هاوڵاتی پسپۆڕێکی جیۆلۆجی لە تورکیا رایگەیاند، ئەگەری روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە تورکیا هەیە و بەو هۆیەوە نزیکەی ١٣ هەزار باڵەخانە دەرووخێن. پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان پسپۆڕی بومەلەرزە و جیۆلۆجی لە تویتێکدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ئەستەنوبڵ ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار باڵەخانە هەیە. لە کاتی بومەلەرزەدا ٣٠٪ رێگەکان دادەخرێن. ١٣ هەزار باڵەخانە لە یەکەم ساتەکانی بومەلەرزەدا دەرووخێن، بەهۆی ئەوەی بەباشی دروست نەکراون. ٢٠٠ هەزار باڵەخانە زیانیان بەردەکەوێت. ٤٦٠ هەزار بۆری ئاوی خواردنەوە دەتەقن. پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان باسی لەوە کرد کە لە هەموو جیهان بومەلەرزە ٥.٦ پلەکان زیانیان نابێت، بەڵام لە تورکیا بومەلەرزەکان لە ٥.٥ پلە تێپەڕ بکەن، زیانیان لێدەکەوێتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە لە تورکیا ئاستی گەندەڵی بەرزە. چەند رۆژ لەمەوبەریش، پرۆفیسۆر دۆغان کالافات بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆلینەوەی بومەلەرزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، ئەگەری زۆر هەیە لە هێڵی ئەنادۆلۆی باکوریش بومەلەرزەیەکی گەورە رووبدات، بەڵام سەرچاوەکەی دەریای مەڕمەڕە دەبێت هێڵی بومەلەرزە لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا تێدەپەڕێت و مەترسیەکەش زۆرە. کالافات ئاماژەی بەوەکردبوو، " شوێنی بومەلەرزەکە دیارە، بەڵام کاتەکەی بە تەواوی ناتوانرێت دیاری بکرێت. تەنیا دەتوانین بڵێین، تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ کە حەوت ساڵی دیکە دەکات، نزیکەی ٦٥٪ ئەگەری زۆرە بومەلەرزەیەکی زیاتر لە گوڕێ ٧ پلەی ریختەر لە دەوروبەری ئەستەنبوڵ رووبدات. دوایین بومەلەرزەی بەهێز لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەستەنبوڵ روویدا کە بەو هۆیەوە نزیکەی ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. https://twitter.com/ovgunaercan/status/1630051198022680577?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1630051198022680577%7Ctwgr%5Ea2b751993dfe522656f328b9cbbeef90027a93d0%7Ctwcon%5Es1_&ref_url=https%3A%2F%2Fartigercek.com%2Fguncel%2Fahmet-ercan-istanbul-depremini-anlatti-13-bin-yapi-hemen-cokecek-240624h
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار دا بۆچارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی له هەولێر ئهمڕۆ دووشهممه 27ی2ی2023 فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە شاری ھەولێر، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 878 ملیۆن دینار بۆ لێدانی 40 بیری ئاوی خواردنەوە دا. ڕونیکردۆتەوە، ئەو گوژمەیە كه نزیكهی سێ ملیار دیناره، بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ، لەسەر بودجەی ئاساییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. لە ڕاگەیاندراوەکە باس لەوەش دەکات، "بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پلانی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو لەو ناوچانەی کە گرفتیان هەیە، جێبەجێ دەکات."
دەزگای CIA:چین خۆی بۆ داگیركردنی تایوان ئامادە دەکات بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگیریەکانی دەزگای هەوڵگری ئەمریكاCIA،سەرۆكی چین سوپای وڵاتەكەی راسپاردوە، كە خۆیان بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027 ئامادە بكەن. ویلیام بێرنزی، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی CBS ڕایگەیاند: پێویستە ئەمریكا خواستی شی جینپینگ، سەرۆكی چین بۆ دەستبەسەرداگرتنی تایوان زۆر بە جددی وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر ململانێی سەربازیش دەرئەنجامی حەتمی نەبێت، باس لەوەش دەکات: ئێمە دەزانین كە سەرۆك شی ڕێنمایی سوپای ڕزگاریخوازی وڵاتەكەی كردوە كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە بڕیاریدا لە ساڵی 2027 یان هەر ساڵێكی دیكە دەست بە لەشكركێشییەكە بكات ئەو ئەوەشی وتوە،پێموایە لانیكەم سەرۆكی چین و سەركردایەتی سەربازییەكەی ئێستا گومانیان هەیە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو لەشكركێشییە.
