هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌ رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی فەڵەستین. نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سه‌رۆك وه‌زیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگه‌ی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات به‌گوێری ماڵپه‌ڕی روسیا توده‌ی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدارده‌بن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.

هاوڵاتی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئیسرائیل نەخۆشخانەی مه‌عمه‌دانی لە ناوەندی غەززە بۆردوومانکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کە نەخۆشخانەکان وەک پەناگەیەک بەکاردەهێنن بۆ دورکەوتنەوە لە هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکان بوونە قوربانی.  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 500 كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوونه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌شیان تا ئێستا له‌ژێر داروپه‌ردوودان و رزگار نه‌كراون . ئەم هێرشە بووە هۆی کاردانەوەی وڵآتە عەرەبییەکان بە تایبەتی و جیهانیش هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  ئیدانەی هێرشەکە دەکەن. كاردانەوەكان: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: پێویستە ئەم كارە دڕندانە بێ پێشینەیە لە غەززە رابگیردرێت. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی تاوانەكانی ئیسرائیل بەرامبەر سڤیلەكان هەڵبگرێت. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن : ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌ روو ده‌دات به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییان، تاوانی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژییه‌ و ئیسرائیل لێی به‌رپرسیاره‌. هه‌روه‌ها به‌ پێویستی زانیوه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ راگرتنی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی. هاوكات داوای كردووه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ گه‌یاندنی پێداویستییه‌ مرۆیی و ته‌ندروستییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌.  سەرۆك وەزیرانی فەلەستین: هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی تاوانێكی مەترسیدارە. سەرۆك وەزیرانی كەنەدا: هێرشكردنەسەر هەر نەخۆشخانەیەك كارێكی قەدەغەكراوە. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر هێرشه‌كه‌ به‌ تۆڵه‌سندنه‌وه‌ له‌ هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی ناوده‌بات و به‌ پێویستی ده‌زانێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی یاساشكێنییه‌كانی ئیسرائیل دژ به‌ هاووڵاتییانی فه‌ڵه‌ستینی. تەندروستی جیهانی: سەركۆنەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی دەكەین رۆیتەرز: مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین ئوردنی بەجێهێشت و گەڕایەوە رامەڵا كە بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەگەڵ جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا بەشداریبكات. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ راگه‌یاندراوێكدا داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات‌ به‌رپرسیاره‌تی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانه‌ مرۆییه‌ بكه‌ن و به‌رپرسانی دادگایی بكه‌ن. ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی روویداوه‌ تاوانه‌ و كارێكی دڕندانه‌یه‌ و به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كاتی جه‌نگدا پابه‌ندی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نابێت. كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ ده‌كات و داوا له‌ وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ رێگه‌ له‌و كاره‌ساتانه‌ بگرن. یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ به‌یانێكدا ده‌ڵێت، هێرشكردنه‌ سه‌ر ژێرخانه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی غه‌ززه‌، بابه‌تێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

هاوڵاتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات.   وتەبێژی تەندروستی غەززە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ئیسرائیل نەخۆشخانەی العەرەبی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.  و سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە. تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە.  وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان.  بەهۆی ئەم كارەساتەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین سێ رۆژ ماتەمینی گشتییان راگەیاند. هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس باس لەوە ئەکات، ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە قورسترین هێرشی ئیسرائیل بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە کە زۆرترین کەس تێیدا کوژراون. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە ئەکەن خەریکی تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانەن. دانیەل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتوویەتی :" هێشتا هیچ وردەکارییەکمان لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی ئەو نەخۆشخانە نەگەیشتۆتە دەست. ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی زانیارییەکانین. هەر زانیارییەکی وردمان پێ بگات رایدەگەیەنین. نازانین ئەمە بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بووە یان نا". لە ١١ رۆژی رابردوودا و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەخۆشخانەکان بوون بە پەناگەی دانیشتوانی غەزە. سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەزەی راگەیاندبوو کە باکووری کەرتی غەزە جێ بهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی لە هێرشەکان پارێزراو بن. حەماس داوا لە خەڵک دەکات لە ناو غەزەدا بمێننەوەو بەریان پێ ئەگرێت کەرتی غەزە جێ بهێڵن و خەڵک وەک قەڵغانی ئینسانی بەکار ئەهێنێت.

هاوڵاتی ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بەرزبونەوەدایە و  بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسیفیش، زیاتر لە 700 منداڵ لە كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەستداوە.  رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون. ئەو ڕێکخراوە داواشدەکات  بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە. لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە، لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە تا ئێستە شەڕو پێکدادان بەردەوامەو تا دێت ژمارەی قوربانیانی هەردوو لا بەرزدەبنەوە . وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا، دوو هەزار و 873 كەس كوژراون و زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها نزیكەی 12 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون. هاوکات بەپێی راگەیەندراوێكی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی كوژراون و 258 یان سەربازن و چوار هەزار و 229 كەسی دیكەش بریندارن و هەروەها، 250 كەسیش بەدیلگیراون.

هاوڵاتی  راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەدات بە ئێران و حیزبوڵای ئێران کە خۆیان لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس بەدووربگرن و دەشلیت، پێویستە ئەم جەنگە پەل نەهاوێت بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن کۆبوەوە. ئۆلاف شۆڵتز، لە دیدارەکەیەکدا لەگەڵ شای ئوردن، باسی لەوە کرد پێویستە بەر لەوە بگیردرێت ئەم جەنگە پەل بهاوێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی ئاگادار کردەوە کە خۆیان لەم جەنگە بەدوور بگرن و خۆیان تێکەڵ بەم جەنگە نەکەن. وتەکانی ئۆلاف شۆڵتز لەکاتێکدایە کە لە نسوری لوبنانەوە شەڕ و پێکدادان لەنیوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بوونی هەیە و حیزبوڵا بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و هێرشی ئاسمانی وەڵام دەداتەوە.  چاودێرانی سەربازی و سیاسی پێیانوایە کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت ئەگەری کردنەوەی چەند بەرەیەکی تری جەنگ هەیە لەوانە لە لوبنان و سوریاوە.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت و دەڵێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بزوتنەوەی حەماس کردەی "پێشگرتن" ئەنجام دەدات.  حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی ئێرانی راگەیاند، "سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاری رێگە نادەن بە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەک لە غەززە ئەنجام بدات... هەموو بژاردەیەک کراوەیە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی جەنگ بکەین بۆ سەر خەڵکی غەززە." وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات، "بەرەی بەرەنگاری لەتوانایدایە جەنگێکی درێژخایەن دژی دوژمن بەرپا بکات.... لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرەی بەرەنگاری کردەی پێشگرتن" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بکات. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنور خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر غەززە.  ئێران چەندین ساڵە پشتگیری حەماس دەکات و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵپشتی دارایی بزوتنەوەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن هێرشەکەی ئەمجارە ئەوان لێی ئاگادار نین و سەرکردەکانی بزوتنەوەکە بڕیاری خۆیان لەسەر داوە.

هاوڵاتی هێزە چەكدارەكانی غەزە داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان.  ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسەوە بڵاویکردۆتەوە  "ئامادەن گیراوەكان ئازاد بكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی هەموو گیراوە فەلەستینییەكان كە ژمارەیان 6000 كەسە".  وتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیش دەڵێت " تا ئێستا 22 لە گیراوەكان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و ئامادەیی نیشاندا گەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و بۆردومان رێگە بدات ئامادەن بیانییە دەستگیراوەكانی خۆیان ئازاد بكەن". ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا ژمارەی دەستگیراوەكانی لای فەلەستینییەكان دیار نییە چەند كەسن، بەڵام دەگوترێت لەناویاندا ئەمریكی و فەڕەنسی و خەڵكی چەند وڵاتێكی تری تێدایە". هاوکات خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسیش دەڵێت بارمتەکان ئەفسەری باڵای بەشی غەزەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە گەڕان لە دەوروبەری کەرتی غەزە . سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بەرپرسێکی دیکەی حەماس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کە "نازانێت" چەند بارمتە هێشتا زیندوون و ژمارەیان بە تەواوی چەندە. لەم پەیوەندەدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 199  کەس بە دیل گیراون و لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.    

