هاوڵاتی - ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەرەنتی ئەمنی بۆ بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا دابین کردوە. - بەرپرسانی ڕوسیا پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن. ئاژانسی تاس-ی ڕوسیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی كۆشكی سهرۆكایهتی ڕوسیا (کرێملن) بڵاویكردهوه، کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەرەنتی ئەمنی بۆ بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا دابین کردوە. ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندوە، "بەرپرسانی ڕوسیا پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن، کە سەرکردەکانیان بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لە سوریا". ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریاش پێشتر ڕایگەیاندبو، گەرەنتی ئەمنی بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیهكانی ڕوسیا کە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئامادەن، دابین دهكهن. باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە دیمەشق پێشتر ڕایگەیاندبو، هەمو کارمەندەکانی لە سوریا باشن، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار چونەتە ناو دیمەشق و ڕژێمی بەشار ئەسەدی ڕوخاند. سەرچاوەیەک لە باڵیۆزخانەکە بە تاس-ی ڕاگەیاندوە، "هەمو شتێک باشە"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر بخاتەڕو.
هاوڵاتی - ئەمريکا لە نزیکەوە چاودێریی قسە و کرداری گرووپە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا دەکات. - بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش، دووربخەنەوە. - دەبێت گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن، لەنێویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان. وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەخت لە دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش دەکەنەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، لۆید ئۆستن و یاشار گولەر، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سوریایان تاوتوێ کرد. پێنتاگۆن بڵاویكردەوە وەزیر ئۆستن جەختیکردەوە لەوەی ئەمريکا لە نزیکەوە چاودێریی قسە و کرداری گرووپە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا دەکات. لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن، لەنێویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، هەروەها پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییە مرۆییەکان. پێنتاگۆن دەشڵێت "وەزیر ئۆستن و وەزیر گولەر هەردووکیان جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نزیک لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا کردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە گرژیی زیاتری دۆخە شڵەقاوەکە بکەن، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش، دووربخەنەوە. ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە، زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە جێگیرکراون و لە چواڕچێوەی هاوپەیمانییەکەی نێودەوڵەتی کە زیاتر لە 80 وڵات تێیدا ئەندامه، شەڕ لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش دەکات.
هاوڵاتی - جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە. - پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت. - بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سوریادا رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەسەر ئایندەی سووریا بەرپرسیارێتیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە، بەبێ دەستێوەردانی وێرانکەر و سەپاندنی دەرەکی. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیاریکردنی چارەنووسی گەلی سووریا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان دەستبەجێ پێشگرتنە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا، لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا بکات. وەزارەتەکە هاوکات، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە کە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو. وتيشى: پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت. ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سووریادا رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر.
هاوڵاتی - لە 11 رۆژی رابردووی شەڕ و پێکدادانی سووریا بەسەدان کەس کوژراون. - لە نێو کوژراوەکاندا 138 سڤیل و 380 سەرباز و 392 چەکدار هەن. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رايگەیاند، لە 11 رۆژی رابردووی شەڕ و پێکدادانی سووریا بەسەدان کەس کوژراون. رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: 910 کەس کوژراون بەهۆی شەڕەكانی سوریادا كوژراون و لە نێو کوژراوەکاندا 138 سڤیل و 380 سەرباز و 392 چەکدار هەن. رۆژی 25-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی لە پارێزگەی ئیدلیبەوە، بە ئاراستەی رۆژئاوای حەلەب هێرشیان کرد و دوای دوو رۆژ شارەکەیان گرت، دواتر شار بە شاری سووریایان راماڵی و توانییان هەریەک لە: حمس، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە کۆنتڕۆڵبکەن. 08-12-2024، دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو دیمەشق و پایتەختی سوریایان گرت، حکومەتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا رووخا و خۆیشی بۆ مۆسکۆ هەڵات. میدیای فەرمیی رووسیا لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بڵاویکردەوە: "ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی گەیشتوونەتە مۆسکۆ. رووسیا بە هۆکاری مرۆیی مافی مانەوەیانی پێبەخشیوە."
