فەرماندەی ئیسرائیلی دکتۆر ئاڤی پانۆڤ ڕۆژی دووشەممە بەئاژانسى ڕۆیتەرى ڕاگەیاندوە هەندێک لە بارمتەکان کە لە غەززە ئازاد کراون بۆ ماوەی هەشت مانگ لە تونێلەکانی حەماس ڕاگیراون و تیشکی خۆریان نەبینیووە و پەیوەندیان لەگەڵ کەسدا نەبووە. پانۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بارمتەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە تونێلەکانی ژێر زەویدا بوون و هەندێکیشیان بە تەنیا جیا کرابوونەوە." سوپای ئیسرائیل پشکنینی پزیشکی بۆ سەرجەم بارمتە ئازادکراوەکان دەکات کە دەگەنە خاکی ئیسرائیل. بەگوێرەی بانۆڤ، بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیلی وتویانە لە ڕۆژانی پێش ئازادکردنیان مامەڵەکردن لەگەڵیاندا باشتربووە و دواتر ڕێگەیان پێدراوە گەرماو بکەن و جلەکانیان بگۆڕن و خواردنی باشتریان پێدراوە. پانۆڤ گوتی، بەهۆی پاراستنی نهێنی بارمتەکانەوە، ناتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا ئەو بارمتە ئازادکراوانە نیشانەی ئەشکەنجەدانیان پێوە دیارە یانیش دەستدرێژیان کراوەتە سەر یان نا. پانۆڤ وتیشی "ئەو سێ هاووڵاتییەی کە لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستدا ئازاد کرابوون ڕۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەکەیان جێهێشت، بەڵام ئەو چوار سەربازەی کە لە دووەم ڕۆژی ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ڕۆژی شەممەدا ئازاد کرابوون هێشتا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن." بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ئەم 6 هەفتەیەدا، 26 بارمتە ئازاد بکرێن کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش و بریندار.
فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-35ی دروستکراوی ڕووسیای کڕیوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانى ئەوروپاو ئەمریکا نیگەرانن لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا. ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵاى ئێرانی کڕینی فڕۆکەی سیخۆی-35 پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام عەلى شادمانی کە لێدوانەکانی لەلایەن تۆڕی هەواڵی (SNN)ى ئێرانیەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فڕۆکەکانی ئاشکرا نەکردووە یان ئایا ئێران وەریگرتووە یان نا. عەلى شادمانی، جێگری ڕێکخەری بارەگای ناوەندیی بنکەی بەرگری ئاسمانی خاتەم ئەنبایە لە سوپاى پاسدارانى ئێران، وتی: ئێمە هەرکاتێک پێویست بکات، کڕینی چەکى سەربازی دەکڕین بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییمان، بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیش خێراتر بووە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئیسرائیل زیادی کرد: ئەگەر دوژمن گەمژانە مامەڵە بکات، تامی تاڵی بۆردومانی مووشەکەکانمان دەکات، هیچ کام لە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان بە سەلامەتی نامێننەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە تاران هەنگاوەکانى بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ڕووسی تەواو کردووە. فڕۆکەی سوخۆی 35 فڕۆکەی جەنگی نەوەی چوارەم و تایبەتمەندی بەرزی هەیە، بە یەک فڕۆکەوان فڕین دەکات، هەروەها کۆمەڵێک ئامێری تێدایە کە ڕێگەی پێدەدات بە پلەیەکی بەرزی وردبینی ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەجۆرێک بتوانێت شوێنپێی 30 ئامانج بگرێت، و هێرشکردنە سەر ٨ ئامانجی ئاسمانی لە یەک کاتدا یان دوو ئامانجی زەمینی. سەرەتای ئەم مانگە ئێران و ڕووسیا ڕێککەوتنێکى ستراتیژیی تۆکمەیان واژۆ کرد کە باس لە گواستنەوەی چەکى نەدەکرد بەڵکو ئاماژەیان بە بەهێزکردنی "هاوکاری سەربازی- تەکنیکی" لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد. ڕێککەوتنەکە لە کرێملین لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران واژۆ کراوە و لە 47 ماددە پێکهاتووە کە زیاتر لە 30 بوارەکانی هاوکاری دەگرێتەوە، لە سیاسەت و ئابوورییەوە تا تەکنەلۆژیا و ئاسایش و بڕیارە بە ئۆتۆماتیک بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام بێت درێژکردنەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی دواتر. هێزی ئاسمانی ئێران تەنها چەند دەیان فڕۆکەی هێرشبەری هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی ڕووسی و مۆدێلی کۆنتری ئەمریکی کە ئەو وڵاتە پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ کڕیویەتی.