پارەکە هی ساڵانی 2015 و 2016 وە و گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ دەستبەدابەشكردنی دەكرێت. نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چەكی پارەی شایستەی دارایی پارەی گەنمی جووتیاران، بۆ ساڵی 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆش لە هەولێر و دهۆك دەستبەخەرجكردنی دەكرێت. وتییشی، چەکی پارەکە بۆ ساڵی 2015یە، بڕەكەی 139 ملیار و 678 ملیۆن دینارە، و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانیش خەرجدەكرێت. ئاماژەی بە بڕی پارەکە کرد لە نێوان شارەکان و ڕایگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم، بۆ ساڵی 2015 لە هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینارە، لە سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن 404 هەزار دینار، لە دهۆكیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینارە. جوتیاران لە کاتی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان لە لایەن سایلۆکان، له کاتی خۆی پارەکانیان بۆخەرج ناکرێت و دەبێت ماوەیەکی دورودرێژ چاوەڕێبن.
پۆلیسی سلێمانی، مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی بهرزنجهی سهر بهبهشی پۆلیسی سهیدسادق تۆمهتبارێكیان دهستگیركرد كه تهقهی لهمهفرهزهیهكی پۆلیسی دارستان كردبوو. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ، ئەمڕۆ دوشەممە27ی2ی2023 لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،دوای ئهوهی تۆمهتبارێك تهقه لهمهفرهزهیهكی پۆلیسی دارستان دهكات، دهستبهجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو پاش وهرگرتنی بڕیاری بهڕێز دادوهر، توانرا تۆمهتبار لهلایهن مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی بهرزنجهوه دهستگیربكرێت. ههروهها توانرا دهستبگیرێت بهسهر چهكێك لهجۆری دهمانچهو بڕێك فیشهكو چهند كهلوپهلێكی تردا. پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە، تۆمهتبار (هـ، ت، م) لهدایكبووی 1993 لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بهپێی ماددهی 365 لهیاسای سزادان ڕاگیراوهو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە. باسی لەوەش کردووە،تۆمهتباری ناوبراو چهند فهرمانێكی دیكهی دهستگیركردنی ههیهو داواكراوه لهلایهن دادگاوه بهپێی ماددهكانی 446 و 22ی دارستانو 2ی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پهیوهندیكردن.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٤٤ هەزار و ٣٧٤ کەس لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا گیانیان لەدەستداوە. یونس سەزەر سەرۆکی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ٢١ی هەزار باڵەخانەدا کە بەهۆی بومەلەرزەوە رووخاون، هەڵمەتی گەڕان و پشکنین تەواوە بووە. لە ٢١ باڵەخانەدا، تەرمی ٤٤ هەزار و ٣٧٤ کەس دەرهێنراون. لە ئێستاشدا ٨ هەزار و ١٨٢ ئەندامی تیمەکانی رزگارکردن، بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەکن. سەزەر وتیشی، ٢٨٧ کەمپی چادر بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە لە شارە زیانلێکەوتووەکان دروستکراون. هەروەها ١٠ هەزار کۆنتەینەریش بە سەر خانەوادەکاندا دابەشکراون. لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی هەواڵی ئارتی گەرچەک رایگەیاند، ژمارەی ئەو بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانەی کە باڵەخانەکانیان بە شێوەیەکی خراپ و ناکوالیتی دروست کردووە و لە بومەلەرزەکاندا رووخاون، دەستگیرکراون گەیشتووەتە ١٨٨ کەس. پرسێکی دیکە، پرسی ئەو منداڵانەیە کە لە بومەلەرزەکەدا دایک و باوکیان لەدەستداوە کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار منداڵ دەبێت. چەند رۆژی رابردوو ئاشكرا بوو کە ژمارەیەک لەو منداڵانە لەلایەن حکومەتەوە بە کۆمەڵە ئیسلامیەکان و تەریقەتەکان دراون و ئەوەش نارەزایەتیەکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتووەتەوە. هەر ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە دەسەڵات منداڵەکان بۆ بانگەشەی سیاسی بەکار دەهێنێت کە ئەوەش پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و تاوانە.
هاوڵاتی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا دەڵێت" هیچ کوردێک " لەناو ئەو یەختەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیادا ژێر ئاوکەت نییە و دەشڵێت ئەوانەی نوقمبوون زۆربەیان ئێرانی پاکستانی و ئەفغانین. شەهرام حەمە، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەوکەسانەی لەناو ئەو یەختەدا بوون کە ژێر ئاو کەوتووە هیچ کوردێکی تێدا نیە، هەروەها وتیشی تەرمی ٤٠ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە زۆربەیان منداڵن، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ١٠ کەس بێ سەروشوێنن و ٥٠ کەسیش ڕزگارکراون. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەیانی یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی کرۆتۆنا بە ١٣٠ پەنابەرەوە ژێر ئاو کەوت، لەوبارەیەوەش ئەنتۆنیۆ سیراسۆ، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی کوترۆی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە منداڵ وژنیش لەناو یەختەکەدا بوون، میدیاکانی ئیتاڵیاش باسیان لەوەکرد هاوڵاتی عێراقیش لەگەڵ سوری و ئەفغانی پاکستانی لەناو ئەو یەختەدا بوون. هەر لەبارەی نوقمبوونی ئەو یەختە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەش داوە، یەختەکە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا ڕۆیشتووە و ئەو ڕوداوەش بەهۆکاری خراپی کەشوو هەواوە بووە. هەر لەبارەی گەڕان وپشکنین بەدوای ئەو کەسانەدا کە لە یەختەکەدا بوون، پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت، گەڕان وپشکنین بەدوای ئەوکەسانەدا بەردەوامە کە لەناو یەختەکەدا بوون.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئەفغانستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە تاران رادەستی تاڵیبان کراوە و باڵیۆز و دیپلۆماتکارەکانی پێشوی ئەو باڵیۆزخانە بەردەوامبون لە ئەرکەکانیان رەت کردوەتەوە و شوێنەکەیان جێهێشتوە. هەرات نیوز لە زاری دیپلۆماتکار و کارمەندانی پێشوی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران بڵاوی کردوەتەوە؛ سەرجەم کەلوپەلەکانی ناو باڵیۆزخانەکە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و بڕیارە فەزل محەمەد حەقانی وەک یەکەم باڵیۆزی تاڵیبان دەستبەکار ببێت. پێشتر ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبو؛ کۆماری ئیسلامی تا ئێستا تاڵیبان وەک حکومەتێکی فەرمی لەقەڵەم نادات و وەک حکومەت مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت. کەنعانی وتویەتی؛ تەوابونی ئەرکەکانی دیپلۆماتکار و سەرپەرشتیاری پێشوی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران و دەستبەکاربونی ئەرکداری نوێ و کارمەندەکانی پێشو بە واتای بە رەسمی ناسینی تالێبان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نییە. دوای ئەوەی لە رێکەوتی (12/8/2021) تاڵیبان لە هەنگاوێکی کتوپڕدا گەڕانەوەی بۆ ئەفغانستان راگەیاند و لە ئێستادا دوای زیاتر لە یەک ساڵ و نیو کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی وڵاتەکەی کردوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی بانگەشەی ئەوەی کردوە دان بە حکومەتی تاڵباندا نانێت و بە رەسمی مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسیی لەگەڵ نات.
