هاوڵاتی  ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا." سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر." لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت.  ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.

نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبونەوە و رابەری باڵای ئێران پێی راگەیاندوون کە لە پشتیوانیان بەردەوام دەبن. ئەم کۆبونەوەیەکە لەکاتێکدایە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئێستادا لە جەنگدان و ئێران بە هاندەری حەماس بۆ دەستپێکی ئەم جەنگە ناودەبرێت. ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیرووت پێشتر رایگەیاندبوو ئیسماعیل هەنییە و وەفدی هاوڕێی، چەند رۆژێکە لە تارانن. نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نوسیویەتی، "ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی غەزە و تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد." بە پێی راگەیاندراوەکە، عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوەتەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین بدات. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی جگە لەوەی چەند رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ باشوری ئیسرائیل، ئەوەی رەتکردەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەم رۆژانەی دواییدا، ئەوەی رەتکردەوە کە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان بەڕێوە ئەچێت.

هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.          

هاوڵاتی  سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 44ەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کرد خۆیان لە سەردان کردن بۆ ئێران بپارێزن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لەبەر ئەوەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە، نابێ بە هیچ هۆکار و بیانوویەک سەردانی ئێران بکەن." لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە 4ی تشرینی دووهەمی 1979 کراوە کە زیاتر لە ساڵێک بارمتەبوون دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ لەوکاتەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دواتریش روداوەکە بە قەیرانی بارمتەکانی ئێران ناسرا لە جیهاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە ئەکات کە "بە داخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەم کارەیان ئێستاش هەر بەردەوامی هەی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی لە لایەن ئێرانەوە، بە مەبەستی مامەڵەکردن بە ناڕەو ادەەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگرت نو دەستبەسەرکردنی "نایاسایی هاوڵاتییە بیانییەکان و هەروەها پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمە هاوشێوەکان وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم چەشنە ئاکارانە." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماسەوەو  دەدات و دەڵێ، "ئێمە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەریکی کردەوەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی بیانین بە ناڕەواز دەزانین و خوازیاری نەمانی ئەم جۆرە کردەوانەین." بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە ئەکەن لە هێرشی 7ی مانگی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون.

هاوڵاتی  تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت  کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."  

هاوڵاتی  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان،  داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە. لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک." کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات.  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت." تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن. رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا. دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.  

هاوڵاتی  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاندووە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.  ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت." وتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ ئەنقەرە بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر جەنگ. پێشتریش ئیسرائیل هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی تری نزیک کشاندوە وەک مەترسییەکی ئەمنی. نزیکەی مانگێکە جەنگی حەماس-ئیسرائیل بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە غەززە و هەزار 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.

هاوڵاتی  محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکی کابینەی حکومەتەکەیدا "دەستکەوت"ی زۆری بەدەستهێناوە و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە سەرکەوتوو بووە. محەممەد شیاع سودانی لەمیانی وتارێکدا له‌ كۆنفرانسی باڵیۆزان له‌ به‌غدا وتی، "له‌م رۆژانه‌دا حكومه‌ت ساڵێكی ته‌واوكرد و بەپێی ئەو پلانی کە دامانناوە زۆر دەستکەوتمان بەدەستهێناوە." سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پلانەکان کرد و رایگەیاند، "به‌رنامه‌ی حكومه‌ت كه‌ پێنج ئه‌وله‌ویه‌تی داناوه‌ كه‌ په‌رله‌مانی ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌یی هه‌ژاریی و بێكاری، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی و چاكسازی كارگێڕی و ئابورییه‌، كارده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان، له‌وانه‌ توانیومانه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ كرۆكی په‌یوه‌ندیه‌كان دابنێین له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانماندا."  لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی 2021، بۆ ماوەی ساڵێک لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی کابینەی نوێ پێکبهێنن و دواجار بە کۆدەنگی لایەنەکان محەممەد شیاع سودانی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەجێی مستەفا کازمی هەڵبژێردرا.  

