبارەی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 55 هێرش کراوەتە سەرمان، 27 لەو هێرشانە لە عێراق بووە. 28 هێرشیش لە سووریا". لەبارەی زیانەکان، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن وتی، "تائێستا 59 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. جۆری برینەکانیان سووک بوون و زیاتر پەیوەندی بە مێشک هەژانەوە بووە. بەڵام ئێستا سەرجەم 59 سەربازەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکی سەربازی خۆیان".  

هاوڵاتی سێ وەزیری حکومەتی عێراق دەستلەکاردەکێشنەوە و سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دەکەن. بە گوێرەی زانیارییەکان،  وەزیرانی پلاندانان و رۆشنبیری و پیشەسازی دەست لە پۆستەکانیان دەکێشنەوە و چاوەڕواندکرێت ئەو سێ وەزیرە سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بکەن بۆ پەسەندکردنیان. ئەمەشدوای ئەوەهات دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمان و دوورخستنەوەی ئەو بڕیارە لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووە کە بەگەندەڵی و کاری ساختە تۆمەتباری حەلبوسی کردووە. لە بەرامبەردا محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە و رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی هاوکات، بەپێی زانیارییەکان، سبەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە هێزە شیعییەکان جگە لە رەوتی سەدر پێکدێت لەبارەی کۆتا پێشهاتە سیاسییەکان و دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسیەوە کۆدەبنەوە..

هاوڵاتی  دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای دوو پەرلەمانتار بڕیاریدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەپۆستەكەی دووربخاتەوە بەهۆی ئەوەی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی کردووە. بەپێی هەواڵێكی میدیا عێراقیەكان، ئەمرۆ دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی چاوخشاندنەوەی بە دۆسیەی سكاڵا لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوە، كە لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار لێس دلێمی و باسم خەشان، كە بەڵگەیان پێشكەش بە دادگاكە كردووە دەیسەلمێنێت حەلبوسی لەگەڵ كۆمپانیایەك هاوبەشی كردووە كە سەرۆكەكەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیلە و یەكێكیش لەئامانجەكانی ئەو كۆمپانیایە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتان. جێگەی ئاماژەیە، لێس دلێمی دوای پێشكەشكردنی سكاڵاكە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە و دادگای فیدراڵیش پەسەندیكردووە.

هاوڵاتی بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا چوار جار لەلایان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێزەکانیان لە سوریا کراونەتە ئامانج. اژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمریکییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی رۆژئاوای کوردستان تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردو چوار جار هێرشیان کراوەتە سەر. ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشی سەر هێز ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەک بەکارهاتوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشانە تۆمار نەکراوە، تەنها چەند زیانێکی ماددی بچوک هەیە. هاوکات لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت ئەو هێرشانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوەستێنرێن، ئەگەر نا لە بەرامبەردا بۆ پاراستنی هێزەکانیان هەرچی پێویست بێت دەیکەن. لە چەند هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەکرد بەهۆی هێرشەکانەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و ٢١ هاوڵاتی ئەمریکیش بریندار بوون . پێستریش گروپی چەکداری "المقاومة الاسلامیة فی العراق" رایگەیاند، لە هێرشێکدا بنکەی هێزە ئەمریکییەکانیان لە گوندی خەزرای سەر بە پارێزگای دێرەزۆری رۆژئاڤای کوردستان بە ئامانج گرتوە.

