هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، بۆ راگرتنی پەلامارەکانی رووسیا پێویستییان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە بەردەوامی پەلامارەکانی سوپای رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: "٢٧ی شوبات هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری چەندین خاڵیان داوە لە ئۆکراینا". سەرۆکی ئۆکرانیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە کۆی ١٤ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە خستووەتە خوارەوە و گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی تاکوو لەتوانایاندا بێت بەتوندترین شێوە بەرەنگاری پەلامارە ئاسمانیی و مووشەکییەکانی رووسیا دەبنەوە. کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا، پابەندە بە فڕۆکەی جەنگیی نوێوە". هاوکات سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، سوپای رووسیا هێرشەکانی لە لیمان، کوپیانسک، باخمووت، ئاڤدیڤکا و شاختێرسک چڕکردووەتەوە و لە هێرشەکانی دا بە چەکی قورس ناوەندە مەدەنییەکان بۆردومان دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 81 هێرشی هێزەکانی رووسیایان لە پێنج ئاراستەی جیاوازەوە تێکشکاندوون، هەروەها فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیاش لە جۆری سوخۆ-25 خراوەتەوەخوارەوە. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، ئەوا بەشێوەیەکی کاریگەرتر رێگە لە پەلامارەکانی رووسیا دەگرن و گوتی: "بۆیە پێویستییمان بە فڕۆکەی جەنگیی نوێ هەیە و بەم جۆرە دەتوانین لە تەواوی ناوچەکان دەوڵەت لە تیرۆری رووسیا بپارێزین". زێلێنسکی باسی لەوەشکرد کە بە تایبەت لە ناوچەی دۆنێتسک پێکدادانەکان بەچڕی بەردەوامن و هەوڵەکانی سەربازانی ئۆکراینای لە بەرگریکردن لە باخموت و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا بەرامبەر پەلامارەکانی رووسیا بەرز نرخاند. ساڵێک بەسەر جەنگی نێوان رووسیا – ئۆکرانیا تێدەپەرێت، تائێستا هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چارەسەری نێوانیان، جگە لە زیانی گیانی و ماددی شەڕی مۆسکۆ و کیێڤ، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئابووری جیهان.

هاوڵاتی بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە واژۆی سالار محەمەد سەرۆکی لیژنەی بەدواداچون و دابەشکردنی بەنزینی لەسەرە تێیدا هاتوە، ئاگاداری سەرجەم بەنزینخانەکان دەکەن، لەمەودوا تەنها بەبڕی 40 هەزار دینار بەنزینی 800 دیناری بدرێتە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان. لە نوسراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، بۆ پاسەکان تەنها بەبڕی 40 هەزار دینار، بەنزینی 690 دیناری، بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسیەکانیش تەنها بەبڕی 30 هەزار دینار بەنزینیان پێبدرێت. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان ئامانجی سەرەکی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە سنوردارکردنی پێدانی بەنزینی 800 دیناری و 690 دیناری، بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری و فرۆشتنەوەی لەبازاڕەکان دەگەڕێتەوە.  دەرچونی ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردودا بەهۆی کەمی بەنزینەوە، دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری راگیرا.

هاوڵاتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) رایگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە نزیکەی پێنج ھەزار بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیھان بەفیڕۆچووە. عەلا ئەلیاسیری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاى سۆمۆ، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، "بڕی 4 هه‌زار و 823 به‌رمیل نه‌وتی خاو له ‌تانكه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكووره‌وه‌ رژاوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاریگه‌ری بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و وه‌ستانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ به‌نده‌ر‌ی جه‌یهان". گوتیشی:  "ئەو بڕە هەناردەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو بۆ مانگی شوباتی 2023 کاریگەری نەبووە، بەهۆی بوونی عەمبارکردنی نەوتی خاوی کەرکووک لە تانکەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، لە بەندەری جەیهان". بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی نەوت کاردەکات لەسەر دۆزینەوەی دەروازی نوێ بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی عێراق.   

هاوڵاتی شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکات و ئەمڕۆ سێشەممەش لە هەولێر سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.  شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن. رۆژی رابردووش سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.  ئەم کۆبونەوانەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەدێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی لەوەکرد، دوای گەڕانەوەی لایەنەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆدەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سەردانی ئەو شاندە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.  هاوکات بەپێی زانیارییەکان، لە دوو رۆژی رابردوودا، شاندەکە لەگەڵ رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەتەوە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.  ئەمەشلە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن کۆدەبنەوە و پرسەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.   

