هاوڵاتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و دەرەوەی ئێران دەڵێن، پزیشکەکانی نەخۆشخانەی فەجر، ڕایانگەیاندووە ئارمیتا گراوەند مێشکی مردووەو هیوایەک نییە بەوەی بە ئاگا بێتەوەو هێشتنەوە لە ژێر ئامێرەکاندا بێهوودەیە. رۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی  حکوومی "برنا" هەواڵێکی لەمبارەوە بڵاو کردەوەو رایگەیاند ئارمیتا گراوەند مێشکی مردووەو دوای چەند خولەکێک هەواڵەکەی سڕییەوە. هەر لەم پەیوەندەدا هاوڵاتی پەیوەندی بە کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی گراوەندەوە کرد و ئەم کەسە وتی :" تا ئیستەش هیچ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە ئارمیتا لە نەخۆشخانە ببینن. تەنانەت باوکیشی نەیتوانیوە بیبینێت. دایکی ئارمیتا گراوەند چەند رۆژ لەوە پێش دەستبەسەر کراو هەڕەشەیان لێکردووە نابێ هیچ شتێک دەربارەی کچەکەی بە ڕۆژنامەنوسان بڵێت". ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەک لە میدیا حکوومییەکان، لە زاری دایک و باوکی ئارمیتا گراوەندەوە رایانگەیاندووە ئەوان هەر کات بیانەوێت ئەتوانن کچەکەیان ببینن و تەنانەت هەواڵی دەستگیرکردنی شەهێن ئەحمەدی دایکی ئارمیتا گراوەندیان بە ناڕاست زانیوە. ئەم کەسە کە نزیکە لە بنەماڵەی گراوەند بە هاوڵاتی وت:" ئەو قسانەی لە زمانی دایک و باوکی ئارمیتاوە لە ماڵپەڕە حکوومییەکان بڵاو کراوەتەوە دوورە لە راستی و دایک و باوکیان ترساندووە و ناچاریان کردوون بەو شێوەیە قسە بکەن". ئارمیتا گراوەند، کچە کوردی کرماشانی تەمەن ١٦ ساڵ، رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وێڕای دوو هاوڕێی لە کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، بە هۆی لابردنی حیجابەکەیەوە، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە مێترۆی تاران توندووتیژی بەرامبەر کرا، ئەو گەنجە ١٢ رۆژە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە. حکوومەت هەر لە یەکەم ساتەکانەوە رایگەیاند کە ئارمیتا بوراوەتەوەو پۆلیسی ئەخلاق لەو شوێنە نەبووە. هەروەها دایک و باوکی ئارمیتا هێنرانە بەردەم کامێرا و رایانگەیاند کچەکەیان بە سروشتی بوراوەتەوەو دەستی پۆلیسی ئەخلاقی تێدا نییە.    

هاوڵاتی تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكرده‌وه‌، هێرشێکی ئیسرائیلی دو فڕۆکەخانەی سەرەکی دیمەشقی پایتەخت و شاری حەلەبی باکوری سوریای کردە ئامانج. بەپێی میدیا و سەرچاوەکانی ناوخۆی  سووریا، هەردوو فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب لەکارکەوتوون. لە بەرامبەریشدا بەرگریی ئاسمانیی سووریا وەڵامی هەردوو هێرشەکانی داوەتەوە. هاوکات تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.  سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکان بە مەبەستی پەکخستنی هاوکارییەکانی ئێرانە بۆ سووریا. وەزارەتی گواستنەوەی سووریا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، تیمەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە لە هەردوو شوێنەکە، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا زیانەکانی هێرشەکە دیاری دەکەن.     

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 338 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی غەززە لە ئەنجامی بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و ئاوارە بوون. نوسینگەى رێکخستنى کاروبارى مرۆیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە؛ ژمارەى ئاوارەبونى هاوڵاتییان لە کەرتى غەززە کە 2.3 ملیۆن هاوڵاتیی تێدا دەژى 75 هەزار کەس زیادیکردوە و بەمەش ژمارەى ئاوارەکان گەیشتوەتە 338 هەزار و 934 کەس. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە نزیکەى 220 هەزار کەس لەو ئاوارانە بە ناچاریی چونەتە ئەو قوتابخانانەى کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و 15 هەزار کەسیش لەو قوتابخانانەن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێن. هاوکات بەرپرسانی فەلەستین ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم 2540 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بۆردوومانەکانەوە تەواو ڕوخاون. بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ژمارەی ئەوانە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 1200 کەس و زیاتر لە 5600 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئامارەکانی سوپای ئیسرائیلیش ئەوە دەردەخەن کە 1200 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 1100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

