ئاشکرا بوو کە ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان، بەهۆی سەرماوە لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا گیانیان لەدەستداوە. حسێن دوران سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڵاتیانی سەمسور لە لێدوانێکدا بۆ بەشی تورکی رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی کە لەبەردەم باڵەخانەیەکی رووخاوی شاری سەمسور وەستاوە رایگەیاند، هاوکاریەکان بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیان زۆر کەمە. دوران وتی، " ٣٠ کاتژمێر بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، لە ١٠ پارێزگای تورکیا بومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دروست کردووە و بە تایبەتی شاری سەمسوریش یەکێک لەو شارانەیە کە قوربانیەکی زۆریداوە." سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڵاتیانی سەمسور ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا تاوەکو ئێستاش زیندوون و وتی، " تەرمی ژمارەیەک هاوڵاتی دوێنێ شەو دەرهێنراون کە بەگوێرەی لێکۆلینەوەکان تەنانەت هیچ ئازاریشیان پێنەگەیشتووە و ئاشکرا بووە کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە. " لەلایەکی دیکەوە، سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تویتێکدا رەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و دەسەڵات گرت کە بەهانای هاوڵاتیانەوە ناچن. دەمیرتاش دەڵێت، پێویست بوو ئەردۆغان هەموو کاتژمێر لە ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، قسەی بۆ هاوڵاتیان بکردایە و زانیاری و ئاماری بڵاوبکردیە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا کەس دەزانێت ئەردۆغان لەکوێیە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە کە فوئاد ئوکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا دوایین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە و وتی، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و ٤١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ هەزار و ٥٣٤ کەس بریندار بوون.

پێگەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لێخۆشبونێکی بۆ مۆسکۆ و تاران دەرکردوە تا هاوکاریی ئەتۆمییەکانی روسیا بۆ ئێران بەردەوام بێت. پێگەی واشنتۆن فری بەیکن(The Washington Free Beacon) لە ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکە فەرمانی لێخۆشبون بۆ هاوکاریی ئەتۆمیی روسیا لەگەڵ ئێران دەرچوە. بە پێی ئەو فەرمانەی بایدن کە لە 31ی مانگی رابردودا دەرچوە و چواری ئەم مانگە کۆنگرێسی لێ ئاگادار کراوەتەو، کۆمپانیاکانی سەر بە رۆس ئەتۆم (Rosatom) بەردەوامبن لە هاوکارییەکانیان بۆ وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە ئێران. ئەو لێخۆشبونە وا دەکات روسیا یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی و سودی لێوربگرێت و یان بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی سالی 2015 لە کاتی گونجاودا ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران. فری بینکەن ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێخۆشبونەکە بە ملیاردها دۆلار سود بە روسیا دەگەیەنێت و ئەو هەنگاوەی بایدن هاوشێوەی گڵۆپی سەوز بۆ مۆسکۆ لە پێناو ئەوەدایە کە روسیا رازیی بکات بە رێککەوتنێکی ئەتۆمییەکی نوێی نێوان واشنتۆن و تاران. پێشتر ئەمریکا، رایگەیاندبو دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنها سەرنجی لەسەر پشتیوانیی لە خەڵک و سزادانی کۆماری ئیسلامی دەبێت و هیچ هەوڵێک بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نادات.

ژوری بازرگانیی ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی تەنها بازرگانیی لەگەڵ پێنج وڵاتی جیهاندا هەیە و ئەندامێکی ژوری بازرگانیی دەڵێت؛ ژاپۆن سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ تاران رادەگرێت. بەهرام شەکوری، ئەندامی ژوری بازرگانیی ئێران رایگەیاندوە؛ بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران، ئاستی بازرگانیی وڵاتە زۆر دابەزیوە و لە ئێستا تەنها لەگەڵ پێنج وڵات بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکرێت. بە وتەی شەکوری، ئێران لە ئێستادا راستەوخۆ لەگەل (چین،ئیمارات، تورکیا،عەممان، ئیمارات) ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکات. ئەو ئەندامەی ژوری بازرگانیی ئێران هۆشداریشی داوە بەهۆی پەیوەندییەکانی ژاپۆن و ئەمریکا ، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و ژاپۆنیش راگیرێت. بڵاوبونەوەی ئەو لێدوانە لە کاتێکدا عێراق زیاترین کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و بە وتەی بەرپرسانی تارانیش عێراق دوەم وڵاتە کە دوای چین زیاترین کاڵای لە ئێرانەوە بۆ هەناردە دەکرێت. بەهۆی ئەوەی ئێران تا ئێستا پابەندی سیستیمی (FATF) جیهانی بۆ بەرەبگاربونەوەی سپیکردنەوە دراو نابێت وڵاتانی جیهان ناتوانن بە راستەوخۆ بازرگانیی لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە.

دەزگای کارەساتە سروشتیەکانی تورکیا ئامارێکی نوێی قوربانیانی بومەلەرزەکانی دوێنێ باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری دەزگاکە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 381 کەس گیانیان لەدەستداوە و 20 هەزار و 426 کەسیش بریندار بوون. دەزگای کارەساتە سروشتیەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە 13 هەزار و 740کەس وەک تیمی رزگارکردن، بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانەکراون.  ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەربەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:13 خولەک، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.6 ناوچەی گولباشی پارێزگای سەرمسوری باکوری کوردستانی هەژاند، بەڵام زیانەکانی ئاشکرا نەکراون.

له‌ ئه‌نجامی به‌رده‌وامی نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و بارسته‌ هه‌وای سارد سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ئاسمانی هه‌رێم هه‌وری ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارینی به‌فر و باران به‌رێژه‌ی كه‌م، ئه‌م كه‌شه‌ش تاوه‌كو رۆژی هه‌ینی به‌رده‌وام ده‌بێت.  ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی ڕایگەیاند "له‌ ئه‌نجامی به‌رده‌وامی نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و بارسته‌ هه‌وای سارد سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ئاسمانی هه‌رێم هه‌وری ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارینی به‌فر و باران به‌رێژه‌ی كه‌م و پچر پچر له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و ئیداره‌ی راپه‌رین، له‌ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ باران و به‌فر به‌رێژه‌ی مامناوه‌ند و پچر پچر به‌رده‌وامی ده‌بێت". ئەو شارەزایە ئەوەشی وتوە ، "له‌سنوری پارێزگای كه‌ركوك و ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌هه‌ندێك كاتدا نمه‌ باران ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما به‌رێژه‌ی 2-3 پله‌ به‌راورد به‌ئه‌مڕۆ نزمتر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ تا ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتو كاریگه‌ری ئه‌م بارسته‌ هه‌وا سارده‌ به‌شێوه‌یه‌كی وشك و سارد له‌سه‌ر ناوچه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه‌". ئاماژەی بەوەش داوە ، "تا ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌گوێره‌ی دواین گۆرانكاریه‌كان ئاسمانی هه‌رێم به‌ نیمچه‌ هه‌وری ده‌مێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی به‌فر و بارانی كه‌م له‌هه‌ندێك كات و ناوچه‌دا، بۆ رۆژی هه‌ینی كه‌ش له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كاندا سه‌قامگیر ده‌بێته‌وه‌ و ئاسمان به‌زۆری ده‌گۆڕێت بۆ ساماڵ".

