ئامارى دەستگیراوانى خۆپیشاندانەکانى تورکیا بۆ زیاتر لە هەزار و 400 کەس بەرزبووەوە، سەرۆکى گشتى جەهەپەش جەخت لەبەردەوامى خۆپیشاندان دەکاتەوە و دەڵێت ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 19ی ئازاری 2025ەوە هەزار و 418 گومانلێکراو دەستبەسەرکراون، لەو رێژەیە 979 کەسیان لە زینداندان و  478یان دەدرێنە دادگا. خۆپیشاندانەکان ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکى شارەوانى گەورەى ئیستانبوڵ و زیاتر لە 100 کەسى دیکە، بەتۆمەتى گەندەڵى و بەرتیل وەرگرتن، لەکاتێکدا جەهەپە دەڵێت پرۆسەکە بەکارهێنانى دادگایە بۆ مەرامى سیاسی و ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەى ئیمامئۆغڵو نەتوانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا کێبڕکێی ئەردۆغان بکات. خۆپیشاندانەکە گەورەترین خۆپیشاندانە لە تورکیا لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٣ کە لە ئەستەنبوڵ لەسەر ڕووخاندنی پارکێک سەریهەڵدا. ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، رۆژى سێشەممە بۆ یەکەمجار لە زیندان چاوى بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کەوت، کە 19ى ئازار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستبەسەرکرا و چوار رۆژ دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیارى زیندانیکردنى درا لەدۆسیەى تایبەت بە گەندەڵیدا، کە ئیمامئۆغڵو و جەهەپە رەتیدەکەنەوە. ئۆزگور جەختیکردەوە کە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ پێشێلکردنی یاسایە و بڕیاریداوە وەک کاردانەوەیەک رۆژانی جەژن سەردانی سەرۆکى پارتەکانى ئاکپارتی و مەهەپە نەکات و دەڵێت، بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان. رۆژى (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستبەسەرکرا و دواى بڕیارى زیندانیکردنى لەلایەن دادگاوە، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دورخرایەوە. دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناوی ناوبراو پەسەند کراوە وەک کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیکەی 15 ملیۆن دەنگ بە دەستبهێنێت. زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو'ی تەمەن 54 ساڵ دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەتکراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا  ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت. لەو ڕۆژەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستگیر کراوە، شارەکانی تورکیا بە تەواوی خرۆشاون، دەستگیرکردنی چەندین خۆپیشاندەر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە توندترین شێوە، شەقامەکانی بە خۆپیشاندەران چۆڵ نەکردووە.

ئەمریکا لیستی ئەو مەرجانەی ڕادەستی سوریا کردووە کە دەیەوێت دیمەشق جێبەجێی بکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان، ئەمەش بەپێى زانیاریەکانى ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەروەها ئەوەشیان ڕاگەیاندوە یەکێک لەمەرجەکات ئەوەیە  دڵنیابن لەوەی بیانییەکان هیچ ڕۆڵێکی باڵایان نابێت لە حوکمڕانیدا. ئاژانسەکە رۆژى سێشەممە بڵاویکردەوە. ئەمەریکا لیستێکى پێشکەشى سوریا کردووە کە ژمارەیەک مەرجى لەخۆ گرتووە لەبەرانبەر هەڵگرتنى بەشێک لەسزاکانى سەر سوریا، کە بەشێکیان تایبەتن بە دورخستنەوەى چەکدارە بیانییەکان و دۆزینەوەى ئوستن تايس ئەو رۆژنامەنوسە ئەمەریکییەى کە لە ساڵى 2012 ەوە لە سوریا بێسەروشوێنە. بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسێکى باڵاى ئیدارەى ئەمەریکا چاوى بە وەزیرى دەرەوەى سوریا کەوتووە، لەیەکەم پەیوەندى راستەوخۆى ئیدارەى ترەمپ لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا. لە نێوان ئەو مەرجانەی ئەمریکا دایناون، لەناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە لەلایەن سوریا و هاوکاریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە. ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ سزای بەسەر سوریادا سەپاند، بەهۆی داگیرکردنی لوبنان و پاڵپشتیکردنی لە حزبوڵڵای لوبنان، دواتر جۆرج بوشى کوڕ سزاکانى قورستر کرد بەهۆی بوونى چەکی کیمیایی قەدەغەکراو، دوای سەرهەڵدانى شەڕی ناوخۆش لە ساڵی ٢٠١١دا جارێکى تر سزاکان فراوانکران. رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ناوەڕاستى ئەم مانگە بڵاویکردەوە، سوریا دابەزینی ئابووری زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و ئاسایشی وڵاتەکە لە مەترسیدایە، ئەمەریکا دەتوانێت ئەو وڵاتە ڕزگاربکات کە لە لێواری بوون بە دەوڵەتێکی شکستخواردوودایە، لەڕێگەى هەڵگرتنی سزاکانەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. بەپێی رۆژنامەکە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ لە رووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، تا ئێستاش سوریا لە دۆخێکی نائومێددا ماوەتەوە. چواردە ساڵ شەڕی ناوخۆ ئابووری وڵاتەکەی وێران کردووە، 90%ی خەڵکی سوریا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی 16.5 ملیۆن کەسیش پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، بوونی دەستەى تەحریر شام، لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکا و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە نەبوونى هەڵوێستێکى روونى واشنتۆن بەرانبەر حکومەتی نوێی دیمەشق.

لە نێو بەشێک لە شیعەکانی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەریهەڵداوە، بەڵام مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن بکەن، رەتیدەکاتەوە و ئامادە نییە بیخاتە بەرنامەی کارەوە. مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عەهد دەڵێت، ئەگەر ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن بەهۆی ئەوەیە وەزیری دەرەوەی سوریای بانگهێشتی بەغداد کردووە، ئەوا پێویستە لێپرسینەوە لە تەواوی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، چونکە بڕیارەکە بڕیاری حکومەتە نەک تەنها وەزارەتی دەرەوە. هەروەها مەشهەدانی ستایشی فوئاد حسێن دەکات، پێیوایە وەزیرێکی “لێزان و دەستپاکە” و دەڵێت، باشترین وەزیری دەرەوەی عێراقە، بۆیە ئەگەر داوای لێپرسینەوە بێتە بەردەستی، وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت و رەتیدەکاتەوە، چونکە پێیوانییە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ بانگهێشتکردنی فوئاد حسێن بۆ پەرلەمان هەبێت.

  هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئەوەدووپاتدەکاتەوە هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمەش ڕوونە. لەمیانى بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵسەنگاندی بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی دوای بانگەوازییە مێژوویەکی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ کرد. ئەو لەبەشێکى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، ئەکادیمیستەکان، نووسەر، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، شاندە جیاوازەکان، یاساناسەکان؛ هەموو ئەو دەوروبەرە جیاوازانەی کە دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینن، دەبوو توانای بینینیان هەبێت.   هەروەها ئەوەشى وت: دەبوو هەر کەسێک کە دەیەوێت بتوانێت بچێتە لای ڕێبەر ئاپۆ و چاوپێکەوتن بکات. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیەوێت دابنێت. دەبوو سیستەمی ئیمراڵی بە تەواوی بگۆڕدرایە. دەبوو ئەم سیستەمە، سیستەمی ئیمراڵی، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە بە تەواوی لا ببرێت. دەبوو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجی بکرێت. بەرپرسەکەى کەجەکە ئەوەشى خستەڕوو مەبەستمان لە هەلومەرجی تێکۆشان و ژیانی ئازاد ئەمەیە. ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستنەکەی لە ناویدا هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بیبینن دەبوو لە پەیوەندیدا بوایە. ئەمە دەبوو جێبەجی بکرێت. ئەمە جێبەجی کرا؟ جێبەجێ نەکرا. گۆشەگیری بەردەوامە. ٢٤ ڕۆژ لە ٢٧ی شوبات تێپەڕیوە. هێشتا گۆڕانکاری نییە. پەیوەندی زۆر نییە، زانیاریش نییە، زانیاریمان نییە. بەسێ هۆزات دەشڵێت: ئەمە چۆن دەبێت؟ بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ نەبێت، هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمە ڕوونە. هیچ لایەنێکی ئەمە بێ گفتوگۆکردن نییە. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبات. هەڤاڵان گوتیان. بێگومان بەمجۆرەیە. بەڕێوەبەری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات. پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و بەڕێوەدەبرێت. جگە لە ئەو، کەس ناتوانێت ئەم ئیرادە، هێز دەستپێشخەریی نیشان بدات. ئەمە ڕوونە.  هەتاوەکو لەم بابەتەدا هەنگاوێک نەنرێت ئەم کۆنگرەیە ناتوانێت کۆبێتەوە، ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە وەربگرێت. تاکەکەس دەتوانێت ئەمە بکات ڕێبەر ئاپۆیە. دامەزرێنەری پەکەکەیە. ئەوەی کۆتایی بەم پرۆسەیە بهێنێت، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکدار بێنێت، ڕێبەر ئەپۆ خۆیەتی. ئەمە ڕوونە.

  بەهۆی بۆردومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاست و باشووری غەزە، 23 هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لە بۆردومانەکانیدا ئیسرائیل ئەو ماڵ و کەمپانەی کردووەتە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدان، لە خان یونس لە باشووری کەرتەکە دوو فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان منداڵە، ژمارەیەکی دیکەش لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی قیزان نەجار برینداربوون. لە ناوچەی حەمەد لە باکووری خان یونس، لە ئەنجامی بۆردومانێک بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان، سێ فەڵەستینی دیکە کوژران کە لەنێویاندا منداڵێک هەیە، لە بۆردومانێکیی دیکەدا بۆ سەر چوارگۆشەی نیشتەجێبوون لە کەمپی بریج لە ناوەڕاستی غەزە، پێنج فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 18ـی ئەم مانگەوە کە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر غەزە کردووەتەوە تائیستا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنراون.

  دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنى دادبینى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات کە لە دژى یەکێک لە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.   دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی ئادارى 2025) دەکرێت، کە دادبینى سکاڵاکە دەبێت.          سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانیێکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسى"، داواى کردووە بڕگەیەکى ئەو هەموارە هەڵبووەشێتەوە، کە رەزامەندیی هاوژینی یەکەمە لە بەردەم دادگە، بۆ هێنانى هاوژینی دووەم.    ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە دەڵێت: دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتنى دادبینى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات و، ئەگەر هەیە دادگە دوابڕیار بدات."     ئەو هەموارەى یاسای بارى کەسى لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانى کوردستان پەسند کراوە، ئەوەش بۆ تووندکردنى مەرجەکانى فرەژنى.   سکاڵاکە لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە هەموارەکەى کردووە، تاوەکو هەموارى ئەو بڕگەیە بە نادەستوورى بناسێنێت.   شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان،  راگەیاند: وەڵامى تایبەت بەو سکاڵایەمان ئامادەکردووە و لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین."    پێشتر لە 11ـی شوباتى 2025، لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایەى دواخست.

  ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی تورکیا لە دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و کاندیدی چەهەپە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە، تائێستاش هەزار و 300 کەس دەستگیرکراون کە دەیان رۆژنامەنووسی تێدایە. بە گوێرەی هەواڵێکی فرانس 24، تەنها لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوو ئیستەنبوڵ 43 خۆپیشاندەر دەسگیرکراون، دەیان رۆژنامەنووسیش لە ئیزمیر و ئیستەنبوڵ  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بازنەی خۆپیشاندانەکان فراونتربووە و دەیان هەزار کەسیش لە ئیستەنبوڵ  و 55 پارێزگای دیکەی تورکیا دەژی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن. لە رۆژی 19 ئەم مانگە، ئیمامئۆغڵو، بەتۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر دەستبەسەرکرا، رۆژی یەکشەممەش لەدوای چوار رۆژ لەدەستبەسەرکردنی دادگا بڕیاریدا رەوانەی زیندانی بکات، وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو بەشێوەیەکی کاتیی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

لەژێر رۆشنایی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەهەوڵەكانی ئەنقەرە دەكەن، بۆ زیاتركردنی بوونی سەربازی وڵاتەكە لە سوریا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ڕوبەڕووبوونەوەی توركیا لە سوریا دەكات. بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاوێژی ئەمنییە، سەبارەت بەو ترسەی سەبارەت بە هەژموونی توركیا لە سوریا هەیە. بەوتەی سەرچاوەكان، پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا سەبارەت بە ڕادەستكردنی ناوچەیەكی نزیك تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا بە سوپای توركیا، لەبەرامبەر پشتیوانی ئابوری و سەربازی بۆ دیمەشق، هەروەها جوڵەی چاوەڕوانكراوی توركیا لە تەدمور دوودڵی گەورەی لای ئیسرائیل دروستكردووە. بەپێی هەواڵێكی پێگەی "والا" ئیدارەی نوێی سوریا هەوڵی گەڕاندنەوەی بنكەی سەربازی و توانای موشەكی و بەرگریی لە باشوری سوریا و نزیك سنورەكانی ئیسرائیل دەدات. بەپێی هەواڵێكی كەناڵی 12 ی ئیسرائیل، نەتەنیاهۆ لەڕێگەی ڕاوێژكارەكانیەوە داوا لە میدیاكانی وڵاتەكەی دەكات، جەخت لەوە بكەنەوە كە "ڕوبەڕووبوونەوەی نێوان توركیا و ئیسرائیل لە سوریا حەتمییە". ئەو كەناڵە ئیسرائیلییە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێكی لیژنەی حكومی ئیسرائیل كردووە، كە ئامۆژگاری نەتەنیاهۆ دەكات ئامادەبێت بۆ جەنگی چاوەڕوانكراو لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ترسی تەلئەبیب لە هاوپەیمانێتی ئەنقەرە و دیمەشق لەدوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو. ئاماژەیەك بۆ نیگەرانی ئیسرائیل لە هەوڵەكانی توركیا ئەوەیە، بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند دوو بنكەی سەربازییان لە ناوەڕاستی سوریا بۆردومان كردووە كە یەكێكیان دەكەوێتە نزیك تەدمور، لەكاتێكدا پێش چەند ڕۆژێك ئیسرائیل هەمان ئەو شوێنانەی بۆردومان كرد. ئەو دوو بنكەیەی سوپای ئیسرائیل بۆردومانی كردوون، هەریەك لە بنكەكانی تەیفور و تەدموری سەربازیین كە 50 كیلۆمەتر لە ناوەندی تەدموری سەر بە پارێزگای حومسەوە دوورن. هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا لە سوریا لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ دروزەکانی سوریا ڕاگەیاندووە و ناوبەناویش لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پشتیوانی بۆ کورد لە سوریا دەردەبڕێت، کە ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەر موڵکی دەوڵەت و ئەندامانی پۆلیس کەوتووە، لەسەر ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی گوتی: ئۆپۆزسیۆن دەست  لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنها شەرمەزارییە. هەروەها دەشڵێت: خۆنیشاندانەکانی دژی لەکارلادانی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ گۆڕاوە بۆ توندوتیژی، زیان بەر موڵکی دەوڵەت و پۆلیس کەوتووە، ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەردۆغان گوتی: کارە لە پێشینەکانمان پاراستنی ئابووری تورکیایە و ڕێگە نادەین زیان بەر ئەو کەرتە بکەوێت، گوتیشی: نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆ نیشاندانەکانیان کۆتایی دێت، شەرمەزار دەبن لەوەی شەڕیان بۆ تورکیا هێنا. دوێنێ خۆپیشاندانەكانی توركیا چووە قۆناغێكی دیكەوە، پاش ئەوەی دادگا بڕیاریدا بە فەرمی تا كۆتایی هاتنی دادگایكردنەكەی ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەستگیربكات، لەكاتێكدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە دەستگیركرابوو. ڕۆژی (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی كار لە دامەزراوەكانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەكەكە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەكرەم ئیمامئۆعڵو كە دوو خولە لەسەریەك بە سەرۆكی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستگیر كرا. دەستگیركردنی ناوبراو لە كاتێكدایە ماوەیەكە ناوی ناوبراو پەسەند كراوە وەك كاندیدی كاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماری توركیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیكەی 15 هەزار دەنگ بە دەست بهێنێت.

  لە هەولێر و سلێمانییەوە رێژەى گەشتکردن بۆ تورکیا کەمیکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ خۆپشاندانەکانی تورکیا کە لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە ماوەى چوار رۆژە بەردەوامن و بوونەتە هۆى دابەزینى بەهاى لیرە. عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەشتیارانی پشووەکانی جەژن بۆ وڵاتی تورکیا کەمیانکردووە و رێژەکە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. ئەو وتیشى، "ئەو دۆخێکی ناسەقامگیر لە تورکیا هەیە و دابەزینى بەهاى لیرەی تورکی کاریگەریی لەسەر گەشتیاریی هەیە، چونکە تاوەکو پارەی هەر وڵاتێک زیاتر لە بەهاکەی بێتە خوار نرخەکان بەرزدەبنەوە و گرانی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە لایەکی دیکەوە خواست لەسەر گەشتکردن کەمدەکاتەوە". عەتا ئەنوەر، هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى گەشتیارانى بۆ گرانى نرخی ڤیزای تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاندەوە، کە لەنێوان 140 بۆ 180 دۆلاردایە، لە کاتێکدا تورکیا ئاسانکاریی زیاتری بۆ خەڵکی وڵاتانی دیکە کردووە و نرخەکانی کەمکردووەتەوە". هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەى رێژەى گەشتیاران، نرخی تکتەکانی گەشتیاریش بۆ تورکیا کەمیکردووە، بەجۆرێک نرخی تکتەکان لە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە 320 دۆلارەوە بۆ 220 بۆ 250 دۆلار دابەزیوە. شێرزاد زراری، بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر دەڵێت: لاى ئەوان رێژەی گەشتیاران 60% کەمیکردووە و بەشێک لە گەشتیارانیش، کە پلانی گەشتیان هەبووە بۆ مانگی رەمەزان و پشووەکانی جەژن پلانی گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە". ئەوەشى بۆ دۆخى چەند رۆژى رابردووى تورکیا گەڕاندەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو لە پشووەکانی بەهار و جەژنی رەمەزاندا نرخی تکتەکانى تورکیا روویان لە بەرزبوونەوە دەکرد و گەشتیارێکی زۆر روویان لەو وڵاتە دەکرد. بەگوێرەی ئاماری گەشتیاریی تورکیا، ساڵی رابردوو تەنیا لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس گەشتیان بۆ وڵاتەکە کردووە، یان لەوێوە گەشتیانکردووە. بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە 19ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە و ئەمڕۆ دادوەرى دادگاى ئیستانبوڵ بە تۆمەتى گەندەڵى بڕیارى بەندکردنى بۆ دەرکرد.

  لەژێر چاودێرى ئەمریکا و فەرەنسا و بە هەماهەنگى مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدەو مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان،  لایەنە کوردییەکانى رۆژاڤا (پارتى یەکێتى دیموکراتیی "پەیەدە" و ئەنجومەنى نیشتانى کوردى سوریا "ئەنەکەسە") رێککەوتن، ئەمەش ڕێککەوتنێکی مێژووییە کە دیدگایەکی یەکگرتوویان بۆ داهاتوویان خستەڕوو. ئەمڕۆ دووشەممە، کەناڵى ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: پەیەدە و ئەنەکەسە داڕشتنی ئەم ڕێککەوتنەیان تەواو کردووە.   کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە؛ بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و دوا داڕشتنەوەی رێککەوتنەکە ئامادەیە. لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەریان وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ دیدی هاوبەشی هەردوولا بۆ ئایندەی سوریا دیاریکردوە. بەشێکی دیکەی رێککەوتنی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، دانپێدانانی مافی گەلی کوردە لە سوریا نوێ و بونی نوێنەرایەتی سیاسیان و لە دەستوریشدا پێویستە دان بە مافی کورددا بنرێت و سوریا دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی و لامەرکەزی بێت. بڕیارە ئەو رێککەوتنە بکرێتە بنەما بۆ مامەڵەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان لە ئایندەی سوریا. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی نزیکى داهاتوودا لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان "رێککەوتنى کۆتایی" لەسەر یەکڕیزیی و پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو رابگەیەنن، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا، ئەوەش دواى کۆبوونەوەى ئەرێنى نێوانیان کە تێیدا جەختیان لە یەکخستنى هەڵوێستەکانیان کردەوە. رۆژی سێشەممەی رابردوو (18ـی ئاداری 2025) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی و چاودێریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆبونەوەی هاوبەشی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بەڕێوەچوو بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری کورد لە سوریا. محەمەد ئیسماعیل سەرۆکى ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنى بووە و بەم نزیکانە رێککەوتنى کۆتایی لەنێوان لایەنە کوردییەکان رادەگەیەنرێت. گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو بەمەبەستى رەوانەکردنى بۆ دیمەشق تەوەرێکى گفتوگۆکانى کۆبوونەوەى حەسەکە بووە، محەمەد ئیسماعیل دەڵێت، شاندەکانی هەردوولا گەشبینن بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ پێکهێنانى شاندێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکەن. چاوەڕواندەکرێت شاندەکە لەدواى نەورۆز پێکبهێنرێت، ئەوەش بەوتەى فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا کە پێیوایە کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی شاندەکە. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە دواى کۆبوونەوەکە لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکرد، کۆبوونەوەکە ئەرێنى بووە بە ئاڕاستەى هەنگاونان بۆ یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لەپێناو بنیتنانى وڵاتێکى فرەیی و دیموکراسی کە مافى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت. کۆتایی ساڵی 2019 و دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێشخەرییەکی کرد بەناوی گفتوگۆی کوردی- کوردی، بە چاودێریی ئەمەریکا چەندین کۆبونەوە لەنێوان پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، بەڵام کۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەوەتۆیان نەبوو. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەفدی هاوبەشی فەرەنسا و ئەمەریکا چەندجارێک لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد کۆبونەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی- کوردی کە ماوەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستپێشخەریی بۆ کرا و دواتر کارەکانی راگیرا، ئامانجیش هەڵوێستی یەکگرتوو و یەکخستنی داواکارییەکانی کورد بوو بۆ قۆناغی داهاتووی سوریا. لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 35 حزب و لایەنى سیاسی هەیە، زۆرینەیان بەشێکن لە پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە) کە بە نزیکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێن. لایەنەکانی دیکەش بەشێکن ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە بە نزیکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دادەنرێن.

  ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن و لەگەڵ زۆرێک لە دامودەزگا و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن. بەپێی وتەى سەرچاوەیەک لە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسیی دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، سەردانی باشووری کوردستان دەکەن. شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە کە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن، بریتین لە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە، بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ساڵحا ئایدەنز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین و هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی سلۆپی ئادالێت فیدان. بەگوێرەی ئەو زانیارییانە ئەمڕۆ شاندەکە دەگەنە باشووری کوردستان و ڕاستەوخۆ سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن، پاشان لە هەولێر درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ زۆرێک لەلایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکان و هەروەها زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. پێشتر لە ١٥ـی شووباتی ٢٠٢٥، شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی لە باشووری کوردستان کۆبوونەوە و پەیام و سڵاوی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان گەیاند، سەردانی ئەم شاندەش لە درێژە ئەو سەردانەی دیکەدایە.

  جەهەپە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار کرد. ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت، 14 ملیۆن و 850 هەزار کەس دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.    رۆژی یەکشەممە (23ـی ئاداری 2025) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و نێوخۆیی پارتەکەیەوە، بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاریکرد. هەڵبژاردنەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستیپێکرد و کاژێر 19:00 کۆتاییهات.    تاکە بەربژێری پارتەکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی دوورخراوەی ئیستەنبووڵ بوو.    ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان لە گۆڕەپانی سەراجهانە لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵەوە رایگەیاند، جەهەپە خاوەنی یەک ملیۆن و 753 هەزار ئەندامە؛ گوتیشی، یەک ملیۆن و 653 هەزار ئەندام دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.    ئۆزەل گوتی، هێشتا دەنگی 2 هەزار و 671 سندووق جیانەکراوەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئەندامانەی دەنگیان داوە لەگەڵ ئەندامانی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' پێکەوە 14 ملیۆن و 850 هەزار کەسن، بەو جۆرە 13 ملیۆن و 211 کەس وەک لایەنگر چوونەتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بە ئیمامئۆغڵو داوە.    سەرۆکی جەهەپە گوتی، حیزبەکەی بەربژێری خۆی دیاریکرد و بە هەموو جیهانی راگەیاند، "داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین. ئەوە مەیدان، ئێمە لێرەین؛ داوا لە ئاکپارتیش دەکەین بەربژێری خۆیان دیاری بکەن."     لەلایەکی دیکەوە سەلین سایەک بۆکە، سکرتێری جەهەپە رایگەیاند، پێنج هەزار و 600 سندووق لە هەموو تورکیا و باکووری کوردستان دانرابوون.    سەلین سایەک گوتیشی، لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەیانتوانی دەنگ بدەن، بۆ ئەم مەبەستە سندووق بۆ ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دانرابوو و سندووقی دیکەش بە ناوی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' دانرابوو کە خەڵکی دیکە دەیتوانی دەنگی لێبدەن.   ئەگەرچی بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام جەهەپە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.

وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل شەوی یەکشەممە گەورەترین نەخۆشخانەی باشووری ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکەی بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کوشتنی کەسێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.   زیانەکە بەر بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یوونس کەوت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی ئەم نەخۆشخانەیە پڕ بووە لەوانەی بەهۆی هێرشی چەند رۆژ لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرەڕای ئاگربەست، بریندار بوون یان کوژراون.   سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە؛ هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە و رایگەیاند "چەکدارێکی حەماسی" کردووەتە ئامانج.   هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، تاوانی جەنگە، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیاریێتیی کوژرانی خەڵکی سڤیل دەخاتە ئەستۆی حەماس، بەو بیانووەی "لەنێو خەڵکدا خۆیان دەشارنەوە."    وەک دامەزراوەکانی دیکەی تەندروستی لە سەرتاسەری غەززە، نەخۆشخانەی ناسر لە کاتی شەڕەکەدا کە 17 مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بەر هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتووە و زیانی گەورەی پێگەیشتووە.   وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوێنێ (یەکشەممە، 23-3-2025) رایگەیاند؛ زیاتر لە 50 هەزار فەلەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.   سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی لە رۆژی سێشەممەوە دەستی بە جەنگ کردووەتەوە، "دەیان چەکدار"ـی حەماسی کوشتووە، لە ژمارەیەک هێرشدا کە بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەس.    رۆژی یەکشەممە، ناڕەزایەتییەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە غەززە و کێشە سیاسییەکان پەرەیان سەند. تووڕەیی بەرامبەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیادبوون، دوای ئەوەی بڕیاردرا متمانە لە داواکاری گشتیی ئیسرائیل بسەندرێتەوە، کە لەلای زۆر کەس وەک هاوسەنگکەری دەسەڵاتی هاوپەیمانێتییەکەی سەیردەکرێت.  

متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەنرایەوە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، متمانەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەندەوە و دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە کردەوە.  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عمر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە هۆی 'خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن' بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە کروی سەندەوە، چونکە ئەندامان لە وەڵامەکانی ناوبراو بۆ پرسیارەکانیان ناڕازیبوون.  هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دوای دوورخستنەوەی کروی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردەوە.   عمر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵە لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم." پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.   بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر کروی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەن ئەندامی پارتی سیادەیە و نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە لە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە.   رۆژی 29ـی 10، نزار لهێبی، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."   ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە پەنجا کۆ یەک دەبێت، بەوەش پێویستی بۆ نۆ ئەندامە.