  هاوڵاتی کۆشکی سپی ڕۆژی دوشەممە، فەرمانی بە دەزگا فیدراڵییەکان کرد، کە لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەسەر مۆبایل و ئامێرەکانیان قەدەغە بکەن، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کە کۆمپانیای "بایت دانس"ی   چینی  خاوه‌ندارێتی دەکات. ئه‌م یاسایه‌ لەلایەن جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچووه‌، شالاندا یۆنگ بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی، نووسراوێکی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی كردووه‌. هۆکاری قەدەغەکردنی ئەوئاپڵیکەیشنە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا پێیوایە بۆ سیخوڕی بەکاردێت لە لایەن چینەوە هەربۆیە بە پێی بڕیارێی حکومەتەکەی بایدن "بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کە کۆمپانیای "بایت دانس"ی   چینی  خاوه‌ندارێتی دەکات".بڕیاری قەدەغە کردنی دراوە . سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی فەرمانی بە سەرجەم وەزارەت و دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا کردووە، كه‌ لە ماوەی 30 رۆژدا بڕیاری قەدەغەکردنەی تیكتۆك جێبەجێ بکەن،  ئه‌مه‌ش لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، بە یاسایەک کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەرچووە و قەدەغە کراوە، بۆ دابەزاندنی بەرنامەکە لەسەر هەر ئامێرێک یان مۆبایلێک کە سەر بە حکومەت بێت. ئەم بڕیارەی ئەمەریکا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بڕیارێکی هاوشێوەی حکومەتی کەنەدا دەرچووە، بەپێی ئەو بڕیارە دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکەی لەسەر هەریەکێک لە مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی قەدەغە کردووە، چونکە "ئاستێکی قبوڵنەکراوی مەترسییەکانی لەسەر تایبەتمەندی و ئاسایشی تێدایە". ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپاش ئەو ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ی لەسەر ئامێرەکانی قەدەغە کرد.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بەتۆمەتی‌ ساختەکاریی‌ و فێڵکردن لەهاوڵاتیان، مەفرەزەکانی‌ نوسینگەی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژهەڵات تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیکردووە، ڤیزای‌ ساخته‌ی‌ بۆ چه‌ند خێزانێك دروستكردووه‌و به ‌فێڵ پاره‌ی‌ لێوه‌رگرتوون، به‌بیانوی‌ ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات. پۆلیسی سلێمانی روونیکردووەتەوە "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێك تۆماركرا كه‌ ڤیزای‌ ساخته‌ی‌ بۆ چه‌ند خێزانێك دروستكردووه‌و به‌فێڵ پاره‌ی‌ لێوه‌رگرتوون به‌بیانوی‌ ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، ده‌ستبه‌جێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبار دەستپێكرد، پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، مه‌فره‌زه‌كانی‌ نووسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ رۆژهه‌ڵات توانیان تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن". ئاماژە بەوەکراوە "تۆمه‌تبار (م، ع، أ) له‌دایكبووی‌ 1987 دانی‌ به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌و بەبڕیاری دادوەرو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 298/289 له‌یاسای‌ سزادان راگیراوه‌و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە".

هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، تایبەت بەسکاڵایەکی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بەڕێوەدەچێت و لەسکاڵاکەشدا داوای پارەی 17 ساڵی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێم دەکرێت. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراک ، سکاڵای لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان  تۆمارکردوە بابەتی سەرەکی سکاڵاکە، داواکاری بڕیاردرانە بۆ پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشە خۆراکی مانگانە لە رۆژی 1ی (کانونی دوەم/1)ی 2004ەوە تاوەکو 3ی (ئەیلول/9)ی 2021 لەهاوڵاتیان وەریگرتوە. پێشتریش بڕیاربو دانیشتنی دادگا لەسەر هەمان دۆسیە رۆژی 30ی (کانونی یەکەم/1)ی 2023 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەچەند هۆکارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکەی دواخست.   

هاوڵاتی ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رایگەیاند، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە شی جین پینگ، سەرۆکی چین سوپای وڵاتەکەی راسپاردوە، تا ساڵی ٢٠٢٧ لە ئامادەکارییدا بن بۆ داگیرکردنی تایوان. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەسەر ئه‌وه‌كرده‌وه،‌ پێویسته‌ ئەمریکا خواستی شی جین پینگ، سەرۆکی چین بۆ داگیرکردنی تایوان "زۆر بە جددی" وەربگرێت. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی سی بی ئێس وتی، ئێمە دەزانین کە سەرۆکی چین ڕێنمایی سوپای ڕزگاریخوازی وڵاتەکەی کردووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ داگیرکردنی تایوان تا ساڵی ٢٠٢٧، دەشڵێت ئەمە بەو واتایە نییە کە بڕیاریداوە لە ساڵی ٢٠٢٧ یان هەر ساڵێکی دیکە دەست بە لەشکرکێشییەکە بکات. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رونیكردوه‌ته‌وه‌، پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بۆ ئۆکرانیا لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی ڕوسیا، دەتوانێت ببێتە ڕێگریی بۆ بەرپرسانی چین بۆ لە ئێستادا، بەڵام مەترسییەکانی ئەگەری هێرشکردنە سەر تایوان لەوە زیاتر دەبێت.

