دەستەی گشتی بۆ بەدواداچوونی کەشناسی و بومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی شوباتدا 18 بوومەلەرزە تۆمارکراون. سەمیرە ڕێدا خەلەف، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری بومەلەرزەزانی لەوەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کۆی گشتی ئەو بوومەلەرزانەی تۆمارکراون لە تۆڕی چاودێری بومەلەرزەزانی عێراق بۆ مانگی شوبات گەیشتووەتە (18)" بوومەلەرزە، لەوانە (11) بوومەلەرزە لە ناوخۆی عێراق." وە (5) بوومەلەرزە لە ناوخۆی ئێران و دوو بوومەلەرزە لە تورکیا. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزی ڕووداوە بومەلەرزەییەکان لە نێوان (1.7-4.8) پلە بووە، لەکاتێکدا قووڵایی فۆکەسییان لە نێوان (5-23) کم بووە". ئاماژەی بەوەشکرد، "چالاکییە بومەلەرزەییەکان لە عێراق لە پارێزگای نەینەوا چڕبووەتەوە و گەیشتووەتە (6) بوومەلەرزە، دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای میسان، و هەریەکەیان پارێزگاری کەرکوک و ئەنبار، هاوکات پێنج بوومەلەرزە لە ناوخۆی ئێران تۆمارکراوە، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام". ، جگە لە تۆمارکردنی دوو بوومەلەرزە لە ناوخۆی تورکیا." لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ عێراق. لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بوومەلەرزە هاتووە، "لە 6ی شوباتی 2023 چالاکیی بومەلەرزەیی لە تورکیا لە نزیک سنووری تورکیا و سوریا ڕوویداوە، کە ژمارەی ڕووداوە بومەلەرزەییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە (700) بوومەلەرزە، و چالاکییە بومەلەرزەییەکان تا ئێستاش بەردەوامە، و ناوچەکەش". of that activity has expanded over درێژی هەڵە کاریگەرەکان لە ناوچەکەدا، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان و کوژراوان، کە لە (51) هەزاری تێپەڕاند لە تورکیا و سوریا، و دەیان هەزار بریندار، لە... جگە لە زیانێکی زۆری پێکهاتەیی بە ژێرخانی ناوچەی ڕوودانەکە. وە لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوه، "کاریگەری هەندێک لەرزینە بەهێزەکان بۆ زۆربەی پارێزگاکانی عێراق درێژبووەوە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەستیان پێکراوا لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە پاێزگاکانی تری عێراق، لەوانەش بەغدا، بە پلەی جیاوازی هەستکردن، " ڕوونی دەکاتەوە کە "هیچ  زیانێکی گیانی  و زیانی ماددی لە شارەکەدا تۆمار نەکراوە."

هاوڵاتی مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش، دوای کۆبونەوەی شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە ساڵێکە هەوڵی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن، لە هاوپەیمانێتیەکە بە شێوەیەکی نافەرمی کشایەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین کەمال کلچدارئۆ‌غلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بێت. ئاکشەنەر داوای لە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەسنور یاڤاش سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە کرد کە دەستپێشخەری بکەن و خۆیان کاندید بکەن کە هەردوو سەرۆک شارەوانییەکە سەر بە جەهەپەن. بەڵام دوابەدوای قسەکانی ئاکشەنەر، ئیمامئۆغلۆ و یاڤاش تویتیان بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆی سەرۆکیان دەربڕی. ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە گشتی کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە لەم بارەیەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و وتی، " ئێمە هەوڵ دەدەین، هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە و لە ئەردۆغانیزم رزگارمان ببێت." پارتی کرێکارانی تورکیاش لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " خەڵکەکەمان لەدژی کۆشکەکەی ئەردۆغان ئیرادەی خۆی پیشان دەدات، لەدژی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، کاندیدێکی هاوبەش هەڵدەبژێرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەشی ٢٠ ساڵی ئاکەپە دەهێنێت." لەلایەکی دیکەوە، ئوندەر ئیشلەیەن ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی چەپی تورکیا رایگەیاند، ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر بە مەبەستی هەماهەنگیکردنە لەگەڵ ئاکەپە. هەڵوێستێکە بۆ وڵامدانەوەی ئەردۆغان کە پێی دەڵێت بگەڕێتەوە بۆ نێو هێلانەکەت. ئەم پێشهاتە، هاوکێشەکانی تورکیای بە تەواوی گۆڕیوە و پارتە سیاسیەکان کەوتووەنەتە خۆیان کە هاوسەنگی نوێ دروست بکەن. چاوەکان لەسەر کۆبونەوەیەکی رۆژی دووشەممە ٦ی مانگە کە جارێکی دیکە هاوپەیمانی گەل کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە، ئایا مەراڵ ئاکشەنەر بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکات یان نا! هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەم بارەیەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و هەر لەم بارەیەوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپەش) کۆدەبێتەوە.

هاوڵاتی بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، ئەمساڵ عێراق شایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێش و بەرجەستە دەبێت بۆ کەرتی بانکی و جەختیشدەكاتەوە لە بەرەوپێشچوونی بەکارهێنانی ئامێری کاش و کەمکردنەوەی پارەی کاش و ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ هاووڵاتیان سەقامگیر بكرێت. عەمار حەمد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی بانکی شاهیدی چاکسازی ڕوونە، کە بە فشاری گواستنەوەی دەرەکی دەستی پێکردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە، دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی ئاڕاستەی بەکارهێنانی ئامێری کاش دەکات و لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کەرتی بانکیدا، کە بەدەست هەندێک کێشەی کۆنەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەوەش بەکارهێنانی کاش کەم دەکاتەوە و ئامێری كاش دەخاتە بەردەست.

