ناوەندێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران تەنها بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن بەڵێنی داوە پابەندی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی بێت. ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی (FDD) ئەمریکا رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر سزا و سەرکۆنەکردنی زیاتری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، بەڵێنی هاوکاریی بەو ئاژانسە داوە بەڵام لە کرداردا ئەو وڵاتە هەنگاوی راستەقینە نانێت بۆ چاودێریی نێودەوڵەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ناوەندەکە رونی کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئێران بۆ پێشوازیی لە رافایل گروسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، رێگریی بوە لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن چونکە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیاترین کاریگەریی لەسەر ئەو دراوە هەیە. ئاماژە بەوە کراوە ئێران بە هەنگاوی ناڕاست دەیەوێت وا پیشان بدات کە هاوکاریی ئاژانس دەکات بەڵام لە راستیدا ئەو وڵاتە ساڵانێکە فێل لە ئاژانسەکە و جیهان دەکات. ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە راستیی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئانشکرا بکات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی ناچار بکات دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بکاتەوە بە مەبەستی سزادانی وڵاتەکە. بڵاوبونەوەی سەرنجەکانی (FDD) دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دوشەممە بەهای یەک دۆلار دوای 13 رۆژ بۆ کەمتر لە 50 هەزار تمەن دابەزی چونکە بە وتەی بەرپرسانی ئێران ئامادەکاریی پێویستیان کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئەتۆمییەکان.
دژی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار، خۆپیشاندانی بەرفراون لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردەوە و لە شاری سنە پۆلیس غازی فرمێسکڕێژی دژی مامۆستایان و خۆپیشاندەران بەکارهێنا و ژمارەیەک مامۆستا دەستگیرکران. ئەمڕۆ لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناڕەزایەتییە بەرامبەر دیاردەی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لەو شارە و ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو و خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەروەردەی شاری سنە و دروشمی دروشمی ژن ژیان ئازادی وترایەوە. هاوکات لەگەڵ سنە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان و ورمێ گردبونەوە و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارانی کچ بەڕێوەچو و لە کەرەج و ئەهواز و چەند شارێکی دیکەی ئێران خۆپیشاندەران دژی ژەهراویکردنی کچان چونە بەردەدەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەدەی ئەو شارانە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و لە سنە و کرماشان ژمارەیەک مامۆستا دەستگیر کراون. لە ماوەی رابردودا دەیان کچی خوێندکار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژەهراویی بون و ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون بەڵام تا ئێستا حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان راستیی و هۆکاری ئەو روداوانەیان بەخەڵک و کەسوکاری خوێندکاران رانەگەیاندوە. ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ زیاتر لە 17 پارێزگای ئێرانی گرتوەتەوە و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دوای 100 رۆژ لە دوبارەبونەوەی روداوەکان داوای بەدواداچونیان کردوە.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجە پەسەند دەكات و ڕەوانەی پەرلەمانی دەكات . موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێشبینی دەكەین ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی ئەمرۆیدا تاوتوێی یاسای بودجە بكات و پەسەندی بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی بكات." وتیشی، بودجە پێشتر زیاتر لە (200) تریلیۆن دینار بوو, لەئێستادا بۆ (196)تریلیۆن كەمكراوەتەوە. ئەوەشی ڕونکردەوە ڕێژەی كورتهێنان دەگاتە نزیكەی (60)تریلیۆن دینار, لیژنەی دارایی بۆچونی وایە بودجە بۆ (170) تریلیۆن دینار كەمبكرێتەوە, كە (90) تریلیۆنی بۆ لایەنی بەكاربردن دەڕوات,(80) تریلیۆنیش بۆ لایەنی وەبەرهێنان تەرخانبكرێت كە بڕە پارەیەكی زۆرە, وێڕای ئەوەی (9) تریلیۆن لەپارەی پشتیوانی بەپەلەی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان ماوەتەوە, كە تەرخانكرابوو بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان. هاوکات لای خۆیەوە, ئیخلاس دلێمی پەرلەمانی پارتی و جێگری دووەمی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاشكرایكرد: دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی بودجە كۆتایهاتووەو پشكی هەرێم بە (12.67%) دەمێنێتەوە لەیاساكەدا, بەو مەرجەی لەمساڵدا یاسای ئامار جێبەجێبكرێت. وتیشی: ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا دەكرێت, لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییەی ئەنجامدەدرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە بەغدا وھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بەسەر کردەوە ورایگەیاند کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن. وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن و لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاندووە "ئامانج لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر پتەوترکردنی ھاوبەشی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق". وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵی ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن هاوکات بڕیارە سەردانی ھەولێر بکات و لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو کە ڵۆید ئۆستن گەیشتێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات کە لە میانیدا دڵنیایی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات کە واشنتۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لەئێستادا، دوو ھەزار سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی مەکسیک 343 کۆچبەر و پەنابەریان دۆزیوەتەوە، کە 103 کەسیان منداڵ و هەرزەکارن لەناو بارهەڵگرێکی چۆڵکراو لەسەر ڕێگەیەکی گشتی لە ماکسیک . پەیمانگای کۆچبەرانی نەتەوەیی (INM) وتی کە ڕۆژی دووشەممە ئەو بارگەڵگرە لە کەناری کەنداوی هەڵمی ویلایەتی ڤێراکرۆز دۆزرایەوە. وتیشی ئەو ڕێگایە زۆرجار لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بەکاردێت بۆ هێنانی خەڵک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی مەکسیکەوە بۆ سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەرپرسانی مەکسیک ڕایانگەیاند، خەڵکەکە لە تەندروستییەکی باشدا بوون و ڕوون نییە کە بۆچی شۆفێرەکە هەڵاتووە هاوکات زۆربەی منداڵەکان خەڵکی گواتیمالا بوون ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە ئەمریکا زۆرجار پارە بە قاچاخچییەکان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دوای خۆیان بۆ بهێنن. پەیمانگای کۆچبەرانی نەتەوەیی وتی کە گەورەکان بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی گواتیمالا، هۆندۆراس، ئێل سالڤادۆر و ئیکوادۆر بوون و منداڵەکان دەخرێنە ژێر چاودێری سیستەمی خزمەتگوزاری خێزانی ڤێراکرۆز . جێگەیباسە،لە ڕابردوودا خەڵک بە مردوویی لە ناو ئەو بارهەڵگرە بەجێهێڵدراوانەدا دۆزراونەتەوە.
هاوڵاتی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 نەخراوەتە ناو خشتەی دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، تا کۆتایی ئەم مانگەش پەسەند دەکرێت و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت. باسم عەوادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 نەخراوەتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵکو ئامادەکاریەکان بەردەوامن بۆ ئامادەکردنی تەواوەتی ڕەشنوسەکە و تا کۆتایی ئەم مانگە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی ئەمساڵ، بۆ یەکەمجار بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی حکومی تەرخاندەکرێت، چ خزمەتگوزاری بێت یان کەرتی تایبەت، هەمو ئەوانەی کە بەرنامەی وزاری حکومەتدا بەڵێنیان لەسەر دراوە، بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخاندەکرێت. هاوکات پێشتر موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023 پەسەند دەکات و هەفتەی داهاتوش رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ناردنی پشکی هەرێمیش چەند مەرجێک لەناو رەشنوسەکەدا جێگیرکراون.
هاوڵاتی سەرچاوە ئەمنیەکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، تیرۆریستانی داعش جموجوڵەکانیان لە دەوری زیندانی سەناعەی حەسەکە کە بە هەزارن تیرۆریستی داعش تێدایە چڕ کردووەتەوە و رێوشوێنی توندی ئەمنی لە ناوەندی حەسەکە گیراوەتەبەر. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە ئاماژە بە جموجوڵی شانەیەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن لە دەوروبەری زیندانی سناعەی حەسەکە. ئاژانسەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێکی ئەو رێگایەیان داخستووە کە بە تەنیشت زیندانەکەوە دەڕوات و دۆخەکە لە ئێستادا لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکەدا سەقامگیرە، بەڵام دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە کە ژنانی داعش لەنێو کەمپی هۆڵ ئامادەکاریان بۆ یاخیبوون کردووە و بۆیەش لە کەمپەکە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر. ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، زیندانی سناعەی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشێکی چەکداری گەورەی تیرۆریستانی داعش بووەوە کە نزیکەی چوار هەزار زیندانی داعش تێیدا رادەگیرێن. هەسەدە دوای شەش رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی رایگەیاند کە زیندانەکە و ناوەندی حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕی شەش رۆژی نێوان شەڕڤانان و تیرۆریستانی داعشدا، ٩٨ شەڕڤانی هەسەدە و ئەندامی ئاسایش شەهید بوون و ٢٦٨ تیرۆریستی داعش لەناو و دەرەوەی زیندانەکە کوژران.
هاوڵاتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتێکی فراوانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ دەگاتە عێراق و سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات. بهگوێرهی زانیارییهكان ئهمڕۆ سێشهممه (7ـی ئادار/مارسی 2023)، لۆید ئۆستن، وهزیری بهرگریی ئهمهریكا سهردانی ههولێر دهكات و لهگهڵ بهرپرسانی باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆدهبێتهوه. ئهمه له كاتێكدایه، چاوهڕێ دهكرێت ههر ئهمڕۆ دووشهممه، ئانالینا بێربوك، وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا دوای سهردانهكهی بۆ بهغدا، سهردانی ههولێر بكات و لهگهڵ بهرپرسانی باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆببێتهوه. پێنتاگۆن دەربارەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەوەیە؛ دڵنیایی بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات، کە وێڕای چڕبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر رووسیا و چین، واشنتن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لۆید ئۆستن، لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق، دواتر لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە، لە یەکەمین سەردانی خۆیدا وەکو وەزیری بەرگری، لەپاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەردەکاتەوە. نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکا بۆ راوێژ و مەشقپێدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماونەتەوە. ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014ـەوە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە. هەروەها دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشکردنی رەوشی مرۆیی داوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەخانەی شاری حەلەبیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوت. ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رۆژی سێشەممە، 7-3-2022، رایگەیاند: ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە ڕۆژئاوای لاتقیە ئەنجام دا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج" و زیانێکی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە. لە ساڵی رابردووەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا چڕ بوونەتەوە، کە ئامانجیەتی "رێگری لە ئێران بکات لەوەی لەڕێگەی ئەو فڕۆکەخانانەوە چەک و هاوکاری بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا و لوبنان بگەیەنێت". تائێستا زانیاری لەبارەی زیانە مرۆییەکانەوە نییە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی هێرشەکە نەداوە. نزیکەی 10 ساڵە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سووریا بە دیاریکراویش دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری و شوێنی گردبوونەوەی میلیشیای چەکداری، کۆگای چەک و توونێل و رێگەی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی، دەکاتە ئامانج وبەدەگمەن ئیسرائیل ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام بەردەوام لەڕێگەی بەرپرسە باڵاکانییەوە ئەو جۆرە هێرشانە بە رێگری لە ئێران بۆ زیادکردنی هەژموونی سەربازی لە سووریا وەسف دەکات.
هاوڵاتی شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، " لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و هۆشداری دروستبونی لافاو دەدات. ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی زۆر شێداری دەریای ناوەراست و باشوری ناوچەکە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە کاریگەری بەهێزی ئەم ناسەقامگیریە دەستپێدەکات و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەردەوام لەم ناوچانەدا دەبێت لەگەڵ چالاکبونی هەورە بروسکەی بەهێز و بارینی تەرزە بۆیە هۆشداری لەدروستبونی لافاو ئەدەین لەسەرجەم ناوچە نزمەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر لاواز دەبێت زیاتر ئەگەری نمە باران بۆ بارانێکی کەم دەبێت لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سنوری نێوان پارێزگای هەولێر و کەرکوک، لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە دەبێت، بەڵام بەگشتی رێژەکەی کەمتر دەبێت." سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ڕایگەیاند،" پلەکانی گەرما سبەی بە جێگیری دەمێننەوە، خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک دەبێت لەنێوان 15-30 کیلۆمەت لەکاتژمێرێکدا بە ئاڕاستەی باشوری رۆژهەڵات دەبێت". ئەوەشیخستۆتەڕو، "بۆ رۆژی پێنجشەممە هەورە بروسکە و تاوە بارانی پچر پچر تا کاتەکانی ئێوارە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە ، ئیدارەی گەرمیان بەردەوامی دەبێت و لەشەودا کۆتایی پێدێت، بەڵام بەهێزی ئەم حاڵەتە سبەی شەوە لەم ناوچانەدا کە ئەگەر هەیە بە جیاوازی ناوچەکان 40 تا 80 ملیممەتر زیاتر باران ببارێت".