هاوڵاتی - شهش منداڵیان تیادایه وهەمویان ئەندامی یەک خێزانن. - ئهو ناوچهیهی كه توركیا بۆردومانی كردوه له ژێر دهستی خۆبهڕێوهبهریدایه. - دۆخێکی ترسناک و دڵەڕاوکێ بەسەر ناوچەکەدا دروستبوە. روانگهی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ بڵاویكردهوه، له ئهنجامی بۆردومانی فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی توركیا لە لادێكانی عەین عیسا لە باکوری ڕەققە 12 هاوڵاتی مهدهنی كوژران، كه شهش منداڵیان تیادایه کە هەمویان ئەندامی یەک خێزان بون. روانگهكه له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "له ئهنجانی بۆردومانی فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی توركیا كه ماڵێکی لە گوندی مستهریحه لە عەین عیسا لە باکوری ڕەققە كردە ئامانج 12 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە شهش منداڵیان تیادایه و هەمویان ئەندامی یەک خێزان بون. ئاماژهی بهوهشكردوه، ئهو ناوچهیهی كه توركیا بۆردومانی كردوه له ژێر دهستی خۆبهڕێوهبهریدایه و دۆخێکی ترسناک و دڵەڕاوکێ بەسەر ناوچەکەدا دروستبوە، ئهوهش لە ئەنجامی پەرەسەندنی سەربازیی ئەم دواییە. روانگهی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ دهڵێت، ژمارەی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دهسهڵاتی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە ئەنجامی داوه گهیشته 191 هێرش، كه بونهته هۆی شههیدبونی 55 هاوڵاتی مهدهنی و برینداربونی 73 كهسی دیكه كه ژن و منداڵیان تیادایه، جگه گیانلهدهستدانی 49 كارمهندی هێزی ئهمنی.
هاوڵاتی - ئهو بۆردومانانه به مهبهستی ڕێگریكردن بون له ئهنجامدانی ئۆپهراسیۆنی دهرهكی چهكدارانی د*ا*ع*ش. - هێرشه ئاسمانییه وردهكان لهلایهن فڕۆكه جۆراوجۆرهكانهوه ئهنجامدراون. فهرماندهیی ناوهندی سوپای ئهمریكا ڕایگهیاند، فڕۆكهكانیان ههڵیانكوتایه سهر زیاتر له 75 ئامانجی داعش له سوریا. بهگوێرهی راگهیهندراوێكی فهرماندهیی ناوهندیی ئهمریكا (سێنتكۆم)، ئهو بۆردومانانه به مهبهستی ڕێگریكردن بون له ئهنجامدانی ئۆپهراسیۆنی دهرهكی چهكدارانی داعش و دڵنیابون لهوهی كه ههوڵی سود وهرگرتن له دۆخی ئێستا نادهن بۆئهوهی خۆیان له ناوهڕاستی سوریا سهرلهنوێ بههێز بكهنهوه. سێنتكۆم باسی لهوهشكردوه، هێرشه ئاسمانییه وردهكان لهلایهن فڕۆكه جۆراوجۆرهكانهوه ئهنجامدراون، لهوانه فڕۆكهی بۆمبڕێژكراوی بی 52، فڕۆكهی جهنگی ئێف 15 و فڕۆكهی ئهی 10. بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، بۆردومانهكان كهمپهكان و ئهندامانی ئهو ڕێكخراوه تیرۆریستییهیان له ناوهڕاستی سوریا كردۆته ئامانج و ههڵسهنگاندن بۆ ئهنجامی بۆردومانهكان هێشتا بهردهوامه و هیچ ئاماژهیهك نییه بۆ هیچ زیانێكی گیانی هاوڵاتی مهدهنی.