گۆڤارێک ئاشکرای دەکات ئێران دوو هێندەی رابردو چەک و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی روسیا کردوە و ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربازیی دژی تاران و بۆ ئەو مەبەشتە وەزیری بەرگریی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی رەوانەی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. گۆڤاری (فۆڕێن پاڵسی) ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری پێنج بەرپرسی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران سەرەڕای ئەو فشارانەی لەسەریەتی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی بۆ روسیا بۆ زیاتر لە دوو هێندەی رابردو زیاد کردوە. بەرپرسەکانی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کردوە؛ ئەو چەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە جەنگی دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن دەبێتە هۆ درێژبونەوەی ماوەی جەنگەکە. بە وتەی پێنج بەرپرسەکەی ناتۆ بۆ فۆڕێن پاڵسی: ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەرپرسیاری سەرەکیی راگرتنی ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانن بۆ روسیا بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر سەرەڕای سزاکانی واشنتۆن دژی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە ببێتە هۆی راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران. لە لایەکی دیکەوە دانا سترۆول، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ (ئەلجەزیرە) رایگەیاندوە؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دابینکردنی پێداویستییەکانی رێکاری سەربازیی لە دژی ئێران لە ئەستۆیە و دەبێت وەزارەتەکە ئامادەکاریی بکات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵام واشنتۆن دوای شکستی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی دەبات. سترۆل وتویەتی؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی پلانی نوێی پاراستنی هاوپەیمانانی واشنتۆن سەردانی وڵاتانی ئۆردن، میسر و ئیسرائیل دەکات و بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران لەگەل بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە. هاوکات رۆژی هەینی مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کاتی کۆبونەوە لەگەڵ یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تەلئەبیب رایگەیاند؛ گفتوگۆیان کردوە سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. نوسینگەی گاڵانت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تلئەبیب و واشنتۆن جەخت لە هاوکارییەکانیان دەکەنەوە بۆ رێگریی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات. پێشتر رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاوی کردبوەوە؛ جۆ بایدن وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی راسپاردەوە بۆ ئامادەکارییەکانی بە مەبەستی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی دژی ئێران و تەنانەت ژمارەیەک بنکەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش دیاریی کراون کە لە ئەگەری شکستی تەواوەتیی دانوستان و رێککەوتنی ئەتۆمیی بکرێنە ئامانج.

هاوڵاتی  پڕۆژەی یەک ڕۆژ گۆڕانکاری پڕۆژەیەکی دیکۆمێنتەری ڕۆژنامەوانییەو لەلایەن دوو ڕۆژنامەوانی کوردەوە کاری لەسەر کراوە و زانکۆی دورهامی بەریتانی بڕیاری کڕینی دەدات و بۆ لەمەودوا پرۆژەکە دەبێتە بەشێک لەسەرچاوەی زانستی بۆ خویندکاران لە زانکۆکە. ئاکۆ ئیسماعیل و شاهۆ عەبدولقادر دوو ڕۆژنامەوانی کوردن و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن. ساڵی ٢٠٢٢ بە هاوبەسی لەگەڵ ڕێکخراوی سکیسمستۆن پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کردەوە بەناوی یەک رۆژ گۆرانکاری کە فۆتۆکان لە کوردستان و عێراق و سوریا تۆمارکرابوون، هەروەها کورتە فیلمێکیان لەبارەی ڕزگاربوویەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە بەرهەمهێنا بەناوی بۆنی سێو، کە لە زیاد لە پێنج جار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا و زانکۆکاندا نمایشکراوە.   یەکێک لە گرنگترین گەشتەکانی ئەم پرۆژەیە لە زانکۆی دورهام بوو کە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی بەریتانیاو دوای نمایشکردنی لە زانکۆکە بەفەرمی بڕیاری کڕینی تەواوی پڕۆژەکەدرا.   ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندکاران و بۆ هەمیشە و بەردەست دەبێت، هەروەها زانکۆکە خاوەنی مۆزەخانەی گەورەی شارەکەیە و لە داهاتوو ئەم پڕۆژەیە نمایشی دەبێ لە نێو مۆزەخانەکە.   ئاکۆ ئیسماعیل کە رۆژنامەنووسێکی کوردە و پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە لە کوردستان و ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و وتی، ئەم پڕۆژەیە بەشێک لەو کارانەمە کە کاتێک کاری رۆژنامەوانیم دەکرد و ئەو رووداوانەی کاریگەری لەسەرم دروستدەکردن بەتایبەت دیمەنی ئەو پەنابەرانەی کە لەدەستی داعش هەڵهاتبوون تۆمارم دەکردن، کە کارەکە بەگشتی باس لەوەدەکات چۆن جەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دادەنێت و چۆن ژیانیان دەگۆڕێ. هەروەها چۆن گرنگە رۆژئاوا لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، چونکە ئەم رووداوانە پەیوەندیان بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.     