  هاوڵاتی کەنەدا ١٤٣ کەسی دیکەی ئێرانی بۆ لیستی  سزاکانی زیادکردووە بەهۆی "پێشێلکارییەکانی بەرپرسانی ئێران  دژ بە مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران". میلانیا جۆلی،  وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند،  موڵکی ئەم کەسانە بلۆک کراوە و ڕێگەی پێنادرێت گەشت بکەن بۆ کەنەدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو کەنەدا سزای بەسەر زیاتر لە ٣ کاربەدەست و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند هەر پەیوەست بە پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاری سەر خۆپیشاندەران، لەوانەش موحسین قومی ئەندامی دەستەی چاودێری ڕۆژنامەوانی وکەسایەتی باڵای ڕژێم، هەروەها جێگیری وەزیری وەرزش ولاوان.   لەناو ئەو کەسانەدا کە  خراونەتە لیستی سزاکانەوە لەلایەن کەنەداوە هەریەک لە ئیسماعیل زاری کۆشا، حاکمی کوردستان و مورتەزا میراغەی، فەرماندەی بەسیج هەیە. هاوکات لەماوەی ڕابردووشدا کەنەدا سزای بەسەر چەندین بەرپرسی ئێرانیدا سەپاندووە کە لەناویاندا ئەندامانی باڵای دەسەڵاتی دادوەری، بەرپرسانی زیندان و پۆلیس و ئاسایش هەن، هەروەها سەرکردە سیاسییەکان، وەک یاریدەدەری باڵای ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران و کەسایەتییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت.    

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، مانگی کانوونی دووەمی رابردوو زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە داهاتەکەی 7 ملیار و 663 ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتی کۆتایی لەبارەی داهات و بڕی هەناردەکراوی نەوتی لە مانگی کانوونی دووەم ئاشكراکرد و رایگەیاند: "کۆی ئەو نەوتەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2023 بەپێی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت ناسراو بە سۆمۆ هەناردەکراوە؛ 101 ملیۆن و 245 هەزار و 95 بەرمیل بووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار دۆلار بووە." ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆی ئەو بڕە نەوتەی بۆ مانگی (کانونی دوەم/1) لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردە کراوە، بڕی 98 ملیۆن و 460 هەزار و 50 بەرمیل بوە، هاوکات ئەو بڕە نەوتەی کە لە نەوتی کەرکوکەوە هەناردە کراوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دو ملیۆن و 475 هەزار و 516 بەرمیل بوە". بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراقیش لە مانگی رابردوودا بە 75 دۆلار و 695 سەنت فرۆشراوە. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک بە 75.695 دۆلار بوە، سەرجەم نەوتەکەش لەلایەن 36 کۆمپانیای وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە کڕدراون. لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022دا، عێراق 103 ملیۆن و 281 هەزار و 459 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 708 ملیۆن و 556 هەزار دۆلار بووە.  

هاوڵاتی یەبەشە رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی شەنگالدا دوو فەرماندەیان شەهید بوون. ئەمڕۆ نیوەڕۆ، ئۆتومبێڵێک لە شەنگال کرایە ئامانج و سەرەتا راگەیەندرا کە سێ کەس بریندار بوون. دواتر فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) رایگەیاند، فەرماندەکانیان پیر چەکۆ و ئاگر جەعفەر و شەڕڤانێکی دیکە لە هێرشەکەدا شەهید بوون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی یەبەشە، ئەو فەرماندە و شەڕڤانەکەیان کاتێک دەچوونە پرسەی دوو گەنجی ئێزدی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرانە ئامانج و هەردوو فەرماندەکە شەهید بوون و شەڕڤانەکەش بریندار بوو. یەبەشە دەڵێت، فەرماندەکەیان پیر چەکۆ (سەعید عەلی بەدەل) ساڵی ٢٠١٦ بەشداری ڕیزەکانی یەبەشەی کردووە و ئاگر جەعفەریش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری ریزەکانی یەبەشەدا کردووە.

سزای لەسێدراەدانی حەوت کەس لە بەلوچستان و خوراسان جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە سێ زیندانیی لە ورمێ لەسێدارە بدرێن. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دوو کەس لە زیندانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەسێدارە دراون و رۆژی رابردوش پێنج کەس لە زیندانی بیرجەند لە پارێزگای خوراسان لەسێدارە دراون. سەرچاوەکانی هەواڵێ بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هادی ئەربابی و محەمەد ئیسحاق گەرگیج لە زیندانی زاهیدان لەسێدارە دراون و بەربەیانی دوێنی یەکشەممەش عەبدولحەمید شەبەخش کە لە نەتەوەی بەلوچ بوە لەگەل عەلی فنودی و دوو ژن و پیاوێکی دیکە لەو زیندانە لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە. بە پێی زانیارییەکان ئەو چوار کەسەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە لە ساڵی 2018 تا 2020 بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و سەرەڕای زیندانیکردنیان بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ دوشەممە سێ زیندانیکراو بە ناوەکانی سەعدوڵڵا فەرخی، وەحید بەیزایی و ئەمیرعەلی بایرەمی لە زیندانی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە. ئەو سێ زیندانییە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی بە ئەنقەست و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە بدرێن. لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سزای سێدارە  26 کەس لە زیندانەکانی سنە و ورمێ و ئیلام جێبەجێکراوە و جێبەجێکردنی ئەو سزای سێدارە لە زیندانەکانی کەرج و زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.

هاوڵاتی گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ سزا نوێکانی یەکێتیی ئەوروپای بۆسەر رووسیا بە "بێمانا" لەقەڵەم دا. دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە لەبارەی پاکێجی دەیەمی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆسەر رووسیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا، تاتیانا مۆسکالکۆڤا کە گرنگی بە گۆڕینەوەی دیلەکان دەدات ناوی خراوەتە لیستی سزاکانەوە، گوتی: "بێگومان تەواوی ئەمانە بێمانان. دیار نییە ناوی کێ دەخەنە لیستەکەوە، ئەوانەی هیچ پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە دەخرێنە لیستەکەوە. خستنە لیستی سزاکان نابێتە هۆی هەراسانکردنی ئەو کەسانە". گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ لە بارەی پلانی چین-یشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکراینا بە رێگاچارەی ئاشتییانە، گوتی: "هەر جۆرە دەستپێشخەرییەک کە ببێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگای ئاشتییانە شایستەی گرنگی پێدانە". دمیتری پێسکۆڤ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی لایەنەکان هەڵسەنگاندن بۆ پلانەکە بکرێت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەمەیش کاتێکی باشی دەوێت.

هاوڵاتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی لە کارەکەی دەرکرد کە یارمەتی سەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی سوپای ڕووسیای دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و هیچ هۆکارێکی بۆ ئەو بڕیارەی نەدا. لە مەرسومێکی یەک دێڕیدا، زیلینسکی دەرکردنی ئێدوارد مۆسکۆلیۆڤی وەک فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە لە سەرپەرشتیاری هێزەکانی ئۆکرانیایە لە ناوچەی دۆنباس. هێزەکانی ڕوسیا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە بەردەوامن و هەوڵدەدەن  دەدەن دەستبگرن بەسەر ئەو دوو هەرێمەی ڕۆژهەڵات کە دۆنباس پێکدێنن و زیلینسکیش لەم چەند هەفتەیەی دواییدا باری سەربازی لە ڕۆژهەڵات بە سەختی و بە ئازار وەسفکرد. هاوکات لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی مەرسومی ژمارە ١١٣|٢٠٢٣ فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای وڵاتەکە مۆسکالیڤ دوورخراوەتەوە. لە مەرسومەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە کێ لەبری مۆسکالیڤ دادەنرێت. ئەمەشلە کاتێکدایە لەپۆستێکی فەیسبووک ستافی گشتی هێزەچەکدارەکانی ئۆکرانیا گوتی سوپای ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە چەند هێرشێکی ناسەرکەوتوویان لەناوچەی باخموت ئەنجامداوە

بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند مەرگی ژینا ئەمینی ئاماژەیەکی بێباکانەی کۆماری ئیسلامی بو کە لەبیر ناکرێت و پێویستە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت. جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە وتارەکەیدا رایگەیاند؛ مەرگی ژینا ئەمینی بێباکی و بێدەربەستیی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر کوشتنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە لە بیروەرییەکاندا دەمێنێتەوە. كلیڤەرلی، وتی بەریتانیا لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکە ژمارەیەک سزای دژی ئەو دەسەڵاتە سەپاندوە و پێویستە دەنگی خەڵکی وڵاتەکەش بە بەردەوامیی ببیسترێت. وتەکانی وەزیری بەریتانیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتێکدایە 164 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی 600 کەس کوژراون و سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دژی خۆپیشاندەران و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە. بەریتانیا وەک یەکەم وەڵات کە زیاترین کاردانەوەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 400 سزای بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپاندوە.