سزای سێدارەی زیندانییەکی دیکە لە سنە جێبەجێکرا و بەوەش ژمارەی سێدارەدانی زیندانییانی کورد لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە گەنجێک بەناوی حەمید رەحیمی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراوە. حەمید رەحیمی تەمەن 34 ساڵی خەڵکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی بە ئەنقەست و دوای چوار ساڵ مانەوە لە زیندان سزاکەی بەسەردا جێبەجێکراوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا 26 کەسی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زینداکانی ئێراندا لەسێدارە دراون. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوشدا لانیکەم 52 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون کە ژمارەیەکیان بەهۆی تۆمەتی سیاییەوە بوە.

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک گوندی شوانکارە  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانی کەم شەش کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە بەرەو ناوچە سنوورییەکان دەڕۆیشتن، بەسەختی برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی  ڕێکخراوی هەنگاوو بۆ مافی مرۆڤ، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی یەکشەممە 26ی2ی2023 پێنج کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوەکانی سەلاح ڕەحمانی، زەکەریا ئەحمەدی، مێرساد دەروێشی، زەکەریا (ناسنامەی نەزانراوە) و ماکوان (ناسنامەی نەزانراوە) لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە کە هەتا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەبووە لەنزیک گوندی شوانکارە سەر بەشارۆچکەی شاهۆ لە شاری ڕەوانسەر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و برینداربوون. باس لەوەش کراوە، شەش کۆڵبەرە کە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری جوانڕۆ گواستراونەتەوە و دۆخی تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

دەستگیرکردنی دوو تیرۆرست لەلایەن دژەی تیرۆری عێراق ڕاگەیاندرا د دژەتیرۆری عێراق، دەستگیرکردنی دوو تیرۆریستی لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند.  دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، دوو تیرۆریستیان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەستگیرکردووە. لە ڕاگەیاندراوەکە، باس لەوەش کراوە، کە ئۆپەراسیۆنەکان بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی ھێزەکانی دژەتیرۆری ھەولێر و سلێمانی ئەنجامدراون

هاوڵاتی کۆبوونەوەی دارایی گروپی 20  ڕۆژی شەممە نەیانتوانی  ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و هەنگاوەکانیان بۆ داڕشتنەوەی قەرزی گەلانی هەژار بەرەوپێش بەرن. کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی گروپی 20 (جی 20) کە لەلایەن هیندستانەوە میوانداری دەکرێت، پێدەچێت درەنگانی ڕۆژەکە بەبێ بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی پێبێت، چونکە هیچ کۆدەنگییەک نەبوو لەسەر چۆنیەتی ناوزەدکردنی شەڕی ئۆکرانیا. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە گروپی حەوت (G7) زلهێزە پیشەسازییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بەیاننامەیەی ئەو گروپە دەر دەکات دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو ڕووسیا ئیدانە بکات بەهۆی لەشکرکێشییەکەی ساڵێک لەمەوبەر بۆ سەر دراوسێکەی، بەڵام شاندەکانی ڕووسیا و چین دژی ئەو جۆرە دەستەواژەیە بوون. دوو لە نوێنەرانی چین ڕایانگەیاندووە، ڕووسیا و چین بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی جی 20 بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە سیاسییەکان دڵتەنگ بوون. هیندستان کە سەرۆکایەتی ئەمساڵی جی 20ی بەدەستەوەیە، هەڵوێستی تاڕادەیەکی زۆر بێلایەنی لە بەرامبەر شەڕەکەدا هێشتووەتەوە و ڕەتیکردووەتەوە ڕووسیا بە هۆکاری ئەو لەشکرکێشییە بزانێت، بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کڕینی نەوتی ڕووسیا بەرەوپێش بردووە. هیندستان و چین لەنێو ئەو وڵاتانە بوون کە ڕۆژی پێنجشەممە بەشداریان نەکرد کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داوای لە مۆسکۆ کرد هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و شەڕەکان ڕابگرێت. جی 20 لە ساڵی 1999 دامەزراوە دوای قەیرانی دارایی ئاسیا وەک کۆڕێک بۆ وەزیرانی دارایی و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی بۆ تاوتوێکردنی کێشە ئابووری و داراییە جیهانییەکان گروپی بیست (G20) 19 وڵات لەخۆدەگرێت (ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەرازیل، کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، کۆماری کۆریا، مەکسیک، ڕوسیا، سعودیە، ئەفریقای باشوور، ئەندامانی جی 20 نوێنەرایەتی نزیکەی 85٪ ی جی ئێم دی جیهانی دەکەن، زیاتر لە 75٪ ی بازرگانی جیهانی، وە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە هێزە ئەمنیەکان لە پارێزگای دیوانیە ژن و پیاوێکیان دەستگیرکردوە کە سەرقاڵی فرۆشتنی کچە تەمەن دو ساڵانەکەیان بون. بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو دو کەسە کە هاوسەری یەکترن لەکاتی فرۆشتنی کچە تەمەن دو ساڵانەکەیاندا دەستگیرکراون، پرۆسەی دەستگیرکردنیشیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی ئەنجامدراوە. باسی لەوەشکردوە، هەردو تۆمەتبارەکە رەوانەی دادگا کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوە، کچە تەمەن دو ساڵانەکەش رەوانەی شوێنێکی پارێزراو کراوە. هاوکات بازرگانیكردن بە مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ یه‌كێك له‌تاوانه‌ گه‌وره‌كان دانراوه‌ و له‌ ساڵی 2012 یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به‌مرۆڤی په‌سه‌ندکراوە. یه‌كێك له‌سزاكانی ناو یاساكه‌ش ده‌گاته‌ له‌سێداره‌دان، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیش له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ژێر ناوی لیژنه‌ی ناوه‌ندی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ دروستكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌  