هاوڵاتی - بەدواداچونکرا بۆ بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراقی لە سوریا. - باس لە ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە هەر کاردانەوەیەک کە لە سوریا ڕودەدەن. - هەڵوێستی سیاسی عێراق یەکگرتوە بەرامبەر پێشهاتی ناوچەکە و نەخشەڕێگایەکیش دانراوە بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا. سەرۆکایەتییەکان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبونەوەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سوریا ئهنجامدا و جهختیانكردهوه، لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریا و پشتیوانیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان. بهگوێرهی راگهیهندراوێكی سهرۆكایهتی كۆمار، لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید و بە ئامادەبونی محهمهد شیاع سودانی سەرۆک وهزیران، مهحمود مهشههدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دادوهر فایهق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی بەغدا کۆبونەوەیەکیان سازکرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهات و ڕوداوەکانی سوریا و کاردانەوەی ئەمنی و سیاسیی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و تەواوی ناوچەکە، هاوکات هەر لەو کۆبونەوەیەدا بەدواداچونکرا بۆ بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراقی لە سوریا و پێویستی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو کەسانە کە مەبەستیانە بگەڕێنەوە وڵات. لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە هەر کاردانەوەیەک کە لە سوریا ڕودەدەن، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریا و پشتیوانیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان. هەر لە کۆبونەوەکەدا گەلی عێراق دڵنیا کرایەوە کە ڕێوشوێنی ئەمنی پێشوەختە گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان لە هەر هەڕەشەیەکی نائاسایی. لە کۆبونەوەکەدا هەڵوێستی پتەوی عێراقی دوپاتکرایەوە لەسەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری سوریا، جەختییشکرایەوە لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی سوریا و بژاردەکانی گەلی سوریا بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و ئارامی بژین، داواشیان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە هەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە. لە کۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە هەڵوێستی سیاسی عێراق یەکگرتوە بەرامبەر پێشهاتی ناوچەکە و نەخشەڕێگایەکیش دانراوە بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا.
بەنیازبوون بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بهێننە ناو خاکی عێراقەوە تیمێکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە بۆ چاودێری و ئاشکراکردنی ناسنامەی قاچاغچییەکان دەستیش بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیرا ئامادەکردنی هاوڵاتی: دەزگای هەواڵگریی عێراق باندێکی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کرد و دەستیشی بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام کریستاڵدا گرت لە بەیاننامەیەکدا دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕایگەیاند: مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق توانیویانە باندێکی نێودەڵەتی دەستگیر بکەن، کە بە نیازبوون بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بهێننە ناو خاکی عێراقەوە و بەشێکی لە عێراقدا دابەش بکەن و برێکیشی بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازنەوە. هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەپێی زانیاریی هەواڵگریی ورد، تیمێکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە بۆ چاودێری و ئاشکراکردنی ناسنامەی قاچاغچییەکان و شێوەی جوڵە و ئەو ماددەیەی بەنیازن بیهێنن. دەزگای هەواڵگریی عێراق دەشڵێت: دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کارپێکراو سەرجەم قاچاخچییەکانی باندەکە دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیرا و تۆمەتبارانیش ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران تا بە سزای خۆیان بگەن.
چارەنووسی سووریا دەبێت لەلایەن خەڵکی خۆیەوە دیاری بکرێت پێویستە دیالۆگێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەست پێبکات جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتەوە ئامادەکردنی هاوڵاتی: وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەنووسی سووریا دەبێت لەلایەن خەڵکی خۆیەوە دیاری بکرێت، بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی. وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و ڕێگرتن لە کردەوە تیرۆریستییەکان هەیە، هەروەها پێویستە دیالۆگێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەست پێبکات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێران پشتگیری لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان دەکات کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی سووریا بکات. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو. لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە وردی چاودێری پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بەپێی هەڵسوکەوتی لایەنە کاریگەرەکان، هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر.
هاوڵاتی - بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەستبەرداری هەڵوێستەکانی بوە و داوای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی كردوە. - ڕوسیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا. - داوای ڕێزگرتن لە بیروڕای هەموو مەزهەبە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەكەین. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا نییە. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەستبەرداری هەڵوێستەکانی بوە و داوای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی كردوە، ئەوەش دوای دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی شەڕی چەکداری سوریا. ئاماژەی بەوەشكرد، مۆسكۆ بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ڕوداوە دڵتەزێنەکانی سوریا دەكات و ڕوسیا بەشداری لەو دانوستانانەدا نەکردوە. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا، بانگەوازی لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە خۆیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی بەدور بگرن و هەموو کێشەکانی حوکمڕانی لە سوریا بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکەن، هەروەها دەڵێت: ڕوسیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا. ئەوەشی خستەڕو، داوای ڕێزگرتن لە بیروڕای هەموو مەزهەبە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەكەین و پشتیوانی لە هەوڵەکان بە ئامانجی پڕۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان دەكەن کە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارین ئەم ڕەوتە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەبەرچاو بگیرێت و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی هاوڵاتیانی ڕوسیا لە سوریا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا لە ئامادەباشی تەواودان و لە ئێستادا بەر هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی جددی نەکەوتون.
هاوڵاتی - ڕێوشوێنی پێویست دەگرێنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە. - هێزەكانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێنێتەوە. دانیال شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرێنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە. دانیال شاپیرۆ ئەمڕۆ یەكشەممە لە کۆنفرانسی دیالۆگی ئاسایشی مەنامە لە پایتەختی بەحرەین ڕایگەیاند ، واشنتن ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا. ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێنێتەوە، هەروەها ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەكان. باسی لەوەشكرد، ئێمە درک بەوە دەکەین کە هەلومەرجی پشێوی و باردۆخە ئاڵۆزەكەی سوریا، ڕەنگە بوار بدات بە سەرهەڵدانەوەی داعش بۆ ئەنجامدانی چالاكی و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان. لێدوانی بەپرسە ئەمریكیەكە دوای چەند کاتژمێرێک بوو لە ڕاگەیاندنی ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، بۆیە داوای لە هەمو لایەنەکان کرد، خەڵکی مەدەنی و بەتایبەت کەمینەکان بپارێزن و پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بن.
- هەڤاڵ مورڤەت گوڵسێڤار کە بە ژیان ناسراوە، لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بووە. - هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و کەناڵی ناوخۆیی هەرێمیش ئەو هەواڵەی میتی تورکیایان بڵاو کردووەتەوە و پاساوی ناڕاستیان بۆ هێناوەتەوە. ئامادەکردنی هاوڵاتی: دەزگای میتی تورکیا هەواڵێکی چەواشەکارانە بڵاو دەکاتەوە گوایە ئەمڕۆ فەرماندەیەکی پژاکی تیرۆر کردووە، لە کاتێکدا ئەو فەرماندەیە ساڵی ڕابردووە شەهید بووە و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و کەناڵی ناوخۆیی هەرێمیش ئەو هەواڵەی میتی تورکیایان بڵاو کردووەتەوە و پاساوی ناڕاستیان بۆ هێناوەتەوە. هەڤاڵ مورڤەت گوڵسێڤار کە بە ژیان ناسراوە، لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بووە، بەڵام لە هەواڵێکی ناڕاست و چەواشەکاریدا، میدیای فەرمیی تورکیا لە زاری دەزگای هەواڵگریی میتەوە ئەمڕۆ هەواڵی تیرۆرکردنی بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەو فەرماندەیەیان لە شارۆچکەی پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی شەهید کردووە.
