ئێران رایگەیاند؛ پەیوەندیی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هەیە و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەن نەیارانی کۆماری ئیسلامیی لە چەک داماڵن و رادەستیان بکەنەوە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزراەتی دەرەوەی ئیران ئەمرۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە تاران رایگەیاند؛ دانوستان و کۆبونەوەکان لە ئاستی باڵای ئەمنیی و ئاسایشیدا پێکهێنانی دەستەیەکی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقی لێکەوتوەتەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی دوو وڵاتەکە. کەنعانی وتی: پارێزگاریی لە یەکپارچەیی سنوری عێراق دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە خاکی ئەو وڵاتە نابێت بە هیچ شێوەیەک ببێتە هەڕەشە و مەترسیی بۆسەر کۆماری ئیسلامی و حکومەتی بەغدا بەپرسیارە لە پاراستنی سنورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران. بە وتەی ئەو لە "دیداری هەفتەی رابردوی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چەکدارانی نەیاری کۆماری ئیسلامی (پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) لە چەک دابماڵرێن و رادەستی ئێران بکرێن". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پەیوەندیی دۆستانە و برایانەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد هەیە و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەن لە روی ئەمنییەوە هاوکاری وڵاتەکە بن و لە خاکی عێراقەوە مەترسیی بۆ ئێران دروست نەکرێت چونکە بۆ پشتیوانیی لە هاوڵاتییانی خۆیان وڵاتەکەیان پاشەکشێ بۆ کەس ناکات.
هاوڵاتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوێنێ یەکشەممە هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، پێیوایە چین کاری سیخوڕی بەو ئامێری بەرزکەرەوانە دەکات کە لە بەندەرەکانی ئەمریکادا بۆ گواستنەوەی بار، بەکاردەهێندرێن. ئەو ڕۆژنامەیە بڵاویکردۆتەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەی و پنتاگۆن، ئەو بەرزکەرەوانە بە "ئەسپەکەی تەڕوادە" وەسف دەکەن و پێیانوایە کە هەستەوەری تایبەت لەو بەرزکەرەوانە بەستراون کە دەتوانن چاودێری بارەکان بکەن و شوێنی گەیشتنیان بخەمڵێنن. ئەمەش دوای ئەوەهات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە چواری شوباتدا و بە فەرمانی جۆ بایدن، باڵۆنێکی بەرزەفڕی چینی خستەخوارەوە کە گومان دەکرا باڵۆنێکی تایبەت بە کاری سیخوڕی بێت، هەروەها بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە ئاسایشی نەتەوەیی لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک قەدەغە کرا کە دروستکراوی وڵاتی چینە. لە هەواڵەکەدا وەڵامی بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، بۆ ئەو بابەتە خراوەتەڕوو کە باسی لەوە کردبوو نیگەرانییەکانی واشنتۆن لە بەرزکەرەوەکانی چین لە ئەمریکا، هەوڵێکی "شێتانە"یە بۆ رێگریکردن لە هەماهەنگی بازرگانیی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە کۆمپانیای "ZPMC"ی چینی کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە بەرزکەرەوەیە لەسەر ئاستی جیهان و ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئەمریکا چالاکی هەیە، لەگەڵ کۆمپانیای "Microsoft Corp" کار دەکات. لە هەواڵەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بەرپرسانی کۆمپانیاکە هیچ روونکردنەوەیەکیان دەربارەی ئەو دەنگۆیانە نەخستووەتەڕوو، بەرپرسانی ئەمریکاش هیچ بەرزکەرەوەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە بۆ کاری هەواڵگری بەکارهێندرابێت. بەڵام وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بانگەشەی ئەوە دەکات ساڵی ٢٠٢١ لە بەندەری بالتیمۆر لە میانەی پشکنینی کەشتییەک کە ئامێرە بەرزکەرەوەکانی کۆمپانیای "ZPMC"ی دەگواستەوە، هەندێک کەلوپەلی تایبەت بە کاری هەواڵگری دۆزراونەتەوە.
هاوڵاتی لە هێرشێکی خۆکوژیدا ئەمڕۆ دوشەممە بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە هەرێمی بەلوچستان باشووری رۆژئاوای پاکستان، نۆ پۆلیس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون. عەبدولحەی عامر، بەرپرسی پۆلیس لە شاری کاچیی باشووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "خۆکوژەکە ماتۆڕێکی لێدەخوڕی و لە پشتەوە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە" کە پۆلیسی دەگواستەوە وتیشی ،رووداوەکە لە شارۆچکەی داداری سەر بە پارێزگای بەلوچستان روویداوە، کە 120 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای بەلوچستانی وڵاتەکەوە دوورە. هەرچەندە تائێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکە رانەگەیاندووە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تیرۆری بەلوچستان بەشێکە لە ئەجێندایەکی شەڕانگێزانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات." هاوکات مانگی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی پۆلیس لە کاراچی، پێنج پۆلیس کوژران. ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای تەقینەوەی مزگەوتێک لە شاری پیشاوەر هات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 80 پۆلیس.
هاوڵاتی بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار دابەزى، لە کاتێکدا بانکى ناوەندى زیاتر لە 172 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە، کە نزیکەى 50 ملیۆن دۆلارى لە رۆژى پێشوو زیاتر بوو. ماڵپەڕی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ، ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلار خراوەتە بازاڕەوە ،راشیگەیاندووە لەو ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلارەی کە ئەمڕۆ خراوەتە بازاڕەوە، ١١٠ ملیۆن و ٧٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلاری بۆ حەواڵکردن بووە ٦٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریش بۆ فرۆشتنی کاش بووە. بەراورد بە رۆژى یەکشەممە، بانکى ناوەندى 49 ملیۆن و 998 هەزار دۆلارى زیاتری خستە بازاڕەوە وئەو بڕە بەراورد بەدوێنێ یەکشەممە بەڕێژەی لەسەدا ٣٧ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. ئەو گۆڕانکارییە لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هاوکاتە لەگەڵ رێوشوێنێکى دیکەى بانکى ناوەندى بە زیادکردنى بڕى 25%ى پشکى دۆلارى کۆمپانیاکانى فرۆشتنى دراو، کە لە 5ى ئادارەوە کەوتە وارى جێبەجێکردن و بڕەکەى هەفتانە کرایە 200 ملیۆن دۆلار لەبرى 150 ملیۆن دۆلار، کە پێشتر پشکى هەفتانەى ئەو کۆمپانیایانە بوو، کە لە بانکى ناوەندى بە نرخى 131 هەزار دینار پێیان دەفرۆشرا. بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 320 دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 557 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت
هاوڵاتی بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ڕۆژنامەیەکی ئیسپانی بە ناوی ئێل پایس لە ڕۆژی دووشەممەدا بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتدارانی یۆنان بەلایەنی کەمەوە 2.2 ملیۆن یۆرۆ (2.3 ملیۆن دۆلار) یان دزیوە لەو کۆچبەر و پەنابەرانەی کە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکراون لەسەر سنورەکانی ئەو وڵاتە. بە سەیرکردنی داتاکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە کۆچبەران لە پارێزگای ئیڤرۆس و پارێزەران و سەرچاوەکانی دیکە ، ئێل پایس ڕایگەیاند کە دەکرێت ژمارەی راستەقینەی پارەی دزراوەکان "بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بێت" بەهۆی ئەوەی زۆرێک لەو هاوڵاتییانەی دیپۆرتکراونەتەوەو ئەو پارانەی لە پەنابەرەکانی وەردەگرن لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆییەکانەوە تۆمار نەکراوە. ئەو ڕۆژنامەیە دەشڵێت تەنها پارە نییە کە لە پەنابەران وەردەگیرێت بەڵکو مۆبایل و کەلوپەلی بەنرخی وەک خشڵ و زێڕ وەردەگیرێت . لە ڕاپۆرتەکەی ئێل پایس دا ئەوەشهاتووە کە ئەم جۆرە دزییە لە ساڵی ٢٠١٧ نەبووە نا