راپۆرتی: واشنتن پۆست وەرگێرانی: هاوڵاتی   هێرشە گەورە ئاڵۆزەکەی سەر ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا لەلایەن چەکدارانی کەرتی غەززەوە ئیسرائیلییەکانی شۆککردووە، کە بەترس و تۆقانەوە سەیری چەکدارەکانیان دەکرد بەئاسانی بەنێو یەکێک لەپێشکەوتووترین سیستەمی ئەمنی جیهانیدا تێدەپەڕین. لانی کەم هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزارو ٦٠٠ کەسی تریش لەئیسرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ بارمتە گیراون. ئیسرائیل بەبەردەوامی غەززە بۆردومان دەکات و بەپیی قسەی بەرپرسانی فەڵەستینی، بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە لانی کەم ٧٠٠ کەسی کوژراون. «پەرژینە زیرەکەکە» کە ئیسرائیلی لە غەززە جیادەکردەوە بە تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو سەردەم پڕچەککراوەو ئەم پەرژینە بۆ ئەوە بنیادنراوە کە هەرچی دزەپێکردنێکی ئەمنی هەیە ئاشکرای بکات. ئا بەم جۆرەی خوارەوە چەکدارانی حەماس پێیدا تێپەڕین.   «دیواری ئاسنین» لەساڵی ٢٠٢١ ئیسرائیل تەواوکردنی «پەرژینە زیرەکەکەی» راگەیاند کە بەربەستێکی ٦٤ کیلۆمەترییە بەدرێژایی کەرتی غەززە کەکۆسپێکی کۆنکرێتی ژێرزەمینیش لەخۆدەگرێت. پرۆژەکە ساڵی ٢٠١٦ بەفەرمی راگەیاندرا دوای ئەوەی حەماس تونێلی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی ٢٠١٤دا. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، پرۆژەکە پێویستی بە ١٤٠ هەزار تۆن ئاسن و پۆڵا بووە لەگەڵ دانانی سەدەها کامێرا، رادارو هەستەوەر. نزیکبوونەوە لەپەرژینەکە لە بەری غەززەوە تەنها سنوردارکرابوو بۆ جوتیاران ئەویش تەنیا بەپێ. لەبەری ئیسرائیلەوە، تاوەری چاودێری و تەپۆڵکەی لمی دانراون بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەو دزەکەرە هێواشەکان. لەساڵی ٢٠٢١، بێنی گانتز کە وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بوو وتی، بەربەستەکە «دیوارێکی ئاسنین» لەنێوان حەماس و باشوری ئیسرائیلدا دادەنێت. بەڵام لەشەممەی رابردوو، هەوڵیکی زنجیرەیی رێکخراو یارمەتی حەماسی دا دیوارەکە تێپەڕێنێت. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل، پەرژینەکە لە ٢٩ خاڵەوە دزەیپێکرا. هەرچەندە پاسەوانی ئیسرائیلی لەتاوەرەکان لەهەر ٥٠٠ پێیەک بەدرێژایی نزیک لەدیوارەکە جێگیرکرابوون، بەڵام چەکدارانی حەماس رووبەڕووی بەرەنگارییەکەی کەم بوونەوە. دواتر دەرکەوت کە سنورەکە ستافێکی کەمی تێدا جێگیرکراوەو بەشێکی زۆری سوپای ئیسرائیل ئاراستەیان بەرەو ئەو پشێویانە گۆڕاوە کە لەکەرتی خۆرئاوا هەبوون. «سەرنجڕاکێشترین بەشی سیستەمەکە ئەوانەن کە هەستەوەرو ئاگادارکەرەوەیان تێدایە، بەڵام هەر کە لەپێشدا نەتبینی کە کەسێک خۆی رێکدەخات لەبەردەم پەرژینەکە، ئیتر پەرژینەکە هەر دەبێتە پەرژینێکی ئاسایی، پەرژینێکی گەورە بەڵام هەر پەرژینێکی ئاسایی»، ماتیو لێڤیت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک وا دەڵێت. بەم جۆرە چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نیو پەرژینەکەوە و تێیانپەڕاند: 1-درۆنەکان تەقینەوەیان دەخستە خوارەوە. بەدرێژایی سنورەکە، حەماس بە بەکارهێنانی درۆنی بازرگانی بۆردومانی تاوەرە چاودێرییەکان، ژێرخانەکانی پەیوەندی و سیستەمەکانی چەکیان کرد. 2-هەڵدانی موشەک و هێزی مرۆیی رێکخراو ئیسرائیل دەڵێت، حەماس زیاتر لەسێ هەزار موشەکی بۆ وڵاتەکە هەڵداوە کە هەندێکیان نزیکبوونەتەوە لە تەلئەبیب و ئۆرشەلیم (قودس). چەکدارانی حەماس بە پاراگلایدەرەوە سنوریان تێپەڕاند. 3-تەقینەوە بەدرێژایی پەرژینەکە. چەکدارانی حەماس تەقینەوەشیان بەکارهێنا بۆ تەقاندنەوەی بەشێک لەبەربەستەکە. بەشێک لەچەکدارانی تر بەسەر ماتۆرسکیلەوە بەناو ئەو بۆشاییانەی دروستبوون دەڕۆشتن. 4-فراونکردنی بۆشاییەکە. بلدۆزەرەکان، ئەوەی مابوو کردیان، بەمەش رێگەیان خۆشکرد بۆ کردنەوەی بۆشاییەکی فراوانتر تا ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕببێت. شارەزایان دەڵێن ئەم هێرشە چەند هەفتەیەکی لەئامادەکاری و پلانی فێڵکردن پێویستە. «کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کەلوپەلەکان پێشتر لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بخەیتە شوێنی مەبەست و دواتر بیخەیتە نیو باڵەخانە یان ژێر خێمە»، مایکڵ ئۆهانلن، توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگەی برۆکینگی ئەمریکی وا دەڵێت. مایکڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەگونجێت بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان  لەبەرچاودا بووبێتن لەگەراجی ئۆتۆمبێل یان ناوچەکانی باڵاخانە دروستکردن. بەڵام لیڤیت پێیوایە کە «بیرۆکەی هێنانی بلدۆزەر بەو نزیکییە لە پەرژینەکەوە سەرسوڕهێنەرو مێشک تێکدەرە».