هاوڵاتی  باڵۆنێکی دیکەی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتیندا دەسوڕێتەوە وچینیش دانی پێداناوە کە ئەو باڵۆنە هی چینە  وبۆ لێکۆڵینەوە وگۆڕانکاریەکانی کەشووهەوا نێردراوە بەڵام لە ڕێڕەی خۆیان لایانداوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی پرسیارەکانی سی ئێن ئێنی ئەمریکادا ڕایگەیاند، ئەو باڵۆنەی کە  بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتین بینراوە هی چینە و بۆ تاقیکردنەوەی فڕین بەکارهاتووە؛ ئەمەش یەکەمجارە پەکین دان بەوەدا بنێت کە ئەو باڵۆنەی بەسەر دوو وڵاتی ئەمریکای لاتین بینراوە سەر بە چینە. ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاساییدا ڕایگەیاند، باڵۆنەکە "بە جددی لایداوە" لە ڕێڕەوی پلان بۆ داڕێژراوی خۆی و "بە هەڵە" چوونەتە ئاسمانەکانی سەر ئەمریکای لاتین و کاریبی بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و سنوورداربوونی توانای کۆنترۆڵکردنی باڵۆنەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “چین وڵاتێکی بەرپرسیارە،  ئێمە هەمیشە بە توندی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووین، هەروەها هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە، ئەمەش هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هیچ وڵاتێک دروست نەکردووە”. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ئاسمانی کۆڵۆمبیا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کۆستاریکا هەردووکیان پشتڕاستیان کردەوە کە هەفتەی ڕابردوو باڵۆنێکی چاودێری سپی هاوشێوەی ئەو باڵۆنەی کە بەسەر ئەمریکادا بینرابوو لە ئاسمانی خۆیاندا بەدواداچوونیان بۆ کراوە، هەرچەندە هۆکاری ئەو باڵۆنەیان بۆ چین نەگەڕاندەوە. هاوکات ئەمە دووەم باڵۆنی چینیە کە پەکین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی کەشوهەواوە لە ڕێڕەوی خۆی دوورکەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا ڕۆژی شەممە باڵۆنێکی سیخوڕی چینی گومانلێکراوی خستە خوارەوە کە بۆ چەند ڕۆژێک بەسەر کیشوەری ئەمریکادا فڕیبوو.  

ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 143 رۆژە دژی دەسەڵات بەردەوامە و لە کرماشان و تاران و دەیان شاری دیکە هێرشی شەوانە بۆسەر دامودەزگاکانی حکومەت و سوپای پاسداران درێژەی هەیە و میدیاکانی سەر بەدەسەڵات هێرشی توندیان کردە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکە و لە شاری ورمێ 16 دەستگیرکراو تەنها لە پێنج خولەکدا دادگایی کران. تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەستگیرکراوانی ورمێ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ رۆژی دوشەممە یەکەم دانیشتی دادگای 16 کوڕ و کچی شاری ورمێ بەرێوچوە کە تەنها پێنج خولەکی خایاندوە و دادوەر رایگەیاندوە هەر یەکەیان بە دو ساڵ تا پێنج ساڵ زیندان سزا دەدرێن. ئەو 16 کەسە لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و تۆمەتی سیخوڕیی و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نایاسایی خراوەتە پاڵ. دۆسیەی سێجار سێدارە پارێزەری جەواد روحی، کە سزای سێ جار لەسێدراەدانی بەسەردا سەپێنراوە، رایگەیاند؛ دۆسیەی لەسێدراەدانی ئەو گەنجە رەوانەی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە و بە پێی ئەو مەرجانەشی کە لە لێبوردنە گشتییەکەی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئاماژەی پێکراوە، لێخۆشبونەکان نایگرێتەوە. جەواد روحی کە تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری ئامۆل-ە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازەندەرانی باکوری ئیڕان دەستگیر کراوە و تۆمەتی دژایەتیی خوادا دراوەتە پاڵی و بەهۆی ئەشکەنجەشەوە توانای قسەکردنی لەدەستداوە. دەستدرێژیی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دەستگیرکراوان رۆژنامەیەکی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەڕامبەر کوڕان و کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاو دەکاتەوە. رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و لە زاری 11 ژن و کچ و کوڕی دەستگیرکراو زانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە. ژنێکی تەمەن 40 ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خوازراوی (سارا) بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ لە یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوەتەوە.   