ئیڕان قەڵغانە موشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسامانیی وڵاتەکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە و سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت لە زۆربەی وڵاتەکەدا سیستمی دژە ئاسمانیی تاقی دەکەنەوە. سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە ئەمشەوەوە ژمارەیەک سیستمی بەرگریی و قەڵغانی دژە ئاسمانیی وڵاتەکە دەکەوێتەکار بە مەبەستی ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش). ناوەندنی فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ مانۆڕ و مەشقی هاوبەشی سوپای پاسداران و ئەرتەش، سەرجەم تۆڕەکانی قەڵغانی موشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە هەندێک شوێنی وڵاتەکەش ئەمشەو ئەو سیستمە بەرگرییانەوە وەک راهێنانێک تاقی دەکرێنەوە. یەکەمجارە سوپای پاسداران و سوپای فەرمیی ئێران لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەی تۆڕی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە مانۆڕی هاوبەشی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن. پێشتر ژمارەیەک رۆژنامەی ئیسرائیلی، ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل بڵاویان کردبوەوە کە پلانی هێرشکردنە سەر زیاتر لە سێ هەزار بنکەی ئێران لەسەر مێزی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلە و لەو چوارچێوەیەدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی ئاگادار کراونەتەوە. رۆژنامەی مەعاریف لە ئیسرائیل ئاشكرای كردوە؛ كابینەی نوێی حكومەتەكەی بنیامین نەتانیاهۆ پلانی هێرشكردنەسەر زیاتر لەسێ هەزار پێگەی ئێرانی یەكلایی كردوەتەوە بەڵام تەنها پێویستی بەهاودەنگیی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا هەیەو هاوكات دەیەوێت وڵاتانی عەرەبیی كەنداو رازیی بكات بەپشتیوانیی لە تەلئەبیب. پێشتریش ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند؛ ئێران بە بەرنامەی موشەکی و هێرشی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوەتە هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە. رۆژی سێشەممە ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران دروستکردی موشەکی (کڕوزی پاوە)ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەو موشەکە توانەی بڕینی مەوادای هەزار و 650 کیلۆمەتری هەیە. حاجی زادە وتویەتی؛ ئێران توانای موشەکییان بەرز کردوەتەوە و دەتوانێت پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دوریی دو هەزار کیلۆمەتر بکاتە ئامانج و تەنانەت وەک رێز بۆ ئەوروپا سنوی دو هەزار کیلۆمەتری موشەکەکانم دیاریی کردوە و هیوادارین ئەوروپا رێزی خۆیان بگرن. نزیکەی یەک مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا  و تەنانەت ناوخۆی ئێران زیادی کردوە و پێدەچێت ئاشکراکردنی موشەکی نوێ و ئامادەباشیی تۆڕی سیستمی بەرگریی ئێران  وەک کاردانەوەیەک بێت بە ئەگەری بەرفراونبونی هێرشەکانی سەری .  

هاوڵاتی  پارێزگاری هه‌ولێرئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، كه‌ تابلۆكانیان بكه‌ن به‌ زمانی كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجراتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌ ئیجرائات بكه‌ین، كه‌ تا 1ـی 4 بوار به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، ده‌بێت تابلۆكانیان بگۆڕن بۆ زمانی كوردی. ده‌شڵێت: "ئێمه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی راده‌گه‌یه‌نین، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌ بازرگانییه‌كان تابلۆكانیان بگۆڕن و بیكه‌ن به‌ زمانی كوردی". گوتیشی: "پێویسته‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆشنبیران، به‌شێك بن بۆ گرنیدان به‌ زمانی كوردی و هاوكاربن بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌". پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر تا 1 – 4 تابلۆكان بۆ زمانی كوردی نه‌گۆڕدرێن، سزای پێبژاردنییان بۆ ده‌كرێت، دواتریش ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن، شوێنه‌كانیان داده‌خرێن. ئەوەشی ڕونکردەوە ناوی سه‌ر تابلۆی ئه‌و شوێنه‌ بازرگانییانه‌ی كه‌ ده‌گمه‌نن، ده‌بێت  بگۆڕدرێن، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ین. له‌باره‌ی رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: "رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ده‌بێت لیستی خواردنه‌كان بكه‌ن به‌ كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".

هاوڵاتی  یەکێتی ئەورووپا ژمارەیەک  سزای نوێی دژی رووسیا پەسەندکرد کە قەدەغەی بازرگانی، کۆنترۆڵکردنی هەناردەی ئەو تەکنەلۆجیا و بەرهەمانەی کە بۆ ئامانجی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێنرێن و سنووردارکردنی ئەوانەی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرنە رووسیا، لەخۆدەگرێت. لەمبارەیەوە حکوومەتی سوید کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەکات، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ئەوەی بڵاوکردەوە کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە ساڵیادی جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا، ١٠مین پاکێجی سەپاندنی سزایان بەسەر رووسیادا پەسەند کردووە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە پاکێجە نوێیەکە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە تەکنەلۆجییانەی بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێندرێن، بەشێوەیەکی توندتر سنووردار دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئەو کەس و دەزگایانەی پشتیوانی جەنگ دەکەن، پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدەنە رووسیا تا لە جەنگدا بەکاریبهێنێت. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هەرچەند کات بخایەنێت، یەکێتی ئەورووپا هەر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. هاوکات تا ئێستا تەواوی وردەکاریی و ناوەرۆکی سزاکان بڵاونەکراونەتەوە. لەو پاکێجەدا کە هەفتەی رابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپاوە ئامادە کرا، قەدەغە خراوەتە سەر هەناردەکردنی کۆمەڵێک بەرهەم کە گوژمەکەیان زیاترە لە ١١ ملیار یۆرۆ و ئەمەش رووسیا لە چەندین بەرهەمی گرنگی تەکنەلۆجی و پیشەسازیی بێبەش دەکات هەروەها چەندین ئامێری کارەبایی، پارچەی ماتۆڕ، پارچەی یەدەگی ماتۆڕی فڕۆکەی جەنگی و بارهەڵگر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و هێلیکۆپتەریش لەنێو ئەو بەرهەمانەدان کە لە چوارچێوەی پاکێجەکەدا هەناردەکردنیان سنووردار کراوە. جێگەیباسە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە سزاکانی سەر رووسیا، وڵاتانی سێیەمیش بگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا سزا دەخرێتە سەر چەند دەزگایەکی ئێرانیش. هەروەها چەندین کەسایەتی سیاسی و سەربازیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، دەخرێنە لیستی سزادراوەکانی یەکێتی ئەورووپا و قەدەغەی گەشتکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەو کەس و دەزگایانەیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، سامانەکانیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بلۆک دەکرێت. وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ماوەی سێ رۆژ بوو گفتوگۆیان لەسەر ئەم پاکێجە دەکرد کە پەسەندکردنی پێویستی بە کۆدەنگی هەبوو، و پەسەندیان کرد.

هاوڵاتی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، بووە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) هەموو چالاکیە سەربازیەکانی رابگرێت، بەمەبەستی هاوکاریکردنی لێقەوامانی بومەلەرزەکە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هاوازنیوز، دوای ١٨ رۆژ لە رووداوی بومەلەرزەکان، دەوڵەتی تورکیا ٢ هێرشی ئاسمانی و ١٨ هێرشی زەمینی لەدژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسەکە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین کەسیش برینداربوون کە هاوڵاتییەکیان تەمەن ٧٠ ساڵ بووە و دوای بومەلەرزە، لە حەڵەبەوە روویکردبووە شەهبا و لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا بۆ سەر شەهبا شەهیدبووە. لەلایەکی دیکەوە، پەکەکش چالاکیەکانی بەهۆی بومەلەرزەکەوە راگرتووە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسان و هێزی سەربازی ئەو پارتە، لە ١٨ رۆژی رابردوودا، سوپای تورکیا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکان. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، کە لەم ١٨ رۆژەدا سوپای تورکیا چەندین جار، چەکی قەدەغەکرا و بۆمبی فسفۆری بەکارهێناوە.

رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبونی نێودەوڵەتیی عێراق بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرز دەکەنەوە و بانکی ناوەندیی ئێران بۆ راگرتنی دابەزینی بەهای تمەن بڕیاری نوێ دەردەکات. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر (5:00) بە کاتی تاران بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 56 هەزار و 50 تمەن و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش بڕیاری دا مامەڵە بە دراو لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە کارتی نیشتیمانی (مللی) دەست پێبکاتەوە و هەر کەسێک تەنها بە بڕی پێنج هەزار یۆرۆ لەو نوسینگانە دۆلار بکڕێت. پێگەی (ئیقتیساد 24) لە ئێران بڵاوی کردوە؛ هەواڵەکان سەبارەت بە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر تاران و پەیوەستبونی عێراق بە سیستمی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی جیهان ناسراو بە سویفت (SWIFT) هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەنە. ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەش کردوە؛ گەشتی پاشای عوممان بۆ ئێران سەبارەت بە نێوەندگیریی لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان هۆکارێکی دیکەی هاڕەی تمەن بوە چونکە گومان دەکرێت ئەو نێوەندگیرییە سەرکەوتو نەبوبێت. لە لایەکی دیکەوە، ئێحسان خاندوزی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران وتویەتی؛ رونە کە چ کەسانێک دەستیان لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن هەیە و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردن و دەستبەسەرکردنیان و دادگا بڕیاری کۆتایی لە چارەنوسی ئەو کەسانە دەدات. نزیکەی هەشت رۆژە دابەزینی بەهای تمەن زۆر خێراتر بوە و لەو ماوەیەدا بەهای یەک دۆلار لە 46 هەزار تمەنەوە بۆ 56 هەزار تمەن بەرزبوەتەوە و پێشبینیی دەکرێت بە گرژبونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ ئێران و جەختکردنەوەی ئەمریکا لە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی، بەهای تمەن دادبەزین زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت.

وەزیری بازرگانی عێراق:" لە سبەینێوە بەشە ئاردی دووەمی ئەم ساڵ دابەشدەکرێت".  ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25ی2ی2023،  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کۆمپانیای گشتی لە پارێزگاکان پشکەکانیان دابەشکردووە و بریکارەکانیش ئاگادارکراونەتەوە و بڕی ئاردی خۆیان وەرگرتووە". ئەوەشی ئاشکرا کرد،"سبەینێ یەکشەممە پشکی دووەمی ئارد لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت". وەزیرەکە داوای لە هاوڵاتییان کرد، "سەردانی بریکارەکانی خۆراك بکەن و پشکەکانیان وەرگرن و لە کاتی بونی هەر کێشەیەكدا پەیوەندییان پێوە بکەن".

وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی دان نا بە "ئایینی ئیبراهیمی" و ئەوەش ناڕەزایی زانایانی ئیسلامی لێدەکەوێتە و بە پیلانی ئیسرائیل وەسفی دەکەن. لەم بارەیەوه، یه‌كێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان و چه‌ند رێكخراوێكى تر ڕایانگه‌یاند، ووڵاتى ئیمارات ئاینى ئیبراهیمى كردۆته‌ ئاینى ده‌وڵه‌ت و ده‌ڵێن، ئه‌م ئاینه‌ بت په‌رستى تێكه‌ڵه‌و له‌سه‌ر داواى ئیسرائیل ئه‌مه‌كراوه‌. له‌به‌یاننامه‌یه‌كى یه‌كێتى زانیایانى جیهانى مسوڵمانان و چه‌ند رێكخراوێكى تر هاتوه‌، بنچینەی بیرۆكەی ئاینی بەناو ئیبراهیمی بەرپا دەبێت لەسەر خاڵی هاوبەش لەنێوان باوەڕی ئیسلام و باوەڕەكانی تردا، ئەمەش بیرۆكەیەكی پووچ و ناڕەوایە، چونكە ئیسلام لەسەر بناغەی یەكتاپەرستیی و بە تاك و تەنها ناساندنی خوای گەورە، لەسەر پەرستشكردن تەنها بۆ خوای گەورە دامەزراوە، بەڵام باوەڕی هاوەڵگەریی چووەتە ناو ئاینە گۆڕدراو و لادەرەكانی تر، بتپەرستییان تێكەڵ بووە،  یەكتاپەرستیی و هاوەڵگەریش دوو شتی دژ بەیەكن و كۆنابنەوە لەیەك بیرۆكەدا. باس لەوەش کراوە، ئەوەى كە دەوترێ‌ گوایا ئیبراهیم سەلامی خوای لێبێت لەسەر یەك ئاینە كە كۆكەرەوەی ئیسلام و جولەكەو مەسیحییەتە، ئەوە گوتەیەكی ناڕەوایەو باوەڕێكی خراپە. هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌، لەڕاستیدا هەوڵدان بۆ پشتگیریی لە ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام بۆ ئاساییكردنەوەو چۆكدادان، لە ڕێگای ڕەواجدان بە ئاینێكی نوێ‌ كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی سیاسیی بكات، كارێكە لە شێوەو لە بابەت و لە ناوەڕۆك بە ئەسل و فەرعیەوە ڕەتدەكرێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا ڕایدەگەیەنێت"وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت". فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا كه‌ رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رچوه‌ و وه‌ڵامی پێشنیاره‌كانی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان داوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی یاسای نەوت و غاز و لەكۆی 15 پێنشیار 10 پێشنیاریان رەتكراونه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌، "وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت. هەروەها دەشڵێت دژی ئەوەین،"هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت،  ئاماژەی بەوەش داوە،لەگەڵ ئەوەش نین،" ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت،  باسی لەوەش کردوە،دژی ئەوەیه" یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە جارێكی تر زیندو بكرێتەوە". به‌م دواییانه‌ چه‌ند جارێك شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوه‌ته‌ به‌غدا و له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و پشكی كورد له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراق، ڕایانگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێرق لێکتێگەیشتن هەیە و نزیکین له ڕێکەوتن.

ئێران رایگەیاند چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی پێویستی بە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکات و لە بەرامبەردا واشنتۆنی رەتی دەکاتەوە ئامانجی زیندوکردنەوەی ئەو رێککەوتنە بێت. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمییە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییش لە 15 راپۆرتدا ئەوەی رون کردوەتەوە. کەنعانی وتویەتی: بە پێی ئەزمونی رابردو دەرکەوتوە ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نابێت بۆیە بە بڕوای کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکا شایەنی دانوستانی راستەخۆ لەگەڵ ئێران نییە. بە وتەی کەنعانی، ئەمریکا لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیاتر لە 800 سزای نوێی دژی ئێران سەپاندوە و سەرەڕای ئەوەش کۆماری ئیسلامی پابەندە بە چالاککردنەوەی رێککەوتنەوە بەو مەرجەی سەرجەم سزاکان هەڵوەشێتەوە. لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لە ئێستا کار بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکات و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتیی ئاشتیانەی خەڵک لە ئێران دەکات.

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار زیانلێکەوتووی بومەلەرزەکانی تورکیا پێویستیان بە خانووبەرە هەیە و پێویستە ٥٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێن. پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆ ئێن دی پی) رایگەیاند، لە بومەلەرزەکانی شەشی شوباتدا، تەنیا لە تورکیا ١٦٠ هەزار باڵەخانە رووخاون و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە دەکاتە زیاتر لە ٥٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون. رێکخراوەکە دەڵێت، بە گشتی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لەئێستادا بێماڵ و حاڵ بوون و پێویستە دەست بە دروستکردنی ٥٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بکرێت. یو ئێن دی پی ئاشکرای کرد، بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، نزیکەی ٢١٠ ملیۆن تۆن پاشماوەی ئاسن، چێمەنتۆ و شیشی دوای خۆی بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا کە بومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٩٩ی ئەستەنبوڵ ١٣ ملیۆن تۆن پاشماوەی بەدوای خۆیدا بەجێ هێشتبوو. لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، حکومەت دەستی بە دروستکردنی ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکان و ٧٠ هەزار خانوو لە گوندەکان، بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکان دەکات و تێچووی ئەو پرۆژەیانە، بە ١٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.