بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى رۆیتەرز، دراوە دیجیتاڵیەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەهاکەی لە ماوەیەکی کەمدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمرۆ قەبارەى بازرگانى کردن پێوەى گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار، بەهاکەی نزیکەی 750% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی. رۆژى شەممەى ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی the truth social دراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بە ناوی ترەمپ خۆیەتی و دروشمی سەر دراوەکەشی جەختکردنەوەیە لە شەڕ و نووسیوتی "شەڕ، شەڕ، شەڕ". بەهای دراوەکە لە کاتی راگەیاندنیدا لە رۆژی شەممە (18-1-2025) تەنیا 18 سەنت بوو، بەڵام  بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای کۆینمارکێت کاپ کە بەدواداچوون بۆ دراوەکە دەکات قەبارەی مامەڵەی دراوەکە ئێستا هەر کۆینێکى گەیشتووەتە 58.5 دۆلار. دراوەکەی ترەمپ جۆری "میم کۆین"ـە؛ واتە دراوێک کە لەسەر بنەمای ناوی کەسێک دامەزراوە، یان هەرشتێک ناودەنرێت و دروستدەکرێت. دراوێک کە هیچ پڕۆژە و ئامانجێکی ئەوتۆ لە دروستکردنیدا نییە، بەڵکو تەنیا لەسەر ناوی کەسایەتییەکی بەناوبانگ دروست دەکرێت.  ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم دراوە "ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکردەیەک کە هەرگیز پاشەکشە ناکات، گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٢٠٠ ملیۆن کۆین (یەکە)ی ئەم دراوە لە بازاڕدا خراوەتە بازاڕەوە، بڕیاریشە تاوەکوو سێ ساڵی داهاتوو ژمارەکە بۆ یەک ملیار کۆین بەرز بکاتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئاکامى شەڕو پێکدادانەکانی سنوری بەنداوی تشرین، 29 چەکدارى سەر بەتورکیا کوژراون و  15 چەکداری دیکەشیان برینداربوون هاوکات  8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕیشیان تێکشکێنراون. بەپێى ئامارەکەى هەسەدە تەنها بەماوەى (24) کاتژمێری شەڕ لە باشور و رۆژهەڵاتی مەنبج و بەنداوى تشرین، شەڕڤانان توانیویانە 29 چەکدار کوژراون، 15 چەکداری دیکە برینداربوون، 8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تێکبشکێنن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی دوێنێ داگیرکەری تورکیا دەستیکردوە بە بۆردومانی چڕی دەوروبەری بەنداوی تیشرین و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پاشان، بەکرێگیراوان بە زرێپۆشەوە، لە دوو میحوەرەوە، هێرشیان کردوەتە سەر گوندی "خربەت ئەلزەمالە"، شەڕڤانانان بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. لەو شەڕو پێکدادانانە ئەوە پشتڕاستکرایەوە ٨ بەکرێگیراو کوژران، ژمارەیەکیش بریندار بوون، دوو ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانیان بە تەواوی تێکشکاندوە. هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو بەکرێگیراوەکان هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، بە ژمارەیەکی زۆر، لەسەر لای ڕاست و چەپی گردی "سریاتێل"، هەروەها ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە بونەوە لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە، لەوێش پێکدادانی توندوتیژ سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا ٢١ بەکرێگیراو کوژراون  ١٥ کەسی دیکەشیان برینداربووە. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ لەبەرەی بەرزاییەکانی سیریتل هێرشی بەرفراوان کراوەتە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان و پێکدادانی قورس رویداوە و بەهۆیەوە 21 چەکدار کوژراون و 15 چەکداریش برینداربوون. لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا یەکەی شەهید هارون کە تیمی راهێنراوی درۆنن 25 خاڵی ئەو گروپانەیان کردوەتە ئامانج و توانیویانە 3 تانک، 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 4 خاڵی گروپەکان، 4 کۆگای چەک و تەقەمەنی و 2 ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵگری دۆشکایان کردووەتە ئامانج.

کەناڵی ئێن بی سی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا لە کۆشکی سپی، "ژمارەیەکی پێوانەیی" فەرمانی جێبەجێکردن واژۆ دەکات. بى بى سى ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانە جێبەجێکردنانەی کە ترەمپ دەستبەجێ دوای دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر دەکات، لەسەر "تاوان، سنوور و کۆچبەری" دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 20-01-2025، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن (کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی کوردستان) لە ڕێوڕەسمێکی گەورەو تایبەتدا، دۆناڵد ترەمپ، وەکوو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەکاردەبێت. لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ژمارەیەکی پێوانەیی لە فەرمانە جێبەجێکردنەکان واژۆ دەکات. لە دیارترین ئەو فایلانەی کە ترەمپ بەڵێنیدا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەسەر بدات، لەگەڵ دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا: -داخستنی سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک -گەورەترین بەرنامەی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمریکادا دەست پێدەکات - هاندانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی و خێراکردنی مۆڵەتی کونکردن و شکاندنی هایدرۆلیکی. -پاشەکشەکردن لە ڕێساکانی ژینگە، برەودان بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکانی وەک نەوت و گاز و خەڵووز. -لێبوردن بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پەیوەست بە ڕووداوەکانی ٦ی ژانویەی ٢٠٢١ لە بینای کاپیتوڵ سزا دراون -فەرمانی جێبەجێکردن و بڕینى بودجەی فیدراڵی بۆ هەر قوتابخانەیەک کە "تیۆری ڕەگەز، ترانسفۆبیا و ناوەڕۆکی نەشیاوی تری ڕەگەزپەرستی، سێکسیستی، یان پاڵنەری سیاسی بخەنە ناو ژیانی منداڵەکان. - پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتەکانی جۆ بایدن سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی -سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە کە لە مەکسیک و کەنەدا و چینەوە دێن - رێگریکردن لە وەبەرهێنانی چینی لە ئەمریکا  - بەهێزکردنی هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل  - کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە ململانێکانی جیهان  - وەستاندنی جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا  هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هەموو ئەو فەرمانە جێبەجێکردنانەی کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی پێش خۆیەوە دەرچووە، هەڵدەوەشێنێتەوە، هەرکاتێک دەستبەکار دەبێت و دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی. ترەمپ بەڵێنی داوە لە ڕێگەی فەرمانی جێبەجێکردنەوە سیاسەتی ئەمریکا دابڕێژێتەوە. فەرمانی جێبەجێکردن بریتییە لە فەرمانێک کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن سەرۆکەوە دەرچووە و هێزی یاسایی هەیە. لە دیارترین فەرمانە جێبەجێکارییەکانی ترەمپ لە خولی یەکەمیدا قەدەغەکردنی گەشتەکانی هەندێک وڵاتی زۆرینە موسڵمان و فەرمانی فراوانکردنی بەکرێدانی دەریایی بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا بوو. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ٢٢٠ فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد، ئەمەش زیاترە لە هەر سەرۆکێکی یەک خول لە دوای جیمی کارتەرەوە. لە کاتێکدا بایدن ١٥٥ فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکردووە تا دەستبەکاربوونی جێنشینی کۆمارییەکانی، ئەمڕۆ تا ئەمڕۆ دووشەممە.

نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەىارەى کۆبوونەوەکەى مەزڵووم عەبدى و مەسعود بارزانیەوە پەیامێکى بڵاوکردەوەو پێشوازی لە کۆبوونەوەکە دەکات. ئەمرۆ دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڵاوی کردووتەوە، پێشوازی لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و مەسعود بارزانى دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆی نێوان کوردەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پتەوکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریادا بگێڕێت. ڕۆژی 16ـی 1ـی 2025ـی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبونەوە. لەدواى کۆبونەوەکە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو". هاوکات بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی بڵاویکردەوە. کە تیایدا باس لە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە. هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدەن خۆراک بۆ زۆرترین کەس لە کەرتی غەززە دابین بکەن، دوای ئەوەی دەروازەکان کرانەوە بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ڕۆژی یەکشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "هەوڵدەدەین بە زووترین کات خۆرام بگەیەنینە یەک ملیۆن کەس". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئارد و ژەمە ئامادەکراوەکان دابین دەکەین و لە هەموو ناوچەکان کاردەکەین بۆ دووبارە دابینکردنەوەی نانەواخانەکان و تەواوکەری خۆراکی بۆ ئەو منداڵانە دابین دەکەین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بەدخۆراکییەوە. ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە قۆناغی یەکەمیدا، بە تایبەتی زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی کەرتی دیاریکردووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٥ مانگ لەژێر بۆردومانی توندی ئیسرائیل بووە، لەوەتەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشێکی بێوێنەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە. سکاو هەروەها ڕوونی کردەوە کە "لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە ژوورەوە، منیش پێموایە بەشی یەکەمی ئەم هاوکارییە مرۆیی دەبێت، هەموو دەروازەکان کراوە دەبن". بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بەرنامەکە، یەکەم بارهەڵگرەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕۆژی یەکشەممە، لە ڕێگەی دەروازەی کەرەم شالوم لە باشووری کەرتی غەززە و دەروازەی زیکیم لە باکوور چوونەتە ناو غەززە. سکاو زیادی کرد: پلانمان هەیە ڕۆژانە ١٥٠ بارهەڵگر بنێرین بۆ ماوەی لانیکەم ٢٠ ڕۆژ، دەتوانین زیاتریش دابین بکەین. وتیشی: "یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە" دابینکردنی نانە "بۆ دەیان هەزار کەس ڕۆژانە، بەرنامەی خۆراکی جیهانیش دەیەوێت بە زووترین کات کەرتی تایبەت بەشداری بکات. بەرنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە خۆراکی ئەوتۆی لە نزیک کەرتی غەززە هەڵگرتووە کە بتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ ماوەی سێ مانگ خۆراکیان بۆ دابین بکات.

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی هۆشداری دایە دەسەڵاتی تورکیاو دەڵێت "دەست هەڵبگرن لە هێرشکردنە سەر گەلی کوردو دامەزراوەکان و ئاشتیخوازان. ئەم سیاسەتی هێرشکەرەی دەسەڵات گفتوگۆکانی چارەسەر ژەهراوی دەکەن. دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتى) دەربارەی هێرشە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو گەلی تورکیا ساڵی ڕابردووەوە هەستی بە هیواو جۆشێکی مەزن کرد بۆ گفتوگۆکانی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بە هەموو توانایانەوە پشتیوانیان لە پرۆسەکە کرد، لە خواستی ئاشتی و وڵاتێکی دیموکراتیکدا یەکیان گرت. دەسەڵات بە هێرشە سەربازی و سیاسییەکانی هیوای ملیۆنان کەس بۆ ئاشتی و دیموکراتیک دەشکێنێت. دەم پارتى دەڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەس کە بۆ ڕاگرتنی شەڕ چوونەتە بەنداوی تشرین، لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، ئێمە بە توندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین. بەم بۆنەیەوە سڵاو و هەستی هاوسۆزی خۆمان دەنێرین بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە چەند ڕۆژێکە لە بەنداوی تشرین خاکەکەیان دەپارێزن و چالاکیی قەڵغانی مرۆیی ئەنجام دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان. لەڕاگەیەندراوەکەشدا هۆشداری دەدەنە دەسەڵات، کە دەست هەڵبگرن لە هێرشکردنە سەر گەلی کورد و دامەزراوەکان و ئاشتیخوازان. ئەم سیاسەتی هێرشکەرەی دەسەڵات گفتوگۆکانی چارەسەر ژەهراوی دەکەن. هەروەها بانگەوازى هاوڵاتیان و ڕای گشتی دیموکراتیک دەکەن کە دژی هێرشەکانی دەسەڵات کە بە ئامانجی لەناوبردنی ئاشتی ئەنجامی دەدات، ناڕەزایەتیی دیموکراتیکی بەهێز نیشان بدەن.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بڕیارمانداوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان گەشتى سەرجەم ئەندامان، هەروەها گەڕانەوەیان بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان و چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستەڕوو مەحمود مەشهدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سەرجەم  ئەندامان و وەفدی  پەرلەمانی  دەرکردووە. راگەیەندراوەکەى ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، مەحمود مەشهدانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی لە هۆڵی دەستووری لە هۆڵی پەناگیری  پەرلەمان کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی نەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمان. بەپێى راگەیەندراوە مەشهەدانی جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی پەرلەمان لە گرێدان بە  دانیشتنەکان کردەوە، کە ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری دەبینێت و گەلی عێراق چاوەڕێی دەکەن بەو یاسایانەی پەیوەندییان بە پێداویستی و بژێوی ژیانیانەوە هەیە وەک پەسەندکردنی یاسای بودجە و یاساکانی تر کە تایبەتن بە هەندێک دەزگای ئەمنی و یاسایی لێبوردنی گشتی و باری کەسێتی. هەروەها دەشڵێت: سەرۆکی پەرلەمان لە ڕۆژانی داهاتوو لەبەردەم پەسەندکردن و گفتوگۆ کردنی  چەند یاساێکی پەرلەمانیە بەپێی  پەیڕەوی ناوخۆ، سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دینار لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی کە ئامادەی یەک دانیشتن نابێت، و بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئامادە نابن لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان. لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان، هەروەها گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان، چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. ڕاگەیەندراوەکە "مەشهەدانی" داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردەوە بە پێویستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان لە پابەندبوونی پەرلەمانتارانیان بە ئامادەبوون لە دانیشتنەکان و تەواو کردنی ڕێژەی یاسایی و بەشداری چالاکانەیان لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی وڵاتدان.

بزوتنەوەى حەماسی فەلەستینی ڕایدەگەیەنێت لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لەگەڵ ئیسڕائیل ئەمرۆ یەکشەمە سێ بارمتەی ژنی ئیسڕائیلی ئازاد دەکات. ئیسڕائیل ناوەکانی سێ ژنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوەو ڕەنگە تاوەکو ڕادەست نەکرێن دوای کاتژمێر ٦ ی دوانیوەڕۆ ناوەکانییان پشتڕاست نەکاتەوە، بەڵام کۆڕبەندی بارمتە و خێزانە بێسەروشوێنەکان ناوی ئەو سێ ژنەیان ئاشکرا کردووە. ڕۆمی گۆنین گۆنینی سەماکار، تەمەنی 23 ساڵ بوو کاتێک چەکدارەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لە ڤیستیڤاڵی نۆڤا ڕفاندییان. گۆنین چەندین کاتژمێر لەگەڵ هاوڕێکانیدا خۆی لە چەکدارەکان شاردبووەوە، پێش ئەوەی تەقە لەسەریی بکرێت. لەو کاتەدا لە ڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکرد و خێزانەکەی گوێیان لێبووە وتوویەتی " ئەمڕۆ من دەمرم." دوایین شت کە خێزانەکەی گوێیان لێبووە ئەوە بووە کە چەکدارەکان بە عەرەبی وتوویانە " لە ژیاندا ماوە با بیبەین." دواتر تەلەفونەکەی شوێنێکی داوە لە کەرتی غەززەدا. دۆرۆن شتاینبرێچەر شتاینبرێچەر پەرستارێکی ڤێتێرنەری تەمەن 30 ساڵ بوو کە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندرا بۆ غەززە، کفار ئازا یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکە پەیوەندی بە دایک و باوکییەوە کردووە و پێی وتوون کە ترساوە و چەکدارەکان گەیشتوونەتە باڵەخانەکەی. دواتر نامەیەکی دەنگی بۆ هاوڕێکانی ناردوو و وتوویەتی " ئەوان گەیشتوون، دەمگرن." ئێمیلی داماری داماری تەمەن 28 ساڵی ئیسڕائیلی - بەڕیتانیایی، لە ماڵەکەی خۆی لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندراوە. داماری لە لەندەن گەورە بووە و هاندەری تیپی تۆپی پێی تۆتنهام هۆتسپێرە. دایکی دەڵێت فیشەک لە دەستی دراوە و بریندار بووە و چاوی بەستراوە و لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەستراوەتەوە و بەرەو غەززە ڕفێندراوە.ت

وەزیری نوێی بەرگری سوریا، ڕایدەگەیەنێت گونجاو نابێت بۆ هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پشتیوانییان لێدەکات هێزە سەربازییەکەی خۆیان لە نێو هێزە چەکدارەکانی سوریادا بهێڵنەوە. مورهاف ئەبو قەسڕە لە وەزارەتی بەرگری سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: سەرکردایەتی هێزە کوردییەکان، کە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ناسراون، مامەڵەکردنییان لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکەدا دواخستووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریادا کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە 8 ی مانگی دوانزەدا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی وتوویەتی کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانییان بەڕێوبەرایەتییەکی لامەرکەزییە، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودیەدا وتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کراوەن بە ڕووی ئەوەدا بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری سوریا وەکو " کوتلەیەکی سەربازیی " و بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە. ئەبو قەسڕە ڕۆژی یەکشەممە ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و وتی " ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە." وتی " بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکو کوتلەیەکی سەربازیی بمێننەوە لە نێو وەزارەتی بەرگریدا، گونجاو نیە." یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەبو قەسڕە لە دوای ئەوەی پۆستەکەی وەرگرت ئەوە بووە کە سەرجەم ئەو گروپانەی کە دژی بەشار ئەسەد بوون یەکبخرێن و ببنە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتوو. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا.

ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن، لەوەڵامى بۆردومانەکانى تورکیاى داگیرکار، لە باشووری مەنبەج ژمارەیەک چەکدار کوژران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون. بەپێى راگەیەندراوەکەى هەسەدە کە ئەمرۆ یەکشەمە، بڵاویکردەوە دەڵێت تورکیا بەردەوامە لە دەستدرێژییە ئاشکرا و ئاشکراکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بۆردومانکردنی گوندەکانز هەسەدە دەڵێت: بەرەبەیانی شەممە و تائێوارە، داگیرکاریی تورکیا بە بۆردومانێکی سەرەتایی بە تۆپخانەی قورس لەسەر گردەکەی بەردەم گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە بەنداوی تیشرین دەستی پێکرد، پاشان بەکرێگیراوەکان دەستیان بە هێرش کروە، شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەوەو ژمارەیەک کوژران و برینداریان هەبوەو  ئەوانی دیکە هەڵهاتن، پشتڕاستکرایەوە ٣ بەکرێگیراو کوژراون. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک بەکرێگیراوەکان هەوڵیانداوە تەرمی مردووەکانیان ببەن، بە درۆن سێ گردبوونەوەی بەکرێگیراوان و ئۆتۆمبێلەکانیان کراوەتە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازو پیکابێکێک بووە بەهۆیەوە ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربوون. هەروەها دەشڵێن لە دەوروبەری گردی "سیریاتێل" تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەکی دوشکەی دوژمن، کرایە ئامانج و شەڕڤانان دوو بەکرێگیراویان کردە ئامانج و بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لێیاندراوە. لە بەرەی دێر حەفەر؛ بەکرێگیراوان بە گولـلە هاوەن خاڵێکی پشکنینی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بڕیاربوو سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەمە، ئاگربەست لە غەززە دەستپێبکات، بەڵام حەماس  ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، هێشتا بڵاونەکردوەتەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئاگربەستەکە  دەستپێناکات تاوەکو حەماس لیستی بارمتەکان پێشکێش نەکات. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بڕیاربوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ماوەی 470 ڕۆژە شەڕو پێکدادان بەردەوامە، بزوتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن دواکەوتنی ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بەهۆی "هۆکاری تەکنیکى" بووە. سووپای ئیسرائیلیش دەڵێن: بە مەرجێک حەماس ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ڕێککەوتنی ئاگربەست ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی کردبوو، ئەگەر حەماس لیستی ئەو بارمتانە دەستگیرکراوانە ڕادەست نەکات کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئازادبکرێن. لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا کە بۆ ماوەی ٦ هەفتە درێژدەبێتەوە، ئازادکردنی ٣٣ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی لە غەززە. لەبەرامبەردا ئیسرائیل ٧٣٧ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات و ئازادکردنی پێش کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام نادرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ سێ زیندانی ژنی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و بۆ هەر دەستگیرکراوێکی ئیسرائیلیش ٣٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بزووتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: حەماس پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دووپات دەکاتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات دواکەوتنی ڕادەستکردنی ئەو ناوانەی کە لە وەجبەی یەکەمدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەکنیکی. بەڵام  پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، ئاگربەست لەکاتی خۆیدا دەستپێناکات، هەتاوەکو حەماس ناوی سێ بارمەتە ئازادکراوەکەی ئەمڕۆیان پێشکێش نەکات.  پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە کشانەوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە ناوەندی شاری ڕەفەحەوە بۆ میحوەری فیلادیفیا لەسەر سنووری میسر. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە فەوجی ٩٣٢ی لیوای نەهال لە کەرتی غەززە کشاونەتەوە.

مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتی کردەوە کە هێزەکەیان بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر ڕێگایەکی تر جگە لە دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە هێزەکان بۆ ناو وەزارەتی بەرگری کێشەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، بەپێی دەربڕینەکانى ئەو. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، مەزڵوم عەبدى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەى یەکخستنی گروپەکان لە وەزارەتی بەرگری، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپەکان پەیوەندییان بەوانەوە نییە چونکە ئەوان بەشێک نین لەو گروپانە. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنه‌یه‌كى سه‌ربازى هاوبه‌شیان كردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كان، ئه‌ویش دژى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ سوریا خاوه‌نى دووسوپاى جیاوازبێت. فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده‌، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئیدارە، ئەحمەد شەرع، بە کردار دیاری دەکرێت نەک بە قسە، سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕوونی کردەوە کە بوونیان گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان. مەزلوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین نەکردوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویست بە چەک لە ئێرانەوە ناکات. ناوچە بەرفراوانەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئیدارە خۆسەرەدایە کە لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی 2011 لەلایەن کوردەکانەوە دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لێیان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو کوردانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان بنیات ناوە، بە درێژایی ساڵانی ململانێ، هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدا، لە کاتێکدا حکومەتی پێشوو تۆمەتباریان دەکرد بەوەی مەیلی "جیاخوازی"یان هەیە. شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان شەڕڤانانی کوردە و واشنتۆن پشتیوانی دەکات، لە 30ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، لە یەکەم دانوستانی نێوان هەردوولا لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەو مانگەدا.

ئاژانسى فرانس پرێس شیکەرەوەیەکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) دانی بە تاوانەکەیدا نا و ڕایگەیاند زانیاری ئاشکرا کردووە لەسەر هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران. لە مانگی یانزەدا چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە ئەپی نامەناردنی تێلیگرامدا بڵاوبوونەوە، ئاسیف ڕەحمانی تەمەن 34 ساڵ لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا. ئاسیف ڕەحمان لە دادگای فیدڕاڵی لە ڤێرجینیا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە دوو تۆمەت، تۆمەتەکانیش بریتین لە هێشتنەوە و گواستنەوەی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرگری نیشتمانییەوە کە هەریەکێک لەو تاوانە سزاکەی 10 ساڵ زیندانیکردنە. داواکاران دەڵێن ڕەحمان کە لە ساڵی 2016 ەوە کارمەندی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکایە، سوودی لە دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییە نهێنییەکان وەرگرتووە، ئەوەش لە ڕێی دەستڕاگەیشتن و لابردن و کۆپی کردنی دوو بەڵگەنامەی پەیوەست بە هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئێران. دواتر بەڵگەنامەکانی لەگەڵ کەسانێکدا هاوبەش کردووە کە مۆڵەتییان نەبووە ئەو زانیارییانە وەربگرن. دوو بەڵگەنامەکە کە لە مانگی 10 دا دزەیان پێکرا، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئیسڕائیل هێشتا کەلوپەلە سەربازییەکانی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە 1 ی مانگی 10 دا. لە کۆتایی مانگی 10 دا ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و کارگەکانی دروستکردنی موشەک لە ئێراندا. لە نوسراوەکانی دادگادا ئاماژە بەوە دراوە کە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردن دوابخات.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی  دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت، بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا داپۆشێت، لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجام دەبینین. لەنوسینێکیدا لە پەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى ڕەوتى هەڵوێست وەڵامى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێى داوەتەوە. ئەو دەڵێت: بەفێڵێکى ساختەى عاتیفى دەیەوێت ئەوەى تورکیا دابپۆشێت ئەنجام دەبینین، وتیان: ڕۆشتین لەگەڵ جێگری هاکان فیدان کۆبوینەوە بۆ تەشکیلی حکومەت! دەڵێ: لەگەڵ پارتی دانوستانمان کردوەو تائێستا شەش کورسیان پێداوین!، سەرباری هەڕەشەو فشاری یەکێتی، ناڵێت: لە دانوستان کشاوینەتەوە!، دەزانن ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، لیستی یەکەم سەرەتا ڕادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت (پارتیە). عەلى حەمەساڵح لەکۆتاییدا دەڵێت: ئێمەو یەکگرتووش ژمارەمان لەگەڵ یەکێتی کۆبکرێتەوە هەر لە پارتی زیاتر نابێ! ئیتر چۆن تەکلیف دەکرێت!. ئێوارەی ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو  با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.

فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە. فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە. ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.