هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٤، تولای حاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا هەڵسەنگاندی بۆ پڕۆسەی ئاشتیی و پێشهاتە گەرمەکان کرد ڕایگەیاند، چارەسەری پرسەکانی کورد لە دەستی ئێمەدایە، ڕێگەی چارەسەری ڕاستەقینە ڕوونە، با گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت، قسەی کۆتایی لای ئەوە. وتیشی: بەناوی سیاسەتی ئاسایش و سەقامگیرییەوە گەلانی تورکیا دووچاری هەژاری بوونەتەوە، درێژەپێدانی ئەم پڕۆسەیەش بنەمای کێشەکانی کۆمەڵگەیە، ئەوەشی خستەڕوو سیاسەتی ئەمنیەتی بووەتە هۆکاری لێکترازان و پەرتەوازەیی گەلانی ڕەسەنی هەرێمەکە. ئاشکراشیکرد، دەبێت ئەم ڕاستییە بچەسپێنین، سیاسەتی دەرەوەی ئاکەپە تۆپەکەی هاویشتووە، بەڵام چارەسەری پرسەکانی کورد لە دەستی ئێمەدایە، چارەسەرکردنی پرسەکەش بە مانای بەرقەراربوونی ئاشتییە لە هەرێمەکەدا، چارەسەری پرسی کورد، ڕێباز و موخاتەبەکانی ڕوونە. ئاماژەی بەوەشدا، بەردەنگ و موخاتەبی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و پرسی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، کە لە ئیمراڵیدا لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە. ڕاشیگەیاند، دەم پارتی لە پەرلەماندا ناونیشانی پرسی کوردە، بە گوێرەی ئەزموونەکانی پێشومان باش دەزانین ئاشتییەک تا کۆمەڵایەتی نەکرێتەوە ئەوا ناتوانین وەک ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەستەبەریبکەین. سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانی فراکسیۆنەکەیدا بۆ لابردنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان قسەی کرد، ماوەی ٤٤ مانگە گۆشەگیری بەردەوامە، بۆ لابردنی گۆشەگیری ساڵانێکە تێدەکۆشین، ڕای گشتی ساڵانێکە داوای لابردنی گۆشەگیری دەکات، بە دڵنیاییەوە پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت، لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا وەک دەم پارتی ئامادەی هەموو کارێکین بۆ بونیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

هاوڵاتی شارەزایەكی كاروباری سەربازیی ڕایگەیاند، عێراق هیچ توانایەكی نییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت، كە ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت، هەروەها ناشتوانێت وەڵامی سەربازیی بداتەوە. عەمید ئەعیاد توفانی شارەزای سەربازیی سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و وەڵامی بەغدا بۆ ئەو كارە، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت. عەمید ئەعیاد توفانی ڕایگەیاند، عێراق هیچ توانایەكی نییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت، كە ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت.   وتیشی، عێراق ناتوانێت وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل بداتەوە ئەگەر بێتە ناو ئاسمانی وڵاتەكەیەوە بۆ لێدانی ئێران، تەنیا ئەوەی دەتوانێت بیكات ئەوەیە كە ئەم بابەتە ڕەت بكاتەوە و ئیدانەی بكات، ئەگەر ئەوە ڕووبدات بێ گومان پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە. ئەمە لەكاتێكدایە، تەلئەبیب بەردەوامە لە ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئاسمانی عێراق لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكییەكاندایە ڕەنگە كارئاسانی بۆ هێرشەكە بكات، بەتایبەتی عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕاستەقینە و كاریگەری خۆی نییە.

هاوڵاتی ئاژانسی هەرانا بڵاوی کردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران ٧٨ ژن و کچ کوژراون، دەشڵێن، زۆرینەیان بە هۆی کێشەی خێزانی یان بە پاساوی شەرەف کوژراون. ئاژانسی هەرانا سەبارەت بە ئاماری کوژرانی ژنان لە ئێران بەمجۆرە زانیاریی خستوەتەڕوو. لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران ٧٨ ژن و کچ لە لایەن بنەماڵەکانیان بە هۆکاری جیا جیا کوژراون و زۆرترین حاڵەتیش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بووە کە ٢١ ژن کوژراون. ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی ئەو ژنانە بە هۆی کێشەی خێزانی یان بە پاساوی شەرەف کوژراون. دەشڵێن، لە مانگی نیسان ١٦ حاڵەت، لە مانگی ئایاردا ١١ حاڵەت، لە مانگی حوزەیران ٨ حاڵەت، لە مانگی تەممووزدا ١٤ حاڵەت، لە مانگی ئابدا ٢١ حاڵەت و لە مانگی ئەیلولدا ٨ حاڵەت لە ٤٤ شاری ئیران تۆمار کراوە.  

