هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی ناردنی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاشکرادەکات، ئاماژە بەوەدەکات لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "لە ماوەی ١٠ رۆژی داھاتوودا ھەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ گەیشتنیشی لیژنەکەیان وردبینی بۆ بڕگە و مادە ھەموارکراوەکان دەکات و دواتر بۆ پەسەندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەکەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە، بۆ دیاریکردنی خشتەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم یاساکەدان".

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە سوپای ئیسرائیلی لە وەڵامی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر سەفدی ئیسرائیلی کە بە هۆیەوە ژنێک کوژراو هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون ،لە رێگەی چەند هێرشێکی ئاسمانییەوە بە چڕی چەند ناوچەیەکی لە باشووری لوبنان بوردومان کرد. لەمبارەیەوە وتەبێژی سووپای ئیسرائیل رایگەیاند،لە تۆڵەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمرۆی حزبوڵای لوبنانی ، فرۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بە چڕی ناوچەکانی "عەدشیت و سوانە و جەباع و شەهابییە و بەسلایا و کەفردون و جەزینیان " لە باشووری لوبنان بوردومان کردووە . هەر بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی بوردومانەکەی ئیسرائیل ژنێک و دوو منداڵەکەی کوژراون. سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل رایانگەیاند ، هێرشەکە لە ڕێی هەشت مووشەکی زیرەکەوە بۆ سەر چەند سەربازگەیەکی نزیک سەفد ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا ژنە سەربازێک کوژراوە  و هەشت سەربازی دیکەش بریندار بوون . دوابەدوای هێرشەکەش ئەنجومەنی جەنگ ی ئیسرائیلی بۆ چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە و پێیان وا بووە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانی سەرسنووری لوبنان ئیسرائیل تا ئێستا ئەمە مەترسیدارترین هێرشی حزبوڵآ بووە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل. لە لایەکی دیکەوە ئیتمار بن غەفیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە سەر هەژماری فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" هێرشەکەی حزبوڵای لوبنانی بە راگەیاندنی جەنگ وەسف کرد و داوای لە دەوڵەت و سوپای ئیسرائیلی کرد لەسەر سنوورەکانی لوبنان ئیسرائیل  دەست بکەن بە بەدیهێنانی  گۆرانکارییەکی بنچینەیی . جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، سەر سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنانیش گرژییەکی زۆری بە خۆوە بینیوە و چەکدارەکانی بزوتنەوەی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل ماوە ماوە بوردومانی یەکتر دەکەن .      

هاوڵاتی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) رۆژی ١-٣-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت . هاوکات هەر لەم رۆژەدا هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنی ١ی مارسی ٢٠٢٤ لەچەند مانگ لەوە پێشەوە نیگەرانی ئەوەی لای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە کەبەشداری کەم بێت. بۆیە هەوڵدەدەن لەهەموو میکانیزمێک کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر دەنگی پووچەڵیش بدەن، بەڵام هەر دەنگبدەن. حکومەت بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بەپەسەندکردنی دەسەڵات ناو دەبات. لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو و بەوتەی بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین رادەی بەشداری هەبوو و رادەی بەشداری بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک ٤٢ لەسەد بوو. لەحاڵێکدا باس لەوە دەکرا تەزویر کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگەکان زیاتر بکرێت و بەپێی بەراوردی ژمارەیەک لەڕێکخراوە چاودێرەکان ئاستی بەشداریکردن کەمتر لە ٣٠ لەسەد بووە. لەئێستادا ئەوەی نیگەرانی لای دەسەڵات دروستکردووە ئەوەیە لەناوخۆی وڵات دەنگێکی گەورە بەرزبوەتەوە کەئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە وایکردووە هەوڵبدەن پەنا بۆ هەموو رێگاکان بەرن بەوەی بتوانن دەنگی خەڵک رابکێشن و خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشترو ئەو دەمەش کەنیگەران بوون لەوەی کە بەشداری کەم بێت، وتی:» تەنانەت رەنگە کەسانێک هەبن گلەییان لەسیستەم هەبێت و رەخنەییان ببێت، بەڵام ئەو کاتەی دێن و بەشداری هەلبژاردن ئەکەن، ماناکەی ئەوەیە ئەم چوارچێوەیان قبووڵە و متمانەیان پێی هەیەو بە سیستەمێکی شیاوی دەزانن بەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا کاربکەن و بچنە پێشەوە». لەئێستاشدا دەسەڵات بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خەڵک هانبدات بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وەک پەسەندکردنی خۆی ناودەبات. لەبەرامبەردا خەڵک بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن وەک رێفراندۆم ناودەبەن.   ژمارەی نوێنەرانی مەجلیس و رەوتی خۆکاندیدکردن هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران هەر ٤ ساڵ جارێکەو ژمارەی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ٢٩٠ کورسییە. ١٤٦ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی رەوتێک ببێت بە زۆرینە. ناونووسین بۆ پاڵێوراوبوون لەهەڵبژاردنی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٢٤ هەزارو ٨٢٩ کەس ناویان نووسی کە ١٢ لەسەدیان ژن بوون. بەگشتی ١٢،٠٣٣ کەس لەلایەن شورای چاودێرییەوە مۆڵەتیان پێدرا ببن بەپاڵێوراو و بەشداری هەڵبژاردن بن، واتە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بەشداربوان لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە.   ئەوانەی بەشیاو نەزانراون بۆ پاڵێوراوبوون بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی ئەو کەسانەی ناویان نووسیبوو، لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان بۆ ئەوەی بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو خەڵک دەنگیان پێبدەین یان نەیدەن، رەتکراونەتەوە. ئەوانەی رەتکراونەتەوە رەخنەگرانی دەوڵەتن. ژمارەیەک لەکەسایەتییەکانی سەر بەڕەوتی «میانەڕەو»و هەروەها ژمارەیەک لەوانەی بە « ریفۆرمخواز» دەناسران و خۆیان پاڵاوتبوو رەتکراونەتەوە. ئەمەش بۆ یەکدەستکردنەوەی تەواوی مەجلیسە، واتە تەنها پاڵێوراوانی سەر بەڕەوتێکی دیاریکراو کە رەوتی بناژۆخوازەکانن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو رەنگە لەداهاتووشدا ببنە نوێنەر.   بایکۆتی هەڵبژاردن یەکێک لەنیگەرانییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەوەیە کە بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا کەم بێت. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەسەرجەم خولەکانی هەڵبژاردن لەئێران کەمتر بێت. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی حکوومەتی دروستکردووە. تا ئەو ئاستەی هەوڵ دەدەن کەڵک لەهەموو مێکانیزمێک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەترساندن و هەڕەشەکردن لەوەی (یارانە)، واتە ئەو بڕە پارە کەمەی کەحکوومەت ئەیدا بەخەڵک ئەبڕن تاهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرەکان و.. . لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت کەڵک لەهەستی ئایینی خەڵک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان. ماوەیەک لەوەوپێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشنوێژی شاری مەشهەد بڵاوکرایەوە کەدەیگوت:» ئیمام مەهدی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان چاوەڕوانتانە». بەپێی راپرسییەک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤/٣ی خەڵک ئامادەنین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و نزیک بە ٧٥ لەسەد ئەو کەسانەی لەڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین. ئەنجامی راپرسی « خەڵکی ئێران چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ (٢٠٢٤) ئەڕوانن) کە لەلایەن ناوەندی شیکاری و راپرسی ئێرانییەکان (گمان)ەوە ئەنجام دراوەو ناوەندەکە بنکەکەی لەهۆڵەندایە، ئەوە دەرکەوتووە ٧٧ لەسەدی بەشداربوان لەو راپرسییە رایانگەیاندووە ئامادە نین دەنگ بدەن. هەروەها نزیک بە ٨ لەسەدی بەشداربوانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە کەهێشتا بڕیاریان نەداوەو نزیک بە ١٥ لەسەد وتوویانە دەنگ دەدەن. بەپێی راپۆرتێک کە تەلەفیزیۆنی (ایران اینترناشناڵ) دەربارەی ئەم راپۆرتەی دامەزراوەی (گمان) بڵاوی کردۆتەوە، ئەم راپرسییە لەرێکەوتی ٣١ کانوونی دووهەم تا ٧ی شوبات بەماوەی ٨ رۆژ ئەنجام دراوەو زیاتر لە ٥٨ هەزار کەس لەناوخۆی ئێران بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە. ئەم دامەزراوەیە جەختی کردۆتەوە، ئەنجامی راپرسییەکە کەسانی خوێندەوار دەگرێتەوە کەتەمەنیان سەرووی ١٩ ساڵەو نیشتەجێی ئێرانن و راپرسییەکە ٩٥ لەسەد جێی متمانەیە. بەپێی ئەم راپرسییە، لەمانگەکانی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەهەڵبژاردندا، بەو ئەنجامە گەیشتوون بەشداری نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپرسییە، ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران ئاگادار نین کەی هەڵبژاردنی مەجیلسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئەم ڕاپرسییە، خەڵک بێ هیوا بوون لەئەنجامی هەڵبژاردن لە ئێران و ٣٩ لەسەدی ئەو کەسانی ٢٠٢٠ بەشداریان لەهەڵبژاردندا کردبوو ئامادەنین بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن. تەنانەت بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان و بەپێی راپۆرتێک کەماڵپەڕی (انصاف نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەشداری لەهەڵبژارندەکانی داهاتوودا کەمتر لە ٣٠٪ دەبێت. بەپێی ئەم راپرسییە ئاستی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران نزیک ٢٢٪و لەشاری تاران کەمتر لە ١٥٪ دەبێت. شۆڕشی ژیناو کاریگەری لەسەر بایکۆت دیارترین هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کەساڵی ٢٠٢٢ لەئێران سەریهەڵداو چەند مانگی خایاندو لەئێستاشدا دەسەڵات بەردەوامە لەسزادانی ئەو کەسانەی کەبەشداریان بووە لەو ناڕەزایەتییانەدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقز لە ١٦ی ئەیلوول دەستیپێکردو چەند مانگی خایاند بەپێی ئامارەکان نزیک بە ٦٠٠ کوس بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها نزیک بە ٢٠،٠٠٠ (بیست هەزار کەس) دەستگیرکران و ژمارەیەکیان سزای قورسی وەک ئیعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا داسەپا. لەم خۆپیشاندانەدا خەڵک لەزۆربەی شارەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بەهەموو باڵەکانییەوە کردە ئامانج و دژیان دروشمیان وتەوە. بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا کەئەوان بە (اغتشاشات (بشێوی) ١٤٠٠) ناوی ئەبەن، کاریگەری دەروونی داناوە لەسەر خەڵک کەمتمانەیان بەدەسەڵات نەبێت و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن. لە هەمانکاتدا باس لەوە ئەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان کاریگەرییەکان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک ئامادەنەبن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا. ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :» تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتیە سێلێبریتییەکان و میدیاکان هاندەرن بەوەی خەڵک لەدەسەڵات سارد بکەنەوەو بەشداری نەکردن وەک بەهایەک چاوی لێدەکرێت. « ماڵپەڕی تەسنیم کە بەهەمانشێوە سەر بە سپای پاسدارانە بەتووڕەییەوە نیگەرانی خۆی لەسەر ئاستی بەربڵاوی ئەو دەنگانەی وەک دەنگی بایکۆت دەرئەکەون دەربڕیوەو نووسیویەتی ، تەنانەت ئەمجۆرە بانگەشە کردنە بۆ بەشداری نەکردن لەناو میدیای حکوومەتیشدا دەبینرێت. هەروەها دەربارەی ئەو کاسەیەتییە هونەری و وەرزشی و سیاسیانەی کە پشتیوانی بایکۆتن، زمانی هەڕەشە بەکاردەبات و ئەڵێت :» بەئاشکرا بانگەوازکردن بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێ وەک تاوان بزانریت و بانگەشەکاران دەبێ سزابدرێن.» شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەکوردستانەوە دەستیپێکردو بەشی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر ماوەو تەنانەت هەندێک کەس ئەم دەورانە وەک دەورانی بێدەنگی ئەو شۆڕشە دەبینن و لایان وایە توانای هەیە هەردەم سەرهەڵبداتەوە. یەکێک لەکاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە، دابڕانە خەڵکە لەدەسەڵات تا ئاستێکی زۆر. تائەو ئاستەی وەک لەراپرسییەکەی ناوەندی (گمان) دا دەرئەکەوێت نزیک بە ٧٥ لەسەدی خەڵک خوازیاری رووخانی دەسەڵاتن. بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێکە لەدەرکەوتەکانی ئەو دابڕانە.   یەکدەست بوونەوەی دەسەڵات یەکێکی تر لەهۆکاری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن زۆر بێت ئەوەیە دەسەڵات خۆی یەکدەست کردۆتەوە. ئەگەر لەساڵانی رابردوو و بەتایبەت لەدوای هاتنەسەر کاری خاتەمییەوە خەڵک لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانیان بە سەر دوو رەوتی دیاری «ریفۆرمخواز» و « بناژۆخواز»دا دابەش دەکرد، لەئێستادا ئەو دوو بەرەیە بەجیاوازییە کەمەکەشیانەوە نەماون. ئەوەی ماوەتەوە رەوتی ناسراو بە «بناژۆخواز»ە کە خامنەیی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارو سپای پاسداران وەک باڵی سەربازی دەسەڵات روخسارەکانی ئەم رەوتەن. شورای چاودێری (شورای نگهبان) وەک فیلتەری ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پاڵاوتن ناونووس کردبوو، شیاو بوونی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کەسەکانی بۆ بوون بەپاڵێوراو رەت کردووەتەوە، زۆربەی ئەوانەش کەڕەتکراونەتەوە کەسانێکن کە رەخنەیان هەیە لەدەوڵەتی رەئیسی یان گومان دەکەن سەر بەرەوتی خۆیان نەبن. نەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت، وا دەکات خەڵک کەمتر ئامادە بن بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان وەک ئەحمەدی نەژادو کەسە نزیکەکانی یان حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشتری ئێران لەبەرەی بایکۆتدان و بەتایبەت ئەحمەدی نژاد زۆر بەئاشکرا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات. حەسەن رووحانیش کە سەرۆککۆماری پێشتری کۆماری ئیسلامی بوو پێش رەئیسی و نزیک بوو لەریفۆرم خوازەکان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی « ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری» ناونووس کردبوو، بەڵام لەلایەن شورای چاودێری لەسەر هەڵبژارنەکانەوە شیاوبوونی رەتکراوەتەوە.   کوردستان و هەڵبژاردنەکان لەئێران یەکەم هەڵبژاردن و دەنگدان کە لەئێران کرا، رێفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵی یان نا، لەرێکەوتی ١ی ئاپریلی ١٩٧٩، کوردستان بەزۆری ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. لەچەندساڵی رابردووشدا کوردستان لەچاو شوێنەکانی تری ئێران زۆر کەمتر بەشداری لەهەڵبژاردن کردووە. تەنها دەورەیەک کە کوردستان ئامادەیی بەرچاوی هەبوو لەهەڵبژاردندا، خولی یەکەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی بوو لەساڵی ١٩٩٧. ناتق نووری کەوەک کەسی بەرامبەری خاتەمی دەرکەوتبوو، نوێنەری باڵی دەسەڵاتدارو بناژۆخواز بوو و خاتەمی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخواز دەرکەوتبوو. کوردستان بەهیوای ریفۆرم و وەک وەستانەوەش بەرامبەر بەپاڵێوراوی دەسەڵات، زیاترین دەنگیان بەخاتەمی دا. جگە لەو سەردەمە، لەزۆربەی زۆری هەڵبژاردنەکان لەکوردستان، ئاستی بەشداری خەڵک زۆر کەمتر بووە لەناوچەکانی تری ئیران. بەپێی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاستی ٣٢ لەسەدی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداریان لەهەلبژاردندا کردبوو. کەدوای پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کەمترین رێژەی بەشداری بووە. رێژەی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران کەمتر لە ٢٢ لەسەد بووە. حزبە سیاسییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بێ دوودڵی خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا ناو هەندێ لەحزبەکان جۆرێک گومان هەبوو. ئەو کەسانەی لەکوردستان و پارێزگا کوردنشینەکان خۆیان پاڵاوتووە، تائێستا گومانیان هەیە بەوەی کەبتوانن ناوەندی بانگەشەکردن دابنێن. دەوترێت خاوەن دووکانەکان ئامادەنین شوێن بدەن بەپاڵێوراوان بەوەی بانگەشەی تێدا بکەن، بۆیە حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بانگەشەکردن لە رێگای تەلەفیزیۆنەوە بێت.  

هاوڵاتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند. ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند "بە هەوڵێکی هەواڵگریی کە بریتی بوو لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنەکان، تواندرا بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی داعش دەستگیربکرێت، دوای ئەوەی بە بەڵگەنامەی ساختەوە هاتبووە ناو عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکەی". ئاماژە بەوەشکراوە "هەوڵە هەواڵگرییەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی تۆڕەکانی چەتەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان بۆ ئەوەی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدا بێت".

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەكات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕابگرن. لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کەمپەکە و چالاکی شانەکانی داعش لە كەمپەكە، مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپەکە دەستپێکرد و لە کۆتاییدا دەستگیرکردنی دەیان کەسیان لە شانەکانی داعش راگەیاند لەگەڵ دۆزینەوەی تونێل و چەک. دوێنێ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندڕەوی، رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ بگەڕێننەوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی توندڕەوی دەبنەوە. ئاماژە بەوەش كراوە، "هۆشداری لە مەترسی مانەوەی منداڵان لە ناو كامپەكە دەدەین، چونكە لەوێدا مەترسی بڵاوكردنەوەى فیكری توندڕەوی هەیە، هەروەها داوا لە دەوڵەتان دەکەین، بەردەوام بن لە لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بەكۆمەڵانەی چەتەكانی داعش ئەنجامیان داوە." ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كامپی هۆل سەرپەرشتی نزیكەی هەشت هەزار خێزانی چەتە بیانیەکانى داعش دەكات، كە سەر بە زیاتر لە ٥٠ نەتەوەن، لە نێویاندا منداڵ و ژنی زۆر هەیە. جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئۆپەراسوێنی پاراستن و ئەمنی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەپەژە، یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كامپی هۆل ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەست بەسەر دەیان چەك و تەقەمەنی شانە نستووەكانی داعشدا گیرا.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن بڵاوى کردەوە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە  ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە. پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند، لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا،  ٢١٠ هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و ١٨٦ سەربازییان لە عێراق و سوریا بریندار بون. وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٪٧٠ ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە.  پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە. لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق  و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون. 

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت دانیشتنەکان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەستی پێکردووەو میدیا عێراقییەکانیش لەزارى سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە کە سێ لیژنە پێکهێنراوە.  ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەكدارەكان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە خاکی عێراقدا دەستی پێکردووەتەوە. ئەوەشی خستووەتە روو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکان خشتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراقدا دادەرێژن هەنگاو بە هەنگاو تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئەرکەکانیان لە خاکی عێراقدا بەزوترین کات کۆتایی پێدێت. لەم بارەیەوە سایتى بەغداد الیوم بە پشتن بە ستن بە سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتن سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئێوارەی دوێنێ کۆتاییهات دوای ئەوەی ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی سێ لیژنە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن بۆ تەواوکردنی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمدا  بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت  کە لەئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئامادەبوونی  چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند «ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكیان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد».  پرۆسەی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێستادا دەستی پێکردووە جێگەیباسە کەزیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازی هاوپەیمانان لەعێراقدا هەن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژی داعش لە ناوچە جیجیاکان جێگیرکراون.

هاوڵاتی  شەوی رابردو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرتی غەززە ئەنجامدا، جگە لەوەی  نزیکەی 100 کەس  کوژران، توانراوە دو بارمتەی ئیسرائیلیش ئازاد بکرێت کە لە 7ی ئۆکتۆبەر، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندرابون.   وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و بەھۆی بۆردومانێکیشەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی 100 کەس لەو شارە کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.  سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ھێرشە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بووە لە ناوچەی شابوورە لە شاری رەفەح کە بەھۆیەوە دوو دیلی وڵاتەکەیان رزگارکردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە، تانک و کەشتی ئیسرائیلی بەکارهاتون، دو مزگەوت و چەند ماڵێک بۆردومانکراون. بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری رەفەح بەردەوامیدانە بە کۆمەڵوژی و بە زۆر کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و کۆی بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا.  ئەم هێرشەى ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دوای ئەوەدێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد، هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح بەبێ پلانێکی باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی. حەماس داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە رێگری لە تاوانەکانی ئیسرائیل بکەن.  

هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،ئەمڕۆ شەممە هەردوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و وێستگەی غازی کۆنیکۆ لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کراونەتە ئامانج. روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، بە درۆن و مووشەک ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و سەرەتا ٢٠ موشەک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا کراوە، دواتریش بە درۆن بۆردومانکراون. سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکەش ڕوانگەی سوری دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە لەنێو ھێزە سەربازییەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بریندار ھەیە.  ئەوەشی خستۆتە روو کە، کەمێک پێش ئەو هێرشە، دوو هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک لە لایەن گروپەچەکدارەکانەوە کرایە سەر بنکەی ئەمریکا لە وێستگەی غازی کۆنیکۆ بەڵام تائێستا زیانەکان دیارنین. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری لە رۆژی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ١١٤ هێرش لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە کراوەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.  

هاوڵاتی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر خاكی عێراق،ئێوارەی ئەمڕۆ  كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  دەستیپێكرد داوای دەرکردنی هێزە بیانییەکان کرا و و فراکسیۆنەکانی كورد و سوننە بەشداریان لە دانیشتنەکەدا نەکرد .  په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سەبارەت بە کۆبونەوەکە راگه‌یاند كه‌ دانیشتنه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موحسن مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌چووه‌ و تیایدا داوای له‌ حكومه‌تی سودانی كرد، بڕیاری ژماره‌ 18ی ساڵی 2020 جێبه‌جێ بكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق و كۆتایی هێنان به‌ ئه‌ركه‌كانیان. ئەو بڕیارەش دوای ئەوە درا کە له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌دا مه‌نده‌لاوی داواكارییه‌كی به‌ واژووی 100 په‌رله‌مانتار ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مان كرد كه‌ پێشنیازه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق.. بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر خاکی عێراق، 160 واژۆ کرابوو کە زۆرترینیان شیعەکان و بەشێکی کەمی سوننەکان بوون، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆ کەمتر لە 100 پەرلەمانتار ئامادەبووە.  هاوکات هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ و كورد جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی سه‌ربه‌ ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كان، ئاماده‌ی دانیشتنه‌ راوێژكارییه‌كه‌ نه‌بوون ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 7ی شوباتی 2024، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئۆتۆمبیلێكی له‌ به‌غدا كرده‌ ئامانج كه‌ چوار كه‌سی تێدابوو، له‌و گورزه‌دا دوو سه‌ركرده‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا به‌ناوه‌كانی (ئه‌بوباقر ساعدی و ئه‌ركان عه‌لیاوی) كوژران و چواری دیكه‌ش برینداربوون ،دواتر فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌شاندنی ئه‌و گورزانه‌ له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی ئه‌و 3 سه‌ربازه‌ی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ سنوری نێوان ئوردن و سوریا كوژران.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای زیاتر لە ١٠٠ ئەندام پەرلەمانی عێراق له‌ باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ ناوچەکە كۆببێته‌وه‌. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە کۆدەبێتەوە و له‌ باره‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر سه‌روه‌ریی عێراق و کۆتایی هاتن بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان گفتوگۆدەکات. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر پێشنیار و داوای ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری لایه‌نه‌ شیعییه‌كانه‌، كه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ واژۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ئەم کۆبوونەوە نائاساییە کۆکردەوە. داواكاری و پێشنیار بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ دوای ئه‌و هێرشه‌ دێت كه‌ شه‌وی ٧ی ئه‌م مانگه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مەریكا كرایه‌ سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێكی حزبوڵڵای عێراق له‌ ناو به‌غدا و تێیدا سێ كه‌س كوژران، كه‌ یه‌كێكیان سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای حزبه‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد بەرپرسێکی بانكی رافیدەین لە ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بڕی زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دیناری بردووە، ئاماژە بەوەشکراوە دادگا ئەو بەرپرسەی سزاداوە. ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند "لە ئەنجامی گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان دەستەی دەستپاکی بەرامبەر بە جێگری بەڕێوەبەری لقی خالیدییەی بانكی رافیدەین، دەركەوتووە ساڵی ٢٠٢٣ بە شێوەیەكی نایاسایی بڕی ٢٣٢ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٨٢٠ دینار کە دەکاتە  ١٧٧ هەزار و ٦٢٢ دۆلاری ئەمەریكی لە بانك بردووە". دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "توانراوە پارەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ بانکەکە، هەروەها بە بڕیاری دادگا و لەسەر بنەمای مادەی ٣٦ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سپیكردنەوەی پارە تۆمەتبارەكە ١٥ ساڵ سزای زیندانیكردن و بڕی ١٠ ملیۆن دینار سزادراوە".

هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لیژنە‌ی باڵای سە‌ربازی عێراق و ئەمەریکا  بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق  دەستپێدەکەنەوە. وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاند، "بۆ تاوتوێکردن و دانانی خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11ـی شوباتی 2024، لیژنەی دوو قۆڵیی سەربازیی تەکنیکیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەنەوە." هاوکات  لەسەر هەمان پرس، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بابەتەکەوە ئاشکرایکرد: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، لە بەغدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بە گفتوگۆی گرووپەکانی سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی دەکاتەوە." هەروەها دەشڵێت: " هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونمان لە ئەرکی هاوبەشمان بۆ لەنێوبردنی داعش دەکەین، هەروەها گۆڕانی داهاتووی ئەرکەکەمان تاوتوێ دەکەین.  هەر ئەمڕۆش نوسینگە راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند سودانی  لە كۆبونەوەکەیدا  لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسپانیا، وتویەتی هێزەکانی عێراق توانای پێشکەوتویان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەدەستهێناوە و چیدیکە داعش جێگەی مەترسی نیە.  راشیگەیاندووە، ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێ هاتووە.

هاوڵاتی کەمێک لەمەوبەر لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێك لە باشووری لوبنان بۆردومانکرا و میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بەهۆیەوە سەركردەیەكی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی بەناوی عه‌باس ئه‌لدبس و پاسەوانێكی  بەسەختی بریندار بوون. كه‌ناڵی‌ "سكای نیوز عه‌ره‌بی‌"  له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌  له‌نزیك په‌یكه‌ری حه‌سه‌ن كامل سه‌باح له‌ ده‌روازه‌ی شاری نه‌بتییه‌ی لوبنانی به‌ ئامانجگیراوه‌ و تیایدا به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا به‌سه‌ختی‌ برینداربووه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سێكی‌ تردا كه‌ یاوه‌ری‌ بووه‌.  سه‌رچاوه‌كان به‌ سكای نیوز-یان راگه‌یاندوه‌ كه‌ "عه‌باس ئه‌لدبس ناسراو به‌ (حاجی‌ عه‌بدوڵا) به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا له‌ بۆردوومانه‌كه‌دا به‌ئامانج گیراوه‌ ". هەر لەم بارەیەوە کەناڵی حەدەس بڵاویکردەوە عەباس ئەدلبس لە هێرشەکەی  ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە. ئەوە لە کاتێکدایە شەوی رابردوش لە ناوجەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێکی دیکە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە دوو فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی کوژران و کەسیکی دیکەش بریندار بوو.    

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای بەسرە ڕێگریکرا لە بەقچاغبردنی زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سوتەمەنی و لە کەرکوکیش بۆرییەکی شاراوەیان کۆنترۆڵکردووە کە بۆ دزینی سوتەمەنی بەکارهێنراوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشت لەبارەی بونی گەراجێک لە ناوچەی زوبەیری پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت و دەستیان بەسەر 97 تەنکەردا گرت کە بڕی سێ ملیۆن و 492 هەزار لیتر سوتەمەنی تێدا بو و ئامادە دەکرابو بۆ بەقاچاخبردن، هەر لەو پرۆسەیشدا 68 کەس دەستگیرکران. ئەوەش خراوەتە روو، تیمەکانیان لە پارێزگای کەرکوکیش  توانیان یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت کە بۆرییەکە بەکارهاتووە بۆ دزینی نەوت لە نزیک رێگای بەستنەوەی بەغدا و کەرکوک. ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە'' بۆرییەکە بۆ دزین و بە قاچاغبردنی نەوتی سپی بەکارهاتبوو''.