هاوڵاتی میدیاكانی فەلەستین كوژرانی دوو سەركردەی بزوتنەوەی حەماسیان لە غەزە راگەیاند. بەپێی هەواڵی میدیاكانی فەلەستین، جەواد ئەبو شەمالە و زەكەریا موعەمەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حەماس لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە كوژران هاوکات ئاژانسی هەواڵی  تایمزی ئیسرائیل لەم بارەیەوە نووسیویەتی:" جەواد ئەبووشەمالە، وەزیری داریی حەماس و زەکەریا ئەبوو معەممەر ، بەرپرسی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی حەماس لە هێرشەکانی شەوی دووشەممە ٩ تشرینی یەکەمدا کوژراون. ئەو ئاژانسە جەواد ئەبوو شەمالە، بە کەسێک ناو دەبات کە سەرچاوە داراییەکانی حەماسی بەڕێوە ئەبرد و بوودجەی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئەم گرووپە تەرخان ئەکرد. هەروەها زەکەریان ئەبوو معەممەر وەک کەسی متمانە پێکراوی یەحیا ئەلسنوار، رێبەری حەماس لە غەزە ناو دەبات کە داڕێژەری چالاکییە تیرۆریستی و سەربازییەکانی حەماس بووە دژی ئیسرائیل.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هرانا، بڵاوی کردۆتەوە لە ماوەی یەکساڵدا  لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون . بە گوێرەی ئەو داتایانەی ماڵپەڕی هرانا بڵاویکردۆتەوە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە بۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە ئەم ژمارەیە لە چاو ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی  ٢٤ ٪ زیادی کردووە.  ئەو ماڵپەڕە دەشڵێت ،جگە لەم ٦٥٩ کەسە کە لە سێدارە دراوون، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە شەقامەکان و لە کاتی خۆپیشاندانەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون. هەروەها نزیکەی١٠ هەزار کەس دەستگیرکراون. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رێژەی لەسێدارەی تێدا جێبەجێ ئەکرێت و سەپاندنی ئە سزایە بە سەر منداڵی  خوار ١٨ ساڵ لە ئێران نیگەرانی زۆری چاودێرانی مافی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە.

