هاوڵاتی  میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە لایەن حووسییەکانەوە لە یەمەن خراوەتەخوارەوە و ئەمریکاش بە فرۆکەی F-15 هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی نزیک ئێران لە سوریا. بەپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری MQ9 لە ئاوەکانی نزیک کەنارەکانی یەمەن لە لایەن حووسییەکانەوە خراوەتە خوارەوە. بەرپرسە سەربازییە باڵاکە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت دەڵێت، "سوپای ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردن و لێکدانەوەی زانیارییەکانە لەو بارەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەم فڕۆکەیە لە سنوری ئاسمانی نێودەوڵەتی کەوتووەتە خوارەوە یان لەسەر خاکی یەمەن بووە." هاوکات لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا وتی، هێرشیکیان بە بە دوو فڕۆکەی F-15 ئەنجامداوە بۆ کۆگایەکی چەکی گروپە چەکدارییەکانی نزیک ئێران لە سوریا و هێرشەکە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە. رۆژی سێشەممەی رابردوو وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند کە لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 38 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و 45 سەرباز برینداربوون. لۆید ئۆستن لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمریکا دەڵێت، ''وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.''

هاوڵاتی  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەماینی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراق رایگەیاند عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە و لە پێنج ساڵی داهاتوودا وڵاتەکە دەگاتە ئاستی خۆبژێوی، دەشڵێت، عێراق هەڵوێستی "ئاشکرایە" لەسەر پرسی فەڵەستین. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە پێکهاتوون لە باڵیۆزانی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکان و هەروەها نێردە و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە عێراق. محەممەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی عێراق پێی راگەیاندن، پێویستە هەڵوێستی روونی عێراق ئاشکرا بکەن لەسەر پرسی فەڵەستین، کە "ئێمە بە پرسێکی بنچینەیی و بیر و باوەڕی دەزانین." هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە و باڵیۆزانی وڵاتە جیاوازەکان جەختی لە راگەیاندنی ئاگربەست و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەزە کردەوە. لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا سودانی باسی لەو "دەستکەوتانە" کرد لە بەرنامەی کابینەکەیدا بەدەست هاتوون و وتی، دەرفەتێکی ئومێدبەخش هەیە کە حکومەتی عێراق وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و غازدا، "عێراق دەچێتە بازاڕی غازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت."