هاوڵاتی  ئاگربەستێکی سێ قۆڵی بۆ ماوەیەکی کاتی لە باشوری غەززە راگەیاندرا لەنێوان میسر و ئەمریکا و ئیسرائیل تا فەڵەستینییەکان بتوانن بە ئاسانی تێپەڕن.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئاگربەستەکە لەکاتژمێر 9ی بەرەبەیانەوە بەکاتی کوردستان دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و سنوری رەفحیش لە نێوان غەززە و میسر دەکرێتەوە کە دەکەوێتە باشوری شارەکە.  بەڵام بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە کە ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجام درابێت و هیچ زانیارییەکیشیان نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە میسر بەنیازی ئەوە بێت سنوری رەفح بکاتەوە.  بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی تەنها هەفتەیەکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەک ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارە بوون کە جێی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر بچنە نێو غەززەوە، ئەوا حەماس ئیسرائیل دەکاتە "گۆڕستان"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلش دەڵێت، "حەماس ریشەکێش دەکەین." سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ چوونە نێو غەززە ئامادە دەکات و چەندین چەکی نزیک کردووەتەوە لە سنور تا بتوانیت ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام بدات. بۆ یەکەمجار کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل کە بە کابینەی جەنگ ناسراوە و دوای هیرشەکەی حەماس پێکهێرا، کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو گەلی ئیسرائیل لەگەڵیانە و بەرەو "ریشەکێشکردنی حەماس" دەڕۆن. هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە نیو غەززەوە ئەوا، "سەرکردەکانی بەرگری ئیسرائیل دەکەنەوە گۆڕستان بۆ سەربازانی داگیرکەر." وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کە ئەگەر "جەنگ فراوان ببێت، ئەمریکاش زیانی گەورە دەکات." رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنەدا لەناوبردن و ریشەکێشکردنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و نەهێشتنی گروپەکەیە لە غەززە.  تا ئێستا بەهۆی شەڕی هەردوولاوە 1300 ئیسرائیل و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە. ئێران پشتگیری لە بزوتنەوەی حەماس دەکات و گومان هەیە کە لە هێرشەکەدا پشتگیری کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر تێوەگلانی تاران نەدۆزیووەتەوە.

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی بالای بزوتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشی ناوچەی کبوتز.  سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆساد و دەزگای هەواڵگری سوپاوە، بیلال ئەلقیدرەیان کوشتووە کە فەرماندەی یەکەی نوخبە بووە لە کەتیبەی خان یونس. سوپای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات، بیلال ئەلقیدرە "بەرپرس بووە لە هێرشی سەر کۆمەڵگەی جێنشینی کبوتز و نیر ئۆز" لە باشوری ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا کاتێک چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل تەنها لە شەوی رابردوودا 100 پێگەیان بە ئامانج گرتووە کە ناوەند، ناوچەی سەربازی، هەڵدەری موشەک، پێگەی موشەک و بنکەی حەماس بوون. پێشتریش سوپای ئیسرائیل کوشتنی دوو فەرماندەی حەماسی راگەیاند کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە ئەوانیش میراد ئەبو میراد، بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی حەماس و عەلی قادی، فەرماندەی هێزێکی کۆماندۆی حەماس بوون. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، 1300 ئیسرائلی و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون.

هاوڵاتی  میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوو هونەرمەند کە هاوسەری یەکترن لە ماڵەکەی خۆیان  لە کەرەج بە چەقۆ کوژران. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان شەوی شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، داریووش مێهرجوویی هونەرمەند و سینەماکاری ناوداری ئێرانی و وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و فیلمنامەنووس لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج بە چەقۆ کوژراون. میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، تەرمی ئەم ژن و مێردە هونەرمەندە لە ڤیلاکەی خۆیان لە کەرەج دۆزراوەتەوە. محەممەد مێهدی عەسگەرپوور، بەرێوەبەری ماڵی سینەمای ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، هەواڵی کوشتنی داریووش مێهرجوویی و هاوسەرەکەی وەحیدە محەممەدی فەڕی لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج پشتڕاستکردەوە. وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و هاوژینی داریووش مێهرجوویی، چەند مانگ لەمەوپێش لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند کەسێک هاتۆتە ماڵەکەیان و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردووە. وەحیدە محەممەدی فەڕ هەروەها نووسیبووی ماوەیەک لەمەوپێش هاتوونەتە ماڵیان و مۆبایل و لاپتۆپەکانیان دزیوە و دوو سەنتووریش کە ناو و رەسمی بەهرام رادان و داریووش مێهرجوویی لەسەر بووە درزاوە. نووسەران و چالاکانی کەلتووری ، هەواڵی کوشتنی ئەم سینەماکارە ئێرانەوە لەگەڵ شەپۆلی کوشتنە زنجیرەییەکان بەراورد دەکەن کە لە دەیەی ١٩٩٠ روویدا. رۆژی ٢٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری، لە ماڵی خۆیان لە شەقامی سەعدی لە تاران کوژران. رۆژی ٣/١٢/١٩٩٨ محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ لە پرۆسەی کوشتنە زنجیرەییەکان کوژرا. رۆژی ٩/١٢/١٩٩٨ محەممەد جەعفەر پوویەندە، هاوڕێی محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ ڕفێندرا و چەند رۆژ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.

هاوڵاتی  ئاژانسێکی ئێران بڵاویکردەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کاری هاوبەش دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن. ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا بە سوودانی راگەیاندووە پێویستە دەست بەجێ کار بکرێت بۆ نەهێشتنی گەمارۆی سەر غەززە. لە راپۆرتەکە هاتووە کە ئیبراهیم رەئیسی بە سوودانی وتووە،  "کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە ئامادەیی هەیە بۆ هەر کارێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی." لە راپۆرتەدا باس لەوە نەکراوە کە سوودانی لە کە گفتوگۆکەدا رەزامەندی دەربڕیبێت بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دژی ئیسرائیل. ئیسرائیل گومانی ئەوەی هەیە کە ئێران هەوڵی ئەوە بدات بەرەیەکی نوێ لە جەنگ بکاتەوە دژی ئیسرائیل بەتایبەتی لە لوبنان و سوریاوە. لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی کارێکی لەو جۆرە دەدات. جۆشوا زارکا، بەرپرسی کاروباری ستراتیجی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی پۆستێکی تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس کە باس لە سیناریۆیەکی لەو جۆرە دەکات بە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لەلایەن ئێرانەوە، دەڵێت "بەڵێ ئێرانییەکان بەنیازی" کارێکی لەو جۆرەن. هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو سەرچاوەی ئاگادار و نزیک لە حەشدی شەعبی، بە رادیۆ فەردایان راگەیاندبوو کە رۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم دوای هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەک لە بەغداد لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە بەغداد بەڕێوە چووە. بەرپرسانی ئێرانی لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە ئامادەباشیدا بن و هەروەها داوایان لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کردووە مووشەکەکانیان کە لە کۆگاکاندایە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە شێوەی نهێنی شەقامی سنووری سوریا لەگەڵ پارێزگای ئەنبار بەکاربهێنن بۆ هەر کارێک کە پێویست بکات.

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دووەم کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات وەک بەشێک لە پشتگیرییەکانی وڵاتەکە بۆ ئیسرائیل.  دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا واشنتن کەشتیگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست کرد، بڕیارە کەشتی فڕۆکە هەڵگری دوایت د.ئایزنهاوەر رەوانەی هەمان ناوچە بکات وەک گەیاندنی پەیامێک بۆ پشتگیرکردنی لە ئیسرائیل.  لەوبارەیەوە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵەکانمان بۆ رێگرتن لە کاری دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل یان هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی ئەم جەنگەی ئێستا هەیە." بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، کەشتی فرۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر موشەکی کروز و ئاراستەکراوی هەڵگرتووە و توانی هەلگرتنی 60 فڕۆکەی جەنگی هەیە و رۆژی هەیینی لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتووە. کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری جێڕاڵد ئار فۆرد کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراستە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە.