هاوڵاتی  ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی تشرینی ٢٠٢٤، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" ،  پاش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی راپەڕاندنی پارتەکەی رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و هیوای خواست هەڵبژارنێکی سەرکەتوو ئەنجامبدرێت، گوتیشی کە ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئاشتەوایی ناوخۆیی کوردە. دەشڵێت، ئێمە هەمیشە چاودێریی بەشەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستانی تورکیا دەکەین، لە باشووری کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و ئێمەش چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەین. وتیشی: ئێمە بە خەڵک دەڵێین چی بڕیارێک دەدەن بیدەن و هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی باشوور دەخوازین.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جینین پلاسخارت، نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان ڕایگەیاند، لە هەموو کات زیاتر پێویستە، هاوڵاتییان و ژێرخانی ئابووریی لوبنان بپارێزرێت، هێرشەکانی ئیسرائیلیشی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. هاوکات پلاسخارت لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر لوبنان باسیلەوەکرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی نەبەتتیە لە باشووری لوبنان و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە. دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کە جەنگەکە بوەستێنرێت و دەرگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ بکرێتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەرپرسانی کەرتی غەززە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایانگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، کەرتی تەندروستیی غەززە یەکێک بووە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە، دەشڵێن، نزیکەی ٢٥ نەخۆشخانەی گەورە و ٨٠ سەنتەری تەندروستی بەهۆی جەنگەوە لە خزمەت وەستاون. بەرپرسانی تەندروستی غەززە ئاشکراشیانکرد، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکییەوە دەیان کەس مردوون، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بەپەلە بەدەمیانەوە بچن. باسیان لەوەشکرد، زمانی ژمارە درۆ ناکات و موجاملەی کەسیش ناکات، ئەوەی ماوەی ساڵێکە لە غەززە دەگوزەرێت، مایەی ڕاچڵەکانی جیهانە.   ئەوەشیان خستۆتەڕوو، کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین جار لە لایەن ئیسرائلەوە هێرشی کراوەتە سەر، نزیکەی ١٠٠ دامەزاراوەی تەندروستیی غەززە لەوانەش نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تەندروستی وێران بوون یاخود لە خزمەت دەرچوون، هەروەها نزیکەی ٥٠٠ کارمەندی تەندروستیش کوژراون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕاديۆی سوپای ئيسرائيل ڕیگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەيدا ئیسرائیل پێنجەم فیرقەی سەربازی خۆی بردووەتە سنوورەکانی باشووری لوبنان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، يەکەی ٢١٠ دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی سنووردار لە کێڵگەکانی شێبا لە سنووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەی ئیسرائیل سنووردار و کورت دەبێت، بەڵام بەردەوامە لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی. جێگەی ئاماژەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی ئیسرائیلەوە بۆسەر لوبنان، تەلئەڤیڤ هێزی زياتر دەنێرێتە باشووری ئەو وڵاتە، فیرقە سەربازییەکانی ئيسرائيل لە سنووری باشووری لوبنان بريتين لە، ٩٨،٣٦،١٤٦،٩١،٢١٠

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لەمیانی چاوپێکەوتنیدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەر و چەندین بابەتی دیکە هەڵسەنگاندنی گرنگ و نوێ دەکات و ڕایگەیاند، ئەردۆغان بەر لە کردنەوەی پەرلەمان لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە باغچەلی کەوتووە یارییەکی نوێ لە دژی کورد و دەم پارتی یەکلایی کراوەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ئێستادا عەقڵیەتی دیموکراتێک بوونی نییە. ئاشکراشیکرد، سەرۆکی مەهەپە کە دوژمنی کوردە و جگە لە جینۆسایدی کورد و کردنی کوردستان بۆ ناوچەیەک بۆ فراوانکردنی نەتەوەپەرەستی تورکیا هیچ سیاسەت و ئامانجێکی نییە. مستەفا قەرەسوو، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ هیچ پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری دروست نەبووە، سیاسەت و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەشداری حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە لە پرۆسەی چارەسەریدا لە ئارادا بوو، هەموو ئەو وتار، پەیام و بەڵگەنامانەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد و بەم دواییانە ڕێککەوتنی دۆڵمە باخچە کە لە ٢٨ی شوباتی٢٠١٥ لە هەموو پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەفزیۆنەکاندا پێشکەش کرا، بۆ ئەم مەبەستە بوو. لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: ئەم ڕێککەوتننامەیه پێش بڵاوکردنەوەی پێشکەشی ئێمه کرا، ئێمە وەک بەرێوەبەری بزووتنەوەکەمان پێشنیارمان کرد کە دوو خاڵی یەکلاکەرەوەی تر زیاد بکرێت، کاتێک ئەم پێشنیارەیان وەرگرت ڕێبەر ئاپۆ وتی، ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە بەسە، ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بەم ڕێککەوتننامەیە ئاکەپە و دەوڵەت بخاتە ناو پرۆسەی یەکلاکردنەوەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەردۆغان و بەرپرسانی دەوڵەت کە لە پەیوەندیدا بوون ڕێککەوتنەکەیان ڕەت کردەوە لەبەر ئەوەی لە چارەسەری تێنەگەیشتن، پێشتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بڕیاری وازهێنان لە پلانەکە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درا کە هەندێک دەڵێن پەکەکە کۆتایی بەو پرۆسەیە هێناوە، ئەوە بەتەواوی ڕاست نییە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٤، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە نوسینگەی سەرەکی دەم پارتی لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتەکەیدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە تەمەنی ئێمە گەنج بێت، بەڵام تێکۆشانی ئێمە لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەدان ساڵە دامەزراوە، دەم پارتی لە گەلەکەمان پیرۆز بێ، وتیشی: دەم پارتی گەرەنتی دادپەروەری، ئاشتی و ژیانی مرۆڤەکانە. ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و گوێ لە قسە و وەڵامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگرن، ئێمەی کورد، کرێکاران و بندەستان خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتەین. هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، باسیلەوەشکرد، گۆشەگیری هەڵبگرن و با پێکەوە سەیر بکەین بزانین ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی چی ئاڕاستەی ڕێکخستنەکەی و هەڤاڵانی دەکات، بۆچی بانگەوازێکی بەتاڵ دەکرێت لە دوورگەیەک کە ٤٣ مانگە هیچ باڵندەیەک بەسەریدا نەفڕیوە؟ کەواتە دەبێت دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و ئێمەش گوێ دەگرین، کە بەڕێز ئۆجالان چ جۆرە وەڵامێکتان دەداتەوە؟ دەرگاکان بکەنەوە و گوێ لە قسەکانی بگرین.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی چەکهەڵگر بۆردوومانی سنووری شێراوای لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لەم بارەوەیەوە ئاژانسی هەواڵی( ئانها) سەبارەت بە بۆردوومانکردنی شارۆچکەی شێراوا سەربە کانتۆنی عەفرینی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەم شێوەیە زانیاریی بڵاوکردەوە. ئاژاناسەکە دەڵێت، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگر ئەو جوتیارانەی کردووەتە ئامانج کە لە گوندی سۆکخانەکێ لە کێڵگەکانیاندا کاریان دەکرد. ئاژانسەکە ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەر بە پێی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە، تاکو ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییەی کە باس لە وەرگرتنی بەرتیل دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە وەکالەت دەرچووە. دەشڵێن، هۆکاری فەرمانەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییە دەگەڕێتەوە کە دەگوترێت حەیدەر حەنونە و تێیدا باس لەوە دەکات کە بەرتیلی وەرگرتووە. لەم بارەوەیەوە پێشتر حەنون ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بەدواداچوونەکانی بۆ دۆسیەی گەندەڵی دەکرێتە ئامانج و ئەو تۆمەتانەشی کە ئاڕاستەی دەکرێن، ڕەتدەکاتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: داوا لە هەموو هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو لوبنان دەکەین، تاوەکو گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان هەن، تکایە لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریرییەوە لە بەیرووت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن. ئامأەی بەوەشکردووە، لە ٢٧ی ئەیلوولەوە بە هەزاران کورسیی زیاترمان لە نێو فڕۆکەکان کڕیوە بۆ ئەوەی جێگەی ئێوە و خێزانەکانتان ببێتەوە و بێنەوە، بەڵام زۆربەی ئەو کورسییانە هێشتا بە بەتاڵی ماونەتەوە. ئاشکراشیکرد، تکایە تێبگەن ئەم فڕۆکە مەدەنییانە تا سەر بەردەوام نابن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، لە دواى ڕۆژی دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ٣٠ رۆژ لە بەردەم پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێراندا دەبێت بۆ ئەوەى پۆستەر و کەرەستەکانى دیکەى بانگەشەى هەڵبژاردن لابدەن، ئەگەرنا کۆمیسیۆن رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگرێتەبەر.   جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى مادەى پێنج لە ڕێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆن، کە ساڵى ٢٠٢٣ پەسندی کردووە، دەبێت بەربژێران و پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان کەرەستەکانى بانگەشە لە ماوەى ٣٠ رۆژ دواى یەکەم رۆژى هەڵبژاردنەوە لابدەن، ئەگەرنا تێچووى لا بردنیان لێ وەردەگیرێت.

هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و ناوەندە مەدەنییەکانی مەغریب نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پێشنیارێکی یاسادانانی حکومەتی مەغریب، کە مەرجی پێدانی ڕەگەزنامەیە بە منداڵ و نەوەکانی هاووڵاتییە جولەکەکانی مەغریب. ئەم ناوەندە ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە ڕەنگە ببێتە هۆی بەهاونیشتیمانیکردنی ئەو کەسانەی لە تاوانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی فەلەستینەوە تێوەگلاون.

هاوڵاتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و هێزەکانی ئیسرائیل توندتر بووە و ژمارەیەک سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان برینداربوون. نزیکەی ٤٠ وڵات بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئاشتیپارێزانی لوبنانیان کرد.  ئەمڕۆ یەک شەممە، ناتانیاهۆ داوایکرد پێویستە "دەستبەجێ" به زووترین کات سەربازانی ئاشتیپارێز و تیمەکانیان لە لوبنان بکشێنەوە، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات. شایەنی باسە نەجیب میکاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە توندی ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆی ئیدانەکرد و ئەو بانگەوازەی بە "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ڕێبازی دوژمنکاریی بۆ پابەندنەبوون بە نۆرمە نێودەوڵەتییەکانەوە" وەسفکرد.