تورکیا ئۆتۆمبێلێکى لە ڕانیە بۆردوومانکردو چوار کەس شەهیدبوون پەیامنێرى هاوڵاتى ڕاگەیاند لە ناوچەی گردجانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین سوپای تورکیا بە درۆن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری لە گوندی گردجان لەچوارقوڕنە کردوەتە ئامانج و بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان چوار کەس شەهیدبوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە (دوو کەسیان لە ڕەگەزی نێر و دووی تریشیان لە ڕەگەزی مێ)ن. هەروەها هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسواربووە بەهۆی بەرکەوتنی بە پارچەی بۆردوومانەکە برینداربووە. تا ئێستا ناسنامەی پێکراوەکان نەزانراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆچکەی ئاکرێی کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنی کە هاوژینی یەکدی بوون شەهیدبوون.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتیان تەواوکردوە، لەلیبیا دەستگیرکراون، ویستویانە بە ڕێگەی کۆچى نایاسایی لە ڕێگەی لیبیا بچن بۆ ئەوروپا. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بەدواداچوونی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لەسەر دۆسێی گەڕانەوەی خۆبەخشانەو لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوڵاتە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتی تەواوبکرێت. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە باڵیۆزخانەکە لە بەرزترین ئاستدا هەماهەنگیان کردوە لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەى ئەو هاولاتیانەى کۆچیانکردوە نەکەونە مەترسییەوە، هەروەها بپارێزرێن لەو تۆڕانەى کە هەڕەشەن بۆیان، باڵوێزخانەکە ئەو دوو هاوڵاتیە عێراقیەى بردوەت شوێنێکى سەلامەت تا ئەو کاتەى دەگەڕینرێنەوە. بەپێى وتەى ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا توانیویەتى 39 هاوڵاتی عێراقی بە خۆبەخشانە بگەڕێنێتەوە، 25 کەس لەوانە لە ماوەی ساڵی 2024دابووە. هەروەها 12 کەسی دیکەشیان لە ماوەی ساڵی 2025و بەتایەت لەهەفتەی ڕابردوودا، ئەو کەسانە بە ئامانجی کۆچی نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتى لیبیاو ویستویانە لەو ڕێگەیەوە بچنە وڵاتانى ئەوروپا.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، شارەزایانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن سەروەت و سامانی بلۆک کراوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرژەوەندی گەلی سووریا بەکاربهێنرێت. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، هەواڵى ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەسەد هەژمارێکی بلۆککراوى لە بانکێکی بەریتانیادا هەیە کە ٦٨.٣ ملیۆن دۆلاری تێدایە. لە لێدوانێکدا ئیان ئۆڤەرتۆن، بەڕێوەبەری چالاکیی دژی توندوتیژی چەکداری لە لەندەن ڕایگەیان داوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامان و موڵکانە و ڕادەستکردنی بە حکومەتی دانپێدانراوی سوریایان کردووە، ئەو وتیشى: دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا بەکاربهێنرێت. ئۆڤەرتۆن ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەم سەروەت و سامانە لە بەریتانیا نیگەرانییەکی جددی لەبارەی چاودێری دارایی و یاساکانی پەیوەندیدارەوە دروست دەکات. هۆشداریشیدا لەوەی ئەم دۆخە شانشینی یەکگرتوو دەکاتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی کە پەیوەندییان بە ڕژێمی دەرکراوی سوریاوە هەیە، سەرەڕای پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئۆڤەرتۆن داوای بەکارهێنانی پارە بەستراوەکانی ئەسەد بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریای کرد و جەختی لەسەر پێویستی "هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بەکارهێنانیان" کرد. بەرپرسێکی فەرمانگەی دەرەوەى بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو سزای بەسەر ٣١٠ کەس و ٧٤ قەوارەی پەیوەست بە ڕژێمی ئەسەد سەپاندووە، لەنێویاندا خودی بەشار ئەسەد. ئەو بەرپرسە کە ناوى خۆى ئاشکرا نەکردووە، وتی: بەریتانیا لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارەکانى سوورییا دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و کۆتایی بە ٦١ ساڵ ڕژێمی خوێناوی پارتی بەعس و ٥٣ ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