هاوڵاتی لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ بڵابۆتەوە هاتووە کە ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارزانی وئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نوی بەناوی " هێڵی سێیەم" لە راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئەدهەم بارزانی سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی و کۆکردنەوەی کەسە دیار و ناودارە سیاسیەکانە لەدەرەوە وناوەوەی هەرێم بۆ دامەزراندنی ئەو قەوارە نوێیە، بەپێی وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی قەوارەکەش هۆکاری دامەزراندنی ئەو قەوارەیە " ڕەخنەکانیانە لە حیزبە سیاسەکانی هەرێم" ئەمەس لەکاتیکدایە کە ئەدهەم بارزانی جگە لەوەی سەرکردایەتی چەندین قەوارە ودامەرزاوەی سیاسی کردووە لە ساڵانی ڕابردوودا، هاوکات ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی بوو لە ڕابردوودا بەڵام بەهۆی تێکچونی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وازی لە پۆستەکەی هێنا. وریا سەعید ڕەواندزی، کەسی دووەمی لیستی " هێڵی سێیەم" لەبارەی حیزبە نوێیەکەی ئەدهەم بارزانییە " دەڵێت،" ههڵسهنگاندنی وردمان نهکردووه بۆ پێگه و قهبارهمان، بهڵام کاری باشمان لهناوخۆی ههرێم و دهرهوهی وڵات کردووه، پهیوهندی فراوانمان لهگهڵ کهسایهتییه سیاسییه کاریگهرهکان دروستکردووه و بههۆی ناڕهزایهتییهکانی خهڵکیش، دهتوانین بۆشاییه سیاسیهکان پڕبکهینهوه و پێگهمان ههبێت". هەروەها وریا سەعید ڕەواندزی ئاماژەی بەوەش داوە کە جیاواز دەبن لە حیزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی هەرێم و جیاواز لەوان کار دەکەن، هاوکات لەبارەی ناوی ئەو کەسانەی بەشدارن لە دامەزراندنی ئەو قەوارەیە هیچ لێدوانێکی نەداوە وباسیشی لەوەکردووە تاوەکو ئێستا قەوارەکەیان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارنەکردووە تاوەکو بەشداری لە خولی نوێی هەڵبژاردنەکان بکەن، وتیشی لەماوەیەکی نزیکدا لەوبارەیەوە کۆدەبنەوە. هاوکات وریا سەعید ڕەواندی وتیشی، تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە لەبارەی شوێن و بارەگای قەوارەکەوە. ئەدهەم بارزانی، لە ساڵای ١٩٦٢ لەدایک بووە و لەماوەی تەمەنیدا لە چەندین پۆستی باڵادا بووە وەک ڕاوێژکاری سیاسی جەلال تاڵەبانی، سەرکۆکۆماری عێراق، لەساڵی ١٩٩١ یشدا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، هاوکات لە ئێستادا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تێکچووە و لەساڵی ٢٠٢٢ وە لە وڵاتی ئێرانە.
هاوڵاتی جۆو بایدن، لە بۆنەیەکدا لە ویلایەتی ئالاباما باسی لە دەستکەوتەکانی خولی پێشووی سەرۆکایەتییەکەی کرد لە کۆشکیدا، لەوانە دەستنیشانکردنی یەکەم ژنی ڕەشپێست، کە ببێتە دادوەر لە دادگای باڵای ئەمریکا و چەندین دەستکەوتی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتی. جۆو بایدن ویلایەتی ئالاباما لە یادی 58 ساڵەی "یەکشەممەی خوێناوی" کردووە کە ٥٨ ساڵ لەمەوبەر سەربازانی حکومەت هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز کە داوای مافی دەنگدانیان دەکرد لەوکاتەدا. ڕۆژی یەکشەممە لە بەردەم سەدان کەس لە پردی ئێدمۆند پێتۆس، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیامی من بۆ ئێوە ئەمەیە، ئێمە گرنگیتان پێدەدەین، ئەمە کاتی هەڵبژاردنە و پێویستمان بە هەموان هەیە بەشداری بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەرێوەدەچێت و لە ئێستاوە چەندین کەسایەتی دیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا دەستیان بە ڕکابەرییەکانیان کردووە.