هەروەها ئاکۆ ئاماژە بەوەدەکا، لە فۆتۆکاندا بە وردی هەست بەوە دەکەیت کە چۆن ژیانی منداڵان گۆراوە. هەروەها لە فۆتۆکاندا چەندین چیرۆکی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەمان گێڕاوەتەوە بەتایبەت وێنەی عەلی کە یەکێک بووە لە ڕزگاربووەکانی هەڵەبجە و کاتێک گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە وێنەیم لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە گرت. ئەم پرۆژەیە لە میدیاکانی بەریتانیا بە گرنگییەوە ڕووماڵی کراو هەریەکە لە کەناڵی ئای تی ڤی بەریتانی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات ئەم پرۆژەیە چۆن سەرنجی زانکۆی دورهامی ڕاکێشاوە و بڕیاری کڕینیان داوە و هەروەها کەناڵەکە دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەبیتە بەشێک لەو بەرهەمانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەست دەبێ بۆ خوێندکاران.   هەروەها رۆژنامەی زە جۆرنەلیست مەگەزین کە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتی نەتەوەی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیایە و راپۆرتیکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی پیشاندانی راستی جەنگ کە باس لەو پرۆژە فۆتۆگرافییە دەکا.   شاهۆ عەبدولقادر، ڕۆژنامەنووس و ڤیدیۆگرافەرێکی خەڵکی کەرکوکە و باسی لە پڕۆژەکەی دەکات و دەڵێ لە مەیدانی جەنگا ھەمیشە لێڵی و ناڕوونی ھەیە، ھەمیشە کاتێک جەنگ دەناسین و لێی تێدەگەین کە تەواودەبێت! من بڕوام بەو چیرۆکانەیە کە دوای جەنگ روودەدەن ، چونکە تارمایی جەنگ ، ھەمیشە لەبوونی قوربانیانی جەنگدا وەک تراوما دەمێننەوە.   هەروەها شاهۆ دەڵێ، بەحوکمی ئەوەی وەک زۆرینەی مرۆڤی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و تایبەتتت کورد قوربانی جەنگیین. منداڵیم لەکەمپ و ساتی جەنگدا بووە.   شاهۆ باسی لە فۆتۆکانی دەکا و دەڵێ، من ھاتووم فیگەری منداڵم لەفۆتۆکانم زەق کردووەتەوە وەک یەکەمین و گەورەترین قوربانی جەنگ لەھەمان کاتیش منداڵ ھیمایەبۆ ھیوا . منداڵانی فۆتۆکانم منداڵانێکی خاوەن خەون و ژیاندۆستن، لەھەمان کاتیش گرنگیم بەبابەتی ژینگەی جەنگ داوە ، چۆن کاتێک جەنگ دێت، باڵندەکان ئاسمان جێ دەھێڵن، ماسییەکان دەمرن...   بەپێی ستەیتمێنتی فەرمی زانکۆکە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە بەشی هونەری ئامادەیی زانکۆکە و لەوێ بەردەست دەبن بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێندکاران و ستافی زانکۆکە هەروەها و ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی زانکۆکەن دەتوانن کارەکان ببینن. لە ڕێگەی بەرنامەی پێشوەختەوە لەگەڵ زانکۆکە.   هەروەها زانکۆکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم کارە ناوازەیە پاڵپشتی وانەوتنەوە و بەشداریکردنی نوێ لەبواری هونەری پراکتیکی هونەری هاوچەرخ و دەکا و بیری ڕەخنەی بەهێزکر دەکات . هەروەها پڕۆژەکە بەشێوەی ئۆنلاین بۆفیستیڤاڵی هونەری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەردەست دەبێ.   ئەلێکس کۆڵین ود، سەرپرشتیاری هونەری هاوچەرخ لە زانکۆی دورهام لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، زانکۆکەمان بەرنامەی پێشانگای کورت خایەنی هەیە کە بەشێکە لە پرۆسەی فێرکردن و گەشەپێدانی خوێندکاران، هەروەها ئەم پێشانگایەمان کڕیوەتەوە پڕۆژەکەمان بەلاوە گرنگ بووە بۆ زانکۆکەمان بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەر دەست بێ بۆ خوێندکاران بە مەبەستی فێرکردن و بەدواداچوونیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کە ئاسانکاری دەکات بۆ خوێندکاران.     دورهام یەکێکە لە گرنگترین زانکۆکانی بەریتانیا و کە گرنگی بە هونەری هاوچەرخ و بەڵگەنامەیی دەدات، نزیکەی پێنج هەزار کاری کڕیوەتەوە لە ماوەی نێوان سەدەی بیست و بیست و یەکدا. لەناو ئەم پڕۆژەیەدا کورتە فیلمێکیشی تێدایە کە کاری ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کوردەیە و لەلایەن کلێر وێبستەرەوە کاری دەرهێنەری بۆ کراوە، لەلایەن ڕێکخراوی سکیمستۆنەوە بەرهەمهێنراوە کاری میوزیکیشی لەلایەن رزگار حەمە ڕەوفەوە بۆکراوە.   لەو بارەیە کلێر وێبستەر کە دەرهێنەرە لە ڕێکخراوی سکیمستۆن وتی، ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە زانکۆی دورهام ئەم پڕۆژەی کڕیوە ئێمە شانازی دەکەین کە زانکۆکە لە ئاستی بەرزی ئەم کارانە تێگەیشتوە و بڕیاری کڕینیداوە. ئەم پڕۆژەیە دەچێتە خوێندنگاکان و بەردەست دەبێ بۆ هەموان تاکو خەڵک تێبگەن کە چی روودەدا. ئەمە سودی زۆری بۆ خوێندکاران و هەموو ئەوانە دەبێ کە لەداهاتوودا ئەم کارە دەبینین. چۆن ژیانی خەڵکی گۆڕاوە لە ماوەیەکی کەمدا. ئەم کارە گرنگییەکەی لەوەدایە کە چۆن ئەم وێنانە زانیاری دەدات بەوانەی دەیبینن و چۆن دەتوانێ بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕێ.  

هاوڵاتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا داوای لەسەرجەم دەزگاکانی هەواڵگری جیهانی کرد کە زانیاریەکانیان لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بکەن، چونکە گریمانەکانی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە لەسەر مێزی لیکۆڵینەوە ماونەتەوە" تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی وتی: “ئەگەر هەر وڵاتێک زانیاری لەسەر سەرچاوەی پەتاکە هەبێت، زۆر گرنگە ئەو زانیاریانە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتیدا هاوبەش بکرێت" ئەم داوایەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوای ئەو ئەو بانگەشەیەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری " ئێف بی ئای" لە هەفتەی ڕابردوو  دێت کە  دەڵێت پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی پیکرابێت کە ئەمەش  بووەتە هۆی ئەوەی   پەکین بە توڕەییەوە ئەو بانەگەشەیە ڕەتبکاتەوە. هەروەها تیدرۆس ئەدهانۆم وتیشی، "نەک بۆ ئەوەی تاوانەکان دابەش بکەین بەڵکو بۆ پێشخستنی تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم پەتایە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە پەتا و پەتایەکانی داهاتوو بکەین و خۆمان ئامادە بکەین و وەڵامیان بدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی پەتاکە نەبووە و ئێمە بەردەوامین لەوەی کە داوا لە چین بکەین زانیاریەکانی بە شەفافانە بخاتە ڕوو لەسەر ئەو پرسە و لەچەندین بۆنەشدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی چین ئەو بابەتمان باسکردووە. لەبارەی تۆمەتەکان و بانگەشەکانی ئەمریکاوە ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پەکین شەفاف بووە لە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا ، هەروەها وتیشی  ئەمریکا پێویستە چاوی لە تاقیگە بایۆلۆژییەکانی خۆی بێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کاتێک بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا دەگەڕێت.   هەر لەسەر ئەو پرسە وتەبێژی وەزارەتی چین وتی، ئەوە ئەمریکایە کە پێویستە وەڵامی پرسیار و نیگەرانییەکانی جیهان بداتەوە سەبارەت  بە تاقیگە سەربازی و بایۆلۆژییەکانی لە سەرانسەری جیهان، جەختیشی لەوەکردەوە بە سیاسیکردنی ئەو پرسە، ئەمریکا سەرکەوتوو نابێت لە ناوزڕاندنی چین،  بەڵکو تەنها زیان بە متمانەی ئەمریکا خۆی دەگەیەنێت. هاوکات لەبارەی بانگەشەکانی " دەزگای هەواڵگری ئێف بی ئای" ماریا ڤان کێرخۆڤ، سەرۆکی تەکنیکی کۆڤید-١٩ی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە دەستی گەیشتووە بە  نوێنەرایەتی ئەمریکا لە جنێڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بانگەشەکانی سەرۆکی ئێف بی ئای کە گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی کردووە و بووەتە هۆی پەتاکە،  هەروەها وتیشی بەڵام تا ئێستا دەستیان بەو داتایانە نەگەیشتووە کە ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا باسی لێوەدەکات، ئاماژەی بەوەشکرد "هێشتا زۆر گرنگە کە ئەو زانیاریانە هاوبەش بکرێن،  بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکان". بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بەدواداچوون بۆ کۆڤید-١٩ دەکات،   تا ٢١ی شوبات زیاتر لە ٧٥٧ ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ٦.٨٥ ملیۆن مردنی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە،  هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دان بەوەدا دەنێت کە ژمارەی ڕاستەقینەی مردن زۆر زیاترە.    

هاوڵاتی دەزگای ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوە وئاماری گشتی" کامپەس" دەڵێت،  هەناردەی میسر بۆ ڕووسیا لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٢١% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٥٤٤.١ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٤٤٩.٤ ملیۆن دۆلار بووە. لەدوای دەستپیکردنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایەکی زۆریان بەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی ڕوسیادا سەپاند، ئەمەش بووە هۆکار کە ڕوسیا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات کە ناکەونە ناو لیستی سزاکانی ڕۆژئاواوە ویەکێک لەوانەش میسرە کە ڕوسیا دەیەوێت وەک دەروازەیەک بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەکاری بهێنیت، هەر لەو میانەشدا میسر مانگی ڕابردوو مۆڵەتی بە ٣٤ کۆمپانیای ڕووسی دا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە دەریاییەکان بۆ وڵاتەکەی.   لەبارەی زیادبوونی ئاستی هاوردەی نێوان هەردوو وڵاتی روسیا ومیسرەوە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، هاوردەکردنی گەنم بەردێکی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و مۆسکۆیە و پڕ دانیشتووترین وڵاتی عەرەبی یەکەم هاوردەکاری دانەوێڵەیە لە جیهاندا، هەروەها وتیشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە شەش ملیار دۆلار.   هاوکات هەر بەپێی زانیاریەکانی" کامپاس"  ڕووسیا پێنجەم گەورەترین هەناردەکارە کە لە میسرەوە شتومەک هاوردە دەکات لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە بڕی ٣.٧ ملیار دۆلار،  جگە لە دانەوێڵەش ، هاوردەکردنی میسر لە ڕووسیا بریتییە لە ئاسن، پۆڵا، مس، دار، سووتەمەنی کانزایی، ئامێر و ئامێرە کارەباییەکان، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێری شەمەندەفەر؛ لەبەرامبەریشدا ڕوسیا  لە میسرەوە چەندین بەرهەمی ڕووەکی وەک  میوە، سەوزە، پلاستیک، سابوون، خوێ، گۆگرد و چیمەنتۆی هاوردەکردووە. هەر لەمەڕ پرسی زیادکردنی ئاستی هەناردە و گەورەبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان ڕوسیا و میسرەوە، ئەندرێ سومین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بنکەکەی لە ڕووسیایە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر دەڵێت ، بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر بە دراوە نیشتمانییەکان کاریگەریەکی باش و توانایەکی زۆری  هەیە بەڵام پێویستی بە ژێرخانی دروست و گەشەپێدان هەیە بۆ پشتگیریکردنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوەش دەکات کە "بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر هاوسەنگ نییە ، چونکە ٥ ملیار دۆلار بۆ ڕووسیا لە بەرامبەر یەک ملیار دۆلار بۆ میسر بووە  لە  ساڵی ٢٠٢٢ "  هەروەها ڕوونیشیکردۆتەوە  کە ناهاوسەنگی کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی ڕوبڵ پاوەند و ئاستی نەختینەیی لە بازاڕدا هەیە. حەنان ڕامسێش لە بنکەیەکی ئابوری لە قاهیرە ئابوریناسە ودەڵیت، ڕووسیا لەژێر فشاری سزاکانی ڕۆژئاوادا هەوڵدەدات بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا زیاد بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕەنگە لە ماوەی درێژخایەندا میسر ببێتە دەروازەی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی ئەفریقا".      

هاوڵاتی لە شاری ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین ڕۆژی پێنجشەممە گروپێکی مافیایی تەقە لە سوپەرمارکێتی خەزووری لیۆنیل میسی، یاریزانی تۆپی پێ دەکەن و نامەی هەڕەشە ئامێزی کوشتن بەجێدەهێڵن  و بۆی دەنوسن" میسی چاوەڕێی تۆین". پۆلیسی ئەرجەنتین ڕایگەیاند، چەکدارەکان لە پەیامێکی نووسراودا هەڕەشەیان لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێ کردووە کە لەکاتی تەقەکردن لە مارکێتێکی خەزووری لە ئەرجەنتین بەجێیان هێشتووە، هاوکات وتیشی لە ڕووداوەکەدا هیچ کەسیک بریندار نەبووە، هەروەها باسی لەوەشکردووە  دوو پیاو بە ماتۆڕسکیلێکەوە لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە لانیکەم دەیان تەقەیان لە لقێکی یونیکۆ کردووە، پەیامێکیان لەسەر کارتۆن بەجێهێشتووە کە نووسراوە، “مێسی، چاوەڕێی تۆین" میسی کە ئەم هەفتەیە خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانی بەدەستهێنا" فیفا"، بڕیاربوو لەکۆتای ئەم مانگەدا گەشت بکات بۆ ئەرجەنتین ودوو یاری دۆستانە ئەنجام بدات. لەبارەی ڕووداوەکەوە تاوەکو ئێستا لیۆنێل میسی هیچ لێدوانێکی نەداوە، پۆلیسیش دەڵێت یەکەم جارە ئەو یاریزانە ڕوبەڕووی هەڕەشەیەکی لەوجۆرە ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس لەبارەی هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەمەوە دەڵێت، کەس بریندار نەبووە و ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی هێرشبەران مێسی یان مارکێتی یونیکۆ لە سێیەم گەورەترین شاری ڕۆزاریۆ لە وڵاتەکەدا دەکەنە ئامانج کە خاوەنەکەی خێزانی ئەنتۆنێلا ڕۆکۆزۆی هاوسەرەکەیە. لە شاری ڕۆزاریۆش، داواکاری گشتی فێدریکۆ ڕێبۆلا ڕایگەیاندووە ،  کە دەسەڵاتداران پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای ئەمنی دەکەن و لێکۆڵینەوەکە "سەرەتاییە"،  ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە خەزووری مێسی ئەم جۆرە هەڕەشەیەیان لێدەکرێت.   سیلیا ئارێنا، وەزیری دادی پارێزگای سانتافیش ، وتی هێرشەکە یەکسانە بە "تیرۆر" لەلایەن گروپێکی "مافیا" کە مەبەست لێی ترساندنی دانیشتوانی فراوانترە وهێرشەکە تەواو تیرۆریستیە ولەلایەن مافیاکانی ماددەی هۆشبەرەوە ئەنجام دراوە.      

هاوڵاتی بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە ساڵی ٢٠٣٥ دا نزیکەی پەنجا لەسەدی دانیشتوان کێشیان لەسەروو ئاستی ئاساییەوە دەبێت و قەڵەو دەبن. فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ڕایگەیاند دەڵێت، لەماوەی ١٢ ساڵی داهاتوودا ٥١٪ دانیشتوان قەڵەودەبن کە دەگاتە نزیکەی چوار ملیار کەس، بەوەش واتە لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان قەڵەو دەبن. ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی پێوەری بارستەی تەندروستی جیهانی " بی ئێم ئای" ئەگەر کێشی کەسەکە بەو پێوەرە لەسەروو ٢٥ بێت ئەوا بەوە حساب دەکرێت کە کێشی زیادە، هاوکات ئەگەر لە سەروو ٣٠ بێت ئەوا بە قەڵەو حساب دەکرێت، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٨٪ دانیشتوانی زەوی لەناو ئەو گروپانەدا بوون کە بە قەڵەو یاخود کێش زیاد لە قەڵەم ئەدرێن. لویس باوەڕ،  سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا وتی، جێگای نیگەرانییە کە قەڵەوی بەخێرایی زیاد دەکات لەناو گەنجان وهەرزەکاراندا، هاوکات هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵان و وڵاتانی هەژارنشیندا زۆر زیاترە. هەروەها سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی وتیشی، " پێویستە سیاسەتمەداران و حکومەتەکانی جیهان لەسەرانسەری دونیا هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕونەوەی دۆخەکە تاوەکو ناچار نەبن هەموو داهات وئابوری وڵاتەکەیان لەو کێشەیەدا خەرج بکەن" لەگەڵ ئەوەشدا لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وڵاتانی کەم دەرامەت وهەژارنشین لەوانەش وڵاتانی ئاسیا وئەفریقا و وڵاتانی مامناوەند لەبەردەم مەترسیەکی گەورەتردان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ژمارەی ئەو کەسانەی قەڵەون لەناویاندا. هاوکات بەگوێرەی توێژەران وئەندامانی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی هەفتەی داهاتوو زانیاریەکان و داتاکان دەخرێتە بەردەم سیاستەمەداران وحکومەتی وڵاتانی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان.    

هاوڵاتی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی  رایگەیاند، لە 5ی ئادارەوە تاوەکو رۆژی 15ی مانگی حوزەیران راوەماسی قەدەخەیە و "سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا، 166 کەس بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان دەستگیرکراون. عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، قەدەخەکردنی راوەماسی لە دەریاچە، گۆماو و رووبارەکانی پارێزگاکە راگەیاند. قەدەخەکردنی راوەماسی، بەهۆی ئەوەیە کە ماسییەکان لەو ماوەیەدا گەرا دادەنێن و بۆ پاراستنیانە لە لەناوچون بەهۆی ئەوەی ساڵانە نزیکەی دوو هەزار تاوەکو سێ هەزار تۆن ماسی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان راو دەکرێن، ئەمە جگە لە رووبارەکان کە بەرهەمێکی کەمیان هەیە. عەمید هێمن کەمەرخان گوتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی هۆبەی سامانی ماسی، بە نووسراوێکی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە، لە رۆژی 05-03-2023 تاوەکو 15-06-2023 بەهەموو شێوەیەک راوکردنی ماسی قەدەخەیە.  وتیشی، لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، مەفرەزەکانی سەر دەریاچە و  رووبارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە راوەماسی. دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا هەموو جۆرەکانی راوەماسی بە ژەهر، تەقەمەنی، ماشە، تۆڕ قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە." ئەوەشی ئاشکراکرد ، ساڵی 2021 نزیکەی 110 هاووڵاتی و ساڵی رابردووش 56 هاووڵاتی لەسەر راوەماسی دەستگیرکراون رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. 

هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، بومەلەرزە و گەندەڵی لە تورکیادا کرد. جەمیل بایک وتی، "بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەبێت. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات." بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی کۆمار و نە هاوپەیمانی گەل ناتوانن بیبەنەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن." هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، " لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت." بایک لەبارەی چارەسەری پرسی کوردیش دەڵێت، " ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا لە دژی هە بوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، ماددی، سیاسی و دەروونی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات و نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی مامەڵە بکات و هەموو جۆرە شەڕێک ئەنجام بدات، نەیدەتوانی تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. ئاشکرایە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگریەکی زۆریان لە دەوڵەتی تورک کردووە. تاوانیان ئەنجامداوە کە پێویستە بەپێی یاسای شەڕ و تاوانی قڕکردن دادگایی بکرێن، بەڵام کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن زۆر شت بکەن. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتی تورک هەیە. هۆکاری ڕوون بۆ ئەمە هەیە. لەبەرئەوەی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدا پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، لە شەڕی کورد و پەکەکەدا. کێشەی متمانە لە نێوانیاندا لەم بابەتەدا نییە. وەک ڕوونم کردەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لەم شەڕە بەردەوام بێت ئەگەر لە دژی ناڕەزایەتی ئەمریکا بێت. ئێمە و دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئەمە دەزانین. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە. پێویستە فشار بخاتە سەر تورکیا، هانی بدات کە دەستبەرداری ستراتیژ و پیلانی شەڕ بێت و چارەسەری دیموکراسی و سیاسی قبوڵ بکات. ئەگەر وابێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردندا."

ئیمان زەندی دوای هەشت ساڵ هێشتا هەڵەبجە بە فەرمی نەركراوە بە پارێزگا و هیچ بودجەیەكیشی وەكو پارێزگا نیە، پارێزگای شارەكەش دەڵێت: كەیسی پارێزگا گەشتوەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بڕیارە لەیادی كیمیابارنی هەڵەبجەدا بەفەرمی بكرێت بە پارێزگا،لەبەرامبەردا سەرچنار ئەحمەدی پەرلەمنتاری دەستلەكاركێشاوە  ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣ ئەو بڕیارە بدات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدەدزێتەوە. ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە هاوڵاتی رایگەیاند: «لەمانگی شەشی ٢٠١٤ موسڵ لەلایەن داعشەوە دەگێرێت و نرخی نەوت دادەبزێت و بودجە نایەت بەمەش قەیران لەزاخۆوە بۆ كفری دەگرێتەوە، هەڵەبجە لەدۆخێكی خراپی لەوشێوەیە دەبێت بەپارێزگا، دوەم هەڵەبجە كاتێك دەبێت بەپارێزگا لەسەر میلاكی قەزایەك دەبێت، لەكاتێكدا پارێزگا پێویستی بەدامەزراندنی بەرفراونترو بەڕێوەبەرایەتی زیاتر هەیەو دەبێت بودجەی هەبێت، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە بودجەی نیە، هەرچەندە حكومەت هەنگاوی جدی ناوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی»، وتیشی: «ئەوەندەی قسە لەگەڵ تۆ دەكەین هەواڵێك بۆ بەپارێزگابون نیە بۆ! چونكە تاساڵی پار لە١٦/٣ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئەجندایەك بڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجەیداو ئەو بریارەشی خستەبواری جێبەجێكردنەوە و لەوێشەوە روبەروی ئەنجومەنی وەزیرانی كردەوە، بەڵام سەرۆكی وەزیرانی عێراقی ئەوكاتە ماوە بەسەرچوبوو، هەربۆیە لەبەر هەڵبژاردن كەیسەكەی راگرت تاوەكو ئەمساڵ، بەوهۆیەوە مانگی یەكی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند رێكارە یاساییەكان بۆ بەپارێزگابون دەگرینەبەر ئەمە مژدەیەكی خۆش بوو، هیوادارین بۆ یادی ئەمساڵ هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەفەرمی وەك پارێزگا بناسێنرێت». پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد: «ئەم كەیسە لای حكومەتی عێراقیە بەڕێز عادل عەبدول مەهدی و عەلاوی و مالیكی لەگەڵ كازمی دەبێت ئەوان بڵێن بۆ نەمانكردوە بەپارێزگا، و  لەوكاتەوەی هەڵەبجە پارێزگایە ئەگەر ملیۆنێك دۆلاری بۆ هاتبێت مەمنونی خوداین، بەڵام وەكو بودجە ئەویش ملیۆنێك نابێت، بودجەی كاروباری ئیداری ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دینارە وەكو قەرزیش قەرزمان نەكردوە، و ئەنجومەنی پارێزگاش لای حكومەتە زۆر قورس نیە حكومەتی هەرێم دەڵێت؛ مانگی یانزدەی ئەمساڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان و كۆمسیۆن رێكەوتون هەڵبژاردن بكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن لەپاڵ ئەوەدا دەنگیش بدرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان»، وتیشی: «٢٥٢ پرۆژە وەستاوە، پرۆژەی بیناكان لەنێوان سەدا ١٠ بۆ ٧٠ تەواو كراون». كە قسە دەكەین تۆمەتبار دەكرێین هاوكات نوخشە ناسیح، قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»دوای شەڕی داعیش هەڵەبجە بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی پارێزگاكە لەهەوڵی ئەوەدابوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان دروست بكات و كەمتر گرفت بێتەپێشەوە، پرۆژەكان ئەوانەی لەسەر پترۆدۆلارن زۆربەیان جێبەجێنەكراون بەهۆی بازاڕی دۆلارو دۆخی كوردستان، و لەساڵی ٢٠٢٢ بڕیاردرا ٤٠ پرۆژە بخرێتەوەكار بەڵام تائێستا یەكێكیان نەكەوتوەتەوە كار بەهۆی ئەوەی نەختینە نیە لەبانكەكان»، وتیشی: «دوو مەرزمان هەیە مەرزی تەوێڵە شوشمێ لەگەڵ پشتە كەنیمچە فەرمین و كاری بازرگانی لێوە دەكرێت و پێویستە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بڕیاری