ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە روفاتی 171قوربانی ئەنفالكراو لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزراونەتەوە لە ناوچەی سەماوەی باشوری عێراق، كە زۆربەیان ژن و منداڵن لە پزیشكی دادی بەغداد دانراون و هیچ دڵنیایەكیش نیە بەم زووانە بهێنرێنەوە بۆ كوردستان. بەگوێرەی زانیارەكان قوربانیەكان خەڵكی سنوری گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ بوون، جگە لەو گۆڕە بەكۆمەڵە كە لەدەشتی سەماوەی باشوری عێراقدا دۆزراوەتەوە، 11 گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچەیەدا هەیە و هیچ كارێكیش نەكراوە تا گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە و بهێنرەوە بۆ كوردستان. كەسوكاری ئەنفالكراون دەڵێن حكومەت ئیشی بە پرسی ئەنفال نەماوە  بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە كە تەرمی كەسوكارەكانیانمان بۆ بهێنێتەوە. قاسم كازم كەسوكاری ئەنفالكراو لە قەزای چەمچەماڵ بە هاوڵاتی وت:» نەهێناوەی روفاتی كەسوكارەكانمان پەیوەندی هەیە بەحكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان چونكە پێویستە ئەوان سامپڵی خوێنمان لێ وەرگرن و دیاری بكەن كە ئەو روفاتانە هی چی ناوچەیەكن، لە ئێستادا 20 ناسنامەیان دۆزراوەتەوە كە خەڵكی چەمچەماڵ و ناوچەی شوانن و  دەبێت حكومەتی هەرێم خەمخۆر بێت بەڵام بێباكە و پێویستی بە دۆسیەی ئەنفال نەماوە». وتیشی:» حكومەتی كوردستان ئەگەر تۆزێك غیرەتی هەبێت ماوەی سێ ساڵە تەرمی كەسوكارەكانمان لەبەغداد ناهێڵێتەوەو  ئەمە عەیبەیە و پەڵەی ڕەشە بەناوچاوی هەمو دەسەڵاتی كوردی، ئەوان هەر خەریكی نەوت فرۆشتنن، نازانم چۆن رویاندێت باسی ئەنفال دەكەن لەكاتكدا سێ ساڵ زیاترە ئەو روفاتانەیان نەهێناوەتەوە بۆ كوردستان «. شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی شەهیدان و قوربانیان بە هاوڵاتی راگەیاند: «لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی سەرۆك وەزیران عێراق و لایەنی پەیوەندیدارم كردوە لەسەر هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفال، ئەوەی هەیە پشكنینی DNA كراوە بۆ بەشێك لە روفاتەكان كە خەڵكی سنوری گەرمیان و چەمچەماڵن و كەسوكاری ئەنفالكراونیش داوای ئەوەدەكەن كە پشكنین بۆ ئەوانیش بكرێت و حكومەتی هەرێمیش ئەمەی كردوە بە بیانو بەكارێكی قورسی دەزانێت كە نمونە وەربگرێت لە كەسوكاری ئەنفال بۆ هێنانەوەی روفاتەكان». وتیشی:» جگە لەم گۆڕە بەكومەڵە كە دۆزراوەتەوە خۆم سەردانی ناچەكانی سەماوە و تۆپزاوە و سنوری سعودیەم كردوە و گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەش هەیە، لە سەماوە 11 گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە كە بەئاشكرا گۆڕەكان دیارن لەو ناوچانەداو ئێس و پروسك و كەلەسەری مرۆڤم بینیوە لەو شوێنانەدا، بەڵام هێشتا كارنەكراوە بۆ هەڵدانەوەیان،  ئەركی حكومەتی هەرێمە كار بكات بۆ روفاتەكان و گۆڕەكانی دیكەش هەڵبداتەوە، بەڵێ كەمتەرخەمیە بۆ هەمومان كە روفاتی كەسوكارەكانمان لە بەغداد بێت و نەتوانین بیهێنینەوە». هاوكات ئامینە ساڵح كەسوكاری ئەنفالكراو لە گەرمیان بە هاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم كارناكات بۆ هێنانەوەی روفاتی كەسوكارەكانمان و داوا دەكەین روفاتی ئازیزانمان بەزوترین كات بۆ بهێننەوە، پێشوتر گۆڕێك دۆزراویە ڕوفاتەكان سوتان وتیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە،  ئێمە دەترسین ئەم روفاتانەش وا لێ بكەن». وتیشی:» بۆ لەدەستدانی كەسوكارەكانمان چەند نیگەران بوین، زیاتر لەوە نیگەرانین كە  روفاتەكانمان بۆ ناهێننەوە، ئەمەش نیشانەی بێدەربەسی حكومەتی كوردیە بەرامبەر ئێمەی كەسوكاری ئەنفال». هاوكات ئەدیب لەتیف بەڕێوبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند:» رێكارەكانی هێنانەوەی روفاتەكان بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كەسوكارەكانیان داوای پشكنینی DNA دەكەن و ئێستا كاردەكەین كە بتوانین سامپڵی خوێن لەكەسوكارەكانیان وەرگرین و دواتر بزانین كە خەڵكی كوێن و كەسوكاریان بناسرێنەوە». ئەوەشی وت: « تا ئێستا هیچ دڵنیایەك نیە كە بتوانین بۆ یادی ئەم ساڵی ئەنفال روفاتەكان بهێنینەوە بۆ كوردستان،  بەڵێ كەمتەرخەمی هەیە لەهێنانەوەی روفاتەكان ئێمەش وەك وەزارەت كارمانكردوە كە زوتر بتوانین سامپڵی خوێنیان  وەربگرین و تا بتوانن زوتر روفاتەكان بهێنیەوە و كار دەكەین بۆ هێنانەوە و دۆزینەوەی ئەو روفاتانەی كەتا ئێستا نەدۆزراونەتەوە«.

بافڵ تاڵه‌بانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی3ی2023،لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی هەولێر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بارەی باردۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن و  پەیوەندییەکانی ئێستایان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دۆخی  ناوخۆی حزبەکەی چەند لێدوانێکی دا. لەبارەی کێشەکانی حزبەکەی لەگەڵ پارتی وتی،"كێشه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر شتی زۆر بچوكن" بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زۆر بچووكن و ئێمە هەمیشە دەستپێشخەربووین بۆ دانیشتن. دەربارەی ناوخۆی حزبەکەی، تاڵەبانی ڕایگەیاند، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبووە بەرامبەر ئەو دەستوەردانانەی لە کاروباری حزبەکەمان کراوە. سەبارەت بە ،ڕەوشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،"پێویستە کێشەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە" باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد کە بڕیارە ئەمساڵ بکرێت، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەودا، "پێدەچێت هەڵبژاردن هەر نەكرێت، بەڵام ئەگەر كرا ئێمە گەشبینین بە ئەنجامەكەی". لە بەشێکی تری قسەکانی ڕایگەیاند،هێز دەجوڵێندرێت بەرامبەر بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و دەستوەردان لەناو حزبەكەمان دەكرێت،یەك شتمان نەكردووە بەرامبەر بەو كێشانەی بەرامبەرمان دەكرێت،ئێمە بۆ هەموو شتێك ئامادەین. لەبارەی کۆبونەوەکانی،ئەم دواییەی یەکێتی و پارتی، سەرۆکی یەکێتی وتی، دوای هەموو كۆبوونەوەیەك كێشە درووست دەكرێت، پارتی لە بەغداد داوای شتێك دەكات و لە هەرێم داوای شتێکی تر دەکات. لەکۆتایی ،قسەکانی دەربارەی ئەو پەیامەیی لاهور شێخ جەنگی کە چەندڕۆژێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە، تاڵەبانی وتێ" ئاگام لە پەیامی كاك لاهور نیە، كاك لاهور ئازادە چی دەكات با بیكات، لەناو یەكێتی نیە با بڕوات حزبێك بۆخۆی درووست بكات، ئینشەڵا سەركەوتوو دەبێت".

لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی دوو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوه دەقی ڕونکرنەوەکە ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لێدوانێک بە ناوی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابورییەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی دابەش کردنی مووچەی مانگی شوبات.         بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لێدوانی بۆ ئەو پەیجەو هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوەو هەر پێشهات و گۆڕانکاریەک هەبێت سەبارەت بەدابەشکردنی مووچە لە پەیجی ڕەسمی وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی ڕەسمی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاو نەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی نییەو بەهەند وەرناگیرێت.                                                                                     ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری

نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ لۆرد ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی3ی2023پێشوازى له‌ لۆرد تارق ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ‏ئافريكا و ‏نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد.‏  لۆرد ئه‌حمه‌د لەکۆبونەوەکە جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ ‏له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێى وايه‌ سه‌قامگيرى و په‌يوه‌نديى باشى ‏هه‌ولێر و به‌غدا، عێراق به‌هێزتر ده‌كات له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كاندا، ستايش و ‏پشتگيريى وڵاته‌كه‌يشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشان دا.‏ هەریەک لە باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتييان له‌ هه‌ولێر ‏ئاماده‌ى کۆبونەوەکە بوون، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدايه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى يه‌كڕيزى له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان.‏ هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بەره‌و  ‏پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى جيهان ‏ده‌دات و ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى زياتر ده‌كات. ‏ لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە باسیان له پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، ياساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ‏لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و چه‌ند بايه‌تێكى ديكه‌ کرد.

هە*پە*گە ئاماری مانگێکی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا، ١٨ سەربازی تورکیا کوژراون و ئەندامێکیان *شە٭هید* بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هە*پە*گە ئاماری شەڕی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ٣٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ١٨ جار بە هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان گۆڕەپانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گە+ریلا+کان، بۆردوومان کراون و هەروەها ٨٧٤ جاریش بە تۆپ، هاوەن، تانک و چەکی قورس ناوچەکان تۆپباران کراون.  لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، سەنگەرەکانیان ١٤٢ جار بە تۆپی فۆسفۆر و بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. دەشڵێت، لەو مانگەدا،  ٤ سە٭نگەر، ٥  سیستمی کامێرای حەراری، چەکێکی ئەی٤ ، چەکێکی بی ٧، بۆمبهاوێژێک، ئامێرێکی بێ تەل تێکشکێنراون. هەروەها گورز لە هەلیکۆپتەرێکی هێر٭شبەر وەشێنراوە.

هاوڵاتی قائیمقامی دەربەندیخان  ڕایگەیاند بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەرخاندەکرێت . سلێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە وەڵامی مانگرتنی سەرتاسەری هاووڵاتیانی دەربەندیخان، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، گرفتی ئاو و كارەبا و كەرتی تەندروستی قەزای دەربەندیخان چارەسەردەكرێت. وتیشی،بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و 700 ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری تەرخانكراوە و سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاددەكرێت. ئەمڕۆ مانگێك تێپەڕدەبێت، بەسەر خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی دەربەندیخان و بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیانەوە، هاوکات ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە قەزای دەربەندیخان راگەیەندرا و هاووڵاتیان سەرجەم دوكان و بازاڕەكانیان داخست.  

هاوڵاتی تیمەکانی فریاکەوتن لە و ناوچانەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوی بومەلەرزەکەی ٦ی مانگی ڕابردووی تێدا دەمێننەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا مردنی دوو هاوڵاتییان بە نەخۆشی کۆلێرا ڕاگەیاند،هۆکارەکەشیان بۆ نەبونی ئاوەڕۆ و ئاوی پاکی خواردنەوە گەڕاندەوە. بەرگری شارستانی سوریا لە تویتێکدا ڕۆژی سێشەممە وتی ،کە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای بڵاوبونەوەی کۆلێرا لە سوریا کە ساڵی ڕابردوو بوو بەرزبووەتەوە بۆ 22 حاڵەتی مردن و  568 حاڵەت کە مەترسی مردنیان لەسەر نییە و تەنها توشبوون. ئەو وێرانکارییەی بومەلەرزەکە دروستی کردووە بارودۆخی کامپی ئاوارەکانی ناوچەکەی خراپتر کردووە، کە پێشتر ئاوی پاک و خاوێنی تێدا نەبووەوە و ئاوەڕۆی پێویستیان نەبووە لە ئێستادا زۆر لە جاران خراپترە. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە تێیدا هاتووە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێراو نەخۆشی جۆراو جۆر بەهۆی نەبونی ئاوی پاکەوە بەرەو زیادبوون دەچێت. نور قۆرمۆش چالاکوان بە ئاژانسی هەواڵی جەزیرەی گوتووە: "تەنانەت پێش بوومەلەرزەکە بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گونجاوەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک نەخۆشکەوتون بەهۆی ئەوەی لەسەدا 63ی کەمپەکانی ئاوارەکان ئاوەڕۆی گونجاویان نەبووە و لە سەدا 43ی ئاوی پاکیان نەبووە" ئەو چالاکوانە گوتیشی : "لە سەرەتای کارەساتەکەوە هەزاران کەس لەو کەمپانەدا دەژین کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابینکراون و زۆر قەرەباڵغن" ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەو ژینگەیەی کە ئێستا تێیدا دەژین دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری هاوڵاتییان توشی نەخۆشییەکە بن " گروپێکی خۆبەخشی فریاکەوتن لە ناوچەکە  بڵاویکردەوە: "لەناوچوون و ڕوخانی هێڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دوای بومەلەرزەکەی شەشی مانگی ڕابردوو ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە زیاتر دەکات". بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیە نەخۆشی کۆلێرا لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردودا بوو کە هۆکارەکەی گەڕێندرایەوە بۆ پیسبونی ڕووباری فورات. کە لە 14/9/2022 دا وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، زۆرترین تووشبووی کۆلێرا لە شاری حەلەبە و ژمارەیان ٢٢ کەسە، دواتریش شاری حەسەکە دێت کە ژمارەی تووشبووان ١٣ کەسە، ھاوکات لە دێرەزوور ١٠ کەس و لە لازقییە شەش و لە دیمەشقیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون و لە حەلەب چوار تووشبوو و لە دێرەزووریش دووان و لە حەسەکە یەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. 

باكور بۆتان لە چوارەم رۆژی بوومەلەرزەكانی شەشی شوباتی ٢٠٢٣دا، كە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، چەندین پارێزگا و شاری رۆژئاوای كوردستان و سوریای گرتەوە و بەو هۆیەوە دە یان هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ١٠٠ هەزار كەسیش بریندار بوون، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایانگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە سەرجەم چالاكیە سەربازیەكانیان رادەگرن، بەڵام توركیا شەڕی رانەگرتووەو بەردەوامە لەهێرشەكانی. هەرچەندە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، تا رادەیەك پێشوازیەكی گەرم لەو دەستپێشخەریەی كەجەكەو هەسەدە كرا، بەڵام دەوڵەتی توركیا شەڕی رانەگرت و بەردەوامە لەسەر ئۆپراسیۆن و هێرشەكانی بۆسەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باشوری كوردستان و ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا. ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رۆژێك دوای بانگەوازەكەی جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە بۆ راگرتنی شەڕ راگەیەندراوێكی بڵاوكردبووە و ئاماژەی بەوەكرد، گەلانی توركیا رووبەرووی ئازارێكی زۆر گەورە بوونەتەوە و بۆیەش پێویستیان بە هاوكاری و پشتگیری هەیە و وتی: « لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەكەین و شەڕ رادەگرین.» رۆژێك دوای راگەیەندراوەكەی نەپەگە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد: كە لەگەڵ ئەوەی هەموو چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر تۆپباران و بۆردومانی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانیان. هەپەگە رایگەیاند: لە نزیك گوندی سیدای سەر بە شاروچكەی شێلادزێی قەزای ئامێدی، گەریلایەكیان شەهید بووە و سەربازێكی توركیاش كوژراوە. لەو كاتەوە و تاوەكو