هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت وەزارەتەکە پلانێکی داڕشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی هاوردەکردنی وەرگیراوەکانی نەوت بە تایبەتی بەنزین، ئاماژەی بەوەشکردووە  بڕی هاوردەکراوی بەنزین بۆ ٧ ملیۆن لیتر کەمیکردووە. حسێن تالیب، بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەڕی هەواڵی شەفەق نیوزی رایگەیاندووە "وەزارەتی نەوت لە ماوەی دیاریکراودا پلانێکی داڕشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی هاوردەکردنی وەرگیراوەکانی نەوت بەتایبەتی بەنزین".  ئاماژەی بەوەشکردووە “دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا بڕی هاوردەکراوی بەنزین بۆ ٧ ملیۆن لیتر کەمیکردووە، پێشتر عێراق ١٤ ملیۆن لیتر بەنزینی هاوردە دەکرد".  لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی "دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی باکوور، هاوردەکردنی بەنزین بۆ چوار ملیۆن لیتر کەم دەبێتەوە"، روونیشیکردەوە "زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگە نیشتمانییەکان قەرەبووی مانەوەی هاوردەکردنی بەنزین دەکاتەوە". بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێت "عێراق کۆتایی بە پرسی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەی غاز و نەوتی سپی هێناوە دوای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتە خۆبژێوی".

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد دەستووری عێراق بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە. دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023) لە 21ی شوباتی 2024 ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2024 د. لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە بۆ راوێژکردن لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند "پرۆسەی سیاسی لە دوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستووردا چەسپاوە و یەکێک لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و سیستمی دەسەڵات کۆماری نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، دەستوور بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاوڵاتییاندا هەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات". ئەوەشخراوەتەڕوو "سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنووری هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراق و داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەدەسەڵاتەکانی هەرێمدایە". هەروەها سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەکرد "دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری ڕێککەوتوون و ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، کە عێراقییەکان پەسندیانکردووە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکانی رێکخستووە، دادگای باڵای فیدراڵیش بەپەرۆشە کە ئەوەی لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات". وتیشی "بڕیاری دادگای فیدراڵی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەماهەنگییەکی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەکە و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەشێوەیەک کە خەرجکردنی مووچە بەبێ وەستان مسۆگەربکات و بە هۆکاری هونەری یاخود گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان نەوەستێت، چونکە میکانیزمی بە بانکیکردن (توطین)ی مووچە، پێویستی بە ماوەیەک هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەبەرئەوە مووچە بەکاش دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەیان بەهۆی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە تەواو نەبووە". هەروەها دادگا پشتگیری و پارێزەری مافەکانی گەلە و لە پەیوەندی و راوێژی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆك کۆمار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ڕەنگە روبەڕوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببنەوە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لە  جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و یاساکان لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی خەڵکی کوردستان بەهۆی ناڕێکی لە دابەشکردنی مووچەوە سەرچاوەیان گرتووە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات کارەکانی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە خێراتربکرێت و گرنگئ زیاتر پێبدرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد له‌سه‌ر خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كان بە ئامانجی ئەوەی کارەکانی هەموارکردنەوەی پڕۆژەی یاسای بوودجە خێرا بکرێت و گرنگی زیاتر بە پڕۆژەی ئابووری و ژێرخانی بدرێت. لەئێستادا هەمواری بودجەی 2024 لە ئەنجومەنی وەزیرانە و دوای تەواوکردنی هەموارەکە پرۆژە یاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای خوێندنەوەی پرۆژە یاساکە دەنگی لەسەر دەدرێت.

هاوڵاتی حکومەتی ئێران لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا ڕایگەیاندوە، لە میانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە وڵاته‌كه‌ هەژاند، دوای مردنی ژینا ئه‌مینی، كچه‌ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2022، 281 هاوڵاتی ئێرانی کوژراون. ئەو ڕاپۆرتە دوای 10 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان دێت، کە پشتڕاستی کردوه‌تەوە کە لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردوە، "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجامدراوە". هاوکات ئەو ئامارانەی حکومەتی ئێران بڵاویدەکاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن و ژمارەی کوژراو کەمترە وەک لەو ئامارانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوە بڵاویدەکەنەوە  به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی شەرقلئەوسەت  لە خۆپیشاندانەکاندا  551 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە لانیکەم 49 ژن و 68 منداڵ بون، لەکاتێکدا زۆربەی گیانلەدەستدان بەهۆی چەکی ئاگرینه‌وه‌ بوە بەڵام حکومەتی ئێران دەڵێن تەنها 281 کەس کوژراون. لە ڕاپۆرتەکەی حکومەتی ئێراندا  کە لە دوو بەش پێکدێت هاتووە،  ڕاپۆرتی یەکەم، کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن لیژنەی بەدواداچونی ڕاستییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەداوه‌، کە تەنها 202 کەسی مەدەنی لە ناڕەزایەتییەکان کوژراون، كه‌ "90 كه‌سیان چه‌كیان هەڵگرتوە و بەکاریان هێناوە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و هێرشکردنە سەر بارەگا سەربازی و ئەمنییەکان، ژێرخانی یان هێزەکانی پۆلیس". لە بەسی دووەمیشدا هاتووە  "112 لە قوربانییەکان لەنێو ئەو تەماشاکارانەدا بون کە لەلایەن ئاژاوەگێڕانەوە کوژراون، هاوكات 54 ئەندامی هێزە ئه‌منییه‌كان لە ئەنجامی توندوتیژی بەربڵاوی ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان گیانیان لەدەستداوە". حکومەتی ئێران سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی دەستگیریکردون دەڵێت  لە سه‌ره‌تای خۆپیشاندانەکاندا 34 هەزار کەس دەستگیرکراون، کە دواتری زۆرینه‌یان ئازادكراون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا. مامۆستا ئاوات ئازاد کە ئامادەی دانیشتنەکەی بوو سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە تەواوکردنی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. سکاڵاکە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئازاری 2024 دادگاکە سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت. لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ی ساڵی 2008، بەتایبەت مادەکانی 6، 7، 8، 9 و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە راگیراوە. دادگای فیدڕاڵی عێراق 25ی شوبات بڕیاردانی لەسەر ھەمان سکاڵا بۆ 17ی ئازار دواخست و چاوەڕێدەکرێت لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵاکە بدات.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، سبەینێ یەکشەممە 17ی ئازاری 2024 دادگاکە سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت. لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ی ساڵی 2008، بەتایبەت مادەکانی 6، 7، 8، 9 و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە راگیراوە. دادگای فیدڕاڵی عێراق 25ی شوبات بڕیاردانی لەسەر ھەمان سکاڵا بۆ 17ی ئازار دواخست و چاوەڕێدەکرێت لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵاکە بدات.

هاوڵاتی وەزارەتی کۆچ  و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرێت و هەر خێزانێک بە بڕی چوار ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی 15ی ئازاری 2024 وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند "بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بڕیاردراوە بە پێدانی چوار ملیۆن دینار بە هەرخێزانێک". ئەوەشخراوەتەڕوو "هەر خێزانێک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە ئێستادا دەتوانێت داواکاری بۆ وەرگرتنی چوار ملیۆن دینار پێشکەش بکات، بەتایبەت ئاوارەکانی شنگال لە کاتی گەڕانەوەیاندا چوار ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو لەگەڵ پارچە زەویەک پێدەدرێت". روونیشکراوەتەوە "بەپێی پلانێکیش کە خراوەتەڕوو هەر ئاوارەیەک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکەی خۆی جگە لە قەرەبوو کردنەوەی مادی لە کەرتی گشتی بە تایبەت کەرتی پەروەردە دادەمەزرێندرێن، چونکە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پەروەردەی پابەند کرد بە تەرخانکردنی رێژەی 2%ی دامەزراندنی خێزانە ئاوارەکان کە بڕیارەلە مانگی ئازارەوە لە چەند پارێزگایەک دەستپێبکات".

هاوڵاتی لە بەیاننامەیەکدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی شاندی توركیا و لایه‌نی عێراقی ئاشكراکرا و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر کارکردن بەشێوەی هەماهەنگ. دوێنێ پێنجشەممە ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤ شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بەیاننامەی کۆبوونەوەکەی بڵاوەکردووەتەوە و تیادا هاتووە، لەم دیدارانەدا کە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ی ئەنقەرەیە، هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر پێشهاتە هەرێمییەکان و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بوارە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کرا. ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە بە چڕکردنەوەی کارەکان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، ئەویش بە ئامانجی بنیاتنانی چوارچێوەی پێکهاتەیی لە بوارە جیاوازەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەو ڕووەشەوە بنیاتنانی میکانیزمەکانی پەیوەندیی بەردەوام و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش پێکدەهێنرێت. هەروەها لە بەیاننامەکەدا باس لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق کراوە کە بڕیارە دوای مانگی رەمەزان ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت و تورکیا داوا لە عێراق دەکات هەموو هەوڵەکان بخاتە گەڕ بۆ سەرکەوتنی ئەو سەردانە. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەوەیش کراوە لە ڕێگەی ئەم دەقەوە کە بە تێگەیشتنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ستراتیجی بۆ پەیوەندییەکان لە نێوان تورکیا و عێراق ئامادەی دەکەن، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بە شێوەیەکی هەماهەنگ، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە. هەروەها هەردوولا کە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر گرنگییدانی هەردوولا بە یەکێتیی سیاسیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەتەو و  تیشکیش خرایە سەر ئەوەی کە پەکەکە مەترسی ئەمنیی بۆ تورکیا و عێراق دروست کردووە و، بوونی ئەم رێکخراوە لە خاکی عێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری عێراقە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە کە لایەنەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی کۆمەڵکوژی لە غەززە و، دڵنیاییاندا لە ئیرادەی بەهێز بۆ پشتیوانی کردنی دۆزی فەڵەستین. لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە کە تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەریکردووە لە بارەی ئەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا؛ جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لایەنەکان ڕاوێژیان کردووە لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرامبەر ڕێکخراوەکە و درێژکراوەکانی لە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق تورکیا دەکەنە ئامانج. ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لایەنەکان لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی دیداری پێشبینیکراودا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە دیدار و کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەیەکی رێک و پێک و بەردەوامدا.

هاوڵاتی سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردووە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەردەوامی دەبێت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکی باڵا لە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە "دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوامی دەبێت کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت". لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمەریکا و عێراق دەستییان بە گفتوگۆکردووە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کە لە ساڵی 2014وە لەکاتی دروستبوونی شەڕی داعش بە مەبەستی هاوکاریکردن هاتنە عێراق. هەروەها لایەنە شیعەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ئەوەدەکەن لە زووترین کاتدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە لایە کوردییەکان و سوننەکان پێیان وایە بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان. لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوونیان هەیە، هەروەها  900 سەربازی ئەمەریکیش لە سوریا لە ئەرکێکی راوێژ و هاوکاریدان.