كۆتاییان بۆ دەربچێت و ببێت بەفەرمی هاوشێوەی مەرزی باشماخ و پەروێزخان كە ٢٤ كاتژمێرین، مەرزەكانیش داهاتیان هەیەو كاری تێدادەكرێت، بەڵام ٢٤ كاتژمێری نیە وە هاتوچۆی گەشتیاریش لەوێوەیە، جیا لەمانەش مەرزی سازانمان هەیە سەرقاڵی كاركردنین هەتاوەكو بكرێتەوەو هەڵەبجە لەو چەقبەستوییە رزگاربكەین، گەنجینەی هەڵەبجە كاروباری ئیداری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕێوەدەبات بەڵام داهاتی نیە چونكە هەندێك لەبەڕێوەبەرایەتییەكان تەواو نەبوە، مەرزەكانیش لەبەرئەوەی بەرێوەبەرایەتی گومرگمان نیە داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگی سلێمانی، نەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكانیش بەهۆی نەبونی میلاكەوەیە». لەبارەی گرفتەكانی پارزگا كە تاچەند پەیوەندیدارە بەكێشەكانی پارتی و یەكێتی بەتایبەت پشكەكان، نوخشە ناسیح دەڵێت: «بێگومان هەر ناكۆكیەك لەنێوان لایەنێكی سیاسیدا هەبێت چ یەكێتی یان پارتی یاخود حزبەكانیتر كاردەكاتەسەر ئیدارەی هەموو شوێنێك نەك تەنها هەڵەبجە». «ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە ١٤٠ هەزار كەسە، هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەین هەتاوەكو پرۆژەی ستراتیژی گەشتیاریش بێنن، بەراستی هەندێكجار ئێمە وەكو ئیدارە هەندێك قسە دەكەین تۆمەتباریش دەكرێین لەسەر ئەوەی كە دەڵێین پڕۆژەكان بدرێت بەكۆمپانیایەك كەئەزمونی هەبێت و كاری پردی كردبێت ئەگەر بەنرخێكی زیاتریش بێت، نەك كۆمپانیایەك نەشارەزابێت لەوبوارە»، نوخشە ناسیح وای وت.   هەڵەبجە بە پەراوێزخراوی ماوەتەوە هەر سەبارەت بە گرفتەكانی بەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، حەكیم سەید نەجیب، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» هەڵەبجە پشتگوێخراوە چونكە لەسەرەتای بەپارێزگابونییەوە قەیرانی دارای دروستبوەو هیچ بودجەیەكیش نەچوەتە پەرلەمان تاوەكو دەنگی بۆ بدرێت هەربۆیە بەپەراوێزخراوی ماوەتەوە، زۆربەی پرۆژەكان لەسەر پترۆدۆلارە ئەو پرۆژانەشی هەیە هەموی لەساڵەكانی ٢٠١٢و ٢٠١٣ دەرچوە لە دوای ئەوەوە هیچ پڕۆژەیەك دەرنەچوە، بەڵام لەكۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دوو سێ پرۆژەی بچوك دەرچوو ئەوانەش گرفتی خەرجكردنی پارەیان هەیە، بەڵام بەرێوەبەری بانكی هەرێم لەسلێمانی نەرمی نواندوەو كەم كەم پارە دەنێرێت». نیوەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان دەستبەكارنەبوون سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە راشیگەیاند: «بەڵێ هەموو بەرێوەبەرایەتیەكان نەكراونەتەوەو ئەوانەشی كراونەتەوە فەرمانبەرێكی كەمیان بەگرێبەست بۆ دانراوە بەڵام فەرمانگەكانیتر فەرمانبەرانی فەرمانگەكانیتریان بردوە، بەنمونە سێ بەرێوەبەرایەتی كراوەتەوە كەگەشتوگوزارو شارەوانیەكانن لەگەڵ نەخشە، ئەندازیاری شارەزای ئێمەیان بردوە كەئێستا شوێنەكانیان بەتاڵە، تاوەكو ئێستاش سایلۆمان نیە، و بەلایەنی كەمەوە بڕی ١٥٠ ملیار دینار پڕۆژەمان وەستاوە، پڕۆژەی ڕێگاو بانیشمان هەیە تەواونەكراون». هاوكات سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتار دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت: « گرفتەكان لەسێكتەری تەندروستی و شێوازی دامەزراندن و نەبونی خزمەتگوزاری و ئەنجومەنی پارێزگایە لەگەڵ جێبەجێ نەكردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ـی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، هەروەها جێبەجێنەكردنی بڕیاری ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠١٤ كە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیە واتە هەموو كۆبونەوەیەكی پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت لەهەڵەبجە بكرێت، هەربۆیە یەك كۆبونەوە لەهەڵەبجە نەكراوە چونكە هۆڵی شایستەو میوانداری تێدانیە، لەساڵی ١٩٩٩ەوە پەرلەمان بڕیاریداوە هەڵەبجە بكرێت بەپارێزگا دواتر لەساڵی ٢٠١٥ یاسای بۆ دەرچوو ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەوهۆیەوە هەموو حزبەكانمان كۆكردەوە زیاتر لە٤٠ كۆبونەوەمانكرد لەناو هەڵەبجە هەر ڕێكنەكەوتن، هۆكاركەش ململانێی سیاسیە لەنێوان حزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ ئاماژە دراوە كە هەڵەبجە پێویست ناكان بەهەڵبژاردن ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەڵكو بەدامەزراندن، بەڵام وتیان؛ چەند پۆست لەهەڵەبجە وەربگیرێت دەبێت لەهەولێریش وەربگیرێت!، ئەوە هەشت ساڵە ئەو یاسایە جێبەجێنەكراوە». ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد: «لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣  بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدزیوەتەوەو دەڵێن پەیوەندی بەحكومەتی عێراقیەوە هەیە لەگەڵ نەبونی خزمەتگوزاری و دەستی ئاوەدانی»، وتیشی: «چوارساڵە لەم خولەی پەرلەمانین كەكابینەی نۆیەمە سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكجاریش نەهاتوە سەردانێكی هەڵەبجە بكات بەیادەكەشەوە هەمویی بێ باكە». هاوكات سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «پەرلەمان بەپێی توانای لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانی و دەرچواندنی یاسادا كاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە كردوە، وەك لەیاسای ژمارەی یەكی ساڵی ٢٠١٥دا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی بەفەرمیكرد، بەڵام هەندێك رێكاری ئیداری ماوە كەپەیوەست نیە بەهەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو پەیوەستە بەحكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەربۆیە دەستپێشخەری بەردەوامیان هەیەو عێراق هەنگاوەی جدی نەهاویشتوە»، وتیشی: « گرفتەكان زۆرن گرفتی یاسایی و ئیداری و خزمەتگوزارییە گشتیەكانیان هەیە، نەچونە پێشەوەی قۆناغی كارە ئیدارەیەكان و جێبەجێنەكردنی داخوازییەكان بابەتێكیترەو پەیوەستە بەلایەنە پەیوەندیدارەكان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە».    

هاوڵاتی ئەمریکا بەبەھای ٤٠٠ ملیۆن دۆلار،ھاوکاری سەربازیی نوێ پێشکەشی ئۆکراین دەکات. ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت بەمنزیکانە واشنتۆن پاکیجێکی تری ھاوکاری سەربازیی بۆ کیێڤ رابگەیەنێت، بە بەھای ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵتر راوێژکاری ئەڵمانیا، تاوتوێی ئەو پرسە بکرێت کە لە چەند سەعاتی داھاتوودا لە واشنتۆن ئەنجامدەدرێت. جۆن کیربی، وتەبێژی کۆشکی سپیلە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی ژمارەیەکی خستە سەر ئەو پاکێجە نوێیەی هاوکارییەو  وتی وردەکاری زیاتر بڵاو دەکرێتەوە. هاوکات رۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا بیر لە سەپاندنی سزای نوێ دەکاتەوە بۆ سەر چین  لە ئەگەری ئەوەی کە پەکین پشتگیری سەربازی بۆ ڕووسیا بنێرێت لە شەڕی ئۆکرانیادا . کیربی لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا سەپاندنی سزا بەسەر چین بەشێک دەبێت لەو بابەتانەی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵتر راوێژکاری ئەڵمانیا  ئەو وەڵامی دایەوە و وتی: بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی باسکردنی ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت پێشبینی دەکەم کە پرسی پشتگیری لایەنی سێیەم بۆ ڕووسیا بێتە پێش. هەروەها سەبارەت بەو پاکێجە نوێیەی هاوکارییە ئاماژە بەوەشکراوە، ھاوکارییەکان کۆمەڵێک چەک و کەولوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو لە خۆ دەگرێت، لەوانەش سیستمی مووشەکی ھیمارس. جێگەیباسە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئۆکراین، لە شەڕی دژ بە روسیا، تا ئێستا ئەمریکا بەبەھای نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلا، ھاوکاری سەربازیی داوەتە کێیڤ.

هاوڵاتی بانکى رافیدەن ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکات بە وەرگرتنى دینار لە گەشتیاران لە لقەکانى، بۆ ئەوەى گەشتیاران لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە دۆلار وەریبگرنەوە، لەبرى ئەوەى پرۆسەى ئاڵۆگۆڕەکە لەنێو فڕۆکەخانەکە بکرێت. بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدائاماژەى بەوەداوە، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکەن بە وەرگرتنى دینار لە هەژمارەکانى بانکەکەیان، بۆ گۆڕینى بە دۆلار و ئەو پرۆسەیە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت.  ئەم بڕیارەى بانکى رافیدەین بە مەبەستی  ئاسانکاریکردنە بۆ گەشتیاران بۆ کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندى کە 132 هەزار دینارە بەرامبەر بە 100 دۆلار،هاوکات  گەشتیاران دەتوانن تاوەکو 7000 دۆلار بکڕن. بانکى رافیدەین ئاماژەى بەوەشداوە کە لە دواى دانانى پارە لە بانکەکەیان لە رێگەى دەروازەکانیانەوە لە بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا دۆلارەکە وەردەگیرێت و پرۆسەى دانانى دیناریش لە رێگەى هەشت لقی بانکەکەوە دەبێت لە بەغدا، ئەو رێکارەش بۆ ئەوەیە، قەرەباڵخى لەنێو فڕۆکەخانە دروست نەبێت لەکاتى وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە.     ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە 5ى ئادارەوە بانکى ناوەندى پشکى هەفتانەى گرووپى ئەى کۆمپانیاکان لە فرۆشتنى دۆلار بۆ دوو ملیۆن دۆلار زیاد بکات کە ئەمەش 25٪ـى لە بڕى پێشوو زیاترە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، کۆمارى ئیسلامى ئێران لە دەستپێشـخەرییـەکدا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، رێگە دەدات هەر هاووڵاتییەک پاسپۆرتەکەی ماوەی بەسەرچوونەکەی لە شەش بۆ سێ مانگ مابێت، گەشتی ئەو وڵاتە بکات. بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا  باسی لەوەشکردوە، "لەبەرئەوەى دەفتەرى پاسپۆرت لە عێراقدا نەماوە، کۆمارى ئیسلامى ئێران لە دەستپێشخەرییەکدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕێگا دەدات هەر پاسپۆرتێک ماوەکەی ( لەشەش بۆ سێ مانگی تیامابێت) هاوڵاتییەکە لە کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەتوانێت ڤیزا وەربگرێت". ئەوەش هاتوە، ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان زیاتر لە سێ مانگی ماوە دەتوانن سەردانى ئێران بکەن بە تایبەت ئەو کەسانەى زۆر پێویستیانە لەم کاتەدا، چونکە بەشێوەیەکى گشتی پێویستە پاسپۆرت ماوەی شەش مانگ زیاترى تیامابێت ئەو کات دەتوانێت گەشتی پێ ئەنجام بدرێت بۆ ئێران بەبێ ڤیزا. بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ،لەبەرئەوەى دەفتەرى پاســــپۆرت لە عێراقدا نەماوە، کۆمارى ئیسلامى ئێران وەک هاوکارییەک بۆ دانیشتوانى هەرێمى کوردستانی ئەو دەستپێشخەرییەی راگەیاندوە تا بتوانن بەبێ نوێکردنەوەی پاسپۆرت گەشتەکانیان ئەنجام بدەن بەپێی ئەو ماوەیەی ئاماژەی پێدراوە.