سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکۆبونەوەکەى لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیادا باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمى کوردستانیان کردوە، خۆشحاڵى خۆشی دەربڕیوە بەدیدارەكەی.  ئەمرۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا باسى لەسەردانەکەى بۆ تورکیا کردوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە دیدارەكەی لەگەڵ نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا. ئەو دەڵێت: پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقماان تاوتوێكردووە.  هاوکات، لەبارەی ئەو دیدارەوە، میدیا ناوخۆییەکان زانیارى نوێیان ئاشکراکردوەو دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان كردووە. دوێنێ، سێ شەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان-عێراق کردووەو کۆبوونەتەوە نەوەی نوێ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشداری خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا ١٥ کورسی بەدەستھێنا. ئەو سەردانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەدواى کۆبوونەوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان-عێراق و پرسە هەرێمییەکان کرا. سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدا. هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات پێشهاتەکانی سووریا نەبنەهۆی ناسەقامگیریی نوێ لە ناوچەکەدا.

  هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، لە سەرتای مانگی داهاتوو، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە. دەشڵێت: ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات. ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی نیشتەجێبوونی داوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار. ساڵى رابردووش بانکی رافیدەین، بڕی 300 ملیۆن دینار قەرز بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا فەرمانبەرو هاوڵاتیان.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاشکرایدەکات سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا کە لە ئێستادا ئاستەنگن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بوژانەوەی وڵاتەکە، دەکرێت بە خێرایی هەڵبگیرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە ڕادیۆی فەرەنساى  ڕایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا بە خێرایی هەڵدەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ هاوبەشەکانی ترمان لە یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی دیکە، لە ئەگەری پێشکەوتن لە بوارەکاندا لەوانە مافەکانی ژنان و گەیشتن بە ئاسایش لە سوریا. ژۆن نۆوێل بارۆ، پێى وایە ئەو گەمارۆو سزایانەى بەسەر بەشار ئەسەدو ڕژێمە ڕوخاوەکەیدا سەپێنراون، بە شێوەیەکی سروشتی هەڵناگیرێن.  وتیشى :لە ئێستادا سزای دیکەش هەن کە ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکەن، ڕێگری لە چاکبوونەوەی وڵات دەکەن و لەوانەیە بەم زووانە ئەمانە هەڵبگیرێن. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەرداربوونێکی شەش مانگی لە سزاکانی سەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوە حکومییەکان لە سوریا دەرکرد. ئەمەش بۆ ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و تێپەڕاندنی کەمیی وزە و ڕێگەدان بە گواستنەوەی کەسی. یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیاو حکومەتەکانی دیکە سزای توندیان بەسەر سوریادا سەپاند، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١دا سەرکوتى ئەو دەنگە ناڕەزاییانەکرا کە داواى دیموکراسیان دەکرد. هەینى رابردوو ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانە بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی سووریا و خەڵکەکەی لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد سەردانى سوریایانکرد. ئەوە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بوو بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024. 

ــ زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی تورکیادایە ــ بەهۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەکەیە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب بەسەدان هاوڵاتى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. ماڵپەرەکانى نزیک لە هەسەدە، ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، بەمەبەستى بەدەمەوەچوونى بانگەوازەکەى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە، سەدان هاوڵاتیان بەڕێکەوتن بەرەو بەنداوى تشرین. زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی دژوارو سەختى دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەرو چەتەکانیدایە و مەترسی گەورەی لەسەرە.  هێزەکانی هەسەدە له ساڵی 2015 وە دهستیان بەسەر بەنداوەکەدا گرتووە، بەنداوەکەش بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی کارەبای باکووری سوریا دادەنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بەنداوەی بۆ کارەبای هەرێمەکە زۆر گرنگە، مەترسی تەقینی لەسەرە، ئەگەر بەنداوەکە بتەقێت لە رەقا و تەبقاوە تا عێراق رووبەرێکی فراوان ژێر ئاو دەکەون. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد.لە هەمان کاتدا داوای لە گەل کرد لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە و پشتیوانی دەربڕین لە شەڕڤانانی قەسەدە، بکەونە جموجۆڵەوە و رۆڵ بگێرن. دوابەدوای ئەو بانگەوازە لە حەسەکەوە بە سەدان کەس لە سەرلەبەیانییەوە کەوتنەڕێ و روویان کردە بەنداوەکە. بە تایبەتی لە رەقا و تەبقاوە، گەلانی کانتۆنی فوراتیش بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتوون. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە. بەنداوەکە لە پشتیەوە دەریاچەیەکی بە ناوی دەریاچەی تشرین دەگرێتەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 1.9 ملیار م3 دەبێت.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەمە بەیاوەرى وەفدێکى حکومى لەبەغدای پایتەختەوە، بە سەردانێکی فەرمی بەڕێکەوت بۆ تارانى پایتەختى کۆماری ئیسلامی ئێران. نووسینگەى سودانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو، لەسەردانەکەیدا بۆ تاران سودانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی بەهێزکردنیان تاوتوێ دەکەن.  پێشتر، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەسەردانەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەى خستەروو ئەم سەردانە لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە.  ئەم سەردانەى سودانى لەکاتێکدا یەکشەمەى رابردوو،ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە سپای پاسدارانی ئێران بەنهێنى سەردانى بەغداى کرد، چاودێران پێیان وایە هۆکارەکانی سەردانەکەی قائانی پەیوەندی بە هەوڵێکەوە هەیە بۆ ساڕێژکردنی ئەو درزەی نێوان سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گروپە چەکدارە شیعەکانى عێراق. ماوەیەکە سودانى ڕووبەڕووی فشاری ئەمریکا بووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان،سودانی هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەچارەسەرکرنى دۆسیەی ئەو گروپانە. دوو هەفتە لەمەوبەر میدیا عێراقى و جیهانیەکان بڵاویانکردەوە دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، په‌یامی بۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناردووه‌ و پێیڕاگه‌یاندووه‌، چالاكیی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران ڕابگره‌.

مستەفا قەرەسوو: گۆشەگیری سەر ئ.ۆج.ەلا.ن بەردەوامە، رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)  رایگەیاند، لە دوای چاوپێکەوتنی شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری هێشتا بەردەوامەو تائێستا رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت. ئەو وتانەى مستەفا قەرەسوو، ئەندامی (کەجەکە) لەمیانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا هات، ئەو باسی لەوەکرد گەر گۆشەگیری لابراوە، کەواتە بۆچی ڕێگە بە چاوپێکەوتن نادرێت. لەبارەى سیاسەتەکانی تورکیا پەیوەست بە پرسی کوردەوە، ئەو بەرپرسەى  کەجەکە، بە پێویستى زانى بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکی لەو جۆرە بکرێت، وتى:  پرۆسەی پێشوو، کە وەک پرۆسەی چارەسەر پێناسە دەکرا، بەهۆی ناڕاستگۆیی و نەبوونی هۆشمەندی دیموکراتیک لای تورکیا کۆتاییهات. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، ئەوەى خستەروو لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە ئەنجامدرابوو،  ئاپۆ بە ڕوونی وتبووی، گۆشەگیری بەردەوامە، هەروەها ئەو بۆخۆی بە عومەر ئۆجەلانی وتبوو کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. وتیشى :دوای ماوەیەکی زۆر دیدار ئەنجامدرا، دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، بەڵام دوای ئەوەی لە سووریا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دۆخێکی ناڕوون هاتە ئاراوە، بیریان کردەوە کە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەگەری هەیە بۆ ئەوان نەرێنی بێت، هەربۆیەش سەرەتا نەیانهێشت دیدار ئەنجام بدرێت. ئەندامەکەی کەجەکە وتیشی "پێداگری رێبەر ئاپۆ لەسەر گۆڕانکاری دیموکراتیک و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەو بەرپرسە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەوان  وەک ساڵێک لە تێکۆشانی گەورە تێپەڕی، بەراستیش وەک ساڵێکی تێکۆشانی سەخت تێپەڕی، وتیشى : چەندین شەهیداماندا و بریندارمان هەبوو، هەروەها لە بابەتی خاوەنداریکردن لە ڕێبەرێتییدا بووە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان. لەکۆتایی قسەکایندا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە لە باکووری کوردستان، گەریلا بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجامداوە، وتى :دەوڵەتی تورک لەوجێگەیەی کە تێدا جێگیربووە گیر بووە. ئەم ئیرادە و بەرخۆدانەی ساڵی ٢٠٢٤ تێکۆشانمان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهێزتر دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ساڵى ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی "بێ وێنە"یە. لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمرۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٤ (١٣٨٩ تا ١٤٠٣ی کۆچی) لە ئێران لە سێدارە دراون، تاوتوێ کردووە.  جگە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی "شایەتحاڵەکان، خێزانەکان، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئامارانە. جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ڕاپۆرتە تەنها باس لەو کەیسانە دەکات کە لانیکەم دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پشتڕاستکراونەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا هەیە، ٣١ ژن لە سێدارە دراون. بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بێ وێنەیە لەو کاتەوەی کە ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە تۆمارکردنی  سێدارەکان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی نادیار لە زیندانییە ژنەکان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات، تەنیا ناوی دوو لەو زیندانیانە ڕاگەیەندراوە کە تاوانەکانیان سیاسییە، ئەوانیش ڤاریشە مورادی و پەخشان عەزیزین. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٥٠ی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا بە سەرەتای ناویان ناسێنراون یان بە تەواوی بێ ناویان ماونەتەوە. هەروەها تەنها ٦٣ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦%ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە. نەبوونی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدان بەتایبەتی ئاماری ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەجۆرێک کە "لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە تێکڕا تەنها لەسەدا ١٢ی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە". بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٤، لانیکەم ١١٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون و تەنیا لە سەدا ٣٢ی ئەو حاڵەتانە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.

تۆمارێکی دەنگی کە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی سپای پاسداران لە سوریا وردەکارییەکانی دوا ڕۆژانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کردووە، کە باس لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەکات کە لە ئەنجامی “خیانەتەکانی ڕووسیا” و گەندەڵی ناوخۆیی ڕژێمەوە بووە. جەنەڕاڵێک بە ناوی “ئیثباتی” لە تۆمارە دەنگییەکەدا قسە دەکات ئەمڕۆ (سێشەممە) لەلایەن ماڵپەڕەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، ئەو ژەنەراڵە لێدوانێک دەدات و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە سەبارەت بە ڕۆژانی کۆتایی سوپای پاسداران لە سوریا، بەپێی تۆمارە دەنگییەکە. ژەنەراڵەکە دەڵێت: “لە سوریا بە شێوەیەکی خراپ دۆڕاوین” و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەندەڵی ناوخۆیی و داڕمانی ئابووری هۆکاری سەرەکی  روخانى ڕژێمی بەشار ئەسەد بوون. لە هەمان چوارچێوەدا زیادی کرد: "خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی گەندەڵ ڕاپەڕی". هەروەها ئەو بەرپرسەى سوپاى پاسداران ڕوسیای بە "یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی سوریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد" زانی، وتی: "ڕووسەکان هەموو سیستەمەکانی ڕاداریان ڕاگرت بۆ ئەوەی داگیرکەری ئیسرائیل بتوانێت بارەگای هەواڵگری ئێمە بۆردومان بکات". ئەو بەرپرسە  وتیشی: "ڕووسیا لەبری ئەوەی پێگەکانی HTS بکاتە ئامانج، بیابانەکانی بۆردومان دەکرد." لە بەشێکی تۆمارە دەنگییەکەدا، باس لەو ساڵانە دەکات کە لە سوریاو لوبنان بەسەری بردووە و دەڵێت: سەختترین ساتەکانی ژیانم وەک پاسەوانێک ئەو ساتانە بوون کە ناچار بووم سوریا بەجێبهێڵم. لە لێدوانەکانیدا کاردانەوەکانی بڕینی ڕێڕەوی دابینکردنی بۆ گروپی حزبوڵای لوبنانی کەمکردەوە. وتی: خەمی ئامادەکاری سەربازی بەرەی خۆڕاگری مەخۆن. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە تەکنەلۆجیا بۆ حزبوڵا دابین دەکەین، بەڵام دەبێت خەمی پاراستنی مۆڕاڵی ئەوان بخۆین. وتی: کۆماری ئیسلامی تۆڵەی حەسەن نەسروڵای کردەوە. هەروەها باسی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا کرد. وتی: مووشەکی ئاسایی ئێمە جگە لە مووشەکی ستراتیژی، زۆر کاریگەر نییە بەرامبەر بە شوێنەکانی ئەمریکا. هۆشداریشیدا لەوەی "هێنانی ناوچەکە بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە بەرژەوەندی بەرخۆدان لە ئێستادا نییە".

ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێم، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى نێوان مەسرور بارزانى و ئەردۆغانى بڵاوکردوەتەوە، تیایدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوورو نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە. ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەردانى تورکیاى کرد، لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبویەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، لەو کۆبونەوەیەدا پێشھاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریایان تاوتوێ کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە، جەختیان کردوەتەوە لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم. ئەوەشی خستووەتەڕوو لەبارەی دۆخی سووریاش، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە. سەرلەبەیانى ئەمرۆ، مەسرور بارزانی بەسەردانێک گەیشتە ئەنقەرە، دوانر لەیەکە وێستگەى سەردانەکەیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبویەوە. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاو بەکارهێنانی تانک و زریپۆش هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی گەیاندو ژمارەیەک چەکدار کوژران. هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت: لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمانکاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران.  هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە ڕۆژی شەممە هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل ئریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند. هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون. هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە.  

ــ هەڵوێستی کۆنگرێس ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیاى بۆ سەر کۆبانی سنوردار کردووە ــ کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر  تیمەکەی ترەمپ هەبێت رۆژنامەى سەباحى تورکیا، لەوتارێکدا ئەوە دەخاتە ڕوو پێشهات و هەنگاوە نوێیەکانی ئەمریکاو خودى دۆناڵد ترەمپ لە بەرژەوەندی کوردن، بەتایبەتى شەڕڤانانى سوریا. لەبەشێکى ئەو وتارەدا کە ڕۆژنامەنووسی تورک فەهیم تاشتکین نوسیویەت، ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ ناوێکی دیکەی بۆ تیمەکەی زیاد کردووە کە بە قازانجی کورد قسە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو پێشهاتانەى کە هەن کەشوهەوای سوریا بە قازانجی کورد دەگۆڕن. تاشتکین لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی مۆرگان ئۆرتاگۆس کردوە، کە داوای پاراستنی کورد دەکات لەلایەن ترەمپەوە وەک جێگری نوێنەری تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەو رۆژنامەسە تورکیە ڕوونیشیکردەوە، کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکاو تیمەکەی ترەمپ هەبێت، هەروەها کورد بە بیانووی ئەوەی کە ئەگەری بڕیاری کشانەوە نەک هەر کورد دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئێستای کۆنگرێس بووەتە هۆی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر کۆبانی. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ دیمەشق لایەنێکی هەبووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەنالینا بێربۆک، داوای بێدەنگکردنی دەنگی چەک لە باکوری سوریاو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کوردانی هاوپەیمانی فەرەنسا دەکات، لەکاتێکدا بێربۆک مەرجی گەرەنتیکردنی ئاسایشی کورد. تاشتکین ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزلوم عەبدیشدا هەبووەو بارودۆخەکەی لەگەڵدا تاوتوێ کردووە، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی دینامیکییە و نادڵنیایی لەبارەی ترەمپەوە هەیە. هێشتا هیچ شتێک بۆ هیچ لایەک گەرەنتی نییە. فەهیم تاشتکین ڕۆژنامەنوس و ستون نووس و نووسەری دێرینی تورکیایە، ئەو وەک شرۆڤەکارێک لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاروباری یەکێتی ئەوروپا دەناسرێت، ماوەی ١٣ ساڵ وەک سەرنوسەری هەواڵی بیانی لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ کاری کردووە.

ــ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت ــ کاتژمێر٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانى تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەپێى راگەیەندراوى ماڵپەڕەکەى سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبونەوەکەى ئەردۆغان و مەسرور بارزانى لەئەنقەرە دەبێت، کاتژمێر ٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە. پێش کۆبونەوەى لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار تائێستا هیچ زانیاریەکى  لەبارەی ناوەرۆک و تەوەرکانى کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکردوە. بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەى ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت. ئەم سەردانەى مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئەردۆغان بەردەوام هەرەشە لە شەرڤانانە کوردەکانى سوریا دەکات، لەدواین لێدوانیشدا دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە.  پێشتریش لە ٢٠ی حوزەیران سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا  رایگەیاند: لە 30-12-2024 تاوەکو 06-01-2025 هێزەکانی سێنتکۆم و هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سووریا چەند جارێک پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانج. دەشڵێت، هێرشەکانی عێراق لە لایەن سێنتکۆم و هێزە عێراقییەکان لە زنجیرە چیای حەمرین، بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش کران. سێنتکۆم لەبارەی زیانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: لە عێراق چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا، سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "قۆناغێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی" بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەکرد،  ئێران گەورەترین هەڕەشەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئێمە لە کاتێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین. ناوبراو ئەوەشى زیادی کرد: ساڵانێکە دەزانین کە ئێران گەورەترین هەڕەشەی ئێمەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی بۆ سکای نیوز عەرەبی پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی "ساڵانێکی زۆرە" خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "لە ئێران ئێمە هەواڵگری و بانکی ئامانجمان هەیە، سەلماندوومانە کە توانامان هەیە"، دەشڵێت، ڕژێمی ئێران وەک حوسییەکان نییە، لە دەوڵەتدایە، شتێکی لەدەستی هەیە، و بە شێوەیەکی لۆژیکی بیردەکاتەوە”. ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە پرسی ئێراندا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە... میحوەری ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە، لە ڕووی تواناکانەوە لاوازترە بەڵام لە ڕووی ناوبانگیشەوە لە ناوچەکەدا لاوازترە.

وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند،عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بانگەوازی بەرپرسیارێتی یەکسان لە هەمووان دەکات و هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە، وتیشى پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت، تاوەکو ئەم دەرفەتە مێژووییە بەردەوام بێت. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشە گوڵ دۆغان، دەربارەی ئەو پرسانەى  لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی تاوتوێکران، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ڕایگەیاند پرسی کورد گرنگترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی هەرێمەکەیە، وتی: ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و کردنەوەی ڕێگەی دانوستانی یەکسان، بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکات. چونکە دەزانێت ئەم فۆرمولە بە قازانجی تەواوی تورکیا دەشکێتەوە. وتەبێژەکەى دەم پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، گۆشەگیری سەر ئاپۆ گۆڕاوە بۆ ڕژێمێک، تیشکی خستەسەر گرنگی پەیامە ٧ خاڵییەکەی، وتی: ئۆجەلان بانگەواز لە ڕای گشتی تورکیا دەکات، بانگەواز لە هەموومان دەکات، کاربکەین بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و دیالۆگ و ڕێگەی دانوستان. هەروەها جەختی کردەوە، ئاپۆ هەرگیز سازشی لەسەر خواستی ئاشتی نەکردووە، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ دوورگەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەر و دانوستانی دیموکراتیک، وتی: لە پەیامەکەیدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت "خاوەنی هێز و ئیرادەم تاوەکو هاوکارییەکی ئەرێنی پێشکەش بکەم بۆ پارادایمە نوێیەکەی باخچەلی و  ئەردۆغان. شاندەکە ڕوانینی من لەم ڕووەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەت دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بۆ ئەو بانگەوازە ئامادەم". ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت بنیاتنانی ئاشتی بۆ تاکە لایەن و پارتێک جێبهێڵرێت، وتی: "چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەش پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە ئۆجالان هەموومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتی". ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی بانگەواز لە هەمووان دەکەن لەم ڕووەوە بەرپرسیاربن و بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسان کاربکەن، گوتی: "گەر پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەکرێت تورکیا دیموکراتیک ببێت".