هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی 300 سەربازی دیکە دەنێرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌ ئامانجی زیادکردنی توانای وەڵامدانەوەیان بۆ مه‌ترسییه‌كان لە ناوچەکەدا. پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی 300 سەربازی دیکەی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە. وتیشی: ئەو سەربازانە ناچنە ئیسرائیل، ئامانجی ناردنی ئەو سەربازانەش، بۆ زیادکردنی توانای وەڵام دانەوەیانە لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم مانگەدا 27 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. سەرباز و بەڵێندەرە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئیسرائیل لە 7ی ئه‌م مانگه‌دا زیاتر لە دەیان هێرشیان له‌لایه‌ن گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران كراوه‌ته‌سه‌ر. هەر لەوچوارچێوەیەدا كۆشكی سپی رایگەیاند، تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەمریكییەكان لە غەززە دەرباز بكەن و ئاماژەی بەوەشكرد لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 66 بارهەڵگر هاوكاری گەیشتووەتە غەززە.

هاوڵاتی بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌ستپێبكات و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش چەند مه‌رجێک بۆ هه‌ڵواسینی پۆسته‌ر و دروشمی كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دیاریده‌كات. به‌پێی‌ بڕیاری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژارنه‌كانی‌ عێراق، سبه‌ینێ‌ چوارشه‌ممه‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023 بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات. به‌گوێره‌ی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان: ١-  نابێت كه‌تیره‌ و چه‌سپ و سیكۆتین بۆ هه‌ڵواسینی وێنه‌ و دروشمی كاندیده‌كان به‌كاربهێندرێت. ٢- نابێت كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تابلۆ و دروشم و پۆسته‌ره‌كانیان له‌سه‌ر هێماكانی هاتووچۆ جێگیر بكه‌ن. ٣- نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كان له‌سه‌ر باخچه‌كانی گشتی و ناوبڕی شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كان هه‌ڵبواسرێن.  ٤- نابێت، دیواری فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان و قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌كان و شوێنه‌ كه‌له‌پوری و شوێنه‌واریه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێندرێن. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو بارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و 198 حزب و نزیكەی شەش هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام نوڤسینگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماده‌كاریان بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی ئاواره‌كان و هاوڵاتیانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.  

هاوڵاتی  کۆشکی سپی داواکارییەکی جیهانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس رەتکردەوە و دەڵێت، ئاگربەست "لە ئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس ناکات چونکە ئاگربەست "لەئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی پیشنیاری راگرتنی شەڕی بەشێوەیەکی کاتی کرد "تا رێ بە هاوکاری مرۆیی بدرێت بەرەو غەززە." ئەمە لەکاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن. 

هاوڵاتی  جارێکی تر هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە و چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بە درۆن هێرشەکە کراوە.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی و حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە کە دوو درۆن بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان بە ئامانج گرتووە و بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.  هاوکات گروپێکی بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ئەجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە. لەماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 20 جار هێرشکراوەتەسەر بنکەکە. لە دەستپێکی هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و واشنتن هێزە نزیکەکانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکان، بەڵام تاران دەڵێت ئەو گروپانە بەخواستی خۆیان کار دەکەن و فەرمانیان لە حکومەتی ئێرانەوە وەرنەگرتووە. ئەمریکا هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی زیاتر بێت ئەوا وەڵامی دەبێت و لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا.

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە، دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن.  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا بیرۆکەی ئاگربەستی رەتکردەوەو وتی، ئیسرائیل چالاکییە سەربازییەکانی راناگرێت "هەروەک چۆن ئەمریکا رازی نەبوو بە ئاگربەست دوای هێرشی تیرۆرستی 11ی سێپتەمبەر." بنیامین ناتانیاهۆ وتیشی، "داوای ئاگربەست داواکردنە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل بە حەماس، بە تیرۆریزم، بە دڕندەیی و ئەوەش روونادات." لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە تەلئەبیب پێشکەشی کرد ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد "ئێستا کاتی شەڕە و کاتی ئەوەیە هەمووان بڕیار بدەن سەر بە چ لایەکن." وتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدا بوو کە سوپای ئیسرائیل توانی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئۆری میگدیش لەدەستی حەماس رزگار بکات کە بارمتە بوو، دواتریش ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان سوودی هەیە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. 

هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت. بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت. ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ  بارمتەیە  ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد. لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە  سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران." ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە. دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات. ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا  1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. هاوکات  بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون  کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.      

هاوڵاتی  شانی لوک، ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لەسەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیرا، گیانی لەدەستدا. ریکاردا لوک، دایکی شانی لوک، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل پێی راگەیاندوون کە کچە تەمەن 22 ساڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پاشماوەی شانی لوکە. شانی لوک لە فیستیڤاڵێکی میوزیک لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بە بارمتە گیرا و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەویت لەژیر قاچی چەکدارێکی حەماسدایە بە بێهۆشی و بەشێکی جەستەی رووتە. دواتر بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە خانەوادەکەی ناسییانەوە و داوای رزگارکردنیان کرد. پێشتر واخەمڵیندراوبوو کە شانی لوک زیندووە و لەلای حەماس بارمتەیە. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران و تا ئێستا چوار کەسیان ئازادکراون. تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە هەشت هەزاریان لە غەززە بووە.

هاوڵاتی  رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین منداڵانی کەرتی غەززە زیاتر کوژراون لە ژمارەی تەواوی منداڵانی کوژراو لە ساڵی 2019ەوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، سێ هەزار و 324 مندال لە کەرتی غەززە و 36 منداڵی تر لە کەرتی خۆرئاوا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەرجەم منداڵانی کوژراو لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکانی ساڵی 2020، 2021، هەروەها 2022 لە تەواوی جیهاندا بەجۆرێک لە ساڵی 2020، دوو هەزار و 674 منداڵ، لەساڵی 2021، دوو هەزار و 515 منداڵ، هەروەها لە ساڵی 2022 دوو هەزار و 985 منداڵ کوژراون. جەیسن لی بەرێوبەری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بۆ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەسەر کوشتنی زۆری منداڵان لە شەڕەکەدا دەڵێت، "مردنی منداڵێک زۆرە، بەڵام ئەم هەموو مردنە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە، تەنها ئاگربەست زامنی سەلامەتی منداڵان دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت خەڵك پێش سیاسەت بخەن، هەر رۆژێک کە دەڕوات بە گفتوگۆ و دانوستانەوە منداڵێک زیاتر دەکوژرێت، منداڵان دەبێت هەموو کاتێک پاریزگارییان لێ بکرێت بەتایبەتی کاتێک کە هەوڵی سەلامەتییان دەدەن لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا." بەپێی ئاماری وەزارەتی تەدنروستی فەڵەستین لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەوە شەش هەزار منداڵ لە غەززە برینداربوون و هەزار منداڵێش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوانی غەززەش هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە. لە سەرەتایی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7ی ئەم مانگەوە، هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیش کوژراون.

هاوڵاتی  هێزێکی مارێنزی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست بەرێدەکەون بەهۆی نیگەرانی دروستبوونی جەنگ و فراوانبووی شەڕ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لە زاری دوو سەرچاوە وەەریگرتووە، یەکەی 26ی هێزی پیادەی مارێنزی ئەمریکی لەناوی کەشتی یو ئێس ئێس باتان هەن کە لە ئیستادا کەشتییەکە لە دەریای سووردایە. ئەو هێزە یەکێکە لە حەوت یەکەکەی هێزی مارێنزی ئەمریکا کە تەنها ژمارەی ئەو یەکەیە دوو هەزار و 400 سەربازە. لە 15ی ئەم مانگە ئەمریکا ئەو هێزەی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکە نارد بۆ دەریای سپی ناوەراست و لە هەفتەی رابردوو گەیشتە کەناڵی سوێز لە میسر. بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئین، ئەم جێگۆڕکێیە بۆ ئەوەیە هێزە مارێنزەکە نزیک ببێتەوە لە لوبنان و فەڵەستین. پێشتریش دوای دروستبوونی شەڕ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، ئەمریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری بەناوی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و یو ئیس ئێس جێڕالد فۆرد ناردە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەردووکیان توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگییان هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن پێشتر داوای لە هاوڵاتییانی کرد سەردانی لوبنان نەکەن و ئەوانەشی لە وڵاتەکەدان بەزوویی بەجێی بهێڵن. 

