سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە. ئەو کۆنسووڵە بانگهێشتنامەی سەرۆکوەزیرانی قەتەری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆڕبه‌ندى ده‌وحه.   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حوسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله‌، كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبوونەوە.   بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، حوسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله‌، كۆنسووڵى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتنامەی محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى قه‌ته‌ری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دەوحە کە بڕیارە دیسەمبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت.   "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ بانگهێشته‌كه‌، ئاماده‌يى نيشان دا كه‌ به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا بكات، هه‌روه‌ها ‌جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا، كرده‌وه‌." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای گوت.    هاوکات كونسوڵى گشتيى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركردايه‌تيى وڵاته‌كه‌ى، "به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازيارى ئه‌وه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كان به‌ره‌وپێش ببه‌ن."   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هه‌ردوولا تيشكيان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان."

وەزیرى دەرەوەى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیداڕایگەیاند پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن،  ئەوان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە. ئەمرۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لە بەغدایە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە شاری ھەولێر بکاتەوە، ھەروەھا بە پێویستی زانی کە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە. دوای کۆبوونەوەکەش فوئاد حوسێن و جەیھون بایرامۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان باسیان لە پرسی گشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە و ڕایگەیاند کە پێویستە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی بنەمای دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانیی، ئابووریی و گەشتیاری نێوان ھەردوو وڵات. ھەروەھا فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ھەولێر بکاتەوە. باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختيان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن و گوتی: "ھیندستان و پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە و بۆیە پێویستە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاشتی چارەسەر بکرێن". وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە گرنگە گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان، بوەستێندرێن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجوومەنی کارەکانی نێوان ئازەربایجان و عێراق کارا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئازەربایجان و عێراق لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی خزمەتگوازری، تەندروستی و ئابووریی ھاوکاری یەکتر دەکەن. ھەروەھا جەیھون بایرامۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتە لەسەر گرنگی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە سووریا و گوتی: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسمان لە دۆخی مرییی لە غەززە کردووە و لەوبارەیەوە جەختمان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە". گوتیشی: "نابێت دۆخی کەرتی غەززە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە، بەدیھێنانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەریی دوو دەوڵەوتییە".

ئاژانسى ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیمارات لینکێکى دروستکردوە بۆ دانوستانی نێوان ئیسرائیل و سوریا، سێ کەسی ئاگادار لەو بابەتە دەڵێن، لە کاتێکدا بەرپرسانى نوێی سوریا داوای یارمەتی ناوچەیی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ  لەگەڵ دراوسێی باشووریان. سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا و بەرپرسێکی هەواڵگریی ناوچەکە ڕایگەیاند، پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان کە پێشتر باس نەکراون، لەسەر بابەتی ئەمنی و هەواڵگری و دروستکردنی متمانەی نێوان دوو دەوڵەتە کە هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان نییە، کەسێک کە زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت. بەوتەى سەرچاوەیەکیان، هەوڵى نێوەندگیرى ئیمارات، لە١٣ى نیسانى ڕابردوو دەستیپێکردوە، دواى ئەوەى ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا سەردانى ئەو وڵاتەى کردووە. بەشێوەیەکى گشتى لە ئێستادا سەرنجى کۆبوونەوەکان لەسەر بابەتە تەکنیکیەکانە، هیچ ئەگەرێکیش نییە ئەو داونوستانانە سەربگرێت، سەرچاوە ئەمنییە باڵاکەی سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەو پرسەکانەى پەیوەستن بە ئەمنییەوە، تیشکی خراوەتەسەر لەگەڵ چەند فایلێکی تیرۆر. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی سەربازی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە چالاکییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە لە سوریا، هیچ گفتوگۆیەکى لەسەر نەکراوەو کەوتوونەتە دەرەوەی بازنەی کۆبونەوەکان لەئێستادا. سەرچاوە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی ئەمنی ئیمارات و بەرپرسانی هەواڵگری سوریا و بەرپرسانی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل بەشداربوون. ئەو کۆبوونەوەو نێوەندگیریانە پێش هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا لە هەفتەی ڕابردوودا بوو کە یەکێکیان تەنها 500 مەتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشقەوە دوورە، ڕۆیتەرز نەیتوانی ئەوە بسەلمێنێت کە ئایا هیچ هەماهەنگیەک هەبووە لە دوای ڕوودانی هێرشەکانەوە یان نا. ئیسرائیل هێرشەکانی وەک پەیامێک بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا لە چوارچێوەی کاردانەوە بە هەڕەشەکان لە دژی دروزەکانی سوریا، کە مەزهەبێکی کەمینەیە و لقێکی ئیسلامە و لایەنگرانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلدایە.