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئازاری 2024 دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند "دەبێت پەلە بکرێت لە بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بە مەرجێک مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش خەرج بکرێت کە ھێشتا مووچەکەیان بە ئەلیکترۆنی نەکراوە". دادگای فیدراڵی عێراق لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشدەکات، ئەرکی سەرشانی حکومەتی ھەرێمە ھاوکاریی و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکات. دەشڵێت "پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و جێبەجێکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە". ئەم روونکردنەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەدوای روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دێت کە تیادا باسی لە نەناردنی مووچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی  بەنیازە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات, لەهەوڵێكدا بۆ دورخستنەوەی محەمەد شیاع سودانی. رۆژنامەی (The Jerusalem Post) ی ئیسرائیلی وێنێ یەکشەممە لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی (رەنگە هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە عێراق داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن (HUDHAIFA EBRAHIM) نوسراوە و باسلەوەدەکات، هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە عێراق (چوارچێوەی هەماهەنگی) , بەنیازە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەهت بكات, لەهەوڵێكدا بۆ دورخستنەوەی محەمەد شیاع سودانی. لە ڕاپۆرتەکەدا هۆکاری داواکاری ئەو چوارچێوەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  سودانی لەگەڵ ئەوەی  سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییە كە هاوپەیمانێتیەكی حزبە شیعەییەكانی هاوپەیمانی ئێرانە, بەڵام لەدوای ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرگرتووە, سودانی ئاڕاستەی كاركردنی بەرامبەر حزبە شیعییەكان گۆڕیوەو لە زۆرێك لە هەڵوێستە سیاسیەكاندا, لەگەڵیان ناكۆكە.  لەم بارەیەوە سەركردەیەك لە حزبی دەعوە رایگەیاندووە, ماوەی پێنج مانگێكە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبنەوە, پلان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دادەنێن, لە ساڵی (2024) یان سەرەتای (2025). باسی لەوەشکردووە، پلانەكەیان هێرشكردنە سەر سودانیەو كەمكردنەوەیە لە بایەخی دەستكەوتەكانی, خستنێتی لەڕووی جەماوەرییەوەو خولقاندنی كێشەی سیاسی و ئابوری زیاترە بۆی. ئەو سەرچاوەیە وتوشێتی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسی ئەوەیان هەیە کە سودانی  پارتێکی سیاسی نوێ یان هاوپەیمانێتییەکی نوێ ڕابگەیەنێت و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی کاندید بکات و ببێتە" زۆرینەی دەنگی  سیاسی دەسەڵاتدار لە عێراقدا." ناکۆکییەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانی پەیوەندی بە پەسەندکردنی سیاسەتەکانی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکاوە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخی دراو. ئەم هەنگاوەش بووە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە عێراق و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.  

هاوڵاتی بریارە ئەمرۆ یەکشەممە 10/3/2024، دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی  لە ساڵی 2023دا بخاتە روو و بە پێی وتەی حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق چەندین دۆسییەی گرنگی گەندەڵی بەرپرسە گەورەکانی ناو حکومەت لەخۆدەگرێت. حەیدەر حەنون رۆژی هەینی رابردوو بە ئاژانسی هەواڵی "عێراقییە"ی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی بۆ ساڵی 2023 دەخاتە روو و ئەو دۆسییانەش کە پەڕاوییان بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەبارەوە ئەنجام دراوە چەندین کەسایەتی گەورە و ناسراو لە خۆ دەگرێت کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون". سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەستەکەی وەک دەستەکەیەکی فیدراڵی دەبێت چاودێری هەموو پاریزگاکانی عێراق بکات و بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسێکی رێکەوتنیان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو نابراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و فەرمانبەران ، هەموو بەرپرس و فەرمانبەرانی عێراق دەگرێتەوە نەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو. ناوبراو داواشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێم کرد کە یارمەتی دەستەی فیدراڵی عێراق بدەن لە دەستگیرکردنی کەسانی داوا کراو و بە دواداچوون بۆ سەروەت و سامانی بەرپرسانی هەرێم بکەن تا بەو جۆرە دەستەی فیدراڵی بتوانێت هاوشێوەی بەرپرسانی پارێزگاکانی عێراق  بە دواداچوونێکی ورد بۆ سەروەت و سامانەکانیان بکات چونکە کەس لە سەرووی یاساوە نییە. هەروەها لەبارەی کاری دەستەی دەستپاکی ناوبرا روونیکردەوە "دەستەی دەستپاکی تەنها فەرمانگەیەکی لێکۆڵینەوە نییە ، بەڵکو چەندین فەرمانگە و پسپۆری هەمەجۆر لەخۆدەگرێت کە بەرپرسن لە نەهێشتن و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان هەر لە سەرەتای ئاشکراکردنی تا کۆتایی هە موو رێکارەکانی وەک لێپێچینەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە و بەرگرتن و ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و شەفافییەت و هاوکاری راپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی رۆژنامەکان". ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە "لە ئێستادا هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ بەرگرتن لە گەندەڵی و نەهێشتنی تاوانە داراییەکانی ناو فەرمانگەکانی دەوڵەت و بە فیرۆدانی موڵک و ماڵ و سامانی گشتی، لێپیچینەوەی تووندیش لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون و دۆسییەکانیان دوای تەواکردنی هەموو رێکارەکان و دەست خستنی هەموو بەڵگە پێویستەکان رەوانەی دادگا دەکەین".

هاوڵاتی دوای کوژرانی ئەفسەرێکی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکانی لە پارێزگای زیقار بەهۆی شەڕی دو بنەماڵە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێکیان لە قەزای ئیسڵاح ئەنجامدا و 123 کەسیان دەستگیرکرد. عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی 8ی مانگی کانونی دوەم رائید حسێن رەزا ئەفسەری ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە گیانیلەدەستدا لە قەزای ئیسڵاح سەر بە پارێزگای زیقار  چەند ئۆپەراسیۆنێکییان ئەنجامداوەو لە ئەنجامدا ١٢٣ کەس دەستگیرکراون. وتیشی ،قەزای ئیسڵاح سەر بە پارێزگای زیقارە و لەم دواییانەدا چەند ململانێ و ئاڵۆزییەک لە نێوان هۆز و بنەماڵەکانی ئەو ناوچەیە دروستبوە و لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندان و چەندین کەسیش دەستگیر کراوە. وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکرد کە لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا توانیویانە دەستبگرن بەسەر  ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لەو ناوچەیەدا، جگەلەوەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ تۆمەتبارەکان کردوە و بەدواداچونەکان بەردەوامە، سەرجەم تۆمەتبارەکانیش بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون. رۆژی 8ی مانگی کانونی دوەم/1، رائید حسێن رەزا ئەفسەری ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان دو هۆزی قەزای ئیسڵاحی پارێزگای زیقار کوژرا.  

هاوڵاتی حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازار زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکان ناویان برد لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە تێئەپەڕن. یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکان لەچاوپێکەوتنێکی  تەلەفیزیۆنیدا دەرباری ئەم هێرشانە وتی دوو هێرشی  مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و پاپۆڕێکی ئەمریکی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بوون.  وتیشی، لە چالاکی یەکەمدا لە کەنداوی عەدەن کەشتی ئەمریکی Propel Fortune کرایە ئامانجی چەند مووشەک و لە چالاکی دووهەمدا بە ٣٧ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر یەکێک لە پاپۆڕە جەنگیەکانی سوپای ئەمریکا لە دەریای سوور. سوپای ئەمریکاش لە راگەیاندنێکدا هێرشی حووسییەکانی پشتڕاستکردۆتەوەو وتوویەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رۆژی شەممە ٩ی ئازار ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حووسییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستە خوارەوە. لە راگەیاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەڕەشەی جیدی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان. لەم راگەیاندنەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن حووسییەکانەوە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە ئاڵای ئەندۆنزیای لەسەر بوو، هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوو ترۆمبێل کە چەکی قورس و مووشەکی دژە کەشتیان لەسەر دامەزرابوو. جێگەیباسە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئازار بە هۆی هێرشی حووسیەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی بازرگانی ٣ کەس کوژران و چەند کەسیش برینداربوون. سوپای ئەمریکا رایگەیاند بە مووشەکی بالستیکی و لە یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئەم کەشتییە.