هاوڵاتی رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن و رایگه‌یاند، بایكۆتكردنیان ده‌بێته‌ هۆی دڵخۆشكردنی و بوغزاندنی دوژمنه‌كانی. بەرەبەیانى رۆژی 3ـی تشرينى دووەم لە سێیەم رۆژى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، سەڵاح عوبێدى، گوتەبێژى موقتەدا سەدر پەیامێکى دەنگىی ئاراستەى لایەنگرانى ئەو رەوتە کرد. سەڵاح عوبێدى بە لایەنگرانی گوت، "ئاگادرى ئەوە بن؛ نابێت پەلکێش بن. دەنگ نەدەن بە کەس بە پاساوى نزیکى و دۆستایەتى، لەبەرئەوەى ئەمە دەتانبات بۆ رێرەوێک کە سەماحەتى موقتەدا سەدر نایەوێت." بەشدارینەکردنى رەوتى سەدر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان ئەگەر زۆرە رێژەى بەشداریکردن بە ڕێژەی 7% کەمبکاتەوە، بەتایبەت لە 11 پارێزگا زۆرینە شیعەنشینەکەى عێراق.  هاوکات موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی لایه‌نگرانی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌ گرنگترین شته‌كان كه‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری‌ سه‌دری جیاده‌كاته‌وه‌، یه‌كڕیزی و گوێڕایه‌ڵی و دڵسۆزییه‌تی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت پابه‌ند بن به‌ چاكسازی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موقته‌دا سه‌دریش بمرێت". دەشڵێت،  "به‌شداریكردنتان له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران زۆر دڵته‌نگم ده‌كات، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانتان شتێكه‌ دڵخۆشم ده‌كات و دوژمنانیش ده‌بوغزێنێت، شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆدا كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ژمونی خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵ و وابه‌سته‌ به‌سه‌ری عێراقی خۆشه‌ویستمان كه‌مده‌كاته‌وه‌". موقته‌دا سه‌در راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "دۆخی جیهانی و ناوچه‌یی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخی عێراق هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت به‌رده‌وام وریا و ئاماده‌ بین، وه‌ك چۆن دوژمن له‌ عێراقی ئێمه‌ و پیرۆزییه‌كانماندا هه‌یه‌، بۆیه‌ تكایه‌ هۆشیار بن". کاتێک رەوتى سەدر لەم هەڵبژاردنە بەشدار نابێت، نزیکەى یەک ملیۆن دەنگدەر کەم دەکات، واتە لەو 16 ملیۆن کەسەى مافى دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان، بەشدارى لە هەڵبژاردن بەڕێژەی لایەنی کەم 7% کەمدەکاتەوە، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "هۆکارەکەى دۆخى گشتى و سیاسییە."  

هاوڵاتی له‌ نوێترین وه‌ڵامدا بۆ زنجیره‌یه‌ك هێرش بۆسه‌ر هێزه‌كانی له‌ سوریا و عێراق، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ سوریا ئه‌نجام دا. وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا وتی، هێرشەکان دامەزراوەیەکی مەشقییان لە نزیک شاری ئەلبو کەمال و حەشارگەیەکییان لە نزیک شاری مەیادین کردووەتە ئامانج و بایدن فەرمانی بە هێرشە ئاسمانییەکان کردووە. ئۆستن وتی " سەرۆک هیچ ئەرکێکی سەرەکیتری نیە لە پارێزراویی سەربازانی ئەمەریکا، هەروەها فەرمانی بە کارەکەی ئەمڕۆ کردووە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئەمەریکا بەرگری لە خۆی و سەربازەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات." بەپێی زانیارییەکان هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان كامپێكییان كردووه‌ته‌ ئامانج له‌ ناوچه‌یه‌كی ڕۆژئاوای ئه‌لبو كه‌مال له‌ دێره‌لزوور كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌براوه‌. هەروەها هێرشه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ نزیك پردێكی نزیك شاری مه‌یادین بووه‌، له‌ نزیك سنووری عێراق و شوێنی سه‌ره‌كی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێران. هێرشەکە سێیەمین هێرشی ئاسمانی ئەمەریکایە لە 26 ی مانگی 10 ەوە، لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵی سەرکوتکردنی شەپۆلی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و ڕۆکێتەکان دەدات دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق، کە هەموویان بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دروست بوون. ئێران و لایەنگرەکانی دەڵێن ئەمەریکا بەرپرسیارێتی هەیە لە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. جێگەیباسە  له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا لانیكه‌م 40 جار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریادا له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌. لانیكه‌م 45 سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكایی بریندار بوون به‌ڵام برینه‌كانییان سووك بووه‌. ئه‌مریكا 900 سه‌ربازی له‌ سوریادا هه‌یه‌ و 2500 سه‌ربازی دیكه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌ركی ئه‌و هێزانه‌ مه‌شق و ڕاهێنانه‌ به‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان كه‌ هه‌وڵی ڕێگریكردن ده‌ده‌ن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕێكخراوی داعش.

