کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان وادەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکانى بۆ هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد. بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن، تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکان لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا چوارى مانگى داهاتوو. رۆژى چوارشەممە (9ى نیسانى 2025) ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 11 ى تشرینى دووەمى بۆ وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد، بەو پێیەش کەمتر لە حەوت مانگى دیکە هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆى لەو بارەیەوە راگەیاند. رۆژێک دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستیكرد بە ڕێكارە تەكنیكییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەكاتەوە پشت بە ئامرازی "وێنەی چاو" دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە. لەوبارەیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"كۆمسیۆن لەڕووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراوی ژمارە 12 ی ساڵی 2018".
چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرایان کردووە، تەل ئەبیب و قاهیرە رەشنووسی پێشنیازەکەی میسڕیان سەبارەت بە ئاگربەستی غەزە و ئازادکردنی دەستگیرکراوان ئاڵوگۆڕکردووە. بەرپرسە ئیسرائیلییەکان بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلییان گوتووە، ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکانی غەزە بێتەئاراوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ تیمی دانوستانکار هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی دەستگیرکراوان کردووە. دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی لەبارەی دانوستانەکانی غەزە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی نێوەندگیر لە پەیوەندیدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایکرد، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس، چەند رۆژێکی کەم دەخایەنێت.
بڕیارە سبەینێ شەممە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێبکات، لە کاتێکدا نادڵنیایی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا راستەوخۆ دەبێت یان ناراستەوخۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دووپاتیکردوەتەوە، کە وڵاتەکەی دەرفەت بە دیپلۆماسییەت دەدات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوەتەوە، وڵاتەکەی "دەرفەتێکی راستەقینە" دەداتە ئەم دانوستانانە و گرنگی بە دیپلۆماسییەت دەدات. راشیگەیاند، "تاران هیچ شتێکی پێشوەختە ناکات، بەڵکو نییەتی لایەنی بەرانبەر هەڵدەسەنگێنێت و دواتریش وەڵام دەداتەوە. ئیسماعیل باقائی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێمانوایە ئەمەریکا ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرز نرخێنێت. پێشتریش، تامی بروس بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی داهاتوی وەفدەکانی ئەمریکا و ئێران دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ تاقیکردنەوەی جددی لەسەر هەڵوێستی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی پەخشی گشتی ئیسرائیل (کان) لە خولی دانوستانەکان کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئازەربایجان بەڕێوەچوو، ئیسرائیل و تورکیا نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوانیان لە سوریا. بەگوتەی کان، دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە لەو ماوەیەدا هەوڵی دانانی میکانیزمێک دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی نێوانیان لە سوریا، پێشبینی دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی جەژنی پەسح کە ئەمساڵ دەکەوێتە ١٢ی نیسانەوە تا ١٩ی نیسان بەردەوام بێت. دەسەڵاتی پەخشی پەخش هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنقەرە ڕێگەی نەدات فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کە شاندێکی ئیسرائیلی هەڵگرتبوو بۆ ئازەربایجان بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕێنێت، ئەمەش ناچار بوو بە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بفڕێت. ڕۆژی 10ی نیسان، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەی دانوستاندن لەنێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و تورکیا لە ئازەربایجان بەڕێوەچووە و سوپاس و پێزانینی ئیسرائیلی بۆ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان دەربڕی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە. لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی نەتانیاهۆدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەردوولا بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا دیاریکردووە و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە". رۆژی سێشەممە (8ـی نیسانی 2025) رۆژنامەی یەدیحوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە؛ لە پشتی پەردەوە تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن، بۆ دابەشکردنی سوریا بەجۆرێک باکوری سوریا بۆ تورکیا بەجێدەهێڵرێت، رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بۆ ئەمەریکا، باشور و رۆژهەڵاتیش لەژێر هەژمونی ئیسرائیلدا دەبێت، کەناراوەکانی سوریا لە تەرتوس لەژێر هەژمونی روسیادا دەمێنێتەوە، سەبارەت بە حکومەتی دیمەشقیش ئیسرائیل پێی وایە ئەوە ئیدارەیەکی کاتییە و ناوچەیەکی کەمی بەدەستەوەبێت تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکاردەبێت، ئەوەش چەند ساڵێکی پێویستە. دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵاتی دیمەشق لەلایەن بەرەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئیسرائیل گومانی هەبوو لەوەی تورکیا ئەو دۆخەی سوریا بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئەوەشی بە مەترسی راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت. هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل پەیامێکی توندی گەیاندە تورکیا، هەرزوو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: نایانەوێت روبەڕوی ئیسرائیل ببنەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا روبدات لە سوریا، سوریەکان بە تەنها خۆیان بڕیار لە چارەنوسی وڵاتەکەیان دەدەن.
دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە. دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات. حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە. دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت. چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەیەکی باڵای ئێران، شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت. ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئاشتی. وتیشى: ئێمە زۆر ڕوونین کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و پێموایە ئەوە بووە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جددیەتی تاران دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیە گەڕانێکی سەرەتاییە لە نیازی ئێران بۆ دانوستان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە "کێشەیەکى گەورەو حیساباتێکى هەڵەیە". تامی بروس وتی: هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە بە ڕوونی لەگەڵ جەختکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ناتەبایە. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی یان بەردەوامی هەڕەشەی دەرەکی ببێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکات.
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: لایەنە کوردییەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ سوریا یەك دەنگن و رەخنەش لەو سیاسەتە دەگرن کە ئێستا لە دیمەشق پەیڕەودەکرێت. بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: کوردەكانی سوریا لە سەر ئەوە یەكدەنگن كە داوای سیستمی فیدڕاڵی بکەن، بەجۆرێک کەڕێگە بە دروستبونی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی و هێزی ئەمنی بدات. وتیشی: سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە سوریا، هاوڕان کە سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی لە سوریادا هەبێت. هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پرسی چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا و پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتوری، پێویستە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکاندا دروست بکرێن. لە چوارچێوەیەی رێکەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک دیل ئاڵوگۆڕکران و بە پێی زانیارییەکانیش گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی دەکشێنەوە.
ڕاوێژکارێکی سەربازیی عەلی خامنەیی رایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هیچ کات جێبەجێنابن و ئەوان لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا ئامادەی وەڵامدانەوەن. ئەمیر ناسر ئاراستە جێگری گرووپی راوێژکارانی سەربازیی خامنەیی لە کاردانەوەی هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رایگەیاند، وەک سەربازێکی دێرین بە دڵنیاییەوە دەڵێت ئەم هەڕەشانە جێبەجێنابن. وتیشی، هێزە چەکدارەکان لە سەرووی ئەم هەڕەشانەوە ئامادەیی وەڵامدانەوەیان هەیە و لە هەموو رەهەندە سەربازییەکاندا هێزەکانیان ئامادەکردووە تاوەکو بە دەسەڵاتەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدەنەوە. ئەمەش لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپە کە هۆشداریی دابوو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، بژاردەی هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنرێت. ترەمپ لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێستاش "ئەگەر هەیە" ئیسرائیل بەیارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت. ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبن، پێموایە ئێران لە مەترسییەکی گەورەدا دەبێت، حەز ناکەم بیڵێم، مەترسییەکی گەورە، چونکە ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت." لە هەمان کاتدا بەرپرسان رایانگەیاندووە بڕیارە رووسیا، چین و ئێران رۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بکات و تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی سیاسی گرنگ لە وڵاتدا بکات، لەوانە ڕازیکردنی سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان و تاوتوێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان و ئامادەکارییەکانی حکومەت هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەجێندای کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت و چەند مانگ جارێک لەسەر چەند پرسێکی هەنووکەیی پەیوەست بە دۆخی وڵات بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ میدیای عێراق کردووە، لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکرێت کە دووشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، هاوکات تاوتوێی میکانیزمەکانی ڕازیکردنی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا میکانیزمی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی فەرمیدا تاوتوێ دەکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران لەدوایین دانیشتنی خۆیدا دیاری کردبوو و هەروەها پرس و خشتەی بودجەی گشتی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆسیەی ناڕەزایی مامۆستایان لەسەرتاسەری وڵات و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان تاوتوێ دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە 9ـی نیسان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی 11ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشان کرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیە پیشاندا.
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاتریان هەیە. شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، کاژێر 13:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4-2025 گەیشتنە کۆشکی کۆماریی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدرا. سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە". شاندی دەم پارتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کرد. سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین". ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین". پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: "ئەمە یەکەمین جارە بەرێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی". کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە 9-4-2025 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات. دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان.
لە کاتێکدا دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاگرتنی کاتی بەشێک لە باج بەرزەکانی وڵاتەکەی لەسەر هاوبەشەکانی ڕاگەیاند، کەڤین هاسێت ڕاوێژکاری ئابووری کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن نزیکە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوان. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی دەکات و نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێکیان سەبارەت بە باج. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دانوستان لەگەڵ چین هێشتا دەستی پێنەکردووە. ناوبراو هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ میکانیزمێکی کردەیی بۆ ڕێککەوتنی گومرگی داناوە. ئەو ڕاوێژکارەى کۆشکى سپى ئەوەشى خستەڕوو باجی گومرگی بەشدارە لە کەمکردنەوەی کورتهێنان و بەهێزکردنی بازاڕی بۆندەکان. لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا دوێنێ، دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕی بازرگانی جیهانی کە بازاڕەکانی هەژاند، ترەمپ ئەو باجانەی کە بەسەر دەیان وڵات و هاوبەشەکانیدا سەپێندرابوون، لەنێویاندا یەکێتی ئەوروپا، بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاگرت. لە کاتێکدا بە هێشتنەوەی باجی 10% ڕازی بوو. هەروەها ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا وەڵامی دایەوە و بە ڕاگرتنی باجەکانی بەرامبەر بە بەرهەمە ئەمریکییەکان بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ، بە ئامانجی "دەرفەتێک بۆ دانوستانەکان"، ئۆرسولا ڤۆن دێر لیین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕوونیکردەوە. جێگای سەرنجە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا سێ جار باجی سەپاندووە، لەنێویاندا لەسەر یەکێتی ئەوروپا. سەرەتا باج لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم، پاشان لەسەر ئۆتۆمبێل و لە کۆتاییدا باجی 20% لەسەر هەموو بەرهەمە ئەوروپییەکان.
تاران هەڕەشەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و شاردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکات ئەگەر هەڕەشەی کردەی سەربازی لەدژی بەردەوام بێت. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد بەردەوامیی هەڕەشەکان و دانانی ئێران لە لێواری هێرشی سەربازیدا، دەتوانێ ببێتە هۆی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و وەستاندنی هەموو هاوکارییەکان لەگەڵ ئەو دەزگایە و گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ شوێنە سەلامەتەکان. شەمخانی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: بەردەوامیی هەڕەشە دەرەکییەکان و دانانی ئێران لە حاڵەتی هێرشی سەربازیدا، دەکرێت ببێتە هۆی هەنگاوی بەرەنگاربوونەوە وەک دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پچڕاندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئاژانسەکە.
ڕۆژنامە "یەدیوت ئەهرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوو بۆ سێ هەفتە مۆڵەتی بە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دەیەوێت بە زوترین کات ئەوە روبدات. بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، گەرچی ترەمپ لە کۆبونەوەکەدا ستایشی ناتەنیاهۆی کردوە، بەڵام وادیارە سەرۆکی ئەمەریکا لە پشت نەتانیاهۆوە پلانی دیکەی هەیە و کار لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەکات کە بەم زوانە دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەمو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل کە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان قسەیان کردوە، بیستویانە کە ترەمپ کاتێکی زیاتری داوە بە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە شەڕەکە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ نەبوە، ڕەنگە دوو بۆ سێ هەفتە بێت و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەیەوێت بەم زوانە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. پێشتریش، سەرچاوە ئەمەریکییەکان بە بنەماڵەی بارمتەکانیان راگەیاندوە؛ کارکردن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە ئێستادا کاری لە پێشینەیانە و لە کۆبونەوەکەی دوشەممەی رابردوی نێوان ترەمپ و ناتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی، پرسی سەرکی کۆبونەوەکەوە بوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەو کردوە لە کوبونەوەکەدا سەرۆک ترەمپ پشتگیری کردوە لە شەری غەززەدا و بە رۆژنامەنوسانی وتوە؛ سەرۆک سەیری منی کرد و وتی؛ ئەم پیاوە بەردەوام کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات. پێشتریش و لە دوای کۆبونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی رایگەیاند؛ ئێمە کێشەی بارمتەمان هەیە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدەی ، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و نابێت ئەوەندە ماوە بخایەنێت، هیوادارم ئیسرائیلییەکان وەک من بن، ئەمەش بەو مانایەی ئەوانیش بیر لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ ئەمەریکییەکان دەیانەوێت ڕێکەوتنی بارمتەکان سەربگرێت، کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە.
كاتژمێر 1:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی لە كۆشكی كۆماریی توركیا (بێشتەپە) لە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كۆدەبێتەوە. لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە گرتوخانەی ئیمراڵی، یەكەمجارە ئەردۆغان لەگەڵ وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) كۆدەبێتەوە. دوێنێ ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی (ئاكەپە) لە پەرلەمان لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، وەک هاوپەیمانی گەل بە گرنگی و ئارامییەوە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین. ئەردۆغان وتی:" بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەو پێشخستنی وڵات و ناوچەکەمان". ئۆجەلان داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كردووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سازدانی كۆنگرەو رێوشوێنی یاسایی تر هەیە لە پەرلەمانی توركیا، ئەم پرۆسەیەش تائێستا هەنگاوی كردەیی بۆ نەنراوەو چاوەڕوان دەكرێت لە دیداری ئەمڕۆی دەم پارتی و ئەردۆغاندا قسەوباسی لەسەر بكرێت.
وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەردەکرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، ترسی تورکیا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان کشانەوەی گروپەکانی خێراتر کردووە. سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان کەمکردووەتەوە و زۆربەی بنکەکانی ناوەندی شارەکەیان چۆڵکردووە، تەنها چەند گروپێکی بچوکیان بەشێوەیەکی کاتیی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەکە جێدەهێڵن. سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان، پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیمەشق بڵاوی کردەوە؛ مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا. مانگی ئازاری رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی نوێی دیمەشق، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی بە ئاسایشی ناوخۆ، تائێستاش دوو کاروانی شەڕڤانان کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەس دەبوو شاری حەلەبیان بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بەجێهێشتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: گواستنەوەی گروپە چەکدارکان لە عەفرینەوە بۆ بنکەی سەربازیی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گروپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەشێک لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گروپانە لەناوچەکە کشاونەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ هەسەدە فشار لە ئیدارەی سوریا دەکات، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عەفرین بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە و هێزی ئاسایشیان لێ پێکبهێنرێت، دانیشتوانی عەفرینیش چاوەڕوانی لابردنی بەربەستەکان و کشانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان لە شارەکەیان بە یەکجاریی. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.