ئاسایی بووە بەڵام تا ساڵی ٢٠٢٢ بە پێی کات بە شێوەیەکی سیستەماتیکی زیادی کردووە هاوکات بگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆمسیۆنی نەتەوەیی مافی مرۆڤی یۆنانی دەستی کەوتووە 93٪ ی ئەو کۆچبەرانەی لە وێ دەستگیرکراون تووشی فشار بوون هەروەها لە ساڵی 2022دا کەلوپەل و پارەیان دزراوە لە هەمان کاتدا 88٪ یان وتویانە کە ئەشکەنجە دراون. لەم بارەیەوە هۆپ پارکەر لە تۆڕی چاودێری توندوتیژی سنوورەکان بە ئێل پایس گووتوە" هەندێک جار بەرپرسانی سەر سنورەکە مۆبایلەکان دەشکێنن یان هەڵیدەگگرن بەڵام بە دڵنیاییەوە هەچ پارەیەک بگرن بە پەنابەرەکان هەڵیدەگرن هەروەها ئەگەر بۆیان دەرکەوت کە کەسێک پارەکەی خۆی شاردۆتەوە، ئەوا لێیاندەدەن وەک سزا". بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەی ئێل پایس لە کاتی گرتنی کۆچبەران یان پەنابەراندا پێش ئەوەی هەلی ئەوەیان پێبدرێت کە داوای مافی پەنابەری بکەن دەیانبەنە بنکەی پۆلیس و عەمبارەکان یان سەربازگەی سەربازی کە لەوی دزییان لێ دەکرێت و بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت پاشان دەیاننێرنەوە بۆ تورکیا. هاوکات ئیڤا کۆسێ لە هیومان ڕایتس وۆچ بە ئێل پایس ی وت کاتێک ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە پەنابەرەکان دەسەنن هیچ شتێکیان پێنابێت وەک بڵگە بەکاری بهینن کە دزییان لێکراوە و پارەکانیان لێدەسەنن و ڕوتیاندەکەنەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجێک بۆ ئەوەی ڕێگەیان لێبگرن لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ یۆنان.
لە شاری بۆرسای تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی یانەی بۆرسا و یاریزانەکانی ئەو یانەیە هێرشیان کردە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کە لە چوارچێوەی خولی یانە پلە دووەمەکانی تورکیادا رووبەرووی یەکدی ببوونەوە. سەرەتا لایەنگرانی یانەی بۆرسا وێنەی ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسەکان و سەرکردەی ئەو دەزگا هەواڵگریانەیان بەرز کردەوە کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، بە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزار کورد لە باکوری کوردستان تۆمەتبارکراون و بەو ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسانە بە هەزاران کوردیان رفاندبوو و دواتر بە دەبەی ئاو، چەرخ و داروبەرد هێرشیان کردە سەر یاریزانان و لایەنگرانی یانەی ئامەد و بەوهۆیەوە بە دەیان یاریزان و لایەنگری ئەو یانەیە بریندار بوون. هەرچەندە سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە هەندێک بەرپرسی یانەکە و شارەکەیان سزاداوە، بەڵام هەدەپە، هاوڵاتیانی کورد و بەڕێوەبەریی یانەی ئامەد، هێرشەکەیان بە هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو وەسف کرد. مەتین کلاڤوز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی ئامەد لەم بارەیەوە بۆ بەشی تورکی بی بی سی قسەی کرد و گوتی، " ئەو هێرشە، پێشهاتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پلانی بۆ داڕێژرابوو و بە ئەنقەست ئەنجامدراوە." سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەدژی هێرشبەران تۆمار دەکەن، بەهۆی ئەوەی ئاسایشی گشتیان خستووەتە مەترسیەوە و سووکایەتیان بە هاوڵاتیان کردووە. لەمبارەیەوە میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، حکومەت لەبەرامبەر ئەو رەگەزپەرستیە بێدەنگ بووە و ئۆباڵی ئەم هێرشە رەگەزپەرستیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری پاراستنی گۆڕەپانەکەیان لە ئەستۆدا بووە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە تویتێکدا نووسیویەتی، " هەموو کاتێک سەربەرز بە یانەی ئامەد، یاریەکی بێوێنە پێشکەش بکە. لایەنی سیاسی ئەو تۆرۆسە سپیانە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵە. ئێمە خۆمان رادەستی ئاغاکانی ئەوانمان نەکردووە، چ بگرە سەر بۆ ئەمانە دانەوێنین." بەگوێرەی میدیاکانی تورکیاش بێت، تاوەکو ئێستا ١٠ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد دەستگیرکراون.