هاوسەرەکی سەرۆک کۆماری ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان هاتە دەنگ جەمیلە علمەلهودا، هاوسەری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە پلانی ئەمریکا بوە و بە وتەی ئەو سەرجەم ئە کەسانەی لە شەقامەکانی وڵاتەکە دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕیوە "تیرۆریست" بون. میدکانی دەسەڵات هێرش دەکەنە سەر سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران دوای ئەوەی رۆژی رابردو محەمەد خاتەمەی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رەخنەی لە دەسەڵاتدانی کۆماری ئیسلامی گرت و بێهیوابونی لە چاکسازیی راگەیاند، میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک داهۆڵ و بوکەڵە ناوزەدیان کرد و سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکەیان بە مەترسیی بۆسەر ئیسلام و دەستوری ئێران لەقەڵەم دا. ئەوین یان ئازادیی وێنەی ئەو دڵداڕانەی گوللـە و گۆڕ دایبڕین لە ناو کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەیەک دڵدار و دەستگیران پێش ئەوەی پێکبگەن کوژران و ژمارەیەکیشان دوای تەمەنێکی کەم لە پێکەوەبون بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران. وێنەی هەر یەکە لەو هاوژین و دڵدارانەی کە لە ناڕزایەتییەکاندا خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە چیرۆکێکە لە قوربانیدان بۆ ئازادیی چونکە ئەوینی ئەوان بوەتە فیدای ئازادیی. وێنەی زانیار ئەبو بەکری(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە مەهاباد، یەحیا رەحیمی(کوژراو) و هاوژینە تازە پێکگەیشتوەکەی لە سنە  و حەنا کیا(کوژراو) و دەستگیرانەکەی لە شاری نەوشەهەر لە باکوری ئێران پڕن لە چیرۆکی ئەوینداریی. کوژرانی ئەوان و عەلی فتوحی و عەلیڕەزا خۆشاکار و بێنهام لایەقپور کە گیانیان بۆ ئازادیی بەخت کردوە خەمێکی قوڵیان بۆ خۆشەویست و دڵدارەکانیان جێهێشتوە.  

هاوڵاتی بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زیانێکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیان لە ١١ هەزار کەس نزیک بوونەتەوە، هەروەها هاوڵاتیان لەنێو مزگەوت و  لە کۆڵانەکاندا لەژێر باران و سەرمای ژێر سفردا ژیان بەسەر دەبەن. هاوڵاتی خۆی گەیاندە ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، بەگوێرەی قسەی ئەو هاوڵاتیانە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی هۆشداری لە ئەگەری روودانی بومەلەرزەی دیکە، هیچ هاوڵاتیەک نەچووەتە ماڵەکانیان و هەمووان لە مزگەوت و لەنێو ئۆتۆمبێڵەکانیاندا. ئەو هاوڵاتیانە بۆ هاوڵاتی ئاشکرایان کرد، تاوەکو ئێستا حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری و چادری پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکردووە و چەندین گەڕەکی کۆنی ئامەد کە پێشبینی دەکرێت بە سەدان کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا بن، داخراون و رێگە نادرێت کەس سەردانی ئەو گەڕەکانە بکەن. هەروەها هاوڵاتیەک کە بەرەو گوندەکەی لە دەرەوەی ئامەد دەچوو لە رێگەی تەلەفونەوە بە هاوڵاتی وت، " دۆخمان زۆر خراپە، ماڵەکانمان داڕماون و ئێمەش بەرەو گوندەکەمان دەڕۆین و تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەک پێشکەش خەڵکی نەکراوە. فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای دیلوک گەل بە دەرفەتی خۆی دەستی بە هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کردووە کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون. فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە سەردانی هاوڵاتیانی کردووە لە دیلوک، بەڵام رێگە نەدرا کە خۆیان بگەیەننە ناوچە زیانلێکەوتووەکان. کورتالان باسی ئەوەی کرد کە دۆخی دیلۆک زۆر خراپە، تیمی گەڕان و رزگارکردن نییە و تیمی پسپۆڕ رەوانەی ئەو شارە نەکراون. پسپوڕان هوشداری دەدەن: لە ئەدەنە، هاتای و باشوری ئەو دوو پارێزگایە ئەگەری بومەلەرزەی نوێ هەیە. دوای بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و لە شارەکانی باکوری کوردستان و سوریا زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، پسپۆڕانی بومەلەرزە هوشداریاندا کە ئەگەری رودانی بومەلەرزەی دیکە هەیە. فرانک هۆگیر بییتس پسپۆڕی لێکۆلینەوەی جیۆلۆژی هۆڵەندا کە دوو رۆژ لەمەوبەر هوشداری بومەلەرزەی دابوو، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، سبەینێ ٧ی مانگ، کاتژمێر ٠٤:٠٠ بومەلەرزەیەکی دیکە رووبدات. زۆر وڵات بۆ بومەلەرزەکەی شارەکانی باکوری کوردستان دەستیان بە جووڵە کرد، بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، بە پلەی ٧.٧ روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ شار هەبوو، زۆر وڵات پشتگیری خۆیان بۆ لێقەوماوان دەربڕی. جەیمس جلیڤری وەزیری دەرەوەی بەریتانیان رایگەیاند، تیمێکی ٧٦ کەسیان بۆ رزگارکردن و هاوکاریکردن بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ناردووە. کۆماری چیکیش تیمێکی ٩٨ کەسی و ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵی کارکردنیان ناردە تورکیا. ئازەربایجانیش بۆ پشتگیریکردن تیمێکی ٣٧٠ ناردە تورکیا. بەگوێرەی زانیاریەکان لە سەمسور تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەکی فەرمی پێشکەش نەکراوە. تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆر تەرمی هاوڵاتیان لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان. هەوڵی رزگارکردن و گەڕان لەلایەن گەلەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها لەو شارە ئاو، کارەبا و ئەنتەرنێت نییە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویست بوو ڕێوشوێن بگیرێتە بەر و وتی، " سەرەتا برینەکانمان سارێژ بکەین و دواتر پێویستە هەموو کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 سەربازی ڕوسیا لە ئەرکدان بۆ هاوکاری کردنی قوربانیەکانی سوریا. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دە یەکەی سوپای ڕوسیا بە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 300 سەرباز لە پاککردنەوەی پاشماوەکان و هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە سوریا لەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی سوریا بەشدارن. بەگوێرەی بەیاننامەکە، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕوسیا "فەرماندەی (هێزەکانی) ڕوسیای لە سوریا ڕاسپاردووە کە هاوکاری قوربانیەکان بکەن. وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، سەربازانی ڕووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارەکانی حەلەب، حەما و لازقیە هاوکاری دەکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو سەربازانە سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەکان و گەڕان بەدوای قوربانییەکان و دابینکردنی هاوکاری پزیشکی بۆیان، هاوکات سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەمە ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیاش بەڵێنیدا  بە سەرۆکی  تورکیا و سوریا کە هاوکار دەبێت زیانی بومەلەرزەکان.

رۆژنامەیەکی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بەڕامبەر کوڕان و کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاو دەکاتەوە. رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و لە زاری 11 ژن و کچ و کوڕی دەستگیرکراو زانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان لە رەگەزی مێینە و نێریینە روبەڕوی ئەشکەنجە بونەتەوە و بە هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی ناچار بە دانپێدانان کراون و لە دەیان حاڵەتیشدا دەستدرێژیی کراوەتە سەر کوڕان و کچانی دەستگیرکراو. ژنێکی تەمەن 40 ساڵەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خوازراوی (سارا) بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ لە یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوەتەوە. هەر لە راپۆرتی گاردیاندا باس لەوە کراوە؛ ؛ دوای ئەوەی ژمارەیەک کوڕ و کچ لە ئۆتۆمبێلێکدا لە شاری گیلان لە باکوری ئێران دەستگیر دەکرێن و لە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیاندا بۆیاخی سپرا دەدۆزرێتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامێر و کەلوپەلی وەک شوشە و دار و ئاسن دەسترێژیی سێکسی کراوەتەوە سەریان. پەرستارێکی ژن لە شاری گیلان بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ تەنها لە شارە پێنج ژنی تەمەن سەروی 30 ساڵ پەنایان بۆ هێناوە بۆ چارەسەریی تەندروستیی کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژییەوە (زێ و مێزەڵدانیان) توشی هەوکردن بوە . راپۆرتەکەی گاردیەن لە کاتێکدایە پێشتر تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ژمارەیەک بەڵگەیان لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردبوەوە و لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاشکرایان کردبو کە دەیان کوڕ و کچ لە کاتی دەستبەسەر کردن لە ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی روبەڕوی دەستدرێژیی بونەتەوە بەڵام بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و مەترسیی بۆسەر ژیانیان بێدەنگیان لەو روداوانە کردوە.

هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی، لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیادا، زیاتر لە 10 هەزار کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە. فوئاد ئوکتای یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماری نوێی گیانلەدەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و بە گوڕی 7.7 پلەی ریختەر روویدا. ئوکتای رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی هەزار و 541 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکاندا دەرهێنراون، هەروەها نۆ هەزار و 733 کەسیش بریندار بوون و وتی، بە تەنیا لە شاری هاتای 520 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی قسەکانی فوئاد ئوکتای، سێ هەزار و ٤٧١ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە. بەگوێرەی ژمارەیەک دیمەنی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هاوڵاتیان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان تاوەکو ئێستا لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان و پیشبینی دەکرێت، ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە زیاتر ببێت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ  راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێدا هاتووه‌: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی باشووری توركیا و باكووری سووریا ده‌ربڕی. سوودانی به‌ناوی حكومه‌ت و گه‌لی عێراقه‌وه‌ پرسه‌ وسه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییان كرد و داوایكرد به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ژماره‌یه‌ك ‌تیمی فریاكه‌وتن بۆ قوربانییان و زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ره‌وانه‌بكرێت. بەپێی ڕاگەیاندراوی نوسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: سودانی ڕێنمایی ده‌ركرد، به‌په‌له‌ ژماره‌یه‌ك تیمی به‌رگری شارستانی، تیمی فریاگوزاری و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی فریاگوزاری، فریاگوزاری سه‌ره‌تایی، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی، هه‌روه‌ها بڕی سه‌به‌ته‌ی خۆراك و سوته‌مه‌نی، بۆ به‌شداریكردن له‌و كاره‌ساته‌، ره‌وانه‌ی قوربانییه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتوه‌". سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانیكردوه‌، دۆخی ئاماده‌یی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا بۆ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان له‌ وڵات به‌رزبكرێته‌وه‌. جێی باسە ئەمڕۆ ،دووشەممە 6ی2ی2023 زنجیرەیەک بومەلەرزەی بەهێز، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان گرتەوەو ژمارەیەک زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بوومەرزەکە لەباشوری کوردستان لەشاری دهۆک و هەولێریش هەستی پێکرا.

هاوڵاتی کەشناسێکی کورد پێش کەشناسە هۆڵندییەکە پێشبینی بومەلەرزەکەی تورکیای کردبوو. سیروان ساڵح عەلی شارەزایەکی کەشناسی لە 26/1/2023 دوانزە ڕۆژ پێش ڕودانی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە ١٠ پارێزگای تورکیا وسوریای هەژاند پێشبینی ئەو بومەلەرزەیەی کردبوو. ئەو شارەزای کەشناسییە کوردە لە پۆستێکی فەیسبوکدا دوانزە ڕۆژ پێش ڕوداوەکە دەڵێت: بەهۆی گواستنەوەی پلیتی ئەنادۆڵ لەم چەند ناوچەیەی خوارەوە ئەگەر هەیە بومەلەرزەی سەرو پلە ٤ یان زیاتر تۆمار بکرێت تەواوی پلێتەکانی ئێران بە زۆری پلێتەکانی سنوری خۆرئاوای ئێران و خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکوری ئێران. پلێتەکانی دەوروبەری دەوروبەری شاری وان هەتا شاری مەڵاتییە لە باکوری کوردستان پلێتەکانی سنوری نێوان سوریا و تورکیا تا ئیسرائیل و فەڵەستین و ئوردن هاوکات فرانک هوگەربیتس، توێژەر و پسپۆڕی بواری زەمینلەرزە، رۆژی 3ی دووی 2023، لە تویتێکدا پێشبینی روودانی بوومەلەرزەکانی ئەمڕۆی ناوچەکەی کردووە. فرانک هوگەربیتس کە بەرەچەڵەک هۆڵەندیە، لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "زوو یان درەنگ بومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.5 پلەی رێختەر لە ناوچەکانی (باشووری ناوەڕاستی تورکیا، ئوردن، سوریا، لوبنان) روودەدات. جێگەیباسە  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری ئافاد، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 1014 کەس بەرزبووەوە.  هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 371 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1089 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کەجەکە ڕایدەگەنێت: دەبێت هەموان بە گیانێکی بەرزی پشتیوانییەوە بجوڵێنەوە و هەموو تواناکانیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات لە هەموو شوێنێک دەبێت تواناکانی خۆی بەکاربهێنێ و بۆ خۆی برینەکانی خۆی ساڕێژ بکات. پاش زنجیرە بوومەلەرزەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا کە ناوەندەکەی پازارجخی مەرەشە و بەتایبەتی زۆر شاری باکور، کاریگەریشی کردە سەر زۆر ناوچەی دیکە. سەرەتا سەرەخۆشی لە گەلانی باکوری کوردستان و تورکیا دەکەین، خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چابوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەین کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان بومەلەرزەکە کاریگەریشی کردووەتە سەر زۆر شاری رۆژئاوا و سوریاش و چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە لەهەمان کاتدا هەستی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا و گەلانی سوریاش دەردەبڕین. هۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ئەو هەموو زیانەی لێکەوتووەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو جارێک کە بوومەلەرزە روودەدات هەندێک هەوڵی فریودەرانە ئەنجام دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات وانیشانی بدات کە هاوکاری گەل دەکات. ئەو هەوڵانە هەمووی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر بومەلەرەدا هیچ رێوشوێنێک ناگرێتەبەر، سەرچاوەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت لایەنگرانی خۆیەوە و بۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت. ئەگەر لە بەرامبەر بومەلەرزە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، دەتوانرێت رێگریی لە زیانەکانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئاکەپە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە تائێستا هیج رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر و هەموو بومەلەرزەیەک بووەتە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی زۆر. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستان کە هێڵی رۆچوونی تێدایە و بەهۆی ئەوەی ئاستی مەترسی بومەلەرزە لەو هەرێمەدا زۆر بەرزە، بینا و سیستمی بیناسازی دەبێت بە گوێرەی ئەوە بێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە حکومەتی شەڕ و گەندەڵییەنەک هەر رێکار بەرامبەر بە بومەلەرزە ناگرێتەبەر، بەڵکوو ئەو بودجەیەش کە بۆ بومەلەرزە دادەنرێت دەیخوات و بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی بەکاریان دەهێنێت. هەربۆیە ئۆباڵی زیانە گیانی و مادییەکان لە ئەستۆی ئاکەپە-مەهەپەیە کە بەرپرسە لە گرتنەبەری رێوشوێن، کەچی هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر. لەبارەی بوومەلەرزەکەوە ئەم بانگەوازە رادەگەیەنین؛ بەتایبەتی گەلی باکوری کوردستان دەبێت هەموو کەس بە گیانێکی بەرزی پستیوانییەوە بچوڵێنەوە و هەموو تواناکانی خۆیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات، لەهەموو شوێنێک دەبێت دەرفەت و تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ خۆی برینی خۆی ساڕێژ بکات. هاوکات لەگەڵ کارەکانی رزگارکردن، بەهۆی هەلومەرجی زستانەوە دەبێت ماڵ و تواناکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان وێران بووە هاوبەشی پێبکەن. دەزگا و دامەزراوە دیموکراتیکەکانیش دەبێت پاڵپستی لەگەل بکەن، خۆیان بگەیەننە ئەو مرۆڤانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و یارمەتیان بدەن. گەلی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێت بە هۆی بومەلەرزەکەوە پشتیوانی ناوخۆی وڵات بکات. ئەو بومەلەرزەیەی زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بە پشتیوانی گەل و دامەزراوە دیموکراتیکەکانی، بە هاوبەشی کردن بە تواناکان و پاڵپشتی کردن لە یەکتر دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. ئێمە جاڕێکیتر بە هۆی زیانە گیانییەکان لە باکوری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوا، سوریا و ناوچەکانی دیکە سەرەخۆشی خۆمان رادەگەیەنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. رایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە هەموو کەس دەکەین کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتەسەریان، هاوبەشی ئازار و هەستەکانیانین. لەو بڕوایەداین کە وەک گەل بە هاوبەشی کردن بە تواناکانمان و بە پستیوانی دەتوانین ئەم قۆناغە دژوار و بەئازارە تێپەڕێنین".

بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان هەناردەکردندنی نەوتی هەرێم ڕاگیرا لەم بارەیەوە، وەزارەتی سامانەسروشییەکان لە روونكردنەودا ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سوریای گرتەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو ؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆری هەرێم – توركیا راگیراو بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین  پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە.