هاوڵاتی  جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئامانج لێی پەکخستنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بووە و ریاز بەنیازبووە دان بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا بنێت. سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا لەسەر ئامانجی هێرشەکەی حەماس، کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجامیدا، وتی، "یەکێک لەو هۆکارانەی حەماس بەرەو ئیسرائیل جوڵا ئەوەبوو دەیانزانی کە من نزیک بووم لەوەی لەگەڵ سعودیەکان دابنیشم، سعودییەکان دەیانویست دان بە ئیسرائیلدا بنێن." تا ئێستا لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی لەساڵی 2020 بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە ئەوانیش ئیمارات، بەحرەین، سودان، هەروەها مەغریبن. سعودیە لەم رێککەوتننامەیەدا بەشداری نەکرد و دەڵێت ئامانجی بەدیهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین سەرەتا دەبێت باسی لێوە بکرێت. هەفتەی رابردوو بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تەلئەبیب کرد دوای هێرشەکەی حەماس و وتی کە ئەگەری رێککەوتن "هێشتا زیندووە، بەڵام کاتی دەوێت." لەساڵی 1947 سعودیە دژی بەشکردنی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی دا و ساڵێک دواتریش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا هەردوو وڵات هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسییان نەبووە و سعودیە دانی بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا نەناوە.

هاوڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە" توندوتیژی لە غەززە باجەکەی لەلایەن خەڵکی بێ تاوانی مەدەنییەوە دەدرێت"، داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات. محه‌ممه‌د بن سه‌لمان، شازادەی جێنشینی سعوودیه‌ له‌میانی وتارێكی له‌ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی كه‌نداو و باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا كه‌ له‌ سعوودیه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت وتى: داوا ده‌كه‌ین ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی به‌گوێره‌ی سنووری ساڵی 1967 دابمه‌زرێت. جەختیشی کردەوە، "ئێمە بەهەمو شێوەیەک و بە هەر بیانویەک بە ئامانجگرتنی هاوواتیانی مەدەنی ڕەتدەکەینەوە، ئه‌وه‌ تاوانێکی قێزەون و هێرشێکی دڕندانەیه‌". محەمەد بن سەلمان جەختی لە "پێویستی ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی غه‌ززه‌ كرده‌وه‌، کە کار لە ژیانی ڕۆژانەیان دەکات"، ئاماژەی بەوەدا "پێویستی راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و رەخساندنی هەلومەرجێک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی گرنگه‌ به‌جۆرێك کە گەرەنتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بکات بەپێی سنورەکانی ساڵی 1967". ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.  ئه‌مڕۆ له‌ ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌، لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌ به‌شداری 10 وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.  

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی غەززە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرش کراوەتە سەر کەنیسەی پۆرفۆرییەسی ئۆرسۆدۆکسەکان لە شاری غەززە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک شەهید و برینداربوون". بەرپرسانی غەززە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکە کوژراو و برینداربوون ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 500 ئاوارە لە کەنیسەکەدا نیشتەجێ کرابوون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ده‌یان له‌و کەسانەی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە و برینداربون هێشتا لە ژێر داروپەردوی ڕوخاودان و تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنیش هەوڵی دۆزینەوەیان دەدەن. هاوکات لەگەڵ بەردەوامبونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و هەڵدانی موشەک لە غەززەوە، ژمارەی کوژراوان بەردەوامە لە بەرزبونەوە.رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان لە شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیلدا گەیشتووەتە چوار هەزار کەس و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپباران و مووشەکەکانی حەماسەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 403 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 800 کەسیش بریندارن. ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند. 

هاوڵاتی .ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەدرۆن و مووشەك هێرشی سەر بنكەی عەین ئەسەد كراوە لەخۆرئاوای عێراق هاوكات سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، لە یەمەنەوە بە مووشەك هێرشكراوەتە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمریكا. به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی، ئه‌مشه‌و ژماره‌یه‌ك موشه‌ك ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار كراون، تاوه‌كو ئێستا زه‌ره‌ر و زیانه‌كان نه‌زانراون. سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكرد، ده‌ستبه‌جێ له‌دوای كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی موشه‌كه‌كان له‌ سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د، هێزێكی تایبه‌تی فه‌رمانده‌یی جه‌زیره‌ و بادیه‌ و لیوای 29ی فیرقه‌ی حه‌وت به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردوه‌.  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌روازه‌كانی چونه‌ ژوره‌وه‌ی ناحیه‌ی به‌غدادیه‌یان داخستوه‌ و هه‌ڵمه‌تی پشكنینیان ده‌ستپێكرد، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، توانیویشیانه‌ سه‌كۆی هه‌ڵدانی موشه‌كه‌كان بدۆزنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دو موشه‌ك كه‌ به‌نیازبون ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دی بكه‌ن". ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی دوو رۆژە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و هەرێمی کوردستان روبەڕوی هێرش دەبنەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە گروپێک بەناوی به‌رخۆدانی ئیسلامی له‌ عێراق به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی ته‌نه‌فی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ عێراق و سوریای ڕاگه‌یاند، كە دو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خراوەتەخوارەوە بەبێ ئەوەی ئامانجەكەی بپێكێت. دوێنێ چوارشه‌ممه‌ش فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا ورده‌كارییه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆ سه‌ر بنكه‌كانی عه‌ین ئه‌سه‌د و هه‌ریر له‌ عێراق راگه‌یاند و باسی له‌وه‌شكرد، "هێزه‌كانمان وه‌ڵامی دو درۆنیان داوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕۆژئاوای عێراق و یه‌كێكیان له‌ناوبردوه‌، هه‌روه‌ها زیانی گیانی كه‌م له‌نێو هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا هه‌بوه‌، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سێه‌میشیان له‌هه‌رێمی كوردستان خستۆته‌خواره‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی هه‌بێت".