هاوڵاتی ئێران دوێنێ ژنێکی بە ڕەگەز ئیسپانی ئزادکرد کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە لەسەرووبەندی ناڕەزاییەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا دەستگیری کردبوو. ئەمڕۆهۆسێ مانوێل، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەمڕۆ لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕایگەیاند" ئەو ژنە دوێنێ ئازادکراوە، بەڵام نەمانویست ئەوە بە ئاشکرا ڕابگەێنێن پێش ئەوەی فڕۆکەکەی لە ئێران دەربچێت" ئەو ژنە ناوی ئانا بانەیرایە و تەمەنی ٢٥ ساڵە، ئەوەس بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەرانا کە هەواڵەکەی پشت راستکردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژنە هیچ زانیاریەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و ناسنامەکەی بڵاونەکراوەتەوە لەلایەن ئێرانەوە، لەکاتێکدا لەماوەی خۆپیشاندەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا دەستگیرکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە جگە لەو ژنە ئیسپانیە کە دوێنێ ئازادکراوە، چەندین کەسانی بیانی دیکە لە ئێراندا دەستگیرکراون ولەزینداندان، هەر لەبارەی هاوڵاتیەکی دیکەی ئیسپانیەوە کە هاوشێوەی " ئانا بانەیرا" دەستگیرکراوە، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە میانی وتارەکەی لەبارەی ئازادکردنی ئاناوە ڕایگەیاند، دڵخۆشیمان کاتێک تەواو دەبێت کاتێک سانتیاگۆ سانتێز" ئەو هاوڵاتیە ئیسپانیەی دیکە کە لەزیندانەکانی ئێراندایە" ئازادبکرێت، وتیشی " واز لەوهەوڵەکانی ناهێنێت بۆ ئازادکردنی"
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەیەکی بەرگریکاری مافی رۆژنامەنووسان، لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا، ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و لە ٢٠ رۆژی دوای بومەلەرزەکەشدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون. کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بومەلەرزەکاندا ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە کە پێشبینی دەکرێت، زۆربەیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە پرۆسەی رزگارکردن دواکەوتووە و دەشڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی دۆخی نائاسایی کاری رۆژنامەنووسی سەختر بووە. لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فوراتدا هاتووە، چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، ٣٤٠ ماڵپەڕی قەدەغە کردووە و چەند هەژماری تویتەریش داخراون. کۆمەڵەکە دەڵێت، لە ٢٠ رۆژی دوای مومەلەرزەکەدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.
ئەمریکا وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران لە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس دەداتەوە و هۆشداریی توند دەداتە ئەو وڵاتە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە واشنتۆن لەسەر هەڕەشەکانی تاران لە بەرپرسان و هاوڵاتییانی ئەمریکی هۆشداریی توندی داوەتە ئێران. پێگەی (ئەڵعەرەبیە) لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە کە واشنتۆن بە تارانی راگەیاندوە؛ بە هەموشێویەک هاوڵاتییانی ئەمریکی لە هەر شوێنێکی جیهان بن لە لایەن هێزەکانی وڵاتەکەیانەوە دەپارێزرێن. وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندوە؛ ئێران نابێت هێز و ئیرادەی ئەمریکا بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی تاقی بکاتەوە چونکە روبەڕوی کاردانەوەی توند دەبێتەوە. هۆشداراییەکەی ئەمریکا دوای ئەو دێت کە فەرماندەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران دروستکردنی موشەکی نوێی بە ناوی (کڕوزی پاوە) ئاشکرا کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای پێشوی ئەمریکا کرد. ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران کە ساڵی 2020 سەرپەرشتیی موشەکبارانی بنکەی (عەین ئەسەد)ی ئەمریکای لە عێراق کردوە وتویەتی ئامانجی ئێران لەو کاتەدا کوشتنی سەربازانی ئەمریکا نەبوە چونکە ئێران تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بە کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی پێشو و فرانک مەکێنزی، سەرۆک ئەرکانی پێشوی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە. لێدوانی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە کاتێکدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە (3/1/2022) فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە کە سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر وڵاتەکەی. لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، پێشهاتەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە رووسیا هێرشەکانی بۆسەر کوپیانسک، لیمان، باخموت، ئاڤدیڤکا و شاهتێرسک چڕکردووەتەوە و سەربازانی ئۆکراینا ٧١ هێرشی رووسەکانیان تێکشکاندووە. لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان بە بەردەوامی لە ئاسمانەوە پشکنین دەکەن و هاتووە ''سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە. لەڕێگەی سیستمەکانی مووشەکهاوێژەوە ٥٧ جار بۆردومانی کردووە. هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە و برینداربوون''. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٢ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی چەکەکانی سەربە سوپای رووسیای لێن، هەروەها سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رووسیایان خستووەتە خوارەوە، یەکەکانی تۆپهاوێژیش دوو ناوچەی کۆبوونەوەی یەکەکانی رووسیا و شوێنی راداریان لەناوبردووە.