هاوڵاتی به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، محه‌مه‌د شیاع سودانى به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشتۆته‌ مۆسكۆى پایته‌ختى ڕوسیا و ئەمەریکا بە سەرنجەوە چاوى لە گەشتەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراقە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانى عێراق له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگەیاندوه‌، ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا. پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو حکومەتی عێراق ئاشكرایكردبوو، ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەغدای پایتەخت بەجێبهێڵێت‌و بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا سەردانی مۆسکۆ بکات. نزیکەی 50 کۆمپانیای روسی لە سێکتەری نەوتی عێراقدا کاردەکەن و قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە دەگاتە 14 ملیار دۆلار. ئەوەش پێگەیەکی گرنگی ئابووری بە روسیا لە عێراق بەخشیوە. میدیا جیهانییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردوە؛ روسیا سێ ئامانجی سەرەکیی ئابوریی هەیە لە پێشوازییکردن لە سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، یەکەمیان ئەوەیە کە دەیەوێت بیکاتە دەرچەیەک بۆ دەستگەیشتنی بە دۆلاری ئەمەریکی، دوەمیان رازیکردنیەتی بە پشتکردنە سیستمی سوێفت و سێیەمیشیان بەکارهێنانی دراوەی نوخۆیی وڵاتەکانە لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا لەبری دۆلار. چاودێران پێیان وایە ئەگەر سودانی بە وریاییەوە مامەڵە نەکات، سەردانەکەی بۆ روسیا  دەبنە هۆی توڕەکردنی ئەمەریکا و ئەوەش لێکەوتەی  نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.

هاوڵاتی  عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی نەبووە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەڵام نەیشاردەوە کە ئیسرائیل شکستێکی "لەبیرنەکراوی" چەشتووە.  عەلی خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، تاران بەشدار نەبووە لە هێرشەکەدا بەڵام "ماچی دەستی ئەوانە دەکەین کە پلانی هیرشەکەیان دژی رژێمی زایۆنی داناوە." خامنەیی وتیشی، "ئەو بومەلەرزە تێکشکێنەرە کۆمەڵێک پێکهاتەی هەستیاری [ئیسرائیلی] خاپوور کردووە کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە... کردەوەی خودی رژێمی زایۆنی بەرپرسە لەم کارەساتە." هەر دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چاوەکان چوونەسەر ئێران کە پشتگیری و پاڵپشتی ئیسرائیلی کردبێت. دوای ئەوەی رۆژی شەممە حەماس هیرشەکەی ئەنجامدا، وتەبێژێکی بزوتنەوەکە بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، حەماس هاوکاری کراوە لەلایەن ئێرانی هاوپەیمانی.  بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا گومانیان هەیە لە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران و دەڵێن هیشتا بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بێت بەوەی ئێران پشتگیری هێرشەکەی کردبێت هەرچەندە دڵنیان لەوەی کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لەگەڵ حەماس لە یارمەتیدانی گروپەکە.

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەفسەرێکی پلەبەرزیان لە جەنگ لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە باکوری ئیسرائیل کوژراوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، عەلیم عەبدوڵڵا فەرماندەی باڵای لیوای 300، رۆژی دووشەممە لە سنوری ئیسرائیل–لوبنان لە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کوژراوە. دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر چەند شار و شارۆچکەیەکی ئیسرائیل، هەر لە یەکەم ساتەکاندا حیزبوڵڵای لوبنان پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک و تەنانەت کردنەوەی بەرەیەکیتری جەنگ لە دژی ئیسرائیل. هاوکات رۆژی دووشەممە ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەو بەشانەی لە دیواری سنوری غەزە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرگرتن بە دزە کردنی هێزەکانی حەماس، مینڕێژ کراون.