ئا: رادیۆ فەردا لەفارسییەوە: هاوڵاتی هێرشی کوتوپڕی هەفتەی رابردووەی حەماس و دەرئەنجامی ئەو هێرشە، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کە پەرچەکرداری زۆری لە ناوچەکەو دونیا لێکەوتەوە، کاریگەریشی دروست کردووە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیل. دەرکەوتەی ئەم کاریگەری دانانە، پێکهێنانی کابینەی یەکێتی نەتەوەییە بەبەشداری ژمارەیەک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگری دەوڵەتی بێنیامین ناتانیاهۆ. جگە لەمە لەم ماوەیەدا و دوای دەستپێکی جەنگ، کۆمەڵێک رەخنە هاتووەتەسەر دەوڵەت لەسەر ئاستی ئامادەیی دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل بەوەی ئامادەییان نەبووە کە هێرش کراوەتە سەریان. پرسی جۆرو ئاستی پشتیوانی ئێران لەحەماس لەم هێرشەدا، یەکێکی ترە لەپرس و بابەتە گرنگ و رۆژەڤەکانی میدیاکان لەهەفتەی رابردوودا. ژمارەیەک لەم پرسانە لەگەڵ ئۆهۆد ئۆلمیرت سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، لەم وتووێژەدا هاتۆتە بەرباس و راو بۆچوونی لەم بارەوە وەرگیراوە. سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئیسرائیل لەم وتووێژە کە لەگەڵ رادیۆ فەردا کراوە، وەڵاپی پرسیارەکانی پەیامنێری رادیۆ فەردا دەداتەوە دەربارەی هێرشی حەماس و پەرچەکرداری ئیسرائیل و لای وایە حەماس بەبێ پشتیوانی ئێران نەیدەتوانی وەها چالاکییەک بکات، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشەی حەماس. رادیۆ فەردا: سوپاست دەکەم بەوەی کاتی خۆتان پێمان بەخشیوە. لەئێرانەوە دەستپێبکەین. تۆ پێشتر « حەماس و حزبوڵڵای لوبنان»ت وەک « باسکی درێژکراوەی ئێران» لەباشوورو باکووری ئیسرائیل ناوبردووە. لات وایە هێرشی ئەم دواییانەی حەماس، بەئاماژەی تاران بووە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: تۆ ئەزانی ئێمە پێش ئەم تاوانەی حەماس، ئاگامان لێ نەبوو کەوەها پلانێکیان هەیە. کە وایە ئەگەر لووتبەرزانە بانگەشەی ئەوە بکەین جگە لەوەی دەزانین چۆن ئەم کارەیان کردووە، بەڵکو تەنانەت دەشزانین کێ ئاماژەی پێداون و هێرشەکە چۆن کراوە، تاڕادەیەک زێدەڕۆیی دەکرێت. ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە ئەو لایەنەی کە رێپیشاندەری حەماسە، پارەو چەک و چۆڵ دەدات پێیان، ئێرانە. ئەم هێرشە، چالاکییەکی زۆر گەورە بوو کە دەکرێ دەرئەنجامی زۆر بەرفراوانی ببێت، زۆر بەرفراوانتر لەناوچەی غەزە. کەوایە لام وایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران دەستی بووبێت لەپلاندانانی ئەم هێرشەدا. جا ئەوەی ئێران مۆڵەتی دابێت ئەم هێرشە لەم کاتە دیاریکراوەدا بکرێت، یان نا. نازانرێت. بەڵام هیچ گومانێکم نییە بەبێ پشتیوانی ئێران، حەماس ناتوانێت وەها هێرشێک بکات. نە پارەی ئەم هێرشەی هەیە، نە چەک و چۆڵ، نە پشتیوانی لۆجستیکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی وەها هێرشێک، کەئەمانە زۆر گرنگ و پێویستن. بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرزنرخاندنی ئەم هێرشەو پیرۆزبایی پێ وتنی ئەم هێرشە لەلایەن ئیرانەوە کەوەک سەرکەوتن بۆ حەماس چاوی لێدەکات، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، زۆر زوو و بەشێوەی ئاشکرا رایگەیاند ئەم چالاکییە، کاری خودی گرووپە فەلەستینییەکان بووە. لەڕاستیدا رەنگە بەجۆرێک هەوڵیدابێت بەم پەیامە، کۆماری ئیسلامی دووربخاتەوە لەم هێرشە. لەلایەکی ترەوە هەندێ لەلێکدانەوە ئەمریکاییەکان ئاماژەن بەوە ئێرانییەکان بێئاگابوون لەم هێرشە. ئەوی راستی بێت من جۆرێکی تر بیر دەکەمەوە. لام وایە ئەمریکا لەگۆشە نیگایەکی ترەوە- هەڵبەت تێدەگەم لەمەبەستیان- بۆ بابەتەکە دەڕوانێت، دەیەوێت پرسەکە لەم ناوچەیەدا سنووردار بکات و بەر بەئەگەرەکانی تەشەنەسەندنی بگرێت، شتێک کەڕەنگە دەرئەنجامی زۆرترو جددیتری بۆ کۆی ناوچەکە لێبکەوێتەوە. کەوایە باشترین کار کەئەمریکییەکان دەیانتوانی بیکەن ئەوەبوو کەهێزەکانیان بگوازنەوە بۆ سنوورەکانی نزیک ئیسرائیل و لوبنان و لەسەر ئەو باوەڕەم، بەم شێوەیە ئەو پەیامەیان گەیاندە حزبوڵڵا و ئێران کەئێمە لێرەین و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر هەر کەسدا کە بیەوێت بێتە ئەم جەنگەوە