هاوڵاتی جەنگی حەماس-ئیسرائیل مانگێکی تێپەڕاندو هیچ ئاسۆیەکی روون نییە بۆ وەستانی شەڕ لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان جەنگەکە بە«گۆڕستان بۆ منداڵانی غەززە» وەسف دەکات. ئیدرەی جۆ بایدن داوای راگرتنی شەڕ دەکات بەشێوەیەکی کاتی تاهاوکاری زیاتری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە، بەڵام بەنهێنی لەهەوڵی ئەوەدایە بەبەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست راناگەیەنێت و دەڵێت، دەیەوێت کۆنتڕۆڵی غەززە بکات تاکاتێکی نادیار. "کۆنتڕۆڵی نادیاری غەززە" لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی، ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد کەئیسرائیل بۆ کاتێکی نادیارو ماوە دیارینەکراو کۆنتڕۆلێ غەززە دەکات بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆی. کەرتی غەززە دەبێت «لەلایەن ئەوانەوە» بەڕێوەببرێت کە «نایانەوێت وەک حەماس بەردەوام بن»، ناتانیاهۆ وای وت بەبێ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئاخۆ مەبەستی دەسەڵاتی فەڵەستینە یاخود هێزێكی نێودەوڵەتی. «پێموایە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو بەرپرسیاریەتی تەواوەتی ئاسایشی [غەززە]ی لەئەستۆ دەبێت چونکە پێشتر بینیومانە چی روودەدات ئەگەر وانەبێت». وتەکانی ناتانیاهۆ یەکەمین نیازی ئیسرائیل دەردەخات دوای ئەوەی کەوڵاتەکە غەززە داگیردەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کەپێشتر لەمانگی رابردوو، یۆف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل باسی لەوەکرد وڵاتەکەی «بەرپرسیارییەتی ژیانی خەڵکی غەززەی لەئەستۆ نابێت». ناتانیاهۆ لە ٧ی مانگی رابردوو جەنگی دژی حەماس راگەیاند، دوای ئەوەی بزوتنەوەکە هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و هەزاو ٤٠٠ ئیسرائیلی کوشت لەسەربازو مەدەنی، ئەمە جگەلەوەی زیاتر لە ٢٤٠ بارمتە لای حەماس بوونیان هەیە. "غەززە بووەتە گۆڕستان بۆ منداڵان" ماوەی مانگێکە ئیسرائیل بەخەستی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەزیاد لەچوار هەزاریان منداڵن. رۆژنامەنی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی دەڵێت، ئیسرائیل بەشێوەیەکی توند رێگری لەهاوکاری مرۆیی دەکات بۆ نێو غەززە بەجۆرێک لەپێش جەنگەوە رۆژانە ٤٠٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی دەڕۆشتن بۆ کەرتەکە بەڵام لەدوای جەنگ تەنها ٢٠ بارهەڵگرێک رۆژانە رێگەیان پێدەدرێت. رێکخراوە مرۆییە نیودەوڵەتییەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کەئەم رێگرتنە قەیرانی مرۆیی لەغەززە قووڵتر دەکاتەوە دوای ئەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بوون. فاینانشڵ تایمز باس لەوەدەکات کە لەدەستپێکی جەنگەوە، تەنها ٥٠٠ بارهەلگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە نێو غەززە. دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند کوژراوانی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی بەپەلەی کرد. ئیسرائیل دەڵێت تا بارمەتەکان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیەنێت و حەماسیش باس لەوەدەکات بارمتەکان ئازاد ناکات لەکاتێکدا غەززە هێرشی لەسەرە. «ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل و بۆردومانە بەردەوامەکان لەمەدەنی، نەخۆشخانەکان، کەمپی ئاوارەکان، مزگەوتەکان و کەنیسەکان دەدات»، گوتێرس وای وت. سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتیشی، «لەهەمان کاتدا حەماس و گروپەکانی تر خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن و بەردەوامن لەهەڵدانی مووشەک بەئاراستەی ئیسرائیل». ئیسرائیل باس لەوەدەکات کە حەماس لەژێر نەخۆشخانە و باڵەخانە مەدەنییەکانی تردا خۆی حەشارداوە بۆیە بۆردومانی ئەو شوێنانە دەکات، بەڵام حەماس رەتیدەکاتەوە دەڵێت، ئەوە قسەیەکی «بێ بەڵگەیە» و دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی بدات. «غەززە خەریکە دەبێتە گۆڕستان بۆ منداڵان، سەدەها کچ و کوڕ رۆژانە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، پیوستمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەیە، ئیتر بەسە دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت»، گوتێرس وای وت. ئەمریکا نیازی هەیە بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت واشنتن دژی ئاگربەستی تەواوەتییە بەڵام دەیەوێت راگرتنێکی کاتی شەڕ رابگەیەنرێت بەهۆی ئەوەی پێیوایە حەماس سوود لەئاگربەست دەبینێت. کۆشکی سپی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لەناتانیاهۆ کردووە شەڕ بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت. هاوکات ناتانیاهۆش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی، رایگەیاند کەهاوڕای راگرتنی شەڕە بەشێوەی کاتی بۆ کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر بەڵام لەگەڵ وەستاندنی تەواوەتی شەڕ نییە، هەرچەندە تائێستا شەڕ بەردەوامەو بەشێوەیەکی کاتیش رانەگیراوە. بەپێی راپۆرتێکی ئەی بی سی نیوز، ساڵانە ئەمریکا بەبەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت. رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ ئەمریکی لەراپۆرتێکیدا باس لەوەدەکات ئیدارەی بایدن نیازی هەیە بەبەهای ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بۆمبی ورد [ئەو بۆمبانەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان هەیەو  بەوردی ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و دەیپێکن] بۆ ئیسرائیل بنێرێت. بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی بایدن بەفەرمی سەرکردەکانی کۆنگرێسی لە ٣١ی مانگی رابردوو لەبڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوەو ئەو بۆمبانەی دەنێردرێت تایبەتە بەفڕۆکە جەنگی. واڵ ستریت جێرناڵ دەڵێت، لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی قوربانییەکان لەغەززە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکی داوایان لەئیسرائیل کردووە بۆردومانەکانی هێوربکاتەوە تاقەیرانی مۆریی زیاتر نەبێت. بەشێک لەشیکەرەوانی ئەمنی باس لەوە دەکەن کەناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە وادەکات کەشەڕ رانەگیرێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت. «ئیدارەی بایدن داوا لەحکومەتی ئیسرائیل دەکات شەڕ بەکاتی رابگرێت، بەڵام ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی هاوشێوەی کە بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت وادەکات کە ئەم هەوڵە پەکی بکەوێت، ئیدارەی بایدن داوادەکات بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام کارەکانی پێمان دەڵێت کەپشتگیری لەکەمپینی بۆردومانەکە دەکات»، سێس بیندەر، شارەزایەکی فرۆشی چەک لەناوەندی لێکۆڵینەوەی میدڵ ئیست دیمۆکرەسی. رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بەناوی کالکالیست لەراپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە کەتێچووی جەنگی ئیسرائیل ٥١ ملیار دۆلار دەبێت بۆ حکومەتی ئیسرائیل ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەی هەشت بۆ ١٠ مانگ بەردەوام بێت. رۆژنامەکە داتای وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلی دەستکەوتووەو دەڵێت ئەو ژمارەیە تەنها بۆ کاتێکە ئەگەر جەنگەکە تەنها لەغەززەدا بمێنێتەوەو لایەنی تر دەستوەردان نەکات وەک حزبوڵای لوبنانی، ئێران یان حوسییەکانی یەمەن.

هاوڵاتی  وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 کەس کوژراون کە نیوەیان لە باشوری غەززە بوون.  وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت، لە دوێنێ سێشەممەوە تا ئەمڕۆ ئیسرائیل 27 هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە تێیدا 241 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستی غەززە باس لەوەش دەکات، نیوەی ئەوانەی کوژراون لە باشوری کەرتی غەززە بوون. باشوری غەززە ئەو ناوچەیەیە کە ئیسرائیل لە سەرەتایی جەنگەوە بە هاوڵاتییانی غەززە دەڵێت بڕۆن بۆی تا لە بۆردومانەکان بەدوور بن و نەبنە قوربانی. تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە باکوری غەززەوە ئاوارە بوون بەرەو باشوری غەززە.  بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تا ئێستا دە هەزار و 569 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائلەوە کوژراون کە زیاتر لە چوار هەزار کەسیان منداڵن، هاوکات دەشڵێت 18 نەخۆشخانە و 40 ناوەندی پزیشکی بەهۆی بۆردومانەکانەوە لەکارکەوتن و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن. 

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری دادگای سەربازیی لە ئەم ساڵدا ١٥٣ ئەفسەر و ٨٩٩ كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە   گرێبەست لەگەڵ 37 هەزار پۆلیس کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە بۆ ماوەی سێ ساڵ بە موچەی 500 هەزار واژۆ کراوە. عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، 153 ئەفسەر و 899 کادری هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بە بڕیاری دادگا لە کارەکانیان دورخراونەتەوە . ئەوەشی خستەڕو، تەنها لەمساڵدا 100 ناوەندی بەرگریی شارستانی بنیادنراوە، 130 هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەش دابینکراوە، ناوەندێکی تایبەت بە راهێنانی کارمەندەکانی ئاگر کوژێنەوە کراوەتەوە. پێشتر دەستەی دەستپاكی عێراق چەندین دۆسییە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵ و موڵكی دەوڵەت لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە ئاشكرا كردووە، چەندین كەس سزا دراون و بەشێكی دیكەیان دۆسییەیان لە دادگا بۆكراوەتەوە، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە.

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەدا بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر و لانیکەم 45 کارمەندی ئەمریکی برینداربوون. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە رۆژی 17ی مانگی رابردووەوە تا ئێستا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا 38 جار هێرشیان کراوەتەسەر. وتەبێژەکەی پنتاگۆن دەشڵێت، بەشێکی زۆر لەو هێرشانەی بە مووشەک و درۆن ئەنجامدراون و ئەوان بڕوایان وایە لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدرابن. پاتریک رایدەر لەسەر زیانی ئەو هێرشانە دەڵێت، لانی کەم 45 کارمەندی ئەمریکی لە هێرشەکاندا بریداربوون کە 24 کەسیان زیان بەر مێشکیان کەوتووە. لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران خۆیان بێبەری کردووە لەو هێرشانە و دەڵێن ئەو گروپانە بە سەربەخۆ کار دەکەن و لەسەر بڕیاری هەر هێرشێک ناگەڕێنەوە بۆ ئەوان. تا ئێستا ئەمریکا دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و چەند پێگەیەکی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. دوای هێرشەکان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا بوەستێنێت.

هاوڵاتی ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی عێراق لەم دواییانەدا نزیکەی 45 سەربازی ئەمریکی برینداربون، برینی هەندێکیشیان سەختە. ئەمڕۆ  دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن ماڵپەڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بریندار بوون.  هاوکات پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاندبوو، لە هێرشی گروپە چەکدارییەکان لە بنکەی تەنەفی رۆژئاڤای کوردستان و بنکەی عەین ئەسەدی عێراق و بنکەی هەریری هەرێمی کوردستان، تەنها 21 سەرباز بە سوکی برینداربون. جێگەیباسە هەر ئەمڕۆ  دووشه‌ممه‌، مقاومه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق به‌پرسیارێتیی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی شه‌ش هێرش بۆسه‌ر چوار بنه‌كه‌ی سه‌ربازیی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا راگه‌یاند. مقاومه‌ی ئیسلامی  له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ رایگه‌یاند: سێ له‌و شه‌ش هێرشه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نباری خۆرئاوای عێراق و یه‌ك هێرشیش كراوه‌ته‌سه‌ر نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر.  باسی له‌وه‌شكرد كه‌ دوو هێرشه‌كه‌ی دیكه‌یان بۆ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌ له‌ سوریا و تیایدا هه‌ردوو بنكه‌ی ته‌ل به‌یده‌ر و ته‌نه‌ف كراونه‌ته‌ ئامانج.

هاوڵاتی  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆککوەزیرانی عێراق، لە تارانەوە لەسەر جەنگی حەماس-ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوانەی نایانەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا شەڕ رابگرێت. دوای ئەوەی سودانی گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەوانەی نایانەوێت ئەم شەڕە گەورە ببێت دەبێت فشار بخەنەسەر ئیسرائیل تا ئەو کۆمەڵکوژییە رێکخراوەییە بوەستێنێت." محەممەد شیاع سودانی لە قسەکانیدا رەخنەشی لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی گرت کە سستە لە بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەو ئامانجەی بۆی دامەزراوە. سەرۆکوەزیراینی عێراق باسی لەوەشکرد کە جەنگی ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو لەئەنجامی چەندین ساڵەی ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بووە. سەردانی سودانی بۆ تاران لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سودانی کۆبوویەوە و بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە تەشەنەبستێنێت و باسیشی لە راگرتنی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کرد لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێرانەوە.

هاوڵاتی  وتەبێژی سوپای ئسیرائیل رایگەیاند، چواردەوری غەززەیان گرتووە و کەرتی غەززە بووەتە دوو بەش، دەشڵێت، سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست. ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، دانیاڵ هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززەی کردووتە دوو بەش بەجۆریك ئێستا "غەززەی باشور و غەززەی باکور هەیە." دانیال هەگاری دەشڵێت، کەرتی غەززەیان "تەوق داوە" و سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەناری غەززە و بەرگری لێدەکەن. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد هێزەکانیان بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بەشێوەیەکی چڕ تا "ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەمان فراوان بکەین لە کەرتی غەززە." ماوەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بۆ کەرتی غەززە دەستپێکردووە لەگەڵ ئەنجامدانی بۆردومانی چڕ لە سەرەتایی جەنگەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 10 هەزار کەس لە فەڵەستین. 

هاوڵاتی  ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا." سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر." لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت.  ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.

نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبونەوە و رابەری باڵای ئێران پێی راگەیاندوون کە لە پشتیوانیان بەردەوام دەبن. ئەم کۆبونەوەیەکە لەکاتێکدایە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئێستادا لە جەنگدان و ئێران بە هاندەری حەماس بۆ دەستپێکی ئەم جەنگە ناودەبرێت. ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیرووت پێشتر رایگەیاندبوو ئیسماعیل هەنییە و وەفدی هاوڕێی، چەند رۆژێکە لە تارانن. نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نوسیویەتی، "ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی غەزە و تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد." بە پێی راگەیاندراوەکە، عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوەتەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین بدات. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی جگە لەوەی چەند رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ باشوری ئیسرائیل، ئەوەی رەتکردەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەم رۆژانەی دواییدا، ئەوەی رەتکردەوە کە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان بەڕێوە ئەچێت.

هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.          

هاوڵاتی  سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 44ەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کرد خۆیان لە سەردان کردن بۆ ئێران بپارێزن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لەبەر ئەوەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە، نابێ بە هیچ هۆکار و بیانوویەک سەردانی ئێران بکەن." لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە 4ی تشرینی دووهەمی 1979 کراوە کە زیاتر لە ساڵێک بارمتەبوون دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ لەوکاتەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دواتریش روداوەکە بە قەیرانی بارمتەکانی ئێران ناسرا لە جیهاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە ئەکات کە "بە داخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەم کارەیان ئێستاش هەر بەردەوامی هەی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی لە لایەن ئێرانەوە، بە مەبەستی مامەڵەکردن بە ناڕەو ادەەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگرت نو دەستبەسەرکردنی "نایاسایی هاوڵاتییە بیانییەکان و هەروەها پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمە هاوشێوەکان وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم چەشنە ئاکارانە." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماسەوەو  دەدات و دەڵێ، "ئێمە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەریکی کردەوەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی بیانین بە ناڕەواز دەزانین و خوازیاری نەمانی ئەم جۆرە کردەوانەین." بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە ئەکەن لە هێرشی 7ی مانگی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون.

هاوڵاتی  تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت  کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."