فرۆکە جەنگییەکانی تورکیاى داگیرکار، سنووری ناحیەی دینارتەیان بۆردوومانکردووە، بەوتەى بەڕیوەبەرى ناحیەى دینارتە بەوهۆیەوە، دووهاوڵاتى مەدەنى (پیاو و ژنێک) شەهید بوون. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانى گوندی شەهێ یانکردووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت بەهۆى ئەو ڕوداوەوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون. بەپێى زانیاریەکان ئەو دووهاوڵاتیە خەڵکى گوندی بامشمشن، لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە هاوسەرى یەکبوون. ئێستا تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستپێکردوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، بەهۆى بۆردوومانى فرۆکەکانى تورکیاوە شەهید بوون. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر دوێنێ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
ئەمرۆ دووشەممە، حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، دوای نێوەندگیریی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل تا ١٨ی شوبات. هاوکات نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاتی لوبنان ڕایگەیاند: بەیروت بەردەوام دەبێت لەسەر ئاگربەستەکە و راگرتنى جەنگ تاوەکو ١٨ی شوبات . درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پابەندییەکانی بۆ کشانەوە لە خاکی لوبنان جێبەجێ ناکات، لە بەرانبەردا هێزەکانی حزبوڵای بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. کۆشکی سپی ئەمریکاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان دانوستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی لوبنانی کە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆسەر ئیسرائیل دەستگیرکراون. نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی چاودێر داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتیوانى و نێوەندگرى ڕێککەوتنی ئاگربەستیان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن. ئیسرائیل ناچار بکەن بۆ کشانەوە لەو ناوچانەى کە گرتوویەتى، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر پاشەکشەیەک لە پابەندبوون بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی بڕیار نامەکەى ١٧٠١ دەرئەنجامى خراپى دەبێت.
موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت لاوازبوونی کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی نەرێنی کارناکاتە سەر عێراق، لە کاتێکدا عێراق هەوڵی فراوانکردنی ڕێگا دیپلۆماتییەکەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا و هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا. ئەمەش لە دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا تواناکانی هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێرانیش ڕووخێندرا. محسین مەندەلاوی بەڕۆیتەرزى و: ئەمڕۆ سەقامگیریمان هەیە، کۆمپانیا بیانییەکان دێن بۆ عێراق، مەندەلاوی خۆی خاوەن کارەو بەرژەوەندی هەیە لە هۆتێل و نەخۆشخانەکانی عێراق و خزمەتگوزارییەکانی حەواڵەکردنی پارەدا. ئەو وتیشى: عێراق دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی ڕۆڵە سرووشتییەکەی خۆی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، ئێران دراوسێیەکەو پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵیدا هەیە، شوێنە جوگرافیاکەمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بابەتی جیان، ئەو پێى وانیە لاوازکردنی ئێران بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر عێراق بکات. بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپیش بەڵێنیداوە فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران. عێراق کە هاوپەیمانێکی دەگمەنی واشنتن و تارانیشە، هەوڵ دەدات خۆی بە دووربگرێت لە تێکدانی سەقامگیرییە ناسکەکەی و هەوڵ دەدات سەنگ بخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە دوای چەندین ساڵ لە جەنگ. محسن مەندەلاوی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە لە عێراق، کە کۆمەڵێکن لە سیاسەتمەدارە گەورەکان و بەوە ناسراون پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەها سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی ئەساسی یاسادانەران دەکات لە پەرلەماندا. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، داواکان لە عێراق بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا زیادیکردبوو. وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن لە چاوپێککەوتنێکدا پێشتر لەم مانگەدا بە ڕۆیتەرزی وت کە عێراق هەوڵ دەدات گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران ڕازی بکات چەکەکانییان دابنێن. مەندەلاوی وتی باوەڕی وایە ئەو جۆرە جووڵەیە کاتی دەوێت بەڵام دەکرێت بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا دروست بووە، ئەو وتی: سنووردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت گرنگە و هیوادارم جێبەجێ بکرێت."