هاوڵاتی محەممەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستاران لە ئێران، رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووهەم نیگەرانی خۆی لە ژمارەی کەمی پەرەستار لە ئێران و نەخۆشخانەکانی ئێران راگەیاند و وتی :" بەدڵنیاییەوە نەخۆشەکان بە هۆی نەبوونی پەرەستار دەمرن". تیشی :" ئەگەر هاوڵاتییەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و بێدەنگن ٢ هۆکاری هەیە، یان ئەوەیە ناوشیارن یان ئەوەیە بەهۆی هەژارییەوە کەم و کوڕییەکانیان قبووڵە". هاوکات بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستارەکان نیگەرانی خۆی لە کۆچی بەردەوامی پەرەستارەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەربڕێ و وتی :" هەموو ساڵێک زیاتر لە ٣ هەزار پەرەستاری خاوەن ئەزموون وڵات بەجێ ئەهێلن و روو ئەکەنە وڵاتانی دەرەوە بۆ کارکردن، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی جێگەکەیان پڕ ناکاتەوەو ژمارەیەکی کەمتر دائەمەزرێنێت". شەریفی موقەدەم هەروەها وتی :" بڕیار بوو لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ ، زیاتر لە ١٢ هەزار پەرەستار دابمەزرێن، بەڵام ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواوو نەبووەو وەک بە پێی ژمارەی دانراو پەرستار دانامەزرێنن کە دەبێت هەموو ساڵێک ٣ هەزار پەرەستار دابمەزرێت". لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی زۆر لە پزیشک و پەرەستارەکان لە ئێران بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی باشتری کار، روویان لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووەو ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین پەرەستار و دکتۆری ئێرانی رووی تێ ئەکەن. پەرەستارەکان لە ئێران لە ئاستی ژیانیان ناڕازین و لەخوارەوە بوونی نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ، هۆکاری کۆچی پەرەستارەکانە.  

هاوڵاتی  لەگەڵ توندتر بوونەوەی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە باشووری لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی شەممە ١١ی تشرنی دووهەم رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنان کەڵكی لە کۆمەڵێک چەکی نوێ وەرگرتووە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. حەسەن نەسروڵڵا لە دووهەمین وتاردانی تەلەفیزیونیدا لە سەرەتای جەنگی غەزەوە وتی :" حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، خۆی بەهێزکردووەو جۆر و ژمارەی چالاکییەکانی زیاتر و ئامانجدارتر کردووەو چەکی نوێی بەکارهێناوە". نەسروڵڵا وتی ، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار مووشەکی بورکانی بەکارهێناوە کە ئەتوانێت کێشی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت. هەروەها بۆ یەکەمجار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر قووڵایی خاکی ئیسرائیل و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکان  توانیویانە بگەنە شارەکانی حەیفا، عەکا وسەفەد لە باکووری ئیسرائیل. هاوکات چەند خولەک دوای وتاردانی حەسەن نەسروڵڵا، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە حیزبوڵڵا کرد و وتی ئەگەر حیزبوڵڵا بچێتە جەنگێکی تەواوەوە لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو لوبنان وەک غەزە وێران ئەکات. گاڵات لە وتاردانێکدا بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان وتی :" ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنان وەها هەڵەیەک بکات، یەکەم کەسەکان کە دەبن بە قوربانی و ئەبێ تێچووی ئەم جەنگە بدەن هاوڵاتیانی لوبنانین". ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگیە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتی :" ئێمە ئەو کارەی ئێستە لە غەزە جێبەجێی ئەکەین، ئەتوانین لە بەیرووتیش وەها بکەین". ئیسرائیل بەوە تاوانبار ئەکرێت کە هاوشانی حەماس یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێلکردووەو تۆمەتی تاوانی جەنگی بەرامبەر بە غەزە ئەدرێتە پاڵ.  

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیراینی ئیسرائیل، رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست رانەگەیەنن و تەنانەت بۆ لەناوبردنی حەماس دژی هەموو جیهان دەوەستن. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست کە چەند رۆژێکە لەلایەن چەندین وڵاتەوە داوا دەکرێت وتی، "هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە." لە چەند رۆژی رابردوودا فشارێکی نێودەولەتی لەسەر ئیسرائیل دروستبووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەتایبەتی کاتێک کە بەهۆی بۆردومانی وڵاتەکەوە زیاتر لە 11 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.  هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام دوێنێ هەیینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە "مەدەنی زۆر زۆر لە غەززە کوژراون."  هاوکات ئەمڕۆ شەممە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکار و شەرعیەتێکی نییە." ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە  کە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست. ناتانیاهۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوە و وتی، "دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە تەنها کارەسات و خوێنرشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستبەر کردووە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوە و رایگەیاند کە ماکرۆن "هەڵەیەکی ئەخلاقی" کردووە و هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لەخۆی.  لە بەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، "ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە" لەپێناو لەناوبردنی حەماس.

هاوڵاتی  موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بایکۆتی تەواوەتی ئیسرائیل بکرێت و سوپاکانیان بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.  موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ستایشی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب کرد کە پەیوەست بوو بە دۆخی غەززەوە.  ئەمڕۆ لە لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە بە بەشداری 57 وڵات بەرێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەماردۆدانی غەززە کرد لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فڕۆشتنی چەک بە ئیسرائیل.  موقتەدا سەدر چەند داواکارییەکی ئاراستەی لوتکەکە کرد کە دیارترینیان ئەمانەن: راگه‌یاندنی دۆخی ئاماده‌باشی بۆ سوپای ئیسلامی و عه‌ره‌بی ئه‌گه‌ر غه‌ززه‌ بكه‌وێت، ئه‌وه‌ كۆتایی بۆ ئه‌وانی دیكه‌ ده‌بێت، بایكۆتی ئابوری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئیسرائیل، داخستنی باڵیۆزخانه‌كانی ئیسرائیل و به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندی بۆ هه‌مو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی وشه‌ی توند له‌ دژی ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێت كه‌ پشتیوانی له‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه‌ گه‌وره‌ترین پشتیوانه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و لەگەڵ چەند داواکارییەکەی تر.

هاوڵاتی  ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە لوتکەی ئیسلامی-عەرەبی لە سعودیە رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات لە کوشتنی زیاتری خەڵکی غەززە و رێ نادات ئاگربەست ربگەیەنرێت.  لەمیانی وتارێکدا لە لوتکەی ئیسلامی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە کە بۆ بارودۆخی غەززە سازکرابوو، ئیبراهیم رەئیسی وتی، "دەبێت بۆردومانی کوێرانەی غەززە کۆتایی بێت و پێویستە تەواوی جیهانی ئیسلامی یەکگرتووبن و لەرێی یەکگرتوویییەوە دەتوانین ئەم کیشەیە چارەسەر بکەین." لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات و ڤیتۆ لەسەر ئەو پێشنیازەیاسایانە دەدات کە رێ دەگرن لە کوشتنی خەڵکی فەڵەستین، ئەمریکا رێی خۆشکردووە بۆ ئیسرائیل بۆردومانی زیاتر بکات و خەڵک زیاتر بکوژێت." لەسەرەتایی جەنگەوە ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیووە و بەرپرسانی واشنتن رایانگەیاندووە دژی ئاگربەستن بەهۆی ئەوەی لە "بەرژەوەندی" حەماسە، بەڵام لەگەڵ راگرتنی شەڕن بەشێوەیەکی کاتی بۆ مەبەستی مرۆیی