کەشوهەوا لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و لە هەندێک شوێن خۆڵ و تۆز دەبارێت بەشی پێشبینییەکان له بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەمڕۆ دوشەممە 6ی3 : ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، هەروەها تاوە باران و هەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، هەروەها بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ بەهۆی زیاد بوونی خێرایی با، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری خێرایی با و تۆزو خۆڵ کەم دەبێتەوە . دەبارەی پلەکانی گەرما کەشناسی ئاماژەی بەوداوە: پلەی گەرما نزم دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە نزیکەی بە 2بۆ3 پلە، خێراى با مام ناوەند دەبێت 15 بۆ30کیلۆمەتر دەبێت لە هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا. کەشناسی بەمشێوەیه پێشبینی کەشوهەوای سبەی سێ شەممە 7ی3 بڵاووکردۆتەوه، رۆژی سێشەممە ئاسمان هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەشێوەی تاوەباران و هەورە بروسکە دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دابارین دەوەستێ و کەشەکە جێگیر دەبێتەوە، نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر دەبێت، ئەگەرى بارینى تەرزە لە هەندێک ناوچەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەیە.
پۆلیسی سلێمانی، مهفرهزهكانی بهشی پۆلسی قهرهداغ 21 تۆمهتباریان دهستگیركرد کەشەڕو ئاڵۆزییان دروستکردبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دوشەممە 6ی3ی2023 بڵاویکردەوە ، دوای ئهوهی لهقهزای قهرهداغ شهڕلهنێوان دوو بنهماڵهدا دروستبوو، كه بووه هۆی برینداربونی ژمارهیهك هاوڵاتی،دەستبەجێ مهفرهزهكانی بهشی پۆلیسی قهرهداغ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو توانیان شەڕەکە کۆنترۆڵ بکەن ، دواتر لیكۆڵینهوهو بهدواداچونهكانیان دەستپێکرد بۆدۆزینهوهو دهستگیركردنی ئهو تۆمهتبارانهی كهبووبوونه هۆی دروستبونی شهڕو ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو بنهماڵهیە، سهرهنجام توانرا لهلایهن هێزهكانی پۆلیسی قهرهداغهوه 21 تۆمهتبار لەهەردوو لا دهستگیربكهن لهسهر ڕوداوهكهو دەستیشبگیرێت بەسەر سێ ئۆتومبێلدا کەبەتۆمەتباران بووە. ئاماژەی بەوە داوە، لهكاتی شهڕو ئاڵۆزیهکەدا ژمارهیهك هاوڵاتی برینداربوون و بهمهبهستی چارهسهركردنیان ڕهوانهی نهخۆشخانه کراون. پۆلیس دەڵێت،لهئێستادا سهرجهم تۆمهتباران بهبڕیاری بهڕێز دادوهرو بهپێی ماددهی 405-31 ڕاگیراون و لێکۆڵینهوه گهڵیاندا بهردهوامه.
ئەندازیارێکی جیۆلۆجی تورکیا رایدەگەیەنێت، 24 پارێزگا و شاری تورکیا و باکوری کوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و مەترسیەکی زۆریش لەسەر ئەستەنبوڵ هەیە. حسێن ئالان سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی جیۆلۆجی تورکیا رایگەیاند، پارێزگاکانی، بۆلو، ساکاریا، کۆجائەلی، بورسا، بالیکەسیر، مانیسا، ئیزمیر، ئایدن، دەنیزلی، موغلا، کوتاهیا، بوردور، ئەسکیشەهیر، کۆنیا، ئاکسارای، تۆکات، هاتای، مەرەش، عوسمانییە، چەولک، جۆلەمێرگ، ئەرزەڕۆم و ئەرزینجان لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و وتی، ئەو پارێزگا و شارانە پێویستە، یاسای بومەلەرزە جێبەجێ بکرێت. حسێن ئالان باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو هەرێمانە تەرخان بکرێت و باڵەخانە کۆنەکان نوێ بکرێنەوە. بۆ پارێزگای ئەستەنبوڵیش، پێویستە ستراتیژیەکی تایبەت ئامادە بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر ناوچەی سۆڵخانی پارێزگای چەولکی باکوری کوردستانی هەژاند. بومەلەرزەکە کاتژمێر 7:57لە قۆڵایی 13.29 کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویداوە. دوای بومەلەرزەکانی 6ی شوبات کە تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 46 هەزار کەس، بە هەزاران پاشەلەرزەی دیکە روویانداوە و ئەوەش ترسێکی زۆر لەنێو هاوڵاتیاندا دروست کردووە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان هەفتەی داهاتو، بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکات. محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە میدیای فەرمی حکومەتی عێراقی وتوە ، ھەماھەنگی ھاوبەش ھەیە لەنێوان دەزگا چاودێرییەکانی سەر بە وەزارەت بۆ ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان، بڕیاریشە لە ھەفتەی داھاتووەوە دەست بەدابەشکردنی بکرێت. ئاماژەی بەوداوە ، بریکارەکانی خۆراکیش ئاگادار کراونەتەوە کە دەوامیان تا سەعات 5ی ئێوارە زیاد دەکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی مادده خۆراکییەکان . وتەبێژەکه باسی لەوەش کردوه ، چاودێری نرخی خۆراک و پێداویستییەکان دەکەن و رێکاری یاساییش دەگرنەبەر بۆ سزادانی ئەو کەسانەی نرخی پێداویستییەکان بەرز دەکەنەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم چەند هەلێکی کاری ڕاگەیاند و داوادەکات فۆڕم بکرێتەوە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی3ی2023 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکداڕایگەیاند،هۆبهی چاكسازی كارهبای پێنجوێنی سهربه بهڕێوهبهرایهتی دابهشكردنی كارهبای سەیدسادق پێویستی به ژمارهیهك كارمهند ههیه. ئاماژەی بەوە داوە، هەلی کارەکان به بهشێوهی گرێبهستی رۆژانه له بوارهكانی (کاری تەکنیکی کارەبایی، کاری کۆمپیوتەریی و کارگێڕی، کاری ژمێریاری و ووردبینی، کاری شۆفێریی). لە بڵاوکراوە هاتوە، ههركهس ئارهزومهنده لە ماوهی (5) رۆژدا فۆڕم پڕبكاتهوه.
هاوڵاتی ئاژانسی هاوارنیوز، ناوی سێ کۆچبەری دیکەی بڵاوکردەوە کە لە ئاوەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا گیانیان لەدەستداوە. چەند رۆژ لەمەوبەر بەلەمێکی کۆچبەرانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئاوەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا تێکشکا کە بەگوێرەی زانیاریەکان ٢٥ کەسی تێدابووە. بەگوێرەی زانیارەیەکان تەرمی ١٦ کەس دۆزراونەتەوە و ١٤ کەسیش بێسەروشوێنن. ئەمڕۆش ئاژانسی هاوارنیوز، وێنە و ناوی سێ کۆچبەری بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاژانسەکە ژنێک و دوو کچی بە ناوەکانی ئایدە حەمید ٥٤ ساڵ، خەڵکی گوندی میدانی عەفرین و دیانا محەمەد ٢٣ ساڵ و ئایە محەمەد ١٩ ساڵ لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. دوێنێش ئاژانسەکە ناوی ٧ کۆچبەری ئاشكرا کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکی سوریان. مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووش، بە هەمان شێوەی دوو بەلەمی کۆچبەران لە ئاوەکانی جەزائیر و ئیسپانیادا تێکشکابوون و بەو هۆیەوە ١٢ هاوڵاتی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدابوو.
پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی موچە لە وڵاتەکە و لانیکەمی موچە دەگاتە 155 دۆلار لە مانگێکدا. میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە دانیشتینی ئەمرۆ یەکشەممەی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی تایبەت بە بودجە بڕیاردراوە بە زیادکردنی موچە بە رێژەی 20% و لانیکەمی موچە لە وڵاتەکەشدا بە حەوت ملیۆن و 920 هەزار تمەن دیاریی کراوە. هەر بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی ساڵی داهاتوی ئێران کە دوای نەورۆزی ئەمساڵ دەست پێدەکات موچەی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دارایی حکومەت وەردەگرن بە رێژەی 40% بەرز دەکرێتەوە. موچەی سەربازەکانی وڵاتەکە بە رێژەی 60% بەرز کراوەتەوە کە لە ساڵێکدا 48 ملیۆن تمەن دەکات و ئەو سەربازانەی لە ناوچە هەستیار و مەترسیدارەکاندان بە رێژەی 75% کە دەکاتە 60 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا و هاوکات موچەی ئەو سەربازانەی هاوژین و منداڵیان هەیە بە رێژەی 90% بەرز کراوەتەوە کە دەکاتە72 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا. بڕیای پەرلەمان لە کاتێکدایە ئاستی هێڵی هەژاری بۆ هەر خێزانێک لە ئێران بە 15 ملیۆن تمەن بۆ 18 ملیۆن تمەن دیاریی کراوە. بەهای یەک دۆلار لە ئێستادا 51 هەزار و 50 تمەن و لە ماوەی رابردودا بۆ یەکەمجار لە مێژوی دراوەکاندا بەهای یەک دۆلار لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 60 هەزار تمەن و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان داوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ 40 هەزار تمەن دابەزێنن.
هاوڵاتی هاوپەیمانی گەل کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێکهێنراوە، بڕیارە سبەینێ کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشكرا بکەن و پارتی باشیش کە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئەردۆغان ناکەن. ئیسماعیل سایماز رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئۆیسال سەرۆکی پارتی دیموکرات، بۆ جاری یەکەم بەبێ مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە رۆژی هەینی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە کۆببنەوە. ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆبونەوەکەی سبەینێ، هاوپەیمانی گەل کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریە. لەلایەکی دیکەوە، فەرەیدون باهشی، پەرلەمانتاری پارتی باش کە پارتەکەی کەمال کلچدارئۆغلۆی پێ قبوڵ نییە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە، رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپەیە. باهشی وتی، " ئەگەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کەمال کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بە تەنیا بمێننەوە، پارتی باش دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات." دوای ئەوەی رۆژی هەینی ٣ی ئازار، پارتی باش لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا کە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی کۆمار ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە رەتیان کردەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، دوابەدوای ئەو پێشهاتە، هاوپەیمانی گەل خۆی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جێی پارتی باش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هاوڵاتی لە شاری بۆرسای تورکیا، نەژادپەرستە تورکەکان هێرشیان کردە سەر لایەنگر و یاریزانانی یانەی ئامەدی باکوری کوردستان ژمارەیەک یاریزان و لایەنگری یانەکە بریندار بوون. ئەمڕۆ، لە خولی یانە پلە دووەکانی تۆپی پێی تورکیادا، یانەی بۆرسا و یانەی ئامەد لە شاری بۆرسا یاریەکیان ئەنجامدا. چەند خولەکێک بەر لە یاریەکە، یاریزان و لایەنگرانی ئانەی بۆرسا، دروشمی نەژادپەرستی ' وڵات پارچە ناکرێت. بەختەوەرم کە تورکم و تۆڵە' وتەوە. دواتر یاریزانان و لایەنگرانی یانەی بورسە دەستیان بە هێرش کردنە سەر یاریزانان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کرد. پۆلیسی تورکیا هیچ دەستوەردانی لە دۆخەکە نەکرد و ژمارەیەک لایەنگر و یاریزانی یانەی ئامەد بریندار بوون. لە هەمان کاتدا لایەنگرانی یانەی بورسا وێنەی مەحمود یڵدرم ئەندامی ژیتەمی تورکیا بەرزکردەوە کە بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە کوردە وڵاتپارێزەکان تاوانبارە. دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا نەژادپەرستیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وێنەی ئۆتۆمبێڵی 'تۆرۆسی سپی'یان بڵاوکردەوە کە لە ساڵەکانی نەوەتەکاندا، ئەندامانی ژیتەمی تورکیا بە تۆرۆسی سپی بە سەدان کوردیان رفاند و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە. کلیل لێرە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی ڕوداوەکە