ئێستا، هەپەگە ١٨ راگەیەندراوی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكان، تۆپباران و هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر سەنگەرەكانی گەریلاكانیان لەنێو خاكی باشوری كوردستاندا بڵاوكردووەتەوە. هەرچەندە بەگوێرەی راگەیەندراوەكانی پێشووتری هەپەگە، پێكدادان و هێرشەكان كەمترن، بەڵام لە راگەیەندراوەكاندا باسی ئەوە دەكات، لە ماوەی ئەم ١٨ رۆژەدا، هەموو رۆژێك جۆرە تۆپێكی فسفۆر لەلایەن سوپای توركیاوە بەكاردەهێندرێت كە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە قەدەغەكراوە. هەپەگە لە راگەیەندراوەكانیدا، چەندینجار ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام لە حاڵەتی هێرشكردنە سەریاندا، مافی خۆپاراستن بەكار دەهێنن.   هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، چالاكییە سەربازیەكانی راگرت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەیە سوپای توركیاش هێرشەكانی رابگرێت. بەگوێرەی ئامارێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز)، لە شەشی شوباتەوە كە بوومەلەرزەكان روویانداوە و تاوەكو ئێستا، سوپای توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا، زیاتر لە ٢٠ هێرشیان لەبەرامبەر هێزەكانیان و خەڵكی مەدەنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیاش دوو جار هێرشیان لەنیو خاكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسی هاوار دەڵێت لە هێرشەكاندا، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن ٧٠ ساڵ بووە كە دوای بوومەلەرزەكە لە حەلەبەوە كۆچی كردووە بە هەرێمی شەهبا. هەروەها لە هیرشەكاندا بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون. ئاژانسەكە باسی لەوەكردووە كە دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لە كارەساتە مرۆییەكاندا، هێرشەكانی رانەگرتووە و بەبیریهێناوەتەوە كە لە سەردەمی بەربڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنادا (كۆڤید١٩)، لە ساڵەكانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا، سوپای توركیا ١٨ هەزار و ٧٣٣ هێرشی زەمینی، ٢٠٩ هێرشی لە رێگەی درۆن و ٤٣ هێرشی بە  فڕۆكەی جەنگی ئەنجامداوە. هەر بەگوێرەی ئامارەكان لەو دوو ساڵەدا ٣٥٣ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان قۆتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەی كارەبا و غاز و نانەواخانە، ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان وێران بوون.   هەسەدە و هێزی  هاوپەیمانان فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رێگەی ڤیدیۆیەكەوە كەلایەن راگەیاندنی هەسەدەوە بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەكردوە: كە هێزەكانیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و رزگاكردنی هاوڵاتیان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەكاندا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە تیمەكانی خۆیان رەوانەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و چەكدارەكانی بكات و لەم چوارچێوەیەدا چالاكییە سەربازیەكانی راگرتووە، بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە. شامی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی دەبینن كە لەم جۆرە كارەساتانەدا شەڕ رابگرن و وتی: « بڕیاری ئێمە بۆ راگرتنی شەڕ، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەكارهێنراوە. دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لەبەرامبەر ئێمەو هەرێمەكانمان شەڕی رانەگرتووە. پێشتریش رەخنەمان لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتبوو و ئێستاش رەخنەیان لێدەگرین و بێدەنگی و بێهەڵوێستی هاوپەیمانان، بوێری بە دەوڵەتی توركیا دەدات كە لەم دۆخەی كارەساتی بوومەلەرزەیەشدا بەردەوامی بە هێرشەكانی بدات.   سوپاو بوومەلەرزە یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی كە رووبەرووی دەسەڵاتی توركیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە لە كاتی بوومەلەرزەكەدا، فەرمانی بە سوپای وڵات نەكردووە، بە پەلە هێزی مرۆیی خۆی بۆ رزگاكردنی هاوڵاتیان بەكار بهێنێت. زۆرێك لە بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و نووسەرانی ئەو وڵاتە، داوایان لە حكومەتی هاوبەشی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) كردووە كە روونكردنەوە لەسەر بەكارنەهێنانی هێزی مرۆیی سوپا بدەن لە رزگاكردن هاوڵاتیاندا. چەندین لایەنیش باسی ئەوەیان كردووە كە حكومەت ترسی لەوە هەبووە كە ئەم دۆخەی بوومەلەرزە بۆ كودەتایەكی سەربازی بەكاربهێندرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت كە لەم دۆخەی بوومەلەرزەدا، روبەرووی رەخنەی توند بوەتەوە.  