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەتەواوی سنوریان لەگەڵ غەززە کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و هیچ دزەپێکردنێکی چەکدارانی حەماسیش لە دوێنێوە نەبووە، دەشڵێت، تەرمی هەزار و 500 چەکداریان دۆزیوەتەوە.  دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەتەواوی سنوری ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە لەگەڵ کەرتی غەززە دوای ئەوەی لە رۆژی شەممە چەکدارانی حەماس توانیان دیوار و پەرژینی نێوان غەززە و ئیسرائیل لەچەند شوێنێکەوە تێکبشکێنن و دزە بکەنە نێو ئیسرائیلەوە.  وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، لە دوێنێ دووشەممەوە هیچ دزەکردنێکی حەماس بوونی نەبووە و ئەندازیارانی سوپای ئیسرائیل نزیک سنوریان مینڕێژ کردووە تا چەکدارانی حەماس نەتوانن بێنە ناوەوە.  هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 1500 تەرمی چەکدارانی حەماسیان لەنزیک کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە و تەنها ئەمشەو 200 جار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر غەززە ئەنجامداوە.  دوێنێ دووشەممە حەماس هەڕەشەی ئەوەیکرد کە لەگەڵ هەر بۆردومانێکی ئیسرائیل، دیلێکی ئیسرائیل دەکوژن، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشەیە بەردەوام بوو لەسەر بۆردومانەکانی. حکومەتی ئیسرائیل بڕوایوایە کە بزوتنەوەی حەماس 100 دیلی ئیسرائیلی لایە.  بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوولاوە لەماوەی چوار رۆژدا، 900 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و دوو هەزار 600 کەسی تریش برینداربوون. لە غەززەش 687 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی تریش برینداربوون.

هاوڵاتی  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری سوریا و هەرێمی کوردستان 194 پێگەی پەکەکە و یەپەگە لەناوبراون و 162 "چەکداریش کوژراون." لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، ئەردۆغان باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا ئەنجامیداوە و وتی، "194 پێگە لەناوبراون و 162 تیرۆرستیش کوژراون." ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "مافی شەرعی تورکیایە کە بەردەوام بێت لە ئۆپەرسیۆنە سنور بڕەکانی هەتا ئەوکاتەی پەکەکە ریشەکێش دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە نزیکن لە لایەنەکانی پەکەکەوە خۆیان بەدووربگرن تا لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا زیانیان پێ نەگات." لەدوای هێرشەکەی 1ی ئەم مانگەوە تورکیا بە سەختی بۆردومانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و رایگەیاندووە کە دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم قسەیەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکەنەوە و بە بەهانەی دەزانن تا ئەنقەرە هێرشیان بکاتەسەر.  تورکیا لەبۆردومانەکانیدا خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت و بەرپرسانی رۆژائاوا دەڵێن کە دامەزراوەی مەدەنی لەناو دەبات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەڵێت، تەنها ئەمڕۆ "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی ناوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."   

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتارێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل پێشکەشکرد و رایگەیاند، بۆردومانکردنی غەززە تەنها "سەرەتایە" و "کارێک دەکەین بە دوژمن کە نەوە لە دوای نەوە دەنگ بداتەوە."  لەمیانی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "تازە دەستمانکردووە بە هێرشکردنە سەر حەماس و تەنها سەرەتایە، کارێک بە دوژمن دەکەین کە نەوە دوای نەوە دەنگ بداتەوە."  ناتانیاهۆ باسی لەوەشکرد کە هێشتا چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و چیان لەدەست بێت دەیکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەژێر دەستی حەماسدان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری ئەوەشیدا کە "رۆژانی سەخت" بەرێوەیە بۆ ئیسیرائیل. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدان و بزوتنەوەی حەماسیش دەڵیت بۆردومانەکان رانەگرن "بارمتەکان دەکوژین." لەماوەی سێ رۆژی شەڕ و پێدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس 1600 کەس لە فەڵەستین و ئیسرائیل کوژراون. هەر ئەمڕۆش ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر غەززە راگەیاند و وتی کە خواردن و سوتەمەنی و کارەبا و ئاو بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕێت.  لە رۆژی یەکشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا کە بۆ ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو بوو، تێیدا چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو وڵاتەکەوە. ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 50 ساڵی رابردوو رودەدات کاتێک هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە، ئیسرائیل ماوەی سێ رۆژە بەچڕی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70 هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون.