هاوڵاتی دوای ئهوهی ئهمڕۆ له كهناراوهکانی ناوچەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا، بهلهمێكی كۆچبهران نقوم بوو و بەهۆیەوە لانیكهم 40 كهس گیانیان لهدهستدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا رایدهگهیهنێت، پێویسته ئهوروپا به یاسای مافی پهنابهرێتیدا بچێتهوه. بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێک لە کەنارە ئاوییەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و تاوەکو ئێستا لانیکەم 40 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم تەرمی 28 کەسیان دۆزراونەتەوە و تەرمی 12 کەسەکەی دیکە نەدۆزراوەتەوە؛ 40 کەسی دیکەش رزگارکراون دوای ئەم ڕوداوە ئۆسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا، داوای پێداچوونهوه یبه مافی پهنابهرێتی کرد. یاسا نوێیەکانی ئیتاڵیا کەشتیی هاوکاریی کۆچبەران ناچار دەکەن لە یەک کاتدا تەنیا یەک هەوڵی رزگارکردنی کۆچبەران بدەن. ئەوەش لەلایەن رەخنەگرانی حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیاوە وەکو هۆکارێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لێکدەدرێتەوە. بەرپرسانی ئیتاڵیا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "زۆر سەرنشینی هەڵگرتبوو و بەهۆی شەپۆلە تووندەکانەوە بووەتە دوو پارچەوە". هاوکات میدیاکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، لەسەر یەختەکە 150 بۆ 250 کۆچبەر هەبوون و تا ئێستا نزیکەی 40 کەسیان رزگارکراون. ئەم "تراژیدیایە" لەکاتێکدایە کە حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیا تاوەکو دێت رێکارەکان لەسەر کۆچبەران تووندتر دەکات. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 16 هەزار و 601 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا و لانیکەم 195 کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون. لە ساڵی 2022شدا، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 159 هەزار و 410 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا و هەزار 953 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کۆگەی ئاوی عێراق کەمترە لە هەشت ملیار مەتر سێجا، بەردانەوەی ئاویش لە وڵاتانی دراوسێوە بەر رێژەی 70٪ کەمبووەتەوە ، ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو کە لە هەندێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەمبوونەوەیەی لە پشکە ئاوییەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی باشوور لەم رۆژانەدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئەو داهاتە ئاوییانەی لە تورکیاوە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەسەر رووباری دیجلە و بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و زیادبوونی داواکاری لەسەر ئاو بۆ دڵنیایی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ وەرزی ئێستای زستان کە پلانی بڕیاردراوی تێپەڕاندووە، جگە لەوەش جووتیاران پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئاودان. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەروەها دەڵێت: ئەو بڕە ئاوانەی کە گەرەنتی کراون لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەشی هەموو پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەش دەکات. باس لەوەش دەکات "بەڵام پێشێلکارییان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای ئاوی گەیشتوو بەو پارێزگایانە." وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو داوا لە حکومەتە خۆجێییەکان دەکات کە پشتیوانیی وەزارەت بکەن لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، داواش لە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان دەکات پابەندی پشکە ئاوییە بڕیارلێدراوەکان بن و پێشێلکاریی نەکەن لەسەر پشکی پارێزگاکانی دیکە بۆ ئەوەی گەیشتنی ئاو بە سەرجەم پارێزگاکان گەرەنتی بکرێت.
هاوڵاتی – دهۆك یاسای رزگاربووە ئێزدییەكانی دەستی داعش كە لە 1ی ئاداری 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكرا و تایبەتە بە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون و رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە، بەئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دوبارە تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگا، بەڵام دووساڵ تێپەری هێشتا یەك ژن قەرەبوو نەكراوەتەوە. حەلا سەفیل، ژنێكی رزگاربووی دەستی داعشە و سێ جار كڕین و فروشتنی پێوەكراوە و حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنی داوە، لە 1 تەموزی 2017 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە، ئەو كە خەڵكی كۆمەڵگای تلقەسەبە سەر بە قەزای شنگال بە هاوڵاتی وت:» لەكاتی دەرچوونی یاساكە دڵمان خۆشبوو، بەڵام زیاتر لەدوو ساڵە لە چاوەڕوانیدان و تائێستا یەك دینارمان وەرنەگرتووە، تەنیا لە رۆژی 3ی ئابی هەموو ساڵێك كۆمەڵێك بەڵێن و قسەی گەورە دەكەن دواتر هەمووی لەبیر دەكەن». چەكدرانی داعش لە ئابی 2014 دەستیانگرت بەسەر قەزای شەنگالدا، شەش هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، دواتر زیاتر لە سێ هەزارو 562 و ئافرەت و منداڵ و پیاو رزگاركران، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی زیاتر لە 2 هەزار 693 كەس دیارنیە. هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بە هاوڵاتی وت: « رزگاربووان لەبەرئەوەی ئێزدین حكومەتی عێراق هیچ شتێكیان بۆ ناكات، پرۆژەی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش زیاتر لەدوو ساڵە لەسەر كاغەز ماوەتەوە و یەك ژن قەرەبوو نەكراوە، بە وڵاتانی ئەوروپا و زۆر كەسمان وتووە حاڵی رزگاربووانی دەستی داعش زۆر خراپە ئەوەش بۆ ئەوەی ئەوان لەرێگای خۆیانەوە فشار لەسەر حكومەتی عێراق بكەن تا یاساكە جێبەجێ بكەن بەڵام هەر سوودی نەبووە». هەرمان میرزا بەگ وتیشی:» داعش گەورەترین ستەمی بەرامبەر ژن و كچانی ئێزدی كردووە، پێویست بوو پێش چەند ساڵێك هەموویان قەرەبوو وەربگرین، هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عێراق تا بە زووترین كات بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوی خۆیان وەربگرن». لەگرنگترین ماددەكانی ناو یاساكە پێدانی موچەیەكی مانگانەیە كە دوو هێندەی موچەی خانەنشینی بێت، ئێستا كەمترین موچەی خانەنشینی لە عێراق 500 هەزار دینارە و بەو پێیەش رزگاربوانی ئێزدی تا لەژیاندابن دوو هێندەی ئەو مووچەیە وەربگرن، هەر لەیاسایەكەدا پێدانی پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون یان شوقە بۆ رزگاربووان جێگیركراوە و لەگەڵ كردنەوەی ژمارەیەك ناوەندی دەروونی بۆ چارەسەر و گەڕانەوەی ئەو خانمانەی بەهۆی رفاندنیانەوە لە خوێندن دابڕاون. نازو دربۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بە قەزای شەنگالە، لەكاتی پەلاماری داعش منداڵێكی 9 مانگی هەبووە لە 3ی ئابی 2014 لەگەڵ خێزانەكەیدا كەوتوونەتە دەستی داعش، ئەو بە هاوڵاتی وت: « چەكدارانی داعش ستەمیان لە هەموو كەسێك كرد، بەڵام ئەوەی لەبەرامبەر ئێمە كردییان لەهەموویان بەئازارتر و ناخۆشتر بوو، ئێستاش حكومەتی عێراق هیچ رێزێك لە ئێمە ناگرێت و وادەزانێت كە هیچمان بەسەردا نەهاتووە، زیاتر لە دوو ساڵە ریكلام بۆ یاسای رزگاربووانی دەستی داعش دەكەن، بەڵام من چی لە یاسایەك بكەم كە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوە، دوو ساڵە هیچ شتێكمان وەرنەگرتووە و هیچ ئومێدیشمان بەو یاسایە نیە، چونكە ئیرادەیەكی بەهێز و توكمە نیە بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكە». نازو دربۆ ئێستا لە ژێر خێوەتێكدا لەگەڵ خێزانەكەی دەژیت، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كەسوكارەكەی دەفتەرێك و 50 وەرەقەیان داوەتە قاچاغچیەك بەو شێوەیە لە 18ی ئابی 2015 رزگاری بووە»، و وتیشی: دۆخی ژیانمان نەك خراپە بەڵكو هەر وێرانەیە، هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین نەدەتوانین بگەرێینەوە بۆ زێدی خۆمان و لە هەرێمی كوردستانیش هاوكارییەكان بەرادەیەكی زۆر كەمبوونەتەوە، هەموو كەسێك باش دەزانێت حاڵی ئێمە چۆنە، بەڵام هیچ شتێك بۆ ئێمە ناكەن و داوا لە هەموو بەرپرسانی عێراق دەكەم چیتر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دوانەخەن و چونكە هەموو رزگاربووان زۆر پێویستیان بە هاوكارییە».
