هاوڵاتی  وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەدووشەممەی رابردوو دۆسیەیەکی هەستیاری ئاشکراکرد سەبارەت بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییەکی سویدی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام ناوی ئەو کەسەی نەهێنا کەدەستگیرکراوە. پیتەر ستانۆ، وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول، دەربارەی دۆخی یەکێک لەفەرمانبەرەکانی یەکێتییەکە کە زیاتر لەساڵێکە،  لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراوە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، «ئاگاداری دۆسیەی هاووڵاتییەکی سویدی هەین کە لەئێران دەستبەسەرەو لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەی دەکەین». ئەم دیپلۆماتە پلەباڵایەی یەکێتی ئەوروپا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی نایەوێ دەربارەی وردەکاری بابەتەکە قسە بکات، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە:» پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ بەرپرسانی سویدی و کۆنسوڵگەرییەکانی سوید هەیە لەم بارەیەوە». بەڵام لەبەر باری ئەمنی و دۆخی تایبەتی کەسەکە زانیارییەکی زیاتری نەخستەڕوو. بەڵام باسی لەوە کرد دەستبەسەرکردنی ئەم کەسە بەشێکە لەو دەستبەسەرکردن و قۆڵبەستکردنە سەرەڕۆییانەیەی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا کەئێران دەیکات. ستانۆ باسی لەوەکرد، «بەڕاوێژو هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی، لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بدەینە بەرباس بەمەبەستی ئازادکردنی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەوروپی کە لەئێران بەبێ هۆ دەستگیرکراون». ئەوەی ناوی کەسەکەی بۆ یەکەمجار ئاشکراکرد رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بوو. رۆژنامەکە رۆژی دووشەممە ٤ی ئەیلوول بڵاویکردەوە «یۆهان فلۆدرۆس» فەرمانبەری یەکێتی ئەوروپا، زیاتر لە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە، بەڵام تا ئێستا سویدو یەکێتی ئەوروپا بێدەنگیان بەرامبەر دۆسییەکەی هەڵبژاردووە».   هەڵوێستی سوید وەزارەتی دەرەوەی سوید، لەئیمەیلێکدا بۆ نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی:» هاووڵاتییەکی سویدی کە لەدەیەی چوارەمی تەمەنیدایە، لەنیسانی ٢٠٢٢ەوە لەئێران دەستبەسەرەو وەزارەتی دەرەوەی سویدو  باڵیۆزخانەی سوید لەتاران لەم دۆسیەیە دەکۆڵنەوەو خەریکی تاوتوێکردنی دۆسیەکەن». وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ئیمەیلەکەیدا ئاماژەی بەوردەکاری رووداوەکە نەداوەو خۆی بواردووە بەوەی لەمبارەوە قسە بکات، بەڵام هەر لەم پەیوەندەدا نووسیویانە:» لەگرنگی بابەتەکە تێئەگەین، بەڵام ئێمە لامان وایە ئەگەر ئەم وەزارەتە بەئاشکرا دەربارەی دۆسیەکەی قسە بکات، تاوتوێکردن و کارکردن لەسەر دۆسیەکە ئاڵۆز ئەکات».   یۆهان فلۆدرۆس کێیە؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی یوهان فلۆدرۆس بڵاویکردووەتەوە، یۆهان فلۆدرۆس، تەمەن ٣٣ ساڵ و هاوڵاتی سویدی، بەهاری ٢٠٢٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی ئێرانیان کردووە، رۆژی ١٧ نیسان، کاتێک ویستوویانە لەئێران بێنە دەرەوە لەفڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینی) لەتاران دەستگیرکراوەو دوو مانگ دواترو مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆمەتی سیخوڕی درایە پاڵ و ئێستا لەزیندانی ئێڤین دەستبەسەرە. ئەم هاووڵاتییە سویدییە پێشتر کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتی لەدامەزراوەکانی سەر بەیەکێتی ئەوروپا پێسپێردراوە. فلۆدرۆس لەساڵی ٢٠١٩ەوە، وەک یاریدەدەری ئیلڤا یۆهانسۆن، کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆچ و کۆچبەران کاری کردووە. ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بووە بە «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا»وە. ئەم دامەزراوەیە تێکەڵەیەکە لەوەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی بەرگری یەکێتی ئەوروپا، لەئێستادا جۆزێپ بۆرل، بەپرسایەتی دەکات.   هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا بەشی «خزمەتگوزاری کارلێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا» دەربارەی دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە سویدیە نووسیویەتی:» لەنزیکەوە چاودێری دۆسیەکەین، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە کە فلۆدرۆس لەم بەشە کاردەکات یان ئەوەی پێشتر بەهۆی کاروباری یەکێتی ئەوروپاوە سەردانی ئێرانی کردبێت». نەبیلە مێسرالی، یەکێک لەوتەبێژەکانی ئەم دامەزراوەکە، بە ئاماژە بەزیاتربوونی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپاییانەی کە لەئێران دەستگیردەکرێن وتی:» لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین بۆ هێنانە بەرباسی ئەم بابەتە بەبەمەبەستی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەوروپیانەی کە سەرەڕۆیانەو بێ هۆکار لەئێران دەستگیرکراون.» جۆزب بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەستگیرکردنی ئەم دیپلۆماتە سویدیەی بەناڕەواو سەرەڕۆیانە ناوبرد  کە ٥٠٠ رۆژە لەئێران دەستبەسەرە. کەسانی نزیک بە فلۆدرۆس چی ئەڵێن؟ باوکی فلۆدرۆس لەوەڵامی نیۆیۆرک تایمز دەربارەی کوڕەکەی، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخی کوڕەکەی دەربڕیوە، ئامادە نەبووە لەم بارەوە هیچ بڵێت و تەنها ئەوەندە بووە باسی لەوە کردووە نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیەتی. کەسانی نزیک و ئاگادار بەنیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندوە ئەم هاووڵاتییە سویدیە پێشتر لەچوارچێوەی بەرنامەو پلانی گەشەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێرانی کردووەو هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە. نیۆیۆرک تایمز لەگەڵ شەش کەسی ئاگادار و نزیک لە فلۆدرۆس، لەمبارەوە قسەی کردووە. هەموویان لەترسی دەرئەنجامەکان و هەڕەشەکان، داوایان کردووە کە نەناسراو بمێننەوە ناویان نەبرێت. هەر هەموویان تۆمەتی سیخوڕیکردنی ئەم فەرمانبەرەی یەکێتی ئەوروپایان بەبێ بنەماو ناڕاست زانیوە. ئێران چی دەڵێت؟ ئێران تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هاووڵاتییە سویدیەی بەتاوانی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، بەڵام رۆژی دووشەممە لەم بارەوە پرسیار لەناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراو بێئاگایی خۆی لەدۆسیەکە راگەیاند.  مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئێران رایگەیاند هاووڵاتییەکی سویدی کەپێشتر چەند جار سەردانی ئێرانی کردووەو بەتۆمەتی «چالاکی تێکدەرانە» دەستگیرکراوە. هەر ئەوکات رۆژنامەی سویدی «ئافتۆنبلادێت» لە راپۆرتێکدا نووسی، دەستگیرکردنی ئەم کەسە تەمەن نزیک ٣٠ ساڵەیە، پەیوەندی هەیە بەدۆسیەی دادگایی کردنی «حەمید نووری» یەکێک لەتاوانبارەکانی لەسیدارەداناکانی دەیەی ١٩٨٠ی ئێران. نیۆیۆرک تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی: »تاران هاووڵاتییانی بیانی دەستگیردەکات بەمەبەستی مامەڵەکردن پێیانەوە بۆ ئەوەی ئەو ئێرانیانەی لەئەوروپاو ئەمریکا دەستبەسەرن ئازادیان بکات یان ئەوەیە بەمەبەستی ئازادکردنی پارەیەک کە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.»   پەیوەندیی نێوان ئێران و سوید لەچەندساڵی رابردوودا پەیوەندی نێوان ئێران و سوید پەیوەندییەکی ساردو سڕە. لەتەمموزی ٢٠٢٢ دا، دادگاییەک لەسوید، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری سەپاند کەیەکێکە لەبەرپرسانی پێشتری سیستەمی دادوەری ئێران. حەمید نووری دەستی هەبووە لەقەتڵ و عامی زیندانییە سیاسییەکان لە ١٩٨٨. لەم ساڵەدا نزیکەی ١٥ هەزار کەس لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارەدران. رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠٢٢، یانی کەمتر لەمانگێک دوای دەستگیرکردنی یۆهان فلۆدرۆس، ئەحمەد رەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەری ئێرانی- سویدی بەتۆمەتی سیخوڕی کردن و هاوکاریکردن بۆ تیرۆری زانا ناوکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەحمەد رەزا جەلالی، ٢٤ی نیسانی ٢٠١٦، لەسەر بانگهێشتی زانکۆکانی تاران و شیراز سەردانی ئێرانی کردو سێ رۆژ پێش گەڕانەوە لەکاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕین لەڕێگای کەرەج دەستگیرکرا. هەر لەم مانگەدا ئێران حەبیب ئەسیوەد، هاووڵاتی ئێرانی – سویدی لەسێدارەدا. حەبیب ئەسیوەد ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە رفێنرا. ئێران، سوید بەوە تاوانبار ئەکات کە لەژێر کاریگەری لۆبی موجاهیدین خەڵقدا، حەمید نووری دادگایی کردووە. شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن سەپاندنی سزای لەسیدارە بەسەر ئەحمەد رەزا جەلالی و لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیوەد، وەڵامدانەوەی ئێران بووە بە رەوتی دادگایی کردنی حەمید نووری، کەئەو دەم نزیک پێنج مانگ بوو بەڕێوە ئەچوو و سەرەنجام لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٢دا سزای  زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا.   ئێران و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی ئەوروپاو ئەمریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کەهاووڵاتییەکانیان بەبارمتە دەگرێت بەمەبەستی دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری. تاران لەساڵانی رابردوودا زۆرجار ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە. موحسێن رەزایی، جێگری ئابووری سەرۆککۆماری ئێران، لەگەڵ دیاریکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لەسەردەمی «دۆناڵد ترەمپ» باسی لەوەکرد دەتوانن هاووڵاتیانی ئەوروپی و ئەمریکی «دەستگیر بکەین و بەملیۆنان دۆلار پێیان بفرۆشینەوە.» مانگی ئابی ٢٠٢٣ ئەمریکاو ئێران رێککەوتن لەبەرامبەر شەش ملیار دۆلار سەرمایەی ئێران لەبانکەکانی کۆریای باشوور، پێنج هاووڵاتی ئەمریکی، کە لەئێران دەستبەسەرن، ئازاد بکرێن.