هاوڵاتی دوای کۆبونەوەیەکی پێنج کاتژمێری نێوان لایەنەکانی بەشداری لە هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە، وەک کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانێتیەکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاریکرا. ئەمڕۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا، ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی ئایندە، تەمەل کارامولائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت، گولتەکین ئویسال سەرۆکی پارتی دیموکرات و مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی (پارتی باش)، لە ماڵی سەرۆکی پارتی سەعادەت لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە کۆبونەوە. کۆبونەوەکە پێنج کاتژمێر بەردەوام بوو و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن دیاریکرا.
هاوڵاتی مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق تانە لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەگرن ودەڵێن " نادیموکراسیە" ئەندامانی حیزبی کریستیانەکان لە پەرلەمانی بەغدا تانەیان لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان گرت ودەڵێن بڕیارەکە " نادیموکراسییە" ئەندامانی حیزبی بابیلۆن کە پێنج کورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە تانەیان لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق گرت وبە نا دیموکراسی ناویان برد، هاوکات سکاڵاشیان لەسەر یاساکە کردووە و دەڵێن بڕیارەکە مافی کەمینەکان " پێشێل دەکات" و ئازادی سنوردار دەکات، هەروەها دەشڵێن ئەو بڕیارە "نادەستوریە". ئەندامانی حیزبە سیاسیە کریستیانەکان هەوڵدەدەن ئەو یاسایە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە مانگی ڕابردوو بڕیارەکە بەفەرمی دەرکرا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئەندامانی دیکەی پەرلەمانەوە، هەروەها ڕۆژی شەممە بەفەرمی فەرمان بە گومرگەکان کرا بۆ قەدەغەکردنی هاودەرکردنی خواردنەە کحولییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا نازانرێت تاچەند ئەو بڕیارە بە وردی جیبەجێ دەکرێت، هاوکات ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کودستانی لێکەوتەوە، سەرماد عەباس بریکاری خانووبەرەیە و کارەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق بووە، بە ئاژانسی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قەدەغەکردنەکە تەنها دەبێتە هۆکاری گەرمکردنی بازاڕی ڕەش بۆ خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها سەرمەد عەباس وتیشی، مامۆستا و فێرکارە موسڵمانەکان خواردنەوەی کحولی قەدەغە دەکەن"بەڵام ئەمانە ئازادییەكی كەسین كە ناتوانن لە هاوڵاتیانی قەدەغە بكەن". پڕۆژە یاساکە لەلایەن مەحمود ئەلحەسەنەوە پێشنیار کراوە لەسەرەتادا کە ئەوکاتە دادوەر ویاسادانەر بووە، یاساکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە، کە بەپێی یاساکە غەرامەکردن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت لە ئەگەری سەرپێچیکردندا. مەحمود ئەلحەسەن لەبارەی یاساکەوە وتویەتی یاساکە دەستوریە وبەپێی ماددەی دووەمی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ی عێراقە کە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ یاساکەدا کە دەڵێت هەرشتێک دژی یاسای ئیسلام بێت قەدەغەیە.
ئۆکرانیا رایگەیاند تەنها لە شەوێکدا لانیکەم 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران تێکشکێنراوە کە لە لایەن روسیاوە دژی وڵاتەکەیان بەکارهێنراوە. یوری ئیهنات، وتەبێژی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ لە شەوی یەکشەممەدا 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە جۆری (شاهید131 و 136) لە لایەن سوپای روسیاوە و ئاڕاستەی ئۆکرانیا کراون. ئیهانت ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە کۆی ئەو ئەو ژمارە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 13 دانەیان لە رێگەی قەلغانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا تێکشکێنراون. بە وتەی ئیهانت، روسیا لە باکورەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران ناوچەکانی رۆژهەڵات و ناوەندی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج. بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل تا ئێستا ئێران لانیکەم هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کراون کە زۆربەیان لە جۆری (خۆکوژن) و توانای تەقینەوە و وێرانکاریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە زۆر زیاد کراوە بە ئامانجی زیانی گەورە لە دژی ئۆکرانیا. ئۆکرانیا جەخت لەوە دەکاتەوە هاوکارییەکانی ئێران بۆ روسیا زیانی زۆری بە وڵاتەکەی گەیاندوە و داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کردوە رێگریی بەکەن لە گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان و رەوانەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئێران بۆ روسیا.