هاوڵاتی  مدیایەکی فەڵەستینی بڵاویکردەوە ئیسرائیل بە درۆن هێرشیکردووتەسەر ماڵی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، لە غەززە.  رادیۆی ئەقسا رایگەیاند درۆنێکی ئیسرائیلی مووشەکێکی ئاراستەی ماڵی ئیسماعیل هەنییە کرووە لە غەززە بەڵام دیار نییە کە خانووەکە ئەندامانی خێزانی ئیسماعیل هەنییەی تێدا بووە یان نا.  ئیسماعیل هەنییە لەساڵی 2019ەوە لە غەززە نەماوە و ناوە ناوە لە تورکیا یان قەتەر نیشتەجێ دەبێت. ئیسماعیل هەنییە لە ئایاری 2017ەوە بە سەرکردەی حەماس و سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەکە هەڵبژێردراوە.

هاوڵاتی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژێک لە دوای هەڵگیرسانی "تۆفانی ئەقسا" حزبوڵا بەشداریکردنی خۆی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندوە، دەشڵێت هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل.  هاوکات گرووپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان و عێراق و سووریا تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە و ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن.  حەسەن نەسروڵڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە، بە درێژایی مێژو نیشانەکانی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە ئیسرائیلەوە دەمێنێتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە ئەمریکا تەنها قسەی بەتاڵ و بێ سود دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە غەززە دروستبوە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، ئیسرائیلش تەنها لایەنی جێبەجێ کارە، بڕیاری راگرتنی ململانێکانیش لە دەستی ئەمریکادایە. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند ، هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە، بەوەشدا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەمریکای لە پشتە وتیشی " ئیسرائیل منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی مەدەنین و ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات." حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا وتی، ""بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات".ئەوەشی ڕونکردەوە، "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایەت، بەڵکەو بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندی نیشتمانی میسر و سوریا و ئەردەن دێت، لە پێش هەموشیانەوە سەرکەوتنی غەززە بە مانای سەرکەوتنی لوبنان دێت." ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 8ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردوە، وەک ئاشکرایە رۆژێک لە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە بۆردومان دەستیان پێکردوە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی سونری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردوە. وتیشی، "لەوانەیە ئەوەی لە سنوری باکوری ئیسرائیل دەیکەین بە شێوەیەکی بەرچاو دەرنەکەوێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە گرنگی خۆی دەبێت و رۆژێک هێرشەکانیان بەرچاو دەگیرێت." ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەوان وەکو حیزبووڵڵا دوو رۆژ دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بە کرداری چوونەتە نێو جەنگەکەوە.      

هاوڵاتی  وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، تا ئێستا نۆ هەزار و 227 کەس بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ژمارەی بریندارەکانیش 23 هەزار کەسی تێپەڕاندوە. ئەشرەف قودرەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی ‌غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینیانەی بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتوەتە نۆ هەزار و 227 کەس هاوکات نەخۆشخانەکانی غەززە ناتوانن چاودێری پزیشکی بۆ هەمو بریندارەکان دابینبکەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غەززە دەڵێت، له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی غه‌ززه‌ و ئیسرائیله‌وه‌ كه‌ له‌ 7ی مانگی رابردوه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، 9 هه‌زار و 227 كه‌س كوژراون و 23 هه‌زار و 516ی دیكه‌ش برینداربوون. له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ 3 هه‌زار و 826 له‌ كوژراوه‌كان منداڵ و 2 هه‌زار و 405یشیان ژنن. ئەوەشی خستەڕو، هێزەکانی ئیرسائیل لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردو 16 هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامداوە، تەنها بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا بون 198 هاوڵاتی کوژراون. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە دەشڵێت، "نەخۆشخانەکانمان بریندارەکان وەردەگرن، بەڵام ناتوانین خزمەتگوزاری پێویستی پزیشکیان پێشکەش بکەین، لەبەر ئەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین رێرەوێکی سەلام بۆ بردنە دەرەوەی بریندارەکان دابین بکەن".