هاوڵاتی نزیکەی دوو هەفتەیە شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و شەڕکەرە ناوخۆییەکان، کەزۆرینەیان پێکهاتەی عەرەبن، دروستبووە ئەمەش دۆخی پاریزگای دێرەزووی تێکداوەو بووەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی ناسکی ناوچەیەکی ستراتیجی. هەسەدە کەزۆرینە کوردەو لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت لەساڵی ٢٠١٩دا خەلافەتی داعشی لەسوریا رووخاند. پارێزگای دێرەزور زۆرینەی عەرەبە، کە ناوچەیەکی پڕ لەسەرچاوەی سروشتییەو سنوری لەگەڵ عێراق هەیە، دابەشبووە بەسەر چەند یەکەیەکی کۆمەڵایەتی هۆزەکانداو بەشێکیان لەکاتی شەڕی داعشدا چوونە نێو ریزەکانی هەسەدە بۆ شەڕکردن دژی داعش.   کێ لەدێرەزوورە؟ کۆنترۆڵی دێرەزوور دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا کە لەڕۆژهەڵاتی دەریای فوراتەوە بەدەست هەسەدەوەیە، بەڵام هێزەکانی رژێمی سوریا هاوپەیمانە میلیشیاکانی بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەیان بەدەستەوەیە. ناوچەی سنوری دێرەزوور بەسێکە لە رێگایەکی سەرەکی قاچاخ بۆ شەڕکەران، چەک و ماددە هۆشبەرەکان و کەلوپەلی تر. هەسەدە کەکوردو عەرەب و ئەرمەنی و چەکداری تری لەنەژادەکانی تری تێدایە لەکاتی شەڕی داعشدا بەشێکی زۆری پارێزگای دێرەزوویان کۆنترۆڵکرد. بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە دەکات کە کەوتوونەتە باکورو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێی ئەنجومەنی سەربازی و مەدەنی ئەمەش بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بێزاری عەرەبەکان و زۆرجاریش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکاندا دەکەن. هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا، بنکەیان لەبەشی رۆژهەڵاتی روباری فوراتدا هەیە. شانە نوستووەکانی داعش لەپارێزگاکەدا زۆرجار دژی هەسەدەو هیزەکانی رژێمی سوریا هێرش ئەنجامدەدەن، بەتایبەتی لەناوچە بیابانەکاندا.   چی بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ؟ لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، هەسەدە ئەحمەد ئەل خەبیلیان دەستگیرکرد کەناسراوە بە ئەبو خەولە کەسەرکردەی سەربازی ئەنجومەنی دێرەزوور بوو، کە ئەم ئەنجومەنە بەشێکە لەهەسەدە. هەسەدە ئەبو خەولەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا دروستکردووەو گومان دەکرێت کە ماددەی هۆشبەری بەقاچاخ بردبێت، ئەمە جگە لەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش. ئەو چەکدارە توڕانەی دڵسۆزی ئەبو خەولە بوون، هێرشیان کردەسەر هەسەدە کە بووە هۆی شەڕو پێکدادان لەچەند گوندو شارۆچکەیەکی پارێزگاکە. بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دۆخەکە کاتێک تەقییەوە کە هەندێک چەکداری رژێمی سوریا رووباری فوراتیان تێپەڕاند و بەشداریان لەشەڕەکە کرد. زیاتر لە ١٧٠ کەس لەشەڕەکەدا تائێستا کوژراون کەزۆربەیان چەکدارانی نزیک ئەبو خەولەن. پیش ئەوەی هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە رابگەیەنێت، هێزەکانی نزیک لە ئەبو خەولە چەندین شارۆچکەو گوندیان داگیرکرد، بەڵام دوای ناردنی هێز و راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بەناوی «توندوتۆڵکردنەوەی ئاسایش»، هەسەدە توانی چەندین شارۆچکەو گوند بگرێتەوە. لەدوایین پێشهاتدا هەسەدە چوونە نێو شارۆچکەی زیبان لەرۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە بەمەڵبەندی هێزە یاخییەکان دادەنرێت و ئەمە دوایین ناوچەیە کە بەدەستی ئەو هێزانەوە بێت. رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلولی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەپۆستێکی تۆڕی ئێکس لەبارەی دۆخی دێرەزوور رایگەیاند، «سەقامگیریمان گەڕاندووەتەوەو ئاشتیی کۆمەڵایەتی پارێزراوە». فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هێشتا تورکیاو هێزە چەکدارەکانی هێرش دەکەنەسەر تەل تەمرو مەنبج بە مەبەستی «شکاندنی ویستی گەلەکەمان و دروستکردنی پشێوی».   ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان؟ هەسەدە رەتیدەکاتەوە کە ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان هەبێت و دەڵێت کە پێکدادانەکان لەگەڵ بەشێک لەشەڕکەرانی رژێمی سوریا و سوودمەندەکانی ئەبوخەولەن. هەسەدە داوای لەدانیشتوانی ناوچەکان کردووە کە «پەلکێش نەکرێن بۆ ململانێ و شەڕ» بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە. بەڵام میدیاکانی نزیک لەرژێمی سوریا شەڕەکەیان بەشەڕی هەسەدە دژی هۆزە عەرەبەکان ناوزەند کردووەو رۆژنامەی ئەلوەتەنی سەر بەحکومەتی سوریا باس لەوە دەکات کەشەڕکەرە یاخیبووەکان لە «هێزی هۆزە عەرەبەکانن». بەهیچ شێوەیەک هیچ هێزێک نییە بەناوی هێزی هۆزە عەرەبەکان»، ئەمە وتەی عومەر ئەبو لەیلایە کە چالاکوانێکە و لەبەرپرسی میدیای دێرەزوور ٢٤-ە بۆ رۆژنامەی «نیو عەرەب» قسەی کردووە. عومەر ئەبو لەیلا دەڵێت هەندێ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان لەگەڵ هەسەدە کاردەکەن و هەندێکی تریشیان هاوبەشی حکومەتی سوریان. «ئەو بەرپرسانەی نزیکن لە ئەبو خەولە، بەتایبەتی ئەوانەی کەڵکیان لەقاچاغ وەرگرتووە، شەڕەکەیان دەستپێکرد»، ئەبو لەیلا وای وت. ئەبو لەیلا دەشڵێت، «ئەوەی روودەدات دروستکردنی بێسەروبەرەییە لەلایەن چەند لایەنێکی ناوەکی و دەرەکییەوە، ئەگەر هەموو هۆزە عەرەبەکان رازیبوونایە لەسەر ئەوەی دژی هەسەدە بوەستنەوە، ئەوا ئێستا هەسەدە لەدێرەزوور نەدەما». کێ قازانج دەکات؟ ئارۆن لەند، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شێنچری ئینتەرناشناڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، «گوند، خێزان، هۆز، بازرگانی، قاچاغیکردن هەموو ئەمانە هێندەی رەهەندی نەژادی کورد-عەرەب یان ململانێی سیاسی گرنگن». لەند دەڵێن، بەڵام «ئەگەر شەڕ تەشەنە بکات و پەیوەندی کورد-عەرەب ژەهراوی ببێت، ئەوا لایەنی زۆر دەبێت کە بەتامەزرۆییەوە حەزدەکەن کە بیسەروبەرەییەکە زیاد بکەن». لەیەکشەممەی رابردوودا شەڕ گەیشتە پارێزگای حەسەکە دوای ئەوەی هەندێک شەڕکەری ئەو ناوچانەی بەدەست تورکیاوەیە پاڵپشتی ئەوانەیان دەکرد کەدژی هەسەدەن لەدێرەزوور. ماوەی ١٢ رۆژە هەسەدە رووبەڕووی ئەم چەکدارانە دژی ئەبو خەولە دەبێتەوەو لەو ماوەیە هێزەکانی تورکیا و سوریا تۆپبارانکردنی گوندەکانی نزیک شاری مەنبجیان زیادکردووە، کەشارێکە بەدەست هەسەدەوەیە، جگە لەوەی هەمان کاریش دەکەن لە تەلتەمەر و عەین عیسا. ئەنجومەنی سەربازی تەلتەمەر کە سەر بەهەسەدەیە دەڵێت، تورکیا وادەریدەخات ئەوەی هەسەدە دەیکات دژی هۆزە عەرەبەکانە و شەڕی نیوان کوردو عەرەبە ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم بیانووە وەک پاساوێک بەکاربهێنێت تا هێرش بکاتەسەر هەسەدە. هاوکات لیندزی سنێڵ، رۆژنامەنوسی ئەمریکی کە بێلایەنە، ڤیدیۆیەکی پۆست کرد لە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و رایگەیاند کە حەیات تەحریر شام چووەتە نێو شاری عەزازەوە کە بەدەست تورکیاوەیەو بەرەو مەنبج دەچن بۆ شەڕکردن دژی هەسەدە. لیندزی سنێڵ نوسیویشیەتی: هاوبەشی حەیات تەحریر شام، کە تورکیای ئەندامی ناتۆیە، رێکخەری ئەمەیە. تەنها تورکیا نییە کە دەیەوێت هەسەدە لاواز بکات و دژی شەڕ بکات، بەڵکو روسیاو ئێرانیش ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و هەریەک بەجۆرێک کار لەسەر ئەوە دەکات. هەرچەندە هەرسێ وڵاتەکە جیاوازی و ناکۆکییان هەیە لەسوریادا بەڵام هەرسێکیان یەکگرتوون لەوەی کەدەیانەوێت واشنتن لەپارێزگای دێرەزووی دەوڵەمەند بەنەوت دەربکەن. سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ رۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی کردووە دەڵێت، «روسیا دەیەوێت هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەباکوری سوریا بمێنێتەوە نەک ئەوەی تورکیا ببینێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فراوانتر بکات لەسوریا. ئەو سەرچاوەیە کە ناوی نەهاتووە باس لەوەش دەکات، «دێرەزوور لەوەدا جیاوازە کە ئەمریکا لەوێ لاوازە چونکە کورد لەوێ دانیشتوانێکی زۆری نییە».

هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران ناسراو بە " شۆڕشی ژینا"، گوشار بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان زیادی کردووە و تا دێت توندتر ئەبێتەوەو رۆژی سێ شەممە ٥ی ئاب، ئەمەد حەسەندزادە و سۆلمان حەسەنزادە باوک و کچێکی بۆکانی دەستگیرکران. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ماڵپەڕی کوردپا بڵاو کراونەتەوە: دوێنێ سێ شەممە  ٥ی ئاب، کاتژمێر ٩ی بەیانی،  ئەحمەد حەسەنزادە، تەمەن ٥٦ ساڵ و سۆڵماز حەسەنزادە، تەمەن ٢٩ ساڵ،  باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە  یەکێک لە کوژراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان، بە تەلەفۆن بانگکراونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەو دەستبەجێ دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەربوونی ئەم باوک و کچە لەبەردەستدا نییە.  ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٦ی مانگی ١١ی ٢٠٢٢، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە خۆپیشاندانەکانی  بۆکاندا بە فیشەکی هێزەکانی ئێران  گیانی لەدەست دا. ناوبراو لە دوایین ستۆریی خۆیدا لە ئینستاگرام نووسیبووی: "ڕەنگە ئەمە ئاخرین ڕۆژی ژیانم بێ، بۆ بەختەوەری نەتەوەکەم."

هاوڵاتی شیعەكان لە عێراق بەتووندی دژی لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەبارەی كەركووكەوە هاتنە دەنگ و هەڕەشەی دەركردنی هێزەكانی توركیا لە عێراق دەكەن. قەیس خەزعەلی، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عه‌سائیبی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق سەبارەت بە شاری کەرکوک ڕایگەیاند، "کەرکوک عێراقییەو تورکمانەکانیش عێراقین، هیچ دەوڵەتێک مافی ئەوەی نییە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا بکات." لێدوانەکەی خەزعەلی لە دوای وتەکانی ئەردۆغان دێت لەسەر پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی کەرکوک، ئەردۆغان وتی، پێویستە كەركوك لە هەوڵە تێكدەرانەكان بەدوور بێت، هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی كەركوك هەوڵە بۆ تێكدانی هەموو عێراق، كەركوك نیشتمانی توركمانەكانە. هاوكات شێخ محەمەد تەمیمی ئەمینداری گشتی فەیلەقی وەعد سادق یەكێك لە پێكهاتە شیعەكانی عێراق رایگەیاند "بەتووندی گوتەكانی ئەردۆغان دەربارەی كەركووك رەت دەكەنەوە، كەركووك عێراقییە، عەرەبییە، كوردییە، توركمانییە، بۆیە رێگا بەهیچ دەوڵەتێك نادەن دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراق بكات". هەروەها ئەو سەركردە شیعییە داوا لە حكومەتی عێراق دەكات هێزەكانی توركیا لەعێراق دەربكات و" بەرەی بەرگریش لە بەرگری لە خاكی عێراق دژی بیانییەكان بەردەوامە، ئەوانەی خاكی عێراقیان داگیركردووە"، دەشڵێت "لەحاڵی دەرنەچوونیشیان، هەموو چەتەكانی ئەردۆغان دووردەخەینەوە".  

هاوڵاتی سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران داوای‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی‌ له‌ عێراق كردووه‌. ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌کەوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئێران به‌ فه‌رمی لیستی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی حزبه‌ كوردیه‌كانی ئێرانی داوه‌ به‌ حكومه‌تی عێراق و داوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌یانی به‌ ئێران لێكردوون". ئەو سەرچاوەیەی حزبێكی كوردستانی ئێران كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"ئەو ناوانەی ئێران داوای تەسلیمكردنەوەیان دەكات لە حكومەتی عێراق، بەرپرسانی باڵای حزبە ڕۆژهەڵاتییەكانن، كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان لە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم نیشتەجێن." به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ ناوه‌كان بریتین له‌: "مسته‌فای هیجری، ڕه‌زا كه‌عبی، عومه‌ر ئیلخانیزاده‌، نه‌وید میهراوه‌ر، كاوه‌ به‌هرامی، محه‌مه‌د ساحیبی، محه‌مه‌د نه‌زیف قادری، مسته‌فا مه‌ولودی، حسێن یه‌زدانپه‌نا، ئه‌مجه‌د حسێن په‌ناهی، كاكو عه‌لیار، عه‌بدوڵا ئازه‌ربار، و چه‌ند كه‌سێكی تر". نه‌وید میهراوه‌ر، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ لیستی داواكراواندا ناوی هاتووه‌، رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگادارن كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داواكراون، به‌ڵام به‌ فه‌رمی هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردوون. دەشڵێت "لە ئەگەری مەترسی لەسەر ژیانمان، خۆمان خۆمان دەپارێزین، دووەم چاوەڕوانی لە دڵسۆزان و بەرپرسانی هەرێم دەكەین وەك هەمیشە داوكارییەكانی ئێران ڕەت بكەنەوە". چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە بەشێك لە میدیا كوردییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە، كە چەند كەسێك لە سەركردەی حزبە كوردییەكانی ئێران، هەرێمی كوردستانیان بۆ دەرەوە بە جێهێشتووە بە هۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام نەوید میهراوەر ئەوە ڕەت دەكاتەوەو دەڵێت،"ئێمە كەسمان وڵاتمان بەجێنەهێشتووە، تەنانەت ئەوانەشمان كە ناومان هاتووە." دەشڵێت،"هەڕەشەكان بابەتێك نییە بچینە ژێر باری، لەو بەرەین كە هەموو تەمەنمان لە بەرگری لە گەلی خۆمان و مافەكانی خەڵكی هەژار بەسەر بردووە، چۆن بەدەست هەڕەشەی ئێرانەوە هەڵدێین، ئێمە هەمیشە لە مەترسی فڕاندن و تیرۆرداین، بەڵام خۆمان پاراستووە." هەرچی حزبی دیموكراتی كوردستانیشە ڕەتی دەكاتەوە هیچ بەرپرسێكیان بە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتبێت.

هاوڵاتی  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی کەرکوک رایگەیانند، "ناهێلین سەقامگیری و ئاشتی ئەو جوگرافیایە تێکبچێت" و کەرکوکی بە نیشتمانی تورکمانەکان ناوزەند کرد.  ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئەیلولی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنوساندا لەسەر دۆخی کەرکوک و رایگەیاند، "کەرکوک، کە نیشتمانی تورکمانەکانە، جوگرافیایەک بووە کە ماوەی سەدەها ساڵە کلتوری جیاوا پێکەوە تێیدا دەژین." سەرۆککۆماری تورکیا وتیشی، "ناهێڵین ئاشتی و سەقامگیری ئەم جوگرافیایە تێکبچێت و دەستدرێژی بکرێتەسەر." لێدوانەکەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە گرژی و ئاڵۆزی لە کەرکوک دروستبووە بەهۆی ئەوەی کوردانی کەرکوک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا دژی داخستی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر و داوایان کرد رێگاکە بکرێتەوە، بەڵام هیزە ئەمنییەکان عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لەئەنجامدا چوار کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون.  خۆپیشاندانی کوردانی کەرکوک دوای ئەوە هات کە لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولیر داخرا دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بارەگاکانی پارتی رادەستی حیزبەکە بکرێتەوە.  

هاوڵاتی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا سەردانی رۆژئاوایان کرد بەمەبەستی ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە عەرەبەکان.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕال جۆوڵ ڤاوڵ، سەرکردەی هاوپەیمانان دژی داعش، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ باس کردن لە "ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەزوترین کات." ماوەی هەفتەیەکە هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە دەجوڵێنەوە لە پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد، بەڵام هەسەدە توانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەک بگرێتەوە. ناکۆکییەکان لەوەوە سەریهەڵدا کە هەسەدە هەفتەی رابردوو فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکانی دەستگیرکرد بەناوی ئەبوخەولە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هۆزە عەرەبەکان و شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو کە تا ئێستا 150 کەس کوژراون. 

هاوڵاتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تاران رایگەیاند، کە پێویستە سوریا زیاتر هاوکاریان بێت لە پرسی تایبەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). رۆژی یەکشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی تارانی کرد و لە لایەن حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. هاکان فیدان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران، رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوتای تارانی، داواکارین کە سوریا زیاتر هاوکارمان بێت لە پرسی تایبەت بە پەکەکە. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا زیاتر باسی سووریا و پەکەکەی کردوو و پێدەچێت بیانەوێت لە رێگای ئێرانەوە داوا لە سووریا بکەن هاوکاریان بکات دژی پەکەکە و ئەزموونی رۆژئاوا. هاکان فیدان وتی، پێویستە "دەوڵەتی سوریا لە پرسی تایبەت پەکەکە زیاتر هاوکارمان بێت و ئەمە خواستی ئێمە و بێگومان خواستی سوریاشە." ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران لەکاتێکدایە کە نائارامییەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەمنییەتی بەرێوبەری خۆسەری. لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە ءەرەباکنی پارێزگای دێرەزوور دروستبوو بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکان بەناوی ئەبو خەولە لەلایەن هەسەدەوە. هەسەدە دەڵێت ئەو فەرماندەیە تێوەگلاوە لەکاری نایاسایی و قاچاغدا بۆیە دەستگیرکراوە.  لەبارەی شەڕەکەوە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەتۆری کۆمەلایەتی ئێکس نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"بەداخەوە ئەم شەڕە بێ پلانی دەرەکی نییە و بەڵگەمان هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوریا تێوەگلاون و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ئەو ناوچانەو کاری نایاساییە لەناوچەکەدا." لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، زۆر گرنگە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و هێزەکانی ناوچەکە لەوە تیبگەن، کە ئێران و ڕژێمی ئەسەد مەبەستیانە وای نیشان بدەن کە ئەم ڕووداوانە هۆکاری ناکۆکی نیوان کوردەکان و عەرەبەکانی ناوچەکەن و ئەوان ناکۆکی گەورەیان هەیە، ئەمانەش بۆ لادانی سەرنجەکانە لەسەر ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژیانەی کە سوپای سوریا لەو ناوچانە دەیکەن

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەسەدە و سەرۆك هۆزەكانی دێرەزوور كۆبوونەوە. باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بۆ سوریا له‌ په‌یامێكدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌، ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و جه‌نه‌ڕاڵ جۆڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ هەسەدە، مەسەدە و سەرکردەی هۆزەکانی دێرەزور کۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر گرنگی چارەسەركردنی سكاڵای دانیشتوانی دێرەزوور، هەروەها هەمووان كۆكبوون لەسەر مەترسییەكانی دەستوەردانی دەرەكی لە دۆخی دێرەزوور، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هەسەدە بۆ تێكشكاندنی داعش کردەوە. له‌ 28ی (ئاب/8)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ شه‌ڕو ئاڵۆز له‌ دێره‌زور هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئەحمەد خبێل ناسراو بە "ئەبو خەولە" سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوری دەستبەسەر کرد، كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌دات و چه‌كدارانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك باره‌گای هه‌سه‌ده‌. هاوکات یه‌كی ئه‌م مانگه‌، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) له‌باره‌ی شەڕو پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە دێرەزور، رایگه‌یاند،  "ئەو پێکدادانانە روداوێكی نامۆ و ناڕون نین، بەڵگە هەیە کە ئەوە پیشان دەدات ئەو ئاژاوەگێڕییە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران و رژێمی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، کە دەیانەوێت نائارامی و ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دروست بکەن".

هاوڵاتی  وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئابدا زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق فرۆشراوە و داهاتەکەشی نزیک دەبێتەوە لە نۆ ملیار دۆلار. لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بەپێی ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ 10 ملیۆن و 122 هەزار و 874 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە و داهاتی ئەو بڕەش لەو مانگەدا هەشت ملیار و 847 ملیار دۆلار بووە. بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ، تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 35 سەنت دیاریکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی پێنج مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە کە بەپێی وتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانی پێنج ملیار دۆلار بووە.

هاوڵاتی  چالاکوانێکی سیاسی ئێران رەخنەی توند لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت چووەتە ژێر رکێفی روسیا و چینەوە، دەشڵیت "کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هاتووە."  مەهدی نەسیری، چالاکوانی پارێزکاری ئێران و سەرنوسەری پێشووتری رۆژنامەی کەیهانی تاران لەسەر سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی دەڵێت، "گوتاری کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا کۆتایی هاتووە" و ئێستا ئێران لە لایەکەوە لە "باوەشی رووسەکان" و " چینییەکان" دایە و لە لایەکترەوە خەریکی "ئاڵوگۆڕی نەوتە بەرامبەر بە خواردن" لەگەڵ ئەمریکا و رازی بووە بەم مامەڵەیە." مەهدی نەسیری بە ئاماژەکردن بەبە دروشمی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی"،  دەڵێت، لە ئێستادا لە ئێران ئازادی بوونی نییە. چالاکوانە سیاسییەکە رووی دەمی لە بەرپرسانی ئێران دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە باوەشی رووسەکاندان و چینییەکان بۆتان دیاری ئەکەن چی بکەن، سەربەخۆیی ئێران بەم دۆخە، کە ملکەچبوونە بە چین و رووسیا و رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا بە ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بە خۆراک چووەتە ژێر پرسیارەوە و سووکایەتییە بەم وڵاتە. لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژی شممە ٢ی ئەیلوول لە کەناڵی تێلگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، نەسیری ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی رابردووی ئێران کردوو ەو پۆلیسی ئەخلاقی بە مەترسی بۆ کۆمەڵگا زانی کە بووە هۆی مەرگی "ژینا ئەمینی" و تاوانەکانیتر و هەروەها دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەنوس "نیلوفەڕ حامیدی و ئیلاهە محەممەدی"ی بە تاوان ناوبرد.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە رۆژنامەی (اعتماد) بڵاوی کردۆتەوە ، لە سەرەتای خولی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسیەوە، ١١٠ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆکان لەسەر کار دەرکراون. بە پێی زانیارییەکان، لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ٥٢ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لیژنەی زانستی، بە تاوانی" پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا و پشتیوانیکردن لە مانگرتن و خواستی خوێندکاران لەسەرکار دەرکراون." بە پێی زانیارییەکانی ئەم رۆژنامەیە لەو ١١٠ مامۆستایەی کە لەسەرکار دەرکراون: ٢٩ کەس مامۆستای زانکۆی ئازاد ٢٧ کەس مامۆستای زانکۆی تاران زانکۆی زانستی پزیشکی تاران ١١ مامۆستا زانکۆی عەلاممە تەباتەبایی ٨ کەس زانکۆی بەهەشتی تاران ٧ کەس زانکۆی زانستی پزیشکی ئێران ٥ کەس و زانکۆی فیردەوسی مەشهەد و شەهیدباهونەری کرمان هەرکامەیان ٣ مامۆستایان لەسەرکار دەکراون. هاوکات سامان پاشایی مامۆستای زانکۆی ئازادی سەقز  و ئەندامی لێژنەی زانستی ئەو مامۆستایە، زیاتر لە ٢ مانگە لە زیندانی سنە دەستبەسەرەو زانیارییەکی ئەوتۆ دەربارەی ئەم مامۆستایە لەبەردەستدا نییە.      

هاوڵاتی غوڵام رەزا ئابازەری وتەبێژی لیژنەی مەراسیمی ئەربەعینیەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەردانكەرانەی ئێرانی كە ڕویان لە عێراق كردوە تا ئێستا گەیشتوەتە دو ملیۆن و 700 هەزار كەس. غوڵام رەزا ئابازەری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی گەیشتونەتە دەست ئێمە، ژمارەی سەردانكەرانی ئێرانی كە چونەتە ناو عێراقەوە گەیشتوەتە نزیكەی دو ملیۆن و 700 هەزار كە لەو ژمارەیەش دو ملیۆن و 200 هەزاریان لە كەربەلادان. ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی قەرەباڵغی شاری كەربەلا و نەبونی ژێرخانی تێدا، "داوادەكەین سەردانكەرانمان بە زوترینكات كۆتایی بە سەردانەكەیان بهێنن بۆئەوەی ڕێگە بەو سەردانكەرانەش بدرێت كە لە ئێستادا لە سەر سنورەكانن و بە پێ دەڕۆن لەسەر ئەو ڕێگایانەی پێشەنگن بۆ كەربەلا بۆ سەردانی ئیمام حسێن (رەزای خوای لەسەربێت)." ساڵانە لە ماوەی مانگەكانی موحەڕەم و سەفەردا ملیۆنان حاجی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی زیارەتی ئەربەعینیە لە شاری كەربەلا لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دێنە عێراق.

هاوڵاتی به‌هۆی كوشتنی هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی، دادگای كه‌رخ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هاوڵاتییه‌كی ئێرانی سزادا كه‌ پله‌كه‌ی ئه‌فسه‌رە. دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغداد، لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئێران، بە تۆمەتی کوشتنی (ستیڤن ئێدوارد)ی ئەمریکی، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی؛ بەسەر محەمەد عەلی رەزا ئەفسەر لە سوپای پاسدارانی ئێران و چوار ھاووڵاتیی عێراقیدا سەپاند. سەرچاوەیەکی دادوەری بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی راگەیاندوە، دادگای کەرخ لە بەغدا "سزای هەتاهەتایی بەسەر پێنج کەسدا سەپاندوە، کە یەکێکیان ئێرانی و چواریان عێراقی بون". سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پێنج کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە مەبەستیان ڕفاندنی ستیڤن ترۆل بوە و دواتر له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌دا ئازادی بكه‌ن، نەک کوشتنی. رۆژی حەوتی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ھاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی (ستیڤن ئێدوارد)، کە ھاوکات مامۆستای زانکۆ بوو، لە ناوچەی کەڕادەی بەغداد کوژرا، کە ئەوکات گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەھلل کەھف"، بەرپرسیارێتی کوشتنەکەیان لەئەستۆگرت.    

هاوڵاتی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرێگای نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 671  پەنابەری عێراقیش داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.  بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، تا سەرەتایی مانگی ئابی ئەمساڵ 20 هەزار و 100 کەس بەشێوەیەکی نایاسایی لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە روویان لە بەریتانیا کردووە. ئامارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رێگەی قاچاخ و نایاسایی بۆ بەریتانیا کەمینەکردووە و ئەو یاسا نوێیانەی بەریتانیا دژی کۆچکردنی نایاسایی دەریکردوون نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کۆچبەراندا.  دوای دەستبەکاربوونی ریشی سوناک لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێی دەرکرد دژی کۆچکردنی نایاسایی کە گرنگترینیان رێگرتن بوو لەو کەسانەی دەچنە نێو بەریتانیەوە لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە. بەپێی یاساکە، کە هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەو کۆچبەرانە یان دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یان رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن کە رواندایە.  بەڵام بەپێی ئامارەکەی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا سێ هەزار و 366 پەنابەری ئەفغانی داوای مافی پەنبەرێتییان کردووە و دوای ئەوانیش ئێرانین کە سێ هەزار و 200 کەسن. هاوکات ئامارەکە دەریدەخات کە هەزار و 671 کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.