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی نوسینگهی راگهیاندنی سهرۆك وهزیران، ئهمڕۆ یهكشهممه محهمهد شهیاع سودانی سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران پێشوازی كرد له هاكان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، له میانهی دیدارێكدا پهیوهندییه دوقۆڵییهكانی نێوان ههردو وڵاتیان تاوتوێكرد، گفتوگۆیان لهسهر ژمارهیهك پرسی ناوچهیی و نێودهوڵهتی هاوبهش كرد، بهتایبهتی پێشهاتهكانی ناوچهكه و ڕوداوهكانی سوریا. ههر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە له دیدارهكهدا دوایین پێشهاتهكانی سوریا و غهززه و لوبنان تاوتوێكران و جهخت لهسهر گرنگی پابهندبون به ئاگربهست كرایهوه. له بهشێكی دیكهی دیدارهكهدا باس له گرنگی یهكخستنی ههوڵهكانی نێوان وڵاتانی ناوچهكه كرا، بهمهبهستی پشتیوانیكردن له سهقامگیرییهكهی. لهمبارهیهوه سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران جهختی له ئامادهیی عێراق كردهوه بۆ ههماههنگیكردن له نێوان وڵاتانی ناوچهكه، بهتایبهتی لهگهڵ توركیا سهبارهت به ئهو پێشهاتانهی كه له گۆڕهپانی ناوچهیی بهدی كراون و جهختی له ڕهتكردنهوهی عێراق كردهوه بۆ ئهوهی سوریا ببێته گۆڕهپانی ململانێكان وتیشی، "عێراق كار دهكات بۆ چهسپاندنی سهقامگیری له سوریا بههۆی ڕهنگدانهوهی لهسهر ناوچهكه بهگشتی". لای خۆیهوه هاكان خواستی وڵاتهكهی دهربڕی بۆ ههماههنگیكردن لهگهڵ عێراق لهسهر پێشهاتهكانی ناوچهكه، ئاماژهی به خواستی توركیا كرد بۆ پهرهپێدانی هاوكاری له پهیوهندییه دوقۆڵییهكاندا، ئهمهش لهبهر ڕۆشنایی ههردو سهردانه هاوبهشهكهی سودانی و سهرۆك كۆماری توركیا. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەگەڵ فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوە، دواتر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەتەوەرەکانى کۆبوونەوەکە کرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی، ئێمە (تورکیاو عێراق و سوریا) دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە و هەم داعش و هەم پەکەکە لەناوببەین. هەروەها وتیشى: چاوەڕوانی کۆتایی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکە کە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ناساندووە، بە هەمان شێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئێمە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە". هاوکات باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش". لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە داهاتوودا عێراق و تورکیا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئەو ملیۆنەها پەنابەرە سوورییەی کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، دەیانەوێت ساڵی داهاتوو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسەدا سفر بووە. ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکدایە، کە چەند هەفتەیەک دوای ڕووخانی ڕژیم و کۆتایی هاتنی شەڕێکی ناوخۆیی ١٣ ساڵە کە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی پەنابەرانی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەجێهێشت. فیلیپۆ گراندی، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق وتی، ژمارەی ئەو سووریانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەبووە نزیکبووە لە سفر، بەڵام ئێستا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نزیکبووەتەوە لە سەدا 30. لێرەدا پەیامێک هەیە، کە پێموایە زۆر گرنگە، و دەبێت گوێی لێبگرین و کار لەسەر ئەوە بکەین. ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای کەوتنی ئەسەدەوە لە ٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٣٠٠ هەزار پەنابەر لە لوبنانەوە لە کاتی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل هەڵاتوون بۆ سوریا هێشتا زۆربەیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. گەڕانەوەی نزیکەی شەش ملیۆن سووری کە لە دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و ملیۆنان کەسیش کە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، ئامانجێکی سەرەکی ئیدارەی نوێی سوریایە. بەڵام شەڕەکە وێرانکارییەکی بەرفراوان و داڕمانی سیستەمی خزمەتگوزاری گشتی و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی لە هەژاریدا بەجێهێشت، ئەمە جگە لە سزا توندەکانی ڕۆژئاوا. فیلیپۆ گراندی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بە هاوکاری زیاترە لەلایەن خێرخوازانەوە، داوای پێداچوونەوەی بە سزاکان کرد، بەڵام ڕاستەوخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕاگەیاندنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی بەرنامەکانی هاوکاری دەرەکی نەدا.
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بهڵێنیداوە بیرۆکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئوردن پوچەڵ بکاتەوە. باسم نهعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاندوە: وەک چۆن گەلی فەلەستین لە ماوەی دەیان ساڵدا هەموو پلانەکانی ئاوارەبون و نیشتمانێکی بەدیلیان پوچهڵكردوهتهوه، ئهم جۆره پڕۆژهیهی كه ترهمپ پێشنیازی كردوه، شكست دههێنێت. لای خۆیەوە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە و دەڵێت: ئەوە هاندەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. بزوتنەوەی حهماس له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "بهتوندترین شێوه لێدوانهكانی دۆناڵد ترهمپ سهركۆنه دهكهین، کە دهكهونه چوارچێوهی هاندانی بهردهوامی ئهنجامدانی تاوانی جهنگ و تاوانی دژ به مرۆڤایهتی، و ناچاركردنی گهلهكهمان بۆ ئهوهی خاكهكهی بهجێبهێڵێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئهمڕۆ یهكشهممه ڕایگهیاند، ئوردن و میسر پێویستە "فەڵەستینی زیاتر لە غەززەوە وەربگرن، دوای ئەوەی شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بوەتە هۆی قەیرانی مرۆیی". ترەمپ دوپاتیکردەوە کە دوێنێ لە میانەی پەیوەندیەکەیدا لەگەڵ پاشای ئوردن، شا عەبدوڵای دوەم، داوای کرد ئوردن زیاتر فەڵەستینییەکان وەربگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە "هەمو کەرتی غەززە ئێستا لە دۆخێکی پشێویدایە". لەبەرامبەردا ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل کە هەردووکیان توندڕەون، ستایشی بیرۆکەکەی ترەمپیان کرد و بە "گەورە" ناویان برد، وەک خۆیان دەڵێن. قاهیرە و عەممان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی ڕەتدەکەنەوە و بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەیی دەزانن.
وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە داعـ.ـش و پـ.ـەکە.کەش لەناوببەین، وەزیری دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند، گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد، تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەگەڵ فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوە، دواتر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەتەوەرەکانى کۆبوونەوەکە کرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی، ئێمە (تورکیاو عێراق و سوریا) دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە و هەم داعش و هەم پەکەکە لەناوببەین. هەروەها وتیشى: چاوەڕوانی کۆتایی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکە کە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ناساندووە، بە هەمان شێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئێمە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە". هاوکات باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش". لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە داهاتوودا عێراق و تورکیا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، لە زۆر بواری بەرفراواندا دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەن، بە تایبەت بواری بازرگانی و سیاسی. باسی لەوەش کرد "پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویی و ستراتیژییە." وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن. دۆخی سووریا پرسێکی گرنگ و جێی بایەخی عێراق و تورکیایە". بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیرى دەرەوەى تورکیا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە. بەپێی ئاژانسە کانى تورکیا، هاکان فیدان لەو سەردانەیدا بۆ بەغداد تاوتوێی دۆسیەی خستنە لیستی تیرۆری پەکەکە لەگەڵ بەرپرسان دەکات و دەیەوێت تاوتوێی پلانێک بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو هێزە لە ناو خاکی عێراقدا، هەروەک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە لەوەی کە رێگەی نەدات پزیشکیشەری ئیسرائیل بگاتە عێراق و پەرەسەندنەکانی سوریا هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەو وڵاتە درووست نەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانێکی بۆ "پاککردنەوەی" غەززە پێشنیار کردووە، دەڵێت غەززە وێران بووە، دەمەوێت میسر و ئوردن هاوڵاتى فەلەستینی لەو وڵاتەکانیان نیشتەجێبکەن و بە ئاشتیانە بژین. ترامپ کە غەززەی بە "شوێنێکی وێران" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بابەتەیان لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن تاوتوێ کردووە و بڕیارە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسریش تاوتوێی ئەو بابەتە بکات. سەرۆکى ئەمریکا، پێش ئەنجامدانى گەشتێک بە فڕۆکە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "پێم خۆشە میسر دانیشتوانى غەززە ببات، پێم خۆشە ئوردن خەڵک ببات". لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "باسی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەکەین بۆ پاککردنەوەی تەواوی ناوچەکە، وەک دەزانن بەدرێژایی سەدەکان ئەم ناوچەیە ململانێی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، نازانم، بەڵام دەبێت شتێک ڕووبدات". ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە دەکرێت "کاتی یان درێژخایەن" بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە شوێنێکە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا دیارە لە ئێستادا وێران بووە، هەموو شتێک لەناوچووە و خەڵک لەوێ دەمرن". لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بۆیە، من پێم باشە دەستم بگاتە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە شوێنێکی جیاوازدا خانویان بۆ دروست بکرێت کە لەوانەیە بتوانن بە ئاشتی بژین"
وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ڕایدەگەیەنێت، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، ئەمرۆ یەکشەممە سەردانی عێراق دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گرژییان تێدا بووە، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێم و حکومەتی عێراقیش ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتکەی ناودەبات. بەڵام پەیوەندییەکان باشتر بوون دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەغداد پارتی کرێکارانی کوردستانی بە " ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو " ناساند، دوو وڵاتەکەش ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست بەرزی ئاسایشی لە نێوانییاندا. بڕیارە هاکان فیدان لەسەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و بەرپرسانی دیکەی عێراقدا کۆدەبێتەوە. ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن وتی ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا ئەوا ئەوە مەترسیدار دەبێت و خەڵکێکی زیاتر ئاوارە دەبن. سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە تورکیا داوای لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا کردووە چەک دابنێن، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورەیان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا. تورکیا دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ئاگاداری بابەتەکەن، بلاویکردووەتەوە حـ.ـەماس لە ماوەی جەنگی غەززەدا 10,000 بۆ 15,000 چەکداری نوێی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەداوە حـ.ـەماس لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت ڕەنگە هێشتا مەترسی بێت بۆ سەر ئیسڕائیل. ئەمرۆ شەممە، 25ی مانگی یەک سەرچاوەکان ئەوەشیان ڕایانگەیاندووە کە حەماس ژمارەیەکی هاوشێوە لە چەکدارەکانی لە ماوەی جەنگەکەدا کوژراون. حەماس و ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو ئاگربەستێکییان دەستپێکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕە 15 مانگییەکەی ناو غەززە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی غەززەو گڕگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرچاوەکان وتییان حەماس سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەندامانی نوێ بە کرێ بگرێت، زۆرێکییان گەنجن و مەشقییان نەکردووە، بۆ مەبەستی سادەی ئاسایشیی بەکاردەهێندرێن. لە 14 ی مانگی یەکدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا باوەڕی وایە حەماس هێندەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە شەڕەکەدا لە دەستیداون چەکداری دیکەی بە کرێ گرتووە. بلینکن وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 20,000 چەکداری حەماس لە جەنگەکەدا کوژراون. بلینکن وتی: هەر جارێک ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەواو دەکات و دەکشێتەوە، چەکدارانی حەماس خۆیان ڕێکدەخەنەوەو سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە هیچ شتێکی دیکە نیە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن. لە مانگی حەوتدا وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس ئەبو عوبەیدە وتی حەماس توانیویەتی هەزاران چەکداری نوێ بە کرێ بگرێت. لە ڕۆژانی ئاگربەستەکەدا، حەماس دەریخست کە زۆر بە قووڵی لە غەززەدا جێگیر بووە، سەرەڕای بەڵێنەکەی ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی حەماس. بەڕێوبەرایەتییەکەی حەماس بەخێرایی هەنگاوی ناوە بۆ سەپاندنەوەی ڕێوشوێنی ئاسایشی و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ چەند بەشێکی ناوچەکە، زۆربەی کەرتی غەززە وێران بووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی بە ئاشکرا باسییان لەوە نەکردووە حەماس چەند چەکداری لە دەستداوە، تەنها ئاماژەیان بەوە داوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و ڕەنگە هەزاران چەکدارییان کوژرابێتن. کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی بلینکن پرسیاری لێکرا، باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدانا کە حەماس چەکداری بە کرێ گرتووە، بەڵام لە مەترسییەکەی کەم کردەوە.