هاوڵاتی مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت  نیگەرانە. لە ڕاگەیەندراوەکەی مانگی سووری فەڵەستین'دا هاتووە "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. لە بەیانییەوە دەوروبەری نەخۆشخانەکە بۆردومان دەکرێت". سەرۆکی دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکانییش تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسوس نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند،"ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، مەحاڵە نەخۆشخانەکانی پڕ لە نەخۆش چۆڵ بکرێن بەبێ ئەوەی ژیانیان بخاتە مەترسییەوە" ئەم هەڕەشەیەی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت کە بەگوێرەی زانیارییەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززە  ئیسرائیل چەندین نەخۆشخانەی گەمارۆدراوی کەرتی غەزەی بۆردومان کردووە کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لەژێر هێرشی تونددایە و زیاتر لە هەشت هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هاوکات فەڵەستینییەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە تەقینەوەکەی 17 ی مانگی 10 لە نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 500 کەس و زۆربەیان ئاوارەی فەڵەستینییەکان بوون. ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە ڕۆڵی هەبێت لە تەقینەوەکەدا. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی جەزیرە بڵاویکردەوە نەخۆشخانەی قودس لە ئێستادا چاودێری سەدان نەخۆشی بریندار دەکات، لەوانە ئەوانەی لە یەکەی چاودێری چڕدان و منداڵە تازە لەدایکبووەکان لە ئینکوبێتەرەکان. هەروەها نزیکەی 12 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەبێ چەک، کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، لە بینای نەخۆشخانەکەدا پەنابەر بوون.        

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کرد، رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە لەلایەن سەرکردەکانی ئیسرائیلەوە و ناچاربوو داوای لێبوردن بکات. لە پۆستەکەیدا ناتانیاهۆ لۆمەی سوپای وڵات و دەزگاکانی هەواڵگری ئیسرائیلی کرد کە شکستیانهێناوە لە رێگرتن لە هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 400 ئیسرائیلی و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە 200 کەسی تر. لە پۆستەکەدا ناتانیاهۆ دەڵێت: لە هیچ کات و بارودۆخێکدا ئاگادارکردنەوە نەدراوە بە سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ سەبارەت بە نیازی جەنگ لەلایەن حەماسەوە. بەپێچەوانەوە، هەموو بەرپرسانی ئاسایش، بە سەرۆکی هەواڵگری سوپا و سەرۆکی دەزگاکانی هەواڵگری [ئیسرائیل]  هەڵسەنگاندنی ئەوەیان کردووە کە حەماس رێکگری لێکراوە و دەیەوێت بگاتە رێککەوتن. دوای پۆستەکە، بێنی گانتز جەنەڕاڵی خانەنشین و ئەندامێکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ کرد پۆستەکەی بسڕێتەوە و سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆن، یایر لاپید، هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وتی، ناتانیاهۆ "هێڵی سووری تێپەڕاند." دواتر چەندین سەرکردەی سیاسی و حکومی وڵاتەکە هاتنە بەرەی دژ بە ناتانیاهۆوە و رەخنەی توندیان لێگرت.  بەهۆی ئەو فشارانەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناچاربوو پۆستەکەی بسڕێتەوە و پۆستێکی نوێی کرد کە تێیدا وتی، "هەڵە بووم و نەئەبوو ئەو قسەیەم بکردایە بۆیە داوای لێبوردن دەکەم."

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ وتی بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و مەترسی دروستکردنی کارەساتێک دروست دەکات کە لەوانەیە دەیان ساڵ بخایەنێت. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا ده‌كات، هه‌وڵه‌كان بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كبخرێن و هاوکات هۆشداری له‌ هه‌وڵی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماده‌یی مۆسكۆی نیشاندا، بۆ به‌شداریكردن له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ناكۆكییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین. ئەم لێدوانانەی ڕوسیا لە کاتێکدا دێت کە حەماس هەوڵدەدات هەشت هاوڵاتی ڕووسی-ئیسرائیلی لەنێو ئەو بارمتەیانە بدۆزێتەوە کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل گرتویانن. سێرگی لاڤارۆف باسی لەوەشکرد، " لە کاتێکدا ئێمە ئیدانەی تیرۆریزم دەکەین، بەڵام بە تەواوی ناڕازیین لەوەی بتوانن وەڵامی تیرۆریزم بدەنەوە بە پێشێلکردنی یاساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانە بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاوازی دژی ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی مەدەنی لەوێن، لەوانە بارمتە گیراوەکان." لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن. دوێنێ هه‌ینی 28ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023، ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی هێرشی سه‌ربازی فراوان بۆسه‌ر غه‌ززه‌، دۆخی جه‌نگی له‌گه‌ڵ حه‌ماسی گه‌یانده‌ قۆناغێكی پڕ له‌ ئاڵۆزی ئەمەشلە کاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی.      

هاوڵاتی  ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و مانگی دەستکردی ستارلینک، ئینتەرنێتی بۆ رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوەکان لە غەززە چالاک کرد.  دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە غەززە پجڕان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە ئیلۆن مەسک خاوەنداریەتی دەکات، بە چەندین هاشتاگ هەزارەها بەکارهێنەر داوای کاراکردنی مانگی دەستکردی ستاریلینکیان لە ئیلۆن مەسک کرد بۆ غەززە تا بتوانن بە بێ بەرامبەر ئینتەرنێت بەکاربهێنن.  بەهۆی پجڕانی ئینتەرنێتەوە چەندین رێکخراوی مرۆیی لە غەززە نەیاندەتوانی کارەکانیان بە باشی بەڕێوە بەرن و یارمەتی بریندارەکان بدەن و هاوکاری بگەیەنن بە ئاوارەکان.  دواجار ئیلۆن مەسک لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ستارلینک پشتگیری لە پەیوەندی گەیاندن دەکات بە رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان لە غەززە."

هاوڵاتی  کۆشکی سپی رایگەیاند هیچ سنورێک بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەن و هێڵی سووری بۆ دانانێن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە لەکاتێکدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر غەززە فراوان کردووە.  جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئیسرائیل و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، "ئێمە هێڵی سوور بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەین، هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون کە چۆن هێرشەکان دەکەن، نیگەرانییەکانمان نەشاردووەتەوە سەبارەت بە قوربانی مەدەنی و زیانی لاوەکی، هەروەها ئەو رێگەیەی هەڵیدەبژێرن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، هاوڕێ بۆ ئەوەیە و ئێمەش هاوڕێین." شەوی رابردوو ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد و رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان فراوان کردووە. بەیانی ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە رایگەیاند بە 100 فڕۆکە هێرشەکانی شەوی رابردوویان ئەنجامداوە. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین بۆردومانی شەوی رابردوو چڕترین بۆردومان بوو لەکاتی دەستپێکی شەڕەوە ئەمەش دوای ئەوەی کە بە تەواوی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنیت لە غەززە پچڕان. تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە حەوت هەزار فەڵەستینی کوژراون.

هاوڵاتی  لە نەتەوە ئەگرتووەکان پرۆژەیاسایەک بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کە تێیدا عێراق دەنگی نەدا. لە پرۆژەیاساکەدا ١٢٠ وڵات دەنگیاندا بە بەڵێ و ١٤ وڵاتیش دژی بوون کە بریتی بوون لە ئەمریکا، ئیسرائیل، نەمسا، کرواتیا، هەنگاریا، تۆنگۆ، پاراگوای و چەند وڵاتێکی تر. هاوکات ٤٥ وڵاتیش هیچ دەنگێکی بەڵێ یان نەخێریان نەدا کە ئەمانە بەشێکی بوون: ئەڵمانیا، ئوستورالیا، فینلەندا، هندستان، عێراق، یۆنان، ئیتاڵیا، یابان، هۆڵەندا، پۆڵەندا، کۆریای باشور، سوید، تونس، ئۆکرانیا و بەریتانیا. پرۆژەیاساکە داوای بەپەلە راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لە غەززە لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی خەڵکی مەدەنی و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ هاوکاری مرۆیی. هەرچەندە پرۆژەیاساکە دەستپێشخەرییەکی سیمبولییە بەڵام پشتگیری زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەخات بۆ فەڵەستین لەسەروبەندی هێرشی ئیسرائیلدا.