هاوڵاتی سوپای تورکیا لە مانگی شوباتدا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر گوند و ناوچەکانی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبای رۆژئاوای کوردستان. لە دۆخی بومەلەرزەدا کە لە باکوری کوردستان – تورکیا و رۆژئاوای کوردستان – سوریا نزیکەی ٢٠٠ هەزار گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، سوپای تورکیا بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەدات. ئاژانسی هاوارنیوز ئاماری مانگی شوباتی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا سوپای تورکیا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە و گوندەکانی کانتۆنەکانی شەهبا و عەفرین. ئاژانسەکە دەڵێت، بە گشتی گوندەکانی " سەموقا، تەل مەدیق، بەنداوی شەهبا، شێخ عیسا، هربل، بێلونی، کەفەر ناسح، مەرەناز، وەحشیە، تەل رەفعەت، خراب شەمس، کیلوتێ" تۆپباران کراون. لەبارەی زیانە گیانیەکانیش ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە لە ١٦ی شوباتدا، سوپای تورکیا شاروچکەی تەل رەفعەتی لە رێگەی شەش گولە هاوەنەوە تۆپباران کردووە و بەوهۆیەوە، کەسێک بەناوی یوسف عەبد تەمەن ٧٠ ساڵ شەهید بوو و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هاوڵاتی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ راکان جبووری دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت.  ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 20-02-2023 نووسراوێکی بۆ راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک کردووە و داوا دەکات  زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت ئەوەش پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندار بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان. دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە  لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو پارێزگایە لە لایەن کارگێڕییەوە بەردەوام سنووردار کراوە. هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی لە قوتابخانەکان چاپ بکات کە خوێندن تیایاندا بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانییە؛ هەروەها دەبێت مامۆستای تایبەت بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانە دابینبکرێن کە خوێندن تیایاندا بەو زمانانەیە.  هاوکات پێویستە ئەو فەرمانە کارگێڕیانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک دەردەچن بە هەردوو  زمانی عەرەبی و کوردی بن.  ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەسەر تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک سوود لە زمانی پێکهاتەکانی شارەکە وەربگیرێت. بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن و دەبێت لە نووسراوەکانی حکومەتدا هەردووکیان بەکاربهێندرێن.

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند ئێران دەتوانێت لە 12 رۆژدا یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بەرهەم بهێنێت. کۆڵین کال، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند؛ بەهۆی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ، ئێران هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر کردوە و دەتوانێت بە زورترین کات بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات. ئەو بەرپرسەی ئەمریکا وتویەتی: ساڵی 2018 و هاوکات لەگەڵ کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ، ئێران دوای 12 مانگ دەیتوانیی بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات بەڵام ئێستا تەنها پێویستی بە 12 رۆژە. لێدوانی راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 دەبێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە نابێت لە 5٪، زیاتر بەرز بکرێتەوە بەڵام پیتاندان لەو وێستگە ئەتۆمییانەدا بۆ 60 بەرز بوەتەوە. دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم پێویستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی زایاتر لە 95٪ هەیە و گومان دەکرێت ئێران لە ئێستادا خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 84٪ بێت. ساڵی 2015 دوای 20 مانگ دانوستان و کۆبونەوە رێککەوتنی ئەتۆمیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆ کرا و  ئەمریکا لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی وڵاتەکە لەو رێککەوتنە کشایەوە.

هاوڵاتی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و رووداوی لەناکاوی تورکیا- ئافاد ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 45 هەزار و 89 کەس بەرزبووەوە. ئافاد بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-3-2023 بڵاویکردەوە،لە پارێزگاکانی قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز بە تێکڕایی 45 هەزار و 89کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی ئەو کەسانەیش کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار کەس هاوکات  دوای بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ی مەرەش، 11 هەزار و 20 پاشلەرزە روویانداوە. بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی مانگ زیانی گەورەی بە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیاند و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە جگە لەوەی ژمارەی زۆر باڵەخانە ڕوخاون و خەڵکی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکان لەناو خێمەو سەر شەقامەکان دەمێننەوەو ژمارەیەکی زۆر منداڵ بێدایک و باوک بوون. هاوکات ژمارەی قوربانیان لە  رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، نزیکەی 6 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 1000 کەسیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.  بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە شەشی شوباتەوە  40هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا. مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی 40 هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە. لە 17ی هەشتی 1999دا لە ئیزمیتی توركیا بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.6 پلە ڕوویدا و نزیكەی 18 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا. دوای نزیكەی چوار مانگ و لە 12ی یانزەی 1999دا بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 7.2 پلە لە پارێزگای دوزجە ڕوویدا و لەوەشدا نزیكەی هەزار كەسی تر گیانیان لە دەستدا. لەو كاتەوە دەوڵەتی توركیا باجێكی خستووەتە ئەستۆی هاوڵاتییەكانی بە ناوی باجی ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و رووداوە سروشتییەكان. ئەوە بە چاوكردن لە هەندێك وڵات كرا بۆ ئەوەی بیناسازی لە توركیا بگەیەنرێتە ئاستێك، كە لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا بیناكان بەرگە بگرن و زیانیان كەمتر پێ بگات و هاووڵاتییان پارێزراو بن .بەڵام بە گوێرەی ئەو کاولکارییەی لە ٦ی دووی  ئەمساڵدا ڕویدا دەردەکەوێت یاساکە شوێنی خۆی نەگرتووە.

هێمن مەحموود هەڵبژاردن لە كوردستان بوەتە ئاڵنگاری لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا، دەسەڵات لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكیدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، حزبەكانی دەسەڵات بە دیاریكراوی پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار لە پرسی دواخستنی هەڵبژاردندا. رۆژی سێشەممە 28ی شوبات هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی و فراكسیۆنەكانیان كۆبوونەوەو لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن كەبریتین لە (یەكەم : هەڵبژاردن بە چوار بازنە بكرێت. دووەم: هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە، نیوە بە لیستی داخراو. سێیەم: ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت. چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بكرێت بۆ سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق). پەرلەمانی كوردستان كە لەتشرینی یەكەمی ساڵی رابووردوو بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەدادگای فیدراڵی لە بەغداد سكاڵا لەسەر  پەرلەمانی كوردستان تۆماركراو دادگای فیدراڵیش دوای دوو دانیشتن هێشتا بڕیارێكی كۆتایی لەوبارەیەوە نەداوەو دوایخستووە بۆ 15ی ئەم مانگە، كە بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران پێدەچێت هۆكاری دواخستنی بڕیاردانەكە بۆ بەخشینی كات بێت بەحزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم تاوەكو وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی دیاریبكرێت و دادگاكە لەو دۆخە رزگاربكەن كە تێیكەوتووە. ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی تۆماركراوە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشكەشكراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سكاڵای دیكەدا یەكخران، كە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كرابوون، 18ـی كانوونی یەكەمی 2022، یەكەم دانیشتن لەبارەی سكاڵاكان كرا و تیایدا سكاڵاكاران داوای پووچەڵكردنەوەی یاسای ژمارە 12 رۆژی 9-10-2022 تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20 كە لە دەستووری عێراقدا هەیە، هاوكات لەسكاڵاكەدا ئەوەشخراوەتەروو ئەو هەنگاوەی پەرلەمان «مافی دەستووریی دیاریكراو لە ماددەی 51 یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێلدەكات.» لەهەرێمی كوردستاندا تا ئێستا 5 هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 1992_2005_2009_2013_2018 سازكراون، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان 111 كەسە كە 11 كورسی تایبەتە بە كۆتاكان (توركمان 5، مەسیحی 5، ئەرمەن 1 كورسی). بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەساڵی 2021 زیاتر لە 6 ملیۆن و 100 هەزار كەسە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێم 5 ملیۆن و 500 هەزار كەسە.

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان درەنگانی شەوی رابردوو سێشەممە (28ـی شوبات/فێرێوەری 2023)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخی عێراق و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هیوادارم عێراق ئایندەیەکی گەشی هەبێت."  سەردانەکەی گۆتێرێز، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقە لە هەموو ئاستەکاندا و گوزارشتە لە رۆڵی هاوسەنگی لە عێراق کە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات."  گۆتێرێز و فوئاد حوسێن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد، تێیدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی گەلی عێراق دەتوانێت ئالنگاری و کێشە و گرفتەکان تێبەڕێنێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆتێرێز ئاماژەی بەوەکرد،  چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە و هیواخوازە کاتی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکات. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی ئەو هاووڵاتییانەی عێراقی کردووە کە ئاوارەی سووریا بوونە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "بە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن"، پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵاتیش دەکات. هاوکات، د. فوئاد حوسێن گوتی: سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەغدا لەسەر داوای ئێمە بووە و سوپاسی دەکەین کە بەدەم داواکەمانەوە هاتووە.  وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، "پێویستمان بە پشتیوانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان." 

هاوڵاتی کۆر دی کۆمپیتس، دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا دەڵێت، ساڵی ڕابردوو بودجەی  زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ خەرجکراوە بۆ پەنابەرە ئۆکرانیەکان. دەستەی باڵای فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، بۆ هاوکاریکردن و پەناهەندەیی ١١ هەزار و ٥٠٠ پەنابەری ئۆکرانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ خەرجکراوە، بەگویرەی دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا بۆ هەر ئۆکرانیەک ئەو بودجەیی کە خەرجکراوە دوو هیندەی ئەو بودجەیە بووە کە بۆ پەنابەرێکی ئاسیی دابینکراوە.  وەزارەتی نیشتەجێبوون هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ئێستادا مانگانە لە پاریس نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەدرێتە ئەو خێزانانەی کە لەماڵەکانی خۆیاندا بی بەرامبەر هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن.   هاوکات دەستەی باڵای فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری بودجەکە بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرەکان بووە و نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆش دراوە بە هاوڵاتیانی ئۆکرانیا. هەروەها لەبارەی بەردەوامی ئەو هاوکاریانەوە بەپرسانی فەڕەنسا دەڵێن،  " هیچ گرەنتیەک نییە" لەسەر ئەوەی کە ئەو یارمەتیانە بەردەوام بن، ئەمەش سەرەڕایی داواکاری کاربەدەستانی دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان. ئەو هاوکاریانە بەپێی یاسای " پاراستنی تایبەتی" ساڵی ڕابردوو بەسەرکەوتووی جێبەجێ کراوە، کە تێیدا لە چوارچێوەی یاساکەدا ئۆکرانیەکان مۆڵەتی چوونە سەرکار و بەکارهێنانی خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕەوانەکردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگاکان، لەکاتێکدا ئەمە بۆ پەنابەرێکی ئاسایی ئەستەمە لەماوەیەکی ئاوا کەمدا.   ئەمەش لەکاتێکدایە کە جەنگی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا پێی ناوەتە دووەم ساڵی خۆیەوە و بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ وەرزی بەهاردا ئەگەری درووستبوونی گرژی وئاڵۆزی زیاتر دەکرێت لەبەرەکانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی پەنابەرانی ئۆکرانیا لەسەرجەم وڵاتانی  ئەوروپا و بەتایبەت وڵاتانی هاونسور لەگەڵ ئۆکرانیا.