هاوڵاتی ئه‌مڕۆ هەینی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان وتارێک پێشکەش دەکات، کە یەکەمین وتارە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل.  لە سەروبەندی ئەو وتارەدا، سنوری نێوان ئیسرائیل و لوبنان شایەتی پەرەسەندنێکی بەرچاوه‌، کە حزبوڵای لوبنان بۆردومانی 19 شوێنی ئیسرائیلی "لە یەککاتدا" راگەیاند و ئیسرائیلیش بە "بۆردومانی بەرفراوان" وەڵامی دایەوە. بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار حەسەن نەسروڵا وتارێک پێشکەش بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێی تەلەفزیۆنەوە دەگوازرێتەوە، وتارەکەشی بە بۆنەی رێوڕەسمێکە بۆ رێزلێنان لەو ئەندامانەی حزبوڵا کەبەھۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون.  بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی فرانس پرێس ، لە سەرەتای هەڵکشانی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ لوبنانەوە تا ئێستا 70 کەس لە لوبنان کوژراون کە 52 چەکداری هێزه‌ بون، لایخۆیەوە ئیسرائیل کوشتنی هەشت سەرباز و هاوڵاتییەکی مەدەنی راگەیاند. لە دوای شەڕە وێرانکەرەکەیانەوە لە (تەمموز/7)ی 2006، حزبوڵا و ئیسرائیل خۆیان لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە بەدور گرتوە.

هاوڵاتی  دەزگای پەخشی ئیسیرائیل بڵاویکردەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە داواکاری ئەمریکا قبوڵ بکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.  دەزگای پەخشی ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە ئەو داوایە داوایەکی نهێنییە یان داواکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایە، کاتێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند پێویستە ئاگربەست رابگەیەندرێت.  جۆ بایدن لەمیانی وتارێکدا دوای ئەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرێکەوە قسەکانی پێ بڕدرا و داوای ئاگربەستی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی لێکرد، وتی کە "پێموایە پێویستمان بە راگرتن هەیە." هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیل بە دەزگای کان نیوزی ئیسرائیلی راگەیاندووە ئەگەری ئاگربەست لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەیە. نزیکەی چوار هەفتەیە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە نۆ هەزار فەڵەستینی کوژراون.

هاوڵاتی  رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگری هەیە گروپی ڤاگنەری روسی رەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بداتە حیزبوڵای لوبنانی. رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناویان نەهاتووە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی کە گروپی ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای رەوانە بکات، سیستەمی SA-22ە کە مووشەکی دژە فڕۆکە لەخۆدەگرێت بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی. یەکێک لە بەرپرسەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە واشنتن ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە کە سیستەمەکە بۆ حیزبوڵا نێردرابێت، بەڵام چاودێری کۆمەڵێک گفتوگۆ دەکات لەنێوان ڤاگنەر و حیزبوڵا لەسەر بابەتەکە و گەیاندنی ئەو سیستەمە کیشەیەکەی گەورە دروست دەکات. ئەمریکا تا ئێستا دوو کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری نزیک رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگییان هەیە، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ رێگریگرتن لە حیزبوڵا تا خۆی پەلکێشی شەڕی حەماس-ئیسرائیل نەکات و بەرەیەکی تری جەنگ نەکاتەوە. گروپی ڤاگنەر لە سوریا سەربازییان هەیە و چەکدارانی حیزبوڵاش لە هەمان وڵات بوونیان هەیە. ئەو سیستەمە رووسیەی کە ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای بنێرێت پێشی دەوترێت سیستەمی پانتسیر کە ساڵی 1990 دیزان کراوە و 2008 بەرهەمهێنراوە، تا ئێستاش زیاتر لە 200 دانەی لێ دروستکراوە.  سیستەمەکە هەڵگری مووشەکی مامناوەند مەودا و دژە فڕۆکەی جەنگییە و لەماوەی خولکێکدا دەتوانێت مووشەک ئاراستەی 10 ئامانج بکات. تێچووی هەر دانەیەک 13 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە.