وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا دەدات و دەڵێت، باجێکی گەورە دەدەن، ئەگەر رێگە بدەن لە سووریاوە هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکرێت. رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا نارد. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامەکەدا ئەحمەد شەرعی بە 'ئەبو محەممەد جۆلانی' ناوبردووە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەمە جۆلانی، سەرکردەی سووریا: ئەگەر رێگە بدەیت هێزە شەڕەنگێزەکان بچنە نێو سووریا و هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن، باجێکی قورس دەدەیت." وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئیسرائیل رێگە نادات سووریا بۆ کۆمەڵگە و بەژەوەندییە ئەمنییەکان [ـی ئیسرائیل] ببێتە هەڕەشە." کاتز ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی دوێنێ بۆ سەر بنکەی سەربازی T-4 و فڕۆکەخانەی حەما و دەوروبەری دیمەشق پەیامێکی روون و هۆشداریین بۆ داهاتوو: رێگە نادەین زیان بە ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بگات." شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە سووریا بۆردوومان کرد. سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای پێشووی سووریای لە دەرعا کردووەتە ئامانج؛ دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون. ئاژانسی هەواڵیی سووریا دەڵێت، هێرشێک کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی توێژینەوە لە گەڕەکی بەرزە لە باکووری دیمەشق و هێرشێکیش کراوەتە سەر پێگەیەک لە نزیکی شاری حەما، بەڵام زانیاری زیاتری لەسەر هێرشەکان ئاشکرا نەکرد. هێرشەکە کاردانەوەی حکومەتی سووریای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریادا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێنج شوێنی جیاواز لە سەرانسەری وڵات." وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، رێگە لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت. لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی داماڵدراو لە سنووری نێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سووریا بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە کە تەواوی باشووری سووریا لە چەک دابماڵدرێت. بەگوتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لەو رۆژەوەی کە ئەسەد رووخاوە، ئیسرائیل زیاتر لە 540 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایدەگەیەنێت: بۆردوومانەکەى شەوى ڕابردووى سووریا پەیامێک بووە بۆ تورکیا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە نادەن. ڕۆژانامەی "جورزلم پۆست" لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بۆمبارانەکانی شەوی چوارشەممە، 02-04-2025ـی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق، حومس و حەما، پەیامێک بووە بۆ تورکیا. بــە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵا ئیسرائیلییە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئامانجی پەیامەکە ئەوە بوو، بەرپرسانی تورکیا لەوە ئاگادار بکەنەوە، ڕێگە بە دروستبوونی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی تەلئەڤیڤ نادەن. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لــــەوە کــردەوە، بەردەوام دەبن لە بۆمبارانی سووریا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازی لەلایەن تورکیاوە لە خاکی سووریا نادەن. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، بە هۆی بۆمبارانەکانی ئیسیرائیلەوە کە بۆ زیاتر لە 30 خولەک بەردەوام بوون، فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما بە تەواوی وێران بووە و دەیان کەسیش بوونەتە قوربانی، بەشێکیان سەرباز و بەشێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنین. وەزارەتی دەرەوەی سووریا بۆمبارانەکانی ئیسرائیل بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناو بردووە و دەڵێت: هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئازار ومەینەتییەکانی گەلی سووریا. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستیان هەبێت بۆ ڕاگرتنی "دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەسەر چەندین وڵاتی جیهاندا راگەیاند، بەشێوەیەک کە عێراق 39% و سووریا 41% و تورکیا و ئێران 10%ـە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر وڵاتانی جیهان راگەیاند و دەڵێت، ئەمڕۆ "رۆژی رزگاریی ئەمریکایە" و چیدی رێگەنادەن وڵاتانی دیکە لەسەر حیسابی ئابووریی ئەمریکا وڵاتانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. هاوکات سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانیشی ئاگادار کردەوە، لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر دەیانەوێت پێناسە نوێیەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتانە پێناسی گومرگی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، واژۆی لەسەر پێناسە گومرگییەکانی وڵاتانی جیهان کرد و لە سەروو هەمووشیانەوە، باجی 25%ی بەسەر ئۆتۆمبێلی وڵاتانی بیانیدا سەپاند، هەروەها باجی 39%ی بەسەر بەرهەمەکانی عێراقدا سەپاند. هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 12:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا، پێناسە گومرگییەکان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، "لەمەودوا نابێت کەس لەسەر گیرفانی ئێمە دەوڵەمەند ببێت. چەرخی زێڕینی ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ رۆژی رزگاریی ئەمریکایە. ئەمریکا دەوڵەمەند دەکەینەوە. کۆتایی بە نیو سەدە تاڵانکردنی سامانی ئەمریکا دەهێنم. ئەمریکا دزیی لێدەکرێت و ئێمە ئەوە دەوەستێنین." لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ گوتیشی، "وڵاتان باجێکی زۆری نادادپەروەرانەیان خستەسەر بەرهەمەکانی ئەمریکا. چیدیکە کورتهێنانی بودجەی وڵاتانی وەکو کەنەدا و مەکسیک پڕناکەینەوە. چیدیکە رێگە نادەین سامانی ئەمریکا ببرێت." دواتر ترەمپ لیستی تەواوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد کە پێناسی نوێی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیان دەسەپێنن. ترەمپ باجی گومرگیی بەسەر وڵاتاندا بەم شێوەیە راگەیاند: %34 خستە سەر بەرهەمەکانی چین. %24 لەسەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %39 لەسەر بەرهەمەکانی عێراق. %41 بۆ سەر بەرهەمەکانی سووریا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی تورکیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئێران. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا. %46 بۆ سەر بەرهەمەکانی ڤێتنام. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایوان. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %26 بۆ سەر بەرهەمەکانی هیندستان. %25 بۆ سەر بەرهەمەکانی کۆریای باشوور. %36 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایلاند. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیندۆنیزیا. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی مالیزیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەریتانیا. %37 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەنگلادیش. %17 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیسرائیل. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەرازیل. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوسترالیا. %29 بۆ سەر بەرهەمەکانی پاکستان. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوردن. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیمارات. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی میسر. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی مەغریب. %28 بۆ سەر بەرهەمەکانی تونس. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی لوبنان.
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل دەوروبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە دیمەشق و ناوچەیەکی دیکەی لە حەما لە نێوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج. رۆژی چوارشەممە، 02-04-2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی داگیرکار دەورووبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی کردە ئامانج." بەگوێرەی ئەو میدیایە، هێرشەکە لە گەڕەکی بەرزە لە دیمەشق کراوە و پێشتر لەوێ دامەزراوەیەکی سەربازی کرابووە ئامانج. ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیل دەوروبەری شاری حەمای بۆردوومان کردووە. لە ھێرشەکانی ئەمشەودا زۆربەی ئەو ناوچانەی سوریا کرانە ئامانج کە تورکیا دەیەوێت سەربازگەی نوێی تێدا دروست بکات. رادیۆی دەنگی ئیسرائیل: ھێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆسەر 20 ئامانج لە سوریا پەیامی ئاگادار کردنەوە بوو بۆ سەرۆککۆماری تورکیا. سەرچاوەیەکی سەربازیی ناونەهێنراو ئاشکرای کرد، چوار فڕۆکە هێرشەکانیان کردووە. تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە یان نا. لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان پێگەی خۆی قایمتر کردووە. لەوکاتەوە ئیسرائیل چەندین جار پێگە سەربازییەکانی سووریا، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی، سیستمی مووشەک و بەرگری بۆردوومان کردووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران. وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لەناو زەریای هیندی. شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'شەبەح'یشی پێدەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆژیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت. فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بنێرنە ناوچەکە. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە نژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت. هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکارناهێنرێن.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەخنەی توندی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو و جەختی کردەوە کە "شەقام چارەسەر نییە". دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی توندی دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دەربڕی کە لە دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، بەڕێوەدەچن. باخچەلی لە وتارەکەیدا نوسیوێتی: "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە". سەرۆکی مەهەپە راشیگەیاند: "هەموو ئەو وتانەی کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی مانگی رابردوو، چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت." دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە. باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن." عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە." دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن. دەقی رێککەوتنەکە: - هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت. - وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت. - بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن. - هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە). - دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن. - ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت. - لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت. - زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت. - دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ. - ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە. هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە. بەدران چیا کورد رێککەوتنەکەی بە قۆناخی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن. بەدران چیا کورد گوتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە بەیەکەم پەیوەندى لەنێوانیان دادەنرێت لەدواى ڕوخانى رژێمى بەشار ئەسەدەوە، لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاواز بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کردوە. هەر لەو پەیوەندیەدا سودانی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا هیوا و پیرۆزبایی خۆی بۆ گەلی سوریا دەربڕی، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی عێراقکردەوەو پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى سوریا کردووەو هەمیشە رێز لە بژاردەى گەلى سوریا دەگرین، پشتیوانى لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکى سوریا دەکەین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەشکرکێشى سوپاى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى سوریا رەتدەکەینەوە دەستێوەردانی دەرەکیی دووپاتکردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، جگە لە هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری و هەل و دەرفەتی هاوبەشدا کردەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون. ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا. عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن. عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت". لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد. ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون. لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات. لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو. لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن. لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد. سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا. هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس. جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران. دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت. هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە.
گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەمەریکا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بنێت. ئەمیر عەلی حاجی زادە، سەرۆکی یەکەی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیدا هۆشداری دا، کە سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. گوتیشی: وەک ئەوە وایە لە خانوویەکی شووشەییدا دانیشتبن، کاتێک ماڵەکەت لە شووشەیە، نابێت بەرد لەکەسانی دیکە بگریت. دوای ئەوەی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سزای ئابووریی توند بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم فشارانە، ئێران چالاکییەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە. بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ، دۆخەکە ناجیگیر دەبێت. هۆشدارییەکەی عەلی حاجی زادە، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'ئێن بی سی' دا ڕایگەیاندبوو، کردەی سەربازی دژی ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە. ترامپ گوتیشی: ئەگەر ئێران ڕێکنەکەوێت، شەڕ ڕوو دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆردومانکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوانە دەبێت کە پێشتر نەیانبینیوە." عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماریی ئیسلامی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و بەڵێنی دا، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بکەنە سەر، ئەوە بەرپەرچدانەوەی بەهێزیان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامە تایمزی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە "مووشەکەکانی ئێران لە سەرجەم شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەسەر سەکۆکانیان بارکراون و ئامادەن بۆ هەڵدان و دەڕواننە سنووری عێراق"، گۆڤارەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، زیانی زۆری بۆ حکوومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت. سەرەتای ئەم مانگە، ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و داوای دانووستانی ئەتۆمی کرد و لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەگەری کردەیی سەربازیی، بەڵام نامەکە بە خێرایی لەلایەن خامنەییەوە ڕەت کرایەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی چەواشەکردنی جیهان دەدات، چونکە دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دانووستان بکات.
چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێگەی ناوبژیوانانەوە بە حەماسیان وتووە؛ کە ئەمە دوا ساتەکانتانە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرانەوە هۆشداریی بە حەماس داوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، وەک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا وتی، دەرگای دۆزەخیان لێدەکەنەوە. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردبووەوە، کە سوپای ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی دژ بە حەماس فراوانتر دەکات". ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە بەشێکە لە هەڵمەتی "فشاری زیاتر"، کە ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بە ئازادکردنی زۆرترین بارمتە. پێشتر خەلیل حەیە سەرۆکی حەماس لە غەززە رایگەیاندبوو، چەکەکانمان هێڵی سورن. ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست نەکرێت ئەگەری هەیە سوپای ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززە داگیر بکات و دوو ملیۆن فەلەستینی ئاوارەبن. ڕۆژی سێشەممە 2025-03-18، دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دیکەی ئەمریکییان لە ناوەڕاستی یەمەن خستووەتەخوارەوە. یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێکی دروستکراوی ناوخۆیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان خستەخوارەوە کە ١٦ەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییە لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا لەناویان بردووە. گوتیشی، دووپاتیدەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە رێگری لە کەشتییەکانی ئیسرائیل تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە دەوەستێت و گەمارۆ هەڵدەگیرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاند هەر هێرشێکی حوسییەکان بە هێرشی راستەوخۆی ئێران دەزانێت و وەڵامی ئێران دەداتەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' ئامادەکاریی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا. لە راگەیەندراوێکدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی، دیل و تەرمەکانی ئەو چەکدارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون ئالوگۆڕ دەکەن. ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە، 25 تەرمیشیان رادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە کە چواریان تورکن. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا ئاگربەستی راگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا هەیە، هاوکات لە 12ی کانونی یەکەمی 2024ەوە شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای نیشتیمانیی سەر بە تورکیا دروستبووە.
سەرۆكی گروپی عەسایئبی ئەهلی هەق، دەڵێت: توركیا میلیشيای لە هەزران چەكداری عێراقى پێكهێناوەو لەناوخۆی توركیا راهێنانی پێكردون و سەركردایەتیكردن و دابینكردنی پارەو ئیدارەكردنیان، بەتەواوی لەلایەن ئەنكەرەوە بەڕێوەدەبرێت. قەیس خەزعەلی، ئەمرۆ دووشەممە لەوتاری جەژندا وتی، چەندین هاوڵاتی عێراقی لەهەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەواوە براونەتە توركیاو راهێنانیان پێكراوەو رێكخراون، كە تائێستا بەشێكیان تائەم ساتەش لەلایەن توركیاوە موچەكانیان دابین دەكرێت، ناوی فەرمیان، هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا، لەپارێزگای نەینەواو، هێزەكانی قەڵغانی كەركوك، لە پارێزگای كەركوكە. خەزعەلی وتیشی، بەشێك لەمانە بە قودەرتی قادر كە پێویستە لێكۆڵینەوەی لێبكرێت، خزێنراونەتە ناو هێزەكانی حەشدی شەعبی و، بەناوی حەشدی شەعبیەوە موچە وەردەگرن بۆ ئەوەی بارگرانی توركیا كەمبكەنەوە، بەتایبەت لە لیوای (59) لە نەینەوا. جەختیشيكرد، باس لە تێوری پیلانگێڕی و شرۆڤەكردن ناكات، بەڵكو باسى بەڵگەو ژمارە دەكات، كە نابێت چاوپۆشی لێبكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، رێگای گەشەپێدان سودی چییە بۆ وڵاتێك كە بەشێكی خاكەكەی داگیركردبێتیت، بەپێویشتیشی زانی هێزەكانی بكشێنێتەوەو بەهانە بۆ شتێك نەهێنێتەوە كە خۆی خولقاندویەتی.