ئەنوار خەفاجی - تائێستاش كەشی سیاسی لە عێراقدا زۆر جار بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ئافرەتان. - پێویستە هەمووان كار لەسەر لابردنی ئەو بەربەستانە بكەن كە رێی لێگرتون تاكو بچنە شوێنی شایستەی خۆیان وەك سەركردە و خاوەن بڕیار. - بەڵام جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش زۆر جار بڕیارەكان لەدەست پیاوەكاندان. مافناسی عێراقی ئەنوار داود خەفاجی ڕایگەیاند كەشی سیاسی لە عێراق تاكو ئێستاش ڕێگرە لەوەی ئافرەتان ڕۆڵی خۆیان بەباشی بگێڕن. ئەنوار خەفاجی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند هەرچەندە دەستوری عێراقی لە ساڵی 2005 مافی ئافرەتانی زامنكردووە و پاڵپشتی لە بەشداریكردنی سیاسی و كۆمەڵایەتی كردووە، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش زۆر جار بڕیارەكان لەدەست پیاوەكاندان. وتیشی: تائێستاش كەشی سیاسی لە عێراقدا زۆر جار بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ئافرەتان و هەلی تەواویان نادەنێ بۆ خستنڕووی تواناكانیان. بەپێویستیشی زانی چاو بە یاساكاندا بخشێنرێتەوە بۆ زامنكردنی پتەوكردنی مافی ئافرەتان و یەكسانكردنیان لەگەڵ پیاوان و پێویستە هەمووان كار لەسەر لابردنی ئەو بەربەستانە بكەن كە رێی لێگرتون تاكو بچنە شوێنی شایستەی خۆیان وەك سەركردە و خاوەن بڕیار.
هاوڵاتی - ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز لە زاری چەندبەرپرسێکی ئیقلیمی و ئێرانی بڵاویکردۆتەوە. - ئێران چەندین چەکداری سوپای پازداران و کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لەگەڵ خێزانەکانیان لە سوریا کشاندۆتەوە. ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز لە زاری چەندبەرپرسێکی ئیقلیمی و ئێرانی بڵاویکردۆتەوە ئێران فەرماندە سەربازی و فەرمانبەرانی بۆ هەر یەک لە عێراق و لوبنان کشاندۆتەوە لە نێویاندا گەورە فەرماندەکانی سوپای قودس کە پێشتر هاوکاری سوپای سوریایان کردووە. ئەو رۆژنامەیە دەشڵێت هەر لە چوارچێوەی کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، ئێران چەندین چەکداری سوپای پازداران و کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لەگەڵ خێزانەکانیان لە سوریا کشاندۆتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتەكە داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکات، دەستبەجێ سوریا بەجێبهێڵن لەکاتێکدا بژاردەی گەشتە بازرگانییەکان لە دیمەشق بەردەستن .
هاوڵاتی - ئەو هاوڵاتیانەی کە مانەوە هەڵدەبژێرن یان ناتوانن بچنە دەرەوە، پێویستە پلانی فریاگوزاری ئامادەبکەن. - هەریەكە لە وڵاتانی ڕوسیا و ئوردنيش داوایان لە هاوڵاتیەكانیان كرد بەپەلە سوریا بەجێبهێڵن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ شەممە داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە سوریا دەكات دەستبەجێ و لەڕێگەی گەشتە بازرگانیەكانی دیمەشقەوە ئەو وڵاتە بە جێبهێڵن. وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتەكە داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکات، دەستبەجێ سوریا بەجێبهێڵن لەکاتێکدا بژاردەی گەشتە بازرگانییەکان لە دیمەشق بەردەستن . ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو هاوڵاتیانەی کە مانەوە هەڵدەبژێرن یان ناتوانن بچنە دەرەوە، پێویستە پلانی فریاگوزاری ئامادەبکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بارودۆخە سەختەکان و ئامادەبن بۆ مانەوەی درێژخایەن لە شوێنی خۆیاندا ئەگەر پێویست بکات". بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پەرەسەندنی پێكدادانی سەربازی لە سوریا ئەگەری هەیە تەواوی ئەو وڵاتە بگرێتەوە و ئەوەش وایكردوە باردۆخی ئەمنی ناسەقامگیر و پێشبینی نەكراوبێت. دوێنێ هەریەكە لە وڵاتانی ڕوسیا و ئوردن داوایان لە هاوڵاتیەكانیان كرد بەپەلە و لە ڕێگەی گەشتە بازرگانیەكانەوە كە لە دیمەشقەوە بەردەستە، سوریا بەجێبهێڵن، هەروەها باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق داوای لە هاوڵاتیانی عێراقی خوازیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتکرد، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.