هێزەکانى سوریاى دیموکرات دژى دیاریکردنى حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەى سەربازى ڕۆژهەڵاتى سوریایە و رایگەیاند، شوێنى ئەو جۆرە کەسانە زیندانە نەک پێگەى هەستیارى دەوڵەت. فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەڵێت: دانانی تاوانباران لە پۆستە هەستیارەکان لە سوریای نوێدا، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت گڵاو دەکات. فەرهاد شامی، لە تۆڕی كۆمەڵاتی "ئێكس" رایگەیاندووە، تاوانبار "ئەبو حاتم شەقرا" کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەلەف، پێویستە لە ناو قەفەسی دادگادا بێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لە بەرامبەر تاوانەکانیان. دەشڵێت: تاوانبارێک  لە ناوخۆدا داواکراوەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا دراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت. ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس، ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند رۆژی رابردودا لەلایەن مورهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا، بە فەرماندەی فیرقەی (٨٦) سوپای نوێی سوریا لە حەسەکە و دەیرزورو رەقە دەستنیشانکرا. ئەبو شەقرا فەرماندەی پێشوی گروپی "ئەحرار ئەلشەرقیە" بووەو لەلایەن توركیاوە پاڵشتی دەكرێت، دەوترێت خاوەنی بڕوانامەی (6) بنەڕەتی بووە، بەڵام دواتر وەك بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی نوێكانی سوریا، لە ساڵی (2023) بڕوانامەی زانکۆی لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ماردین لە تورکیا بەدەستهێناوە. لە مانگی تەموزی ساڵی (٢٠٢١)ەوە، خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباری کرد بە سەرپەرشتیکردنی زیندانێکی سەر بە ئەحرار ئەلشەرقیە لە گوندەواری حەلەب، کە بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە چەندین پرۆسەی لەسێدارەدانی مەیدانی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی  تیادا ئەنجادراوەو، بە پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.

  ڕۆژنامەیەکی تورکی لەزارى بەرپرسانی لوبنانەوە بڵاویاکردەوە، هەواڵگری تورکیا ساڵی ڕابردوو هێرشێکی لە دوورەوە بە کەڵک وەرگرتن لە پەیجەرەکان لە لوبنان پووچەڵ کردەوە. ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشە هاوشێوەکانی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی دەیان و برینداربوونی هەزاران کەس لە نێویاندا ئەندامانی گرووپی حزبوڵای لوبنانی. ڕۆژنامەی دەیلی سەباح ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ لە ڕێگەی هۆنگ کۆنگەوە بەرەو بەیروت دەست بەسەر 1300 پەیجەر و 710 شەحن کە تەقەمەنییان تێدابووە، لەناو بارێکدا گیراوە. بەرپرسێکی ئەمنی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕاپۆرتەکەی بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاست کردەوە بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو. لای خۆیەوە یوسف ئەلزین، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حبوڵا، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەوان، چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکانی پەیجەرەکانی ١٧ی ئەیلول لە لوبنان و سوریا، هەواڵگری تورکیای ئاگادارکردووەتەوە، کە بارێکی پەیجەر ڕەوانەی لوبنان دەکرێت. ئەلزین ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بەسەر ئەو ئامێرانەدا گرتووە و پێدەچێت لەناویانبردبێت. رۆژی 17 ئەیلولی ساڵى ڕابردوو هەزاران ئامێری پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە. رۆژێک دواتر سەدان ئامێری وۆکی تۆکی تەقینەوە؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو ئامێرانە 39 کەس کوژران و 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. حیزبوڵڵای لوبنانی لە 8 تشرینی یەکەمی 2023وە هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕی حیزبوڵا و ئیسرائیل بەردەوامە.     لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.

  وتەبێژی حوسییەکان لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان ئیسرائیل ناگرێتەوەو لەهێرشەکان بۆ سەر ئەوان بەردەوامدەبن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت. ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ​​ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین. محەممەد عەبدولسەلام، سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: ڕێککەوتنى ئاگربەستى ئەمریکا، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک و شێوە و فۆرمێک ناگرێتەوە. سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکان ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان بووە و بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان ڕادەگیرێت. لە مانگی یەکەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە ناوچەی دەریای سوور نەبووە. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى،  لەزاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران فشاریكردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشی حوسیەکان بۆ سەر کەشتیە ئەمریکیەکان. رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە ئەوەشى ئاشکراکردووە، تاران هەژمونی خۆی بەسەر حوسیەکان بەكارهێناوە، وەک بەشێک لە هەوڵەكان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست، هانیداون بۆ ئەوەی واز لە بەئامانجگرتنی کەشتیە ئەمریکیەکان بهێنن. حوسیەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدەن و کەشتیەکانی دەریای سور دەکەنە ئامانج، ئەوەش وەك نیشاندانی هاودەنگییان لەگەڵ فەلەستینیەکان.

  رۆژی نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێتە پشووەوە. درەنگی شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، بەگوێرەی مادەی 57ی دەستووری عێراق و مادەی 22 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی چوارەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی کە دەکاتە نۆی ئایار کۆتایی بێت. بەوەش پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامنادات، بەڵام ئەرکی چاودێریکردنی بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری هەبوونی بابەتێکی گرنگ و پێویستدا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چەندینجار بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە، دانیشتنەکان بەڕێوەنەچوون، بەو هۆیەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، ناوی بڵاودەکرێتەوە و بەشێکیش لە مووچەکەی دەبڕێت.

  کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، نابێت دۆخی کەرتی غەزە بەمشێوەی ئێستا بەردەوامبێت و پێویستە هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتەکە بکرێت. کالاس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گیدۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی مرۆیی غەزە مەترسیدارە و نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگری لە چوونی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە بکرێت، پێویستیشە دەستبەجێ ناردنی هاوکاریییەکان دەستپێبکاتەوە. لە وەڵامدا، گیدۆن سار بزووتنەوەی حەماسی بەهۆکاری راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان تۆمەتبارکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا گوتبووی، ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانی کردووەتە چەکی جەنگ و لە جیاتی ئاو و مادە خۆراکییەکان، بۆمب بەسەر دانیشتووانی غەزەدا دەبارێنێت.

  درەنگانێکى شەوى ڕابردوو سوپای پاکستان ڕایگەیاند، ھیندستان لەڕێگەى هەڵدانى مووشەکەوە سێ پێگەی وڵاتەکەیانی کردووەتە ئامانج؛ پاکستانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، وەڵام دەدەنەوە.  ڕۆژی چوارشەممە هیندستان هێرشی کردە سەر پاکستان و ئەو بەشەی کشمیر کە ئیسلام ئاباد بەڕێوەی دەبات، هاوکات پاکستانیش ڕایگەیاند کە پێنج فڕۆکەی شەڕکەری هیندستانی خستووەتە خوارەوە، ئەمەش گەوەرتین شەڕو پێکدادانە لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. سوپای هیندستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە شەوی 6 لەسەر 7ـی ئایاری 2025، سوپای پاکستان بە شێوەی هەڕەمەکی بۆردوومانی سنووری هیندستانی کرد." لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشكراوە، "بەهۆی بۆردوومانەکانەوە سێ هاوڵاتیی سڤیلی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و ئێمەش بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دۆخەکەی بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد و دەشڵێت "هیوادارم بە خێرایی کۆتایی پێبێت". هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ژێرخانی تیرۆریستیان لە پاکستان کراونەتە ئامانج." بەڵام خەواجە عاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت،  هیندستان هێرشەکانی لەنێو خاکی خۆی ئەنجامداوە و دەنگۆی هیندستان بۆ بەئامانجگرتنی "تیرۆریستان" راست نییە و ناوچە سڤیل نشینەکانیان بە ئامانج گرتوون.   وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان سێ کەسی سڤیل کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە. گوتەبێژێکی سوپای پاکستان دەڵێت، "لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، وەڵامیان دەدەینەوە."   گوتەبێژەکە دەشڵێت، "هەموو فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیمان لە ئاسمانن، ئەمە هێرشێکی شەرمەزارکەر و ترسنۆکانە بوو کە لەنێو خاکی هیندستان ئەنجامدرا." هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە دوو شەڕیان کردووە لەسەر ناوچەی کشمیر کە زۆرینەی موسڵمانە، کە هەردوولا بانگەشەى تەواویان دەکەن و بەشێکی کۆنترۆڵیان کردووە. لە دوای ئاگربەست لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢١ نوێیان کردەوە، لێدان لە ئامانجەکانی نێوان هەردوو دراوسێ لە ڕادەبەدەر دەگمەن بووە. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، مەترسیی پەرەسەندنی ھێرشەکە زیاتر بووە بە بەراورد بە ڕابردووی ئەم دواییە، ئەمەش بەھۆی توندی هێرشەکەی هیندستانەوە. ئەو هێرشەی هیندستان داوی ئەوە هات، لە 22ـی نیساندا و لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کشمیر، 26 کەس کوژران و دوای هێرشەکەش، حکومەتی هیندستان پەنجەی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژ کرد.    هەرێمی کشمیر لە ساڵی 1947وە بەسەر هیندستان و کشمیردا دابەشکراوە، بەڵام هێشتا کێشەلەسەرە و لەسەدا 55ی لەلایەن هیندستانەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەسەدا 30یشی لەلایەن پاکستان و لەسەدا 15ی دیکەش لەلایەن چینەوە.

  بەرپرسێکی باڵاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا، بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئەمریکا ڕێنمایی وەرگرتووە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر حوسییەکان. ئەم ڕاگەیاندنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، دوای چالاکیی دیپلۆماسی چڕ و پڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و عومان و حوسییەکان هات، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان. ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان بۆ هێرش نەکردنە سەر یەکتر ئامانجی بەرزکردنەوەی چانسى دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانە، بە پێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن. تا ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی گەڕى چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران ڕوون نییە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، بەهۆی زنجیرە هێرشەکانیانەوە بۆسەر حووسییەکان لە یەمەن، ئەو گرووپەیان لاواز کردووە و "حووسییەکان رازی بوون بەوەی هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان رابگرن." هاوکات دەشڵێت، پێش سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "راگەیێندراوێکی گرنگ"ی دەبێت رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کۆبووەوە و پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ دەربارەی چەندین پرسی گەرمی جیهان قسەی کرد. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆسەر حووسییەکان، ترەمپ رایگەیاند، حووسییەکان "رازی بوون هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان رابگرن،" بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ وردەکارییەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو. هەر لەوبارەیەوە ترەمپ گوتی، "حووسییەکان رایانگەیاندووە، چیدی نایانەوێت شەڕ بکەن. ئێمەش رێز لەو بڕیارە دەگرین و بۆردوومانەکان رادەگرین، ئەوان خۆیان بەدەستەوە داوە." بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و لەوبارەیەوە گوتی، پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، "راگەیاندنێکی زۆر زۆر گەورەمان دەبێت، ئەوەندە گەورەیە، دەگاتە لووتکە. هیچتان لەبارەیەوە پێناڵێم، ئەوەندە نەبێت شتێکی زۆر ئەرێنییە،" بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی زیاتر بدات. ترەمپ لە لێدوانەکانی ئۆفیسی ئۆڤاڵدا، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خۆی ڕاسپارد کە "هەموو لایەک ئاگادار بکاتەوە". ڕوبیۆ ئەم تێگەیشتنەی بە "پێشکەوتنێکی گرنگ" وەسف کردووە. ڕوبیۆ دەڵێت: ئەمە هەمیشە پرسێکی ئازادی کەشتیوانی بووە. "ئەمە کەسانێک بوون کە بە چەکی ئاڵۆز چەکدار بوون و هەڕەشەیان لە کەشتیوانی جیهانی دەکرد، ئەرکەکەش ئەوە بوو کە وەستاندنی ئەوە بوو. ئەگەر بڕیارە بوەستێنن، دەتوانین بیانوەستێنین. پێموایە ئەوە پێشهاتێکی گرنگە."

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت. ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ​​ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین، بەڵام بەمەرجى خۆڕادەستکردن. ئەو وتیشى: ئەو گرووپە یاخیبووە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناوچەکە ڕادەگرن، ئێمەش بۆردومانەکان بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر دەستبەجێ دەوستێنین. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. هەر ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعباین  لە یەمەن کردە ئامانج. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن ئەنجامداوە. ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە تەرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی سەنعا و هەموو فڕۆکەکانی ناوەوەی کراونەتە ئامانج و فڕۆکەخانەکە بە تەواوی داخراوەو وێرانبووە. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایار یاخود هەینی 9ی ئایار و پێش سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "راگەیێندراوێکی زۆر گرنگم دەبێت، کە لەبارەی بابەتێکی زۆر گرنگە و یەکێک دەبێت لەو راگەیێندراوانەی چەندین ساڵە شتی وا نەبووبێت لەبارەی بابەتێکی دیاریکراو."

شاندێكی حكوومه‌تی سووریا سه‌ردانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كردووه‌ و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان سه‌رۆكی سووریا و فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌یان تاوتوێ كردووه‌. میدیاكانی سووریا بڵاویان كرده‌وه‌، شاندێكی حكوومه‌تی سووریا سه‌ردانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)ـیان له‌ كێڵگه‌ی كۆنیكۆ له‌ ڕیفی دێره‌زوور كردووه‌ و هه‌ردوولا جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌یان تاوتوێ كردووه‌،  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌م باره‌وه‌ گوتوویانه‌، دوێنێ دووشه‌ممه‌، ئەو کۆبوونەوەیە کراوەو هه‌وڵێكی زۆر له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی گفتوگۆكان و ته‌واوكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان شه‌رع و عه‌بدی به‌تایبه‌تی دوای ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌. سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ردوولا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندغا جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی به‌نداوی تشرینیان به‌ پێویست زانی و جه‌ختیشیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ ململانێیه‌كی سه‌ربازیی دوور بخرێته‌وه‌. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ڕه‌تیشیان كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو بنكه‌ی سه‌ربازیی عومه‌ر و كۆنیكۆ ڕاده‌ستی حكوومه‌تی سووریا كرابن، به‌ڵكوو ئێستا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان شه‌رع و عه‌بدی ده‌كرێته‌وه‌.  شەممە، 12ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی و حوسێن سەلام، نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دووەمجار لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ کرا کە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ واژۆ کرا، جەختیش لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کرایەوە.

  شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغداد. سەباح سوبحی؛ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وتى: ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و نوێنەری ئەپیکۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.  کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت لە 20ـی نیسانی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کراوە و بۆچوونی ئەوان لەسەر پرسەکە وەرگیراوە. هاوکات لە 27ـی نیساندا کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان "ئەپیکور"، لە راگەیەندراوێکیدا، جەختی لە دوو مەرجەکەى کردەوە بۆ ئەوەى "دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە" هاوکات شکستى هەوڵەکانیشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند. ئەپیکور راشیگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکى بنەڕەتیی تایبەت بە دڵنیاییدان لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان نەبووە و هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسى پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى بوارى نەوت دا نییە. ئاماژەى بەوەشکردووە، نوێنەرانى کۆمپانیاکانى ئەندام لە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى دیکەى بوارى نەوت بەشدارییان لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسان لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە. ئەپیکور پێویستیى دڵنیاییەک لەلایەن حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرى پرسەکە لەلایەن ئەپیکور و حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون، وەکو پێشنیازى شێوازى کارکردنى راوێژکارى نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ یاساى بودجە و گرێبەستى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چوونیەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. باسیلەوەشکرد، حکومەتى عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریى نەوتى عێراق_تورکیا دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاڕاستە سنووردار و بێبەرهەم بوون. ئەپیکور داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک کە سوودى هاوبەشى هەبێت. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور چەندینجار چارەسەریان بۆ پرسەکە پێشنیازکردووە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، شەرعی و یاسایی بوون.

  سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیا لە شەڕدایە. ئەم هێزانە جارێکی دیکە لەژێر ئاڵای نازیزمدا یەکیانگرتووەو پشتیوانییان لە ڕژێمەکەى ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئۆکرانیا دەکەن. لە میانی مەراسیمی تاجە گوڵینەدان لەوەزارەتی دەرەوە، ئەمرۆ سی شەممە سێرگی لاڤرۆڤ وتى: ئێستا ئەوروپییەکانیش لە ژێر ئاڵای نازییەکان لە دژی ئێمە یەکگرتوو بوون و بە مانای وشەیی وشەکە، پشتگیری لە ڕژێمی ڕەگەزپەرست و دژە ڕووسیی زێلێنسکی دەکەن. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، وەک لە ئۆپەراسیۆنی بیرنەکراوەدا (پلانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر یەکێتی سۆڤیەت لەسەر فەرمانی وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٥)دا ڕوویدا، لە ئێستادا هەڕەشەی شکست لە ڕووسیا دەکەن. جەنگی ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. لە کانوونی دووەمی ئە م ساڵەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە، بەڵام جگە لە دوو ئاگربەستی کورتی و ئامانجدار نەبوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام ئەو بەڵێنەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دای و رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، دەرکەوت کە خەیاڵە. 

  دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە." سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون. هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و  207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان. بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.