دەوەستینەوەو بێدەنگ نابین. لەلایەکی ترەوە، هەموو هەوڵیان ئەوەیە تا ئەو جێگەی بۆیان دەکرێت دۆخەکە ئارام بکەنەوە. کەوایە دەبێ بەپێی ئەو دۆخەی هەیە ئەو قسانە تەفسیر بکرێن و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت. رادیۆ فەردا: گریمان، ئیسرائیل یان هاوپەیمانەکانیان کۆمەڵێک بەڵگەیان دەستبکەویت کەئەوە بخاتەڕوو ئێران راستەوخۆ لەم هێرشەدا دەستی بووە، ئاخۆ ئێسرائیل دەبێ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە پێویست بکات ئیسرائیل راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە. لام وا نییە ئەم کارە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بێت. تەنها دەتوانم بڵێم ئەمریکاییەکان هاوکارمانن بەوەی بتوانین قەیرانەکە لەباری فیزیکییەوە لەناوچەیەکی بچووکتردا سنووردار بکەین، واتە ئیسرائیل و غەزە، وا نەبێت کە بەربڵاوتر بێت. لەلایەکی ترەوە ناکریت ئەم راستییە لەبەرچاو نەگرین بەبێ پشتیوانی ئێران، حزبوڵڵاو حەماس، لانیکەم توانا، چەک و چۆڵ، کەرەستە و پارەی پێویستیان نییە بۆ وەها هێرشێکی گەورە. ساڵی ٢٠٠٦، ئەو دەمەی سەرۆکوەزیران بووی، دەبوایە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی جەنگی دووهەمی حزبوڵڵا رووبەڕوو بایەتی، جەنگێک کەوەک یەکەم جەنگی نوێنەرایەتیکردنی ئێران و ئیسرائیل دەناسرا. هەرچەن لایەنەکانی ئەو جەنگە، لەم جەنگەی ئێستا زۆر بچووکتر بوو، بەڵام بوو بەهۆی ئەوەی بەوە تۆمەتبار بکرێی کە بەخراپە کارگێڕی جەنگت کردووە. ئەودەم، تۆ باست لەئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردبوو... یەکەم ئەوەی ئەو رووداوە ١٧ ساڵ لەوە پێشبوو. دووهەم ئەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئێستا زۆر جیاواز بوو، لاموایە ئێمە بەڕاستی هیچکات نەماندەویست راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچینە جەنگەوە. ئەودەم هێرشمان کردەسەر حزبوڵڵا، لەڕاستییدا ئەمە وەڵامی ئێمەبوو بۆ هێرشەکانی ئەوان. ئەوان ئاڵەنگارییەکیان لەبەردەممان دانا. سەربازە ئیسرائیلییەکانیان دزی. هەشت سەربازی ئیسرائیلیان لەسەرسنوور و لەناو خاکی ئیسرائیل کوشت. کەوایە چارەیەکمان نەبوو، ئەبوایە کارێکمان کردبا. بەڵام ئیسرائیل زۆر بەتوندی وەڵامیدانەوە، کە لام وابوو وای لەحزبوڵڵاو لەپلەی یەکەمدا ئێران کرد، واز لەوە بهێنن کارێکی زیاتر بکەن و بیر لەهەنگاویتر بکەنەوە. ئەمە راستییەکە حزبوڵڵا لە ١٧ ساڵی رابردوودا، تەنانەت یەکجاریش نەبووە فیشەکێک ئاراستەی سنوورەکانی ئیسرائیل بکات، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی دروستبووە، تەنها تەقەی لەدامەزراوە سەربازییەکان کردووە. زۆر وریابوون و ئاگایان لەوە بووە تەقە لەناوەند یان تاکە مەدەنی و ناسەربازییەکان نەکەن، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن دەستبەجێ و زۆر بەتوندی لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵام دەدرێنەوە. کەوایە ئەو وەڵامەی ئێمە لە ٢٠٠٦، تەنها پەیامێک نەبوو بۆ حزبوڵڵا، بەڵکو بۆ ئێرانیش بوو. رادیۆ فەردا: وەک وتت، ١٧ ساڵ تێپەڕیوە، ئێستا هێرشی حەماس، زۆر کەس و لایەنی لەکون و قوژبنی دونیا- تەنانەت لەخودی ئیسرائیلش- شۆک کردووە. ئاسان نییە بڕوا بکرێت بەوەی وەها رووداوێک لەبەر لووتی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرایل روویداوە. لات وایە کێشەکە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: خۆزگە دەمزانی. دڵنیانیم وەڵامەکەی بزانم. لام وایە هێشتا زووە. بەڵام شتێک بەتەواوی روون و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە شکستمان هێناوە. مەبەستم ئەوەیە لەباری سەربازییەوە شکستمان هێناوە. خەڵک بەوپەڕی بوێرییەوە دەجەنگن. ئەو کەسە مەدەنیانەی کە لەناو ئەم هێرشەدا گیریان کردبوو، وەها جەنگان و وەستانەوە کە دەبێ لەمێژووی ئیسرائیلدا تۆمار بکرێت. زۆر کەس مردن. زیاتر لەهەزارو ٤٠٠ کەس بوون بەقوربانی. ئەستەمە بڕوا بەمە بکرێت و بەبێ ئەوەی هەڵەیەک کرابێت و شکستێکی سەربازی روویدابێت، ئەمە رووبدات. بەڵام دەبارەی خودی ئەم هەڵەیە، ئەوەی کەچۆن ئاگامان لێی نەبووە، یان ئەوەی چۆن نەمانتوانیوە نیشانەیەک لەجووڵەکانی حەماس ببینین و بەدروستی تەفسیری بکەی، ئەمە ئەو شتەیە دەبێ لێی بکۆڵینەوە. شتێک کەئێستا دەتوانین بیڵێین ئەوەیە، زۆر لووتبەرز بووین. تواناکانی حەماسمان بەکەم زانی. لامان وابوو، دەی باشە چییان لەدەست دێت؟ جا چییان هەیە؟ جا ئەوێرن تەنانەت بیر لەوەبکەنەوە باشووری ئیسرائیل داگیربکەن؟ ئەویش لەبەرامبەر ئیسرائیلی بەهێزدا. لام وایە ئەمە جۆرێک لێکدانەوەی هەڵە بوو بەهۆی خۆبەزلزانین و لووتبەرزی بێ جێی ئێمەوە. بەڵام ئەم هەڵانە نابن بەوەی دەرئەنجامی کۆتایی ئەم جەنگە دیاری بکەن. ئەنجامی ئەم جەنگە زۆر قورس و خوێناوی دەبێت بۆ حەماس. هەموو شوێن دەگەڕێین. ژێر دانە بەدانەی بیناکانی غەزە دەپشکنین و رێبەرەکانی حەماس دەدۆزینەوە. ئەمەم لێوەربگرن. یەک بەیەکیان دەگرین. گومانتان نەبێت . رادیۆ فەردا: هەر دوێنێ، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا ناسەرکەوتوو بووە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییەکانی. ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە لەباری سیستەمی زانیاری و موخابەراتەوە کێشەیەکمان ببێت. مەبەستم ئەوەیە لەباری تەکنیکی یان سایبێرییەوە کێشەیەکمان ببێت. ئێمە دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. نەک تەنها لەغەزە، بەڵکو تا دڵی ئێران، وڵاتانی ترو تەنانەت دڵی حزبوڵڵا، دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. بەڵام وەک چۆن پێم وتی، خۆبەزلزانین و بەکەم زانینی دژومن وایکرد تووشی کێشە بین. ئەویش بەناخۆشترین و تراژیترین شێوە. رادیۆ فەردا: ژمارەیەک لەلێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن، دروستکردنی شارۆچکە جوو نشینەکان، کێڵگە هاوبەشەکان، یان رێکخستنی کۆنسیرت لەنزیک سنوورەکانی غەزە، کارێکی هەڵەیەو تەنانەت هاندەریشە بۆ حەماس. رای تۆ چییە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: کێشەکە لێرە جیاوازە. یەکەم ئەوەی سەرجەم ئەم شارۆچکە جوو نشینانە، زۆر پێشتر لەپاشەکشەی ئێمە لەغەزە، هەر بوونیان هەبووە، ساڵانێکی پێشتر. بۆ وێنە کێڵکەی هاوبەشی ( بێئری) کە لەم هێرشەدا زۆرترین زیانی بەرکەوت، ساڵی ١٩٤٦ دروستکرداوە، لەدۆخێکی تەواو جیاوازدا. وانییە. نزیکبوونی فیزیکی بەعەرەب و فەلەستینییەکان، خۆی لەخۆیدا، کێشەی نییە، بەو مەرجەی ئەوان شەڕخواز نەبن و بەدوای جەنگەوە نەبن. ئەگەر بەدوای جەنگیشەوە بن و شەڕخواز بن، ئێمە دەبێ ئەوەنە بەهێزبین بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین. هیچ پاساوێک نییە بەوەی بتوانین بەهەموو هێزمانەوە بەرگری لەو شتانە بکەین. دەبێ بەباشی لێکۆڵینەوە بکرێت دەربارەی ئەو شتەی روویداوە. بەڵام کاتێک باسی نزیکی بەغەزە دەکرێت، دەی خۆی نزیک بە دوو میلیۆن هاووڵاتی عەرەب لەناو سنوورەکانی ئیسرائیلدان. دووری ئیسرائیل لەگەڵ سنوورەکانی کەرتی رۆژئاوا، زۆر کەمترە لەمەودای ئیسرائیل لەگەڵ غەزە، دەی خۆ دانیشتوانی کەرتی رۆژئاواش فەلەستینین. بەڵام بەپێچەوانەی حەماس و غەزە بەدوای ئەوەوە نین کردەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن. کەوایە هیچکام لەم فاکتەرانە، وەڵامێک نین بۆ ئەم دۆخە. ئێمە باسی رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش، ئەلقاعیدەو تاڵیبان دەکەین. ئەم رێکخراوانە، هیچ پەیوەندییەکیان بە اشتی لەگەڵ دیترانەوە نییە. نایانەوێ سازش و وتووێژ بکەن. تەنها دەیانەوێ تێکی بشکێنن، سەرببڕن، دەستدرێژی بکەن، تاوان بکەن. هەر ئەو کارەی لەئەفغانستان، پاکستان و ئێران کردیان. ئیستا دەیانەوێ ئەمکارە لێرە بکەن. تەنها جیاوازییەکەی ئەوەیە لێرە وەڵامێکیان پێدەدرێتەوە تێکیان دەشکێنێت، لەناویان دەبات. دڵنیات دەکەمەوە وایە. رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر دەوڵەتی یەکێتی نەتەوەیی و کابینەی دۆخی ناکاوو کوتووپڕ؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە یەکگرتنی ئەم دوو دەوڵەتەو ئەندامیەتی گانتێزو ئایزنکۆت، دوو کەس لەفەرماندە باڵاکانی پێشتری سوپا، وەڵامێکە بۆ خواستێکی پۆپۆلیستی. ئیسرائیلییەکان و لەڕاستییدا خەڵک لەهەموو شوێن، نەک تەنها ئیسرائیل، جۆرێک ناوەندگەرایی هێزیان پێ خۆشە، لەبەرئەوەی هەستێکی باشتریان پێدەبەخشێت. من لام وانییە ئەم دەوڵەتە کەڵکێکی ئەوتۆی ببێت. لام وایە ئەوان لەدەرەوەی دەوڵەتیشەوە ئەگەر پێویست بکات دەتوانن راوێژ بەسەرۆک وەزیران بدەن. لاموایە پێکهاتنی ئەم دەوڵەتە رەنگە ببێت بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان زۆر زیاتر بباتەسەر لەپەیوەند لەگەڵ چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل. ئەودەم ئەگەر وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵک نەدرێتەوە، رەنگە دەرئەنجامی زۆر قورستری هەبێت لەسەر کۆمەڵگاو دەروونی خەڵک. رادیۆ فەردا: رات چییە دەربارەی ستراتیژی نوێی دەوڵەت؟ مەبەستم گەمارۆی تەواوی غەزەیەو ئەوەی کەدەوڵەتی ناتانیاهۆ باس لەوەدەکات دەیانەوێ حەماس بەتەواوی لەناو ببەن و رێبەرەکانیان بکوژن و رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دابڕێژن. لات وایە وەها بانگەشەیەک جێبەجێ دەکرێت و گونجاوە، یان تەنها قسەی سیاسین؟ هاوڕای لەگەڵ سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: سەرەتا ئەوە بڵێم، من هیچکات نەموتووە سەرجەم ئەندامانی حەماس دەکوژین و ئەم رێکخراوەیە بەتەواوەتی لەناودەبەین. من وام نەوتووە. بەو شێوەیە بیرم نەکردووەتەوەو لام وانەبووەو نییە کەدەکرێت ئەم کارە بکرێت. ناتانیاهۆ ئەم قسانە دەکات، ئەوەیش دەرئەنجامی دەستەوەستانبوون و شکستی ئەوە. ئەوەیش بەهۆی شۆک و گوشارێکەوەیە کە نەک تەنها لەلایەن رای گشتی ئیسرائیلەوە، بەڵکو بەتایبەت لەلایەن ژمارەیەک لەپشتیوانەکانیەوە لەسەریەتی. ناتانیاهۆ ساڵی ٢٠٠٩ کە بوو بەسەرۆکوەزیران، بانگەشەی ئەوەی کرد گرنگترین کاری ئەوە دەبێت کەحەماس لەناوببات، بەڵام بەکردەوە هاوکاری حەماسی کرد. ئەویش بە بەهای تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی فەلەستینی بەڕێبەری مەحمود عەباس. کە وایە لام وایە قسەی لەمجۆرە، کۆمەڵێک بانگەشەن کە دەبن بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان بچنە سەرەوە، زۆر ئەستەمە جێبەجێ بکرێن. لام وانییە پێویست ناکات بوترێت هەموو شت لەناودەبەین. دەبێ ئەوەی پێویستە و لەدەستمان دێت جێبەجێی بکەین. ئەویش بەباشترین شێوەو بەکەمترین تێچووەوە بۆ ئیسرائیل. لام وانییە وەها قسەکردنێک بەهێزترین کەرەستە بێت کە لەبەردەستمانە. بەهێزترین کەرەستە و ئامرازی بەردەستمان، بوێری و بەهێزی ئەرتەشەکەمانە. رادیۆ فەردا: پرسی چارەنووسی بەبارمتەگیراوەکان، لەئێستادا یەکێکە لەو باسانەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت. ئاخۆ سیناریۆیەک هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی گیلعاد شەلیت(1) لەئارادایە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: نازانم چی بڵێم. لەبەرئەوەی لاموایە دۆسیەی گیلعاد شەلیت، هەڵەیەکی گەورە بوو لەباڵاترین ئاستی ئاسایشی نەتەوەییدا روویدا. هەڵەیەک کە رەنگە تۆوی ئەو کارەساتە بێت کە لەتشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا. لەبەرئەوەی سەرجەم رێبەرانی ئێستای حەماس، لەلایەن ناتانیاهۆوە وەک بەشێک لەو رێکەوتنە ئازادکران. ئەودەم باس باسی سەربازێکی ئیسرائیلی بوو. ئێستا خەریکین باسی نزیک بە ١٥٠ بارمتەگیراو دەکەین. چیرۆکەکە زۆر جیاوازە. نازانم چی بڵێم و تەنانەت ئەگەر ئایدیایەکیشم هەبێت باشتر وایە بەشێوەی ئاشکراو گشتی باسی نەکەم و لەشوێنی خۆی، بەبێدەنگ، لەپشتی پەردەوە، هەر کارێک پێویست بێت بیکەم. نەک ئەوەی هەندێ قسە بکەم کە ببێت بەهۆی هاندانیان، ئەو قسانەی کە لەوەها دۆخێکدا دەکرێن. رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر داهاتووی ناتانیاهۆ؟ دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، یان ئەم رووداوانە کۆتایی کاری ئەوە؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: ناتانیاهۆ تەواو بووەو بووە بەبەشێک لەمێژوو. لەئێستادا بەشێوەی فەرمی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام کاتی ئەوەیە بڕوات، دەرفەتێکی کەمی لەبەردەمە. رادیۆ فەردا: لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی تۆدا، نزیک ببوونەوە لەڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ مەحمود عەباس، بۆ جێبەجێکردنی رێگاچارەی دوو وڵات. دەکرێ بڵێین ئەمە هی دوو دەیە لەوەپێش بوو. ئێستاش باوەڕت بەو رێگەچارەیە هەیە؟ لات وایە ئەگەرێک هەیە بەوەی جێبەجێ بکرێت؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: هیچ جێگرەوەیەکی تر بۆ رێگاچارەی بوونی دوو وڵات، بوونی نییە. من ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەبوو مازن هەیە. هەڵبەت مەبەستم ئەم رۆژانەی دوایی نییە، بەڵام تا ئەم دواییانە هەر پەیوەندییەکی بەردەوامم لەگەڵی هەبوو. ئامانجمان داڕشتنی بەرنامەیەکە لەسەر بنەمای ئەو شتەی کەساڵی ٢٠٠٨ پێشنیارم کردبوو. ئەو شتەی کە لام وایە بەلای هەردوو لایەنەوە پەسەندکراوە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی روویداوە، وەک ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک باس بکرێت. لەبەرئەوەی ئێستا رێکخراوی فەلەستینی و مەحموود عەباس، ئەو دەرفەتەیان لەبەردەمە رووخسارێکی جیاواز لەفەلەستینییەکان بخەنەڕوو و نیشانی بدەن. هیچ بژاردەیەکی تر نییە جگە لەوەی دوو وڵات بوونیان هەبێت. رادیۆ فەردا: هیچ پەیامێکی راستەوخۆت هەیە بۆ حکومەت و خەڵکی ئێران؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە تەنها پەیامێک کە دەتوانم بۆ ئەوانم هەبێت ئەوەیە نالۆژیکیانە ئەو کارتانەی بەدەستانەوەیە بەکاری مەهێنن. شەممەی رابردوو سەرکەوتنێکتان هەبوو. بەڵام ئێستا وەڵامی قورس دەبینن لەلایەن ئیسرائیلەوە. دۆخەکە لەوەی کەهەیە خراپتر مەکەن. لەبەرئەوەی ئەنجامێکی زۆر خراپ و تراژیک و خوێناوی دەبێت بۆ هەرکەس کە بیەوێت دۆخەکە خراپتر بکات. رادیۆ فەردا: ئەی بۆ خەڵک؟ ئۆهۆد ئۆلمیرت: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکی ئێران نەبووەو نییە. زۆرن ئەو ئێرانیانەی پشتیوانی لەخەڵکی ئیسرائیل دەکەن و ئەو دەمەش جووە ئێرانییەکان هێشتا لەوە ئەژیان، پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە. ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێران لەجەنگدا نین. جەنگ و شەڕی ئێمە لەگەڵ ئایەتوڵڵاکانە، لەگەڵ ئیسلامگەراو توندڕەوەکانی ناوخۆی ئێرانە. بەدڵنیاییەوە خەڵکی ئێران جیاوازن. رادیۆ فەردا: ئۆهۆد ئۆڵمێرت، زۆر سوپاس بەو کاتەی کەپێت بەخشین. 1-(گیلعاد شەلیت): رۆژنامەنووسی وەرزشی‌و پلەی عەریفی هەبوو لەسوپای ئیسرائیل، ٢٥/٦/٢٠٠٦ لەنزیک سنوورەکانی غەزە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراو دوای ٥ ساڵ زیندانی بوون بەرامبەر بەئازادکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل ١٠٢٧ زیندانیی فەلەستینی ئازاد کرد  

هاوڵاتی  لە نەتەوە ئەکگرتووەکان ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە بە شێوەیەکی کاتی تا بتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت بە فەڵەستین و دەڵێت پرۆژەیاساکە جەختی لە مافی ئیسرائیل نەکردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.  رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوویەوە و تاووتوێی پرۆژەیاسایەکی بەرازیل کرا کە تێیدا "ئیدانەی" هێرشەکەی رۆژی ٧ی ئەم مانگەی حەماسی دەکرد بۆ سەر ئیسرائیل و داوای راگرتنی شەڕی کرد بەشێوەیەکی کاتی تا بتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت بە غەززە.  لەنێو 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە 12 ئەندام دەنگیان بە بەڵێ دا و روسیا و بەریتانیاش دەنگیان بە پرۆژەیاساکە نەدا، تەنها ئەمریکا نارازی بوو و ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاساکەدا. لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج وڵات مافی ڤیتۆیان هەیە و بەتەنها دەتوانن پرۆژەیاساکان هەڵبوەشێننەوە کە ئەوانیش روسیا، بەریتانیا، چین، ئەمریکا، هەروەها فەرەنسان.  تۆماس لیندا گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد کە نوسراوی پرۆژەیاساکە ئاماژەی بە مافی ئیسرائیل نەکردووە کە بەرگری لەخۆی بکات. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و گرژییەکانەوە 1400 ئیسرائیلی و زیاتر لە سێ هەزار فەڵەستینی کە هەزاریان منداڵن کوژراون. ئیسرائیل ئاو و کارەبا و خۆراکی بەتەواوی لە دوو ملیۆن دانیشتوانی غەززە بڕیووە و ناهێڵیت هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە، ئەمە جگە لە بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆ سەر شارەکە.

هاوڵاتی  جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنها تەماشەکەری جەنگ نابێت و هاوشانی ئیسرائیل دەبێت، دەشڵێت، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل "وەک 15 یازدەی سێپتەمبەرە" بۆ وڵاتەکە. لە وتارێکدا سەرۆکی ئەمریکا لەسەر جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل ئێوە بەتەنها نین، ئێمە هاوشانتان دەبین لەم رۆژە تاریکانەدا، ئێمە تەنها تەماشاکەر نابین و هاوشانی ئیسرائیل دەبین ئەمڕۆ و سبەی و بۆ هەمیشە." لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، واشنتن بەتەواوی پشتگیری خۆی بۆ تەلئەبیب دەربڕیووە و تا ئێستاش وەک پیشاندانی هاوکاری دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری جەنگی ناردووە بۆ رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەڵگری زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگین. لەماوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل تا ئیستا سێ هەزار و 300 فەڵەستینی و 1300 ئیسرائیلی کوژراون. تەنها لە هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە کە دوێنێ سێشەممە ئەنجامدرا 500 هاوڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا. فەڵەستین و حەماس،  ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە هێرشەکە و ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەوان هێرشەکەیان نەکردووە.  لەسەر ئەو هێرشە بایدن دەڵێت، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هێرشەکە لەلایەن گروپێکی "تیرۆرستییە"وە ئەنجامدراوە و ئیسرائیل هێرشەکەی نەکردووە. لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس لە 7ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەمریکا وتی، ئەو هێرشەی سەر ئیسرائیل وەک هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر وەسفکراوە بەڵام بۆ دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئیسرائیل وەک 15 یازدەی سێپتەمبەرە و خەڵکی ئیسرائیلی تووشی "شۆک و ئازار و تووڕەیی کردووە، ئێمەش وەک ئەمریکی لەوە تیدەگەین."

هاوڵاتی  جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە رایگەیاند وادەردەکەوێت کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە نەکراوە و لەلایەن لایەنی ترەوە کراوە. شەوی رابردوو هێرشێکی گەورە کرایەسەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە کە تێیدا 500 هاوڵاتی مەدەنی کوژران و سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجام نەداوە، بەڵام حەماس و بەرپرسانی فەڵەستین دەڵین ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە، دواتریش نوێنەری فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەڵگەیان لایە کە هێرشەکە ئیسرائیل ئەنجامیداوە. لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهپۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن رایگەیاند، "زۆر غەمبار و تووڕەم سەبارەت بە رووداوەکە، بە پشت بەستن بەوەی کە بینیومە وا دەردەکەوێت [هێرشەکە] لەلایەن تیمی ترەوە ئەنجامدرابێت نەک ئێوە، بەڵام خەلکی زۆر هەیە کە هێشتا دڵنیا نین، بۆیە دەبێت بەسەر چەندین شتدا زاڵ ببین." هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ پشتگیریکردنی تەواوی واشنتن لە ئیسرائیل و رایگەیاند، پێویستە حەماس لەناوببرێت وەک داعش و نازییەکان.

هاوڵاتی هاوڵاتی باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیاز منصور ئیدانەی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکەی نەخۆشخانەی العەرەبی لە غەززە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهوی بە " درۆزن " ناوبرد بەوەی کە جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا خۆیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. نوێنەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک لە بارەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن گروپێکی جیهادی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بوون  بەڵگەیان هەیە کە  پۆستێکی سڕاوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە ( تویتەر) کە لە لایەن وتەبێژی ناتانیاهۆوە بڵاوکراوەتەوەو دواتر سڕاوەتەوە . ئەو باڵیۆزە دەڵێت، لە پۆستە سڕاوەکەی وتەبێژی سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆدا هاتووە کە ئەوان ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەن بەهۆی ئەوەی بڕوایان وابووە کە بنکەیەکی گروپی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بووە. ڕیاز منصور ناتانیاهۆی بە درۆزن ناوبرد و ڕایگەیاند کۆپییەکیان لە تویتەکە وەک بڵگە لەبەردەستدایە . لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت  وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن چوونکە نەخۆشخانەکان ئامانجن". وتیشی ، هەفتەی ڕابردووش نەخۆشخانەیەکیان کردۆتە ئامانج.   هاوکات لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ وتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان." دانیاڵ هەگاری وتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.

هاوڵاتی به‌رپرسانی ئه‌مەریكا به‌ رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێرشێكیان تێكشكاندووه‌ كه‌ ویستوویانه‌ هێزه‌كانیان له‌ عێراق بكه‌نه‌ ئامانج و هێرشه‌كه‌ له‌رێگه‌ی دوو درۆنه‌وه‌ بووه ‌و پێش ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌یان بپێكن له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ خراونه‌ته‌ خواره‌وه‌. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە  ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەدی عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق. ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ڕەتیان کردەوە بڵێن گومانیان لە کێ هەیە هێرشەکەی ئەنجام دابێت، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە واشنتن لە ئاستی هۆشیاریدایە سەبارەت بە چالاکییەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس. هاوکات له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، گرووپە چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ ئامانجگرتنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مەریكایان ده‌كرد له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی له ‌شه‌ڕی ئیسرائیلدا. ئەم هێرشە درۆنییە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەدوای ئەوە دێت، کە شەوی رابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا  نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە بۆردومانکرا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 500 کەس.  

هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌ رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی فەڵەستین. نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سه‌رۆك وه‌زیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگه‌ی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات به‌گوێری ماڵپه‌ڕی روسیا توده‌ی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدارده‌بن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.

هاوڵاتی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئیسرائیل نەخۆشخانەی مه‌عمه‌دانی لە ناوەندی غەززە بۆردوومانکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کە نەخۆشخانەکان وەک پەناگەیەک بەکاردەهێنن بۆ دورکەوتنەوە لە هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکان بوونە قوربانی.  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 500 كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوونه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌شیان تا ئێستا له‌ژێر داروپه‌ردوودان و رزگار نه‌كراون . ئەم هێرشە بووە هۆی کاردانەوەی وڵآتە عەرەبییەکان بە تایبەتی و جیهانیش هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  ئیدانەی هێرشەکە دەکەن. كاردانەوەكان: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: پێویستە ئەم كارە دڕندانە بێ پێشینەیە لە غەززە رابگیردرێت. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی تاوانەكانی ئیسرائیل بەرامبەر سڤیلەكان هەڵبگرێت. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن : ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌ روو ده‌دات به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییان، تاوانی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژییه‌ و ئیسرائیل لێی به‌رپرسیاره‌. هه‌روه‌ها به‌ پێویستی زانیوه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ راگرتنی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی. هاوكات داوای كردووه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ گه‌یاندنی پێداویستییه‌ مرۆیی و ته‌ندروستییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌.  سەرۆك وەزیرانی فەلەستین: هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی تاوانێكی مەترسیدارە. سەرۆك وەزیرانی كەنەدا: هێرشكردنەسەر هەر نەخۆشخانەیەك كارێكی قەدەغەكراوە. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر هێرشه‌كه‌ به‌ تۆڵه‌سندنه‌وه‌ له‌ هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی ناوده‌بات و به‌ پێویستی ده‌زانێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی یاساشكێنییه‌كانی ئیسرائیل دژ به‌ هاووڵاتییانی فه‌ڵه‌ستینی. تەندروستی جیهانی: سەركۆنەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی دەكەین رۆیتەرز: مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین ئوردنی بەجێهێشت و گەڕایەوە رامەڵا كە بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەگەڵ جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا بەشداریبكات. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ راگه‌یاندراوێكدا داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات‌ به‌رپرسیاره‌تی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانه‌ مرۆییه‌ بكه‌ن و به‌رپرسانی دادگایی بكه‌ن. ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی روویداوه‌ تاوانه‌ و كارێكی دڕندانه‌یه‌ و به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كاتی جه‌نگدا پابه‌ندی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نابێت. كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ ده‌كات و داوا له‌ وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ رێگه‌ له‌و كاره‌ساتانه‌ بگرن. یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ به‌یانێكدا ده‌ڵێت، هێرشكردنه‌ سه‌ر ژێرخانه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی غه‌ززه‌، بابه‌تێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

هاوڵاتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات.   وتەبێژی تەندروستی غەززە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ئیسرائیل نەخۆشخانەی العەرەبی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.  و سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە. تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە.  وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان.  بەهۆی ئەم كارەساتەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین سێ رۆژ ماتەمینی گشتییان راگەیاند. هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس باس لەوە ئەکات، ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە قورسترین هێرشی ئیسرائیل بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە کە زۆرترین کەس تێیدا کوژراون. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە ئەکەن خەریکی تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانەن. دانیەل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتوویەتی :" هێشتا هیچ وردەکارییەکمان لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی ئەو نەخۆشخانە نەگەیشتۆتە دەست. ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی زانیارییەکانین. هەر زانیارییەکی وردمان پێ بگات رایدەگەیەنین. نازانین ئەمە بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بووە یان نا". لە ١١ رۆژی رابردوودا و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەخۆشخانەکان بوون بە پەناگەی دانیشتوانی غەزە. سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەزەی راگەیاندبوو کە باکووری کەرتی غەزە جێ بهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی لە هێرشەکان پارێزراو بن. حەماس داوا لە خەڵک دەکات لە ناو غەزەدا بمێننەوەو بەریان پێ ئەگرێت کەرتی غەزە جێ بهێڵن و خەڵک وەک قەڵغانی ئینسانی بەکار ئەهێنێت.

هاوڵاتی ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بەرزبونەوەدایە و  بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسیفیش، زیاتر لە 700 منداڵ لە كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەستداوە.  رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون. ئەو ڕێکخراوە داواشدەکات  بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە. لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە، لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە تا ئێستە شەڕو پێکدادان بەردەوامەو تا دێت ژمارەی قوربانیانی هەردوو لا بەرزدەبنەوە . وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا، دوو هەزار و 873 كەس كوژراون و زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها نزیكەی 12 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون. هاوکات بەپێی راگەیەندراوێكی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی كوژراون و 258 یان سەربازن و چوار هەزار و 229 كەسی دیكەش بریندارن و هەروەها، 250 كەسیش بەدیلگیراون.

هاوڵاتی  راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەدات بە ئێران و حیزبوڵای ئێران کە خۆیان لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس بەدووربگرن و دەشلیت، پێویستە ئەم جەنگە پەل نەهاوێت بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن کۆبوەوە. ئۆلاف شۆڵتز، لە دیدارەکەیەکدا لەگەڵ شای ئوردن، باسی لەوە کرد پێویستە بەر لەوە بگیردرێت ئەم جەنگە پەل بهاوێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی ئاگادار کردەوە کە خۆیان لەم جەنگە بەدوور بگرن و خۆیان تێکەڵ بەم جەنگە نەکەن. وتەکانی ئۆلاف شۆڵتز لەکاتێکدایە کە لە نسوری لوبنانەوە شەڕ و پێکدادان لەنیوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بوونی هەیە و حیزبوڵا بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و هێرشی ئاسمانی وەڵام دەداتەوە.  چاودێرانی سەربازی و سیاسی پێیانوایە کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت ئەگەری کردنەوەی چەند بەرەیەکی تری جەنگ هەیە لەوانە لە لوبنان و سوریاوە.