هاوڵاتی کەتیبەی قەسام، باڵی چەکداری بزوتنەوەی حەماس، هەڕەشە لە ئیسرائل دەکات کە بۆردومانەکانی بەردەوام بێت بۆ سەر غەززە، بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکوژن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەامی بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دەدەن هەتا ئەگەر ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی بارمتەکان. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژێکی کەتیبەی قەسام بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، "هەر بەئامانجگرتنێکی خەڵکی سڤیلی بێتاوان بەبێ ئاگادارکردنەوە بە کوشتنی بارمتەکان کۆتایی دێت کە لەژێر دەستماندان و بەناچاری کوشتنیشیان پەخش دەکەین." وتەبێژەکەی حەماس دەشڵێت، "ئێمە ئەم بڕیارەمان بەلاوە سەختە بەڵام دوژمنی زایۆنی و سەرکردایەتی ئیسرائیل بە بەرپرس دەزانین بۆ ئەم دۆخە." هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر مەترسیش بۆ بارمتە ئیسرائیلییەکان دروست ببێت لەژێر دەستی حەماسدا.  سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە بە فراوانی و بەهێزی بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلیەکانیش زیانیان بەر بکەوێت لە غەززە." هەروەها سوپای وڵاتەکە لە رادیۆی فەرمی خۆیەوە باس لەوە دەکات، "ئەگەر زانیاری هەواڵگری دروست هەبێت سەبارەت بە شوێنی بارمتەکان، بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئەو شوێنانە دەکشێتەوە، بەڵام هەتاوەکو زانیاری لەو جۆرە نەبێت هەموو پێگەیەکی حەماس هێرشی دەکرێتەسەر." ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە وڵاتەکەی بڕوایوایە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدایە.  ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە بەردەوامە و تەنانەت دوای وتەکانی حەماس فڕۆکەی ئیسرائیلی هێشتا بۆردومانی غەززە دەکات. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی سەرتاسەری بۆ سەر غەززە راگەیاند کە تێیدا ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و کارەبا بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕن.  هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە بزوتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە تێیدا هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر وڵاتەکە و هەزار چەکداری دەزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە و دواتر چەندین ئیسرائیلیان دەستگیرکرد. ئەم هێرشە بە هێرشیکی مەترسیدار ناودەبرێت بۆ سەر ئیسرائیل چونکە ماوەی 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە دزە بکاتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە. تا ئێستا نزیکەی 900 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەسی تریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.

هاوڵاتی  بەرپرسێکی هەواڵگری میسر رایگەیاند، وڵاتەکەی چەند جارێک ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە "رودانی روداوێکی گەورە" بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هۆشدارییانەیان فەرامۆش کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرئیل.  بەرپرسێکی هەواڵگری میسر کە نەیویوستووە ناوی بهێنرێت لەسەر هێرشەکەی حەماس بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی راگەیاندووە، "ئێمە ئاگادارمان کردنەوە کە تەقینەوەی دۆخەکە بەڕێوەیە و بەمزوانە روودەدات و شتێکی گەورە دەبێت، بەڵام ئەوان [ئیسرائیل] ئەو قسانەیان فەرامۆشکرد." بەرپرسە هەوڵگرییەی میسر دەشڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل تەرکیزیان زیاتر لەسەر کرتی خۆرئاوا بووە و کەرتی غەززەیان فەرامۆش کردووە کە حەماسی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا کە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "شکستی" هەواڵگری ئیسرائیل ناودەبرێت لە ناوخۆی وڵاتەکە و شیکەرەوانی سەربازی بە "شکستێکی گەورە" ناویدەبەن کە دەزگای هەواڵگری مۆساد پێشبینی هێرشێکی بەرفراوانی لەو جۆرەی نەکردووە کە 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە سنوری خاکی ئیسرائیل ببەزێنێت. شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات.  تا ئێستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.

هاوڵاتی  وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززەدا راگەیاند و وتی کە "ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵ دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." جواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆبونەوەی وەزارەتی وڵاتەکە گەمارۆی تەواوتی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، "گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززدا دەسەپێنین، نە کارەبا، نە خواردن، نە ئاو، نە گازیان نابێت و هەمووی دادەخرێت، ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵدا دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەستدەکەن بە بڕینی کارەبا و رەوانەکردنی خواردن و سووتەمەنی وەک بەشێک لە "گەمارۆی تەواوەتی" بۆ سەر غەززە.  کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس تێیدا دەژی و لەساڵی 2007یشەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە. ئاسمان و سنورییە ئاوییەکانی غەززە لەژیر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە ئەمە جگە لەوەی دوو خاڵی سنوری لەتیکرایی سێ خاڵی سنوری بەدەست تەلئەبیبەوەیە. گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای ئەوە دێت کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات.  تا ئیستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.