هاوڵاتی لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌كانى فه‌ڵه‌ستین ئاشكرایان كردووه‌، ئیسرائیل داواى چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كانى غه‌ززه‌ و باكوورى كه‌رتى غه‌ززەی‌ كردووه‌ ووەزیرى تەندروستى فەڵەستینیش، داواى بەهاناوەچون لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکان دەکات بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان. دوێنێ هەینی (13ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) ئیسرائیل داواى له‌ دانیشتوانى باكوورى كه‌رتى غه‌ززه‌ كرد ماڵه‌كانیان به‌جێبهێڵن و بچنه‌ ناوچەکانی باشوورى غەززە کە بە "وادی غەززە" ناسراوە. هاوکات  له‌ هه‌شته‌م رۆژى جەنگی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس له‌ كه‌رتى غه‌ززه‌، كارگێڕى نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌لعه‌وده‌ى حكومى له‌ باكوورى غه‌ززه‌ ئاشكراى كرد، ئه‌مڕۆ په‌یامێكى فه‌رمیان له‌ سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ بۆ چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌گشتى بە‌ بریندار و نه‌خۆشه‌كانیشەوە. سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ى قودس له‌ شارى غه‌ززه‌ كه‌ سه‌ر به‌ مانگى سوورى فه‌ڵه‌ستینییه‌ ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزه‌كانى ئیسرائیل هۆشداریان پێیانداوه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ چۆڵبكه‌ن" لەم پەیوەندەدا مای سالم ئەلکایلا، وەزیرى تەندروستى فەڵەستین، داواى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەهانایانەوە بچن بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان و کارمەندانى تەندروستى و چارەسەرکردنى بریندارەکان، دەشڵێت: لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا 15 نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و دوو نەخۆشخانەش بەهۆیەوە کارەکانیان وەستاوە. هەروەها وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌ڵه‌ستین رایگەیاند، هێرشه‌كانى ئیسرائیل وایكردووه‌ نه‌خۆشخانه‌ى دوڕەى منداڵان چۆڵبكرێت، دوای ئه‌وه‌ى به‌ بۆمبى فۆسفۆرى هێرشى كرایه‌ سه‌ر،ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش دووه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ دوای نه‌خۆشخانه‌ى بەیت حانون. ئاشکراشى کرد، 28 کارمەندى پزیشکى کوژراون و دەیانى دیکەش برینداربون، هەروەها 23 ئامبوڵانس زیانیان بەرکەوتووە. لە دوێنێوه‌ دواى په‌یامەکەى سوپای ئیسرائیل، دانیشتوانى كه‌رتى غه‌ززه‌ بە لێشاو ناوچەکانیان چۆڵ کرد، بەڵام شایه‌دحاڵه‌كان بە میدیاکانیان راگەیاندووە، ئه‌مڕۆ شەممە چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززە‌ كه‌متر بووەته‌وه‌. لە بەرامبەر ئەوەشدا، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا ئه‌و هۆشداریه‌ى سوپای ئیسرائیلیان ره‌تكرده‌وه‌ و جەختیان کردووەتەوە، چۆڵکردنی ماڵەکانیان لەلایەن زیاتر له‌ یەک ملیۆن كه‌سەوە له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێر مه‌حاڵه‌. هەروەها هه‌ر یه‌كە لە قاهیره‌، ریاز و عه‌ممان ئه‌و هۆشداریه‌ى ئیسرائیل به‌ هه‌نگاوێكى مه‌ترسیدار ده‌زانن. لەبارەى نوێترین ئامارى قوربانیانى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە، وەزارەتى تەندروستى فەڵەستین ئاماژەى بەوەکردووە کە ژمارەى کوژراوان گەیشتووە بە دو هەزار و 215 کەس و هەشت هەزار و 714 کەسیشش برینداربون. .  

هاوڵاتی ئاژانسی فرانس پڕێس ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تا ئێستا لانیکەم ٣٢٤ فەلەستینی کوژراون و هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.  بەگشتی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی  حەماس لە شەممەی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل و  دەستپیکردنی جەنگەکە  دوو هەزار و ٢١٥ فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون. هاوکات بەگوێرەی دواین ئاماری سەرچاوە فەرمیەکانی ئیسرائیلس لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماسەوە، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٢٧ کەسیش برینداربوون.  ئەمەس لەکاتێکدایە کە  باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد 'ئاگربەستی مرۆیی' لە کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، هاوکات ئەمریکاش بە هۆکاری بەردەوامی ململانێکان دەزانێت. چاوەڕوان دەکرێت زیانەکان لە کەرتی غەززە زیاتر ببن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی باکووری غەززە کرد کە بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن و ئەگەری مەترسی هێرشی زەمینی بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە هەیە. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە و نزیکەی چوار هەزار خانوو لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون.  نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن. نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە. هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.